تەلەفۆن (بە ئینگلیزی: Telephone، لە بنەڕەتدا لە وشەیەکی یۆنانی داتاشراوە) ئامێرێکە کە بۆ گواستنەوەی دەنگ لەڕێگای تەزووەوە بەکاردێت، ئەم ئامێرە لەلایەن زانای بە ڕەگەز ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ مێوچیەوە دروست کراوە ھەرچەندە زۆربەی خەڵک داھێنانی ئامێرەکە دەدەنە پاڵ زانا گراھام بێڵ.

نمونەیەکی تەزدە‌نگ

مێژووی بنیاتنانی ئامێری دەنگگوێزەرەوە

دەستکاری

زانستی دەنگ زانستێکی کۆنە و زاناو فەیلەسوفی یونانی (فیساگۆرس) لەسەر ئەم زانستە قسەی کردوە و توانیویەتی بۆ یەکەم جار یاسایەکی بیرکاری بۆ نووەتە و دەنگەکان دابنێ بە پێ ی لەرەلەرێکی دیاری کراو، گواستنەوەی دەنگ ھەتا سەدەی نۆزدەش بە ھچ شێوەیەک بیری لێنەکراوەتەوە بەڵکو بەھۆی ئامێری تەلەگرافەوە دەتوانرا نامەی شێوەی وێنەیی بە سیگناڵی پچر پچڕ بنێررێت و وەربگیرێت و بە پی ی ڕێسا و یاسایەکی دیاری کراو لێک بدرێتەوە ئەمەش باشترین ھۆکاری گواستنەوەی پەیام بووە، لە ڕاستیدا ھاوسەردەم چەند زانایەک ھەوڵی جۆراوجۆریان داوە تا بتوانن ئەو بیرۆکەیە بگەیننە ئەنجام کە دەنگ بەھۆی وایەرەوە بگوازنەوە چونکە لەو کاتەدا کارەکە ئێجگار دژوار بووە لێرەدا دەتوانم ناوی چەندین زانا و کەسایەتی بھێنم کە بەشێوەی جیاواز ھەوڵیان داوە لەوبوارەدا تا زانای گەورەی ئەمریکی بە ڕەگەز بەریتانی (ئەلێکساندەر گراھام بێڵ) لە ساڵی (١٨٧٦) دا توانی ئامێرێک گەشە پێبدات کە گواستنەوەی دەنگی بەھۆی کارۆموگناتیسییەوە ڕێکدەخست ئەم بیرۆکەیە یەکەم جار بوو پێشنیار بکرێت و بە تەواوی گونجاو بوو لەگەڵ زانستی سەردەمدا لەکاتێکدا پێشتر (Electrical telegraph) ھەبوو کە کاری گواستنەوەی سیگناڵی بەشێوەی وێنەیی بە ئەنجام دەگەیاند ئەم کە ئامێرەش لەلایەن زانای ئیسپانی (فانسیسکۆ سیلفا) لە ساڵی (١٨٠٤) گەشەی پێدرابوو بەڵام کارەبایی بوو دواتر و زانای ڕوسی (Paul Schilling) لە ساڵی (١٨٣٢) دا وای لە ئامێرەکە کردبوو کە گواستنەوەی سیگناڵ بەھۆی کارۆموگناتیسییەوە بێت، گراھام بێڵیش بیرۆکەی کارەکەی لەم ئامێرەیانەوە وەرگرتووە بەڵام نەک بۆ ناردنی سیگناڵی وێنەیی بەڵکو بۆناردنی دەنگ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە بەکارھێنانی تەکنیکە کارۆموگناتیسییەکە، لە داھێنانە نوییەکەدا کە (Telephone)ە بە شێوەیەک سەرنج ڕاکێش و توانا بوو بە تەواوی تەلەگراف لەبیرکرا و تەلەفۆن شوێنی گرتەوە.

چۆنییەتی گواستنەوەی دەنگ لەنێو تەلەفۆندا

دەستکاری

ئەو لەرەلەرەی دەنگ کە مرۆڤ دەتوانێت بیبیستێت یاخود دروستی بکات لە نێوان (٢٠٠ ھێرتز) بۆ (٤ کیلۆ ھێرتز) دایە ھەر بۆیە تەلەفۆن کە بنیات نرا کار لەسەر گواستنەوەی دەنگ دەکات لە نێوان (٣٠٠ ھێرتز بۆ ٣ کیلۆ ھێرتز) ھەتا بتوانێت بێ کێشە دەنگەکە بگوازێتەوە، ھەرچەندە تەواو نەتوانراوە ئامانجەکە بپێکێت بەڵام بەڕادەیەک نزیکە لە دەنگە بنەڕەتییەکە کە تا ئێستا نەبوەتە کێشە بۆ مرۆڤ، ئەگەر دەنگێک لەخوار یاخود لەسەرو ئەو لەرە لەرەوەبێت کە ئاماژەم پێداوە ئەوا پێ ی دەوترێت (out band signal) بێت مرۆڤیش ناتوانێت بەھۆی تەلەفۆنەوە ئەو دەنگانە بنێرێت یان ببیستێت، ھەربۆیە لە کاتی تەلەفۆن کردنیشدا کەمێک دەنگی قسەکەر دەگۆڕێت بەڵام تا ئێستا نەبوەتە کێشە بۆ مرۆڤ.

ئامێری تەلەفۆن

دەستکاری

ئامێری تەلەفۆن وەک ئەوەی ئێستا لەبەر چاوە ئامێرێکە لەبنەڕەتدا بۆ گواستنەوەی دەنگ بەکاردێت لە نێوان دوو کەس یان زیاتردا کە ھەمان تەکنەلۆژیا بەکاردەھێنن و لەسەر ھەمان ھێڵن، بیرۆکەی کارەکەی گواستنەوەی دەنگە بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو ئامێرەکەدا کە بە وایەر پێکەوە بەسراون و بەھۆی ئەو تایبەتمەندییەوە کە ئامێرەکە ھەیەتی دەنگ وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ سیگناڵێک کە توانای گواستنەوەی ھەبێت بە وایەرەکەدا و دواتر لە وەرگرەکەوە کارێک دەکات ئەو سیگناڵە وەرگیراوە دەگۆڕێتەوە بۆ دەنگێک کە بە نزیکەیی ھەمان دەنگە بنەرەتییەکەیە و بە تەواوی گوێگر لێ ی تێدەگات، وشەی تەلەفۆن لە بنەڕەتدا یۆنانیە لە دوو بڕگە پێکدێت کە بڕگەی یەکەمی (Tele) بە واتای (لە دوورەوە) دێت و بڕگەی دووەمی (Phone) بە واتای (دەنگ) دێت.

پێکھاتەکانی تەلەفۆن

دەستکاری

ئامێری تەلەفۆن سادەترین ئامێرە کە لەھەر ماڵیکدا ھەبێت بەجۆریک تا ئێستا ئامێرێک دروست نەکراوە ھێندە سادەبێت و ھێندە بە توانابێت، پێکھاتەی ئامێرەکە تەنھا سێ بەش بووە لە سەرەتادا ئەویش وەرگر و نێرەر سویچێک دواتریش پەپکەیەکی ئاراستەکردنی بۆزیادکرا لە ئێستاشدا جگە لەو چوار بەشە سەرەکییە بەھۆی بەئەلیکترۆنی بوونەوە بەدەیان تایبەتمەندی تری بۆ زیاد کراوە کە بووەتە پێکھاتەی گرنگ لە ئامێرەکەدا، پێکھاتە سەرەکییەکانیش ئەمانەن:

یەکەم (Microphone): نێرەرێکی دەنگییە کە دەنگی قسەکەر دەگۆڕێت بۆ شەپۆلی کارۆموگناتیسی و پێکھاتەیەکی سادەی ھەیە کە تەنھا پێکدێت لە وردەی کاربۆنی لەناو پێکھاتەیەکدایە کە یەکێکە لەجەمسەرەکانی وایەرەکەیە و دەجوڵێت ھۆکاری جووڵەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەرێکی تەنکی بزۆک بەھۆی دەنگەوە کە ناودەبرێت بە (Diaphragm) جەمسەری دووەمی وایەرەکەیە و کاتێک دەنگێک بەرەو ڕووی دێت دەنکە کاربۆنییەکان دەلەرێنێتەوە بەپێ ی بڕی دەنگەکە واتا بەرز و نزمی دەنگەکە و ئەو لەرەیەش دەبێتە زیاد کەمکردنی توانای ئۆمییە و مامەڵەکردن لەگەڵ زیادکردن و کەمکردنی بڕی بەرگرییەکەی ئەمەش وای لێ دەکات وزەی تێپەڕ بوو زیاد و کەم بکات ئەم زیاد و کەمکردنەش بریتی دەبێت لە شەپۆلە دەنگییەکە. دووەم (Speaker): وەرگرێکی دەنگییە بەپیچەوانەی نێرەرەوە ئیش دەکات بەوەی ڕاستەوخۆ شەپۆلی کارۆموگناتیسی دەگۆڕێت بۆ دەنگی مرۆڤ واتا دەنگە نێراوەکە، ھاوشیوەی گوێ ی مرۆڤ تەبڵەیەکی ھەیە بەپێ ی دەنگ دەلەرێتەوە، پێکھاتەکەشی بریتییە لە ناواخنێکی موگناتیسی کە دوو ھەڵپێچراوی کانزایی بە پیچەوانەی یەکەوە لەخۆگرتووە کە ھەر یەکێکیان جەمسەرێکی وایەرەکەی پێوە پەیوەست کراوە کەلەبەرانبەریدا پێکھاتەیەک ھەیە پێ ی دەوترێت (Armature) کە لەکاتی پێ گەشتنی دەنگەکەدا تەشویش ناھێڵێت و کارێک دەکات دەنگەکە با پاکژی بگاتە گوێ لە ناویشدا ھەردوو وایەرەکە دراون لەیەک. سێیەم (Hook switch): سویچێکەش کە ڕێ بە دروستکردنی پەیوەندییەکە دەدات یاخود ڕای دەگرێت تەنھا بە بەرزکردنەوەی یاخود دانانەوەی ھاندەکە، جگە لەوەش بە بەرزکردنەوەی ھاندەکە ئەو زەنگە ئاگادارکردنەوەش دەبرێت کەلەھەموو ئامێرێکی تەلەفۆندا پەیوەستکراوە بە ھاندەکەوە، ئەم سویچەش پاش ماوەیەکی کەم لە داھێنانی تەلەفۆن لەلایەن زانای ھەنگاری (Tivadar Puskás) لە ساڵی ١٨٩٢ دا بۆی زیاد کرد و کردی بە دەروازەیەک بۆ چونە ناو تۆڕەکە یاخود پچڕاندنی تۆڕەکە. چوارەم (Frequency Generator): پێکھاتەیەکی بنەڕەتە لە تەلەفۆنداو بۆ کاری پەیوەست بوون لەسەرەتادا (Rotary) بوو کە بازنەیەکی پێوانەکراوە ژمارەکان بەسوڕاندنی ئەو بازنەیە داغڵ دەکرا و بۆ دەست نیشانکردن و ئاراستەکەردنی پەیوەندییەکە تەنھا ڕێگا بوو بەڵام ئێستا بوو بە (Button) دوگمەی ژمارەکان کە بۆردێکە کە لە دوگمە پێکھاتووە بۆ جیبەجێکردنی دەست نیشانکردنی لەرەلەرێک کە ئێمە بە داغڵکردنی ژمارەیەکی دیاری کراو جێبەجێ ی دەکەین.

پێنجەم (Hybrid coil): سێ ھەڵپێچراون لەسەر سێ ناواخنی جیاواز کە کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەیان ھەیە لە ئامێری تەلەفۆندا بەوەی ڕێ دەدات بە بەکارھێنەر لەیەک کاتتدا قسەبکات و گوێشی لە قسە بێت واتا (Full duplex)ە، ئەم پێکھاتەیە ھەر بە بواری کارۆموگناتیسی کاردەکات و ھەردوو ھێڵی ھاتوو ڕۆشتووی تێدا کۆدەکرێتەوە و دەکەویتە نێوان وەرگر و نێرەرەوە، کاتێک ئەم پێکھاتەیە بوونی نەبێت ئەوا دەنگی قسەکەر ڕاستەوخۆ دەگەڕیتەوە بۆ گوێ ی خۆی ناھێلیت دەنگی بەرامبەر بگات پێت. شەشەم (Ringer): پێکھاتەیەکی ترە لە تەلەفۆندا کە لەڕاستیدا گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بەڵام پێکھاتەیەکی سەرەکیش نییە ئەویش زەنگ لێدەرێکە کە بازنەیەکی کارەبایی سادەی ھەیەو بە تەزووێکی کەمی (AC) چالاک دەبێت لەکاتێکدا کە کەسێک ئەو ژمارەیەی تۆی داخڵ کردبێت بێگومان ژمارەکەش لەرەلەرێکە کە زەنگەکەی لەسەر چالاک دەبێت و بەھەڵگرتنی ھاندەکە کۆتایی دێت.

مێژووی تەلەفۆن

دەستکاری

لە ساڵی (١٨٧٦)دا زانا (گراھام بێڵ) لە ئەمریکا داوای کرد ئەستۆپاکی داھێنانی پێ ببەخشرێت بەرامبەر ئەو ئامێرەی کە دای ھێناوە و سەرەتا ناوی نابوو (Talking Telegraph) کەدواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ تەلەفۆن، بێگومان ئەستۆپاکی وەرگرت و بوو بە خاوەنی ئەو داھێنانە و لە ساڵی (١٨٧٧) دا کۆمپانیایەکی دامەزراند بۆ ئەو بوارە بە ناوی (Bell Telephone Company) و سیستەمێکی پەڕەپێدا بە ناوی (Bell System) لە ساڵی (١٨٨٩) دا بۆیەکەم جار تەلەفۆنی لەناوکۆشکی سپیدا جێگیرکرد و دواتر ھەموو ئەمریکا و بەشێک لە کەنەدای بەو سیستەمە پێکەوە گرێدا، کۆمپانیاکەی ئێستاش بە ناوی کۆمپانیای (AT&T) ناوبانگی دەرکردوەو گەورەترین کۆمپانیای گەیاندنە لە سەرتاسەری جیھاندا و تا ئێستا چەندین داھێنانی ناوازەی پێشکەش بەمرۆڤایەتی کردوە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆمپانیاکە تا ساڵی (١٩٧٠) سێ جۆری زۆر دیار و بەرچاوی لە تەلەفۆنی جێگیر دروست کردوە و پێکھاتەکانی تەلەفۆنەکەش بە پێ ی سەردەم گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە بەجۆریک لە ھەر جۆرێکیاندا زیاد لە داھێنەرێک بیرۆکەکەیان تێدا جێگا کردوەتەوە.

جۆرەکانی تەلەفۆن

دەستکاری

تەلەفۆن لە جۆری (Candlestick)

دەستکاری

ئەمە یەکەم جۆری تەلەفۆنە کەلەسەر مێزێک دادەنرێت و وەرگر و نێرەرە ھەر یەکەیان دوو پێکھاتەی جیاوازن و نێرەرەکە جێگیرە و لەبەردەم قسەکەردا دادەنرێت بەڵام وەرگرەکە بە ویستی بەکارھێنەر دەجوڵێنرێن دەنرێت بەگوێ و و لەسەر سویچەکە دادەنرێتەوە کاتێک پەیوەندییەکە کۆتایی دێت و کاتیکیش دوای زەنگ لێدان بۆ گرێدانی پەیوەندییەکە لەسەر سویچەکە ھەڵدەگیرا و بەگوێ و دەنرێت و ئەویش شێوە ھاندێکە و لەسەر توڵێکە وەک (شوێنی مۆم) وایە لەسەر مێزێک دانراوە کە لە بنەکەکەشیدا بازنەیەکی پیوانەکراو دانراوە بۆ داخڵکردنی ژمارەی کەسی بەرامبەرە و لەلایەن (Almon Brown) و لە ساڵی (١٨٩١) و داھێنرا، ئەم جۆرە لە تەلەفۆن بەشێوەیەکی گشتی لە ساڵی (١٨٩٠ و ھەتا ١٩٤٠) باو بووە.

تەلەفۆن جۆری (Rotary dial)

دەستکاری

پاش ئەوەی کۆمپانیاکان دەستیان کرد بە بەرھەمھێنانی ئامێری تەلەفۆن لە ساڵی (١٩٣٠) بەدواوە جۆری یەکەم لە تەلەفۆن بەتەواوی وازیان لەبەرھەم ھێنانی ھێنا و ھەردوو پێکھاتەی (Speaker) و (Microphone) کران بە یەک و (Handset) دروست کرا و لەسەر سویچەکە دادەنراو بەرز دەکرایەوە کە بازنە بزۆکە پێوانەکراوەکەی (Rotary dial) لەسەر بوو بەم کارەش ئامێری تەلەفۆن بچووک کرایەوە، ئەم شێوە لە تەلەفۆن ماوەیەکی زۆری نەخایاند و بەھۆی گلەیی کردنی بەکارھێنەران لە بەکارھێنانی پەنجەیان و سووڕاندنی بازنە بزۆکەکە ئەوا تەکنیکی (Push-button) ھاتە کایەوە.

تەلەفۆنی جۆری (Push-button)

دەستکاری

ئەم جۆرە لە تەلەفۆن لە ساڵی (١٩٦٣) بۆ یەکەم جار کۆمپانیای (AT&T) و خرایە بەردەست بەکارھێنەران کیبۆردی تایبەتی (DTMF) بەکارھێنا کە کورتکراوەیەکە بۆ (Dual-tone multi-frequency signaling) و ستانداردێکی جیھانییە و لە سفر بۆ نۆ لەگەڵ دوو دوگمەی تردا (ئەستێرە و ھاش) بەشێوەیەکی ستاندارد جێگیرکراون و بە تەواوی بووە جێگای گرنگی پێدانی بەکارھێنەران بەھۆی ئاسانی لەبەکارھێنان و خێرایی لە جێبەجێکردندا سەرباری ئەوەی ژمارەکان ھەر یەکەیان پێناسەیەک بوو بۆ لەرەلەرێکی دیاری کراو، بەڵام لەم جۆرە تەلەفۆنەشدا شێوە کلاسیکییەکەی تەلەفۆنی (Rotary) ھەر وەک خۆی مایەوە لەگەڵ بەکارھێنانی ڕەنگە جۆربەجۆرەکان.

چۆنییەتی کارکردنی تۆڕی تەلەفۆن

دەستکاری

تەلەفۆن تەنھا لە بنەڕەتتدا بەھۆی (Cable) دەگوازرێتەوە ئەم کارەش تا ئێستا ھەمان تەکنیکە و تاکە دڵنیاکەرەوەیە کە بەردەوام لەسەر ھێڵی گەرم بمێنیتەوە، تۆڕی تەلەفۆن بە خزمەتگوزاری جیھانی PSTN)) کە کورتکراوەی (Public Switched Telephone Network) لەکاردایە ڕابەرایەتی تۆڕی پەیوەندی تەلەفۆنی ((CSP کە کورتکراوەی (Communications Service Provider) جێبەجێکاری سەرەکی داڕشتنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە ئەمەش کۆمپانیایەکە کەسەرەتا لە ساڵی (١٨٨٠) دا لەلایەن سێ کەسەوە بنیات نراوە ھەردوو زانای گەورەی جیھانی (گراھام بێڵ) و (تۆماس ئەدیسۆن) و ھەروەھا کەسێک ترە بەناوی (Allen Gower) کە لە ساڵی (١٨٨٥) دا کۆچی دوایی کردوە، ئێستا لە ھەموو شوێنێکی دنیادا ھاوشێوەی ھەیە بۆ دابینکردنی ھێڵی تەلەفۆن، و ھێڵی تەلەفۆن ھاوشێوەی تۆڕی ئینتەرنێتە کەڕێ دەدات بەسەدان و ھەزاران ئامێری تەلەفۆن لەسەر بنەمای سویچین پێوەی پەیوەست بن، ئەم تەکنیکە بە ھیچ شێوەیەک شیاوی گۆڕانکاری نییە تەنانەت پاش دامەزراندنی چەندین تەکنیکی ھەوایی و بێ تەل بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت پەنا ببرێتەوە بە ھێڵی وایەر ھەتا بەمسۆگەری و بەو پەڕی خێرایییەوە بگوازرێتەوە، ئەم تۆڕە لەبنەڕەتتدا بەھۆی تەکنیکی گواستنەوەی وزە بەشێوەی لەرەلەری ئەنەلۆگی کاردەکات و پاش دروستبوونی ترانزستەر و بەرھەمھێنانی تەکنیکی دیجتاڵی ئیتر تۆڕەکە وردە وردە گەشەکردنی بەخۆوە بینی بە تایبەتی پاش ساڵی (١٩٦٠) لەڕوی تۆڕەوە گەورەترین گۆڕانکاری ھاتە کایەوە و ڕووبەری پێکەوە بەستن و ئازادی لە بەکارھێنانیدا سنوورە نێودەوڵەتییەکانی تێپەڕاند، خۆی لە بنەڕەتدا دامەزراندنی ھێڵێکی تەلەفۆن لە سنوورێکی دیاریکراودا کارێکی ئاسانە و ھەر کەسێک لە ماڵی خۆشیدا دەتوانێت ئەم کارە بکات بە تەنھا بەستنەوەی دوو ئامێری تەلەفۆن کردن پێکەوە و بوونی سەرچاوەیەکی شەش تا دوازدە فۆڵتی (DC) بە توانای سی میلی ئەمپێری یاخود بە پێ ی ئەو ئامێرەی کە تۆ بەکاری دەھێنیت کە لەوانەیە خۆی شوێنی تایبەت بە وزەی ھەبێت و کارەکە بەو پەڕی ئاسانییە بەڕێ دەکرێت، کاتێکیش لە نێوان ھەردوو ئامێرەکەدا بەرگرییەکی (٣٠٠) بۆ (٤٠٠) ئۆمی دەبەسرێت، بەڵام ئەگەر بتەوێت پەیوەست بیت بە تۆڕە گشتییەکەوە ئەوکاتە چی بکەین؟ لە ھەموو جیھاندا کۆمپانیایەکی نیشتمانی ھەڵدەستێت بە دابینکردنی ئەو ھێڵە نیشتمانییە بە بڕێکی کەمی تێچوون ھەر کەسێک دەتوانێت پەیوەست بێت پێیەوە، بە بەژداریکردنی ھەر کەسێک دەبێتە خاوەنی ناسنامەیەک کە ھیچ کەسێکی تر ئەو نازنامەی نییە و دووبارە نابێتەوە، ئایا ئەم ناسنامەیە چییە؟ ئەم ناسنامەیە بریتییە لە چەند ژمارەیەک کە لە نێوان (٠ تا ٩) دایە و ھەر یەکێک لە ژمارەکان تایبەت کراوە بە شتێک بۆ نموونە ژمارەی یەکەم دووەم و سێیەم ھێمای ئەو شارەیە تێیدا دەژیت و ژمارەی دووەم ژمارەی ئەو بەشەی شارەکەیە بۆ نموونە ڕۆژھەڵات یان ڕۆژاوا و ژمارەی دواتر ژمارەی کۆڵانەکەتانە ھەتا دوا ژمارە کە پێناسەیەک دەبێت بۆ خودی ھێلەکەی تۆ، ئەم ژمارەیەش بە ھیچ شێوەیەک دووبارە نابێتەوە و لە ھەر شوێنێکەوە ئەو ناسنامەیە لێ بدرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکە گرێ دەدرێت، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا چۆن ئەم ھەموو ژمارەیە تێکەڵ نابن؟ لە ڕاستیدا ژمارەکان لەبەر ئەوەی دووبارە نابنەوە کەواتە ھەموو ھێڵێک بۆ بەکارھێنان خاوەنی لەرەلەرێکی خۆیەتی بە لێکدانی ئەو ژمارانە لەیەکتر کە ژمارەی تەلەفۆنەکەتە ژمارەی ئەو لەرەلەرەت دەست دەکەوێت کە ئامێرەکەی تۆی پێ دەناسرێتەوەو ھەر ئەو لەرەلەرەش کەتۆ پێت وایە ژمارەیەکە بۆ تەلەفۆنەکەت، لەڕاستیدا ئەو ژمارەیە پێناسەیەکە بۆ کارکردنی ھێڵەکەت. ھێڵی تەلەفۆن کاتێک دەگات پێت بەدوو وایەر دێت و ڕاستەوخۆ بە ئامێرەکەوە دەبەسرێت لەوانەیە لە دووری سەد مەترێک زیاتر یان کەمتر بۆکسێک ھەبێت کە وایەرەکانی تۆی پێوە پەیوەست کراوە ھەر لەم بۆکسەوە کاری جیاکردنەوە بۆ ھێڵەکان دەستەبەرکراوەو ھەرکەسەو خاوەنی ھێڵێکی تایبەتە تا دەگاتە گۆڕێنەری ناوەندی، ئەو دەنگەی تۆ دەینێریت و ئەو دەنگەی وەری دەگریت بەھۆی وایەرەکەوە بەسراویشە بە پێکاتەیەکەوە بەناوی (Digital Contractor) کە کاری سویچین دەکات، کاری سویچینیش لەسەرەتای بەرھەمھێنانی تەلەفۆندا دەبوایە کارمەندێک ئەو کارەت بۆ ڕێک بخات بەڵام بەپێ ی کات ئەو تەکنیکە بوو بە ئۆتۆماتیک و لە ئێستادا خودکاری ئاراستەی ئەو ژمارەیە دەکرێیت کە مەبەستە پێوەی پەیوەست بیت.

گۆڕانکاری نێوان نەوەی نوێی تەلەفۆن لەگەڵ نەوەی کۆنی تەلەفۆن

دەستکاری
  • یەکەم: لە تەلەفۆنە سەرەتایییەکاندا گەورەترین کێشە گەڕاندنەوەی دەنگی قسەکەر بوو بۆ گوێ ی خۆی کاتێک قسەی دەکرد، بەڵام لە تەلەفۆنە نوێیەکانی دواتردا ئەم کێشەیە چآرەسەر کرا بەھۆی دانانی کۆیلێکەوە (Duplex Coil) و چیتر دەنگ نەدەگەڕایەوە بۆ گوێ ی قسەکەرەکە، لە تەلەفۆنە نوێیەکانیشدا بەھۆی دانانی تەنھا (bridge)یان (Chip)یاخود تەنھا (IC)ی بچووکەوە کەلە پێکھاتەی وردی ئەلیکترۆنیدایە کێشەکە بەتەواوی بنبڕکراوە.
  • دووەم: لە تەلەفۆنە سەرەتایییەکاندا کاتێک بەکارھێنەر بیویستایە پەیوەندییەک ئەنجام بدات ئەوا بە بەرزکردنەوەی ئەو پێکھاتەی کە دەنگی دەگواستەوە گڵۆپێک لە بدالە (گۆڕێنەر) دادەگیرسا کە ناوەندێک بوو بەناوی (Telephone exchange) و کارمەندێک دەبوایە بھاتایەتە سەرھێڵ لەگەڵ تۆدا و تۆش داوای ژمارەیەکی دیاریکراوت دەکرد و ئەویش تۆی بەھۆی بوونی چەندین شوێنی لێدانی وایەرەوە ئاراستەی داواکراوەکە دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەو کارە خودکارییە و ھیچ کەسیک نییە لەنێوان تۆ و داواکراوەکەدا، بەڵکو ئۆتۆماتیکی بەھۆی دەزگایەکی ناوەندی ئەلیکترۆنی گەورەوە خۆکارانە ئاراستەی ئەو ژمارەیە دەکرێیت کە داوات کردوە.
  • سێیەم: گواستنەوەی شەپۆلەکان بە سیستەمی ئەنەلۆگ و بەجۆرێک لە (Cable) دا دەگوازرانەوە کە ئێستا کەمترین بەکارھێنانی ھەیە چونکە توانای گواستنەوەی داتای تێدا سنوورداربوو، بەڵام لە تەکنیکی نوێدا ھێڵێکی تایبەت بۆ ماڵان تا وێزگە بچووکەکان بەکاردێت و لەوێشەوە بۆ وێزگە گەورەکان جۆرێک لە کەیبڵی فرەتاڵ بەکاردێت و لە کۆتاییدا بە ھێڵی تیشکی (Fiber Optic) و تەکنەلۆژیایی دیجتاڵی ھەموو جیھانی پێکەوە گرێ دراوە و ئەو سیستەمەی بەکاردەھێنرێت بۆ گواستنەوەی داتاکەو بە تەواوی دیجیتاڵییە و پشت لە گواستنەوەی شەپۆلی ئەنەلۆگ کراوە.
  • چوارەم: لەکاتی بە ئامانج گرتنی ژمارەیەکدا لە ئامێرە کۆنەکاندا بە پەنجەیەک پەپکە بزۆکەکە دەگەڕێنرا ھەتا ژمارەی مەبەست و دواتر دەستی لێ ھەڵدەگیرا دەگەڕایەوە شوێنەکەی خۆی، ئەم کارە تەنھا ١٠ ھێرتز لەرەلەری ئاراستە دەکرد و کارەکە تا ڕادەیەک ورد نەبوو و تەنھا لە ژمارە (٠ تا ٩) دەکرا بەئامانج بگیرێت و پێ ی دەوترا (Pulse dialing)، بەڵام لە تەکنیکە نوێیەکەدا کە بە (Touch-tone dialing) ناودەبرێت دەتوانرێت تەنھا لەسەر یەک دوگمە دوولەرەلەری جیاواز ئاراستە بکرێت بەتەنھا یەک جار دەست داگرتن لەسەری.

لە ڕۆژی یازدەی مانگی شەشی ساڵی (٢٠٠٢) دا کۆنگرێسی ئەمریکی بڕیاریدا شەرەفی داھێنانی تەلەفۆن ببەخشێتە کەسێکی بەڕەگەز ئیتاڵی بەناوی (ئەنتۆنیۆ میوچی) کە لە ساڵی (١٨٨٩) داو لە تەمەنی ھەشتاوییەک ساڵیدا کۆچی دوایی کردوە، گوایا ئەم کەسە بە بەراورد بە (ئەلێکساندەر گراھام بێڵ) بیست ساڵ پێشتر ئەم داھێنانەی کردوە بەڵام بەھۆی کەم دەرامەتییەوە نەیتوانیوە بیخاتە بەرچاو.

سەرچاوەکان

دەستکاری