واژە گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی چوارتا(ناوەند)، قەزای شارباژێڕ، پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان.[٢] (١٣)کم لە چوارتاوە ووەتە . واژە کەوتوەتە باکوری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی و بە دووریی (٣٠)کم و ھەروەھا (٩٤٢م) لە ئاستی دەریاوە بیی زە. ڕووبەری گشتی زەوییەکەی (١٠،٨)کم٢ و دەکەوێتە بناری گرد و چیاکانی (کەڵکان و کێوی وەڕاز و خلەیەر و ھەڵەزگە و کەڵەکن و بان ھەڵێرە و باسکی گۆیژە).

واژە
Wazha
دیمەنی گوندی واژە
دیمەنی گوندی واژە
وڵات کوردستان[١]
 عێراق
پارێزگاسلێمانی
قەزاقەزای شارباژێڕ
ناحیەناحیەی چوارتا(ناوەند)
بەرزایی
٩٤٢ مەتر (٣٬٠٩١ پێ)
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینسوننی شافعی

واژە بەمانای وتە، قسە یان دەنگی لق و گەڵا لەبەر با دێت. ناوەکەش لە ناوی گوندی واژەی لای شاری بانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە وەرگیراوە کە کاتی خۆی بنەماڵەیەک بە ناوی (شێخ عوسمان) لەوێوە ھاتوونەتە ئەم گوندە کە پێشتر ناوی (ئیشکێ) بووە و ناوێکی تورکیی سەردەمی عوسمانییەکان بووە. ئیدی لە خۆشەویستییان بۆ زێد و گوندەکەی خۆیان، ھەمان ناویان بەسەر ئەم دێیەشدا دابڕیوە و لەوکاتەوە ناوی گوندەکە بووە بە واژە.

جوگرافیا

دەستکاری

واژە لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی باخی ئاشی و لە باشوور لەگەڵ گوندی قشڵاغ و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی بەردەزەرد و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی سنکێ.[٣][٤]

  • واژە گوندێکی زۆر دێرینە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانی و ئیمپراتۆریەتیی ساسانی، لەبەر ئەوەی چەندین گۆزە لەژێر خاکەکەیدا دۆزراونەتەوە کە بۆ لاشەی مردووەکان و ھەڵگرتنی دانەوێڵە لە سەردەمی ساسانییەکاندا بەکار ھێنراون. یەکێک لەو گۆزانە گۆزەیەکی ساغی گەورەی گڵینە، ئێستا لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراوە، بەپێی شێوە و نەخشی گۆزەکە و شێوازی دروستکردنەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (ئەشکانی ١٤٨ پ.ز – ١٢٦ز، ساسانی ٢٢٦ – ٦٣٦ز). جگە لەوەش چەند شوێنەوارێکی دێرین ھەن وەک (بەردی قەڵات و کەڵەکاوی و چەم خاتوون، گۆڕستانی کۆن و ( سۆفی حەسەن و خدری زیندە) کە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم گوندە زۆر لەمێژە ژیانی تێدا بووە.
  • لە واژە گۆڕستانی کۆنی واژە ھەیە کە کەوتووەتە ڕۆژھەڵاتی گوندەکەوە و لە بەرزاییەکدایە. بیست گۆڕیان لێ ماوەتەوە و گۆڕەکان بە بەردی زۆر گەورە ھەڵچنراون و کێلەکانیشیان زۆر بەرزن. جگە لەوە گردێکی تری گوندەکە ھەیە، جۆری خاکەکەی سپییە، کە لەناو دێکەوە سەیری دەکەیت، شەوق دەداتەوە، بەتایبەت کە خۆر یان تریفەی مانگ یان ڕووناکییەک لێی بدات. ھەر بۆیە گوندەکە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی ناو نراوە (ئیشکێ) کە بەمانای ڕووناکی دێت. ھەروەھا جۆرە بەردێکی تایبەتی ھەیە کە بە گوتەی شوێنەوارناسان بەردی کێلی گۆڕستانەکانی شاری قەڵاچوالان لەسەردەمی میرنشینی بابانەکان دا لەساڵانی (١٦٦٩- ١٧٨٤) ز لەم گردەی گوندی واژەوە براون بۆ قەڵاچوالان. دواتریش ئەم بەردانەیان بە باری وڵاخ لێرەوە بردووە بۆ پیاوماقوڵان و شێخانی سلێمانی.
  • سێ سەدەیەک بەر لە ئێستا و لە ساڵی ١٧٥٥دا بنەماڵەیەک لەگوندی واژەی شارستانی بانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ناوی بنەماڵەی (شێخ عوسمان شێخ ئیسماعیل) لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ئەو سەردەمەی بانە دەبێتە ناکۆکییان و بەشێکیشیان ڕوو دەکەنە ئەمدیو، بەھۆی دۆستایەتییان لەگەڵ شێخانی نۆدێ و میرانی بابان لەم ناوچەیە جێگیر دەبن. دێکە ئاوەدان بووە و خەڵکی تێدا ژیاوە، ئەو بنەماڵانەی پێشتر لێرە بوون بریتی بوون لە بنەماڵەی (مام وەسمان، ماڵی کەریم نادر، بنەماڵەی کاکەسور). ھەروەھا کۆمەڵێکی تر کە دواتر چوونەتە کەڵەکنی نزیک سلێمانی.

خوێندن

دەستکاری
  • لە کۆندا و لەسەرەتای ساڵانی ١٩٢٠دا لە بواری ئایینیدا مەلایەک بە ناوی (مەلا شەمسەدینی واژە) ھەبووە و فەقێی زۆر بووە. ھەروەھا (مەلا فەرەجی واژەیی ناسراو بە شەکیب) و (مەلا عەبدوللـەتیف واژەیی) و (مەلا ئیبراھیمی کوڕەداوێ) لەوێ خزمەتیان کردووە. لەدوای ڕاپەڕینیش (مەلا جەبار واژەیی) بووەتە مەلای گوند و تا ئێستاش بەردەوامە. پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین مامۆستا شێخ عیزەدینی حسێنی کە مەلایەکی ئایینی بووە و یەکێک بووە لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەگەڵ شێخانی واژەدا یەک بەرەبابن و خزمن. ھەربۆیەش (شێخ جەلال حسێنی) براشی کە دامەزرێنەری (سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران) بوو، گڵکۆکەی لە واژەیە. لە بواری ئەدەبیشدا چەند شاعیرێکی تێدا ھەڵکەوتووە، وەک (مامۆستا شەکیب، مامۆستا جەمال شارباژێڕی، شێح عەلادین واژەیی، خالید واژەیی).
  • سەبارەت بە خوێندنی میریش، بۆ یەکەمجار لە ٥-٩- ١٩٦٩ قوتابخانە لە واژە کراوەتەوە و مامۆستا(ئەبوبەکر رەشید محەمەد) وەک یەکەم مامۆستا وانەی تێدا وتوەتەوە و (١٥) قوتابی لە کوڕ و کچ ھەبووە. ئیتر لە ساڵی ١٩٨٦ گوندەکە وێران کراوە، ھەتا دوای راپەڕین و لەساڵی ١٩٩٢دا سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە، بۆ جاری دووەم قوتابخانەی لێ کراوەتەوە و مامۆستا (سەمیع حسێن عەبدوڵڵا واژەیی) وەک یەکەم مامۆستا و بەڕێوەبەر بۆ ھەشت ساڵ بەردەوام بوو. لە ١-٩-١٩٩٥ یشدا مامۆستا (عەزیز کەریم عەبدوڵڵا واژەیی) وەک یەکەم مامۆستا و بەڕێوەبەری ناوەندیی واژە دەستبەکار بوو. تا ئێستاش خوێندن بەردەوامە.

دانیشتوان

دەستکاری

لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ی حکومەتی عێراقدا (٣٠) ماڵی تێدا بووە. ھەروەھا بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧دا کە لەگەڵ گوندی قشڵاغ پێکەوە سەرژمێری کراون (٦٦) ماڵ بووە. چونکە قشڵاخ پێشتر مووچەی واژە بووە. لە ساڵی ١٩٨٦دا کاتێک حکومەتی عێراق گوندەکەی بە خەڵک چۆڵ کرد و وێرانی کرد، (٦٠) ماڵ بووە. دوای ڕاپەڕین لەساڵی ١٩٩٢دا ئاوەدانکراوەتەوە و (٧٠) ماڵ بووە و لە ئێستاشدا (٧٥) ماڵێکی لێ نیشتەجێیە.

کشتوکاڵ

دەستکاری

واژە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە (٦٢)ە. (٧) کانی و کارێزی ھەیە و گوزەرانی خەڵکەکەی لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە. لە کۆندا بژێوییان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و خەڵووزکردن و تووتن بووە. بە وڵاخ و بە کاروان بارە ھەڵوژە و قەیسی و ترێیان بردووە بۆ سلێمانی و ھەندێ جاریش پەڕیونەتەوە بۆ بەری قەرەداغ و سەنگاو و گەرمیانیش. لەوسەر گەنم و جۆیان ھێناوەتەوە. لە سەرەتای ھەشتاکانیشەوە بایەخیان بە ڕەزکردن داوە و خاکەکەی بۆ ڕەز زۆر باشە.

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Kurdistan Regional Government». KRG. لە ڕەسەنەکە لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ ھێنراوە.
  2. ^ د. عەبدوڵڵا غەفوور. «پێڕستی گوندەکانی باشوور» (PDF) (بە کوردی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  3. ^ http://wikimapia.org/
  4. ^ http://www.krso.net/ ٣ی شوباتی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.