ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢١/کانوونی دووەم

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران (بە ئینگلیزی :Organization of Iranian Kurdistan Struggle، بە فارسی؛ سازمان خبات کردستان ایران) ھێزێکی سیاسی و سەربازی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ کۆچی خۆری بەرامبەر بە ٢٧ی ئابی ١٩٨٠ لەلایەن مامۆستا شێخ جەلال حوسێنی بەھاوکاری چەند مامۆستایەکی ئایینی دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند لەسەر فکری ئایینی و نەتەوەیی، لە سەرەتادا تا ساڵی ٢٠٠٤ لەژێر ناوی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران (خەبات) کار و تێکۆشانی دەکرد. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆنگرەی سێ کە لە شارۆچکەی تۆبزاوە(ڕزگاری) سەر بە شاری ھەولێر بەسترا ناوەکەی بووە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕەوت و کارەکانی ئەم ڕێکخراوە دەستی پێکرد. ساڵی ١٩٨٠ یەکەم کۆنگرەی سازمان لە قەڵای خەبات لە بلەکی بەسترا لەو کۆنگرەیەدا جگە لە پەسەندکردنی پەیڕەو و پڕۆگرام و ھەڵبژاردنی سکرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی بڕیاری لەسەر ستراتیژی و ڕێبازی ئەم ڕێکخراوە درا کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی و نەتەوەیی بێت ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ھەڵگری پەیامێکی جیاوازتربێت لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستانی ئێران بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئێران. ھەروەھا یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی خۆیان پەسند کرد ئەویش ڕەتکردنەوەی ھەرجۆرە وتوێژ و دانوستانێک لەگەڵ کاربەدەستان و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران. دوای دامەزراندن دەستکرا بە کاری ڕیکخستن و دانانی بنکە و بارەگای لە ناوچەکانی کوردستان ھەروەھا ھێزی پێشمەرگەی تایبەتی خۆی دامەزراند ھەرچەندە بەر لە دامەزراندنی سازمانی خەبات لەژێر ناوی ھێزی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین شەڕیان لە دژی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرد بەڵام دوای دامەزراندی سازمان لەژێر ئەم ناوە خەبات و تێکۆشانیان دژی کۆماری ئیسلامی درێژە پێدا ئەمەش بەھۆی ئەوەی بەشێک لە فەرماندە و کەسایەتییەکانی دەفتەری مامۆستا لە دامەزراندنی سازمانی خەبات ڕۆلیان ھەبوو. پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستپێکرد سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کەوتەوە دەست، سازمانی خەبات ناچار بوو بنکە و بارەگاکانی خۆیان لە کوردستان بکشێنەوە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان. ئەمەش وای کرد چالاکیەکانی ئەم ڕێکخراوە زیاتر کەمتربێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٧ سازمانی خەبات بەھۆی کێشە و ململانێی ناوخۆی بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتی ئەم سازمانە بە ڕابەرایەتی مامۆستا مەلا خدر عەباسی جیادەبنەوە و پاشان ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان دادەمەزرێنن، ئەمەش زیاتر بووە ھۆی بێ ھێز بوونی. لە ساڵی ١٩٨٤ بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی کار و چاڵاکی و ئامانجەکانیان ڕۆژنامەی تێکۆشانیان دەرکرد و لە ساڵی ١٩٨٥ ڕادوێی دەنگی خەباتیان دامەزراند کە تا ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو لە پەخشکردن. لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم سازمانەدا ھاتووە کە سازمانی خەبات تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتی و پەرلەمانی لە کوردستان ھەروەھا مافی دیاریکردنی چارەنووسی بۆ کوردستان پێ پەسەندە و ھەوڵ بۆ بەدەست ھێنانی مافی خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران دەدات. درووشمی ڕووخانی ڕژیم یەکێک لە درووشمە سەرەکی و نەگۆڕەکانی سازمانی خەبات.
خوێندنەوەی زیاتر...