مۆکەبە گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی سیتەک، قەزای شارباژێڕ، پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان.[٢] لە شارەدێی سیتەکەوە بە دووری ١٧کم و ٣٠کم لە شاری سلێمانییەوە دوورە. دەکەوێتە نێوان چیای (کوێرەنگ و چیای باب و کوڕ، لەگەڵ گردەکانی کانی سمایل بەگ و گردی پیر مەمکان و گردی ڕاوە چکۆلە).

مۆکەبە
Mokaba
وڵات کوردستان[١]
 عێراق
پارێزگاسلێمانی
قەزاقەزای شارباژێڕ
ناحیەناحیەی سیتەک
بەرزایی
٨٦٢ مەتر (٢٬٨٢٨ پێ)
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینسوننی شافعی

ناو دەستکاری

سەبارەت بە ناوی مۆکەبە چەند لێکدانەوەیەک ھەیە، بەڵام زۆربەیان تێکەڵە بە ئەفسانەو سەرگروشتەی ناڕاست و پشت ئەستوور نییە بە ھیچ بەڵگەیەکی زانستی؛ بەڵام پێدەچێت ناوەکە ڕەگ و ڕیشەیەکی یۆنانی ھەبێ، چونکە کوردستان وەک بەشەکانی تری ناوچەکە ماوەیەک بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتیی سلووکی یۆنانییەکان.

جوگرافیا دەستکاری

مۆکەبە لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی کارێزە، گاپیڵۆن و لە باشوور لەگەڵ گوندی قەیوانی بچووک و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی دووچۆمان و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی کۆڵەرد.[٣][٤]

مێژوو دەستکاری

  • ئەم گوندە مێژوویەکی زۆر دێرینی ھەیە، لەکۆندا دێیەکە کەمێک دوورتر بووە لەم شوێنەی ئێستاو بەوپێیەی چەندین گۆڕستانی لێیە، کە ئەوانیش گۆڕستانی (ڕاوە چکۆلە و شێخ ڕەش و قەبرە وردان و دووچەمان و شەخسی مۆکەبە کۆن و گردی قەبران و گۆڕستانی پیرمەمکان، چیای باب و کوڕ کە دوو گۆڕی زۆر کۆنی لێیە گوایە ئەو دووانە باب و کوڕ لەھەمان شوێنی گۆڕەکەیان بەدووری ١٥٠ مەترێک بەدوای یەکدا کوژراون). ئەمەش مانای وایە سەردەمانێک خەڵک لەم شوێنەدا ژیاوە و ئاوەدان بووە، بەڵام لەسەردەمی گواستنەوەی میرنشینی بابانەکاندا بۆ سلێمانی، گوندەکە تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵ بووە.
  • ھەروەھا لە ساڵی (١٧٤٣)دا کاتێک لەشکری نادر شای ئەفشار ھاتووەتە ناوچەی شارباژێڕ و چووەتە گوندی مۆکەبە و لەوێ خێوەتگەی ھەڵداوەو ماوەتەوەو ئنجا نادر شا کەوتووەتە پرسیاری پیاوە ناودارو خاوەن کەسایەتییەکان بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن و ھاوکاری بکەن لە ھێرشکردنە سەر بەغدا. دیارە شێخ حەسەنی گڵەزەردە لەو سەردەمەدا بەناوبانگ بووە، ھەربۆیە نادر شا لە مۆکەبەوە نامەی بۆ شێخ حەسەنی گڵەزەردە ناردووە. شێخ حەسەنیش داواکەی جێبەجێ نەکردووەو ئامۆژگاریشی کردووە کە واز لە ھێرشکردنە سەر بەغدا بھێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئێران، ەبەرئەوەی ئەشکێ. بەڵام نادرشا بەقسەی ناکات و دەرەنجام ئەوەبوو بەشکاوی گەڕایەوە.

دانیشتووان دەستکاری

  • دانیشتووانی ئێستای مۆکەبە ھەندێکیان لەناوچەی سەردەشت و ناوچەکانی شینکایەتی و قەڵادزێ و بەرزنجەوە ھاتوون و بەشێکیان سەر بە بنەماڵەی میراڵەیین، لەسەرەتادا لە سێ بنەماڵەی سەرەکی پێکھاتبوو، ئەوانیش (ئەحمەد کەریم حسین، غەفور ئەحمەد شینکی، ڕەشید عەزیز یاروەیس میراڵەیی) بوون (کە بنەماڵەیەکی کۆچەری مەرداڕ بوون، لەبەر باری شوێن و ئاو و لەوەڕگاکەی بڕیاریانداوە لەو گوندە نیشتەجێ ببن). پاشان چەند بنەماڵەیەکی تریش ھاتوون وەک (حەمە ساڵح کوردە، ھەباسی قادر، بنەماڵەی وەسمانی مچەسووری دڕی، حەمە غەریب لە دەشتێوە ھاتوون، حەمە عەزیز کوردە مەڕدار بووە، قەرەوەیسی بووە، برایم سلێمان و مه‌لاحسێن سلێمان لە هه‌رزنێوه‌ ھاتوون، ماڵی سەید عەلی کە لە بەردەزەردەوە چوون).
  • ژمارەی دانیشتووانی گوند لەسەرژمێری ١٩٧٧دا ٢٨ ماڵ بووەو لەپێش وێرانکردنی لە ساڵی ١٩٨٦دا ٢٥ ماڵ بووە.

خوێندن دەستکاری

  • مۆکەبە ھەر لەکۆنەوە مەدرەسەی ئایینی لێبووەو دەورووبەری ساڵانی ١٦٤٤–١٨٧٤ کە ماوەت و قەڵاچوالان مەڵبەندی میرنشینی بابان بوون، ئەم میرنشینە چەندین خوێندنگەی ھەبووە، یەکێک لە مەدرەسە بەناوبانگەکان فێرگەو مەدرەسەی مۆکەبە بووە. لەم گوندەدا مەلاو زاناو ڕۆشنبیرانی وەک (مەلا حەیدەری مۆکەبەیی) و (مەلا ئەحمەدی مۆکەبەیی) تێدا ھەڵکەوتووە، کە مەلا ئەحمەد چووە بۆ وڵاتی شام و لەوێ خوێندویەتی. لە ساڵی ١٦٦٨دا لە مۆکەبە تەدریسی کردووە. دواتریش دوای دابڕانێکی زۆر بۆ یەکەمجار لەساڵەکانی ١٩٤٠ کاندا مزگەوتی لێدروستکراوەتەوە و یەکەم مەلاش (مەلا ئەحمەد چاوڕەش) بووە، دەرسی ئایینی تێدا وتراوەتەوە و چەندین فەقێی پێگەیاندووەو ھەروەھا (مەلا شێخ ساڵح سەفرەیی) لە پەنجاکاندا مەلای گوندەکە بووە.
  • سەبارەت بە قوتابخانەش بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٢دا کراوەتەوەو یەکەم مامۆستاش (مامۆستا عەبدولڕەحمان قەشانی) بووەو لەدوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەشی لەکۆتایی ساڵی ١٩٩٢ دا ھەردوو مامۆستایان: (سۆران ساڵح و بەرزە کەریم) سەرلەنوێ قوتابخانەکەیان کردووەتەوە.

کشتوکاڵ دەستکاری

  • مۆکەبە (٧) کانی و کارێزی ھەیە، لەکۆندا سەرچاوەی ئاویان کانی قەیوانی گەورە بووە کە ھاتووەتە ناو مۆکەبەوە و بەشێوەیەکی زۆر ھونەری و سەرنجڕاکێش جۆگەی بۆ ڕاکێشراوە. زۆربەی کشتوکاڵ و ئاودێری گوندەکە لەبەر ئەم ئاوە کراوە. بۆ ئەمەش وەستای شارەزایان لە وڵاتی ئێرانەوە بۆھێناوە، لەبەرئەوەی ئاستی ئاوەکە لەقەیوان نزمتر بووە لە مۆکەبە، زۆر زیرەکانە ھەستاون بە دروستکردنی جۆگەیەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوەکەو گواستنەوەی بەدرێژایی ٢ کیلۆمەتر لە قەیوانەوە بۆ مۆکەبەو تا ئێستاش شوێنەوارەکەی ماوەو یەکێک بووە لە کارە سەرسووڕھێنەرەکان.
  • مۆکەبە نزیکەی ٩٠ دۆنم زەوی بەراوی ھەیە و کەرتی کشتوکاڵی ژمارە (٥٨)ە و بەناوی (١٧) جووتیارەوەیە. لەکۆندا دانیشتووانەکەی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبوون، تەنھا (باخی شێخ کەریمی مۆکەبە) ھەبووە کە سێو و ھەرمێ و گێلاس و بەھێی تێدابووە. دار قەزوانی زۆرە و بنێشتیشیانکردووە. تا پێش ڕاگواستن زیاتر لە ٦٠٠ سەر مەڕ و بزن و زیاتر لە ١٥٠ سەر ڕەشەوڵاخی تێدابووە و لەئێستاشدا گرنگیانداوە بە بەخێوکردنی ڕەشەوڵاخ و کاری دوکانداری. سەرباری ئەوەش بەو پێیەی کە ھەردوو (چەمی قەڵاچوالان و کەناروێ) لە ئاستی مۆکەبەدا یەکدەگرنەوە، دیمەنێکی جوانی بە گوندەکە بەخشیوەو لەئێستاشدا بووەتە ھاوینەھەوارێکی دڵڕفێن.

سەرچاوەکان دەستکاری