داڕێژە:لە ھەواڵەکاندا/ئەرشیڤ/ئەرشیڤی ٢٠١١
ئەمە ئەرشیڤکراوەیەکی وتووێژە کۆنەکانە. دەستکاریی ناوەڕۆکی ئەم پەڕەیە مەکە. ئەگەر دەتەوێت باسێکی نوێ دەستپێبکەیت یان درێژە بە باسێکی کۆن بدەیت، تکایە پەڕەی وتووێژی ئێستا دەستکاری بکە. |
ئەرشیڤەکان |
---|
٢٠١٠ • ٢٠١١ • ٢٠١٢ • ٢٠١٣ • ٢٠١٤ • ٢٠١٥ • ٢٠١٦ • ٢٠١٧ • ٢٠١٨ • ٢٠١٩ • ٢٠٢٠ • ٢٠٢١ • ٢٠٢٢ • ٢٠٢٣ • ٢٠٢٤ |
کانوونی یەکەم
- لە ٢٩ی کانوونی یەکەم فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەی قلابان لە پارێزگای شرنەخیان بۆردمان کرد و ٣٦ کاسبکاری کوردیان کوشت. چالاکان و میدیاکانی کوردستان ئەم کارەساتە بە کۆمەڵکوژی دەناسن.
تشرینی دووەم
- ناسا لە ٢٦ی تشرینی دووەم، تاقیگەی زانستیی مەریخی بۆ تاقی کردنەوەی ئەگەری ھەبوونی ژیان نارد بۆ مەریخ.
- ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١١، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بە ناوی کۆماری تورکیاوە داوای لێبووردنی کرد بەرامبەر بە کۆمەڵکوژیی کوردە عەلەوەییەکانی شاری دەرسیم لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٩.
- ڕێکەوتی ٢٢ی تشرینی دووەم، ژیانی دانیەل میتەران کۆتایی پێھات. دانیەل میتەران چالاکی سیاسی و چالاکی مافی مرۆڤ بوو و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بزووتنەوەی کورددا ھەبوو.
- ڕۆژی ھەینی، ڕێکەوتی ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١١، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی سووریا بە دروشمی ھەینی "الله أكبر"، ٢٣ کەس لە چەند شوێنێکی ئەم وڵاتەدا بە دەستی ھێزە ئەمنییەکان کوژران.
تشرینی یەکەم
- ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٢ پلە بەگوێرەی پێوەری ڕێختەر، پارێزگای وان لە باکووری کوردستانی ھەژاند و تا ئێستا ٣٦٦ کوژراو و نزیکەی ١٣٠٠ برینداری لێ کەوتووەتەوە.
- ڕۆژی پێنجشەمە، ڕێکەوتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، ھەواڵی کوژرانی سەرکردەی لیبیا، موعەمەر قەزافی بە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی لیبیا ڕاگەینرا، ئەمە جگە لە ڕاگەیاندنی کۆنتڕۆڵی تەواو بە سەر شاری سرت، دوا مۆڵگەی قەزافی لەلایەن چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.
- ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، لە میانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتی سووریا، ٣١ کەس کوژران، کە ١٤یان ھاوڵاتی مەدەنی و ١٧ی دیکەیان سەربازی سوپای سووریا بوون.
- ڕۆژی ھەینی، ڕێکەوتی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، مەشعەل تەمۆ، وتەبێژی ڕەوتی موستەقبەلی کورد لە سووریا، کە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریاش بوو، لە شاری قامیشلۆ، لە ڕۆژئاوای کوردستان تیرۆر کرا.
- ڕۆژی ٤ شەممە، ڕێکەوتی ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، ستیڤ جۆبس، داهێنەری ئایپاد و ئایفۆن لە تەمەنی ٥٦ ساڵێدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
- ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، پارلەمانتارانی بەرەی ڕەنج، بۆ یەکەمجار بەشدارییان لە پارلەمانی تورکیادا کرد. لە ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١١، کورد توانی ٣٦ کورسی لە پارلەمانی تورکیا بەدەست بێنێ، بەڵام بە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی مافی ئەندامێتی خەتیب دیجلە، پارلەمانتارەکانیتر بایکۆتی دانیشتنەکانی پارلەمانیان کردبوو.
ئەیلوول
- ڕێکەوتی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١١، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتی سووریا، بە دروشمی ھەینی "سەرکەوتن بۆ شام و یەمەن"، ٣٢ کەس لە خۆپیشاندەران بوونە قوربانی و دەیان کەسیتر بریندار بوون.
- ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠١١، بە ھۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێک لەناو شاری کەرکووک لە نزیک باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، سێ کوژراو و زیاتر لە ٦٠ برینداری لێکەوتەوە.
- ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٧ی ئەیلوول شۆڕشگێڕانی لیبیا دەستگیرکردنی خالید کەعیم جێگری وەزیری دەرەوی لیبیا لە حکوومەتەکەی قەزافییان ڕاگەیاند کە بە سەحافی دووەم ناسرابوو.
ئاب
- ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠١١، لە درێژەی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ھۆی بۆردوومانی فرۆکەکانی تورکیا ٧ ھاوڵاتی مەدەنی، کە زۆرینەیان ئەندامی یەک خێزان و لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، بوونە قوربانی.
- ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠١١، شەڕ و پێکدادانەکانی لیبیا، لە نێوان شۆڕشگێرەکان و چەکدارانی موعەمەر قەزافی گەییشتە تەرابلوسی پایتەخت.
- ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی ئابی ٢٠١١، تەلەفزیۆنی ڕەسمی ئێران ڕایگەیاند کە "شین باوەر" و "جاشوا فاتاڵ" ئەم دوو ھاوڵاتی ئەمەریکاییە کە لە ڕێکەوتی ٣١ی تەمموزی ٢٠٠٩ لەگەڵ "سارا شۆرد" لە نزیک گوندی ئەحمەدئاوا لە ناوچەی ھەورامان دەستگیر کرابوون بە تۆمەتی سیخۆڕی و ھاتنە ناوەوەی نایاساییەوە بۆ ناو خاکی ئێران حوکمی ھەشت ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
تەممووز
- ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٣١ی تەمموزی ٢٠١١ لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی سووریا، دەزگای ئاسایشی ئەم وڵاتە ١٢١ کەسی کوشتووە، کە ٩٥ کەسی ئەم کوژراوانە، ھاوڵاتی شاری حەما بوونە.
- رۆژی ھەینی، ڕێکەوتی ٢٩ی تەمموزی ٢٠١١، بانو بەکر حاجی ڕەشید ئەم کچە کوردەی کە لە ڕووداوەکانی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ کوژرابوو، لە قەبرستانی نیسودن لە نزیک ئۆسلۆ بە خاک سپێردرا. بانو ڕەشید لە کاتی تەقەکردنەکەی دوورگەی ئوت ئۆیە، لەناو زەریا کەوتبوو و بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ تەرمەکەی بێ سەروشوێن بوو.
- ڕۆژی ھەینی، ڕێکەوتی ٢٢ی تەمموزی ٢٠١١، لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ، بە ھۆی ھێرشی چەکداریی کەسێک بە جلوبەرگی پۆلیسەوە، بۆ سەر کەمپێکی لاوانی سەر بە پارتی کاری نەرویژ، ٨٠ کەس بوونە قوربانی. ھەروەھا لە ڕووداوێکی تیرۆریستی لە دوورگەی ئوت ئۆیە لە باکووری ڕۆژئاوای ئەم شارە، بە ھۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە نزیک چەند باڵەخانەیەکی حکوومەتی، ٨ کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
- ڕۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠١١، لە ناوچە سنوورییەکانی پشدەر، شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی پژاک و ھێزەکانی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووی داوە و تا ئێستا ٥٠ سەربازی ئێران و ٢ چەکداری پژاک کوژراون و ژمارەیەکیش لە ھەردوو لا بریندار بوونە.
- ڕۆژی ھەینی، ڕێکەوتی ١٦ی تەمموزی ٢٠١١، لە سووریا گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری لە ژێر دروشمی ھەینیی دەستگیرکراوانی ئازادیدا، دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ئەنجام درا و لە ئاکامدا نزیکەی ٣٢ خۆپیشاندەر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژران.
- ڕۆژی ٩ی تەمموزی ٢٠١١ کۆماری باشووری سوودان سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند و بەفەرمی بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
- ڕۆژی ٥ی تەمموزی ٢٠١١ لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی بەدەپە کە لە تەواوی پەرلەمانتارانی کورد پێک ھاتووە، بەڕێوەچوو.
- ڕۆژی ٥ی تەمموزی ٢٠١١ بە ھۆی دوو تەقینەوە، لە باکووری بەغدای پایتەختی عێراق کە ئەنجومەنی شارەوانیی تاجی ئەم شارەی کردبووە ئامانج، ٣٠ کەس کوژران و ٦٠ی دیکەش بریندار بوون.
حوزەیران
- ڕۆژی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١١، ڕێکخراوی قاعیدە لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕی خۆی بڵاوی کردەوە، ئەیمەن زەواھیریی وەک سەرۆکی نوێی ئەم ڕێکخراوەیە لە پاش کوژرانی ئوسامە بن لادەن دەستنیشان کرد.
- ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١١، لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، پلەی یەکەمی بە ٣٢٦ کورسی بەدەستھێنا و کاندیدە سەربەخۆکانی کورد ٣٦ کورسییان مسۆگەر کرد.
- ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١١، پاش بەردەوامبوونی زیاتر لە دو مانگ لە خۆپیشاندانەکانی ھاوڵاتیانی سووریا دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، زیاتر لە ١٢٠٠ کوژراوی لێکەوتووەتەوە و نزیکەی ١٦٠٠ کەسیش ئاوارەی ناوچەکانی تورکیا بوونە.
- ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠١١، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆکی وڵاتی یەمەن پاش ئەوەی لە ئەنجامی بۆردوومانی کۆشکی سەرۆکایەتی لە سەنعای پایتەختدا ڕووبوڕووی تەقەلێکردن و برینداربوون دەبێ، بۆ چارەسەرکردنی برینەکەیەوە گەیشتە عەرەبستانی سەعوودی.
ئایار
- لە ١٢ی ئایاری ٢٠١١ بوومەلەرزەیەک بە گەورەیی ٥.١ پلەی ڕێختەر لە شاری لۆرکای وڵاتی ئیسپانیا ڕوویدا کە لە ٥٥ ساڵی ڕابردووی ئەم وڵاتە بێ وێنە بووە.
- ڕۆژی ٢ی ئایاری ٢٠١١ سەرۆکی ئەمریکا ، باراک ئۆباما کوشتنی ئوسامە بن لادن ، سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدەی لە شارۆچکەی گەشتیاری ئەبوت ئاباد لە وڵاتی پاکستان ڕاگەیاند.
نیسان
- لە ١٨ی نیسانی ٢٠١١، پاش بەردەوامبوونی ٦٠ ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، لە ئەنجامی توندوتیژی و تەقەکردنەوە لە لایەن ئاسایش و هێزەچەکدارەکانەوە، دەیان کەس برینداربوون، و سەکۆ و شوێنی خۆپیشاندان سووتێنران.
- لە ١٤ی نیسانی ٢٠١١، لە ٢٣ هەمین ساڵیادی ئەنفالدا، لە چەندین شوێن و بە چەند شێوەیەک لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان یادی ئەم کارەساتە کرایەوە.
- لە ١١ی نیسانی ٢٠١١، هەوڵی یەکێتیی وڵاتانی ئەفریقا بۆ هێوردکردنەوەی بارودۆخی لیبیا شکستی هێنا، چونکە ڕکابەرەکان داوای لاچوونی موعەمەر قەزافی و بنەماڵەکەی دەکەن لەسەر کورسیی دەسەڵات.
- لە ٣ی نیسانی ٢٠١١، پاش تێپەڕبوونی پتر لە سێ هەفتە بەسەر بوومەلەرزەکەی وڵاتی ژاپۆن، هێشتا گرفتی ویستگە ئەتۆمییەکانی فوکوشیما چارەسەرنەکراوە و، شەپۆلە ڕادیۆییەکانی مەترسیی گەورەن لەسەر ژیانی زیندەوەران و ژینگەی ناوچەکە.
ئازار
- ٢٤ی ئازاری ٢٠١١، لە زنجیرەی خۆپیشاندانەکان لە سووریا، بەهۆی توندوتیژییەوە، چەندین کەس لە شاری درعا کوژران و بریندار بوون.
- لە ئێوارەی ٢١ی ئازاری ٢٠١١ دا، جەوهەر نامیق سالم سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
- لە ١٩ی ئازاری ٢٠١١ دا، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی هاوپەیمانان، بە مەبەستی تێکشکاندنی هێزی بەرگریی ئاسمانی بۆردومانی شوێنە سەربازییەکانی وڵاتی لیبیایان دەستپێکرد.
- لە ١١ی ئازاری ٢٠١١، بوومەلەرزەیەک بە هێزی ٨.٩ ڕێختەر وڵاتی ژاپۆنی هەژاند کە تسۆنامییەکی بڵندیشی دروستکرد و ناوچەکانی کەناری دەریای خاپوور کرد.
شوبات
- لە ٢٥ی شوباتی ٢٠١١، ڕۆژی تووڕەبوون ئێراقییەکان لە زۆرینەی شارەکاندا خۆپیشاندانیان کرد دژی گەندەڵی و کەمتەرخەمی حکومەت لە بنیاتنانەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان.
- لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١، بۆ پیرۆزبای لە گەلانی میسر و تونس، وە دەربڕینی ناڕەزایی و داوای چاکسازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵکی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان سازکرد، لە پاشاندا توندوتیژی لێکەوتەوە و (ڕێژوان عەلی ئەحمەد) شەهید کرا.
- لە ١١ی شوباتی ٢٠١١، لەدوای ١٨ ڕۆژ خۆپیشاندانی خەڵکی میسر، حوسنی موبارەک دەستی لە سەرۆککۆماری کێشایەوە.
- لە ١٠ی شوباتی ٢٠١١، ژیانی شێخ عێزەدین حوسەینی، سیاسەتڤان و شۆڕشگێڕی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆتایی پێھات.