عەرەبستانی سعوودی

دەوڵەتی باڵادەست لە ڕۆژئاوای ئاسیا
(ڕەوانەکراوە لە عەرەبستانی سەعوودیەوە)

پۆتانەکان: 24°N 45°E / 24°N 45°E / 24; 45

عەرەبستانی سعوودی (المملكة العربية السعودية) وڵاتێکی عەرەبییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووبەرەکەی ٢،١٤٩،٦٩٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٣٤،٢١٨،١٦٩ کەس دەبێت.[١] لە باکورەوە لەگەڵ هەریەکە لە عێراق، ئوردن و کووەیت دراوسێیە، لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ یەمەن و عەممان لە رۆژهەڵاتیەوە وڵاتانی قەتەر، بەحرەین و ئیمارات و کەنداوی فارس هەیە، لە رۆژاواشەوە دەریای سوور تەواوی سنوورەکەی گرتووەتەوە.

عەرەبستانی سەعوودی
Kingdom of Saudi Arabia
المملكة العربية السعودية
پایتەخت
و
ڕیاز
زمانە فەرمییەکان عەرەبی
دەوڵەت پاشایەتی
 -  شا و سەرۆک وەزیران سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز
 -  شازادەی جێنشین و جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیران موقرن کوڕی عەبدولعەزیز
ژمارەی دانیشتوان
 -  بەراوردی ٢٠١٩ ٣٤,٢١٨,١٦٩ 
دراو ڕیاڵی سعودی (SAR)
ناوچەی کاتی ٣+
لای لێخوڕین ڕاست
پاوانی ئینتەرنێت .sa

عه‌ره‌بستانی سعوودی یه‌کێکه‌ له‌ وڵاته‌ ئایینی و داخراوه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌رده‌مانێک پاشایه‌تییه‌کی دواکه‌وتو بوو له‌ قوژبنی بیابانێکی‌ چۆڵ و هۆڵدا، به‌ڵام ئێستاکه‌ له‌سایه‌ی سامانی زۆر و زه‌به‌نی‌ نه‌وته‌وه‌ بووه‌ته‌ یه‌کێک له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی جیهان. جگه‌ له‌ نه‌وت، ئایینی‌ ئیسلام و هه‌بونی‌ ماڵی‌ خوا و مه‌زاره‌ پیرۆزه‌کان له‌و وڵاته‌ بووه‌ته‌ خێر و به‌ره‌که‌ت و به‌سه‌ر سعودییه‌کاندا ڕژاوه‌. ساڵانه‌ ملیۆنان مرۆڤی‌ موسڵمان له‌ نه‌ته‌وه‌ و وڵاتە جیاوازه‌کانه‌وه‌ ڕوو ده‌که‌نه‌ عه‌ره‌بستانی سعودی بۆ مەرامی (حەج و عومرە) و ئه‌مه‌ش واتای‌ قازانجێکی گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسییه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌.

مێژوودەستکاری

ناوی عه‌ره‌بستانی سعوودی له‌ بنه‌ماڵه‌ی سعووده‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ که‌ له‌سه‌ده‌ی‌ ١٨ دا ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست. حیجاز که‌ شوێنی له‌دایکبوونی حه‌زره‌تی‌ محه‌مه‌ده‌، به‌ لانکه‌ی ئیسلام ده‌ژمێردرێ و به‌شێکه‌ له‌ عه‌ره‌بستانی سعوودی. ئه‌مه‌ و پشتگیریکردنی‌ بنه‌ماڵه‌ی سعوود له‌ تێگه‌یشتنێکی توندڕه‌وانه‌ له‌ ئایینی‌ ئیسلام وای کردووه‌ عه‌ره‌بستان سیمایه‌کی زه‌قی ئایینی به‌ خۆوه‌ بگرێ. شا عه‌بدولعه‌زیز،ناسراو به‌ شێری نه‌جد، دوای ئه‌وه‌ی حیجازی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی هاشمی ده‌رهێنا، له‌ ساڵی ١٩٢٣دا وڵاتێکی یه‌کگرتووی له‌ سه‌ر ناوی بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆی دامه‌زراند. له‌ دوای مردنی ئه‌و له‌ ساڵی ١٩٥٣، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک کوڕه‌کانی شوێنی ئه‌ویان گرته‌وه‌.

دانیشتوواندەستکاری

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی عەرەبستان ٢٩,٣٦٩,٤٢٨ کەس بووە کە دەکاتە ٠.٤١ لە سەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مامناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە ٢٧.٩ ساڵە. ھەروەھا ٨٣ لەسەدی دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین.[٢]

ئاییندەستکاری

ئایینەکان لە عەرەبستانی سعوودی [٣]
ئایینەکان ڕێژە
سوننە
  
٩٥٫٠٪
شیعە
  
٥٫٠٪

دۆخی سیاسیدەستکاری

دەسەڵاتی تاکلایەنەی بنەماڵەی سعوود بووە ھۆیەک تا حاکمە یەک لەدوای یەکەکانی بتوانن بە درێژاییی سەدەی بیست تەرکیزێکی زیاتر بخەنە سەر ئاوەدانکردنەوە و بەرەپێشبردنی عەرەبستانی سعوودی. بەرژەوەندیی ئەم بنەماڵەیە وای دەخواست تا ھێمنی لە ناوچەکەدا سەقامگیر بێت و ھێزە ڕادیکاڵەکان سەرکوت بکرێن، ھەر بۆیە لە پاش شەڕی یەکەمی کەنداو، بەرپرسانی سعودییە پێشوازییان لە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا کرد لە وڵاتەکەیاندا. پێ دەچێت بەگژداچوونی توندی دژبەرەکان ھۆکارێک بووبێ بۆ دەرکەوتن و بەھێزبوونی گرووپە بەرھەڵستکارەکانی وەک ئەلقاعیدە بە سەرکردایەتیی ئوسامە بن لادن. گروپە توندڕەوەکان، ناڕەزاییدەربڕینی خەڵکیان لەبەرامبەر ھەبوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەک ھەلێک قۆستووەتەوە. لە دوای پەلامارە تیرۆریستییەکانی ١١ سێپتەمبری ٢٠٠١ کەزۆرینەی ئەنجامدەرەکانی ھاووڵاتی سعودییە بوون، جارێکی دیکە کاربەدەستەکانی ڕیاز ڕووبەرووی دوو پرسیاری گرنگ بوونەوە: ئایا بەپێی سروشتی خۆیان لەئاستی ناوخۆ گوشارە ئەمنییەکان زیاد بکەن، یان داواکارییەکانی سەبارەت بە ئازادی و کۆمەڵگایەکی کراوە لەبەر چاوبگرن؟ دوای تەقینەوە خۆکوژییەکانی مانگی ئایاری ٢٠٠٣ لە ڕیاز کە ٣٥ کوژراوی لێکەوتەوە کە ژمارەیەکیان بیانی بوون، ھەندێ لە سعودییەکان ئەم کردەوەیەیان بە پەلاماری ١١ی سێپتەمبری عەرەبستان لە قەڵەم دا. ھەر لەو کاتە بەدواوە لە لایەک داواکارییەکان بۆ چاکسازیی سیاسی زیاتر بوون و لە لایەکی تریشەوە ڕێژەی ئەو پەلامارە تێرۆریستییانەی کە زیاتر ھاووڵاتییانی بیانییان دەکردە ئامانج ڕوویان لە زیادبوون کرد. سەبارەت بەو ڕووداوانەش ھەزاران کەس لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی سعوودییەوە دەستگیر کراون. بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنە ھەرێمییەکانی ساڵی ٢٠٠٥ وەک یەکەم نموونەی دیموکراسییەکی سنووردار دەژمێردرێت لەو وڵاتەدا. بەڵام، ھێشتا ڕێگە بە ھەبوونی پارت و ڕێکخراوی سیاسی و چالاکیی سیاسی نادرێت لەو وڵاتەدا. لەبەر ئەوەش تەنیا چەند کەسێک، ئەویش لەدەرەوەی وڵات، لەم بوارەدا چالاکن و ئەو کەسانەش کە لە ناوەوە بە ئاشکرا داوای چاکسازی دەکەن، مەترسیی گرتنیان لەسەرە.

ئابووریدەستکاری

سعوودیە ئابوورییەکی بە‌هێزی هەیە کە بەشێوەیەکی گشتی پشتی بە ناردنەدەرەوەی نەوت بەستووە. سعوودیە خاوه‌نی ٢٥% پاشکه‌وتی نه‌وتیی جیھانە و ڕۆژانه‌ دە ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنی، هه‌نارده‌ی سه‌ره‌کیی نه‌وت و غازی سروشتی و دانه‌وێڵه‌یه‌.

ڕێبەرانی سیاسیدەستکاری

سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکوومەت: مەلیک عەبدوڵا کوری عەبدولعەزیزە. عەرەبستان لە ساڵی ١٩٢٣وە لەلایەن بنەماڵەی سعودەوە بەڕێوە دەبرێ. شا عەبدوڵڵا لە ساڵی ٢٠٠٥ جێگەی زڕبراکەی خۆی واتە شا فەھدی گرتەوە کە ھەر لەو ساڵە دا کۆچی دوایی کردبو. شا عەبدوڵا لە ساڵی ١٩٢٤ لە دایک بوەو لەسەر دابونەریتی ڕەسەن و کۆنی عەرەب پەروەردە کراوە و ھۆگری شێوازی ژیان و نەریتە عەشایەرییەکانە و باس لەوە دەکرێ کات وساتێکی زۆر لە سارا و بیابان بەسەردەبات. لە ساڵی ١٩٨٢ بوە جێگر یان وەلیعەھدی مەلیک فەھد و سەررۆکایەتی ئەرکانیشی گرتە ئەستۆ و بەو ھۆیەشەوە بوەتە بەھێزترین کەسایەتی لەسعودییە. لە نیوەی دەیەی ١٩٩٠ بەملاوە ئەمە شا عەبدوڵڵا بوو کە ھەمو کاروباری وەڵاتی بەڕێوە دەبرد. دەنگۆی ئەوە بڵاو بوەتەوە کە شا عەبدوڵڵا بە ھاوکاری ھەندێک لەئەندامانی بنەماڵەکەی دەسەڵاتی حەوت زڕیراکەی دیکەی سنوردارکردووەتەوە کە بەھێزترین کوتلەن لە بنەماڵەی دەسەڵاتداردا. شا عەبدوڵڵا بە دژبەری گەندەڵی ماڵی و ئیداری ناسراوە، ودەوتری لایەنگری چەشنێک لە ڕیفۆرمە کە دژایەتی نەبێت لە گەڵ نەریتەکانی سعودییەدا. لە جیھانی عەرەبدا وەک داکۆکی کاری بەرژەوەندییە گشتییەکانی عەرەب ناسراوەو گەلێک جار ڕەخنەی لە ئەمریکا گرتووە لەبەر لایەنگری ئەو ولاتە لە ئیسرائیل و ڕەخنەشی لە ئیسرائیل گرتووە لەسەر داگیرکردنی فەلەستین. جێگری سەرۆکی جکومەت: شازادە سوڵتان کوری عەبدولعەزیزە وەزیری دەرەوەش: شازادە سعود فەیسەڵ کوری عەبدولعەزیزە وەزیری ناوخۆ ئەو ولاتەش بەدەستی شازادەیەکیتری بنەماڵەی سعودەوەیە بەناوی نایف کوڕی عەبدولعەزیز

راگه‌یاندنه‌کاندەستکاری

له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ سعودیە له‌ پێشه‌نگه‌کانی بواری کاناڵه‌ ئاسمانیه‌ پان عه‌ره‌بیه‌کانه،‌ به‌ڵام راگه‌یاندنی ئه‌م وڵاته‌ زۆر به‌ وردی چاودێری ده‌کرێ. رێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ ره‌خنه‌یه‌ک نادرێت له‌بنه‌ماکانی ئایین یان له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ی سعود. له‌ساڵی ٢٠٠٣ راگه‌یاندنی ئه‌م وڵاته‌ که‌ش و هه‌وایێکی تاراده‌یه‌ک کراوه‌ی به‌ خۆوه‌ بینی و هه‌ندێ بابه‌ت که‌ پیشتر قه‌ده‌‌‌‌غه‌ بوون بڵاوده‌کرانه‌وه‌. ره‌نگه‌ ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ رێژه‌ییه‌ش له‌به‌ر روداوه‌کانی ١١ سێپته‌مبر و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی‌ تیرۆرزمی ناوخۆیی بوبێ. به‌رپرسیاری سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رنامانه‌ی له‌م وڵاته‌دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆی راگه‌یاندن و هه‌واڵنیریه‌ ره‌سمیه‌کانی حکومه‌ته‌ که‌ له‌ چوار که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی‌ پێکهاتوون که‌ یه‌کیان که‌ناڵی هه‌واڵیی الخبریه‌یه‌. وه‌زیری که‌لتورو زانیاری گشتی سه‌روکایه‌تی لیژنه‌ی چاودێری رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی وڵات ده‌کات. گه‌رچی ئه‌م وڵاته‌ بازارێکی گه‌وره‌ی کاناڵه‌ ئاسمانیه‌ پان عه‌ره‌بیه‌کانه‌ و سه‌رمایه‌داره‌ سعودیه‌کان خاوه‌نی هه‌ندێک له‌م که‌ناڵانه‌ ئاسمانییانه‌ن وه‌ک که‌ناڵی mbc که‌ نوسینگه‌که‌ی له‌شاری دوبه‌ی ئیماراته‌، به‌ڵام رادیۆ و ته‌فزیۆنه‌ ئه‌هلییه‌کان ناتوانن له‌ سعودیە نوسینگه‌ بکه‌نه‌وه‌. دانیشتوانی رۆژهه‌ڵاتی سعودیە ده‌توانن سه‌یری که‌ناڵه‌ ته‌له‌ویزیۆنیه‌کانی وڵاتانی که‌نداو بکه‌ن که‌ که‌شێکی کراوه‌تریان هه‌یه‌. سه‌رجه‌م رۆژنامه‌کان ته‌نیا به‌پێی نوسراوی ره‌سمی که‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ بۆیان ده‌رده‌چێ مافی بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بێ. له‌سعودیە به‌ده‌یان رۆژنامه‌ وگۆڤار بڵاوده‌کرێنه‌وه‌.هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌کانی وڵاتانی دیکه‌ش به‌مه‌رجێک له‌ژێر سانسۆر ده‌ربچن ده‌گه‌نه‌ به‌رده‌ست خوێنه‌رانیان. رۆژنامه‌کان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ستیار و گرنگ سیاسه‌تی ده‌زگا هه‌واڵنیریه‌ ره‌سمییه‌کان ره‌چاو ده‌که‌ن.

ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ هه‌وڵێکی زۆری داوه‌ بۆ دانانی به‌ربه‌ست یان فیلته‌ر بۆ ئه‌و ماڵپه‌رانه‌ی که‌ به‌تێکده‌ر و به‌زیانبه‌خش ناویان ده‌بات. هه‌ندێ که‌س پێیانوایه‌ ژنان زۆرترین رێژه‌ی به‌کارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت پێکده‌هێنن له‌سعودیە که‌ ئه‌مه‌ش گوزارشتێکه‌ له‌رێگرییه‌کی‌ توند له‌ به‌رده‌م چالاکی ئه‌وان له‌ بواره‌کانی دیکه‌دا.

گرنگترین بڵاوکراوه‌کان عه‌ره‌بستان ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌ن:

  • رۆژنامه‌کانی‌ ئه‌لوه‌ته‌ن-ئه‌لریاز-ئه‌لجزیره‌- وعوکاز به‌ عه‌ره‌بی بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌.
  • رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چێ و ماڵپه‌ره‌که‌ی به‌ زمانی ئینگلیزیه‌
  • عه‌ره‌ب نیوز وسعودی گازێتیش به‌ زمانی ئینگلیزی بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌.

ته‌له‌فزیۆنی‌ سعودی تی‌ ڤی‌ و رادیۆی‌ سعودی رادیۆ وهه‌واڵنێری ده‌وڵه‌تی سعودیەش له‌و ولاته‌ چالاکییان هه‌یه‌.

زانیاری گشتیدەستکاری

  • زمانی ڕەسمی:‌ عه‌ره‌بی
  • ئاینی ڕەسمی: ئیسلام
  • دراو:ریاڵه‌ و ١ ریاڵیش ١٠٠ هەلاله‌
  • داهاتی ساڵانه‌ی‌ بۆهه‌رتاکێک: ١١٧٠٠دۆلاره‌
  • هێمای ئینته‌رنێته‌که‌ی: .sa
  • کۆدی ته‌له‌فۆن: ٩٦٦

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ "The total population in 2018 | General Authority for Statistics". web.archive.org. 2019-04-03. Retrieved 2021-09-02.
  2. ^ Countries in the world (ranked by 2014 population)(ئینگلیسی). ماڵپەڕی Worldometers. سەردان لە ڕێکەوتی ٥ی ئایاری ٢٠١٥.
  3. ^ بەختیاری, سەعی. جوگرافیا. تاران: ڕێکخراوی جوگرافیاییو کارتۆگرافی گیتاناسی. ISBN 978-964-342-431-2.
  • ماڵپەڕی ڕادیۆی نەوا [١]