وینستۆن چێرچیل
وینستۆن لیونارد سپێنسر چێرچیل،[١] (لەدایکبووی ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٨٧٤ - مردن ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥) ڕامیاریزان و دەسەڵاتدارێکی بەڕیتانی بوو کە بەھۆی ڕێبەرایەتی بەڕیتانیا لە درێژەی شەڕی جیھانی دووەمدا ناسراوە، ھەروا لەدونیادا بە گشتی وەک یەکێک لە ناودارترین ڕابەرەکانی سەردەمانی شەڕ ناسراوە. وەک سەرۆک وەزیران دووجار خزمەتی وڵاتی کردووە لە نێوان ١٩٤٠ تاکوو ١٩٤٥ و دواتر لە ١٩٥١ تاکوو ١٩٥٥.[٢][٣] چێرچیل ھەروەھا ئەفسەری ئەرتەشی بەڕیتانیا، مێژووزان، نووسەر و ھونەرمەند بووە. تا ئەمڕۆ تەنھا سەرۆک وەزیرێکی بەڕیتانیا بووە کە خەڵاتی نۆبێلی وێژەی وەرگرتووە و یەکەم کەسە کە ھاووڵاتی شانازیی ئەمەریکای وەرگرتووە.
وینستۆن لیونارد سپێنسر چێرچیل | |
---|---|
![]() | |
لەدایکبوون | ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٨٧٤ |
مەرگ | ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥ |
نیشتەجێی | بەڕیتانیا |
لە کاتی خزمەتی لە سوپای بەڕیتانیادا، دەوری ھەبووە لە ھیندستان، سوودان و «شەڕی دووەمی بوئێر». وەک ھەواڵنێرێکی کاتی شەر لە ڕێگەی نووسینی کتێبێک ھاوکات لەگەڵ شەڕەکاندا، بە ناوداری گەیشت. ھەروەھا لە شەڕی جیھانی یەکەمدا بە کورتی لە سوپای بەڕیتانیادا لە شەڕگەی ڕۆژاوادا فەرماندەی گوردانی شەشەمی چەکدارەکانی ئەرتەشی سەڵتەنەتی سکۆتلاند بوو.
چێرچیل بۆ ماوەی پەنجاساڵ لە ڕیزی پێشەوەی کاروباری ڕامیاریی بەڕیتانیا بووە و بەچەن جار خاوەنی ڕۆڵی گرینگ وەک ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران بووە. پێش شەڕی یەکەمی جیھانی سەرۆکی وەزارەتی ئابووری و بازرگانی، وەزیری ناوخۆ و وەک کەسی یەکەمی ھێزە دەریاییەکانی دەوڵەتی لیبەڕاڵ خزمەتی کردووە. لە کاتی شەڕدا تا «ڕووداوی گالیپۆلی» وەک کەسی یەکەمی ھێزە دەریاییەکان ماوە و دوای ئەوە لە دەوڵەت ڕۆشتە دەرەوە. وەک وەزیری تەقەمەنی گەڕایەوە بۆ ناو دەوڵەت و پۆستی وەزیری کاروباری دەرەوە بەشی شەڕ و ئاسمانی وەرگرت. لە ماوی دوو شەڕی جیھانیدا وەک بەڕێوبەری خەزێنەی دەوڵەتی خۆڕاگر خزمەتی کرد.
دوای دەستپێکردنی شەڕی جیھانی دووەم، دیسانەوە بووەوە بە یەکەم کەسی ھێزی دەریایی، بەڵام دوای دەست لەکارکێشانەوەی نۆڤیل چەمبرلین لە ١٠ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ بوو بە سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا و وڵاتەکەی بۆ سەرکەوتن بەسەر تەوەرەی ھێزدا ڕابەرایەتی کرد. وتەکانی چێرچیل ھەمووکات سەرەنجی ھەموانی ڕادەکێشا بۆیە بوو بە ئیلھامدەری جەماور و ھەروا وڵاتانی ھاوپەیمان.
دوای ئەوە حیزبی خۆڕاگر ھەڵبژاردنەکانی ١٩٤٥ی لەکیسچوو، بوو بە ڕابەری ڕەخنەگرانی دەوڵەت. لە ١٩٥١ دیسانەوە بوو بە سەرۆک وەزیران پێش ئەوەی لە ١٩٥٥ بۆ ھەمیشە دەست لەکار بکێشێت. دوای مردنی، شاژنی بەڕیتانیا میداڵی شانازی وڵاتی پێداو یەکێ لە گەورەترین ڕێوڕەسمەکان بۆ ناشتنی جێبەجێ کرا.[٢]
سەرچاوەکاندەستکاری
- ^ Price, Bill (2009). Winston Churchill: War Leader. Harpenden: No Exit Press. p. 12. ISBN 978-18-42433-22-5. Churchill's father dropped the hyphen from the name Spencer-Churchill.
- ^ ئ ا "Winston Churchill | Biography, World War II, Quotes, Books, & Facts". Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-05-01.
- ^ Jenkins, Roy (2002). Churchill : a biography. New York: Plume. ISBN 0-452-28352-3. OCLC 51014148.