مەلا خدر عەباسی (١٩٣٤ - ١٩٩٧) ڕێبەر و دامەزرێنەری رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.

ژیاننامە دەستکاری

لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩٣٤ (خەزەڵوەری ١٣١٣ ک. ھ) لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە گوندی (سیسێر) ی ناوچەی گەورکی سەردەشت ھاتۆتە دنیاوە. سەرەڕای دەست کورتی بنەماڵەکەشیان و لە کاتێکدا ھێشتا تەمەنی لە ٥ ساڵ تێ پەڕی نەکردبوو، باوکی لە مزگەوتی دێ لەلای مامۆستای گوند نایەبەر خوێندن. ئەو زۆر زوو قۆناغەکانی فەقێ یەتی بڕین و پلە بە پلە رادەی زانست و ئاستی تێگەیشتنی دەچووە سەر. بۆ زیاتر کۆکردنەوە زانستەکان زۆر لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق گەڕاوەو وەک پیشەی فەقێ یەتی و باوی مەلایەتی ھەمیشە بەدوای مامۆستا ناسراو و زانا گەورەکانی کوردستاندا گەڕاوە تا لە خزمەت ئەواندا درێژە بە خوێندن بدا. ھەر بۆ ئەو مەبەستە ساڵی ١٣٣٤(١٩٥٥) دەچێتە خزمەت زانای ناودار مامۆستا مەلا محمد بۆکانی (مەلا محمد رەئیس) کە لە گوندی (گەڵاڵە) ی شینکایەتی کوردستانی عێراق مامۆستا بوو. لەوێ دوایین دەرسەکانی فەقێ یەتی دەخوێنێ و پایزی ١٣٣٥(١٩٥٦) لەوێ ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ، پاشان دەگەڕێتەوە ناوچەی سەردەشت و ماڵ پێکەوە دەنێ و لە گوندی (سارتکێ)ی ناوچەی گەورک دەبێتە مامۆستا و فەقێ ی لە دەور کۆدەبنەوەو دەست بە دەرس وتنەوە دەکا.

لە مزگەوت و حوجرە و منارەکانەوە جەماوەر بە گشتی و فەقێ و قوتابییەکانی بەتایبەتی لە زوڵم و زۆریی ڕژیمی شایەتی وریا دەکردەوە بەجۆرێک کە بە یەکێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکانی کوردستان، لە پەیوەندی لەگەڵ دژایەتی کردنی رژیمی شا و ڕوون کردنەوەی راستییەکان بۆ خەڵک دا، ناسرابوو. زۆری پێ نەچوو لە ١٠ ی خەزەڵوەری ١٣٣٨ (١٩٥٩) دا بە تاوانی دژایەتی کردنی رژیم و ھاندان و ئامادەکردنی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی نیشاندان لە دژی دەسەڵاتی شا، لەلایەن ساواک (دەزگای ئەمنییەتی رژیمی شا) ەوە گیرا و رەوانەی زیندانە بەسام و ترسناکەکانی قزل قەلعە و قەسری قاجار لە تاران کرا. پاش چەند مانگ مامۆستا خدر حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا درا بەڵام روودانی چەند گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا و لە ھەموان گرنگتر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە کوردستانی عێڕاق دا وایان کرد رژیمی شا چاو بەسەر حوکمی گیراوە سیاسیەکاندا بگێڕێتەوەو لە ئەنجامدا ڕۆژی ٢٣ ی خاکەلێوەی ١٣٤١ (١٢/٤/١٩٦٢) مامۆستا لە گرتووخانە ئازادکرا. لە ڕاپەڕینی ساڵانی ٤٦-٤٧ دا کە تێیدا پۆلێک ڕۆڵەی کورد ئاڵای دژایەتی رژیمی شایان ھەڵکرد مەلاخدر لە ڕێنوێنی کردن و پارێزگاری کردنی ئەو لاوانەلاری نەکرد بەتایبەتی کە ژمارەیەکی بەرچاویان خەڵکی ئەو ناوچە و دەورووبەرەبوون کە مامۆستای لێ بوو. ھاوینی ١٣٤٧ (١٩٦٨) رژیم پەلاماری گرتنی نەیارانی خۆی دەست پێکردەوە و لەو نێوەشدا مەلاخدر لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانە بوو کە رژیم بە نیازی گرتنیان بوو، بۆیە مامۆستا لە دەرفەت کەڵکی وەرگرت و خۆی گەیاندە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلوول و لە گوندی (بۆسکێن) ی ناوچەی پشدەر بوو بە مامۆستا. لە زستانی ھەمان ساڵدا و کاتێک کەش و ھەوای سیاسی ئێران کەمێک لەبار بۆوە گەڕایەوە گوندی سارتکێ و سەرلەنوێ لە کاری پێشووی تێ ھەڵچۆوە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕش و رووخانی رژیمی "شا" ش لە راپەڕینی ئێران ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩) مامۆستا وەک سەرکردەیەکی کورد و نوێنەری ناوچەی سەردەشت لە چەندین کۆبوونەوەی وتووێژ لەگەڵ رژیمی تازەدا ئامادە بوو. لە یەکەم کۆبونەوەی نوێنەرانی کورد لە مەھاباد و لە کۆبونەوەی رێبەرانی ئایینی خەڵکی کوردستان بۆ داڕشتنی بەیاننامەی سێ ماددەیی لە شاری سەقز و ھەروەھا لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای شەڕی سێ مانگەدا مامۆستا چالاکانە بەشداربوو. سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی موسڵمانی ئێران و دامەزرانی حکومەتێکی ئیسلامی کە لە ژێر سایەی دا گەلی موسڵمانی کوردیش بە ھەموو مافە رەواکانی خۆی بگا لە ئاواتەکانی مامۆستا خدر بوون.

دوای داسەپاندنی شەڕ لە لایەن رژیمی تازەوە مامۆستا بۆ ماوەیەک لە دەفتەری شێخ عزەددین حسەینی دا کاری کرد بەڵام کاتێک بۆی روون بۆوە کە ویستەکانی ئەو و رێبازی (شێخ) بە یەک ناخۆن لە گەڵ پۆلێک مامۆستا و زانای تر وەلایان ناو پاش لێکدانەوەیەکی ورد و ھەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و ھەمەلایەن لە٥ ی خەرمانانی ١٣٥٩ (٢٧/٨/١٩٨٠) دا رێکخراوێکی سیاسی کوردیان بەناوی رێکخراوی خەبات ی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران " خەبات " کە خاوەنی بەرنامە و چارەسەری ئیسلامیی بۆ کێشەی کورد بوو دامەزراند. لە ٣ ی جۆزەردانی ١٣٦٦ (٢٤/٥/١٩٨٧) و دوای وەلانانی کۆمەڵێک لە ریزەکانی رێکخراوی خەبات، مامۆستا مەلا خدر کرا بە بەرپرسی یەکەمی رێکخراوی خەبات، ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.

مامۆستا خدر نووسەر و شاعیرێک بوو کە سەدان وتار و زنجیرە وتاری گەورە و گچکە و لێکۆڵینەوە و ھۆنراوەی نووسیوە و لە رادێو و بڵاوکراوەکانی رێکخراوی خەبات، ی شۆڕشگێڕ وەک گۆڤارەکانی "تێکۆشان" و "بێستان" و زۆر جێگەی تردا بڵاو کردۆتەوە. سەرەتای ساڵی ١٣٧٥ (١٩٩٦ ز) نیشانەکانی نەخۆشییەکی کوشندە لە جەستەی مامۆستادا سەریان ھەڵدا. سەرەتای بەھاری ١٣٧٦ (١٩٩٧) بۆ ڕاپەڕاندنی ھەندێک کاروباری سیاسی و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی سەردانی ئەوروپای کرد و پاش چەند مانگێک بەرەو کوردستان گەڕایەوە، لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بوو کە ھەواڵی شەھیدکرانی کوڕێکی بە ناوی خالید عەباسی ڕۆژی ١٦/٣/١٣٧٦ (٦/٦/١٩٩٧) بەدەستی رژیمی ئێران لە شاری سلێمانی، پێ گەیشت. کۆتایی ھاوینی ھەمان ساڵ بە مەبەستی چارەسەرکردن سەفەرێکی تری ئوروپای کرد. سەرەنجام ڕۆژی ١٣/٩/١٣٧٦ (٤/١١/١٩٩٧) لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد چەند ڕۆژ دواترلە رێوڕەسمێکدا لە گۆڕستانی ئەو شارە بەخاک سپێردرا.

سەرچاوەکان دەستکاری