قەزای شارباژێڕ

قەزای شارباژێر یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی چوارتایە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ٢٣،٥٤٨ نەفەر.[٣]

قەزای شارباژێڕ
بە عەرەبی: قضاء شھربازار
بە ئینگلیزی: Sharbazher District
نەخشەی قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانیدا.jpg
نەخشەی کارگێڕی قەزای شارباژێڕ.jpg
نەخشەی سەرەوە:
نەخشەی قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانیدا
(سوور)
نەخشەی خوارەوە:
نەخشەی کارگێڕی قەزای شارباژێڕ
قەزای دەربەندیخان
پۆتانەکان: 35°42′N 45°36′E / 35.7°N 45.6°E / 35.7; 45.6پۆتانەکان: 35°42′N 45°36′E / 35.7°N 45.6°E / 35.7; 45.6
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
مەڵبەندچوارتا
ژمارەی ناحیەکان٥
ژمارەی گوندەکان٢٠٣
بوون بە قەزا١٨٥٦
دەسەڵات
 • قایمقامعەدنان کاکەڕەش
ڕووبەر
 • قەزا١٢١١ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٤٦٨ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
١١٩١ مەتر (٣٬٩٠٧ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٢١٠٥ مەتر (٦٬٩٠٦ پێ)
نزمترین بەرزایی
٧٨٦ مەتر (٢٬٥٧٩ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا٢٣،٥٤٨
 • شاری
٧٨٢٣
 • لادێیی
١٥٧٧٨
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عوسمانی پێمان دەڵێن کە بنکەی قەزای شارباژێڕ سەرەتا لە شیوەکەڵ بووە، وەدواتر بە پێی بەڵگەکان کە بنکەی قەزای شارباژێر لەم کاتەدا لە سیتەک بووە و ئەمە جگە لەوەی پێشنیاری گوندی کەناروێ وەک ناوەندی قەزاکە لە تەلەگرافنامەکانی عوسمانیدا گفتوگۆ کراوە، بەڵام بە ھاتنی ئینگلیزەکان و کاتێک (ئەدمۆنز) فەرمانڕەوای لیوای سلێمانی بووە، ناوەندی قەزای بۆ چوارتا گواستووەتەوە. لە سەردەمی عوسمانیدا دیاریکردنی سیتەک وەک بنکەی قەزاکە لەبەر چەند ھۆکارێک بووە، یەکەمیان نزیکی لە سلێمانی و دووری لە سنووری قەڵەمڕەوی شای ئێرانەوە، بۆ ئەوەی ھەر ھێرش و پەلامارێک بوو لە سنوور دووربێت، ھەروەھا بە ئاسانی یارمەتی و پاڵپشتی لە سلێمانییەوە پێبگات. ئەمە جگە لەوەی سیتەک بە دەربەندەکانی ئەزمڕ و گۆیژە و دۆڵەکانی سنووری بەرزنجە و ناحیەی سرۆچک و قەڵاچوالان و سەرە ڕێگەی کاروانە بازرگانییەکانی نێوان بانە و سلێمانییەوە بەسترابووەوە. ھەروەھا دیاری کردنی چوارتا بۆ ناوەندی قەزا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، (ئەدمۆنز) وەک حاکمی ئینگلیز لە سلێمانی بێزاربووبوو لە ھەڵسوکەوتی قایمقام و ئەو فەرمانبەرانەی قەزای شارباژێڕ کە لەگەڵ تەواوبوونی دەوام لە سیتەک نەدەحەوانەوە و دەھاتنەوە سلێمانی، لەبەرئەوە بیر لەوەکرایەوە کە شوێنێکی دوورتر لە سلێمانی و شوێنێکی گونجاو دیاریبکرێت، ئەدمۆنز گەشتێکی بەیاوەری قایمقامەکانی سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید و سەردەمی دواتردا بە شاربژێڕدا کرد، دواجار چوارتا دیاریکرا وەک شوێنێک بۆ ئەوەی ناوەندی قەزاکەی بۆ بگوازرێتەوە. ئەوانەی لە سیتەک بوون بەم بڕیارە دڵتەنگ بوون، و بە ئەدمۆنزیان ئەوت چوارتا ئاوەکەی کانزاییە و بۆ گەدە خراپە، بەڵام ئەدمۆنز بڕیاری خۆیداو قامقامی نوێ لە ناوەندی چوارتا دەستبەکاربوو و تا ئەمڕۆش ھەر چوارتا ناوەندی قەزای شارباژێڕە. [٤]

شارباژێڕ ناوچەیەکە یان ڕووبەرێکە دەکەوێتە باکوور و ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی، کە لە ڕووبەر و گوندەکانی قەزای شارباژێڕ و ناحیەی سرۆچک و قەزای ماوەت و ھەندێک لە گوندەکانی ناحیەی ناڵپارێز پێکھاتبووە، لە سەر زمانی خەڵکی ناوچەکە بووەتە دوو بەش شارباژێڕی (سەخت و تەخت)، ئەویش بە ھۆی پێکھاتەی خاکەکەیەوە کە لە چیا و دۆڵ و دەشتەکان پێکھاتووە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بووەتە دوو سنجاق، (سنجاقی شارباژێڕ و سنجاقی سرۆچک) لە ئەیالەتی شارەزوور، ئیتر بە پێی یەکە کارگێڕییەکان و سیستەمی دەوڵەتداری دابەش بووە بۆ چەندەھا یەکە. لە ئێستادا ناوی شارباژێڕ تەنھا بۆ قەزای شارباژێڕ ماوەتەوە و لەڕووی کارگێڕییەوە لە (٥) ناحیە پێکھاتووە:[٥]

ناودەستکاری

دەربارەی ناوی شارباژێڕ بۆچوونی جیاواز خراونەتەڕوو، گومانی تێدانییە کە ئەم ناوە ناوێکی زۆر دێرین نییە، واتە ناوەکە پەیوەندی بە بنەچەی ئەو ناوانەوە نییە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی گەلی دێرینی لۆلۆبیەکان کە ھەر لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە ھەتا سەردەمی مادەکان لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش زایین شارباژێڕ بەشێکی گرنگ و ناوجەرگەی نیشتیمانی ئەم لۆلۆبیەکانی پێک دەھێنا.[٦]

لەبنەچەدا ناوی شارباژێڕ نابێت لەسەردەمی دوای مادەکان کۆنتربێت، و بەتایبەتی تر ئەم ناوە لەوانەیە لەسەردەمی ساسانییەکانەوە برەوی سەندبێت. پسپۆڕی بواری زمانە دێرینەکانی کوردستان (کۆزاد محەمەد ئەحمەد) دەڵێت ھەموو ئەو لێکدانەوانەی بۆ ناوی شارباژێڕ کراون کە گوایە ناوەکە لە دوو بڕگە پێکھاتووە (شار+باژێڕ) و ھەردووکیشیان ھەر بە واتای (شار)دێن، یەکێکیان بە سۆرانی و ئەوانی تریش بە کرمانجی، لایەنگرانی ئەم لێکدانەوەیە تەواو نەیانپێکاوە و "تاڕادەیەک جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە".[٧] لەبەرئەوەی کۆنی و ڕیشەی سەدان و ھەزاران ساڵەکەی لەبەرچاونەگیراوە و، تەنھا بە پێوەری زمان و فەرھەنگی ئەم سەردەمە لەو ناوە کۆنانە دەڕوانن، کۆزاد محەمەد پێی وایە کە بەشی دووەمی ناوەکە (باژێڕ) بە واتای (بازاڕ) دێت نەک (شار)، بۆ ئەم مەبەستەش کۆزاد محەمەد ئاماژە بە ناوی سەرکردەیەکی سەربازی باڵای سەردەمی پاشای ساسانی کیسرا ئەنۆشیروان(٥٣١-٥٧٩ز.) دەکات کە ناوی (شەھروەڕاز) بووە واتە (بەرازی دەوڵەت)، ھەروەھا پەیوەندی وشەی (شار) بە وشەی خشاثرای میدییەوە کە بە واتای (پاشا) دێت و کۆزاد ئەحمەد بە وشەیەکی فارسی داناوە، ئەو پێی وایە کە وشەی (شار) لە زمانی کوردیدا لە سەردەمەکانی پێشوودا بە واتای (دەوڵەت)یش ھاتووە، ھەتا ئەو کاتەی کە وشەی (دولة) لە جێگەی وشەی (شار) بۆ دەوڵەت بەکارھێندراوە، لەبەرئەوە کۆزاد محەمەد دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە (شارباژێڕ) لە کۆندا واتای(دەوڵەتە شار) یان (شارە دەوڵەت)ی داوە، لەبەرئەوەی لەسەردەمە دێرینەکاندا دەوڵەتۆکەی بچووک ھەبوون کە تەنھا یەک شار و دۆڵ و دەشتەکانی دەوروبەرەکەی چەقی دەسەڵات و سنووری فەرمانڕەواییان بووە.[٨]

ناوی (شارباژێڕ)تەنھا لەم پێنجەسەد ساڵەی ڕابردوودا لە تۆمارەکاندا ناوی ھاتووە، و تەنھا لەسەردەمی میرنشینی بابان و عوسمانییەکاندا ناوەکە بە شێوەی (شھربازاڕ) تۆمارکراوە و ئەم شێوازە تۆمارکردنەش ھەتا ئێستا لە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری کەسێتی دا ھەر دەنووسرێت (شھربازار) و لە زاری خەڵکی ناوچەکەشەوە ھەر بە شێوەی (شارباژێڕ) گۆ دەکرێت. جێی ئاماژەیە ئەم ناوە لە زمانی تورکی عوسمانیشدا ھەر بەمانای شوێنی بازارکردن دێت، لەبەرئەوە تورکەکان کێشەیەکیان نەبووە لە تۆمارکردنی ناوەکە بە شێوەیەک کە نزیکە لە ناوی شارباژێڕەوە و بە (شھربازار/شھرپازار) تۆماریان کردووە، و بۆ دەوڵەتی سەفەویش ئەم ناوە شێوەیەکی فارسی داوە و کێشەی لەگەڵ نەبووە، و دواتریش دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش (شھربازار)ەکەیان لە کوردییە ڕەسەنەکەی (شارباژێڕ) پێ باشتربووە و تا ئێستاش ھەر لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەو شێوەیە تۆماری دەکەن.

جوگرافیادەستکاری

قەزای شارباژێڕ یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی، دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی، کە درێژی سنوورەکەی لەگەڵ پارێزگای سنە(شارستانی بانەڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ئێران، دەگاتە(٣٦کم) بەمەش ڕێژەی لە (١٦٬١٪) کۆی گشتی سنووری ھاوبەشی عێراق و ئێرانی پێکھێناوە، لە پارێزگای سلێمانی.

لە بەشی باکوور لەگەڵ قەزای ماوەت درێژی سنوورەکەی دەگاتە (٧٠کم)، لە بەشی باکووری خۆرئاوا لەگەڵ قەزای دووکان درێژی سنوورەکەی دەگاتە (١١کم)، لە بەشی خۆرئاوا و باشووری خۆرئاوا قەزای سلێمانییە بە درێژی (٤٥کم)، لە باشوور قەزای سەید سادق بەدرێژی (٢٦کم)، لە خۆرھەڵاتەوە قەزای پێنجوێن درێژی سنوورەکەی دەگاتە (٣٣کم)، بەمەش سەرجەمی درێژی سنووری شارباژێڕ دەگاتە (٢٢١کم).[٩]

درێژی سنووری قەزای شارباژێڕ لەگەڵ دەوروبەریدا
سنوور درێژی بە(کم) ڕێژەی ٪
قەزای شارباژێڕ - شارستانی بانە ٣٦ ١٦٫١
قەزای شارباژێڕ - قەزای ماوەت ٧٠ ٣١٫٢٥
قەزای شارباژێڕ - قەزای دووکان ١١ ٥٫٢٥
قەزای شارباژێڕ - قەزای سلێمانی ٤٥ ٢٠٫٢
قەزای شارباژێڕ - قەزای سەید سادق ٢٦ ١٢٫٥
قەزای شارباژێڕ - قەزای پێنجوێن ٣٣ ١٤٫٧
کۆی گشتی ٢٢١ ١٠٠٪


شارباژێڕ یەکێکە لە ناوچە سەخت و شاخاوییەکانی باشووری کوردستان کە زۆرترین لوتکەی چیای بەرزی لە ڕووبەرێکی کەم دایە، شارباژێڕ بەشێوەیەکی گشتی ھەڵکەوتەیەکی سەختی ھەیە. لەڕووی جوگرافییەوە خەڵکی ناوچەکە ناوچەکەیان دابەشکردووە بە دوو بەشەوە، ئەوانیش (شارباژێڕی تەخت) و (شارباژێڕی سەخت)ە لەڕاستیدا شارباژێڕە تەختەکەش ھەر لێژایی و شیو و دۆڵە و ھیچ دەشتێک و تەختاییەک لە شارباژێڕدا نییە.

  • شارباژێڕی تەخت: زیاتر بەشی خۆرئاوای شارباژێڕ دەگرێتەوە و لە باشوورەوە لە ناوچەکانی ناحیەی سرۆچک و ناحیەی سیتەک و تەگەران و قەڵاچوالان و گشت ئەو لادێیانەی لەسەر رۆخی ڕووباری قەڵاچوالانن و دەوروبەرین ھەتا دێی مۆکەبە و تێکەڵبوونی لەگەڵ ڕووباری سیوەیل و پێکھێنانی (دووچەمان) و بەشێک لە تەختاییەکانی سەرەتای دۆڵی جافایەتی و دەوروبەری کونەماسی و ناوچەی شینکایەتیش ھەر بەشێکن لە شارباژێڕی تەخت.
  • شارباژێڕی سەخت: ناوچە شاخاوییەکانی بەشی خۆرھەڵاتی شارباژێڕ دەگرێتەوە، بەتایبەت گشت ئەوناوچانەی دەکەونە ئەمبەرەوبەری ڕووباری سیوەیل و ھەموو ئەو ناوچانەی کە دەکەونە بەری خۆرھەڵاتی ڕووباری سیوەیل و ڕووباری دووچەمان ھەتا سنوری شارستانی بانە و قەزای ماوەت.[١٠]

ڕووبەردەستکاری

سەرجەمی ڕووبەری قەزای شارباژێڕ دەکاتە(١٢١١کم٢)، لەئێستادا. بەڵام ڕووبەری ئەم قەزایە گۆڕانکاری زۆری بە سەرھاتووە لەم خشتەیەدا ڕوونیدەکەینەوە لە ماوەی ساڵانی(١٩٥٧-٢٠١٩) لەگەڵ ڕووبەری پارێزگای سلێمانی.[١١]

ڕووبەری یەکە کارگێڕییەکانی قەزای شارباژێڕ لە ساڵانی(١٩٥٧ - ٢٠١٩)دا/کم٢
ساڵ ١٩٥٧ ١٩٧٧ ١٩٨٧ ٢٠٠٢ ٢٠١٩
یەکە کارگێڕییەکان ڕووبەر ٪ ڕووبەر ٪ ڕووبەر ٪ ڕووبەر ٪ ڕووبەر ٪
ناوەندی قەزا(چوارتا) ٧٠٣ ٣١٫٨ ٦٣١ ٢٩٫٤ ٦٣١ ٢٩٫٤ ٦٣١ ١٩٫٥ ١٦٥ ١٣٫٦
ناحیەی ماوەت(ماوەت) ٥٥٩ ٢٥٫٣ ٥٥٨ ٢٦ ٥٥٨ ٢٦ ٥٥٩ ٢٦٫١ بووە بە قەزا
ناحیەی سرۆچک(بەرزنجە) ٤٦٩ ٢١٫٢ ٥٤١ ٢٤٫٢ ٥٤١ ٢٤٫٢ ٤٦٩ ٢٢ خراوەتە سەر
قەزای سەید سادق
ناحیەی سیوەیل(باسنێ) ٤٧٩ ٢١٫٧ ٤١٣ ١٩٫٣ ٤١٣ ١٩٫٣ ٤٧٩ ٢٢٫٤ ٣٥١ ٢٩
ناحیەی سیتەک(سیتەک) - - - - - - - - ٢٧٣ ٢٢٫٥
ناحیەی زەلان(زەلان) - - - - - - - - ٢٣٧ ١٩٫٦
ناحیەی گاپیڵۆن(گاپیڵۆن) - - - - - - - - ١٨٥ ١٥٫٣
کۆی گشتی قەزا ٢٢١٠ ١٠٠ ٢١٤٣ ١٠٠ ٢١٤٣ ١٠٠ ٢١٣٨ ١٠٠ ١٢١١ ١٠٠
ڕووبەری پارێزگا ١٢٢٢٩ ١٨٫١ ١٦٤٤٢ ١٣ ٢٠١٥٦ ١٠٫٦ ١١٤٩٨ ١٨٫٦ ١٤٠٤٩ ٨٫٦
  • بە پێی زانیارییەکان بۆمان دەردەکەوێت:
  1. لە ساڵی ١٩٥٧دا قەزاکە ڕووبەرێکی فراوانی ھەبووە کە (٢٢١٠کم٢) بووە ڕێژەی(١٨٪) ڕووبەری پارێزگای سلێمانی پێکھێناوە، قەزای شارباژێڕ پلەی چوارەمی ھەبووە لە نێو قەزاکانی پارێزگای سلێمانی.
  2. لە ساڵانی(١٩٧٧-١٩٨٧)دا ڕووبەری قەزاکە کەمیکردووە بۆ (٢١٤٣کم٢)، کە ڕێژەی (١٣٪)ی پارێزگای سلێمانی پێکھێناوە بە ھۆکاری سیاسی و جەنگەوە بووە.
  3. لە ساڵی (٢٠٠٢)دا لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕیانەی کە بەسەر قەزاکانی پارێزگای سلێمانیدا ھاتووە، ڕووبەری قەزاکە بووەتە(٢١٣٨کم٢)، ڕێژەی (١٩٪)ی پارێزگای سلێمانی پێکھێناوە.
  4. لە ساڵی (٢٠١٩)دا ڕووبەری قەزاکە کەمیکردووە بۆ (١٢١١کم٢)، ڕێژەی (٩٪) پارێزگای سلێمانی پێکھێناوە، بە ھۆی گۆڕانکاری لە یەکە ئیدارییەکان و دابڕانی ناحیەی ماوەت و ناحیەی سرۆچک.

مێژوودەستکاری

مێژووی دێریندەستکاری

کاتێک بابانەکان شارباژێڕ و قەڵاچوالان، ئەکەنە پایتەختی میرنشینی بابان بەشێک لە ھۆکارە سروشتی و جیۆسیاسییەکانی پشت ئەم بڕیارە ھاوشێوەبوون لەگەڵ ئەو ھۆکارانەی کە سێ ھەزار ساڵ لەمەوبەر و لەقوڵایی مێژووی شارباژێڕدا دێرینترین گەلی ناوچەکەش کە لۆلۆبییەکان بوون ھەمان ناوچەیان کردە بنکەی سەرەکی خۆیان و پایتەختەکەشیان کە شاری ئارراکدی بوو ھەر لێرە لە شارباژێڕ بنیاتنرا. ھەر لە نووسینە مێخییە دۆزراوەکەی سیتەکدا ناوی شاری ئارراکدی ھاتووە.[١٢] لەسەردەمی ھێرشەکانی پاشای ئاشوری ئاشورناسرپاڵی دووەم (٩١١-٨٥٨پ.ز.)دا شاری ئارراکدی پایتەخت و ناوجەرگەی ھەرێمی وڵاتی زاموا/مازاموا بووە، ئەم پایتەختە دەکەوتە بناری چیای لارا، کە ئێستا پێی دەوترێ چیای لەرێ لە خۆرھەڵاتی چوارتایە.[١٣] ئەمە جگە لەوەی کە باوەڕ وایە ناوی دەوڵەتە شاری خامازی پەیوەندی بە ناوی دێی خەمزەی شارباژێڕی سەر چیای ئەزمڕەوە ھەبێت پایتەختی دەوڵەتە شارێکی دێرینی ناوچەکە بووە. لەکاتێکدا لە نووسینە مێخییەکانی سەردەمی ئاشوری نوێ لە سەدەی نۆیەمی پ.ز. لوتکەکانی چیای ئەزمڕ-گۆیژە بە ناوی چیای (ئازیڕو) ناوی تۆمارکراوە. یەکێک لەو ئەگەرانە ئەوەیە کە دەوڵەتە شاری خامازی کە ھەندێک جاریش بە خامزێ/خەمزێ تۆمارکراوە و لە تۆماری لیستی پاشایانی سۆمەریدا وەک دەوڵەتە شارێکی ھێندە بەھێز باسکراوە کە توانیویەتی ھێرش بکاتە سەر (دەوڵەتە شاری کیش)ی سومەری لە باشوری مێزۆپۆتامیا و دەسەڵات و پاشایەتی ھەموو ناوچەکە بۆخۆی بەدەستبێنێت،ھەرچەندە دواتر سومەرییەکان لەسەردەمی دەوڵەتە شاری ئوروک(وەرکا) ھێرش دەکەنەوە سەر خامازی و دەسەڵاتی پاشایەتی سومەری دەخەنەوە ژێر دەستی خۆیان، بەڵام دوای ھەزارساڵێکی تریش لە سەردەمی بابلی کۆندا ھەر خامازی ناوی دەمێنێ.[١٤]

یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی قەزای شارباژێڕ دۆزینەوەی شوێنەوارەکانی قەڵای سیتەکە کە ئەم قەڵایە وەک ئاوەدانییەک ھەر لە سەردەمی لۆلۆبییەکانەوە لە سەدەی ھەشتەم و حەوتەمی پێش زایین ئاوەدان بووە و نووسینێکی مێخی لەسەر تاتەقوڕێک تێدا دۆزرایەوە کە باس لە فرۆشتنی باخێک دەکات لەگەڵ ناوھێنانی ژمارەیەک شایەت کە لە چەند شار و ئاوەدانییەکی ئەو سەردەمەی شارباژێڕەوە ئامادەی تۆمارکردنی ئەو گرێبەستە بووبوون، ھەر لەم شوێنەدا دوای سەردەمی لۆلۆبییەکان، لەسەردەمی ماد و ھاخامەنشی و ساسانییەکانیشدا قەڵاکە بەکارھێندراوە.[١٥]

سەردەمی بابانەکاندەستکاری

مەڵبەندی حکوومڕانی بابانەکان لە کوردستاندا:

لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، لە مەریوان و سنە تاساڵی (١٣٩٦)ز. لە باشووری کوردستاندا، لە(مەرگە) تا ساڵی (١٥٩٦)، لە (دارەشمانە) سەردەمی فەقێ ئەحمەد و سلێمانی کوڕی لەسەردەمی شازدەھەمی زاینیدا، لە(ماوەت) و (قەڵای بەکراوا) لەسەردەمی حوکمداریەتی بەکربەگی باباندا (بەکرە سوور) لەساڵانی (١٦١٩-١٦٢٧)دا، لە(قەڵاچوالان) لە ساڵی (١٦٩٩-١٧٨٤)، لە (سلێمانی) لەساڵانی (١٧٨٤-١٨٥٠). لەم مێژووەوە دەردەکەوێت کە بابانەکان حکوومڕانییان کردووە لە شارباژێڕدا لە نێوان ساڵانی(١٦١٩ بۆ ١٧٨٤) لە ماوەت و قەڵای بەکراوا و قەڵاچوالان کە ھەرسێ مەڵبەندەکە دەکەوێتە شارباژێڕەوە. [١٦]

ئەگەر بێت و لە ناوەڕۆکی لایەنی کارگێڕی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالان و دواتریش لە سلێمانی بڕوانین، بەتایبەت لە ڕووە ئابووری و سیاسییەکەیەوە، دەبینین کە ئەم میرنشینە چەندێک ڕۆم و عەجەم زیانی پێگەیاندووە و مەترسی بوون بۆ سەر قەوارەکەی، چەند ھێندە میرانی بابان، براکان و ئامۆزاکان مۆتەکەی دەسەڵاتی تەختی میرایەتی بابان و نازناوی ئەو پاشایەتییە بوون کە لە بەغداوە بە فەرمانی والی عوسمانی بە میری بابان دەبەخشرا. ئەمین زەکی بەگ بە کورتی و لە چەند دێڕێکدا باس لەم بارودۆخە نالەبارە دەکات کە چۆن برا و برا و ئامۆزاو ئامۆزا دژی یەکتر لەشکری ڕۆم و عەجەمیان ھێناوەتە سەریەکتر بۆ زەوتکردنی تەختی میرایەتی بابان لە یەکتر.[١٧]

گەڕیدەی ئەڵمانی کارستن نیبور(نەیبوەرNiebuhr) کە پاشای ئەوکاتەی دانمارک ناردبووی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین، لە ساڵی ١٧٦٥دا لە بەغداوە بەرە و کەرکووک و ھەولێر و مووسڵ بەڕێدەکەوێت، دەنووسێت:[١٨]

جارێ نەگەیشتوومەتە کوردستان و ئەم ھەواڵانەم لە ویلایەتی بەغداوە دەربارەی کوردستان بیستوون،... قەڵاچوالان(Kolla Dsjolan) کە فراوانترین ناوچەیە لە وڵاتی کوردستان کە لە ژێر دەستی سوڵتاندا بێت، لەبەرئەوەی پلەی پاشایەتییەکەی بە فەرمانی پاشای بەغدا بە یەک فەرمان و پلەیەک کەمترە لە پلەی (بەگ)ێتی کە سوڵتان بە یەک فەرمان دەریدەکات. ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵەی (بابان) لەسەر ئەم پلەی پاشایەتییەی (کە والی بەغدا دەیبەخشێت) لە کێبڕکێدان و لەبەرئەوەی پاشا ھەر لەم بنەماڵەیە دیاریدەکرێت، بەڵام پارەیەکی زۆر دەدرێت بە پاشای بەغداد لەلایەن ئەو (بابانییەی) کە بە پاشا دیاریدەکرێت." پاشان نیبوەر دەڵێت: "مرۆڤ ئەتوانێت لەوە تێبگات کە دەبێت ئەو ڕەعیەتە لە چەوسانەوەی دووسەرەی فەرمانڕەوایی ستەمکاری تورکەکان و نادادی (بابانی)لەسەر کوردانی قەڵاچوالان و ناوچەکەی چەشتوویانە.... ھەر لەبەرئەوەشە کە لەم ناوچەیە ھیچ شار و شارۆچکەیەک نییە، و قەڵاچوالان خۆشی گوندێکی بچووکی ھەژارە. ئەگەر بمانەوێت باس لە ڕەوشتی گەلێک بکەین، ئەوا کوردەکان نمونەی تۆڵەکەرەوەن و یەکێکیان لێبکوژرێت ھەر دەیکوژنەوە. پێش ئەوەی بگەمە مووسڵ(ھەواڵم بیست) کە (مەلا)یەک لە قەڵاچوالان شەو ماوەتەوە و پاشای (بابان)ی لە خەودا سەربڕیووە، لەبەرئەوەی براکەی لەلایەن (پاشای بابانی)ییەوە لەسێدارە درابوو.

ھەروەھا گەڕیدە و نوێنەری ئینگلیز لە بەغدا کڵاودییەس جەیمس ڕیچ(Claudius James Rich) کە خۆی لە ناو دیوەخان و کۆشکی میرانی باباندا لە سلێمانی ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە ھەمان بابەت پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت میرانی بابان ھەموو پەیمانیان بەیەکتری دابوو کە ھیچ نامەیەکی شای ئێران وەرنەگرن، بەڵام وادیارە یەکێک لە ئامۆزاکان ئەم پەیمانە دەشکێنێ و مەیلی بۆ لای شای عەجەمە نەک سوڵتانی ڕۆم. گومانی تێدانییە ھۆکاری سەرەکی ڕووخانی میرنشینی بابان ناکۆکی نێوان میرانی بابان خۆیان بوون. و ئەمەش دواجار وایکرد کە میرنشینەکە لەلایەن لەشکری ڕۆمەوە لە سالی ١٨٥١ز. بە تەواوەتی کۆتایی پێبھێندرێت و میرنشینەکە بخرێتە سەر ویلایەتی مووسڵ و شارباژێڕیش سەر بە سەنجاقی سلێمانی بێت. لەدوای لە ناوبردنی میرنشینی بابان ناوچەی شارباژێڕ چووە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سیستەمی کارگێڕی دەوڵەتی عوسمانی کە بووە قەزایەکی سەر بە سنجاقی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور.[١٩]

سەردەمی عوسمانیدەستکاری

پێکھاتەی کارگێری لەدەوڵەتی عوسمانیدا پێکھاتبوو لە ویلایەت، سەنجاق، قەزا، ناحیە، گوند(دێ). ئەوکاتیش شارباژێڕ قەزایەک بووە لە چوارچێوەی سەنجەقی سلێمانی، ھەروەھا سلێمانیش سەنجاقێک بووە سەر بە ویلایەتی مووسڵ، ھەر بۆیە چەند پۆست و یەکەیەکی کارگێڕی عوسمانی لەشارباژێڕدا ھەبوون، لە سەرەتادا شارباژێڕ بەشێک بووە لە دەوڵەتی عوسمانی لەچوارچێوەی ئەیالەتی شارەزوور، ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوکاتە سلێمانی سەنجەقێک بووە سەر بە ئەیالەتی شارەزوور، سرۆچک قەزایەک بووە سەر بە سەنجەقی سلێمانی، لەکاتێکدا لەساڵانی دواتر سرۆچک بۆتەبەشێک لە قەزای شارباژێڕ، لەم کاتەش دا داھاتی سرۆچک بریتی بوو لە(٣٤٥٦٢) قروش، ھەندێکاتیش بۆتە(١٢٠٠٠٠) قروش. بەڵام لە سەردەمانی پێشوودا ھەم قەزای شارباژێڕ و ھەمیش سرۆچکیش وەکو دوو سەنجەقی سەربەخۆ وابوون سەر بە ئەیالەتی شارەزوور، بۆ نموونە گەڕیدەی ناوداری عوسمانییەکان ئەولیا چەلەبی، کاتێک باسی سەنجەقەکانی ئەیالەتی شارەزوور دەکات، ئەوا بە (٢٠) دانە سەنجەق ھەژماریان دەکات، کە بریتین لە: (ئەربیل، سروجک، ھەزارمێرد، مەرکەوە، ئاجور، کوشاف، شارباژێڕ، باڤی، نیلتاری، سیلبەرجین، ئەبرومان، داودان، برند، بیلکاس، جبل حمرین، دولھران، ھەریر و روودین، قەڵای غازی).[٢٠]

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩)دا:

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە. لەم ماوەدا شارباژێڕ لە سێ قەزا پێکھاتووە کە قەزاکان فرە ناوەند بوون وە ئەوکات لەڕووی کارگێڕییەوە یەکەی ناحیە نەبووە، قەزاکان بەم ناوانە بوون(شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل)، (ئالان، سەراو و میراوا) و (شارباژێڕ، قەڵاچوالان و بەرکێو).

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا:

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا. لەوانە ناوی قەزای بازیان لە جیاتی قەزای(بازیان، چەمچەماڵ، نورە، عەشرەتی ھەمەوەند)، گوڵعەنبەر لە جیاتی (گوڵعەنبەر، ھەڵەبجە و وارماوا)، قزڵجە لە جیاتی (قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، پێنجوێن)، زەنگەنە لە بری(زەند، زەنگەنە، شێخان داودە)، شارباژێڕ لە بری(شارباژێڕ، قەڵاچوالان، بەرکێو) داندرا.
  2. ڕێکخستنەوەی پێکھاتەی ھەردوو قەزای(شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل) و (ئالان و سەراو و میراوا) لە ناو ھەردوو قەزای ماوەت و سیوەیل(وصال)دا.
  3. دابەشکردنی قەزاکان: بەھۆی فراوانبوونی ڕووبەری قەزای(سرۆچک، قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، پێنجوێن) حکومەت ئەم قەزاییەی دابەشکردە سەر ھەردوو قەزای سرۆچک و قزڵجە. لەم ماوەیەدا ناوەندی قەزای شارباژێڕ گوندی شیوەکەڵ بوو.[٢١]
 
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)
  • لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا:

لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. لەم ماوەیەدا ناوەندی قەزای شارباژێڕ شارەدێی سیتەک بوو.

 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٨٩٠ - ١٨٩٤)دا:

قەزای شارباژێڕ لەم ماوەیەدا ناحیەی ماوەتی تێدا درووستکرا. وە ناوەندی قەزاش ھەر شارەدێی سیتەک بوو.

 
نەخشەی قەزای شارباژێڕ لە لیوای سلێمانیدا لە ساڵی ١٨٩٤دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٠٧ - ١٩١٢)دا:

قەزای شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە و ناوەندەکەشی شارەدێی سیتەک بوو، ھەر ناحیەی ماوەتی ھەبوو.[٢٢]

 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٩١٢دا

سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتیدەستکاری

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا.[٢٣]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩١٨ - ١٩٣٦)دا:
  1. ھەڵوەشانەوەی قەزای مەعمورە و لکاندنی ھەردوو ناحیەی (پشدەری ١) و (پشدەری ٢) بە قەزای شارباژێڕەوە.
  2. لکاندنی ناحیەی سرۆچک بە قەزای شارباژێڕەوە پاش دابڕانی لە قەزای گوڵعەنبەر.
  3. گواستنەوەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە شارەدێی سیتەکەوە بۆ شارۆچکەی چوارتا.

لەم ماوەیەدا قەزای شارباژێڕ لە (٥) ناحیەی پێکھاتبوو، ناحیەی قەزای ناوەند(چوارتا)، ناحیەی ماوەت(ماوەت)، ناحیەی سرۆچک(گێڵدەرە تا ١٩٣١ - بەرزنجە)، ناحیەی پشدەری ١(قەڵادزێ)، ناحیەی پشدەری ٢(مەرگە).

 
نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦ - ١٩٤٧)دا:

حکومەت لەم قۆناغەدا سەرلەنوێ قەزای پشدەری ھێنایە کایەوە بە دابڕانی لە قەزای شارباژێڕ. لە پڕۆسەی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا زانیاری ورد و تایبەت بە ڕەوشی کارگێڕی لیواکانی عێراق تۆمارکرا، وەکو یەکە کارگێڕییەکان، ڕووبەر و دانیشتوانەکەی، ئەمە لەلایەک و لەلایەکیترەوە پێویستی یەکە کارگێڕییەکان لە دوای تەواو بوونی پرۆسەی یەکلاکردنەوەی مافی زەوییەکانی ھەریەک لەلایەن فەرمانگەکانی تەسوییەوە کێشرا.

 
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧دا
  • لە نێوان ساڵان(١٩٤٧ - ١٩٥٨)دا:
  1. ھێنانە کایەی ناحیەی سیوەیل لە سنووری قەزای شارباژێڕ و ناوەندەکەشی لە گوندی مڕانە، بەپێی ئیرادەی مەلەکی ژمارە(٨٥٧) لە ٥/١٠/١٩٥٥دا.
  2. گواستنەوەی ناوەندی ناحیەی سیوەیل لە گوندی مڕانەوە بۆ گوندی باسنێ بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٥٦دا.
  3. بەمەش ژمارەی ناحیەکانی قەزای شارباژێڕ بووە (٤) ناحیە.
 
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٨دا

سەردەمی کۆماریدەستکاری

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر پارێزگای سلێمانی تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو.[٢٤]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٦٥)دا:
    • دابڕانی (٧) کەرت و گوندی ناحیەی سیوەیل و لکاندنی بە ناوەندی قەزای شارباژێڕەوە بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٦٠دا.[٢٥]
    • لەم ماوەیەدا قەزای شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە کە لە (٥) ناحیە پێکھاتبوو.
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥ - ١٩٧٧)دا
    • لەم ماوەیەدا ھیچ گۆڕانکارییەک لە قەزای شارباژێڕدا نەکرا.
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧ - ١٩٨٦)دا:
  1. (أ) گۆڕینی ناوی ناحیەی ماوەت بۆ (ناحیەی کارێزە) و گواستنەوەی ناوەندەکە لە گوندی ماوەتەوە بۆ گوندی کارێزە(موجەمەعی کارێزە) و لکاندنی (٦) کەرتی ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە (ناحیەی کارێزە)وە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە(٢٤٣٣٥)ی ساڵی ١٩٧٩، (ب) گۆڕینی ناوی ناحیەی سیوەیل بۆ ژناحیەی کەناروێ) و گواستنەوەی ناوەندەکەی لە گوندی باسنێوە بۆ گوندی کەناروێ(موجەمەعی کەناروێ) و لکاندنی (١٢) کەرتی ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە ناحیەی کەناروێوە بە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی (٢٤٣٩٦)ی ساڵی ١٩٧٩.
  2. دابڕانی (١٤) کەرت لە ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای شارباژێڕ و لکاندنیان بە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێنەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٢١) لە ١٦\١٠\١٩٧٩دا.[٢٦]
  3. دابڕانی (٢) کەرت لە ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای شارباژێڕ و لکاندنیان بە ناحیەی شارەزووری سەر بە قەزای ھەڵەبجەوە.
  4. گواستنەوەی ناوەندی (ناحیەی کارێزە) لە جێکەوتی ئێستای بۆ ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە پێی فەرمانی وەزارەتی حکومی مەحەلی ژمارە(٧٨١) لە ساڵی ١٩٨٦دا.[٢٧]
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٨٨ - ١٩٩٠)دا:
 
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٩دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدەستکاری

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[٢٩]
  2. لە ساڵی ١٩٩٢دا قەزای شارباژێڕ لە ناوەندی قەزا(چوارتا) و ناحیەی ماوەت(ماوەت) و ناحیەی سرۆچک(بەرزنجە) و ناحیەی سیوەیل(باسنێ) پێکھێنرایەوە.[٣٠]
  • لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٣ - ٢٠١٩)دا:
  1. لە ساڵی (٢٠٠٥)دا بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای سلێمانی بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی کارگێڕی لە سنووری قەزای شارباژێڕدا، (٣) ناحیە درووستکران بە ناوەکانی ناحیەی سیتەک(سیتەکناحیەی زەلان(زەلان) و ناحیەی گاپیڵۆن(گاپیڵۆن). بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٥٥٤٦) لە (٢٩ - ١٢ - ٢٠٠٤).
  2. دابڕانی ناحیەی سرۆچک بە ھەموو گوندەکانی لە قەزای شارباژێڕ و لکاندنی بە قەزای سەید سادقەوە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٣١٠٨) لە (٢-٥-٢٠٠٧).
  3. درووستکردنی قەزای ماوەت و دابڕانی ناحیەی ماوەت و ھەموو گوندەکانی و خستنە سەر قەزا تازەکە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١٢١٨١) لە (٢٤-١١-٢٠٠٨)دا.
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای شارباژێڕ

قایمقامدەستکاری

بەپێی ساڵنامەکانی ویلایەتی مووسڵی عوسمانی، ساڵی ١٣٠٨ک(١٨٩٠ز)دا (نادر بەگ) قایمقامی شارباژێڕ بووە، و جێگرھکەشی (وەلییەدین ئەفەندی) بووە. بەڵام بەپێی ساڵنامەی ویلایەتی موسڵی ساڵی ١٣١٠ک(١٨٩٢)، ئەوا (عەبدوڵا ئەفەندی) قایمقامی شارباژێڕ بووە، و جێگرھکەشی (ئەحمەد ئەفەندی) بووە. لە ساڵی ١٣١٢ک (١٨٩٤)دا (ئەحمەد ئاغا) بە وەکالەت قایمقامی شارباژێڕ بووە، جێگرەکەشی (ئیسماعیل ئەفەندی) بووە. ھەروەھا لەساڵی ١٣١٤ک(١٨٩٦) قایمقامی شارباژێڕ (ڕەمزی ئەفەندی) بووە، ئەویش بەپشت بەستن بەبەڵگەنامەیەکی عوسمانی کە ئاماژە بە لادانی ڕەمزی ئەفەندی و ھاتنەسەر کاری (عەبدولقادر پاشا) دەکات. ھەربەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی، کەلەساڵی ١٣١٦ک(١٨٩٨) پیشانمان دەدات کەناوبراو لەو ساڵەدا کۆچی دوایی کردووە.[٣١]

لەساڵی (١٣٢٥ک/١٩٠٧ز)دا قایمقامی شارباژێڕ گواستراوەتەوە و ھیچ کەسێک لەشوێنی دانەنراوە، بەڵام لەھەمان کاتدا جێگری قایمقام ھەبووھبەناوی (عەلی ئەفەندی). ھەروەھا لە ساڵی ١٣٣٠ک(١٩١٢ز)دا (سەید عەلی ئەفەندی) قایمقامی شارباژێڕ بووە، وجێگرھکەشی (ئەحمەد موختار ئەفەندی) بووە.[٣٢]

ئەنجوومەنی قەزادەستکاری

  • ئەم ئەنجومەنە بەپێی ساڵنامەکان گۆڕانکاری بەسەرداھاتووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێکھاتووە لە قایمقام و جێگری قایمقام، و بەرپرسی دارایی و بەرپرسی باج. لە ساڵی ١٣٠٨ک/ ١٨٩٠ز. دا ئەنجومەنی قەزا بەم شێوەیە بووە.
ئەنجوومەنی قەزا لە ١٨٩٠دا
قایمقام جێگری قایمقام بەرپرسی دارایی بەرپرسی باج
نادر بەگ وەلییەدین ئەفەندی سەید مەحموود ھارە ئەفەندی اصطیل عامرە
  • لەدواتردا ھەموو ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە گۆڕانکاری تێداکرا، ھەربۆیەلەساڵی ١٣١٠ک/١٨٩٢ز ئەنجومەنەکە بەم شێوەیەی لێھات:
ئەنجوومەنی قەزا لە ١٨٩٢دا
قایمقام جێگری قایمقام بەرپرسی دارایی بەرپرسی باج
عەبدوڵڵا ئەفەندی ئەحمەد ئەفەندی فەتاح ئەفەندی گواستراوەتەوە
  • ئەم کاربەدەستانە بەردەوام لە پلە و پۆستی خۆیان نەدەھێڵرانەوە، بەڵکو لەدواتر دا، لە ساڵی ١٣١٢ک/ ١٨٩٤ز، ئەندامانی ئەنجومەنەکە گۆڕانکاری تێدا کرا، بەم شێوەیە:
ئەنجوومەنی قەزا لە ١٨٩٤دا
قایمقام جێگری قایمقام بەرپرسی دارایی بەرپرسی باج
ئەحمەد ئەفەندی ئیسماعیل ئەفەندی فەتاح ئەفەندی گواستراوەتەوە
  • ھەروەھا لە ساڵی ١٣٢٥ک/ ١٩٠٧ز ئەندامانی ئەنجومەنی شارباژێڕ بریتی بوون لە:
ئەنجوومەنی قەزا لە ١٩٠٧دا
قایمقام جێگری قایمقام بەرپرسی دارایی بەرپرسی باج
گواستراوەتەوە عەلی ئەفەندی عەزیز ئەفەندی گواستراوەتەوە
  • لەگەڵ ئەمەش دا ئەندامانی ئەنجومەنی شارباژێڕ لە ساڵی ١٣٣٠/١٩١٢ بوو بە پێنج کەس و بەشێک لەئەندامەکانیش گۆڕدراون، لەم کاتەدا (موفتی) بۆ قەزاکەدانراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
ئەنجوومەنی قەزا لە ١٩١٢دا
قایمقام جێگری قایمقام بەرپرسی دارایی بەرپرسی باج موفتی
سەید عەلی ئەفەندی ئەحمەد موختار ئەفەندی عزەت ئەفەندی سدیق ئەفەندی شێخ جەلالەدین ئەفەندی

ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قەزادەستکاری

ئەم ئەنجوومەنە ھەر لە سەرەتاوە ھەبووە، بەڵام بەپێی ساڵەکان ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە گۆڕانکاری بەرسەدا ھاتووە و فەرمانبەرانی ئەم ئەنجومەنە گۆڕدراون.

  • لە ساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز. ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن تەنھا (سێ) کەس بوون، کەئەوانیش کەسایەتی گەورە و ئاغاکانی ناوچەکەبوون، کەبەم شێوەیە بوون:
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قەزا لە ١٨٩٠دا
ئەندام ئەندام ئەندام
شەریف ئاغا عەبدوڵڵا ئاغا کەریم ئاغا
  • بەڵام لە ساڵی ١٣١٠ک/١٨٩٢ز. ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە بوو بە(چوار) کەس، و بەشێک لە ئەندامانیش گۆڕانکارییان بەسەرداھاتووە، بەم شێوەیە:
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قەزا لە ١٨٩٢دا
ئەندام ئەندام ئەندام ئەندام
عەبدوڵڵا ئاغا عەبدوڵڵا ئاغا کەریم ئاغا گواستراوە
  • ئەم ئەنجومەنە لە ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز . گۆڕانکاری زۆری بەسەردادێت، یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی ڕوودەدات ئەوەیە کە ئەندامانی ئەنجومەنی شارباژێڕ، راستەوخۆ دەبنەوە ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی شارباژێڕ و راستەوخۆ لەلایەن قایمقامەوە سەرۆکایەتی دەکرێن و جێگرەکەشی لەلایەن جێگری قایمقامەوە بەڕێوەدەبرێت، ھەروەھا چوار ئەندامی تریش بەھەڵبژاردن دادەنرێن، کەبەم شێوەیەی لێدێت:
ئەحمەد ئاغا قایمقام/سەرۆک و ئەندامی ھەمیشەیی
ئیسماعیل ئەفەندی جێگری قایمقام/ئەندامی ھەمیشەیی
فەتاح ئەفەندی بەرپرسی دارایی/ئەندامی ھەمیشەیی
گواستراوە بەرپرسی باج/ئەندامی ھەمیشەیی
ئەمین ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
عەبدوڵڵا ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
محەمەد ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
عەبدوڵڵا ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
  • ھەر ئەم ئەنجومەنەلەساڵی ١٣٢٥ک/١٩٠٧ز گۆڕانکاریی تێدا کرا و ئەندامانی لیژنەکە کران بە(نۆ)کەس، کە(پێنج) ئەندامیان کران بەئەندامی ھەمیشەیی و (سێ) ئەندامیشیان کران بەئەندامی ھەڵبژێردراو، بەم شێوەیەی خوارەوە:
گواستراوە قایمقام/سەرۆک و ئەندامی ھەمیشەیی
عەلی ئەفەندی جێگری قایمقام/ئەندامی ھەمیشەیی
عەلی ئەفەندی بەرپرسی دارایی/ئەندامی ھەمیشەیی
عەلی مەردان بەرپرسی باج/ئەندامی ھەمیشەیی
عەزیز ئەفەندی بەرپرسی شیکردنەوەی دارایی
کوێخا ئەمین ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
عەبدولقادر ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
عەبدوڵڵا ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
  • دواتر ئەم ئەنجومەنەلەساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. گۆڕانکاریی تێداکرا و ئەندامانی لیژنەکە گۆڕانکاریی تێداکرا، کەژمارەی ئەندامانی ھەڵبژێردراو کرا بە(چوار) ئەندام، بەم شێوەیەی خوارەوە:
سەید عەلی ئەفەندی قایمقام/سەرۆک و ئەندامی ھەمیشەیی
ئەحمەد موختار ئەفەندی جێگری قایمقام/ئەندامی ھەمیشەیی
عزەت ئەفەندی بەرپرسی دارایی/ئەندامی ھەمیشەیی
شێخ جەلالەدین ئەفەندی موفتی
سدیق ئەفەندی بەرپرسی شیکردنەوەی دارایی
عەبوڵڵا ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
محەمەد ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
تۆفیق ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو
ئەمین ئاغا ئەندامی ھەڵبژێردراو

دادگای بەرایی قەزادەستکاری

  • ئەم دادگایە ھەر لەسەرەتاوە لە شارباژێڕدا دانرا، دواتر چەندین کەس کران بەئەندام لەم دادگایەدا، ئەم دادگایە پێکھاتبوو لەسەرۆکی دادگا و دوو ئەندام و دوو نووسەری دادگا، لەگەڵ یەک یاریدەدەری دادوەری لێکۆڵینەوە(مستنطق)، پێوستە ئەوەش بڵێین ئەندامانی ئەم دادگایانە زیاتر کەسانی ئاینی و شەریعەتزان بوون، واتە دادگاکە زیاتر لە شێوەی دادگایەکی شەرعیدا بوو. لە ساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز. دا دادگای سەرەتایی لە قەزای شارباژێڕ بەم شێوەیە بوو:
ئەندامانی دادگا پێگەکانیان
نائیب ئەفەندی سەرۆکی دادگا
ڕەشید ئەفەندی ئەندام
محەمەد عەلی بەگ ئەندام
تۆفیق ئەفەندی نووسەری یەکەمی دادگا
محەمەد ئەفەندی نووسەری دووەمی دادگا
سەعید ئەفەندی دادوەری لێکۆڵینەوە
  • دواتر ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنەی دادگا گۆڕانکاریی بەسەرداھات و پێگەیان گۆڕانکاریی تێدا کرا، ھەروەکو دەبینین لەساڵی ١٣١٠ک/ ١٨٩٢ز. ژمارەی ئەندامەکانی دادگای بەرایی شارباژێڕ بوونبە حەوت کەس، بەم شێوەیە:[٣٣]
ئەندامانی دادگا پێگەکانیان
نائیب ئەفەندی سەرۆکی دادگا
عەبدولڕەحمان ئاغا ئەندام
محەمەد عەلی بەگ ئەندام
ڕەفیق ئەفەندی نووسەری یەکەمی دادگا
محەمەد نامیق ئەفەندی نووسەری دووەمی دادگا
صاڵەح ئاغا بەرید
سەعید ئەفەندی دادوەری لێکۆڵینەوە
  • لە ساڵی ١٣١٢/١٨٩٤ز. ئەندامانی دادگای بەرایی شارباژێڕ گۆڕانکاریی بەسەرداھات، کەیەکێک لەوانە (دەروێش ئەفەندی) بوو کە کرا بەیاریدەری دادوەری لێکۆڵینەوە، ھەروەھا (تۆفیق ئەفەندی) کرا بە سەر نووسەری دادگا، و (عەلی ئەفەندی) کرا بە نووسەری دووەمی دادگا، ھەر یەکە لە (عەبدوڵڵا بەگ و مەحەمەد ئاغا)ش کرانە ئەندامی دادگا، بەم شێوەیە:
ئەندامانی دادگا پێگەکانیان
نائیب ئەفەندی سەرۆکی دادگا
عەبدوڵڵا بەگ ئەندام
محەمەد ئاغا ئەندام
تۆفیق ئەفەندی نووسەری یەکەمی دادگا
عەلی ئەفەندی نووسەری دووەمی دادگا
دەروێش ئەفەندی یاریدەدەری دادوەری لێکۆڵینەوە
  • ئەوەی جێگای ئاماژەیە لە ساڵی ١٣٢٥ک/١٩٠٧ز. دادگا لەقەزای شارباژێڕ نامێنێت، بەڵکو تەنھا فەرمانگەیەک دەبێت بە ناوی دادوەری لێکۆڵینەوە(استنطاق)، کە یاریدەری دادوەری لێکۆڵینەوەکەش (محەمەد ئەفەندی) بووە، لەگەڵ دوو کەسیش وەکو جێبەجێکار و بەریدی فەرمانگەکە. بەڵام لەساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. دووبارە ئەم دادگایە لە قەزای شارباژێڕ دادەندرێتەوە، ئەویش دەبێتە دوو بەش، (دادگای شەرعی و دادگای بەرایی)، کەدوو دادگای جیاواز بوون، بەشێوەیەک لەدادگای شەرعیدا بەشێک ھەبووە بۆ پرسی مناڵانی بێ باوک(یەتیم)، ئەوانیتریش بەم شێوەیە بوون:
ئەندامانی دادگای شەرعی پێگەکانیان
ئەحمەد موختار ئەفەندی جێگری سەرۆکی دادگا
سەعید ئەفەندی سەرنووسەری دادگا
ئەحمەد ناصر ئەفەندی بەرپرسی منداڵانی بێ باوک
عەلی ڕەزا ئەفەندی نووسەری دووەمی دادگا

ھەروەھا ئەندامانی ھەردوو دادگاش ئاوھا بوو:

ئەندامانی دادگای شەرعی و دادگای بەرایی پێگەکانیان
ئەحمەد موختار ئەفەندی سەرۆکی دادگا
عەلی ئەفەندی ئەندامی دادگا
عەبدولغەفور ئەفەندی ئەندامی دادگا
محەمەد تۆفیق ئەفەندی نووسەری یەکەمی دادگا
ڕەشید ئەفەندی نووسەری دووەمی دادگا
ئەحمەد ئەفەندی یاریدەدەری دادوەری لێکۆڵینەوە

پۆلیسدەستکاری

سەبارەت بە پۆلیسی رووبەڕوبوونەوەی تاوان دەبینین کە تەنھا یەک کەس وەکو پۆلیس لە قەزاکەدا کاری کردووە، کەلەساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز. دا بریتی بوو لە(ملازم محەمەد ئەفەندی)، بەڵام لەساڵی ١٣١٠ک/١٨٩٢ز. یەکێکیتر ئەم ئەرکەی پێدەدرێت، ئەویش (قادر ئاغا)بوو. قادر ئاغا لە ساڵانی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز بەردەوام دەبێت لەپۆستەکەی. ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەم پۆلیسە و ئەرکەکەی لە ساڵی ١٣٢٥ک/١٩٠٧ز لە قەزای شارباژێڕدا نامینێت. لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، ئەوا (تابووری پێنجەمی) ھێزی سەربازی ویلایەتی مووسڵ لە سەنجاقی سلێمانیدا لەناوچەکانی شارباژێڕدا جێگیرکراون، بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەر دۆخێکی نەخوازراو.[٣٤]

دارایی و ئابووریدەستکاری

دانیشتوانی ئەم قەزایە بەگشتی خەریکی کاروباری ڕەزداری و کشتووکاڵن، ھەروەھا ھەندێکیان بازرگانی (تووتن)بوون و بۆ ئەمەش چەندین کێڵگەی تایبەت بەشتڵی توتنیان ھەبووە. لەگەڵ ئەمەشدا بەروبوومی ئەم قەزایە زۆر بەناوبانگە و بەرھەمەکانیان بۆ چەندین شوێن دەنێردرا، بە تایبەتی بۆ سلێمانی، کە لەوێدا خواستێکی زۆری ھەیە و بەرھەمەکانیان دەفرۆشرێت، ھەر بۆیە خەڵکی شارباژێڕ سودێکی زۆر لەبازاڕی سلێمانی دەبینن. ھەروەھا داھاتی شارباژێڕ لەساڵەکانی (١٨٥٤-١٨٥٥ز/١٢٧١ک) بەپێی سەرجەم باجەکانی (ڕسوم، یەک لەدە(عشور)، گومرگ، بۆیخانە) بریتی بووە لە(١٥)پارە و (١٤٥٢٩) قروش، ھەروەھا لە ھەندێکاتی تردا ئەم داھاتە بۆتە(١٥) پارە و (١٨٠٦٥) قروش.[٣٥]

تەنانەت لە ساڵنامەکانی عوسمانیدا ئاماژە بە دانانی فەرمانبەر دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردن و چاودێری زەوی و زاری ھاوڵاتیانی ناوچەکە، بۆ ئەمەش گرنگی بە تاپۆ دەدەن، ھەر بۆیە فەرمانبەری تاپۆ لەساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز. بۆ یەکەمجار بۆ زەوییەکانی قەزاکەدانرا و یەکەم کەسیش کەلەم پۆستەدا دانرا (کانەبی قادر بەگ) بوو. دواتریش لەساڵانی ١٨٩٢-١٨٩٣ز. بەردەوام بوو لەپۆستەکەیدا. دواتر ئەم پۆستە لە قەزاکەدا نامێنێت. تاکو لەساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. فەرمانەر بۆ ئەم بوارە دادەنرێتەوە کە(کانەبی عەبدولقادر بەگ) دەکرێتە فەرمانبەر لەم پۆستەدا. دواتر گرنگیدان بەلایەنی دارایی ناوچەکەوای لە دەوڵەتی عوسمانی کرد، کەیەکەیەکی تایبەت بەلایەنی دارایی شارباژێڕ دابنێت بەناوی (یەکەی دارایی قەزای شارباژێڕ) ئەم پۆستە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٢ز. لەقەزای شارباژێڕ دروستکراوە، یەکەم کەس کەلەم پۆستەدا دانرا بە ناونیشانی ئەمینی سندوق، ئەوا (تۆفیق ئەفەندی) بوو. دواتر ئەم پۆستە لە قەزاکەدا نامێنێت، پاشان لە ساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. دەبێتە یەکەیەکی گەورە لە کارگێڕی قەزاکەدا بەناونیشانی خامەی دارایی(مال قلمی)، کە فەرمانبەران و بەرێوەبەرەکەی بەم شێوەیە بوو:[٣٦]

ناوی فەرمانبەر پۆستەکەی
عزەت ئەفەندی بەڕێوەبەری دارایی
جەمیل ئەفەندی یاریدەدەری بەڕێوەبەری دارایی
عەلی مەردان ئەفەندی بەرپرسی کۆکردنەوە و دەستخستنی دارایی
ڕەشید ئەفەندی ئەمینداری سندوق


دانیشتواندەستکاری

لەدوای نەمانی فەرمانڕەوایی بابانەکان لە١٨٥١ بەدواوە و ڕووخانی میرنشینەکە قەزای شارباژێڕ لە دەوڵەتی عوسمانیدا خرایە سەر سەنجاقی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور، لە ساڵی ١٨٦٢ بە دواوە سەر بە ویلایەتی مووسڵ کەژمارھی دانیشتوانی ھەموو سلێمانی لەنێوان ساڵانی ١٨٨١-١٨٨٢تاکو ساڵی ١٨٩٣بریتی بوون لە(١٢٤٧٩٠)کەس، ئەویش بەخەڵکی شارباژێڕ و پاشماوەی بابانەکان و ھۆزەکانی شارباژێڕ و جاف و دانیشتوانی مەرگە، و گوڵعەنبەر(خورماڵ و ھەڵەبجە و ھەورامانی ئەمڕۆ) و قەرەداغ. کەتەنھا ژمارەی دانیشتوانی شارباژێڕ لەم کاتەدا(٥٣٣٠)کەس بوون، کە ھەموویان موسوڵمانی سوننە مەزھەب بوون.[٣٧]

فەرمانگەی تۆماری دانیشتوان (نفوس دائرەسی)دەستکاری

ئەم فەرمانگەیە لە سەرەتاوە پەرەی پێدراوە، ھەربۆیە دەبینین لەساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز ئەوا (عارف بەگ) دەبێتە بەپرسی ئەم کارە و (عەلی ئەفەندی)ش دەبێتە نووسەری فەرمانگەی ناسنامە، دواتریش (عەبدولکەریم ئاغا) دەبێتە بەرپرسی ئەم فەرمانگەیە و (کانەبی عارف بەگ)یش دەبێتە فەرمانبەر لەم فەرمانگەیە. ئەم دوانە لە خزمەتکردن بەردەوام دەبن، لەبەرئەوەی بەپێی ساڵنامەی ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز ھەمان ئەو ناوانەن کەلەم فەرمانگەیەدا کاردەکەن. ھەروەھا لەساڵانی ١٣٢٥ک/١٩٠٧زدا (عارف ئەفەندی) وەکو فەرمانبەر کار دەکات و (مەحمود ئەفەندی)ش وەکو نووسەر. ھەر ئەم فەرمانبەرانە بەردەوام دەبن لەکارەکانیان تاکو ساڵی ١٣٣٠ک/ ١٩١٢ز، لەبەرئەوەی بەپێی ساڵنامەی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. ئەوا ھەمان ئەو فەرمانبەرانەلەم فەرمانگەیەکاردەکەن. ئەگەرچی لەبەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات (عارف ئەفەندی) لە ساڵی ١٣٣٠ک/١٩١١ز. بەھۆی ھەندێ کردەوەی نەشیاو (گەندەڵی) لەپۆستەکەیدا دوور خراوەتەوە.[٣٨]

فەرمانگەی پۆستە و تەلەگرافدەستکاری

لە ساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. کۆمەڵێک فەرمانگە و فەرمانبەری نوێ لەشارباژێڕ بۆ کاری جیاجیا دامەزران، کەئەوانیش: (محەمەد ئەفەندی) وەک بەڕێوبەری پۆستە و تەلەگرافی شارباژێڕ دەست بەکاربووە. ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیەکە لەم کاتەدا لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئەم قەزایە زیاتر گرنگی پێدراوە و دامودەزگای میری زیاتر تیایدا جێگیکراوە، بێگومان لەبەر گرنگییە ستراتیجی و ئابوورییەکەی شارباژێڕیش بوو، لەبەرئەوەی تەواوی سنووری خۆرھەڵاتی ئەم قەزایە ھاوسنوور بوو لەگەڵ سنووری دەوڵەتی ئێرانی ئەو کات.[٣٩]

پەروەردەدەستکاری

ھەروەھا لەلایەنی زانستیشدا، ئەو کاتە جگەلە مامۆستایانی ئاینی و مزگەوت و تەکیە و مەدرەسە کە رۆڵێکی گرنگیان بینیوە لەلایەنی زانستی و فێرکاری لەکوردستاندا، ئەوا لەم کاتەدا کەسێک بەناوی (سلێمان ئەفەندیە وەکو مامۆستا (مدرس) لە قەزاکە دامەزرێنراوە. تەنانەت ئەنجومەنێکی تایبەت بەزانست لە قەزاکەدا جێگیرکراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کاروباری زانستی شارباژێڕ بکات کەناوی (ئەنجوومەنی معارف) بووە، واتای ئێستا ئەم ئەنجومەنە، ئەنجومەنی پەروەردە بووە، کەئەندامانی ئەم ئەنجومەنەش پێکھاتوون لە (شەش) کەس، بەم بەم شێوەیە:[٤٠]

ناو پێگەکانیان
سەید عەلی ئەفەندی(قایمقامی ئەوکات) سەرۆکی ئەنجوومەنی زانستی
صدیق بەگ نوێنەری پەروەردە لە قەزای شارباژێڕ
عەبدولقادر بەگ ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی
محەمەد عارف ئەفەندی ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی
عەلی مەردان ئەفەندی ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی
جەمیل ئەفەندی ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی

کارگێڕیدەستکاری

ئەمانەش ببینەدەستکاری

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org. Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ Edmonds, C. J., 1957“Shar Bazhêr and the Basin of the Qalachuwalan,” The Geographical Journal, Vol. 123, No. 3 (Sep., 1957), pp. 318-328
  5. ^ ‎یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی. سایتی پارێزگای سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  6. ^ Louis D., Geographical Levine, ; 84-8ii 4: 0.101.1RIMA II A.;78-15; 75b-RIMA III A.0.102.2: ii 10Studies in the Neo-Assyrian Zagros: I, Iran, Vol. 11 (1973), pp. 1-27.
  7. ^ د.کۆزاد محەمەد ئەحمەد. گرفتی ناوی شارباژێڕ(گۆڤاری بابان)(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  8. ^ د.کۆزاد محەمەد ئەحمەد. گرفتی ناوی شارباژێڕ(گۆڤاری بابان)(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  9. ^ https://www.openstreetmap.org/#map=10/35.7287/45.6551
  10. ^ پیمان مظفر صالح قادر، ٢٠١٦، تأثیر المناخ فی راحة الانسان للنشاط السیاحی فی قضاءی کلار و شارباژیر (دراسة مقارنة فی الجغرافیة السیاحیة)، رسالة ماجستیر غیر منشورة، کلیة العلوم لانسانیة، جامعة السلیمانیة، 2016 ،١٦، ص٧؛ سروە جلال حمە ،٢٠١٢، شیکردنەوەی جوگرافیی بۆ دابەشبوونی دانیشتوان لە قەزای شارباژێڕدا (١٩٥٧-٢٠٠٩)
  11. ^ https://govkrd.b-cdn.net/Ministries/Ministry%20of%20Planning/Kurdish/بڵاوکراوەکان/لێکۆڵینەوە/7.%20ژمارھ%E2%80%8Cی%20دانیشتوان.pdf
  12. ^ l Document from Tell Sitak.” In: Heffron, Y., Stone, A. & Assyrian Lega-Radner, K., “A NeoWorthington, M. (eds.), At the Dawn of History: Ancient Near Eastern Studies in Honour of J. N. Postgate (Winona Lake), 2017, p.428f.
  13. ^ دڵشاد عزیز مارف زاموا،("شوێنەوار و ناوی شارھکۆنەکانی ژێر شاری سلێمانی لەبەر ڕۆشنایی تۆمارھمێخی و کلاسیکی و بەڵگەشوێنەوارییەکاندا،" گۆڤاری توێژەر، بەرگی 4 ،2021، ژمارە ١، ل٥٤٧-٥٨٨.
  14. ^ (K. M., Ahmed, The Beginnings of Ancient Kurdistan (c.2500-University, (unpublished), 2012,p. 62-64; Bonechi, M., 1993, I nomi geografici dei testi di Ebla, RGTC 12/1, Wiesbaden, p.223) 1500 BC) A Historical and Cultural Synthesis, PhD dissertation, Leiden )
  15. ^ Saber, S. A., et al., (2015), “REPORT ON THE EXCAVATIONS AT TELL SITAK: THE 2010 SEASON,” Iraq, Vol. 76 (2014), pp. 205-229. p.229-205; Radner, K., p.428f.
  16. ^ جمال بابان, اعلام الکورد (2017). "اعلام الکورد-جمال بابان - ٢٠١٠ -رقم الایداع ۲٤۷۳ لسنة ۲۰۰۹/تم منحە من قبل وزارة الثقافة ص ٢٥٥-٢٥٦". کتاب: 76. doi:10.37613/1678-000-006-007.
  17. ^ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  18. ^ کارستن نیبور، رحلة نیبور الی العراق فی القرن الثامن عشر، ترجمة: محمود الامین، بغداد، 1965،ص ٧٤
  19. ^ ich, Cladius James, Narrative of a residence in Koordistan: and on the site of ancient Nineveh; with journal of a voyage down the Tigris to Bagdad and an account of a visit to Shirauz and Persepolis, 1860, p. 140-160.
  20. ^ خلیل علی مراد، الکرد وکردستان فی کتاب (جیھان نوما) لکاتب جلبی، اربیل، مطبعة حاجی ھاشم، 2013، ص41
  21. ^ ‎شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  22. ^ ساڵنامەی عوسمانی ١٣٩٤ - ١٣٩٨(تورکی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  23. ^ ‎محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  24. ^ ‎شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  25. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/25.html
  26. ^ https://moj.gov.iq/upload/pdf/4617.pdf
  27. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/6829.html
  28. ^ https://uomustansiriyah.edu.iq/books/94357.html
  29. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  30. ^ گۆڤاری پەرلەمان ژمارە(٢) تیشرینی یەکەم١٩٩٢، بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢) پاشکۆی(١)
  31. ^ سالنامة ولایت موصل(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  32. ^ سالنامة ولایت موصل ١٣٢٥(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  33. ^ ساڵنامەی عوسمانی ١٣٩٤ - ١٣٩٨(تورکی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  34. ^ سالنامة ولایت موصل ١٣٢٥(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  35. ^ Levent Ayabakan,"Kürtlerde Tütün Kültürü ve Kürtlerin Tütün Ekonomisinde İngiltere’nin Rolü (18831923)،"VAKANÜVİS-Uluslararası Tarih Araştırmaları Dergisi/ International Journal of Historical Researches, Yıl/Vol. 2016ö 1, Sayı/No. 2 Güz/Fall 2016 ISSN 2149-9535, pp.14-29
  36. ^ 14-29.87, İsmet DEMİR, Uğurhan DEMİRBAŞ,..ve Hacı Osman YILDIRIM
  37. ^ Cengiz Cengiz, Murat BABUÇOĞLU, Orhan ÖZDİL, OSMANLI VİLAYET SALNAMELERİNDE MUSUL, (Ankara: 2005), 212.
  38. ^ سالنامة ولایت موصل ١٩١٢(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  39. ^ سالنامة ولایت موصل ١٩١٢(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  40. ^ سالنامة ولایت موصل ١٩١٢(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.