ڕەشید فەیزنژاد (١٩٥١ لە سەقز، ئێران) ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە زیاتر لە نیو سەدەیە لە بواری موسیقای فۆلکلۆر و کلاسیکی کوردی بەرھەمەکانی پێشکەش ھونەری کوردستان دەکات.[١]

ڕەشید فەیزنژاد
لەدایکبووی١٩٥١
سەقز
بنەچە کوردستان
پیشە(کان)ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن
ساڵانی چالاکبوون١٩٦٠ ھەتا ئێستا

ژیاننامە دەستکاری

ڕەشید فەیزنژاد کوڕی "حاجی سلیم خان" ساڵی ١٩٥١ی زایینی (١٣٣٠ھەتاوی)، لە گوندی ئارەبۆغڵووی سەروو سەر بە شاری سەقز لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. بۆ خوێندنی قوتابخانە لە منداڵییەوە ھاتووتە شاری سەقز و لەوێ نیشتەجێ بووە. باوکی شاڕەزایییەکی سەرەتایی لە ئامێرەکانی وەک "تار" و "شمشاڵ" ھەبووە و لە بنەماڵەیاندا بە بەردەوامی کۆڕی مۆسیقا و گۆرانی ساز دراوە، ئەم ھۆکارە وای کردووە ڕەشید ھۆگر و شەیدای ھونەر بێت. فەیزنژاد لە منداڵییەوە دەستی داوەتە ئامێری "فلوت" و "دایەرە" و بێ مامۆستا دەستی کردووە بە مووسیقاژەندن و گۆرانی گوتن. لە دوای ماوەیەک ئاشقی دەنگی "ڤیۆڵۆن" بووە و بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی ساڵێک کتێبی یەکەمی ڤیوڵۆنی لای مامۆستا "حامید تەوحیدی" لەسەقز خوێندووە و لە دوایشدا خۆی درێژەی بە فێربوونی کتێبی ٢و٣ی مۆسیقا داوە. ھەر لە سەرەتاکانی تەمەنیدا لەشاری سەقز لە ئاھەنگ و بۆنەکاندا وەک کەمانژەن و گۆرانیبێژ بەشداری کردووە. لەتەمەنی ١٧ ساڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سەفەرێکی ھاوینی دەچێتە شاری "ورمێ" و بە ڕێکەوت دەچێتە ناوەندێکی مۆسیقا و شانۆ بە ناوی "ئاریا" و حەز دەکا لەوێ بمێنێتەوە. لەلایەن بەرپرسانی موزیکەوە تاقیکاری لەسەر دەکرێ و بە پلەی باش دەردەچێت و بڕیار دەدەن لە تیپەکەدا بەشداری بکات و لەوێ بمێنێتەوە. لە ماوەی چەندساڵ مانەوەی لەو ناوەندە، توانی کەڵکێکی بەسوود لەو دەرفەتە وەربگرێ و زۆر باش خۆی پەروەردە بکات و ئەزموونێکی بەنرخیشی لە مۆسیقای فارسی و ئازەری بەدەست بێنێت. ھاوکات لەگەڵ ئەم ھەوڵانە لە ناوەندە ھونەرییەکانی شاری ورمێ وەک مامۆستا ڕۆڵی گێراوە. ساڵی ١٩٧١ ی زایینی (١٣٥٠ی ھەتاوی) کاتێ ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی مەھاباد دامەزرا لەسەر داخوازی بەرپرسی ڕادیۆ لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی تر کۆرێکی مۆسیقایان لەوێ پێکھێنا و بۆ ماوەی چەند ساڵێ سەرپەرشتی تیپەکەی لە ئەستۆ بووە. ماوەیەک پێش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی ئێران لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی "سنە"ش چەن بەرھەمێکی بە دەنگ خۆی و چەندین مەقام و ئاوازیشی بۆ ھونەرمەند "ناسرڕەزازی" لەو ناوەندە تۆمار کردووە.[٢][٣][٤]

ھاوکاری لەگەل ھونەرمەندانی دیکەی کورد دەستکاری

فەیزنژاد ساڵانێکی زۆر لە فێرگەکاندا خەریکی ڕاھینان و پەروەدەکردنی ھۆگرانی ھونەر بووە و ھاوکات لەگەڵ ئەم چالاکییانەدا چەندین بەرھەمی بۆ زۆربەی ئەم ھونەرمەندانە تومار کردووە بۆ نموونە: محەممەد ماملێ، ناسر ڕەزازی، محەممەد دانش، قادر سەییاحی، محەممەد ناھید، یۆسف مستەفا، ئەحمەد حەسەن زادە، حەمە نەجاڕ، برایم فەتاحی، سەید عەلی سەردەشتی، مستەفا دادار، ڕەحیم سەڵەواتی، نایب منبەری، سدیق زۆھری، برایم خەیات، جەماڵ موفتی، قادر ئەلیاسی، سەیدبرایم ئیسماعیل زادە، حەسەن دەرزی، ڕەحیم ھەجیجی، عەلی زەندی، تاھیر خەلیلی، ئیسماعیل سابوور، غەریب خدریارو… .

بەرھەمەکان دەستکاری

 
گروپی مۆسیقای قوتابخانە لە سەقز لە ساڵانی ١٩٦٠

بەشێک لە گۆرانییە ڕەسەنەکانی ڕەشید فەیزنژاد:

  • سەوزە
  • واھاتەوە پێشمەرگە
  • مانگی چواردە
  • سوورە گوڵ
  • مەستوورە
  • تازە گوڵەکەی دەزگیران
  • بە عینوانی
  • ھەی مەڕۆ مەڕۆ
  • عەزیزەکەم
  • خاڵداری
  • کەرکووک
  • دڵەکەم غەمگینە
  • ڕێحانەکەی جوانم
  • باوان گیان
  • تەیارەکەی گەرمێن
  • شیرین گیان
  • کوردستان
  • بە ڕێبوارت بم

سەرچاوەکان دەستکاری