ویکیپیدیا:وتاری ھەڵبژێردراو/٢٠٢٠

ناوبڕ:
وپ:وھ
Reviewer's Award.png

وتاری ھەڵبژێردراو • ئەرشیڤ


پێشوو٢٠١٢٢٠١٣٢٠١٤ - ٢٠١٥ - ٢٠١٦ - ٢٠١٧ - ٢٠١٨ - ٢٠١٩ - ٢٠٢٠


 ئەیلوول، ٢٠٢٠ (UTC) – نوێکردنەوە

ئەرشیڤی وتارە ھەڵبژێردراوەکانی ٢٠٢٠
ئەم پەڕەیە ھەموو ئەو وتارانە لەخۆدەگرێت کە مانگانە، بەپێی سیاسەتەکانی ویکیپیدیای کوردی
بۆ بەشی وتاری ھەڵبژێردراوی پەڕەی دەستپێک ھەڵدەبژێردراون بۆ ساڵی ٢٠٢٠.


کانوونی دووەمدەستکاری

ناروتۆ (بە ژاپۆنی: ナルト) زنجیرە مانگایەکی ژاپۆنییە کە لەلایەن ماساشی کیشیمۆتۆوە نووسراوە و کاری وێنەکێشانی بۆ کراوە. چیرۆکەکە باس لە نینجایەکی ھەرزەکار دەکات بە ناوی ناروتۆ ئۆزۆماکی، کە ھەوڵی بەدەستھێنانی ڕێز و دانپێدانانی ھاوڕێکان و دانیشتوانی گوندەکەی دەدات. ھەروەھا خەون بەوەوە دەبینێت کە بەرزترین پلەوپایەی گوندەکەی بەدەستبێنێت کە ئەویش نازناوی ھۆکاگێیە. چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا، یەکەم کە باس لە ژیانی ناروتۆ دەکات لە تەمەنێکی تازەپێگەشتوودا، بەشی دووەمیش باس لە ژیانی دەکات لە تەمەنی ھەرزەکاریدا. کیشیمۆتۆ چیرۆکەکەی لەسەر بنەمای مانگایەکی تری پێشووی خۆی داڕشتووە کە لە ساڵی ١٩٩٥دا بڵاوی کردووەتەوە و بەھۆیەوە ساڵی دواتر وەک ڕێزلێنانێک ناوی لە خەڵاتی ھۆپستیپی مانگانەی شوەیشادا ھاتووە.

گۆڤاری شۆنێن جەمپ لە ساڵی ١٩٩٩دا دەستی بە بڵاوکردنەوەی ناروتۆ کرد و ھەفتانە بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠١٤. سەرتاپای چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر ٧٢ پەرتووکی جۆری تانکۆبۆن. لە ساڵی ٢٠٠٢ ستۆدیۆی پیرۆت بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئانیپلێکس ھەستان بە بەرھەمھێنانی بەشی یەکەمی ئەنیمێی ناروتۆ کە ساڵی ٢٠٠٧ لە دوای ٢٢٠ ئەڵقە کۆتایی پێھات؛ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩ دۆبلاژی زمانی ئینگلیزی لەلایەن کارتوون نێتۆرکەوە بۆ کراوە. دووەم ئەنیمێ و تەواوکەری بەشی یەکەم بە ناوی 'ناروتۆ: شیپوودین'ەوە لە ٢٠٠٧ پەخشی لە ژاپۆن دەستی پێکرد و دوای ٥٠٠ ئەڵقە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتای ھات. دۆبلاژی ئینگلیزی بۆ شیپوودین لەلایەن 'دیزنی ئێکس دی'یەوە لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ پەخشکرا، بەڵام کارتوون نێتۆرک لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا دووبارە مافی بڵاوکردنەوەی وەرگرتەوە و لە بەشی توونامی (ئەدۆڵت سویم) دا پەخشی کرد. ستۆدیۆ پیرۆت یازدە فیلم و یازدە ئۆ ڤی ئەی (OVA) بۆ زنجیرە مانگای ناروتۆ بەرھەمھێناوە. کەلوپەلی تایبەت بە ناروتۆ وەک کارتی گەمەکردن، یاری ڤیدیۆیی و کورتە ڕۆمان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دروستکراون.

ڤیز میدیا لە ئەمریکای باکوور مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی ئەنیمێ و مانگای ناروتۆی بەدەستە. ئەنیمێیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە و لە شانشینی یەکگرتوو ٢٠٠٦ و لە ئوسترالیا ٢٠٠٧. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش لەلایەن ناوەندی زوھرەوە ١٣٠ زنجیرەی سەرەتای بەشی یەکەم دۆبلاژکران بۆ زمانی عەرەبی و لە ھەردوو کەناڵی ئاسمانیی سپەیستوون و سپەیسپاوەر پەخشکرا تا ساڵی ٢٠١٢ کە شەڕی ناوخۆیی سووریا و قەیرانی دارایی بوو بە ھۆکاری ڕاگرتنی. چیرۆکی ناروتۆ ئۆزۆماکی بەھۆی کوڕەکەیەوە بۆروتۆ ئۆزوماکی بەردەوامە لەڕێگەی مانگای بۆروتۆ:ناروتۆ نێکست جێنەرەیشن، کە تێیدا بۆروتۆ دەیەوێت ڕێگەی بە نینجابوونی تایبەت بە خۆی بگرێتەبەر و لەژێر سێبەری باوکی نەبێت.
خوێندنەوەی زیاتر...


شوباتدەستکاری

داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/شوبات

ئازاردەستکاری

داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/ئازار

نیساندەستکاری

پریانکا چۆپرا (گۆکردن: [priˈjʌŋkaː ˈtʃoːpɽaː]؛ لەدایکبووی ١٨ی تەممووزی ١٩٨٢ لە جەمشێدپور، ھیندستان) خانمەکتەر، گۆرانیبێژ، بەرھەمھێنەری فیلم و نمایشکارێکی جلووبەرگی ھیندییە. لە ساڵی ٢٠٠٠، بە شاجوانی جیھان ھەڵبژێردرا. پریانکا براوەی چەندین خەڵات بووە لەنێویشاندا جارێک خەڵاتی فیلمی نیشتیمانی، و پێنج جاریش خەڵاتی فیلمفەیر ھەن. لە ساڵی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی ھیندستان خەڵاتی پادما شری پێدرا. ساڵی ٢٠١٧، گۆڤاری تایم ناوی پریانکای لە ١٠٠ کاریگەرترین کەس لە جیھان دا ھێنا، و لە ساڵی ٢٠١٨، لە گۆڤاری فۆربیس وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین ژنی جیھان ناوی ھێندرا.

یەکەم دەرکەوتنی چۆپرا لە جیھانی فیلم دا لە فیلمی تامیلی (تامیزان)ی ساڵی ٢٠٠٢ بوو. دوای ساڵێکیش واتە لە ٢٠٠٣ بۆ یەکەمین جار لە بۆلیوود بە فیلمی (پاڵەوانەکە:چیڕۆکی خۆشەویستی سیخوڕێک) دەرکەوت. بۆ یەکەمین جار وەک کەسایەتیی سەرەکی لە فیلمی (ئەنداز)ی ساڵی ٢٠٠٣ لەپاڵ ئاکشای کومار دەرکەوت. لە ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک لە فیلمی ئیتراز دەرکەوت، ستایشی ڕەخنەگرانی وەرگرت. لە ساڵی ٢٠٠٦، بەشداریی لە فیلمەکانی دۆن و کڕیش کرد کە دوو پڕداھاتترینی فیلمی ئەو ساڵە بوون. لە ساڵی ٢٠٠٨، لە فیلمی فاشیۆن دەرکەوت، کە بەھۆی ئەم فیلمەوە خەڵاتی نیشتیمانیی بردەوە. پریانکا بە بەشداریکردنی لە فیلمەکانی دۆستانا، کەمینی، بارفی!، ماری کۆم و باجیراو ماستانی شوێنی خۆی لە بۆلیوود باش کردەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨، لە زنجیرەی ئینگلیزیی کوانتیکۆ لە کەناڵی ئەی بی سی دەرکەوت. دوای ئەم زنجیرەیش بە فیلمەکانی بای واتچ و ئزنت ئت ڕۆمانتیک لە ھۆلیوودیش دەرکەوت. دواتر لە ساڵی ٢٠١٩، بە دەرکەوتنی لە فیلمی زە سکای ئز پینک گەڕایەوە بۆلیوود.

پریانکا وەک خۆبەخش و باڵیۆزی چاکەکار لە ڕێکخراوەی یوونیسێف چالاکە. پریانکا خاوەنی کۆمپانیای بەرھەمھێنانی فیلمیشە بەناوی (پێرپل پیبل پیکچەرز) کە زیاتر فیلمی ناوخۆیی بە زمانەکانی ماراتی، بۆجپووری، نیپاڵی و پەنجابی بەرھەم دەھێنێت. لە ساڵی ٢٠١٨، پریانکا چۆپرا لەگەڵ گۆرانیبێژی ئەمریکی، نیک جۆناس ھاوسەرگیریی کرد.
خوێندنەوەی زیاتر...


ئایاردەستکاری

مەلالە یووسفزای (بە ئوردوو: ملالہ یوسفزئی؛ بە پەشتۆ: ملاله یوسفزۍ /məˈlaːlə jusəf ˈzəj/؛ لەدایکبووی ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧)، ناسراو بە مەلالە، کچە چالاکوانێکی بواری خوێندن و پەروەردەی ژنانە. مەلالە بەھۆی چالاکییەکانی لە بواری وەدەستھێنانی مافەکانی ژنان ناسراوە. بەھۆی ئەم چالاکییانەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا کەوتە بەر ھێرشی تاڵیبان و بەھۆی تەقەی تفەنگەوە بریندار بوو. ئەمەش لەبەرئەوەی چوونی کچان بۆ قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکرابوو. دواتر ئەم ڕووداوە کەوتە بەرچاوی زۆرێک لە میدیاکانی جیھان و گرینگییەکی زۆر بە چالاکییەکانی مەلالە درا و کەمپینگەلێکی ئاشتیخوازانە بۆ پاراستنی مەلالە و مافەکانی ژنان لە وڵاتانێک وەکوو پاکستان بەڕێکەوت.

لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکێک لە پاڵێوراوەکانی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی بوو، و لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ کایلاش ساتیارتی ئەم خەڵاتەی وەرگرت. مەلالە بچووکترین وەرگری ئەم خەڵاتەیە. لەدوای بەدەستھێنانی خەڵاتەکە، چالاکییەکانی مەلالە بۆ ئاستی جیھان پەلی ھاوێشت. بە قسەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان شاھد خاقان عەباسی، مەلالە نموونەی باڵای ھاونیشتمانیی داھاتووی پاکستان دەبێت.

مەلالە لە خێزانێکی پەشتون، لە شاری مینگۆرا، ھەرێمی سوات لە پاکستان لەدایکبووە. مەلالە ھەریەکە لە محەممەد عەلی جیناح و بێنەزیر بوتۆ بە نموونەی باڵای خۆی زانیوە، و ھەروەھا لە کارە مرۆڤایەتییەکانی باوکیشی ئیلھامی وەرگرتووە. لە سەرەتای ٢٠٠٩دا، کاتێک تەمەنی مەلالە ١١–١٢ ساڵان بووە، بە ناوێکی خوازراو بۆ تۆڕی بی بی سی ئوردوو لەبارەی ژیانی خۆی لەژێردەست تاڵیبان نووسیوە. ھاوینی دواتر، ڕۆژنامەنووس ئادەم ئیلیک، دۆکیومێنتارییەکی لەبارەی ژیانی مەلالە و چالاکییەکانی چەکداری پاکستانی لەناوچەکە بۆ نیویۆرک تایمز دروستکرد. دواتر مەلالە بەھۆی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەزگا نووسراو و بینراوەکان دا، ھەروەھا پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئاشتی منداڵانی نێونەتەوەیی زیاتر ناسرا.
خوێندنەوەی زیاتر...


حوزەیراندەستکاری

گرێتا تینتین ئەلیونوورا ئارنمان توونبەری (سویدی: [ˈɡrêːta ˈtʉ̂ːnbærj] (  گوێگرتن)؛ لەدایکبووی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣) کچە چالاکوانێکی سویدیی بواری گۆڕانی ئاووھەوایە. گرێتا لە ژمارەیەکی زۆر خۆپیشانداندا سەبارەت بە گۆڕانی ئاووھەوا بەشداریی کردووە. گرێتا کاتێک بە قسەکانی، باسەکانی گۆڕانی ئاووھەوای خستەوە بیری جیھان ناوبانگی لە جیھان پەیداکرد، ھەروەھا بەھۆی بچووکیی تەمەنی و شێوازی قسەکردنی ڕاستەوخۆ (بێ پێچ و پەنا) بەناوبانگە. گرێتا ڕەخنەی لە سەرکردە جیھانییەکان گرتووە، کە تا ئێستا ھیچ کارێکی جیدییان لەسەر بابەتی گۆڕانی ئاووھەوا نەکردووە.

چالاکییەکانی گرێتا ئەوکاتە دەستی پێکرد، کە دایک و باوکی ڕازی کرد کە بۆ کەمکردنەوە شوێنپێی کاربۆنیان ھەندێ کەرستە لە ماڵەوە بەکارنەھێنن. لە ئابی ٢٠١٨، کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵان بوو، مانگرتنی لە خوێندن ڕاگەیاند، لەبەردەم پەرلەمانی سوێد داوای کارکردنی بەھێزتری دەکرد لەمەڕ گۆڕانەکانی ئاووھەوا. بە گرتنی درووشمی «Skolstrejk för klimatet» (واتە: مانگرتن لە خوێندن بۆ ئاووھەوا)، بەزوویی قوتابیانی دیکەش لە شوێنی خۆیان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کرد. دواتر بەیەکەوە، بزووتنەوەی مانگرتنی قوتابخانەیان بۆ ئاووھەوا لەژێرناوی ('ھەینییەکان بۆ داھاتوو') ڕاگەیاند. دوای ئەوەی گرێتا بانگھێشتی کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووھەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ کرا، مانگرتنی خوێندکاران ھەموو ھەفتەیەک لە شوێنە جیاجیاکانی جیھان دەکرا. لە ساڵی ٢٠١٩، لە چەندین شار خۆپشاندانی گەورە ئەنجامدرا، کە ھەریەکەیان بەبەشداری زیاتر لە میلیۆنێک کەس، زۆرینەش قوتابی بوون. بۆئەوەی بە فڕۆکە گەشت نەکات، گرێتا بە پاپۆڕ چووە کۆڕبەندی کارکردن لەسەر ئاووھەوا، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. لەوێ لە وتارەکەیدا، گرێتا بە ڕستەی «چۆن دەوێرن؟» ڕەخنەی لە سەرکردەکان و جیھان لەبارەی کەمتەرخەمییان لەسەر گۆڕانەکانی ئاووھەوا گرت. قسەکانی توونبەری دەنگدانەوەی گەورەی میدیاییی بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەناوبانگبوونی گرێتا لەپڕێکدا، وای کرد وەک سەرکردەیەک چاوی لێ بکرێت، لە ھەمان کاتیشدا بکرێتە ئامانجی ڕەخنەگرتن. کاریگەرییەکانی گرێتا، لەلایەن دە گاردیان و ڕۆژنامەکانی دیکەوە بە «کاریگەری گرێتا» وەسفکرا. گرێتا چەند خەڵاتێکی پێدراوە لەوانە: شانازینامەی ھاوڕێیەتی لە ڕۆیال سکۆتیش جیۆگرافیکال سۆسایەتی؛ لەلایەن گۆڤاری تایم وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتی ساڵ ھەڵبژێردرا، کە ناوبراو بچووکترینیان بوو؛ ھەروەھا لەلایەن فۆربیسەوە، لە پێڕستی ١٠٠ بەھێزترین ژنانی ٢٠١٩ ھەڵبژێردرا. ھەروەھا بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبێل لە ئاشتی بۆ ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ پاڵێوراوکراوە.
خوێندنەوەی زیاتر...


تەممووزدەستکاری

لیزا دێل ژوکۆندۆ (گۆکردنی ئیتاڵی: [ˈliːza del dʒoˈkondo]؛ غیرادینی [ɡerarˈdiːni]؛ لەدایکبووی ١٥ی حوزەیرانی ١٤٧٩ - مردووی ١٥ی تەممووزی ١٥٤٢) ژنەبەگزادەیەکی ئیتاڵی و ئەندامی خێزانی غیرادینی بوو لە فلۆرێنس و توسکانی. ناوی ئەو لە تابلۆی مۆنالیزا بەکارھاتووە، پۆرترەیتەکەی بەسەرپەرشتی ھاوسەرەکەی و وێنەکەش لەلایەن لیۆناردۆ دا ڤینچی لەسەردەمی ڕێنیسانسی ئیتاڵی کێشراوە.

لیزا لەدایکبووی فلۆرێنسە، لە تەمەنی نەوجەوانی ھاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێک کرد، کە خەریکی بازرگانی قوماش و ئاوریشم بوو، دواتر بوو بە کاربەدەستێکی حکوومی. لیزا دایکی پێنج مناڵ بووە، لە ژیانێکی ئاسوودەی چینی ناوەڕاست ژیاوە.

دوای سەدەیەک لە مردنی لیزا دێل ژوکۆندۆ، تابلۆی مۆنالیزا بوو بە بەناوبانگترین تابلۆ لە ئاستی جیھان، بەجۆرێک وەک ئەوەی تابلۆکە ژیانێکی جیاوازتری ھەبێت بەراورد بە کەسایەتی ڕاستەقینەی لیزا. گرنگیپێدانی شارەزایان و ھۆگرانی ھونەر وایان کرد تابلۆکە لە ئاستی جیھان وەک دەستکەوتێکی بازرگانی سەیر بکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٥، بەشێوەیەکی کۆتایی لیزا دێل ژوکۆندۆ بەکەسایەتی ناو تابلۆی مۆنالیزا ناسێنرا.
خوێندنەوەی زیاتر...


ئابدەستکاری

ئەنجڵینا جۆڵی (بە ئینگلیزی: Angelina Jolie؛ پێشتر: جۆڵی پیت، لەدایکبووی ٤ی حوزەیرانی ١٩٧٥) خانمەکتەر، فیلمساز و چاکەکارێکی ئەمریکییە. براوەی چەندین خەڵاتە لەوانە؛ بەدەستھێنەری خەڵاتی ئۆسکار، ھەروەھا سێ خەڵاتی گۆڵدن گلۆبە. چەندجارێک وەک گرانترین ئەکتەر لە لوتکەی خانمەکتەرەکانی ھۆلیوود ناوی ھاتووە.

ئەنجڵینا لەیەکەم فیلمیدا بە منداڵی لەپاڵ باوکی دەرکەوت، کاتێک لەفیلمی لووکین تو گێت ئاوت (١٩٨٢)ی دەرھێنەر جۆن ڤۆیت (باوکی) بەشداربوو، بەڵام ژیانی کارکردنی لە فیلم دوای دە ساڵ لەو فیلمە دەستیپێکرد، ئەمەش کاتێک بەفیلمێکی تێچوو کەم بەناوی سایبورگ ٢ (١٩٩٣)، دواتر لەیەکەم ڕۆڵی سەرەکی خۆیدا بەفیلمی ھاکەرز (١٩٩٥) بەشداربوو. دواتر لەچەند فیلمێکی ژیاننامەیی بەشداربوو لەوانە؛ جۆرج والاس (١٩٩٧) و جیا (١٩٩٨)، کە بوونە جێگای بایەخی ڕەخنەگران، ھەروەھا بەھۆی بەشداریکردنی لەفیلمی گێرل، ئینتەرپتد (١٩٩٩) ئەوا خەڵاتی ئۆسکاری پێدرا وەک باشترین کچەئەکتەری پاڵپشت. دواتر بەشداربوو لە فیلمی لارا کرۆفت: تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) بە کارەکتەری یاری ڤیدیۆیی لارا کرۆفت، ئەمە وایکرد ناو و ناوبانگی بگاتە لووتکەی کچەئەکتەرەکانی ھۆلیوود. دواتر بەردەوامی بە فیلمە ئاکشنەکانی دا بەبەشداربوونی لەفیلمەکانی؛ مستەر & مسز سمیت (٢٠٠٥)، وانتد (٢٠٠٨) وە ساڵت (٢٠١٠)، ھەروەھا پێشوازییەکی باشی وەرگرت لەلایەن ڕەخنەگرانەوە کاتێک لە دوو فیلمی درامی دەرکەوت بەناوەکانی؛ ئە مایتی ھارت (٢٠٠٧) و چێنجلین (٢٠٠٨)، کە ئەمەی دووەم، وایکرد جوولی ببێتە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین خانمەئەکتەر. گەورەترین سەرکەوتنی بازرگانی ئەو، لە فیلمی مالیفیسنت (٢٠١٢) بوو. لە دەیەی ٢٠١٠، ئەنجڵینا کارەکانی لەسینەما فراوانترکرد بۆ دەرھێنان، سیناریۆنووسین، بەرھەمھێنان لەفیلمەکانی ئن زە لاند ئۆف بلەد ئەند ھەنی (٢٠١١)، ئەنبرۆکن (٢٠١٤)، فێرست زەی کیلد مای فازەر (٢٠١٧).

لە پاڵ کارکردنی لەفیلم، جۆڵی خەریکی کارە مرۆڤایەتییەکانە، بۆ ئەوەش خەڵاتی جان ھەرشۆلتی مرۆڤایەتی پێدراوە، ھەروەھا شانازی قەدیس میخائیل و قەدیس جۆرج (DCMG) وەرگرتووە، لەگەڵ چەند خەڵاتی دیکەش. ئەنجڵینا لە چەندین بوار کاردەکات، لەوانە ژینگە، پەروەردە، مافەکانی ژنان، وە دیارترین کاریشی وەک کەسایەتی چاکەکار کاردەکات لەگەڵ کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR).
خوێندنەوەی زیاتر...


ئەیلوولدەستکاری

ئانیلیس ماری 'ئانە' فرانک (ئەڵمانی: [ˈanəˌliːs maˈʁiː ˈfʁaŋk]، وەشانی کورت: [ˈanə ˈfʁaŋk] (  گوێگرتن)، ھۆڵەندی: [ˈɑnəˌlis maːˈri ˈfrɑŋk]؛ لەدایکبووی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٢٩ – مردووی شوبات یان ئازاری ١٩٤٥) جوولەکەیەکی ئەڵمانی-ھۆڵەندی بوو، بەیەکیک لە باسکراوترین کەس لە ناو قوربانیانی ھۆڵۆکۆست دادەنرێت. بەنووسینەوەی یادەوەرییەکانی ناوبانگی لەدوای مردنی دەرکرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی بیرەوەرییەکانی کچێکی گەنج (ناوە ڕەسەنەکەی: Het Achterhuis)، کە بەڵگەنامەی ژیانی خوشاردنەوەیەی بوو لە ساڵانی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤، لەکاتی داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیا لەسەردەمی جەنگی جیھانیی دووەم. کتێبەکەی ئانە بەیەکێک لە بەناوبانگترین کتێبەکانی جیھان دادەنرێت، ھەروەھا بووەتە سەرچاوەی کۆمەڵێک شانۆگەری و فیلم.

ئان لەدایکبووی فرانکفۆرت، ئەڵمانیایە بەڵام زۆربەی ژیانی لەناو یان ننزیک ئەمستەردام، ھۆڵەندا بەسەربردووە. ئانە تەمەنی چوار ساڵان بووە، کاتێک خێزانەکەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە ھۆڵەندا، لەکاتی گەیشتنە دەسەڵاتی نازییەکان. لە ساڵی ١٩٤١، ھاوڵاتینامەی ئەڵمانی لێسەندرایەوە، بەمەش بووە کەسێکی بێوڵات. لە ئایاری ١٩٤٠، ئانە لە ئەمستەردام گیری خوارد، ئەمەش دوای داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەلمانیای نازییەوە. لەدوای زیادبوونی مەترسی و کۆمەڵکووژی گەلی جوو، ئەوا ئانە لە ژوورێکی نھێنی خۆی شاردەوە، کە لە پشت کتێبخانەیەکدا بوو، ژوورەکە لە ھەمان ئەو باڵەخانەیەدا بوو کە باوکی، ئۆتۆ فرانک کاری لێ دەکرد. لەوکاتەوە تاکوو گیرانی خێزانەکەی لەلایەن گێستاپۆکان لە ئابی ١٩٤٤، ئەو خەریکی نووسین و پاراستنی یادنامەیەکی بوو کە بەدیاری پێی درابوو، بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوام لێی دەنووسی. دوا بەدوای گیرانیان ئەوا خێزانی فڕاک برانە کەمپی زۆرەملێی نازییەکان. لە تشرینی یەکەم یان دووەمی ١٩٤٤، ئانە لەگەڵ خووشکەکەی مارگۆت، لە کەمپی ئاشڤیتز گواسترانەوە بۆ کەمپی بێرگن بیلسن، کە دوای چەند مانگێک، لەوێ مردن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی نزیککراوەی خاچی سوور، ئەوا لە مانگی ئازار مردن، دەسەڵاتی ھۆڵەندا مردنی ئەوانی بە ٣١ی ئازار وەک ڕۆژی فەرمی مردنی ئانە دانا، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٥، بەپێی توێژینەوەیەکی خانەی ئانە فرانک ئەوا پێدەچێت مردنی لە مانگی شوبات بووبێت.

ئۆتۆ، تاکە ڕزگاربووی خێزانەکەی بوو، کە لەدوای جەنگ گەڕایەوە ئەمستەردام وە بینی یادەوەری ئانە لەلایەن سکرتێرەکەیەوە پارێزگاری لێکراوە، میپ گیس کە دواتر بە ھەوڵی ئۆتۆ وەک کتێب لە ساڵی ١٩٤٧ چاپکرا. یادەوەرییەکە بەزمانی ھۆڵەندی نووسرابوو، دواتر لە ساڵی ١٩٥٢ وەرگێڕانی بۆکرایە سەر زمانی ئینگلیزی و تا ئێستا بۆ زیاتر لە ٧٠ زمان وەرگێڕانی بۆکراوە.
خوێندنەوەی زیاتر...


تشرینی یەکەمدەستکاری

داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/تشرینی یەکەم

تشرینی دووەمدەستکاری

داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/تشرینی دووەم

کانوونی یەکەمدەستکاری

داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/کانوونی یەکەم