ئوردن یان ئوردون یان بە فەرمی شانشینی ئوردونی ھاشیمی (بە عەرەبی: المملکة الأردنية الهاشمية‎، Al-Mamlakah al-ʾUrdunniyyah al-Hāšimiyyah) وڵاتێکی عەرەبی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیاوە، ڕووبەری خاکەکی ٨٩٬٢١٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەشی شەش ملیۆن کەس دەبێت. دراوسێکانی ئوردن ئەمانەن: لە باکوورەوە سووریا، لە باشووری خۆرھەڵاتەوە عەرەبستانی سەعوودی، لە باکووری ڕۆژھەڵاتیشەوە عێراق، لە خۆرئاواوە ئیسرائیل و کەنارەکانی خۆرئاوای ڕووباری ئوردن سنووریان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ھەیە، لە باشووریشەوە ٢٦ کیلۆمەتر سنووری ئاوی لە کەنداوی عەقەبە‌دا ھەیە. لەگەڵ ئەمانەشدا لە ناو وڵاتانی عەرەبیدا ئوردن کەمترین سنووری ئاوی ھەیە. پایتەختی ئەم وڵاتە شاری عەممانە.

شانشینی ئوردونی ھاشیمی
المملكة الأردنية الهاشمية
سروود: الله، الوطن، المليك
پایتەختعەممان
زمانە فەرمییەکان عەرەبی
دەوڵەت پاشایەتی مەشرووتە
 -  پاشا عەبدوڵڵای دووھەم
 -  سەرۆک وەزیران مەعرووف البەخیت
ڕووبەر
 -  ٩٢٬٣٠٠ کم٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە 
ھەڵەی دەربڕین: پیتێکی نەناسراو ھەیە "٩" مایلی چوارگۆشە 
 -  ئاو (%) ٠٫٨٪
ژمارەی دانیشتوان
 -  بەراوردی  ١٠٬٤٢٨٬٢٤١ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە 
 -  سەرژمێریی ٢٠١٠[١] ٦٬٤٠٧٬٠٨٥ 

مێژوودەستکاری

ئوردن لەدوای جەنگی یەکەمەوە تا ساڵی ١٩٤٦ لە ژیر چاودێری بریتانیا مایەوە و لەو ساڵەدا بنەماڵەی ھاشمی سەربەخۆیی ئوردنیان ڕاگەیاندو لەوەو بەدواش بە شانشینی ئوردنی ھاشمی ناسرا.

دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، شا عەبدوڵای یەکەم بووە فەرمانڕەوای ئەم وڵاتە و دوای تیرۆرکردنی شا عەبدوڵا لە ساڵی ١٩٥١ دا لە شاری ئورشەلیم، تەلال بن عەبدوڵڵا بۆ ماوەیەکی کورت بووە پادشای ئوردن.

گەورەترین سەرکەوتنی شا تەلال پەسەندکردنی دەستوور بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٢ دا لەبەر نەخۆشی ئێسکیزۆ فڕنی، لە دەسەڵات لابرا. لەبەر ئەوەی حسێنی کوڕی لەو کاتەدا تەمەنی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ، لیژنەیەکی کاتی وڵاتی ئوردنی بەڕێوەبرد. شا حسێن لە ساڵی ١٩٥٣ لەتەمەنی ١٨ ساڵیدا توانی دەسەڵات بگرێتە دەست و لە ماوەیەکی کورتدا پشتیوانی سوپا و عەرەبە ڕەسەن و عەرەبە فەلەستینییەکانی ئوردن بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ساڵی ١٩٩١ کۆتایی بە ڕەوشی نائاسایی شانشینەکەی ھێنا و لە ساڵی ١٩٩٢ شدا بە پەسەندکردنی یاسایەک ڕێگەی بۆ دامەزراندنی پارتە سیاسییەکان خۆشکرد.

دواجار لە ساڵەکانی ١٩٨٩ و ١٩٩٣ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەو وڵاتە بەڕێوە چوون. گۆڕانکاری لە یاسای ھەڵبژاردندا ھەراوھۆریای زۆری لێکەوتەوە و لایەنە ئیسلامییەکان لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٧ دا بەشداریان نەکرد.

شا حسێن پاش ٤٦ ساڵ لە گرتنە دەستی دەسەڵات، لە ساڵی ١٩٩٩دا مرد و تەختی پادشایەتی بۆ شا عەبدوڵای دووەمی کوڕی بەجێھێشت. شا عەبدوڵڵای دووەم لە ساڵی ١٩٩٩ جێگەی باوکی گرتەوەو بە شێوەیەکی فەرمی ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە گەڵ ئیسرائیل ئیمزاکرد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر کرد و لە یەکەم ساڵی دەسەڵاتداریی خۆیدا چاکسازیی ئابووری خستە ئەولەوییەتی بەرنامەکانییەوە.

دانیشتوواندەستکاری

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی ئوردن ٧٬٥٠٤٬٨١٢ کەس بووە کە دەکاتە ٠٫١٠ لەسەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مام‌ناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە ٢٣٫٧ ساڵە. ھەروەھا ٨٣ لە سەدی دانیشتووانی وڵات لە شارەکان دەژین.[٢]


ئاییندەستکاری

ئایینەکان لە ئوردن [٣]
ئایینەکان ڕێژە
سوننە
  
٩٧٫٠٪
مەسیحی
  
٣٫٠٪

سیستەمی سیاسیدەستکاری

ئوردن وڵاتێکی پاشایەتی مەرجدارە و دەستووری ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٩٥٢ دا پەسەند کراوە. دەسەڵاتی ئیداری و بەڕێوەبەرایەتی لە ئەستۆی شای ئوردن و کابینەی حکوومەتەکەیدایە. سەرجەم یاساکان لەلایەن شاوە واژوو دەکرێن، بەڵام دوو لەسەر سێی نوێنەرانی پەرلەمان دەتوانن ڤیتۆی شای ئوردن ھەڵوەشێننەوە. شا دەتوانێ سەرجەم دادوەرەکان دیاری بکا و لەسەر کار لایان ببات. ھەروەھا چاکسازییەکانی دەستوور پەسەند بکات و شەڕ ڕابگەیێنێ. کابینەی حکوومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لەلایەن شاوە ھەڵدەبژێردرێت، بەڵام دەبێ کابینە وەڵامدەرەوەی پەرلەمان بێ و پەرلەمانیش دەتوانێ بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی، کابینەی حکوومەت ھەڵبوەشێنێتەوە. شا سەرۆکی ھێزە سەربازییەکان و دەزگای ھەواڵگری ئوردن یشە.

بەردەوامبوونی کێشەی ئابووری و زیادکردنی ڕێژەی دانیشتووان و کەشی کراوەی سیاسی، بوونەتە ھۆی سەرھەڵدانی چەندین پارت و ڕێکخراوی سیاسی لەو وڵاتە. ھەرچەندە شا دەسەڵاتداری بێ ڕکابەرە لە ئوردن، بەڵام پەرلەمانیش ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێرێ و پارت و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی ئیسلامییەکان ڕا و سەرنجی خۆیان دەردەبڕن. تا ئێستا پارلەمان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لەسەر گەندەڵیی ئیداری چەندین بەرپرسی حکومی کردووە.

سیاسەتی دەرەوەدەستکاری

ئوردن لە سیاسەتی دەرەوەدا ھەموو کات لایەنگری خۆراوا بووە و پەیوەندی پتەوی لە گەڵ بریتانیا و ئەمریکا ھەبووە و ھەرلە کۆنەوە لەکێشە ناوچەیییەکاندا خۆی بێلایەن ڕاگرتووە. بۆیە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی باش بووە. لە شەڕی کەنداودا، ئوردن نەچوە پاڵ ھێزەکانی ئەمریکا بۆ ھێرشکردنە سەر عێراق. لەپاش کۆتایی ھاتنی شەڕی کەنداو، ئوردن سەرلەنوێ بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کرد و پابەند بوو بە گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر عێراق، بەمەش جارێکی تر پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆراوا باشتر کردەوە کە بەھۆی شەڕی کەنداوەوە کێشەی تێکەوتبوو. ئوردن لە ٢٥ی تەممووزی ١٩٩٤ دا بە ناوبژیوانیی ئەمریکا، ڕێکەوتنامەیەکی لەگەڵ ئیسرائیل مۆر کرد کە تایبەت بوو بەوەی ھیچیان ھێرش نەکەنە سەر ئەویتریان و بە بڵاوکراوەی واشنتۆن ناسراوە.

شا عەبدوڵا پادشای ئوردن و ئێسحاق ڕابین لەسەر ئەم ڕیکەوتنامەیە وتووێژیان کرد و لە ئەنجامی ئەم وتووێژانەدا لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان ئوردن و ئیسرائیل بە بەشداری بیل کلینتۆنی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا مۆر کرا. لەدوای ڕاپەرینی قودس، ئوردن و میسر باڵوێزەکانیان لە ئیسرائیل بانگ کردەوە، بەڵام لەدوای دانیشتنی شەرم الشیخ لە ٨ی شوباتی ٢٠٠٥ شانبەشانی میسر بڕیاریدا باڵیۆزی خۆی ڕەوانەی ئیسرائیل بکاتەوە.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ ""Population: Jordan" ماڵپەڕی سی‌ئای‌ئەی". Archived from the original on ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧. Retrieved ٦ی شوباتی ٢٠١٩. Check date values in: |access-date=, |archive-date= (help) Archived ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧, لە وەیبەک مەشین.
  2. ^ Countries in the world (ranked by 2014 population)(ئینگلیسی). ماڵپەڕی Worldometers. سەردان لە ڕێکەوتی ٥ی ئایاری ٢٠١٥.
  3. ^ بەختیاری, سەعی. جوگرافیا. تاران: ڕێکخراوی جوگرافیاییو کارتۆگرافی گیتاناسی. ISBN 978-964-342-431-2.