ناحیەی ئاغجەلەر یەکێکە لە حەوت ناحیەی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارەدێی ئاغجەلەرە.[٢] ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی ئاغجەلەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا (١١٬١٦٩)کەسە.[٣]

ناحیەی ئاغجەلەر
(ناحیەی قەڵاسێوکە)
بە عەرەبی: ناحیة آغجلر
بە ئینگلیزی: Aghjaler Sub-District
نەخشەی سەرەوە
نەخشەی کارگێڕی ناحیەی ئاغجەلەر
نەخشەی خوارەوە
نەخشەی ناحیەی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ
(پەمەیی کاڵ)
Map
ناحیەی ئاغجەلەر
پۆتانەکان: 35°45′N 44°54′E / 35.75°N 44.9°E / 35.75; 44.9پۆتانەکان: 35°45′N 44°54′E / 35.75°N 44.9°E / 35.75; 44.9
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
قەزاقەزای چەمچەماڵ
مەڵبەندئاغجەلەر
ژمارەی گوندەکان٦٥
بوون بە ناحیە١٨٧٥
دەسەڵات
 • بەڕێوەبەرهێمن بەهجەت
ڕووبەر
 • ناحیە٦٣٨ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٤٦ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٦١٢ مەتر (٢٬٠٠٨ پێ)
بەرزترین بەرزایی
١٤٢٤ مەتر (٤٬٦٧٢ پێ)
نزمترین بەرزایی
٣٥٨ مەتر (١٬١٧٥ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • ناحیە١١١٦٩
 • چڕی١٧٫٥ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٤٥ کەس لە میلی چوارگۆشە)
 • شاری
٢٤٩٤
 • لادێیی
٨٦٧٥
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

ناحیەی ئاغجەلەر سەرجەمی دانیشتووانەکەی کوردە، وەیەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق، لە سەرەتادا لەگەڵ قەزای چەمچەماڵدا سەر بە سنجاقی سلێمانی بوو، بەڵام لەگەڵ داگیرکاری ئینگلیز و درووستکردنی دەوڵەتی عێراق بۆ کەم کردنەوەی لایەنگری شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید، قەزای چەمچەماڵ خرایە سەر پارێزگای کەرکووک، بەڵام بەھۆکاری سیاسی و پاکتاوکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنراو لە ساڵی ١٩٧٦دا قەزای چەمچەماڵ خرایەوە سەر پارێزگای سلێمانی، لە ئێستادا چارەنووسی ئەم ناحیەیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی (ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق) دەکات.[٤]

لە شاڵاوی ئەنفالدا ئەم ناحیەیە لەسەر ئاستی ناحیەکانی باشووری کوردستان زۆرترین قوربانی داوە لە دوای ناحیەی قادرکەرەم.[٥]

ناو دەستکاری

لە سەردەمی بابانی و عوسمانیدا بەم ناوچەیە دەوترا قەڵاسێوکە، تاوەکو سەردەمی پاشایەتی ناوی ناحییەکە ھەر قەڵاسێوکە بوو.

ناوی ناحیەی ئاغجەلەر لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە ئەویش شارەدێی ئاغجەلەرە.

  • وشەی ئاغجەلەر گوایە لە وشەی (ئاغاج+لەر) ھاتووە ئاغاج واتای دار(درەخت) و لەر ئامڕازی کۆیە لە زمانی تورکیدا، بەسەریەکەوە دەبێتە دارەکان.
  • ئاقجەلەر یا ئاغجەلەر بووە، ئاقجە یان ئاغجە بە واتای پارچە زیو دێت، بەسەریەکەوە دەبێتە زیوەکان.
  • گوایە باغچەلەر بووە بەواتای باخچەکان دێت، کە لە زوودا ئەم گوندە ھەمووی باخ و بێستان بووە.
  • ئاغجەلەر لە زمانی تورکیدا بە واتای ھاوارکردنیش دێت.
  • ئەگەری ھەیە پێش داگیرکاری عوسمانی ناوێکی کوردی ھەبووبێ بە وتن نزیک بووبێت لەم وشەیە یان بەم واتایە ھاتبێت، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا گۆڕدراوە، لەبەرئەوەی ئەم گۆڕانکارییانەیان بەکاردەھێنا لە ناوچەکاندا.[٦]

جوگرافیا دەستکاری

ناحیەی ئاغجەلەر ھاوسنوورە لەگەڵ؛

مێژوو دەستکاری

سەردەمی عوسمانی دەستکاری

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩)

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە. سیستەمی کارگێڕی ئەم ماوەیەی دەسەڵاتی عوسمانی لە سنجاق و قەزا پێکھاتبوو.

    • لەم ماوەیەدا ناحیەی ئاغجەلەر قەزا بووە و سەر بە سنجاقی سلێمانی بووە و ناوی (قەزای قەڵاسێوکە) بووە، ناوەندەکەشی شارەدێی ئاغجەلەر بووە.[٩]
  • لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو.
  2. کۆکردنەوەی قەزاکان: بەشێک لە قەزاکان کۆکرانەوە لە یەک قەزادا، و یەک ناوی بۆ داندرا، بۆ نموونە کۆکردنەوەی ھەر سێ قەزای(پیرحەیاتی، چیاسەوز)، (سەرچنار، گڵناغاج، قەسرۆک، گدخەبەر، جبق قلعە) و (قەڵاسێوکە، ئاغجەلەر، عەسکەر، عەشرەتی سمایل عوزێری) لە ناو قەزای قەڵاسێوکەدا.[١٠]
  3. لەم ماوەیەدا لیوای سلێمانی لە ١٦ قەزا پێکھاتبوو کە یەکێکیان قەزای قەڵاسێوکە بوو.
 
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)
  • لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا

لەم ماوەیەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. خاڵی گرنگی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە تۆماری زانیاری وردی یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵنامەی ویلایەتەکاندایە.

    • (قەزای قەڵاسێوکە) بچووک کرایەوە و بووە ناحیە و خرایە سەر قەزای بازیان.
    • لیوای سلێمانی لەم ماوەیەدا پێکھاتبوو لە ٦ قەزا.[١١]
 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
    • لە ساڵی ١٨٩٠دا ناحیەی قەڵاسێوکە(ئاغجەلەر) ھەر سەر بە قەزای بازیان مایەوە.
 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٩٤دا
 
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٩١٢دا

لە سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨) دەستکاری

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی(٥) ئەندام وەکو نوێنەری لیواکە لە ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقدا(المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نیوان عێراق - تورکیا لە سەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی ١٩٢٥ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق،[١٢]

 
نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦ - ١٩٥٨)دا

لەم ماوەیەدا قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە سێ ناحیە پێکھاتبوو ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەر، وەھیچ گۆڕانکارییەک لە کەرتەکان و یەکە کارگێڕییەکانیدا نەکرا.

 
نەخشەی کەرتەکانی ناحیەی ئاغجەلەر لە ساڵی ۱۹٤۷دا

لە سەردەمی کۆماریدا (١٩٥٨ - ١٩٩٠)دا دەستکاری

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم قەزایە تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان.[١٤]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨ - ١٩٧٥)دا

قەزای چەمچەماڵ لەم ماوەیەدا سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو لە ڕووی کارگێڕییەوە ھیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا لە کەرت و ناحیە و گوندەکانیدا.

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٧٥ - ١٩٨٦)دا
  1. دابڕانی ھەردوو قەزای کەلار و قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای کەرکووک و بەستنەوەیان بە پارێزگای سلێمانییەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٦٠٨) لە ٦\١١\١٩٧٥دا.
  2. دابڕانی (٦) کەرت لە ناوەندی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لکاندنیان بە ناحیەی قەرەحەسەنی سەر بە قەزای کەرکووک بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢) لە ٢٤\١\١٩٧٦دا.
  3. دابڕاندنی کەرتێک لە قەزای چەمچەماڵ و لکاندنی بە ناحیەی قەرەھەنجیری سەر بە قەزای کەرکووک بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٣٣) لە ٦\٥\١٩٧٩دا.
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹۷٥دا
 
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٧دا.jpg
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٨٧ - ١٩٩٠)دا
  1. لەگەڵ پڕۆسەی خاپوورکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعس ھەستا بە دروستکردنی ئۆردوگایەکی زۆرەملێ بە ناوی (موجەمەعی شۆڕش) لە نزیک شارۆچکەی چەمچەماڵ، بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتوانی گوندە خاپوورکراوەکانی ئەم قەزایە. لەو ماوەیەدا بە فەرمانی کۆماری لە ١٢\٥\١٩٨٧دا ھەردوو ناحیەی ئاغجەلەر و ناحیەی سەنگاو ھەڵوەشێنرایەوە و ھەموو کەرتەکانیان لکێندران بە ناوەندی قەزاکەوە.
  2. ڕژێمی بەعس چۆن ئامانجی لە دابڕاندنی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای کەرکووک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای کەرکووک بوو ھەمان کرداری لە سەر قەزای دووزخورماتوو جێبەجێکرد، بە فەرمانی ژمارە(٣٦٨) لە ٣٠\٦\١٩٨٧دا ناحیەی قادرکەرەمی لە قەزای دووزخورماتوو دابڕاند و لکاندی بە قەزای چەمچەماڵە.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٠٨) لە ٣\٨\١٩٨٧دا ناحیەی قادرکەرەمی ھەڵوەشاندەوە و ھەموو کەرتەکانی لکاند بە ناوەندی قەزای چەمچەماڵەوە.[١٥]
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹٨۷دا
 
نەخشەی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹٨۷دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم دەستکاری

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٦]
  2. قەزای چەمچەماڵ دروستبووەوە و پێکھاتبوو لە (٣) ناحیە، ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەر.
  3. ھێنانە کایەی ھەردوو ناحیەی شۆڕش و ناحیەی تەکیەی کاکەمەند لەساڵی ٢٠٠٠دا بە دابڕانیان لە کەرتەکانی ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی ئاغجەلەر بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(ئیدارەی سلێمانی).
  • لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٣ - ٢٠١٥)دا:
  1. لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ناحیەی قادرکەرەم ئاوەدان کرایەوە لەگەڵ گوندەکانی و ناحیەیەکە وەک یەکەی کارگێڕی گەڕایەوە سەر قەزای چەمچەماڵ.
  2. ھێنانە کایەی ناحیەی تەکیەی جەباری بە دابڕانی لە کەرتەکانی ناحیەی قادرکەرەم لە ساڵی ٢٠٠٤دا بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(ئیدارەی سلێمانی).
  3. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئیدارییەش ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێک لە رۆژی ٦/٨/٢٠٠٦ ئیدارەی گەرمیانی پێکھێنا کە ناوەندەکەی شارۆچکەی کەلار بوو، قەزای چەمچەماڵ یەکێک بوو لە قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان.
  4. بە بڕیاری لە ساڵی ٢٠١٤دا قەزای چەمچەماڵ لە ئیدارەی گەرمیان دابڕاو خرایەوە سەر پارێزگای سلێمانی.

شاڵاوی ئەنفال دەستکاری

ئەوەی لە شاڵاوی ئەنفالدا ڕوویدا تەنھا ھەوڵێک نەبوو بۆ لەناوبردن و کوشتنی تاکی کوردی، بەڵکو ھەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی مۆرکی نەتەواویەتی گەلی کورد، بەو پێیەی ئەنفال پرۆسەیەکی پلان بۆ دارێژاوی پێش وەختەبوو، بەوەی پلانی پێشوەختەی بۆ دارشتبوو پرۆسەکەی دابەشکردبوو بەسەر (٨)قۆناغدا و لە (٦) ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا سەرجەمی ئەو قۆناغانە لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکردوو لە ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی ھەموو گوندەکانی باشووری کوردستان کۆتایی ھات.

قۆناغەکانی ئەنفال لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بۆ ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨. (٨)قۆناغ لە (٦) ناوچەی جوگرافیادا:

  1. قۆناغی یەکەم بۆ سەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی.
  2. قۆناغی دووەم بۆ سەر قەزای قەرەداغ.
  3. قۆناغی سێیەم بۆ سەر ناوچەی گەرمیان.
  4. قۆناغی چوارەم بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوکە و دۆڵی زێی بچووک.
  5. قۆناغی پێنج و شەش و حەوت بۆ سەر ناوچەکانی قەزای شەقڵاوە و قەزای ڕەواندز.
  6. قۆناغی ھەشتەم و کۆتایی بۆسەر ناوچەی بادینان.

سەرجەم ئەم قۆناغانەش لە ٦ ی ئەیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی ھەموو گوندەکانی باشووری کوردستان کۆتایی ھات .

قۆناغی چوارەمی ئەنفال لە(٣\٥ تا ١٥\٥\١٩٨٨) دەستکاری

قۆناغی چوارەمی شاڵاوی ئەنفال بۆ سەر ناوچەکانی (ناحیەی ئاغجەلەر، ناحیەی شوان، چەمی ڕێزان، قەزای کۆیە، ناحیەی تەقتەق) لە سنووری ھەرسێ پارێزگای (پارێزگای ھەولێر، پارێزگای سلێمانی، پارێزگای کەرکووک) بوو، ئەم ھێرشەش بە کیمیابارانکردنی گوندی گۆپتەپەی (٣٠٠)ماڵە دەستی پێکرد. ئەم ھێرشەشە بووە ھۆی کوشتنی نزیکەی (٣٠٠)کەسی ئەم گوندە، وە بە دووەم ھێرشی زیان بەخش دائەنرێ لە دوای شاری ھەڵەبجە.

  1. سەر لە بەیانی رۆژی ٤ی مایس ھێزی پیادەی رژێم لە ھەموو لایەکەوە دەستی پێکرد ئەم ھێرشە بە فەرماندەی لیوا روکن (سوڵتان ھاشم) بوو بەشێک لەم ھێرشە لە چەمچەماڵ و تەکیەی کاکەمەندەوە بەرەو ناحیەی ئاغجەلەر کەوتە ڕێ ئەم ناحیەیە سالێک لەوەو پێش روخابوو.
  2. پاشان ھێرشێکی تر لە سوسێی سەیدانەوە بەرەو سورقاوشان کەوتە ڕێ و ھێرشێکی دیکە لە ناحیەی تەقتەقەوە بۆ گوندەکانی لێواری زێی بچووک و شێخ بزێنی و گۆپتەپە، ھێرشێکی دیکە بەرەو گوندەکانی نزیک قەزای کۆیە بەرێکەوت.
  • زیانەکانی ئەم قۆناغە

سوپا لە رۆژی ١٥\٥ سەرجەم گوندەکانی ئەم ناوچەیەی ڕووخاند و تەنھا لە ناحیەی ئاغجەلەر کە (٦٧) گوندی تیدا بوو (٢،٨١٣)خانووی تێدا بوو (١٤،٨٦٤)کەسی تێدا دەژیا نزیکەی (٧،٢٠١) کەس ئەنفال کراون.[١٧]

کارگێڕی دەستکاری

ئەم ناحیەیە لە ٦٥ گوند پێکھاتووە:[١٨]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ ‎مەحموود عوسمان مەعروف. بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  4. ^ http://www.com140.com/paper.php?source=akbar&mlf=copy&sid=5
  5. ^ https://web.archive.org/web/20170611001206/http://uk.gov.krd/articles/detail.aspx?lngnr=12&anr=36742
  6. ^ ‎جەمال بابان. أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  7. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/11068387
  8. ^ https://www.geonames.org/99237/republic-of-iraq.html
  9. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  10. ^ ‎شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  11. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  12. ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ د.عثمان علی. الکورد فی الوثائق البریطانیة(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  15. ^ https://uomustansiriyah.edu.iq/books/94357.html
  16. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  17. ^ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=369
  18. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.