ئەیاز زاخۆیی

گۆرانیبێژی کورد

ئەیاز یوسف ئەحمەد ناسراو بە ئەیاز زاخۆیی (لەدایکبووی ١٩٦١ لە زاخۆ – مردووی ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦ لە مووسڵ)[١][٢] گۆرانیێژی کورد بوو. گۆرانییەکانی بە شێوەزاری بادینی دەگووت، ناوبراو لە ساڵانی ھەشتاکانی سەددەی بیستەم دەرکەوت و ناوبانگی پەیدا کرد.

ئەیاز زاخۆیی
پەیکەری ئەیاز زاخۆیی لە زاخۆ
زانیارییەکان
ناوی لەدایکبوونئەیاز یوسف ئەحمەد
لەدایکبووی١٩٦١
زاخۆ، باشووری کوردستان
مردووی٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦
مووسڵ، باشووری کوردستان
پیشە(کان)گۆرانیێژ

ئەیاز راخۆیی لە ساڵی ١٩٦١ زاخۆ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتاییی و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەحمەدی خانی لە بەدرخان خوێندووە. پاشان چووەتە ئامادەییی کشتوکاڵی زاخۆ، دواتریش ناچارکراوە بچێتە سەربازی لە بەغدا.

لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠دا، ئەیاز زاخۆیی لە وێستگەی کوردی لە بەغدا گۆرانییەکانی تۆمار کردووە و خاوەنی ٣٣ بەرھەمی تۆمارکراوە. گۆرانییەکانی "من دیت جارا عەولی"، "لاندک"، "بەس خۆ گرانکە"، "ئەڤین دایێ"، "دێ بھەژینە"، "کەڤۆک"، "چوخک"، "سرودانەڤرۆز"، "سرودا شەھید"، "چیبکەم ئەز"، "ھیڤی" و "گۆڤەندە" لە دیارترین گۆرانییەکانی ناوبراوە.[٣]

ئەیاز لەگەڵ چەندین شاعیر کاری ھاوبەشیان ئەنجام داوە بۆ سازکردنی گۆرانییەکان، لەوانە: (عەبدولعەزیز سلێمان، بەشار محەممەد، سەگڤان عەبدولحەکیم، بەدرخان سندی، عەبدوڵا حوسێن و. ھتد) بوون. جگە لەو گۆرانییانەی لەگەڵ تیپی دھۆک تۆماری کردوون، سێ کاسێتی دیکەشی لە تۆمارگەی «تۆمار» تۆمار کردووە. ھەروەھا چەند گۆرانییەکی بە دوو قۆڵی لەگەڵ ھونەرمەند ئەردەوان زاخۆیی گوتووە. لە ساڵی ١٩٨٢ لە زاخۆ کاسێتێکی تۆمارکردووە کە چەند گۆرانییەک بوو، لەوانە: «ئەگەر دنیا ھەمی گۆلبن، ھای بەردەبەردەک، چ تەڤنە، مەقامی مێرەمێ و بەستەی پازنیل».[٤]

ئەیاز زاخۆیی لە ساڵی ١٩٨٦ لە نەخۆشخانەیەکی مووسڵ کۆچی دوایی کرد، لەسەر داوای خۆی لە زاخۆ بە خاک سپێردرا.[٥]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ چەند نھێنییەکی ژیانی ئەیاز زاخۆیی ئاشکرا دەکرێن، ماڵپەڕی ڕووداو، ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
  2. ^ شتە نە بیسراوەکان لەبارەی ژیانی ئەیاز زاخۆیی لەم دێکیۆمێنتارییە دا بزانەر، کەناڵی یوتیووبی ڕادیۆی تۆڕی میدیاییی ڕووداو، لە ڕۆژی ١٥ی تەممووزی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ لە ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەند ئەیاز یوسف زاخۆیی[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی گوڵان میدیا، بڵاوکراوەتەوە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠.
  4. ^ «ئەیاز یوسف زاخۆیی سەرەڕای کورتی تەمەنیی، داھێنانی لە ھونەری کوردیدا ئەنجامدا». gulanmedia.com. ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢.
  5. ^ ٣٤ سال بسەر وەغەرکرنا ھونەرمەند ئەیاز زاخۆیی دا دەربازبوون ٣ی شوباتی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی ئێن ئارتی، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.