پێشووتر٢٠١٢٢٠١٣٢٠١٤٢٠١٥٢٠١٦٢٠١٧٢٠١٨٢٠١٩٢٠٢٠٢٠٢١٢٠٢٢٢٠٢٣٢٠٢٤

ئەرشیڤی وتارە ھەڵبژێردراوەکانی ٢٠٢١
ئەم پەڕەیە ھەموو ئەو وتارانە لەخۆدەگرێت کە مانگانە، بەپێی سیاسەتەکانی ویکیپیدیای کوردی
بۆ بەشی وتاری ھەڵبژێردراوی پەڕەی دەستپێک بۆ ساڵی ٢٠٢١ ھەڵبژێردراون.


کانوونی دووەم دەستکاری

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران (بە ئینگلیزی :Organization of Iranian Kurdistan Struggle، بە فارسی؛ سازمان خبات کردستان ایران) ھێزێکی سیاسی و سەربازی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ کۆچی خۆری بەرامبەر بە ٢٧ی ئابی ١٩٨٠ لەلایەن مامۆستا شێخ جەلال حوسێنی بەھاوکاری چەند مامۆستایەکی ئایینی دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند لەسەر فکری ئایینی و نەتەوەیی، لە سەرەتادا تا ساڵی ٢٠٠٤ لەژێر ناوی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران (خەبات) کار و تێکۆشانی دەکرد. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆنگرەی سێ کە لە شارۆچکەی تۆبزاوە(ڕزگاری) سەر بە شاری ھەولێر بەسترا ناوەکەی بووە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕەوت و کارەکانی ئەم ڕێکخراوە دەستی پێکرد. ساڵی ١٩٨٠ یەکەم کۆنگرەی سازمان لە قەڵای خەبات لە بلەکی بەسترا لەو کۆنگرەیەدا جگە لە پەسەندکردنی پەیڕەو و پڕۆگرام و ھەڵبژاردنی سکرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی بڕیاری لەسەر ستراتیژی و ڕێبازی ئەم ڕێکخراوە درا کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی و نەتەوەیی بێت ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ھەڵگری پەیامێکی جیاوازتربێت لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستانی ئێران بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئێران. ھەروەھا یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی خۆیان پەسند کرد ئەویش ڕەتکردنەوەی ھەرجۆرە وتوێژ و دانوستانێک لەگەڵ کاربەدەستان و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران. دوای دامەزراندن دەستکرا بە کاری ڕیکخستن و دانانی بنکە و بارەگای لە ناوچەکانی کوردستان ھەروەھا ھێزی پێشمەرگەی تایبەتی خۆی دامەزراند ھەرچەندە بەر لە دامەزراندنی سازمانی خەبات لەژێر ناوی ھێزی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین شەڕیان لە دژی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرد بەڵام دوای دامەزراندی سازمان لەژێر ئەم ناوە خەبات و تێکۆشانیان دژی کۆماری ئیسلامی درێژە پێدا ئەمەش بەھۆی ئەوەی بەشێک لە فەرماندە و کەسایەتییەکانی دەفتەری مامۆستا لە دامەزراندنی سازمانی خەبات ڕۆلیان ھەبوو. پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستپێکرد سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کەوتەوە دەست، سازمانی خەبات ناچار بوو بنکە و بارەگاکانی خۆیان لە کوردستان بکشێنەوە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان. ئەمەش وای کرد چالاکیەکانی ئەم ڕێکخراوە زیاتر کەمتربێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٧ سازمانی خەبات بەھۆی کێشە و ململانێی ناوخۆی بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتی ئەم سازمانە بە ڕابەرایەتی مامۆستا مەلا خدر عەباسی جیادەبنەوە و پاشان ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان دادەمەزرێنن، ئەمەش زیاتر بووە ھۆی بێ ھێز بوونی. لە ساڵی ١٩٨٤ بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی کار و چاڵاکی و ئامانجەکانیان ڕۆژنامەی تێکۆشانیان دەرکرد و لە ساڵی ١٩٨٥ ڕادوێی دەنگی خەباتیان دامەزراند کە تا ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو لە پەخشکردن. لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم سازمانەدا ھاتووە کە سازمانی خەبات تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتی و پەرلەمانی لە کوردستان ھەروەھا مافی دیاریکردنی چارەنووسی بۆ کوردستان پێ پەسەندە و ھەوڵ بۆ بەدەست ھێنانی مافی خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران دەدات. درووشمی ڕووخانی ڕژیم یەکێک لە درووشمە سەرەکی و نەگۆڕەکانی سازمانی خەبات.
خوێندنەوەی زیاتر...



 

لەسێدارەدانی فیرعەون (بە فارسی: اعدام فرعون‎، بە «تیرۆرکردنی فیرعەون»یش ناسراوە، کە لە بوارەکانی ڕاگەیاندندا بڵاوکرایەوە کە ھاوشانی «تِرُور فرعون»ی فارسییە) فیلمێکی بەڵگەنامەیییە، کە لە بەرھەمھێنانی لیژنەی ڕێزلێنانی شەھیدەکانی جووڵەی جیھانی ئیسلامیی ئێرانییە.

فیلمەکە باسی ئۆپراسیۆنی تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی میسر ئەنوەر سادات دەکات، و تێیدا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی سادات دەگرێت و پاڵپشتیی ئۆپراسیۆنی تیرۆرکردنەکە دەکات، کە بەھۆیەوە لەلایەن بوارەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە میسری و سینەمایییەکان و ئەکتەرە میسرییەکانەوە ڕەخنەی بڵاوی لێ گیرا. ماوەی فیلمەکە شەست و دوو خولەکە و بە زمانی عەرەبییە لەگەڵ ھەبوونی ژێرنووسی فارسی.

لێکۆڵینەوە لەسەر فیلمەکە لە ئێران ئەنجامدرا، و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ھات و دەرکەوت کە ھەر لە سەرتاوە فیلمەکە لە بەرھەمھێنانی ئێرانی نییە، بەڵکو لە فیلمێکی بەڵگەنامەیی بەرھەمھێنرا و دەرچووی کەناڵی جەزیرە وەرگیراوە. فیلمەکەی جەزیرە بەشێک لە زنجیرەفیلمێکی بەڵگەنامەییی بەرنامەیەک بە ناوی «تاوانی سیاسی» بوو. کەناڵی جەزیرە لێکۆڵینەوەیەکی دەربارەی فیلمەکە کردەوە، و فیلمەکەیان بە «تاوانی ڕاگەیاندنی و دزی و شێواندن» بۆ ئەو بەرنامەی کە دروستکرابوو ڕاگەیاند.
خوێندنەوەی زیاتر...



 

دایانای شازادەی وێڵز (بە ئینگلیزی: Diana, Princess of Wales؛ ١ی تەممووزی ١٩٦١ – ٣١ی ئابی ١٩٩٧) یەکێک لە خۆشەویستترین ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا بوو. دایانا ھاوسەری شازادە چارڵز، کوڕی گەورە و جێنشینی شاژنە ئیلیزابێس بوو، دایکی شازادە ولیام و شازادە ھارییە و یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە ناسراوەکانی جیھان بوو لە سەردەمی خۆیدا. چالاکییە مرۆڤ دۆستییەکانی دایانا وایان کرد دایانا ببێت بە ئایکۆنێکی جیھانی و ناوبانگێکی گەورەیان پێ بەخشی. بە لەدایکبوونی لەناو خێزانێکی چینی باڵا، دایانا نزیک لە خێزانی شاھانەیی گەورە بوو بەڵام ژیانێکی سادەی ھەبوو و دوای ئەوەی نیشتەجێی لەندەن بوو بۆ ماوەیەک وەک یاریدەدەری مامۆستا لە دایەنگەیەکی منداڵان کاری کرد. دایانا بچووکترین کچی جۆن سپێنسەر و فرانسیس شاند کید بوو و جیابوونەوەی دایک و باوکی کاریگەری گەورەی لەسەری ھەبوو. ئەگەرچی لە ڕووی خوێندنەوە زۆر باش نەبوو بەڵام بەھرەی ھەبوو لە موزیک و سەما و وەرزش.

ناوبانگی دایانا لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستی پێکرد دوای ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شازادە چارڵسی جێنشینی تەختی شاھانەیی بریتانیا دەستپێکرد و دواتر بوو بە دەستگیرانی. ساڵی دواتر و لە ١٩٨١ ھاوسەرگیریان ئەنجام دا و دایانا لەلایەن خەڵکی بەریتانیاوە بە گەرمی پەسەند کرا وەک شازادەی وێڵز کە نازناوێکە دەدرێت بە ھاوسەری شازادەی جێنشین. لە کۆتاییدا بەھۆی نەگونجان پێکەوە و پەیوەندی سۆزداری دەرەوەی ھاوسەرگیرییەکەیان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە بە جیایی دەژیان و ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی لێک جیابوونەوە.

لەو ماوەی شازادە خاتوون بوو دایانا کارەکانی شاژنە ئیلیزابێسی ڕادەپەڕاند و نوێنەرایەتی شاژنی دەکرد لە تەواوی ئەو ناوچانەی شاژن ئیلیزابێس شاژنیان بوو. دایانا وەک کەسایەتییەکی یارمەتیدەر و مرۆڤدۆست دەبینرا. سەرەتا دایانا یارمەتی منداڵان و گەنجانی دەدا بەڵام دواتر ناسرا بۆ ئەو یارمەتییەی بەخشی بە نەخۆشانی ئایدز و سڕینەوەی مین لە ناوچەکانی ئەفریقا.
خوێندنەوەی زیاتر...


 

بیابان ناوچەیەکی وشکی سەختی سرووشتیی ھەسارەیییە، کە بەزۆری زەویی تەخت و لێژن. ژینگەیەکی سەختە و دژایەتیی ژیانی ڕوەک و ئاژەڵان دەکات. خاکەکەی بەزۆری مردووە و خۆراکی کانزایی تێدا نییە یان زۆر کەمە. نزیکەی یەک لەسەر سێی گۆی زەوی بیابانە. ھەردوو جەمسەرەکانی باکوور و باشووری گۆی زەوی بە «بیابانە ساردەکان» دادەنرێن. بیابانەکان دیاری دەکرێن بەگوێرەی تێکڕای ڕێژەی باران بارینی ساڵانەیان لەگەڵ بەرزیی پلەی گەرمی و ھەڵکەوتەی جوگرافییان.

بیابانەکان بە پڕۆسەکانی ئاووھەوا دروست دەکرێن وەک جیاوازیی زۆری پلەی گەرمی لەنێوان ڕۆژ و شەودا، ئەم جیاوازییە گەرمییە کار دەکاتە سەر پێکھاتە بەردینییەکانی خاک و ھەڵیاندەوەرێنێت. ھەرچەندە باران بارین بە دەگمەن لە بیابانەکاندا ڕوودەدات، بەڵام جاروبار باران دەبارێت، کە دەبێتە ھۆی لافاوی وێرانکەر، ئەمەش بەھۆی مردوویی خاکەکەی کە توانای ھەڵگرتنی ئاوی نییە، و باران بارین لەسەر بەردە گەرمەکان دەبێتە ھۆی لەت بوون. لە ئەنجامدا پارچەکان و کەلاوەکان لەسەر زەویی بیابان زیاتر بە با دەڕووشێن. ئەمەش تەنی لمی و ورد دروست دەکات و دواتر بایەکان ھەڵیان دەگرێت و بڵاویان دەکاتەوە. کاتێک ئەم لمانە (کە بەھۆی باوە دەجوڵێن) بەر تەن و بەردی دیکە دەکەون، ئەوانیش دەڕوشێنن و ھەڵیان دەتراشن. با ڕێڕەوی تەنە لمییەکان دیاری دەکات و لەتوانایاندا ھەیە ڕوەک و دەوەنەکان لە ڕەگەوە ڕابکێشن و دووریان بخاتەوە لەو چالاکییانەی کە دەبنە ھۆی مانەوەی زیندوویی خاک. بیابانەکان زەوی تەخت و دەشتایی ڕەقن کە ھەموو ماددە کانزایییەکانیان لێ دەرھاتووە و بەشە باشەکانی خاکیان لێ ھەڵکراوە و ڕوەکەی لە مۆزایکی بەردی لووس پێکھاتووە. ئەو ناوچانە بە شۆستەی بیابانەکان ناسراون، ھەندێک لە سیماکانی بیابانیش بریتین لە بەردی بەبەردبوو، بەردی ژێرزەوی و گڵی بێژینگ کراو و لە ئاو ھەڵکێشراو. کاتێک دەریاچە کاتییەکان دروست دەبن و دواتر بەھۆی بەھەڵمبوون وشک دەبن، کاریگەری دەخەنە سەر خاک و دەبنە ھۆکارێک بۆ دروستبوونی بیابانەکان، ئەمەش بەھۆی جێھێشتنی خوێیەکانی ئاو و ھەڵوەشاندنەوەی بەندی ماددە کانزایییە بە نرخەکانی خاک.
خوێندنەوەی زیاتر...


 

ماگدالینا کارمین فریدا کالۆ کالیدرۆن (بە ئیسپانی: Magdalena Carmen Frida Kahlo y Calderón) (٦ی تەممووزی ١٩٠٧ – ١٣ی تەممووزی ١٩٥٤) وێنەکێشێکی مەکسیکی بوو کە بەھۆی وێنە پۆرترەیتەکانییەوە ناوبانگی دەرکرد، بەتایبەت بەھۆی خۆپۆرترەیتەکانییەوە. سروشت و کەلەپووری مەکسیک بوو بە سەرچاوەی ئیلھامبەخش بۆ کارەکانی فریدا. بە کەڵکوەرگرتن لە کولتووری عەوامی مەکسیک، فریدا ھونەری ناییڤی بەکار ھێنا بۆ ورووژاندنی پرسەکانی ناسنامە، سەردەمی دوای کۆلۆنیالیزم، جێندەر، چینایەتی و ڕەگەز لەناو کۆمەڵگای مەکسیکی. وێنەکانی فریدا پەیوەندیی پتەویان ھەبوو لەگەڵ ژیانی ئەو لەگەڵ تێکھەڵکێشکردنیان لەگەڵ توخمی ڕیالیزم و خەیاڵ. کالۆ وەک کەسێکی سوریالیست و ڕیالیزمی سیحری دادەنرێت. ئەو بەوەش ناسراوە کە لە وێنەکانیدا ڕەنگدانەوەی ئازاری بەردەوامی خۆی پیشان دەدات.

کالۆ لە باوکێکی ئەڵمانی و دایکێکی میستزیۆیی لە دایک بوو. زۆربەی تەمەنی منداڵیی لە لا کاسا ئەزول لە کۆیۆئاکان بەسەر برد. ئێستا ئەم شوێنە بووەتە مۆزەخانەی فریدا کالۆ و بۆ ھەمووان کراوەیە. وێڕای ئەوەی بە دەردی ئیفلیجیی مناڵان دەیناڵاند، بەڵام ھیوای بەوە بوو کە بچێتە بەشی پزیشکی، بەڵام کاتێک تەمەنی ١٨ ساڵان بوو، تووشی ڕووداوێکی ھاتوچۆ ھات، کاتێک لەناو پاسێک بوو. ئەم ڕووداوە وای کرد تەواوی ژیانی لەناو ئازاردا بناڵێنێت و تووشی کێشەی تەندروستی ببێت. دوای ڕووداوەکە، کاتێک تەندروستیی بەرەو گەڕانەوە دەچوو ئەوا خولیای مناڵیی بۆ بوون بە ھونەرمەند گەڕایەوە لای کالۆ.

لە ساڵی ١٩٢٧، فریدا دەچێتە ناو بواری سیاسەت و دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی مەکسیکی، لەم ڕێگایەوە ھونەرمەند و وێنەکێش دیێگۆ ڕیڤێرای ناسی. دواتر بەیەکەوە لە ساڵی ١٩٢٩ ھاوسەرگیرییان کرد. لە ساڵانی سییەکان بەیەکەوە گەشتی مەکسیک و ئەمریکایان کرد. لەو کاتانەدا، فریدا شێوازی تایبەتی کارکردنی خۆی دۆزییەوە. تابلۆ سەرەکییەکانی خۆی کە لە کولتوور و فۆلکلۆری مەکسیکی وەرگیرابوون، ھەروەھا ئەو پۆرترێتانەی خۆی کە تێکەڵی کردبوون لەگەڵ بیروباوەڕەکانی سەردەمی پێش کۆلۆمبی و کاتۆلیک. تابلۆکانی ئەو وایان لە وێنەکێشی سووریالیستی ئاندرێ بریتۆن کرد کە لە ساڵی ١٩٣٨ پێشانگایەکی بۆ بکاتەوە لە گالێریی جولیەن لێڤی لە نیویۆرک. پێشانگایەکە سەرکەوتنی بەدەست ھێنا. بۆ ساڵی دواتر (١٩٣٩)، فریدا پێشانگایەکی دیکەی لە پاریس کردەوە. ھەرچەندە کە پێشانگاکەی پاریس بەمجۆرە سەرکەوتوو نەبوو، مۆزەخانەی لووڤر تابلۆیەکی لە کالۆ کڕییەوە. زە فرەیم، یەکەم تابلۆی وێنەکێشی مەکسیکییە کە لە کۆکراوەکانی مۆزەخانەی لووڤر دابنرێت. لە ساڵانی چلەکاندا، کالۆ ھەم لە پێشانگا ھونەرییەکانی مەکسیک و ئەمریکا بەشداری کرد، ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە وەک مامۆستای ھونەر کاری کرد. کالۆ یەکێک بوو لە ئەندامانی دامەزرێنەر لە کۆمەڵەی سێمیاریۆ دی کولتوورا مێکسیکانا. لە ساڵی ١٩٥٣، یەکەمین پێشانگای تاکەکەسیی کردەوە لە مەکسیک، ئەمەش بەماوەیەکی کورت بوو بەر لە مردنی لە ساڵی ١٩٥٤، واتە لە تەمەنی ٤٧ ساڵی.
خوێندنەوەی زیاتر...


حوزەیران دەستکاری

 

خەتەنەکردنی کچان یان سەقەتکردنی ئەندامی زاوزێی کچان (بە ئینگلیزی: Female genital mutilation یان بە کورتی FGM) یاخود لابردنی بەشێکی دەرەوەی ئەندامی زاوزێی مێینەکان کە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی بەم شێوازە پێناسەی کردوە «ھەر پرۆسەیەک کە بەشێک یان کۆی لاچوونی ئەندامی زاوزێی مێینەی تێدا بێت بەبێ ھۆکاری پزیشکی» بریتییە لە خەتەنە. خەتەنەکردنی کچان وەک نەریتی کلتووری یان ئایینی لە زیاتر لە ٢٧ وڵاتی ئەفریقادا ئەنجام دەدرێت دوای ئەفریقا بە ژمارەیەکی تۆزێک کەمتر لە ئاسیا و وڵاتانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت. یونیسێف ژمارەی مێینە خەتەنەکراوەکانی لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن ژن مەزەندە کردووە کە لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقادا دەژین، لەگەڵ چەند ھەرێم و کۆمەڵگەی دیکەی جیھاندا.

شێوازی جێبەجێکردنی بەپێی شوێن و نەریتەکان جیاوازی ھەیە، بەڵام لە ھەندێک شوێن بەبێ ھیچ ڕەچاوکردنێکی تەندروستی ئەنجام دەدرێت کە ڕەنگە مووسێک یان چەقۆیەک بەکاربھێنن بەبێ ئەوەی ئەستێوربکرێن یان پاقژکردنەوەی ئەو ئامرازانەی لەم پرۆسەیەدا بەکاردەھێنرێ بەکاربھێنرێت. ئەو تەمەنەی کە ئەم نەشتەرگەرییە بچووکەی بۆ ئەنجام دەدریت، لە ماوی نێوان یەک ھەفتە لە لەدایکبوون بۆ تەمەنی گاگۆڵکەکردن بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، زۆرینەی ئەو مێینانەی کە بە پرۆسەی خەتەنەکردن دادەڕۆن، لەژێر تەمەنی پێنج ساڵیدان. ئەم پرۆسەیە بریتییە لە لابردنی بەرگی دەرەوی باڵەکانی ئەندامی مێینە و کردنەوەونزیک خستنەوەی پەردەی کچێنی و منداڵدانی کەسەکە کە ڕاستەوخۆ دوای برینی قیتکەکانی سەرەوە و خوارەوەی کۆئەندامی زاوازێ شوێنی بڕینەکان داغ دەکرێن، تەنیا کردنەوەیەکی بچووک بەجێ دەھێڵن بۆ ئەوەی ڕێگە بە تێپەڕبوونی میز و خوێنی سەرەمانگان بدات، ھەروەھا کردنەوەی زێ بۆ ڕێگەدان بۆ جووت بوون و ئاسانی دووگیان بوون لە خەتەنەکردنەوەی دووەم (کاتی ھاوسەرگیری). لە ساڵی ٢٠١٠ دا، سندوقی دانیشتووانی سەر بە یوئێن مەزەندەی کرد کە ٢٠ ٪ ی مێینە خەتەنەکراوەکان بە تەواوی بەشی دەرەوەی ئەندامی زاوزێیان لابراوە و ھیچ ھەستێکی جووت بوونیان تێدا نەماوە، بە شێوازێک خەتەنە کراون کە بە «خەتەنەکردنی فیرعەونی» یان «تبتی» ناسراوە، کە بەتایبەتی لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەفریقا باوە.

ئەم نەریتانە ئێستا لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیھاندا وەک یەکێک لە شێوەکانی جیاکاری سێکسی، یان وەک ھەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسی ژنان سەیر دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو کۆمەڵگا یان گرووپانەی کە خەتەنەیان تێدا باوە وەک نیشانەی پاکی و دوورکەوتنەوە لە بەدکاری و باوەرداری دەبینن. ژنانی گەورە و دایکان زۆر جار شانازی بە کچەکانیان دەکەن کە خەتەنە کراون و بە شەرەفی دەزانن و کچێک کە خەتەنە نەکرابێت وەک نەنگی و شەرم سەیری دەکەن. کاریگەرییە تەندروستییەکانی خەتەنەکردنی مێینە بەپێی سروشتی نەشتەرگەرییەکە جیاوازییان ھەیە، خەتەنەکراو لەوانەیە تووشی ھەوکردنی بەردەوام یان زەحمەتی میزکردن و لێشاوی خوێنبەربوون بێت لەکاتی دووگیان بووندا، ھەورەھا لەوانەیە توشی ھەوکردنی منداڵدان و گرانی ھەڵگرتنی کۆرپەلە بێت، بە گشتی ئەم پڕۆسەیە جگە لە زیانی تەندروستی ھیچ سودێکی نییە.
خوێندنەوەی زیاتر...


تەممووز دەستکاری

ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢١/تەممووز

 

ھیندستان یان کۆماری ھیند (بە ئینگلیزی: India؛ بە ھیندی: भारत) وڵاتێکە لە باشووری ئاسیا، دووەم پڕدانیشتووانترین وڵاتی جیھانە. حەوتەمین گەورەوڵاتی جیھانە لەڕووی ڕووبەرەوە و گەورەترین وڵاتی دیموکراسییە لە جیھان لەڕووی دانیشتووانەوە. لە باشوورەوە بە زەریای ھیندی لکاوە، ھەروەھا لە باشووری ڕۆژاوا بە دەریای عەرەبییە. ھیندستان لە ڕۆژاواوە ھاوسنوورە لەگەڵ پاکستان، ھەروەھا ھەریەکە لە چین، نیپاڵ و بوتان دەکەونە باکوور؛ بەنگلادیش و میانماریش دەکەونە ڕۆژھەڵات، ھەروەھا ھیند لە زەریای ھیندییەوە دراوسێی سریلانکا و ماڵدیڤە. لەپاڵ ئەوانەش سنووری ئاویی ھاوبەشی لەگەڵ تایلەند و ئیندەنووسیا ھەیە.

مرۆڤ نزیکەی ٥٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقاوە ھاتە نیمچەکیشوەری ھیندی. مانەوەیان لەم ناوچەیە لە فۆرم و گرووپی جیاواز وای کرد ناوچەکە جیاواز دەرکەوێت، بەجۆرێک لەدوای ئەفریقا دووەم ناوچەیە کە زۆرترین ژمارەی جیاوازی جینی مرۆڤی لێ بێت. نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ژیان لە نیمچەکیشوەری ھیندی جێگیریی وەرگرت، لەم نێوانەدا دەرکەوتنی شارستانیی دۆڵی ئیندوس لە میلینیۆمی پێش زایینن ھەبوو. لە ١٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین، زمانی سانسکریت بنچینەیەکی سەرەتایی دروست بوو، و دواتر لە باکووری ڕۆژاوای ھیندستان بڵاوبوویەوە. لە لایەکی دیکەوە زمانی ڕیجڤدا دەرکەوت کە بەکاردەھات بۆ تۆمارکردن و وێنەکردن لە ئایینی ھیندووئیزم لە ھیندستان. لە باکوور و ڕۆژاوای ھیند، زمانە دراڤیدییەکان چیتر نەمان. لە ٤٠٠ ساڵ بەر لە زایین، سیستمی چینایەتی و پۆلێنکردن لە ئایینی ھیندووئیزم دەرکەوت، ھاوکات ھەریەکە لە ئایینەکانی بوودیزم و جاینیزم دەرکەوتن، کە ئەوان فەرمانە کۆمەڵایەتییەکانیان بەبێ گەڕانەوە بۆ پۆلین و بنەچەی کەسەکان دەسەپاند. ئیمپراتۆریەتیی ماوریا و ئیمپراتۆریەتیی گوپتا لەیەکەمین دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی ناوچەکە بوون، دواتر سەردەمی دەسەڵاتیان بە داھێنانەکانیانەوە کۆتایی ھات، لەپاڵ ئەوەش شکۆ و بوونی ژنیان نەھێشت لە کایەی سیاسەت، ھەروەھا سیستەمی پۆلێنکردن و چینایەتی ھیندووئیزم بەڕێکخراوییەوە خستە ناو بیرووباوەڕەکانی بەڕێوەبردن. لە باشووری ھیند، شا و فەرمانڕەواکانی ناوەڕاستی ھیند ھەستان بە ھاوردەکردنی کەلتووری دین و زمانی دراڤیدییەکان بۆ شانشینەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ھیندستان.

لە سەدەکانی ناوین، ھەریەکە لە ئایینەکانی مەسیحی، ئیسلام و زەردەشتی گەیشتنە باشوور و ڕۆژاوای ھیندستان. دواتر سوپای موسڵمانەکان لە ناوەڕاستی ئاسیاوە بەرەو باکووری ھیندستان بەپچڕ پچڕ ھەنگاویان نا، لە ئەنجامدا شانشینی دەلھی دامەزرا، بەمەش باکووری ھیندستان بوو بە بەشێک لە شارستانییەتی ئیسلامی لە سەردەمی زێڕینی ئیسلام. لە سەدەی پازدەیەم، ئیمپراتۆرییەتی ڤیجایاناگارا لە باشووری ھیندستان دامەزرا کە ڕێبەرایەتی لە کولتووری ھیندوو دەکرد. لە ناوچەی پەنجابیش، ئەوا سیکییەکان سەریان ھەڵدا. لە ساڵی ١٥٢٦، دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی مەغۆل ھات و دوو سەدەی ئاشتی بۆ وڵاتەکە ھێنا، لەدوای خۆشییەوە کۆمەڵێک تەلار و کۆشکی گرانبەھای جێھێشت. دوا بەدوای ئەوەش، دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی لە ھیندستان پەرەی سەند لەڕێی ھاتنە پێشەوەی دەسەڵاتی کۆمپانی بەریتانی لە ھیند، بەمەش ھیندستان بووە وڵاتێکی ئابووری کۆلۆنی بەڵام بە لەدەستدانی سەروەرییەکەی. دواتر شێوازی دەسەڵاتەکە بوو بە دەسەڵاتی شاھانەی بەریتانیا ناسراو بە بریتش ڕاج، ئەمەش لە ساڵی ١٨٥٨ دەستی پێکرد. بەڵێنی ئینگلیزەکان بۆ پێدانی ماف بە ھیندییەکان بەھێواشی جێبەجێ دەکرا، لەپاڵ ئەوەش گۆڕانکاری دروست بوو لەڕووی پیشەسازی و شێوازی ژیان، خوێندن و خزمەتگوزارییەکان. لەو دەمەدا، بیر و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆیی لەنێو ھیندییەکان دروست بوو، لە ئەنجامی دروستکردنی ناڕەزایی ھێمن و ئاشتیانە تێبینی ئەوە کرا بەرە بەرە دەسەڵاتی شاھانەی بەریتانی لە وڵاتەکە لاواز بوو. لە ساڵی ١٩٤٧، ئینگلیز ھیندستانی دابەشی دوو وڵاتی سەربەخۆ کرد، بەشێکی زۆرە ھیندوو خستەوە سەر ھیندستان، بەشەکەی دیکەش کە زۆرینەی موسڵمان بوون کردی بە وڵاتێکی نوێ لە ژێر ناوی پاکستان، لە ئەنجامی ئەم ڕاگواستنە نەزانراوە ئەوا خەڵکێکی زۆر ژیانیان لەدەست دا.
خوێندنەوەی زیاتر...


ئەیلوول دەستکاری

 

بۆرات: فێربوونە کولتوورییەکانی ئەمریکا بۆ سوودگەیاندن بە نەتەوەی مەزنی کازاخستان (بە ئینگلیزی: Borat: Cultural Learnings of America for Make Benefit Glorious Nation of Kazakhstan)، ناسراو بە بۆرات (بە ئینگلیزی: Borat) فیلمێکی دۆکیۆکۆمێدیی ٢٠٠٦ە. لە دەرھێنانی لاری چارڵز و ڕۆڵگێڕانی سەرەکیی ساشا بارۆن کۆون. بارۆن کۆون ڕۆڵی سەرەکیی بۆرات ساگدیێڤ دەگێڕێت، کە ڕۆژنامەوانێکی کازاخستانییە و گەشت بەنێو ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات بۆ دروستکردنی دۆکیۆمێنتارییەک کە بەرکەوتنی ڕاستەقینەی لەگەڵ ئەمریکییەکان تێدایە. زۆربەی فیلمەکە دیمەنی نەنووسراوی بۆراتە کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکات کە وا دەزانن گەشتیارە و لە دابونەریتە ئەمریکییەکان نازانێت. دووەمی ئەو چوار فیلمەیە کە لە دەوروبەری کاراکتەرەکانی بارۆن کۆون لە بەرنامەکەی ئالی جی (٢٠٠٠–٢٠٠٤) دروست کراوە: یەکەمیان، Ali G Indahouse، کە لە ٢٠٠٢ بڵاوکرایەوە، و کامیۆیەکی بۆراتی تێدا بوو؛ سێیەمیان، برونۆ، لە ٢٠٠٩ بڵاوکرایەوە. بەشی دووەمی بۆرات لە ٢٠٢٠ بڵاوکرایەوە.

بۆرات لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ لە ھەردوو شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەلایەن فۆکسی سەدەی ٢٠ەمەوە بڵاوکرایەوە. فیلمەکە زۆر بەباشی سەرکەوتوو بوو، لەڕووی ڕەخنەیی و بەبازاڕکردنەوە؛ بە بوودجەیەکی ١٨ ملیۆن دۆلاری، توانی ٢٦٢ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە لە جیھان. بارۆن کۆون خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بردەوە بۆ باشترین ئەکتەر لە وێنەی جووڵاوی مۆسیقی یان کۆمێدی، لەکاتێکدا فیلمەکە پاڵێورابوو بۆ باشترین وێنەی جووڵاوی مۆسیقی یان کۆمێدیش. بۆرات ھەروەھا پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین سیناریۆی وەرگیراو.

فیلمەکە ھەرا و ناکۆکی نایەوە دوای دەرکردنی، دوای بڵاوبوونەوەی فیلمەکە، ھەندێک کەس قسەیان دژی دروستکەرانی کرد و تەنانەت داوای یاساییشیان تۆمارکرد. لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان قەدەغەکرا، و حکوومەتی کازاخستان ڕەخنەی لە فیلمەکە گرت. لە ئازاری ٢٠٠٧ لەسەر دی ڤی دی بڵاوبووەوە.
خوێندنەوەی زیاتر...


تشرینی یەکەم دەستکاری

 

جامی جیھانیی فیفا گرنگترین ڕووداوی وەرزشییە کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی جیھانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ساڵی ١٩٣٠یەوە ھەر چوار ساڵێک بەڕێوەدەچێت. جگە لە ساڵاکانی ١٩٤٢ و ١٩٤٦ ھەڵوەشایەوە بەھۆی ڕووداوەکانی جەنگی جیھانیی دووەم. لە ساڵی ١٩٩٨ ژمارەی وڵاتە بەشداربووەکان بۆ ٣٢ ھەڵبژاردە بەرزکرایەوە لە ھەشت کۆمەڵەدا پۆل دەکرێن، بۆماوەی یەک مانگ لە یاریگاکانی وڵاتی خانەخوێ ڕکابەری دەکەن لە پێناو بەدەست ھێنانی ئەم نازناوە، ھەڵبژاردەکان لە ڕێگای سیستەمی پاڵاوتنەوە لە ماوەی سێ ساڵدا سەردەکەون بۆ بەشدایکردن لە جامی جیھانیی فیفا. لە بیست و یەک خولی پێشووی ئەم پاڵەوانییەتییە ھەشت ھەڵبژاردەی جیاواز نازناوی جامی جیھانیی فیفایان بردووەتەوە. ھەڵبژاردەی بەڕازیل بەشداری لە سەرجەم خولەکان کردووە، واتە بەشداربوونی لە ھیچ خولێکی پاڵەوانییەتییەکە لەدەست نەداوە، لەھەمان کاتدا زۆرترین جار نازناوەکەی بەدەست ھێناوە ئەمەش لە ساڵەکانی: ١٩٥٨، ١٩٦٢، ١٩٧٠، ١٩٩٤، ٢٠٠٢ بوون. ھەروەھا ھەڵبژاردەی ئیتالیا لە ساڵەکانی: ١٩٣٤، ١٩٣٨، ١٩٨٢، ٢٠٠٦. لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ساڵەکانی :١٩٥٤، ١٩٧٤، ١٩٩٠، ٢٠١٤ چوار جار نازناوەکەیان بەدەست ھێناوە وهەڵبژاردەی ئەرژەنتین سێ جار و ھەریەک لە ھەڵبژاردەکانی فەرەنسا، ئۆرگوای دوو جار بوونە پاڵەوان ھەروەھا ھەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا یەک جار بوونەتە پاڵاوانی ئەم جامە. ھەڵبژاردەی ئیتالیا یەکەم ھەڵبژاردەبوو کە توانی دووجار لەسەر یەک ئەم نازناوە بباتەوە لە ساڵەکانی ١٩٣٤ و ١٩٣٨، دوای ئەو ھەڵبژاردەی بەڕازیل دێت ١٩٥٨ و ١٩٦٢. جامی جیھانیی فیفا یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکانی جیھان. لە یاری کۆتایی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٠٦ کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، بە نزیکەی ٧١٥ میلۆن کەس سەیری یارییەکەیان کرد. پاڵەوانی ئێستا ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرژەنتین کە لە دوایین خولی ئەم پاڵەوانییەتییە لە ٢٠٢٢ کە لە قەتەر بەڕێوەچوو نازناوەکەی بەدەست ھێنا، بڕیارە پاڵەوانێتی داھاتوو بە میوانداری ھاوبەشی سێ وڵاتی کەنەدا، مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٦ بەڕێوەدەچێت.
خوێندنەوەی زیاتر...


تشرینی دووەم دەستکاری

 

باخچەی وشەکان (بە ژاپۆنی: 言の葉の庭، بە ڕۆماجی: کۆتۆنۆھا نۆ نیوا) فیلمێکی درامیی ئەنیمێی ژاپۆنیی ٢٠١٣یە، کە نووسین، دەرھێنان و ئامادەکردنی لەلایەن ماکۆتۆ شینکای بۆ کراوە. لەلایەن کۆمیکس وەیڤ فیلمز بە ئەنیمەیشن کراوە و لەلایەن تۆھۆ دابەش و بڵاو کراوەتەوە. مییوو ئیرینۆ و کانا ھەنازاوا ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە، و مۆسیقاکەی لەلایەن دایسوکێ کاشیوا بۆ دانراوە لە جیاتیی تێنمۆن، کە ئاوازی بۆ زۆربەی فیلمەکانی پێشووی شینکای داناوە. ئاوازی گۆرانییەکە، «باران (Rain)»، لە بنەڕەتدا لەلایەن سێنری ئۆی لە ١٩٨٨ نووسراوە و جێبەجێ کراوە، بەڵام بۆ فیلمەکە دووبارە دروست کرایەوە و لەلایەن مۆتۆھیرۆ ھەتا وترا. فیلمەکە لە مانگایەکەوە، کە وێنەکردنەکانی لەلایەن میدۆری مۆتۆھاشی بۆ کراوە دروست کراوە، و دواتر لەلایەن شینکای کراوە بە ڕۆمان، کە ھەردووکیان لە ھەمان ساڵی فیلمەکە بوون.

فیلمەکە سەرنج دەخاتە سەر تاکاوۆ ئاکیزوکی، پێڵاوسازێکی ١٥ ساڵ کە حەزێکی زۆری بۆ دروستکردنی پێڵاو ھەیە، و یوکاری یوکینۆ، ژنێکی ٢٧ ساڵی سەیر کە ئاکیزوکی بەردەوام لە بەیانییە باراناوییەکاندا لە باخچەی نیشتیمانیی شینجوکو گیۆئین چاوی پێ دەکەوێت. لەکاتێکدا تاکاوۆ وانەی بەیانیانی خۆیی لەبەر دروستکردنی پێڵاوەکان جێ دەھێشت، یوکاری لەبەر کێشە تایبەتییەکانی ژیانی پیشەییی خۆی، خۆی لە کار دەدزییەوە. یوکاری ھیچ شتێک دەربارەی خۆی بۆ نموونە ناوی خۆی بە تاکاوۆ ناڵێت، لەکاتێکدا تاکاوۆ بە وتنی تامەزرۆییی خۆی بۆ پێڵاوەکان و پێشکەشکردنی دروستکردنی جووتێک پێڵاو بۆ یوکاری دەست پێ دەکات. کە تاکاوۆ کەسایەتیی یوکاری دەناسێت، ھەستەکان دەگەنە لووتکە چونکە ھەردووکیان تێدەگەن کە یەکترییان فێر کردووە «چۆن بە پێ بڕۆن». شینکای چیرۆکەکەی بە ناونیشانی چیرۆکی «دڵتەنگیی تەنیایی»، لەسەر بنەمای مانای وشە کۆنە ژاپۆنییەکە بۆ «خۆشەویستی» نووسی، و پێڵاوەکانی وەک خوازەیەک بۆ ژیان بەکارھێنا. بیرۆکە سەرەکییەکانی چیرۆکەکە بریتین لە باران، شیعرەکانی مان یۆشوو، و باخچە ژاپۆنییەکە. بە وتەی شینکای، جیاوازیی تەمەن لەنێوان دوو کەسایەتییە سەرەکییەکە و تایبەتمەندییەکانیان ئەوە دەردەخات کە چۆن خەڵک بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و بەناڕێکی پێگەیشتوون، ھەتا ھەندێ جار باڵغەکانیش ھەست بە پێگەیشتنی زیاتر لە مێردمناڵەکان ناکەن.

بۆ یەکەم جار باخچەی وشەکان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٣ لە فێستیڤاڵی گۆڵد کۆست فیلم لە ئوسترالیا نمایش کرا و لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٣ لە ژاپۆن بڵاوکردنەوەیەکی گشتیی ھەبوو. بۆ یەکەم بڵاوکردنەوەی ژاپۆنی، فیلمەکە لەگەڵ کورتەئەنیمەیشنێک بەناوی دارێکا نۆ مانازاشی (だれかのまなざし، وەرگێڕانی وشە بە وشە: تێڕوانینی کەسێک)، کە ھەر لەلایەن شینکای دەرھێندراوە نمایش کرا. باخچەی وشەکان خشتەیەکی بڵاوکردنەوەی نائاساییی ھەبوو چونکە لەو کاتەی یەکەم نمایشی سینەماییی ژاپۆنیی ھەبوو، لە ھەمان ڕۆژدا بە دیجیتاڵی لەسەر ئایتیوونس بڵاو کرایەوە، و لە ٢١ی حوزەیران، دی ڤی دی و بلوڕەیەکەی بڵاو کرانەوە لەکاتێکدا فیلمەکە ھێشتا لە سینەماکان بوو. فیلمەکە لەلایەن سێنتای فیلمۆرکز لە ئەمریکای باکوور، ئەنیمێ لیمیتد لە شانشینی یەکگرتوو و مادمان ئینتەرتەینمنت لە ئوسترالیا مۆڵەتی پێ دراوە. فیلمەکە ماوەیەکی باش لە سینەماکان نمایش کرا و لە چەندین بۆنەی فیلمی ناوخۆیی و جیھانی میوانداری کرا. بە درێژاییی ٢٠١٣ لە کۆگای ئایتیوونس پلەیەکی بەرزی ھەبوو، و وەک باشترین ئەنیمەیشنی ساڵ لە باشترینی ٢٠١٣ی ئایتیوونس ھەڵبژێردرا. خەڵاتی فیلمی سینەماییی کۆبیی ساڵی ٢٠١٣ و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەییی فانتازیا و فێستیڤاڵی شتووتگارتی فیلمی ئەنیمەیشنی بردەوە. پێداچوونەوە سەرھێڵەکان بەگشتی باش بوون لەگەڵ پێداھەڵدانی جیھانی بە نیگارکێشییەکە، ھەرچەندە بۆچوونەکان دەربارەی چیرۆکەکە، ماوەی چیرۆکەکە و سۆزی خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکەکە جیاواز بوون.
خوێندنەوەی زیاتر...


کانوونی یەکەم دەستکاری

ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢١/کانوونی یەکەم