ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢١/ئایار

ماگدالینا کارمین فریدا کالۆ کالیدرۆن (بە ئیسپانی: Magdalena Carmen Frida Kahlo y Calderón) (٦ی تەممووزی ١٩٠٧ – ١٣ی تەممووزی ١٩٥٤) وێنەکێشێکی مەکسیکی بوو کە بەھۆی وێنە پۆرترەیتەکانییەوە ناوبانگی دەرکرد، بەتایبەت بەھۆی خۆپۆرترەیتەکانییەوە. سروشت و کەلەپووری مەکسیک بوو بە سەرچاوەی ئیلھامبەخش بۆ کارەکانی فریدا. بە کەڵکوەرگرتن لە کولتووری عەوامی مەکسیک، فریدا ھونەری ناییڤی بەکار ھێنا بۆ ورووژاندنی پرسەکانی ناسنامە، سەردەمی دوای کۆلۆنیالیزم، جێندەر، چینایەتی و ڕەگەز لەناو کۆمەڵگای مەکسیکی. وێنەکانی فریدا پەیوەندیی پتەویان ھەبوو لەگەڵ ژیانی ئەو لەگەڵ تێکھەڵکێشکردنیان لەگەڵ توخمی ڕیالیزم و خەیاڵ. کالۆ وەک کەسێکی سوریالیست و ڕیالیزمی سیحری دادەنرێت. ئەو بەوەش ناسراوە کە لە وێنەکانیدا ڕەنگدانەوەی ئازاری بەردەوامی خۆی پیشان دەدات.

کالۆ لە باوکێکی ئەڵمانی و دایکێکی میستزیۆیی لە دایک بوو. زۆربەی تەمەنی منداڵیی لە لا کاسا ئەزول لە کۆیۆئاکان بەسەر برد. ئێستا ئەم شوێنە بووەتە مۆزەخانەی فریدا کالۆ و بۆ ھەمووان کراوەیە. وێڕای ئەوەی بە دەردی ئیفلیجیی مناڵان دەیناڵاند، بەڵام ھیوای بەوە بوو کە بچێتە بەشی پزیشکی، بەڵام کاتێک تەمەنی ١٨ ساڵان بوو، تووشی ڕووداوێکی ھاتوچۆ ھات، کاتێک لەناو پاسێک بوو. ئەم ڕووداوە وای کرد تەواوی ژیانی لەناو ئازاردا بناڵێنێت و تووشی کێشەی تەندروستی ببێت. دوای ڕووداوەکە، کاتێک تەندروستیی بەرەو گەڕانەوە دەچوو ئەوا خولیای مناڵیی بۆ بوون بە ھونەرمەند گەڕایەوە لای کالۆ.

لە ساڵی ١٩٢٧، فریدا دەچێتە ناو بواری سیاسەت و دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی مەکسیکی، لەم ڕێگایەوە ھونەرمەند و وێنەکێش دیێگۆ ڕیڤێرای ناسی. دواتر بەیەکەوە لە ساڵی ١٩٢٩ ھاوسەرگیرییان کرد. لە ساڵانی سییەکان بەیەکەوە گەشتی مەکسیک و ئەمریکایان کرد. لەو کاتانەدا، فریدا شێوازی تایبەتی کارکردنی خۆی دۆزییەوە. تابلۆ سەرەکییەکانی خۆی کە لە کولتوور و فۆلکلۆری مەکسیکی وەرگیرابوون، ھەروەھا ئەو پۆرترێتانەی خۆی کە تێکەڵی کردبوون لەگەڵ بیروباوەڕەکانی سەردەمی پێش کۆلۆمبی و کاتۆلیک. تابلۆکانی ئەو وایان لە وێنەکێشی سووریالیستی ئاندرێ بریتۆن کرد کە لە ساڵی ١٩٣٨ پێشانگایەکی بۆ بکاتەوە لە گالێریی جولیەن لێڤی لە نیویۆرک. پێشانگایەکە سەرکەوتنی بەدەست ھێنا. بۆ ساڵی دواتر (١٩٣٩)، فریدا پێشانگایەکی دیکەی لە پاریس کردەوە. ھەرچەندە کە پێشانگاکەی پاریس بەمجۆرە سەرکەوتوو نەبوو، مۆزەخانەی لووڤر تابلۆیەکی لە کالۆ کڕییەوە. زە فرەیم، یەکەم تابلۆی وێنەکێشی مەکسیکییە کە لە کۆکراوەکانی مۆزەخانەی لووڤر دابنرێت. لە ساڵانی چلەکاندا، کالۆ ھەم لە پێشانگا ھونەرییەکانی مەکسیک و ئەمریکا بەشداری کرد، ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە وەک مامۆستای ھونەر کاری کرد. کالۆ یەکێک بوو لە ئەندامانی دامەزرێنەر لە کۆمەڵەی سێمیاریۆ دی کولتوورا مێکسیکانا. لە ساڵی ١٩٥٣، یەکەمین پێشانگای تاکەکەسیی کردەوە لە مەکسیک، ئەمەش بەماوەیەکی کورت بوو بەر لە مردنی لە ساڵی ١٩٥٤، واتە لە تەمەنی ٤٧ ساڵی.
خوێندنەوەی زیاتر...