قەزای پشدەر یەکێکە لە قەزاکانی ئیدارەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی قەڵادزێیە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ١٤٨،٩٣٩ کەسە.[٣]

قەزای پشدەر
بە عەرەبی: قضاء بشدر
بە ئینگلیزی: Pshdar District
نەخشەی سەرەوە:
نەخشەی قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانیدا
(سوور)
نەخشەی خوارەوە:
نەخشەی کارگێڕی قەزای پشدەر
Map
قەزای پشدەر
پۆتانەکان: 36°15′38″N 45°07′07″E / 36.26058°N 45.11873°E / 36.26058; 45.11873پۆتانەکان: 36°15′38″N 45°07′07″E / 36.26058°N 45.11873°E / 36.26058; 45.11873
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
ئیدارەئیدارەی ڕاپەڕین
مەڵبەندقەڵادزێ
ژمارەی ناحیەکان٦
ژمارەی گوندەکان٢٥٦
بوون بە قەزا١٨٥١
دەسەڵات
 • قایمقامبەکر بایز
ڕووبەر
 • قەزا١٤٠٨ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٥٤٤ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٦٣٠ مەتر (٢٬٠٧٠ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٣٢٥٣ مەتر (١٠٬٦٧٣ پێ)
نزمترین بەرزایی
٤٨٨ مەتر (١٬٦٠١ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا١٤٨،٩٣٩
 • شاری
١١٠،٩٨٣
 • لادێیی
٣٧،٩٥٦
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

قەزای پشدەر لە ساڵی (١٨٥١)ەوە درووستکراوە ئەوکات ناوی قەزای مەرگە بووە ناوەندەکەی گوندی مەرگە بوو. ئەم قەزایە پێکھاتووە لە شەش ناحیە:[٤]

ناوی قەزای پشدەر لە مێژوودا چەندین ناوی ھەبووە:

  • لە سەردەمی کۆنەوە تا ئەمڕۆ چەند جارێک گۆڕانکاری بە سەر ناوی پشدەردا ھاتووە، لە کۆندا بە پشدەر وتراوە (نامری)، ناوھێنای پشدەر بە نامری لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازدا ئەوە دەخاتەڕوو کە لە سەردەمانێکی کۆندا، ناوچەکە بەو ناوە ناسراوە.[٥]
  • قەزای پشدەر لەسەردەمی میرنشینی باباندا بە ناوچەی پشدەر ناوی ھەبووە.
  • لەسەردەمی عوسمانیدا سەرەتا ناوی ناحیەی پشدەر بووە، دواتر قەزای پشدەر، ئینجا قەزای (معمورةالحمیدیة) بە ناوی عەبدولحەمیدی دووەمەوە ناونرا بە لابردنی ناوبراو ناوی قەزاکە بووە (معمورة).
  • لە سەردەمی پاشایەتیدا ناوی بووە قەزای پشدەر تاوەکو ئێستاش.

چەند بۆچوونێک ھەیە لەسەر ناوی پشدەر:

  • بە پشدەر وتراوە (شیدەر) (پشتدەر)، (شیدەر) لە زمانی پەھلەویدا بە واتای نوورو ڕۆشنای ھاتووە.
  • ناوی پشدەر پێ دەچێت لە (پشت دەر)ەوە ھاتبێت، بەواتە پشت (دەر) یا ئەو دەربەندەی کە زێی بچووکی بە ناودا ڕەت دەبێت و (چیای کێوە ڕەش) و (ئاسۆس) لێک جیا دەکاتەوە، ھەر ئەو دەربەندەش ناوچەی پشدەر بە ناوچەی (بیتوێن) بە یەکەوە گرێ دەدات. وشەی (دەر) لە وشەی (دەرە)ی زمانی تورکییەوە وەرگیراوە کە واتای دەربەندە.
  • ھەروەھا گوتراویشە کە ناوی پشدەر بە (بشتیر) ھاتووە، ئەمەش گوندێکە و ناوی گوندەکەش (پشت دەربەندە).[٦]

جوگرافیا

دەستکاری

قەزای پشدەر ھاوسنوورە لەگەڵ؛

ڕووبەر

دەستکاری

ڕووبەری ئەم قەزایە (١٤٠٨کم٢)یە لە (٦٫٩٧٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.[٨]

دانیشتوان

دەستکاری

تەواوی دانیشتوانی ئەم قەزایە کوردن، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دانیشتوانی ئەم قەزایە (١٤٨،٩٣٩)کەسە.[٩]

سەردەمی بابانەکان

دەستکاری

بابانەکان پێش بونیادنانی سلێمانی مەڵبەندی حوکمرانیان لە چەند ناوچەیەک بووە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

  • قەڵاچوالان: دەکەوێتە دامێنی شارۆچکەی چوارتا و سەر رووباری قەڵاچوالان, مێژووی زۆر کۆنە, لە ساڵی ١٦٦٩-١٧٨٤ بۆ ماوەی ١١٥ ساڵ مەڵبەندی فەرمانرەوای میرانی بابان بووە. شارێکی گەورە و گەشاوە و مەڵبەندی زانین و زانایانی ئەو سەردەمە بووە.[١٠]

ئەم مێژووە دەرخەری ئەوەیە کەوا قەزای پشدەر مەڵبەندی بابانەکان بووە و ناوچەیەکی ئاوەدان بووە لە ڕووی کارگێڕییەوە.

سەردەمی عوسمانیدا:(١٨٥١-١٩١٨)

دەستکاری

پارێزگای سلێمانی تا نیوەی سەدەی نۆزدەھەم خوودی میرنشینی بابان بوو لە سنووری ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا، ناوەندی ئەم میرنشینە سەرەتا لە قەڵاچوالان بوو. پاشان لە ساڵی (١١٩٩ک - ١٧٨٤ز)دا ئیبراھیم پاشای بابان فەرمانی دروستکردنی ناوەندێکی تازەی بۆ میرنشینەکەدا، پایتەختی گواستەوە بۆ شارە تازەکە و ناوینا سلێمانی، ئەم میرنشینە لە ساڵی ١٨٥١ز دا کۆتایی پێھات و بچووککرایەوە بۆ لیوا و لکێندرا بە ئەیالەتی شارەزوورەوە.[١١]

* لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩)

دەستکاری

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بوو، وە لەڕووی دابەشی کارگێڕییەوە ھەر لیوایەک لە چەند قەزایەک پێکھاتبوو یەکەی ناحیە بوونی نەبوو لەبەرئەوە قەزاکان فرە ناوەند بوون، قەزای پشدەر لەو دەمەدا ئەم ناوەی ھەبوو(پشدەر، ھۆزی مەنگوڕ، مامەش، ڕەمەک) ناوەندەکەشی (پشدەر، ناودەشت) بوو. لیوای سلێمانی لەو کاتەدا لە (١٧) قەزا پێکھاتبوو.[١٢]

* لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا

دەستکاری

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا.
  2. ئاڵوگۆڕی نێوان ھەرسێ لیواکانی سلێمانی، کەرکووک و ڕەواندز. (قەزای پشدەر) لە لیوای سلێمانی دابڕێندراو خرایە سەر لیوای ڕەواندز و لەبری ئەو قەزای شوان لە لیوای کەرکووک دابڕێندراو خرایە سەر لیوای سلێمانی.[١٣]

* لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا

دەستکاری

لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ.

لەم ماوەیەدا قەزای پشدەر کرا بە ناحیەی پشدەر، ناحیەی پشدەر خرایە سەر لیوای سلێمانی و شوێنی ھۆزەکانی(مەنگوڕ و مامش و ڕەمەک) لە پشدەر جیاکرایەوە و خرایە سەر قەزای ڕانیە و ناحیەی شوانیش گەڕایەوە سەر سنجاغی شارەزوور. ناحیەی پشدەر سەر بە قەزای مەرگە بوو، لیوای سلێمانی لەم کاتەدا لە حەوت قەزا پێکھاتبوو.[١٤]

 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٩٤دا

لە ساڵی ١٩٠٧دا قەزای مەرگە ناوی گۆڕا بە قەزای معمورة الحمیدیة بە ناوی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و ناوەندەکەی لە گوندی مەرگەوە گواسترایەوە بۆ شارۆچکەی قەڵادزێ، پاش لابردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ساڵی ١٩٠٨دا لە دەسەڵات ناوی قەزاکە بووە قەزای مەعمورة.

 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٩١٢دا

لە سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨)

دەستکاری

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی(٥) ئەندام وەکو نوێنەری لیواکە لە ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقدا(المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نیوان عێراق - تورکیا لە سەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی ١٩٢٥ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق،[١٥] ئەم سەردەمەش دابەشی سێ قۆناغ دەکرێت.

* لە نێوان ساڵانی(١٩١٨ - ١٩٣٦)دا

دەستکاری

ھەڵوەشانەوەی قەزای مەعمورە و لکاندنی ھەردوو ناحیەی (پشدەری ١) و (پشدەری ٢) بە قەزای شارباژێڕەوە.

بەم شێوەیە لیوای سلێمانی لە سییەکاندا لە(٣)قەزا و (١١) ناحیە پێکھاتبوو.

 
نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا

* لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦ - ١٩٤٧)دا

دەستکاری

حکومەت لەم قۆناغەدا سەرلەنوێ (قەزای پشدەر)ی ھێنایە کایەوە بە دابڕانی لە قەزای شارباژێڕ، بەم شێوەیە لیوای سلێمانی لە (٤)قەزا و (١٠) ناحیە پێکھاتبوو.[١٦]

 
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧دا

* لە نێوان ساڵان(١٩٤٧ - ١٩٥٨)

دەستکاری

لەم ماوەیەدا قەزای پشدەر وەک خۆی مایەوە و ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھات. لە ھەردوو (ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر و ناحیەی بنگرد) پێکھاتبوو.[١٧]

 
نەخشەی قەزای پشدەر لە ساڵی ۱۹٤۷دا

لە سەردەمی کۆماریدا (١٩٥٨ - ١٩٩٠)دا

دەستکاری

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم پارێزگایە تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان. ئەم سەردەمە دابەشی پێنج قۆناغ دەکرێت.[١٨]

* لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٦٥)

دەستکاری

لەم ماوەیەدا قەزای پشدەر وەک خۆی مایەوە و ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھات. لە ھەردوو ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر و ناحیەی مەرگە پێکھاتبوو.

* لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥ - ١٩٧٧)

دەستکاری
  1. دابڕانی ناحیەی مەرگە لە قەزای پشدەر و لکاندنی بە قەزای ڕانیەوە، بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٦٠) لە ٨\١١\١٩٧١دا و دابڕانی ناحیەی ناودەشت لە قەزای ڕانیە و لکاندنی بە قەزای پشدەرەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٦١) لە ٨\١١\١٩٧١دا.
  2. ھێنانە کایەی ناحیەی ھێرۆ بە دابڕانی (٢٣) کەرت لە ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٦) لە ٢٣\١\١٩٧٢دا.[١٩]

لەم ماوەیەدا قەزای پشدەر پێکھاتبوو لە سێ ناحیە(ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر، ناحیەی ناودەشت و ناحیەی ھێرۆ).

 
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٧دا.jpg
 
نەخشەی قەزای پشدەر لە ساڵی ۱۹۷۲دا

* لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧ - ١٩٨٦)دا

دەستکاری

ھەڵوەشاندنەوەی ناحیەی ھێرۆ و لکاندنی ھەموو کەرتەکانی بە ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەرەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٠٣) لە ٣\١٠\١٩٧٩دا.

 
نەخشەی قەزای پشدەر لە ساڵی ۱۹۷۹دا

* لە نێوان ساڵانی(١٩٨٨ - ١٩٩٠)دا

دەستکاری

دوای وەستاندنی شەڕی ئێران و عێراق لە (٨-٨-١٩٨٨) ڕژێمەکەی (سەددام) لە (٢٠-٦-١٩٨٩)وە دەستی کرد بە ڕاگواستنی شاری قەڵادزێ و تەواوی قەزای پشدەر بۆ ئۆردوگاکانی خۆرئاوای ھەولێر(ئۆردوگای خەبات) و خۆرئاوای سلێمانی(ئۆردوگای بازیان) کەوا دوای چۆڵکردنی شارەکە و ناوچەکە لە ھاوڵاتیان بە بەکارھێنانی ماددەی (TNT) سەرجەم خانووبەرە و قوتابخانەو مزگەوتەکانی شارو ناوچەکە تەقێنرانەوە و خاپورکران و ناوچەکەش بە (ارض الحرام ویا محرمە واتە: خاکی حەرام و قەدەغەکراو) دانرا.[٢٠]

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم

دەستکاری

* لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

دەستکاری

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

* لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:

دەستکاری
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[٢١]
  2. قەزای پشدەر دروستبووەوە و پێکھاتبوو لە (٣) ناحیە، ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر، ناحیەی ناودەشت و ناحیەی ھێرۆ.
  3. ھێنانە کایەی ھەر دوو ناحیەی ژاراوە و ناحیەی ھەڵشۆ لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە دابڕانیان لە کەرتەکانی ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر و ناحیەی ناودەشت و ناحیەی ھێرۆ بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(ئیدارەی سلێمانی).

* لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٣ - ٢٠١٥)دا:

دەستکاری
  1. ھێنانە کایەی ناحیەی ئیسێوە بەدابڕانی (٣٦) کەرت و گوند لە ناحیەی ھێرۆ، پشتبەستن بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەرزیران، ژمارە (١١٠)، لە بەرواری (٢-٣-٢٠٠٥).
  2. قەزای پشدەر بوو بە بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین.
  3. لە کابینەی شەشەم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٠٨٤) رۆژی (٢/٥/٢٠١١) بریاری دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و ھەڵەبجە و سۆران و زاخۆ دەرچوو سەرۆکی ھەرێمی بە نوسراوی ژمارە (١٦٥٠) لە بەرواری( ٨/٢/٢٠١١) ڕەزامەندی لەسەر دەربری لە (١/٣/٢٠١٢) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە فەرمانی ھەرێمی ژمارە (٥٧)سەرپەرشتیاری بۆ ئیدارەی راپەرین دەستنیشان کردو لە (٥/٣/٢٠١٢) لە رۆژی ساڵیادی راپەرینی پر شکۆی خەڵکی کوردستان لەبەردەمی کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان و خەڵکی ڕانیە و دەڤەرەکە لەلایەن بەرێز پارێزگاری سلێمانیەوە فەرمانی دەست بەکاربوونی درایە.[٢٢]

ئاوھەوا

دەستکاری

ئاوھەوای قەزای پشدەر، بە زۆری لە ئاوھەوای ناوچەکانی سەر دەریای ناوەڕاست ئەچێت، پلەی گەرمای لەوەرزی ھاویندا دەگاتە (٣٩) پلەی سەدی، بەڵام ھەندێک ساڵ بەرزترین پلەی گەرما لەھاویندا سنوری (٤٥) پلەی سەدیش تێدەپەڕێنێت.

قەزای پشدەر سروشتێکی جوانی ھەیە و چەندین ناوچەی گەشتیاریی تێدایە، کە بوەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و لەوەرزەکانی بەھار و گەرمادا، خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، زۆربەی ھاوڵاتییەکانی قەزای پشدەر سەرقاڵی کاری کشتوکاڵکردن و باخداری و ئاژەڵدارین، ھاوکات بەھۆی ئەوەی ناوچەکە دەکەوێتە سنوری نێوان عێراق و ئێران، بەشێک لە دانیشتوانەکەی کاری بازرگانی دەکەن.[٢٣]

ڕووەکی سروشتی و دارستان

دەستکاری

ھەموو ئەو ڕووەکە سروشتیانە دەگرێتەوە، کە لە شێوەی گژووگیای سروشتی لە ڕوبەرێکی فراوان لە ناوچە دەشتایی و گردوو دۆڵەکاندان، ھەروەھا لەنێوان پشتێنەی دارستانە کراوەکان و لە ناوچەی چیاکان گەشە دەکەن، لە شێوە و قەبارەی جیاواز دەردەکەون، گژوگیا سەرچاوەی خۆراکی گرنگە بۆ ئاژەڵان و گیانلەبەرانی وشکانییەکان.

ڕووبەری پشتێنەی گژوگیا لە قەزای پشدەر نزیکەی (١٩١٫٥)کم٢، ئەوەش دەکاتە (١٣٫٦٪)ی سەرجەمی ڕووبەری قەزاکە، لەم ڕووبەرەش ناحیەی ژاراوە، بە(٤٨٫٦)کم٢ (٢٥٫٤٪)ی سەرجەمی پشتێنەی گژوگیا لە خۆ دەگرێت، ھەریەکە لە ناحیەی ناودەشت، ناحیەی ئیسێوە، ناحیەی ھەڵشۆ، ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر، ناحیەی ھێرۆ)، بە(٣٤٫٦، ٣٣٫٦، ٢٨٫٢، ٢٥٫٢، ٢١٫٣)کم٢، ڕێژەی(١٨٫١، ١٧٫٥، ١٤٫٧، ١٣٫٢، ١١٫١٪)ی سەرجەمی ئەم پشتێنەیەی ڕووەکی سروشتی لەخۆیان دەگرن.

ڕوبەری دارستانی سروشتی لە قەزای پشدەردا ، نزیکەی (٧٠٣٫٥)کم٢، ئەوەش دەکاتە(٤٩٫٩٪)ی سەرجەمی ڕووبەری قەزای پشدەر، لەم ڕووبەرەش نزیکەی (٧٦٫٥٪)ی دەکەوێتە ھەردوو ناحیەی ناودەشت و ناحیەی ژاراوە یەک بە دوای یەک دەگاتە (٤٢٦٫٧ - ١١١)کم٢، ناحیەی ھەڵشۆ بەپلەی سێیەم دێت بە (٧٨٫٢)کم٢، لە (١١٫١٪)ی سەرجەمی ڕووبەری دارستانی قەزاکە پێک دەھێنێت، ھەریەکە لە ناحیەی ھێرۆ، ناحیەی ئیسێوە و ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر بە (٤٧٫٣ - ٣٨٫٤ - ١٫٩)کم٢، ڕێژەی لە (٦٫٧٪ - ٥٫٥٪ - ٠٫٣٪)ی سەرجەمی دارستانی قەزاکە لە خۆدەگرن.

ئاوی سەر زەوی

دەستکاری

ئاوی سەرزەوی لە سنووری قەزای پشدەر دا لە ڕووبار و چەمەکان پێکدێت، کە چەندین ڕووبار و چەمی ھەمیشەی و وەرزی لە خۆدەگرێت، کە ھەمیشیەکان بریتین لە (ڕووباری زێی بچووک، ڕووباری ژاراوە، چەمی سواچ، چەمی گردە ئێستر، چەمی کۆشکەڵە). ھەروەھا ڕووباری کارڤێن کە چەند ئەویش چەند لقێکی لێ دەبێتەوە وەک (ڕووباری قەندیل و ڕووباری شەھیدان) ڕووباری ھەڵشۆ لقێکی تری زێی بچووکە کە پێکدێت لە (چەمی دۆڵی ھەڵشۆ، چەمی سپیچار و چەمی چۆمخڕە)، چەمی پاچکار پێکدێت لە (بێکڵۆ، چەمی دێگە، چەمی بادێن)ھەروەھا چەندین چەمی تریش بوونی ھەیە وەک (چەمی ھێرۆ، چەمی باوزێ، چەمی قندۆڵ).

ھەر لە سنوری قەزای پشدەر چەندین ڕووباری وەرزی و کاتی بوونی ھەیە وەک (چەمی دۆڵە فڕە، چەمی بەستە ستێن، چەمی تووە سوران و چەمی دووڕێ).

ئاوی ژێر زەوی

دەستکاری

لە ناوچەکە ژمارەیەکی زۆر کانی ھەیە، بەڵام ژمارەی ئەو کانیانەی کە ناسراون و بەردەوام ئاویان لەبەر دەڕوات، لە قەزای پشدەردا، دەگاتە (٦٩٩)کانی، بەگشتی تا بەرەو باکوور و باکووری خۆرھەڵات بڕۆین و لەناوچە دەشتاییەکان دوربکەوینەوە، ژمارەی کانیاوەکان زیاد دەکات. ناحیەی ناودەشت بە (٢٨٦) کانی ڕێژەی (٤٠٫٩٪)ی کانیاوەکان لەخۆ دەگرێت، ناحیەی ژاراوە بەپلەی دووەم دێت و ژمارەی کانیاوەکانی بریتیین لە (١٢٠) کانیاو واتە (١٧٫٢٪)ی سەرجەمی کانیاوەکانی قەزاکە لەخۆ دەگرێت، ناحیەی ئیسێوە کەمترین ژمارەی کانی لەخۆ دەگرێت، تەنھا (٢٧) کانییە، کە دەکاتە (٣٫٨٪)ی سەرجەمی کانیاوەکان، ھەریەکە لە ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر، ناحیەی ھێرۆ و ناحیەی ھەڵشۆ یەک لە دوای یەک بە (٧٤، ٩٨، ٩٤)کانی کە ڕێژەی (١٠٬٦٪، ١٤٪،١٣٬٥٪)ی کۆی سەرچاوەی کانیاوەکان پێکدەھێنێت.

کارێز: یەکێکە لە ڕێگا کۆنەکان بۆ وەبەرھێنانی ئاوی ژێر زەوی، کە بریتییە لە چەند بیرێک بەھۆی تونێلێکەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە، کە ھەریەکەیان لە پێش خۆی نزمترە و ماوەی کەمتر لە(٢٠) مەتریان لە نێواندایە.

سەبارەت بە کارێز لە قەزای پشدەردا ، ژمارەیان دەگاتە (١٩٧) کارێز، لەم ژمارەیەدا زۆرترینیان دەکەوێتە ناحیەی ھێرۆ، کە ژمارەیان (٦٩) کارێزە، لە کاتێکدا تەنھا (١) کارێز لە سنووری ناحیەی ناودەشت ھەیە، ئەوەش بەھۆی دەوڵەمەندی بە سەرچاوە و کانیاوەکان، ھەریەکە لە ناحیەی ئیسێوە، ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر، ناحیەی ھەڵشۆ و ناحیەی ژاراوەیش یەک لە دوای یەک(٤٥، ٣٧، ١٨، ٢) کارێز لە خۆیان دەگرن، بەڵام ئەوەی شایەنی باسە، زۆربەی کارێزەکانی ناوچەکە وشکبوون یان بەکار ناھێنرێن و شوێنەواریان نەماوە، کە تەنھا (٢٥) کارێز بەرھەمیان ھەیە، کە(١٢)یان لە ناحیەی ھێرۆ و (٨) کارێز لە ناحیەی ھەڵشۆ و (٥) کارێزیش لە ناحیەی ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەردان.

بیر: بەکۆنترین ڕێگای ھەڵێنجانی ئاوی ژێرزەوی دادەنرێت، کە مرۆڤ لەڕێگای ھەڵکەندنی زەوی ئاوی دەستکەوتووە و لەبواری جۆراوجۆردا بەکاری ھێناوە، ڕێگای ھەڵکەندنی (بیر) لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لە بیری دەستی گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، تا گەیشتۆتە بەکارھێنانی ئامێری پێشکەوتوو.

لە قەزای پشدەردا ژمارەی ئەو بیرانەی کە تۆمارکراون، یان بە شێوەیەکی یاسای لێدراون و مۆڵەتیان بۆ وەرگیراوە لەلایەنی پەیوەندیدار، بریتییە لە(٢٧٣) بیر، ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر بە (١١٧) بیر ڕێژەی (٤٣٪)ی بیرەکان لە خۆی دەگرێت، ناحیەی ناودەشت بە پلەی دووەم دێت ژمارەی بیرەکانی (١١٠) بیرە واتە (٤٠٪)ی سەرجەمی بیرەکانی قەزاکە لە خۆ دەگرێت، ناحیەی ھێرۆ کەمترین ژمارەی بیر لەخۆ دەگرێت تەنھا (٤) بیرە کە دەکاتە(١٫٥٪)ی سەرجەمی بیرەکان، ھەریەکە لە ناحیەی ژاراوە، ناحیەی ھەڵشۆ و ناحیەی ئیسێوە یەک لە دوای یەک بە (٢٦، ١٢، ٤) بیر لە (٩٫٥٪، ٤٫٤٪، ١٫٥٪)ی سەرجەمی بیرەکان لە خۆیان دەگرن.[٢٤]

کانزا فلزییەکان

دەستکاری
  • ئاسن: لە سنووری قەزای پشدەر ئاسن لە چیای قەندیل لە نزیک (مەرەبەستە) بوونی ھەیە.
  • مس: لە قەزای پشدەر لە سێ شوێن بوونی ھەیە:
  • قوڕقوشم: کە لە سێ ناوچە لە سنوری چیای قەندیلدا دەبینرێ بە ڕێژەی (٢٫٩٧٪) قوڕقوشم.
  • کرۆم: لە قەزای پشدەر کڕۆمیتی دەوڵەمەند بە ئاسن لە چیای (بڵفەت) ھەیە بە ڕێژەی (٤٦٪).
  • مەنگەنیز: لە قەزای پشدەردا لە ناوچەی (سیرنێ) کە دەکەوێتە ناحیەی ناودەشت بە ڕێژەی (١٤٫٢٩- ٢١٫٩٦٪) .

کانزا نافلزیەکان

دەستکاری

کانی مەڕمەڕەی دارەشمانە: دەکەوێتە نزیک گوندی دارەشمانە لەسنووری ناحیەی ھەڵشۆ، ڕەنگەکەی خۆڵەمێشییە بەلای سەوزدا، ئەوەش بەھۆی بوونی ماددەی کاربۆنی، لەو بەردەدا. کانی مەڕمەڕی کیلێ و باوزێ: کانی کێلێ دەکەوێتە نزیک سنووری(نێودەوڵەتی کێلێ)، ڕەنگی بەردەکەی سپییە، ھەروەھا کانی (باوزێ) دەکەوێتە گوندی باوزێ لە سنووری ناحیەی ئیسێوە، ڕەنگی بەردەکەی سپییە. کانی بەردی بیناسازی(ئایۆلایت): یەکێکە لە جۆرەکانی بەردی ئاگرینی سەر ڕووی زەوی، تەنھا یەک کان لەو جۆرە بەردە سوودی لێ وەرگیراوە ئەویش دەکەوێتە نزیک گوندی (ئاڵان).

کارگێڕی

دەستکاری

قەزای پشدەرناوچەیەکی پارێزگای سلێمانییە کەوتۆتە باکووریەوە. لەڕووی کارگێڕییەوە لە قەزای قەڵادزێ و ناحیەکانی ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر(ناوەند) و ناحیەی ئیسێوە و ناحیەی ناودەشت و ناحیەی ژاراوە و ناحیەی ھێرۆ و ناحیەی ھەڵشۆ پێکھاتووە، لەگەڵ ٢٥٦ گوند.

ناحیەی ناوەندی قەزای پشدەر

دەستکاری

٤٥ گوند سەر بە ناحیەی قەڵادزێیە:

ناحیەی ئیسێوە

دەستکاری

٣٦ گوند سەر بە ناحیەی ئیسێوێیە:

ناحیەی ژاراوە

دەستکاری

٤٠ گوند سەر بە ناحیەی ژاراوەیە:

ناحیەی ناودەشت

دەستکاری

٦٩ گوند سەر بە ناحیەی سەنگەسەرە:

ناحیەی ھەڵشۆ

دەستکاری

٥٧ گوند سەر بە ناحیەی ھەڵشۆیە:

ناحیەی ھێرۆ

دەستکاری

١٩ گوند سەر بە ناحیەی ھێرۆیە:

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ ‎یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی. سایتی پارێزگای سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  5. ^ ‎{{بیرخستنەوەی وێب | سەردێڕ = سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ | ناونیشان = https://www.kurdipedia.org/files/books/2013/89282.PDF?ver=130201161430000000 |ڕێکەوتی سەردان= 15-11-2022| بڵاوکەرەوە = | نووسەر = محەممەد ئەمین زەکی بەگ | نووسەرەکانیتر = |قاڵب = |زمان = [[زمانی کوردی|کورد}}
  6. ^ ‎جەمال بابان. أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  7. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/10832085
  8. ^ ‎مەحموود عوسمان مەعروف. بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  9. ^ UNAMI. DEMOGRAPHIC SURVEY Kurdistan Region of Iraq(ئینگلیزی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.
  10. ^ https://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=787&secID=48
  11. ^ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ(کورد). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  12. ^ ‎عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  13. ^ ‎شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  15. ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  16. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  17. ^ http://buratha.com/librory/books.php?books=11229
  18. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  19. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/7968.html
  20. ^ https://www.slemanipc.org/edara.aspx?jimare=1 ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  21. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  22. ^ http://raparin.gov.krd/ku/derbara
  23. ^ https://chawykurd.com/2023/01/22/قەزای-پشدەر-2/
  24. ^ http://raparin.gov.krd/ku/babat/1599?fbclid=IwAR0eB_SlGtcICJMGrBrZWLQTsg36vOzKivpreRJoR1bUeZ951L6HDANw0AM