شازادە دایانا

شازادە خاتوونی شانشینی یەکگرتوو
ئەمە وەشانی جێگرتووە، لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا تاوتوێ کراوە.

دایانای شازادەی وێڵز (بە ئینگلیزی: Diana, Princess of Wales؛ ١ی تەممووزی ١٩٦١ – ٣١ی ئابی ١٩٩٧) یەکێک لە خۆشەویستترین ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا بوو. دایانا ھاوسەری شازادە چارڵز، کوڕی گەورە و جێنشینی شاژنە ئیلیزابێس بوو، دایکی شازادە ولیام و شازادە ھارییە و یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە ناسراوەکانی جیھان بوو لە سەردەمی خۆیدا. چالاکییە مرۆڤ دۆستییەکانی دایانا وایان کرد دایانا ببێت بە ئایکۆنێکی جیھانی و ناوبانگێکی گەورەیان پێ بەخشی.[١] بە لەدایکبوونی لەناو خێزانێکی چینی باڵا، دایانا نزیک لە خێزانی شاھانەیی گەورە بوو بەڵام ژیانێکی سادەی ھەبوو و دوای ئەوەی نیشتەجێی لەندەن بوو بۆ ماوەیەک وەک یاریدەدەری مامۆستا لە دایەنگەیەکی منداڵان کاری کرد. دایانا بچووکترین کچی جۆن سپێنسەر و فرانسیس شاند کید بوو و جیابوونەوەی دایک و باوکی کاریگەری گەورەی لەسەری ھەبوو. ئەگەرچی لە ڕووی خوێندنەوە زۆر باش نەبوو بەڵام بەھرەی ھەبوو لە موزیک و سەما و وەرزش.

دایانا
شازادە دایانای وێڵز
Diana smiling
دایانا لە حوزەیرانی ١٩٩٧
ھاوسەرچارڵس، شازادەی وێڵز (١٩٨١–١٩٩٦)
منداڵ(ەکان)شازادە ولیام
شازادە ھاری
باوکجۆن سپێنسەر
دایکفرانسیس ڕەوش
لەدایکبووندایانا فرانسیس سپێنسەر
(١٩٦١-0٧-0١) ١ی تەممووزی ١٩٦١
ساندرینگھام، نۆرفۆک، لەندەن
مردن٣١ی ئابی ١٩٩٧(١٩٩٧-٠٨-٣١) (٣٦ ساڵ ژیاوە)
پاریس، فەرەنسا
ناشتن٦ی ئەیلوولی ١٩٩٧
ئالسۆرپ، نۆرسھامپتنشێر، ئینگلتەرا
واژوو

ناوبانگی دایانا لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستی پێکرد دوای ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شازادە چارڵسی جێنشینی تەختی شاھانەیی بریتانیا دەستپێکرد و دواتر بوو بە دەستگیرانی. ساڵی دواتر و لە ١٩٨١ ھاوسەرگیریان ئەنجام دا و دایانا لەلایەن خەڵکی بەریتانیاوە بە گەرمی پەسەند کرا وەک شازادەی وێڵز کە نازناوێکە دەدرێت بە ھاوسەری شازادەی جێنشین.[٢] لە کۆتاییدا بەھۆی نەگونجان پێکەوە و پەیوەندی سۆزداری دەرەوەی ھاوسەرگیرییەکەیان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە بە جیایی دەژیان و ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی لێک جیابوونەوە.

لەو ماوەی شازادە خاتوون بوو دایانا کارەکانی شاژنە ئیلیزابێسی ڕادەپەڕاند و نوێنەرایەتی شاژنی دەکرد لە تەواوی ئەو ناوچانەی شاژن ئیلیزابێس شاژنیان بوو. دایانا وەک کەسایەتییەکی یارمەتیدەر و مرۆڤدۆست دەبینرا. سەرەتا دایانا یارمەتی منداڵان و گەنجانی دەدا بەڵام دواتر ناسرا بۆ ئەو یارمەتییەی بەخشی بە نەخۆشانی ئایدز و سڕینەوەی مین لە ناوچەکانی ئەفریقا.

دایانا ھەروەھا ھۆشیاری زیاد کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قووربانیانی ئایدز و نەخۆشانی دەروونی. دایانا، کە زیاتر لە ھەرکەسێکی دیکە لە مێژوودا وێنەی گیردراوە،[٣] بە کەسێک دادەنرێت کە لە وێنەکانی سەرنحڕاکێشە و بە کەسایەتییەکی ناسراوی مۆدە دادەنرا لە ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کاندا. سەرنجی میدیا و شیوەنی خەڵکی بەریتانیا باوەڕپێنەکراو بوو، لە دوای مردنی دایانا لە پێکدادانێکی ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٩٧. ئەوەی دایانا لە ماوەیەکی کەمدا کردی کاریگەریی گەورەی لەسەر خێزانی شاھانەیی و تەواوی خەڵکی بەریتانیا ھەبوو بۆ ھەمیشە.[٤]

لە ساڵی ٢٠٠٢ دا کەناڵی بی بی سی پڕۆگرامێکی پێشکەش کرد بەناوی 100 Greatest Britons کە پشتی بەستبوو بە ڕاپرسییەکیان کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ڕاپرسییەکەدا بەشدار بووبوون، ١٠٠ مەزنترین کەسایەتی مێژووی بەریتانیایان ھەڵبژارد. لە ڕاپرسییەکەدا دایانا لە پلەی سێیەم ھات و لەپێش کەسانی دیاری وەک چارڵز داروین و ویلیام شێکسپیر و ئایزک نیوتنەوە ھات کە لە پلەکانی چوارھەم و پێنجھەم و شەشەم بوون و تەنھا لەدوای وینستۆن چێرچیل و ئیسامبارد برونێڵی ئەندازیاری مەزنی بەریتانی بوو. شاژن ئیلیزابێس ناوی لە لیستی ٢٤ھەم ھات لە لیستەکەدا. ھەر لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕاپرسییەک، گیان لەدەستدانی دایانای بە گرنگترین ڕووداوی مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی بەریتانیا دانا.[٥][٦][٧]

سەرەتای ژیان و خوێندن

دەستکاری

دایانا لەدایک بوو لە ١ی تەممووزی ١٩٦١ لە ماڵێک بەناوی پارک ھاوس کە خانوویەک بوو بەکرێیان گرت لە شاژنە ئیلیزابێس لە ساندرینگھام و ھەردوو کوڕی شاژن، شازادە ئەندروو و شازادە ئێدوارد ھاوڕێی منداڵی دایانا بوون. دایانا سێیەم منداڵ و گەنجترین کچی ئێدوارد جۆن سپێنسەر و خێزانی یەکەمی بوو بەناوی فرانسیس شاند کید بوو. ھاوسەرگیری دایک و باوکی بە جیابوونەوە کۆتایی ھات لەکاتێکدا دایانا ٦ ساڵان بوو و دوای جیابوونەوەکە دایانا و دوو خوشکە گەورەکەی و برا بچووکەکەی لەگەڵ باوکیان مانەوە. دایانا و برا بچووکەی ھەندێک جار دەچوونەوە لای دایکیان و ھەندێک جاریش دەچوونە لای دایەنێک. ساڵی ١٩٧٠ دایانا چووە قوتابخانەی سەرەتایی بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەگەڵ ئەوەی حەزی بە سەمای بالێ و مەلەوانی و یاری تێنس ھەبوو. ساڵی ١٩٧٤ دایانا چووە ئەو قوتابخانەیەی خوشکەکانی و دایکی پێشتر خوێندبوویان لێی و دەستی کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمان بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی تواناکانی بۆ سەماکردن ئەگەرچی خەونەکەی کەم کەم کۆتایی دەھات بەھۆی باڵا بەرزی کە ئەو کات گەیشتبوو بە ١٫٨ مەتر. دایانا ساڵی ١٩٧٧ قوتابخانەی حکومی جێھێشت و لە تەمەنی ١٦ ساڵی کۆتایی بە خوێندنی ھێنا بەڵام بۆ ماوەیەکی دیکەی خوێندن چوو بۆ سویسرا کە لەوێ بوو بە یاریزانێکی شەختەی سەر بەفر. لە یادی ١٨ ھەمین ساڵیادی لەدایکبوونی دایک و باوکی شوقەیەکیان لە لەندەن پێدا و ھەر ئەوکات دەستی کرد بە کارکردن وەک یاریدەدەری مامۆستا لە باخچەیەکی ساوایان.[٨][٩]

ھاوسەرگیری

دەستکاری

خوازبێنی و ھاوسەرگیری

دەستکاری
 
ھاوسەرگیری شازادە چارڵس و شازادە دایانا
 
دایانا بە پۆشینی تافتەیەکی ئاوریشمی عاجی و لەچکێکی تۆڕیی ئەنتیک بۆ ڕۆژی ھاوسەرگیرییەکەی

ساڵی ١٩٧٧ دایانا و چارڵس بۆ یەکەم جار یەکتریان بینی لەکاتێکدا چارڵس پەیوەندی ھەبوو لەگەڵ سارای خوشکە گەورەی دایانا.[١٠] لە دوای ساڵی ١٩٨٠ ەوە شازادە دایانا و چارڵس زیاتر یەکتریان ناسی. دایانا زیاتر چارڵسی دەبینی دوای ئەوەی خوشکەکەی بەناوی جەین ھاوسەرگیری لەگەڵ سکرتێری شاژن ئیلیزابێس کرد. لە ھاوینی ١٩٨٠ دایانا و چارڵس پەیوەندی نێوانیان وەک دوو خۆشەویست دەستپێکرد و ڕۆژی ٢٤ی شوباتی ١٩٨١ پەیوەندییەکەیان ئاشکرا کرد. خەڵکی بەریتانیا دایانایان بەدڵبوو کە ئینگلیز بوو، لە خێزانێکی دەسەڵاتدار بوو، بێدەنگ بوو تا ئاستی شەرمنی، تەندروست بوو. جوانی و شەرمنی دایانا، کە نازناوی (Shy Di-شای دای: دایانای شەرمن)یان پێبەخشی، ھەر زوو سەرنجی میدیاکان و خەڵکی بەریتانیای ڕاکێشا. دایانا و چارڵس لە ڕۆژی ٢٩ی تەممووزی ١٩٨١ ھاوسەرگیریان کرد و ئاھەنگەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش کرا و نزیکەی ١ ملیارد کەس لە جیھاندا بینەری بوون.[٨][٩] ئەمە لەکاتێکدا ھاوسەرگیری شازادە ولیامی کوڕی و کەیت میدڵتن کە دوای ٣٠ ساڵ لە ساڵی ٢٠١١ بەڕێوەچوو ٣٠٠ ملیۆن بینەری ھەبوو.[١١] دایانا قوماشێکی ئاوریشمی نەرمی پۆشی لەگەڵ پارچەیەکی درێژی دانسقە کە ٧٬٦٢ مەتر لە بەشی دواوەی کە بە زەوییەکەدا دەخشا ھاوکات لەگەڵ لەچکێکی ١٤سم.[١٢][١٣] دایانا لە کتێبی Diana: Her True Story in Her Own Words دەڵێت «لەبیرمە ئەوەندە لە خۆشەویستیدا بووم لەگەڵ ھاوسەرەکەم کە نەمدەتوانی چاوی لەسەر لابدەم لە ڕۆژی ھاوسەرگیریمان. وام دەزانی بە بەخترین کچی جیھانم. وام دەزانی ئەویش ئاگای لێم دەبێت بەڵام ھەڵە بووم لەو شێوازە بیرکردنەوەیە».[١٠] دایانا دواتر ڕۆژی ھاوسەرگیرییەکەی بە ناخۆشترین ڕۆژی ژیانی ناوھێنا.[١٤]

 
شازادە دایانا لە کەنەدا لە ساڵی ١٩٨٣، ساڵێک دوای لەدایکبوونی شازادە ولیام
 
وێنەی شازادە دایانا و شازادە ولیام لە مۆزەخانەیەک لە کەنەدا، ٢٠١٠

دوای کەمێک زیاتر لە ٣ مانگ و لە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٨١ دووگیانی دایانا ڕاگەیەندرا. لە مانگی ٤ی دووگیانی دایانا لە قادرمەیەک کەوت و تووشی دڵەڕاوکێ بوون بەڵام پزیشکی شاھانەیی ڕای گەیاند کە منداڵەکە سەلامەتە. دایانا لەم ماوەیەدا ھەستی بە فشاری زۆر کرد و دەگوترێت بە تووڕەیی گووتی «ھەموو جیھان چاوی لە گەددەی منە». ڕۆژی ٢١ی حوزەیرانی ١٩٨٢ شازادە ولیام وەک یەکەم منداڵی شازادە دایانا و چارڵس و جێنشینی داھاتووی تەختی شاھانەی بەریتانیا بە کێشی ٣٫٢ کیلۆگرام لە نەخۆشخانەی تایبەتی قەشە ماری لەدایک بوو.[١٥] لە ئەیلوولی ١٩٨٣ کۆشکی شاھانە (کۆشکی بەکینگھام) ڕای گەیاند دایانا بۆ جاری دووەم دووگیانە بەڵام دوای ھەفتەیەک لەبارچوونی منداڵەکەیان ڕاگەیاند لەکاتێکدا دایانا لە گەشتێک بوو.[١٠] دایانا بۆ جاری سێیەم دووگیان بوویەوە و ڕەگەزی منداڵەکەی، کە دەیزانی دووبارە کوڕیان دەبێ، لە شازادە چارڵس شاردەوە چونکە چارڵس حەزی دەکرد منداڵی دووەمیان کچ بێت. ڕۆژی ١٥ی ئەیلوولی ١٩٨٤ شازادە ھاری وەک منداڵی دووەمیان ھاتە دوونیاوە.[٨][١٦] سەبارەت بە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی لە پلەکانەوە دایانا بە ڕۆژنامەنووس ئەندرو مۆرتنی گووت کە ئەو کات لە چوارەم مانگی دووگیانی بووە بە ولیام. چارڵس ئامادەنەبووە گوێ لە قسەکانی بگرێت و دەیوت بە درۆ دەگریت. لەو کاتەدا دایانا لە پلەکانەوە خۆی خستە خوارەوە و لەو کاتەدا شاژن ئیلیزابێس لە ژوورەکەی ھاتە دەرەوە و تۆقابوو بە بینینی ڕووداوەکە. دایانا ھۆکاری ڕووداوەکەی گەڕاندەوە بۆ پەیوەندی بەردەوامی چارڵس لەگەڵ کامیلا پارکەر.[١٧]

جیابوونەوە

دەستکاری

چارڵس و کامیلا پارکەر

دەستکاری
 
شازادە چارڵس و کامیلا پارکەر لەگەڵ پاشا کارڵی شازدە و شاژن سیلڤیای سوید لە ساڵی ٢٠١٢

ساڵی ١٩٧٠ و ٧ ساڵ پێش بینینی دایانا، شازادە چارڵس بۆ یەکەم جار کامیلا پارکەری ھاوسەری ئێستای بینی لە یارییەکی پۆلۆ و ھەر لەم کاتەوە پەیوەندیان دەستی پێکرد. دواتر لە ساڵی ١٩٧١ چارڵس پەیوەندی کرد بە سوپاوە بۆ خزمەتی سەربازی لە ھێزی دەریایی بەڵام کاتێک دوای تەواوکردنی خزمەتەکەی گەڕایەوە کامیلا ساڵی ١٩٧٣ ھاوسەرگیری کردبوو لەگەڵ ئەفسەرێکی سوپای بەریتانیا.[١٠] لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە نەبووە ھۆی کۆتایی ھێنان بە پەیوەندی نێوان چارڵس و کامیلا و پەیوەندییەکەیان دووبارە دەستی پێکردەوە تەنانەت دوای ئەوەی چارڵس ساڵی ١٩٨١ ھاوسەرگیری لەگەڵ دایانا کرد.[١٨]

جیابوونەوە

دەستکاری

ناکۆکی و پێکەوە نەگونجان و جیاوازی تەمەنیان کە ١٣ ساڵ بوو ھەر زوو دەرکەوت. چارڵس ھێشتا لە پەیوەندی سۆزداری بەردەوام بوو لەگەڵ کامیلا پارکەر و دایاناش پەیوەندی ھەبوو لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەسپسواری کە ئەرکی وتنەوەی چۆنییەتی ئەسپسواری بوو بە ئەندامانی خێزانی شاھانە. ساڵی ١٩٨٩ و لە ئاھەنگێکدا دایانا ڕووبەڕووی کامیلا پارکەر بوویەوە و پێی گووت "دەزانم چی دەگوزەرێت لەنێوان تۆ و چارڵس و تەنھا دەمەوێت بزانی کە دەزانم". کامیلا لە وەڵامدا گووتی "تۆ ھەموو ئەو شتانەت ھەیە کە ویستبێتت. ھەموو پیاوان لە جیھاندا ئاشقت دەبن و دوو منداڵی جوانیشت ھەیە. چی ترت دەوێ؟" دایاناش لە وەڵامدا گووتی "ھاوسەرەکەی خۆم دەوێتەوە" دایانا بەردەوام بوو و گووتی "داوای لێبووردن دەکەم کە لەسەر ڕێگەتانم… و لەوانەیە بارودۆخێکی زۆر ناخۆش بێت بۆ ئەو دووانەتان بەڵام من دەزانم چی دەگوزەرێت. وەک بێ مێشک سەیرم مەکە".[٨][١٩] ساڵی ١٩٩١ دایانا زانی کە ڕۆژنامەنووس ئەندرو مۆرتن خەریکە کتێبێک لەسەری دەنووسێت ھەربۆیە پەیوەندی پێوەکرد و لە ڕێگەی دەنگی ڕیکۆردکراوەوە ژمارەیەک زانیاری بۆ نارد. لە ناو کتێبەکەدا دایانا باسی لە ژیانی ناخۆشی خۆی لەناو کۆشکی شاھانەی و خۆخستنەخوارەوەی لە قادرمەوە لەکاتێکدا دووگیان بوو بە شازادە ولیام و ھەوڵدانی خۆکووشتنی و پەیوەندی نێوان چارڵس و کامیلا پارکەر. کتێبەکە لە ڕۆژی ١٦ی حوزەیرانی ١٩٩٢ بڵاوبوویەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوادا ھات و نووسەرەکەی بە درۆزن ناوھێنرا چونکە تاوەکو مردنی شازادە دایانا ئاشکرای نەکرد زانیارییەکانی کتێبەکە ڕاستەوخۆ لە دایانا خۆیەوە وەرگیراوە.[٢٠]

ماوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە و لە ڕۆژی ٩ کانوونی یەکەمی ١٩٩٢ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جۆن مەیجەر لە پەرلەمانی بەریتانیا ڕای گەیاند کە شازادە دایانا و شازادە چارڵس بە فەرمی لەیەک جیا دەبنەوە و شازادە دایانا کۆشکی شاھانەی جێھێشت بەڵام لە ڕووی یاسایییەوە ھاوسەرگیرییەکەیان بۆ ٤ ساڵی دیکە بەردەوام بوو.

ساڵی ١٩٩٤ شازادە چارڵس لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنی دانی بە ناپاکیدا نا بەڵام ناوی ئەو ژنەی نەھێنا کە پەیوەندی لەگەڵدا ھەبوو ئەگەرچی ھەمووان دەیانزانی کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کامیلا پارکەر بووە. ھەر ھەمان ساڵ لە کتێبێکدا چارڵس دانی بەوە دانا کە کامیلا پارکەر ئەو ژنە بووە کە پەیوەندی سۆزداریان ھەبووە پێکەوە.

لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٩٥ دایانا بۆ یەکەم جار بەشێوەی تاکەکەس بەژداری کرد لە گفتوگۆیەکی تەلەڤیزیۆنی ڕاشکاو لەگەڵ مارتن بەشیری BBC Panorama و کۆمەڵێک زانیاری ئاشکرا کرد کە لەلایەن ٢٢٫٨ ملیۆن کەسەوە بینرا.[٢١] لە گفتوگۆکەدا دایانا باسی لەوە کرد کە لە ھاوسەرگیرییەکەدا کامیلاش بەردەوام بەشێک بووە لە خێزانەکەیان بەھۆی پەیوەندی بەردەوامی چارڵس لەگەڵی و ھەر ئەوەش بوو بەھۆی ئەوەی ساڵی ١٩٩٢ لێک جیابنەوە. ئەمە یەکەم جار بوو دایانا بە فەرمی باسی پەیوەندی نێوان کامیلا و چارڵس بکات ئەمە لەکاتێکدا لەم کاتەدا چارڵس خۆی دانی پێدانابوو کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کامیلا پارکەر ھەیە. دایانا لە چاوپێکەوتنەکە بەڕوونی گووتی چارڵس پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کامیلا پارکەر ھەبوو بەدرێژایی ماوەی ھاوسەرگیرییەکەیان و ئەوەش بوو بەھۆی بێزاری و نەخۆشی دەروونی و کێشەی نانخواردن و ڕشانەی بەردەوام بۆ ئەو. دایانا لە چاوپێکەوتنەکەی باسی لەوە کرد کە ڕێگەی بە کەسانی نزیک لە خۆی دابێت زانیاری بدەن بە ئەندرو مۆرتن بۆ نووسینی کتێبەکەی بەڵام باسی لەوە نەکرد خۆی زانیاری دابێت بە مۆرتن. دایانا لە گفتوگۆکەدا گووتی «پێم وایە خێزانی شاھانە بەھا و نرخی خۆی لە ژیانی خەڵکیدا لەدەست دەدات» و کاتێک پێشکەشکار مارتن بەشیر لێی پرسی پێت وایە کە ڕۆژێک ببیت بە شاژن دایانا گووتی:

من ئەمەوێ ببم بە شاژنێک لە دڵی خەڵکیدا بەڵام خۆم وا نابینم ببم بە شاژنی ئەم وڵاتە. پێم وانییە زۆر کەس منیان بووێت ببم بە شاژن. لە ڕاستیدا کە دەڵێم زۆر کەس مەبەستم ئەو بنەماڵەیە کە ھاوسەرگیریم لەگەڵیان کرد چونکە پێیان وایە من ھیچ شانسێکی بوون بە شاژنم نییە. ھۆکار ئەوەیە من جیاواز کار دەکەم، چونکە من کار بە کتێبەکان ناکەم بەڵکو لە دڵمەوە سەرکردایەتی دەکەم نەک لە مێشکەوە سەرەڕای ئەوەی ئەوە کێشەی بۆ دروست کردووم لە کارکردنم و ھەستی پێ دەکەم. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کەسێک دەبێت تێکەڵی خەڵکی بێت، خۆشیانی بووێت و پێیان پیشان بدات.

ئەم چاوپێکەوتنەی دایانا لەگەڵ بی بی سی کۆتایی بە ھاوسەرگیرییەکەیان ھێنا و لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥ شاژن ئیلیزابێس داوای لە دایانا و چارڵس کرد بە زووترین کات بە فەرمی و یاسایی لێک جیابنەوە. ڕۆژی ٢٨ی ئابی ١٩٩٦ شازادە دایانا و چارڵس بە فەرمی و یاسایی لێک جیابوونەوە و شازادە دایانا بڕی ١٧ ملیۆن پاوەندی وەرگرت لەگەڵ ٤٠٠ ھەزار پاوەندی خەرجی ساڵانە بەڵام نازناوەکەی لەدەستدا وەک شازادە. بۆ خەرجی جیابوونەوەکە شاژن قەرزی دا بە شازادە چارڵس و بەپێی ڕاپۆرتەکان تاوەکو ساڵی ٢٠٠٤ چارڵس بەردەوام بوو لە دانەوەی قەرزەکە.[٢٢][٢٣]

کاری خێرخوازی

دەستکاری
 
دایانا لەکاتی سەردانێکی بۆ نەخۆشخانەیەک لە ساڵی ١٩٩٢

دوای ئەوەی دایانا دەستی بەژیان کرد لە کۆشکی شاھانە (کۆشکی بەکینگھام) بینی ژمارەیەکی زۆر یاسا ھەیە بۆ ئەندامانی خێزانی شاھانە، ھەربۆیە بڕیاری دا کە ئەو یاسایانە بە کردارەکانی بگۆڕێت و وابکات ئەندامانی خێزانەکە زیاتر تێکەڵی خەڵکی ئاسایی ببن ھەربۆیە ئەم کارەی دایانا تا ئێستاش و دوای چەندین ساڵ لە مردنی ئەوی لە دڵی خەڵکیدا ھێشتووەتەوە وەک «شازادەی دڵان».[٨] دایانا لە ماوەی ژیانیدا سەرۆکایەتی چەندین ڕێکخراوی خێرخوازی کردووە کە سەرنجیان خستبووە سەر نەخۆشانی ئایدز، قەدەغەکردنی کێڵگەی مین، وەستانەوە دژی و ھەژاری و بێلانەیی، جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی شێرپەنجە، نەخۆشی دەروونی و نەخۆشی «لێپرسی» کە نەخۆشییەکە دەمار و ماسولکەکانی لەش لەناو دەبات. جگە لەمانە دایانا گرنگی بە بەرەوپێشبردنی ھونەر و چارەسەری کێشەکانی منداڵان داوە. تەنانەت دوای جیابوونەوەش لە چارڵسی ھاوسەری شازادە دایانا ھەر بەردەوام بوو لەو کارە خێرخوازیانەی کە پێشووتر ئەنجامی دەدان. بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ھەردوو کوڕەکەی، ولیام و ھاری، لە ئازار و ناڕەحەتی و خەون و ھیواکانی خەڵکی تێ بگەن دایانا کوڕەکانی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ نەخۆشخانەکان و لانەی بێنەوایان و ھەتیوان. لەپێناو ناساندنیان بە ژیانی دەرەوەی خێزانی شاھانە، دایانا ولیام و ھاری دەبرد بۆ چێشتخانە ئاسایییەکان و گواستنەوەی ھاتوچۆی گشتی. ھەر ئەم کارانە و بەزەیی و گەرموگوری بەرامبەر خەڵکی و سادەیی و ئامادەبوونی بۆ بینینی خەڵکی ئاسایی بوو کە بۆ ھەمیشە نازناوی «شازادەی دڵان»یان بە دایانا بەخشی.[٢٤]

نەخۆشیی ئایدز

دەستکاری

لە ساڵانی ١٩٨٠یەکان نەخۆشی ئایدز دەستی بە دەرکەوتن کرد. ھەموو خەڵکی ترسابوون لە نەخۆشییەکە بەشێوەیەک دایکان و باوکان منداڵانی خۆیان جێدەھێشت بۆ وەستاندنی نەخۆسییەکە. شارەزایانی تەندروستی و بەرپرسانی وڵاتان نەیاندەتوانی باوەڕ بە خەڵکی بھێنن کە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی ھەواو و پەیوەندی ناڕاستەوخۆ ناگوێزرێتەوە و تەنھا لە ڕێگەی شلەی لەشەوە دەگوێزرێتەوە بەڵام بێسوود بوو. نەخۆشانی ئایدز جگە لە نەخۆشییەکە تووشی بارودۆخی خراپی دەروونیش بووبوون کە خەڵک بەوشێوەیە لێیان بەدوور دەبوون. ساڵی ١٩٨٧ و لەکاتی کردنەوەی یەکەم یەکەی تەندروستی تایبەت بە نەخۆشانی ئایدز لە بەریتانیا دایانا کە ئەندامێکی خێزانی شاھانەی بوو لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤیزیۆن و بەبێ لەدەستکردنی ھیچ دەستکێشێک تەوقەی لەگەڵ نەخۆشێکی ئایدز کرد و بەم کردارەی باوەڕی بە خەڵکی ھێنا کە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی بەرکەوتنی جەستەیی و ھەواوە ناگوێزرێتەوە.[٢٥][٢٦] ساڵی ١٩٨٩ دایانا یەکەم سەنتەری تەندروستی ئایدزی لە لەندەن کردەوە تایبەت بەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکەوە دەیان ناڵاند. ساڵی ١٩٩٠ کۆنفرانسێکی ڕێکخرا تایبەت بەو ژنانەی نەخۆشی ئایدزیان ھەبوو لەلایەن ڕێکخراوێک و شازادە دایانا بەژداری تێداکرد کە خۆی ئەندامی ڕێکخراوەکە بوو. دایانا چەندین جار سەردانی نەخۆشانی ئایدزی کرد لە ئەفریقا و ساڵی ١٩٩٧ چاوی کەوت بە سەرۆکی ئەفریقا نێڵسن ماندێلا کە دەیانویست ڕێکخراوەکانیان یەکبخەن بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی ئایدز. دایانا بەم کارانەی و کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان وای لە نەخۆشان کرد کە شەرم نەکەنەوە لەخۆیان و بە بەکارھێنانی ناوبانگ و میدیاکان کە ھەمیشە گرنگیان بە کار و چالاکییەکانی دایانا دەدا، ویستی خەڵکی لەسەر نەخۆشییەکە ھۆشیار بکاتەوە.[٢٤]

کێڵگەکانی مین

دەستکاری

دایانا کاری کرد دژ بە چاندنی مین و کێڵگەکانی مین و کاری کرد بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی بووبوون بە قوربانی کێڵگەکانی مین. دوای سەردانکردنی کێڵگەیەکی مین لە ئەنگۆلا دایانا دەستی بە کارکردن کرد لەگەڵ ڕێکخراوێکی تایبەت بە سڕینەوەی پاشماوەی جەنگ بە سەرنجێکی تایبەتەوە لەسەر کێڵگەکانی مین. ساڵی ٢٠١٣ شازادە ھاری کوڕی دایانا بوو بە ئەندامێک و پاڵپشتیکەری دارایی ھەمان ڕێکخراو.[٢٤] لەکاتی سەردانەکەی لە ١٩٩٧ بۆ ئەفریقا کە لەلایەن خاچی سووری بەریتانییەوە ڕێکخرابوو، دایانا بۆخۆی بەناو کێڵگەکانی میندا ڕێی کرد و چاوی بە قوربانیانی مین کەوت. دایانا دواتر وتارێکی پێشکەشکرد و پشتگیری خۆی ڕاگەیاند بۆ خاچی سووری ئەمریکی و کارکردنیان لەسەر کێڵگەکانی مین، ھەر لەوێش دایانا ئاشنا بوو بە کارەکانی ڕێکخراوی ھەیلۆ کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە وڵاتی ئەنگۆلا کاریان دەکرد بۆ سڕینەوەی مین. وێنەکانی دایانا لەکاتی ڕێکردن بەناو کێڵگەیەکی میندا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ قوربانیانی مین کە دەست و قاچیان لەدەستدابوو ھەرزوو بە میدیاکانی تەواوی جیھاندا بڵاوبوونەوە و خەڵکی چاویان کەوت بە زیانەکانی مین. دوای گەشتەکەی بۆ وڵاتی ئەنگۆلا دایانا لە نامەیەکی بۆ خاچی سووری بەریتانی گووتی "ئەگەر سەردانەکەم بووە بە ھۆکارێک بۆ سەرنجڕاکێشان تیشک خستنەسەر ئەم کێشەیە گەورەیە، ئەوە ھیوایەکی گەورەم بەدی ھاتووە". ھەر ھەمان ساڵ و دوای سەردانەکەی بۆ ئەنگۆلا و ئەفریقا، دایانا سەردانی کێڵگەکانی مینی کرد لە وڵاتی بۆسنیا کە تەنھا دوو ساڵ بوو جەنگ تێیدا کۆتایی ھاتبوو. ئەم سەردانانەی دایانا، ھەر وەک پاوڵ ھانن ئەندامی کەنەدا لە کەمپەینی قەدەغەکردنی کێڵگەکانی مین کە ھاوکات براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیشە بۆ ساڵی ١٩٩٧ دەڵێت، سەردانی بەناوبانگترین کەسی جیھان بوو لەو کاتەدا ھەربۆیەش یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ ھەنگاونان دژ بە کێڵگەکانی مین. پاوڵ دەشڵێت "بە سەردانەکەی دایانا سادەترین جۆری مرۆڤایەتی پیشانی ئەو کەسە ھەژارانە دا کە زۆرجار نایبینن و بوو بە بەئاگاھێنانەوەیەک بۆ ھەموومان". بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری تایم سەرۆکی ئەمریکا بیڵ کڵینتن و ھیلاری کلینتۆنی ھاوسەری کاریگەر بووبوون بە سەردانە دڵھەژێنەرەکەی دایانا و بینینی دیمەنەکانی قوربانیانی مین. لە ھەمان کاتدا ئەم کارانەی دایانا ناڕەزایی ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیای لێکەوتەوە و کە ھێشتا بەکارھێنانی کێڵگەی مینیان قەدەغە نەکردبوو بەڵام ھەر لە سەرەتای ھەمان ساڵ، ١٩٩٧، گفتوگۆ دەستی پێکردبوو بۆ قەدەغەکردنی کێڵگەکانی مین. لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٧ کۆنگرەی ئۆتاوا بۆ سرینەوەی مین لە سەرتاسەری جیھاندا بەستراو و پەیمانی قەدەغەکردنی مین دژ بە کەسانی سڤیل واژووکرا بەڵام لەم کاتەدا دایانا خۆی گیانی لەدەستدابوو. پاوڵ ھانن گووتی: ئێمە پلانمان دانا ڕێککەوتنەکە لێرە لە ئۆتاوا واژوو بکەین و حەزمان دەکرد دایاناش لێرە لەگەڵمان بوایە، دایانا تەنھا ماوەیەکی کەم کاری کرد بۆ قەدەغەکردنی کێڵگەکانی مین بەڵام ھەمووان دایانا دەناسنەوە بە کارکردنی لەسەر ئەم کەیسە".[٢٧]

کەمپینی ڕاستییەکی سادە

دەستکاری
 
ئارامگایەک بۆ شازازە دایانا لە پاریسی فەڕەنسا، تەممووزی ٢٠٠١. لەسەر مۆنۆمێنتەکە ژمارەیەک دەستەواژەی نووسراو دەبینرێت لە نێوانیاندا «دەرسیم، کە شارێکی باکووری کوردستانە، دایانای خۆشدەوێت»

لە ڕۆژی ١٢ ئایاری ١٩٩١ کۆنسێرتێک وەک ھاوکاری بۆ پەنابەرانی کورد سازکرا لە یاریگای وێمبڵی لە لەندەن بەناوی کەمپینی ڕاستییەکی سادە. کۆنسێرتی سەرەکی لە یاریگای وێمبڵی بوو لە لەندەن و شوێنەکانی دیکە مانچستەر و ئەمریکا و ئوسترالیا و ھۆڵەندا بوون. شازادە دایانا پاڵپشتی ئەم کۆنسێرتەی کرد و بۆ خۆشی ئامادە بوو تێیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جۆن مەیجەر و چەندین کەسایەتی دیکە و گۆرانیبێژ و بی بی سی و چەندین کەناڵی دیکە لە ٣٦ وڵاتەوە بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر کۆنسێرتەکەیان گواستەوە بۆ جیھان. دەگوترا ئەم کارەی حکوومەتی بەریتانیا بۆ ئەوە بوو کە پێگەی خۆی لای کوردان بەھێز بکات دوای ئەوەی سەدان کوردی کووشت لە بۆردوومانێکی ئاسمانی کە سەددام حوسێن ئەو کوردانەی خستبووە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. گۆرانی The Simple Truth کە کریس دی بێگ ساڵی ١٩٨٧ نووسیبووی، لەکۆتایی ئاھەنگەکە گووتی و دواتر لە چەندین تەلەڤیزیۆنی دیکە دووبارە پیشان درایەوە. بیرۆکەی ئەم کۆنسێرتە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ١٩٩١ بوو کە کوردانی باشووری کوردستان تازە ئاوارەی چیاکان بوو بوون. بیرۆکەکە ھی جەیمس ئارچەر بوو کە کوڕی جێفری ئارچەر نووسەر و سیاسەتوان بەریتانی بوو و کەناڵی بی بی سی کاری لەسەر کرد کە تێیدا ١٥ ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە بۆ خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ھاوکاری ئاوارە کوردەکانی دوای شەڕی کەنداو.[٢٨] بەرێوەبەری BBC2 پڕۆدیوسەری بەناوبانگ تۆنی ھۆڵینسوێرسی خستە ژێر پەستان و پێی گووت کە تەواوی توانای بی بی سی لەبەردەستە کە وا بکەی ئەم کۆنسێرتە ڕووبدات لە ماوەی ٣ ھەفتەدا. تۆنی ھۆڵینسوێرس کە پرۆدیوسەرێکی جیھانییە لە فەڕەنسا بوو کاتێک نامەیەکی لەژێر دەرگای ژوورەکەی دۆزییەوە کە لە ئالان یەنتبی بەرێوەبەری BBC2ەوە بوو کە تێیدا داوای کردبوو لە چێشتخانەیەک چاویان بە یەکدی بکەوێ. تۆنی ڕاستەوخۆ ڕۆشت و ئالانیش ڕاستەوخۆ دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵی:[٢٩]

ئالان: "ئەوەمان بۆ دەکەیت؟"

تۆنی: "چی؟"

ئالان: "بیستوومە تۆ ئەو کۆنسێرتەمان بۆ دەکەیت کە بۆ کوردەکانە؟"

تۆنی: «ئاگام لە ھیچ نییە.»

ئالان: «بی بی سی پێویستە کۆنسێرتێک ئامادە بکات، کە ھەتا بتوانرێت بڵاوبکرێتەوە لە تەلەڤیزیۆن کە بۆ کوردەکانە»

تۆنی: «مەبەستت چییە کە پێویستە ئەوە بکەن؟ ئەوە بێ مانایە. ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست باش دەناسین. دوای شەری یەکەمی کەنداو لەنێوان ئێران و عێراق کوردەکان کۆنترۆڵی زۆرێک لە شارە گرنگەکانی باکووری عێراقیان گرتە دەست بەڵام دواتر سەدام بە دڕندەیی ھێرشی کردنە سەر و ھەزاران ئاوارەی چیاکان بوون و لەوێش تووشی ھێرشی فرۆکەکان بوون. لەوانەیە خۆمان بخەینە بارودۆخێکەوە کە دۆخەکە بگۆڕێت (سەددام حوسێن کوردەکان بگەڕێنێتەوە) و ئێمەش تووشی شەرمەزاری بین بۆ داواکردنی ھاوکاری».

ئالان: «ھەرچۆنێک بێ ئێمە دەیکەین و لە ١٢ ئایاریش (١٩٩١) دەیکەین»

تۆنی: "ئەوە بێ مانایە. ئەوە سێ ھەفتەیە. ناتوانی شتێک لە سەرەتاوە دەستپێ بکەیت و تەنھا ٣ ھەفتە کاتت ھەبێت. دەتوانی؟

ئالان بە بزەوە: «پێویستە بیکەین. من پێویستە بیکەم کە ئەمە واتای ئەوەیە تۆ پێویستە بیکەی.»

تۆنی: «بەڵام من لەگەڵ گرووپێکی دیکە کاردەکەم بۆ کۆنسێرتێک لە ئیسپانیا. ناتوانم ھیچی دیکە بکەم.»

ئالان: «ناتوانی لێم بەریتەوە تۆنی: من داوات لێ دەکەم بیکەیت. تۆ دەیکەیت و تەواوی توانای بی بی سیت لەبەردەستە».

دوای جیابوونەوە

دەستکاری

دوای ١٥ ساڵ ھاوسەرگیری ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی شازادە دایانا و شازادە چارڵس لێک جیابوونەوە بەڵام ژیانی شازادە دایانا زۆر نەگۆڕا. دایانا مافی ئەوەی لەدەستدا کە بچێتە ناو ھەموو شوێنێکی کۆشکی شاھانەی کینزیگتن بەڵام بەشێکی گەورەی لە کۆشکەکە بەتایبەتی پێدرا بۆ ژیان تێیدا، دایانا بڕی ١٧ ملیۆن پاوەندی وەرگرت لەگەڵ ٤٠٠ ھەزار پاوەندی خەرجی ساڵانە، ھێشتا مافی بەکارھێنانی فڕۆکەکانی تایبەت بە خێزانی شاھانەی ھەبوو، ئەگەرچی ئۆفیسەکەی لە کۆشکی سانت جەیمس، کە پێشتر کۆشکی سەرەکی خێزانی شاھانەیی بوو، جێھێشت بەڵام ئۆفیسێکی دیکەی وەرگرت و مافی ئەوەی ھەبوو ئۆفیسی پێشووتریشی بەکاربێنێت جار جار بەڵام بە وەرگرتنی مۆڵەت، دایانا دوای جیابوونەوە تەواوی خشڵەکانی خۆی پێدرا بە ئەڵقەی ھاوسەرگیرییەکەشییەوە بەڵام پارچەیەک خشڵی لێوەرگیرایەوە کە شاژن ئیلیزابێس پێی دابوو. دایانا ھێشتا بانگھێشت دەکرا بۆ ئاھەنگەکان و ژمارەی کارگوزارەکانی کەمی کرد بەڵام ھێشتا ژمارەیەک کارگوزاری ھەبوو. دایانا و چارڵس ھەردووکیان مافی بەخێوکردنی ولیام و ھاریان ھەبوو کە زۆرینەی کات لە قوتابخانە بوون. منداڵەکان نیوەی ماوەی پشوویان لەگەڵ دایانا بەسەردەبرد و ئەو کاتەی لەگەڵ ئەو دەمانەوە دایانا ڕێگەی پێدەدان خواردنی ئاسایی و نا-شاھانەیی بخۆن وەک پیتزا و گۆشتی مریشک و پەتاتە.[٣٠] لەگەڵ ئەمانەشدا دایانا لە ھەموو گرنگتر نازناوەکەی لەدەستدا وەک ئەندامی خێزانی شاھانە و پێویست بوو بچەمێتەوە بۆ ئەندامانی دیکەی خێزانەکە لەناویاندا چارڵس و منداڵەکانی خۆشی، ئەگەرچی شاژن ئیلیزابێس ویستی دایانا ئەم نازناوەی لێنەسەندرێتەوە بەڵام چارڵس ڕازی نەبوو، بەپێی کارگوزاری سەرەکی دایانا شازادە ولیام کە ئەو کات تەمەنی ١٤ ساڵ بوو بەڵێنی بە دایکی دا کە ھەرکە ببێت بە پاشا ئەو مافەی بۆ بگەڕێنێتەوە بەڵام پێش ھاتنی ئەو کاتە دایانا گیانی لەدەستدا. دایانا بۆ گەشتەکانی پێویست بوو ڕەزامەندی شاژن وەربگرێت.[٣١] لە پاییزی ١٩٩٥ دایانا کەوتە خۆشەویستی لەگەڵ پزیشکێکی پاکستانی بەناوی ھسنات خان بەشێوەیەک ئامادە بوو ئینگلتەرا بەجێبھێڵێت و بچێت بۆ پاکستان بۆ ژیان لەگەڵی بەڵام دوای جیابوونەوە لە چارڵس لە ساڵی ١٩٩٦ پەیوەندی دایانا و ھسنات خان کۆتایی ھات کە زیاتر بەھۆی ئەو ناوبانگە بوو کە دایانا ھەیبوو.[٣١] سەرەتای تەممووزی ١٩٩٧ ڕۆژی ٣٦ھەم لەدایکبوونی دایانا بوو، کە شازادە ھاری و ھەندێک لە ھاوپۆلەکانی ئاھەنگێکیان بۆ گێڕا. ھەر ھەمان مانگ چارڵس ئاھەنگێکی گەورەی بۆ کامیلا پارکەر ڕێکخست کە لەم کاتەدا بە تەواوی لە پەیوەندیدا بوون. ھەمان مانگ محەممەد ئەلفایدی ملیاردێری میسری دایانای بانگھێشت کرد بۆ گەشتێکی کەنار دەریا لە سانت ترۆپیز. لەکاتی گەشتەکە دایانا کەوتە خۆشەویستی لەگەڵ دۆدی ئەلفایدی کوڕی محەممەد ئەلفاید، دۆدی ھاوکات خاڵۆزای ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی بوو.[٣٢] دایانا بۆ یەکەم جار پێش ١٠ ساڵ دۆدی بینیبوو و بۆ ماوەی مانگێک لە خۆشەویستیدا بوون، دۆدی بە ھەمان شێوەی ھسنات خان موسڵمان بوو، ھەر ئەمەش چەند دەنگۆیەکی لەسەر ئایینی دایانا دروست کرد.[٣٣]

پێکدادانی ئۆتۆمۆبیل

دەستکاری
وتاری بیڵ کڵینتنی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر گیان لەدەستدانی شازادە دایانا

لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ دایانا لە نامەیەکدا کە بە کارگوزارە سەرەکییەکەی دابوو باسی لەوە کردبوو کە شازادە چارڵس پلانی کووشتنی بۆ دادەنێت و ھەوڵدەدات لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا کۆتایی بە ژیانی (دایانا) بھێنێت.[٣٤] لە ٨ی ئابی ١٩٩٧ دایانا لە وڵاتی بۆسنیا بوو لە چوارچێوەی کارەکانی دژ بە بەکارھێنانی کێڵگەی مین. دوای جێھێشتنی بۆسنیا دایانا چوو بۆ باشووری فەرەنسا بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ دۆدی ئەلفاید بەبێ ئەوەی ولیام و ھاری لەگەڵ بێت. لەم گەشتەدا وێنەگران وێنەیەکی دایانا و دۆدیان گرت لەکاتی ماچکردندا کە بە جیھاندا بڵاوبوویەوە. لە ڕۆژی ٣٠ی ئابی ١٩٩٧ دایانا و دۆدی چوون بۆ پاریس و لە ھوتێلێکی ٥ ئەستێرە بەناوی Ritz مانەوە کە باوکی دۆدی خاوەنی بوو و پلانیان بوو خواردن بخۆن لە دوو چێشتخانە بەڵام وێنەگران دۆزینیانەوە. کاتژمێر ١٢ و ٢٠ خولەکی نیوەشەوی ٣١ی ئابی ١٩٩٧ بەکاتی پاریس دایانا و دۆدی ھوتێلی ڕیتزیان جێھێشت لە ڕێگەی دەرگای دەرەوە و چوونە مارسیدزێکەوە کە لەلایەن کارمەندێکی ھوتێلەکەوە بەناوی ھێنری پاوڵ لێدەخوڕا. ئۆتۆمۆبیلەکە لە ھوتێلەکە دوورکەوتەوە بەڵام لەکاتێکدا وێنەگران بە شوێنیانەوە بوون دوای تەنھا ٣ خولەک ئۆتۆمبێلەکە لەناو تونێلی پۆنت دی ئەلما خۆی کێشا بە ڕاگرێکی تونێلەکەدا. دۆدی و ھێنری پاوڵی شۆفێر ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا. دایانا و پاسەوانەکەی بە سەختی بریندار بوون. دایانا لە ئۆتۆمبێلەکە دەرھێنرا و بردرا بۆ نەخۆشخانە، لەکاتی بردنی بۆ نەخۆشخانە دڵی لەلێدان وەستا بەڵام دووبارە خرایەوە کار. لە نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا بەڵام لە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ٣١ی ئابی ١٩٩٧ دایانا گیانی لەدەستدا.[٣٣] ھەواڵی گیان لەدەستدانی دایانا ھەرزوو بە تەواوی جیھاندا بڵاوبوویەوە. گیان لەدەستدانی دایانا بەشێوەیەک کاریگەری لە خەڵکی جیھان کرد کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دوای چەندین ساڵ ھێشتا بیریانە لەو ساتەوەختەدا لە کوێ بوون و کاردانەوەیان چۆن بوو کاتێک ھەواڵی گیان لەدەستدانی دایانایان بیست.[٣٥]

 
ملیۆنان چەپکە گوڵ بە بەرزی یەک مەتر لەپێش کۆشکی کینزیگتن دانراوە وەک ڕێز لێنان لە شازادە دایانا دوای گیان لەدەستدانی
 
شوێنی ناشتنی شازادە دایانا کە لە ناوەراستی دوورگە بچووکەکە نێژراوە

دوای گیان لەدەستدانی ھەر لە ڕۆژی ٣١ی ئابی ١٩٩٧ تەرمی دایانا ھێنرایەوە بۆ لەندەن لەلایەن چارڵس و دوو خوشکی دایانا. دوای بردنی بۆ ماوەیەکی کەم بۆ مەیتخانەیەک تەرمی دایانا بردرا بۆ کۆشکی سانت جەیمس کە پێشتر کۆشکی سەرەکی خێزانی شاھانە بوو.[٣٦] مەراسیمەکە وەک مەراسیمی خێزانی شاھانەی بەڕێوەچوو. لە چەند ڕۆژی سەرەتای دوای مردنی دایانا ڕەخنەیەکی زۆر لە خێزانی شاھانە گیردرا بۆ شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ دایانا بۆیە سەرۆک وەزیران تۆنی بلێر داوای لە خەڵکی کرد کە زیاتر لە بارودۆخی ئەو ھەفتەیە تێبگەن و سەرۆکی ڕێکخراوی خێزانی شاھانە سەرکۆنەی میدیاکانی کرد و بە بێ ھەست و نادادپەروەر ناوی ھێنان بەرامبەر خێزانی شاھانە و ڕەخنەگرانی تاوانبار کرد بە ھەوڵدان بۆ بەکارھێنانی ڕووداوەکە بۆ لەکەدارکردنی خێزانی شاھانە. سەدان ھەزار بەریتانی ڕێزی خۆیان پێشکەش بە دایانا کرد و دوای چەندین ڕۆژ بێ دەنگی و لەژێر فشاری خەڵکی بەریتانیا ڕۆژی ٥ی ئەیلوول شاژن ئیلیزابێس و ئەندامانی خێزانی شاھانە چوونە کڵێسایەک بۆ پیشاندانی ڕێزی خۆیان و شاژن بڕیاری دا بۆ یەکەم جار ئاڵای بەریتانیا لەسەر کۆشکی شاھانەی بەکینگھام بۆ نیوە دابگیردرێت و ھەر بۆ یەکەم جار و پێچەوانەی یاساکانی خێزانی شاھانە لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤیزیۆن شاژن وتارێکی پێشکەشکرد. ھەر ڕۆژی ھەینی شاژن و شازادە چارڵس و ولیام و ھاری کە ھیچ کامیان لە لەندەن نەبوون گەڕانەوە لەندەن. ڕۆژی شەممە ٦ی ئەیلوولی ١٩٩٧ لە کاتژمێر ٩:٠٨ خولەکی بەیانی بەکاتی لەندەن زەنگی وێستمینستەر ئابێ لێدرا و مەراسیمی ناشتنی دایانا دەستی پێکرد. دوای ٥ ڕۆژ مانەوەی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانی شاھانە و نوێنەری ٥٠٠ ڕێکخراوی خێرخوازی کە دایانا کاری لەگەڵ کردبوون و زیاتر لە یەک ملیۆن خەڵکی ئاسایی تەرمی دایانا لە کۆشکی سانت جەیمسەوە بردرا بۆ کۆشکی کینزیگتن کە شوێنی ژیانی خۆی بوو و لەوێ شاژن ئیلیزابێس چەمایەوە بۆ دایانا.[٣٧][٣٨] لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ مەراسیمی فەرمی دەستیپێکرد و مەراسیمەکە بەشێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ گواسترایەوە بۆ جیھان و زیاتر لە ٣٢ ملیۆن کەس لە بەریتانیا و ٢ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن کەس لە کۆی کەمتر لە ٦ ملیارد دانیشتووانی ئەو کات لە جیھاندا بینەری بوون کە تا ئێستاش یەکێک لە پڕبینەرترین پەخشە ڕاستەوخۆکانی تەلەڤیزیۆنە لە مێژوودا.[٣٩] وێنەی شازدە ولیامی تەمەن ١٥ ساڵان و شازادە ھاری تەمەن ١٢ ساڵان کە بەدوای تەرمی دایکیاندا ڕێیان دەکرد بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەکان.[٣٥] ھەر لە مەراسیمەکە گۆرانیبێژی بەناوبانگ و ھاوڕێی نزیکی دایانا، ئێڵتن جۆن گۆرانییەکی خۆی کە پێشتر بۆ مێرلن مۆنرۆ گووتبووی دووبارە نووسییەوە و لەو ڕۆژەدا گووتییەوە، دواتر گۆرانییەکە بڵاوکرایەوە بە فرۆشتنی ٣٣ ملیۆن کۆپی لە جیھاندا تا ئێستا لە لیستی سەرەوەی پڕفرۆشترین گۆرانییەکانە لە مێژوودا، گۆرانییەکە تەنھا لە ماوەی ٢ ھەفتەدا زیاتر لە ٢ ملیۆن کۆپی لە بەریتانیا لێ فرۆشرا کە ھۆکارەکەی ئەوەبوو گۆرانییەکە بۆ دایانا بوو.[٤٠] دوای کۆتایی مەراسیمەکە دایانا لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە ئالسۆرپ پارک نێژرا لەگەڵ ژمارەیەک لە ملوانکە کە وەک دیاری دایکە تیرێسا پێی دابوو کە ئەویش ٦ ڕۆژ دوای گیان لەدەستدانی دایانا کۆچی دوایی کرد، ھاوکات وێنەیەکی شازادە ولیام و شازادە ھاریش لەناو دەستەکانی دایانا دانرا کە ھەموو کات پێی بوو و لەکاتی ڕووداوەکەش لە جانتاکەی دۆزرایەوە. لە نزیکی شوێنی ناشتنەکەی باخچەیەک ھەیە کە ئەو درەختانە لەخۆدەگرێت کە شازادە دایانا خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی و شازادە ولیام و شازادە ھاری ناشتبوویانن.[٤١]

دەنگۆکانی کوشتنی دایانا

دەستکاری
 
ژمارەیەک وێنەی شازادە دایانا دانراوە لەسەر مۆنۆمێنتەکەی لە پاریسی فەڕەنسا، ساڵی ٢٠١٧

دوای ڕووداوەکە محەممەد ئەلفایدی باوکی دۆدی و ژمارەیەک کەسایەتی و ڕۆژنامە باوەڕیان بە حکوومەتی فەڕەنسا نەھێنا و پێیان وابوو دایانا لەلایەن دەزگای ھەواڵگریی بەریتانیا و لەسەر داوای خێزانی شاھانە و بە سەرپەرشتی شازادە فلیپی ھاوسەری شاژن ئیلیزابێس کوژرا. ھۆکاری کوشتنی دایانا دەگەڕێندرایەوە بۆ ئەوەی کە پلانی ھەبوو لەگەڵ دۆدی ھاوسەرگیری بکات کە ئەمەش وا دەکات لە ئەگەری دووگیان بوونی دایانا بە دۆدی چارڵس وەک پاشای داھاتووی بەریتانیا ببایە بە زڕباوکی منداڵێکی موسڵمان، ئەمە لەکاتێکدا ھەر پێش گیان لەدەستدانی ھەواڵی دووگیانی دایانا بە منداڵی دۆدییەوە بڵاوکرابوویەوە. بەڵگەکان بۆ کوژرانی دایانا جیاوازن، لەناو بەڵگەکان نامەیەک ھەیە کە ساڵی ٢٠٠٣ سکرتێری دایانا پاوڵ بەتلەر بڵاوی کردەوە کە دایانا خۆی نووسیبووی و تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو کە چارڵسی ھاوسەری پێشووی ھەوڵی کووشتنی دەدات لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا بۆ ئەوەی بتوانێت دووبارە ھاوسەرگیری بکاتەوە.[٤٢]

نازناوەکان

دەستکاری
  • شازادەی خەڵکی یان شازادەی دڵان (دایانا بەشێوەیەکی بەرفراوان و جیھانی بەم نازناوە بەناوبانگە بەھۆی ژمارەیەکی زۆری کاری خێرخوازی لە جیھاندا)[٤٣][٤٤][٤٥][٤٦][٤٧][٤٨][٤٩][٥٠]
  • بەناوبانگترین ژنی جیھان[٥١][٥٢][٥٣]
  • ژنی ساڵ (گۆڤاری تایم-١٩٨٧)[٥٤]
  • ئەو کەسەی زۆرترین وێنەی گیردراوە لە جیھاندا[٥٥][٣][٥٦][٥٧]
  • خۆشەویسترین ئەندامی خێزانی شاھانەی بەریتانیا[٥٨]

پێشانگا

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Princess Diana Biography(1961–1997)». Biography.com.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  2. ^ Princess Diana – The Royal Wedding Full Video (بە ئینگلیزی)، لە 2021-11-30 ھێنراوە
  3. ^ ئ ا «Princess Diana's prediction about life as 'world's most photographed woman' exposed». express.co.uk.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  4. ^ «Princess Diana Fast Facts». CNN.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  5. ^ Almond، Peter (٢٧ی ئابی ٢٠٠٢). «Poll queries British sense of history». United Press International. Washington, D.C. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٢ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٢ ھێنراوە.
  6. ^ «Churchill voted greatest Briton» (بە ئینگلیزیی بریتانیایی). 24 November 2002. لە 8 November 2019 ھێنراوە. {{cite news}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date= و |date= (یارمەتی)
  7. ^ «BBC – Great Britons – Top 100». Internet Archive. لە ڕەسەنەکە لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی نیسانی ٢٠١٣ ھێنراوە.
  8. ^ ئ ا ب پ ت «Diana, princess of Wales». Britannica.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  9. ^ ئ ا «Diana, princess of Wales». Kids.Britannica.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  10. ^ ئ ا ب پ «Prince Charles and Princess Diana's Tumultuous Relationship In Photos». Marieclaire.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  11. ^ «10 Facts You Probably Never Knew About Princess Diana». RD.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  12. ^ «On this day:1981: Charles and Diana marry». BBC. 29 July 1981. لە 30 April 2011 ھێنراوە. {{cite news}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= و |date= (یارمەتی)
  13. ^ Denney، Colleen (April 2005). Representing Diana, Princess of Wales: cultural memory and fairy tales revisited. Fairleigh Dickinson Univ Press. p. 57. ISBN 978-0-8386-4023-4. لە 30 April 2011 ھێنراوە. {{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= (یارمەتی)
  14. ^ «9 Secrets About Princess Diana No One Knew About Until After Her Death». RD.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  15. ^ «Diana's pregnancy: What can the Duchess of Cambridge expect?». ITV.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  16. ^ «Princess Diana kept Prince Harry's gender a secret when she was pregnant as Prince Charles 'wanted a girl', says author». The-Sun.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  17. ^ «Princess Diana 'threw herself down the stairs while pregnant'». Independent.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  18. ^ «A Look Back at Prince Charles and Camilla's Relationship Through the Years». Marieclaire.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  19. ^ «Diana tells of Camilla encounter». BBC.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  20. ^ «ROYAL REWIND: DIANA, PRINCESS OF WALES AND 'HER TRUE STORY'». Thecrownchronicles.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  21. ^ «The true story behind Princess Diana's explosive BBC interview». Honey.nine.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  22. ^ «Princess Diana divorce: Duchess took a whopping £31 million from Prince Charles». Geo.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  23. ^ «Timeline: Diana, Princess of Wales». BBC.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  24. ^ ئ ا ب «Princess Diana Charity Work». Historic-newspapers.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  25. ^ «How Princess Diana changed attitudes to Aids». BBC.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  26. ^ «This one photo shows exactly what made Princess Diana a royal icon». Insider.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  27. ^ «Prince Harry Is Honoring His Mother's Work in Angola. Here's What to Know About Princess Diana's Landmines Walk». Time.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  28. ^ «The Simple Truth: A Concert for Kurdish Refugees (1991 TV Special)». IMDb.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  29. ^ «The Simple Truth: A Concert for Kurdish Refugees». Tonyhollingsworth.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  30. ^ «10 Things Princess Diana Got to Keep After Her Divorce». RD. لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە.
  31. ^ ئ ا «9 Things Princess Diana Lost After Her Divorce from Prince Charles». RD.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  32. ^ Heimbrod، Camille (٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨). «Princess Diana's 'Secret' Connection To Missing Saudi Journalist Jamal Khashoggi Revealed». International Business Times.
  33. ^ ئ ا «How Princess Diana Really Spent the Final Weeks of Her Life». RD.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  34. ^ «Princess Diana letter claims Prince Charles was 'planning an accident' in her car just 10 months before fatal crash». The Independent. ٣٠ی ئابی ٢٠١٨.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  35. ^ ئ ا «Where Were You the Day Princess Diana Died?». Vocal.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  36. ^ «Prince Charles Arrives in Paris to Take Diana's Body Home». The New York Times.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  37. ^ «Diana's Coffin Moved Amid Emotional Scenes». BBC.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  38. ^ «QUEEN ORDERS FLAG AT HALF-STAFF AT PALACE». Washingtonpost.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  39. ^ «Princess Diana's death: How the People's Princess's funeral really captivated the world in a way like no other, twenty years on from her untimely passing». OK.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  40. ^ «Elton John's 'Candle' Diana tribute remains best-selling chart single even 20 years later». Marketwatch.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  41. ^ «Diana Returns Home». BBC.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  42. ^ «Princess Diana conspiracy theories: Eight reasons people believe the crash in Paris wasn't all it seems». The Independent. ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  43. ^ «How Diana became known as 'the people's princess'». CNN. ٣١ی ئابی ٢٠٢٠.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  44. ^ «The People's Princess». BBC.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  45. ^ «Diana: The people's princess». Historicroyalpalaces. لە ڕەسەنەکە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە.
  46. ^ «Diana: A Tribute to the People's Princess». IMDb.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  47. ^ «The Murder of Princess Diana: The Truth Behind the Assassination of the People's Princess». Amazon.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  48. ^ «Diana: The People's Princess». IMDb.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  49. ^ «Why Was Princess Diana Called 'The People's Princess?'». Cheatsheet.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  50. ^ «Diana: The People's Princess». Goodreads.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  51. ^ «Princess Diana's iconic minefield walk». BBC. ١١ی ئازاری ٢٠١٨.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  52. ^ «The making of an icon». BBC.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  53. ^ «The Princess and the Paparazzi: How Diana's Death Changed the British Media». Time. ٢٧ی AUGUSTی ٢٠١٧. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوت= (یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  54. ^ «100 Women Of The Year». Time.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  55. ^ «How Princess Diana Dealt With Being the Most Photographed Person in the World». Cheatsheet. ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٩.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  56. ^ «Farewell, Diana The world's most photographed woman has passed into legend. But not before giving us a tantalizing glimpse of the person she might have become». baltimoresun.com. لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە.
  57. ^ «Why even Princess Diana (the most photographed woman of her time) was rarely in family photos». abc30.com.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  58. ^ «Princess Diana remains UK's most beloved royal». CBS News. ٢٠ی AUGUSTی ٢٠١٢. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوت= (یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری