قەزای کفری (بە عەرەبی: قضاء کفری، بە ئینگلیزی: Kifri District) یەکێکە لە قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی کفریە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ٦٢،٧٨٣ کەسە.[٣]

قەزای کفری
بە عەرەبی: قضاء کفری
بە ئینگلیزی: Kifri District
نەخشەی سەرەوە:
نەخشەی قەزای کفری لە پارێزگای سلێمانیدا
(سوور)
نەخشەی خوارەوە:
نەخشەی کارگێڕی قەزای کفری
Map
قەزای کفری
پۆتانەکان: 34°41′23″N 44°57′38″E / 34.68963°N 44.96057°E / 34.68963; 44.96057پۆتانەکان: 34°41′23″N 44°57′38″E / 34.68963°N 44.96057°E / 34.68963; 44.96057
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
ئیدارەئیدارەی گەرمیان
مەڵبەندکفری
ژ.ناحیەکان٧
ژ.گوندەکان١٥٦
بوون بە قەزا١٨٧٥
دەسەڵات
 • قایمقامشەماڵ نامیق کەرەم
ڕووبەر
 • قەزا٢٧٩٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٬٠٧٨ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٢٢٩ مەتر (٧٥١ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٧٤٥ مەتر (٢٬٤٤٤ پێ)
نزمترین بەرزایی
١٣٧ مەتر (٤٤٩ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا٦٢،٧٨٣
 • چڕی٢٢٫٤٨ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٥٨٫٢ کەس لە میلی چوارگۆشە)
 • شاری
٤٢،٧٤٩
 • لادێیی
٢٠،٠٣٤
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی و کەڵھوڕیتەرکمانی و عەرەبی
 • ئایینئیسلام(سوننە و شیعە) و یارسان
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

ئەم قەزایە پێکھاتووە لە حەوت ناحیە:[٤]

بە دارە سیدرەکانی ناوبانگی دەرکردووە، لە دەورووبەری بیرە نەوتەکانیش ھەن کە پێدەچێت درێژکراوەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بن، بەڵام دەرنەھێنراون. بانێکی ھەیە بە بەرزی ٣٣٥م کە ڕووی لە شارەکە کردووە. ئەم قەزایە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەناوبانگە، پێدەچێت ناوی ئەو دارە کفر(تەروو) لێنرابێت کە بۆ دەرھێنانی خەڵوز بەکارھاتووە و تا ئێستاش شوێنەوارەکانی لە گوندی ناساڵەح لە نزیک شارەکە دەبینرێت.

بە فەرمی بەشێکە لە پارێزگای دیالە، بەڵام لە ژێر کۆنترۆڵی دیفاکتۆی(پەیوەندیدارە) حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.[٥] لە ئێستادا دوو قەزای کفری لە عێراق ھەیە. یەکێکیان لە پارێزگای دیالە ھەیە و یەکێکی تریان لە پارێزگای سلێمانی. جاران یەک قەزای کفری یەکگرتوو ھەبوو. بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا زۆربەی قەزاکە بە کفری ناوەندییەوە کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. حکومەتی فیدراڵی عێراق ناکۆکی لەسەر ئەمە دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەواوی قەزاکە بە فەرمی بەشێکە لە پارێزگای دیالە. بەڵام حکومەتی کوردی قەزای نوێ و سەربەخۆی دروستکردووە، لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیدایە، کە بە قەزای کفریش ناودەبرێت. ھەروەھا قەزا کوردیەکە ھەندێک خاکی زیادەی تێدایە، کە حکومەتی فیدراڵی ئیدیعای دەکات وەک بەشێک لە قەزای دووزخورماتوو لە پارێزگای سەلاحەددین، ھەروەھا ئەو ناوچانەی کە بێ مشتومڕ لەلایەن بەغداوە وەک بەشێک لە پارێزگای سلێمانی دانیان پێدانراوە. بەم شێوەیە دوو قەزای ھاوتەریب، یەکێکیان لەژێر دەسەڵاتی دیالە و یەکێکی تریان لەژێر دەسەڵاتی سلێمانیدا بوونیان ھەیە، کە کۆنترۆڵ و ئیدیعای سەریەککەوتوویان لەسەرە. ناحیەکانی قەزای کفری کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە و سەر بە پارێزگای سلێمانیە بریتین لەمانە(ناحیەی ناوەندی قەزای کفری، ناحیەی کۆکس، ناحیەی نەوجول، ناحیەی سەرقەڵا و ناحیەی ئاوەسپی)، ھەروەھا ئەو ناحیانەی سەر بە قەزای کفرین و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقین و سەر بە پارێزگای دیالەن بریتین لەمانە(ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی جەبارە)[٦]

ناو دەستکاری

قەزاکە بەناوی ناوەندەکەیەوە ناو نراوە کە ئەویش شارۆچکەی کفریە، ئەم بۆچوونانە ھەیە لە سەری:

  • ناوی شارۆچکەکە کە (کفریە) لەوەوە ھاتووە کە ماددەی کفر(قیر) لە ناوچەکەدا ھەیە، جۆرێکە لە قیر(زفت) کە لە دەرەوەی خەزنە و بەلەم و کەشتی و ئەوانی تر دەدرێت. مێژوونووسان پشتڕاستی دەکەنەوە کە کفری نزیکە لە وشەی(کوفر) کە بە واتای جۆرێک لە قیر لە زمانی زراوی عەرەبی و لە وشەی (کیرۆ)ەوە ھاتووە، کە بە واتای (تاڵ) دێت ھەروەھا لە زمانەکانی بابلی و ئاشووریدا.
  • بنەچەی ئەم شارە بریتییە لە (ئاسکی کفری) کە شارێکی دێرینە و دەکەوێتە نزیک شاری کفری تەنھا کەلاوەکانی ماون و دەوترێت مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووریەکان. ھەندێکی تر دەڵێن (کوفر) ناوێکە بۆ کچان کە لەو خاکانەدا زۆرە، شێواندنی وشەی (کافور).
  • لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا بە (الصلاحیة) ناسرابوو. شایانی باسە لە نزیک شارۆچکەی کفری گوندێک ھەیە کە بە (ناساڵەح) ناسراوە، کە قیریش لێی دەردەھێنرێت.
  • مێژوونووسی عێراقی ئەلسەید عەبدولڕەزاق حەسەنی لە کتێبی (عێراق و کۆن و نوێ)دا دەڵێت، کە لە ساڵی ١٩٧١ لە بەیروت بڵاوی کردۆتەوە(کفری شارۆچکەیەکە دەکەوێتە دامێنی چیای (باوەشوار)، کە خەڵکەکەی تیایدا دوعای بۆ دەکەن بۆ گۆڕەکەی، لە نزیکیشی ئەو ھێڵی ئاسنییە کە لە نێوان بەغدا و کەرکووک درێژ دەبووەوە تێپەڕی).
  • لە قەزای کفریدا لە لێواری چۆمەکاندا درەختی کفر(تەروو) دەڕوێت کە دارێکی سرووشتی قەد باریکی کورتی گەڵا باریکە، ئەگەری ھەیە بەھۆی زۆری ئەم دارەوە ناوچەکە ناونرابێت.[٧]

جوگرافیا دەستکاری

قەزای کفری ھاوسنوورە لەگەڵ؛

ڕووبەر دەستکاری

ڕووبەری ئەم قەزایە (٢٧٩٢کم٢)یە لە (١٣٫٨٣٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.[٩]

دانیشتوان دەستکاری

دانیشتوانی ئەم قەزایە لە نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان پێکھاتووە، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دانیشتوانی ئەم قەزایە (٦٢،٧٨٣)کەسە، جگە لە دوو ناحیەی جەبارە و قەرەتەپە.[١٠]


ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ئێستادا کەمتر لە ٣٠ ھەزار کەسە، دانیشتووانی قەزاکە چەندین نەتەوە لەخۆدەگرێت، لەوانە کورد و تورکمان و عەرەب و خزمایەتی لە نێوان زۆربەی ئێڵە گەورەکاندا ھەیە. کەمینەیەکی جوو لە (٢٩) بنەماڵەدا ژیاون، بەپێی وتەی پرۆفیسۆر ھاشم سەید ئەحمەد لە دەستنووسەکەیدا کە بۆ چاپکردن ئامادەکراوە بەناوی(ھەواڵی کفری و ڕووداوەکانی لە ساڵی ١٩٤٠ تا ١٩٦٠)، جووەکان لە بواری بانکی و بازرگانیدا کار دەکەن، ھەروەھا ماڵی عیبادەتیان ھەیە، کە بە شێوەیەکی ناوخۆیی پێی دەوترێت (تۆرات)، تا ئێستاش خانووەکانیان دەکەوێتە ناوچەی سادە، ئەمڕۆش بووەتە ستۆدیۆیەکی فۆتۆگرافی بەناوی... ستۆدیۆی سەید، گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان ھەیە دەکەوێتە دەربەندی تاڵا.

دانیشتووانی ئەم قەزایە زۆرینەی کوردن و بە تەوای قەزاکەدا بڵاو بوونەتەوە، کەمینەی عەرەب و تورکمان لە ناحیەکانی قەرەتەپە و جەبارەدا ھەن.

مێژوو دەستکاری

قەزای کفری قەزایەکی کۆنە، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا یەکێک بووە لە قەزا سەرەکییەکانی لیوای کەرکووک، لە سەرەتای پەنجاکانی ھەمان سەدەدا بە باش زانراوە لەگەڵ قەزای قەرەتەپە، قەزای زەنگاباد و قەزای دووزخورماتوودا لە لیوایەکدا کۆبکرێنەوە، لە بەرواری(١٩/سەفەری ١٢٧٣ک - ٢١\١١\١٨٥٣ز)دا ڕەزامەندی بە لیوا بوونی بۆ دەرکرا. (کفری-زەنگاباد) بۆ ماوەی پانزەساڵ بەو پێگەیە مایەوە، ناوی لیواکە سەرەتا کفری بوو دواتر گۆڕدرا بۆ زەنگاباد، ناوەندەکەشی ھەر شارۆچکەی کفری بوو.

سەردەمی عوسمانی(١٨٥٠ - ١٩١٨) دەستکاری

لەم سەردەمەدا قەزای کفری لە سیستەمی ئەیالەتدا لیوا بوو، بەڵام لە سیستەمی ویلایەتدا بووە قەزا.

* لە نێوان ساڵانی (١٨٥٠ - ١٨٦٨)دا دەستکاری

لیوای کفری لەم ماوەیەدا سەر بە (ئەیالەتی شارەزوور + ئەیالەتی بەغدا) بوو. سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە.

  1. بەھۆی فراوانی و گرنگی ئەم ناوچەیە کە ھەر چوار قەزای(کفری، دووزخورماتوو، قەرەتەپە، زەنگابادئەیالەتی شارەزووری لە خۆدەگرت، بەرپرسانی ئەیالەت بە باشیان زانی ئەم چوار قەزایە لە لیوایەکدا کۆبکرێتەوە و شارۆچکەی کفری ببێتە ناوەندی و ناوەکەشی زەنگاباد بێت. کۆنووسی ئەنجوومەنی باڵای ئەحکامی عەدلییە لە بەرواری(٧/صفر/١٢٧٠ک) بەرزکرایەوە بۆ سەدری ئەعزەم. ئەویش لە بەرواری ١٨/ھەمان مانگ خستوویەتییە بەردەمی سوڵتان. دوای ڕۆژێک لە ١٩/ھەمان مانگ بەرامبەر بە ٢١\١١\١٨٥٣ز دا. لیوای کفری پێکھێنرا و لە سەرەتادا ناوی لیوای کفری بوو دواتر گۆڕدرا بە لیوای زەنگاباد.
  2. دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەیالەتی شارەزوور لە ساڵی(١٨٦٦ز)دا لیوای زەنگاباد لە دوو قەزای(کفری و زەنگاباد)دا کۆکرایەوە.
  3. لە ساڵی (١٨٦٨ز)دا یەکەی کارگێڕی لیوا گۆڕدرا بۆ (سنجاغ یا سنجاق).[١١]
 
نەخشەی کارگێڕی لیوای کفری و کەرکوک لەنێوان(١٨٥٠-١٨٦٨)دا

* لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩ - ١٨٧٣)دا دەستکاری

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا.
  2. کۆکردنەوەی قەزاکان: بەشێک لە قەزاکان کۆکرانەوە لە یەک قەزادا، و یەک ناوی بۆ داندرا.
  3. دابەشکردنی قەزاکان: بەھۆی فراوانبوونی ڕووبەری ھەندێک لە قەزاکان حکومەت ھەندێک لە قەزاکانی کردە دوو قەزا.
  4. لەم ماوەیەدا سیستەمی کارگێڕی بەغدا لە ئەیالەتەوە گۆڕدرا بۆ ویلایەت.
  5. لیوای کفری-زەنگاباد بچووک کرایەوە و بوو بە قەزا، قەزاکەش ناونرا قەزای زەنگاباد.
  6. قەرەتەپەش ھەر بە قەزا مایەوە.[١٢]
 
نەخشەی کارگێڕی باشووری سنجاغی شارەزوور لەنێوان(١٨٦٩-١٨٧٣)دا

* لە نێوان ساڵانی(١٨٧٣ - ١٩١٨) دەستکاری

لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ.

  1. تاوەکو ساڵی ١٨٧٩ قەزای کفری لە سنجاغی شارەزوور سەر بە ویلایەتی بەغدا بوو.
  2. لە ساڵی ١٨٧٩دا ویلایەتی مووسڵ درووستکرا. سنجاغی شارەزوور کە قەزای کفری سەر بەم سنجاغە بوو، بوو بە بەشێک لە ویلایەتی مووسڵ.
  3. لە ساڵی ١٨٧٥دا ناوی قەزای کفری گۆردراو کرا بە قەزای صەلاحیە.
  4. لە ساڵی ١٨٧٥دا قەزای کفری پێکھاتبوو لە سێ ناحیە(ناحیەی ناوەندی قەزای کفری و ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی داودە).
  5. لە ساڵی ١٨٩٠دا قەزای کفری پێکھاتبوو لە دوو ناحیە(ناحیەی ناوەندی قەزای کفری و ناحیەی قەرەتەپە).
  6. لە نێوان ساڵانی (١٨٩٢ - ١٩١٢) قەزای صەلاحیە لە سێ ناحیە پێکھاتبوو، (ناحیەی ناوەندی قەزای کفری، ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی دووزخورماتوو).[١٣]
 
نەخشەی کارگێڕی باشووری سنجاغی شارەزوور لە ساڵی(١٨٧٥)دا
 
نەخشەی کارگێڕی باشووری سنجاغی شارەزوور لە ساڵی(١٨٩٠)دا
 
نەخشەی کارگێڕی باشووری سنجاغی شارەزوور لە نێوان(١٨٩٢-١٩١٢)

لەسەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨) دەستکاری

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی(٥) ئەندام وەکو نوێنەری لیواکە لە ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقدا(المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نیوان عێراق - تورکیا لە سەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی ١٩٢٥ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق،[١٤]

حکوومەتی تازە پێکھێنراوی عێراق ھەستا بەڕێکخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکان، ئەم پرۆسەیە ھاوشێوەی سەردەمی پێشووی خۆی بە جیاوازییەکی کەمەوە بەڕێوەچوو.

* لە نێوان ساڵانی(١٩١٨-١٩٢٥) دەستکاری

  1. بە حکومڕانی ئینگلیز و ڕێخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکان ناوی قەزای کفری لە سەڵاحیەوە بووەوە بە کفری.
  2. لەم ماوەیەدا قەزای کفری پێکھاتبوو لە دوو ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی دووزخوورماتوو.
  3. ڕێکخستنەوەی سنوری نێوان ھەردوو لیوای کەرکووک و سلێمانی بە شێوەیەک زنجیرە چیای قەرەداغ و بازیان بوو بە سنووری نێوانیان، بەمەش قەزای بازیان کە ناوەندەکەی چەمچەماڵ بوو، کرا بە دوو بەشەوە بەشی یەکەم قەزای چەمچەماڵ بە ھەردوو ناحیەی(قەڵاسێوکە و سەنگاو) و بەشی دووەم ناحیەی بازیان، یەکەم بەشیان لە لیوای سلێمانی دابڕێنرا و خرایە سەر لیوای کەرکووک، دووەمیان لەسەر لیوای سلێمانی مایەوە، ھەروەھا بەشی خواری ناحیەی وارماواش کە دواتر بوو بە ناحیەی پێباز خرایە سەر قەزای کفری.[١٥]

* لە نێوان ساڵانی(١٩٢٦-١٩٣٦) دەستکاری

  1. بە ئیرادەی مەلەکی ژمارە(١١٧٥) لە ١٨\٨\١٩٢٧دا ناحیەی شێروانە ھاتە کایەوە.
  2. ھەردوو ناحیەی ناوەندی قەزای کفری و ناحیەی قەرەحەسەن بە بەیانی حکومی ژمارە(٥٣٣٥) لە ساڵی ١٩٣٣دا ھەڵوەشێنرانەوە.
 
نەخشەی کارگێڕی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ۱۹۳٦دا، قەزای کفری (ڕەنگی شین)

* لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦-١٩٤٧) دەستکاری

  1. بە ئیرادەی مەلەکی ژمارە(٥٨) لە ٢٧\١\١٩٣٧دا ناحیەی پێباز ھاتە کایەوە بەدابڕانی لە ناحیەی شێروانە لە سنووری قەزای کفری لە پارێزگای کەرکووک.
  2. دابڕانی ناحیەی دووزخوورماتوو لە قەزای کفری و لکاندنی بە قەزای داقووقەوە.

* لە نێوان ساڵانی(١٩٤٧-١٩٥٨) دەستکاری

 
نەخشەی کارگێڕی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ۱۹٤۷دا، قەزای کفری (ڕەنگی شین)

لە سەردەمی کۆماریدا (١٩٥٨ - ١٩٩٠)دا دەستکاری

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر پارێزگای سلێمانی تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان.[١٦]

* لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٦٥) دەستکاری

  1. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٤٥) لە ٣\٩\١٩٥٨دا، (٣٠) کەرتی ناحیەی قەرەتەپەی قەزای کفری دابڕێنرا بۆ ھێنانەکایەی ناحیەی جەلەولا لە سنووری قەزای خانەقین.
  2. بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٥٩دا، (٥) کەرتی ناحیەی پێبازی سەر بە قەزای کفری بە ناحیەی شێروانەی ھەمان قەزاوە لکێندرا.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٨٩) لە ١٣\٩\١٩٦٢دا، (٨)کەرتی ناحیەی قەرەتەپەی قەزای کفری لکێندرا بە ناحیەی جەلەولای سەر بە قەزای خانەقین.
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای کفری لە ساڵی ۱۹٦٥دا

* لەنێوان ساڵانی(١٩٦٥-١٩٧٧) دەستکاری

  1. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٠٣) لە ٣٠\٣\١٩٦٩دا، (٢٥) کەرت لە ناحیەی شێروانە دابڕێنرا بۆ ھێنانەکایەی ناحیەی جەبارە لە سنووری قەزای کفری، ناوەندەکەشی گوندی جەبارە بوو.
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(١٣٧) لە ٢٨\٢\١٩٧٠دا، قەزای کەلار لە سنووری پارێزگای کەرکووکدا ھاتەکایەوە، ھەردوو ناحیەی شێروانە و ناحیەی پێبازی قەزای کفری پێوە گرێدرا.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٦١) ٢٥\١٠\١٩٧٢دا، (٦) کەرتی ناحیەی جەبارە و (٩)کەرتی ناحیەی قەرەتەپە دابڕێنران بۆ ھێنانە کایەی ناحیەی کۆکس لە سنووری قەزای کفری، ناوەندەکەشی گوندی کۆکس بوو.
  4. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٦٠٦) لە ٦\١١\١٩٧٥دا ناحیەی سەرقەڵا لە قەزای کەلار دابڕێنرا و بەقەزای کفرییەوە لکێندرا.
  5. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٦٠٨) لە ٦\١١\١٩٧٥دا، قەزای کەلار و قەزای چەمچەماڵ دابڕێنران لە پارێزگای کەرکووک و لکێندران بە پارێزگای سلێمانییەوە ھەروەھا بە ھەمان فەرمان قەزای کفری دابڕێنرا لە پارێزگای کەرکووک و لکێندرا بە پارێزگای دیالەوە.[١٧]
  6. قەزای کفری کە چووە سەر پارێزگای دیالە بە جێگیری مایەوە، گۆڕانکارییەکی وەھای بەسەردا نەھات، لە ناحیەکانی(ناحیەی ناوەندی قەزای کفری، ناحیەی سەرقەڵا، ناحیەی قەرەتەپە، ناحیەی جەبارە و ناحیەی کۆکس) پێکھاتبوو.
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای کفری لە ساڵی ۱۹٦۹دا
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای کفری لە ساڵی ۱۹۷۰دا
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای کفری لە ساڵی ۱۹۷۲دا
 
نەخشەی کارگێڕی قەزای کفری لە ساڵی ۱۹۷٥دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم دەستکاری

* لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا: دەستکاری

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

* لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا: دەستکاری

لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٨]

* لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٤ - ٢٠١٤) دەستکاری

  1. دوای ڕاپەڕین قەزای کفری کەوتە ژێر جڵەوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنھا ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی جەبارە نەبێت. ئیتر لەو کاتەوە بووە قەزایەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە ڕووی کارگێڕییەوە. دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق ھەروا مایەوە بە ڕێکەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
  2. ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق، بە ڕێکەوتنی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق، ئەم ناوچانە دابەشکران بۆ دووبەش لە کە ھەریەکەیان حکوومداری بکات تا یەکلایی بوونەوەی ماددەی(١٤٠) دەستوور، قەزای کفری بەشێکە لەم ناوچەیە دوو ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی جەبارە سەر بە پارێزگای دیالەن، ئەوەلاشی سەر بە پارێزگای سلێمانین.
  3. دوای پرۆسەی ئازادی زۆرینەی گوندەکانی گەرمیان بەتایبەت ئەوانەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتبوون ئاوەدانکرانەوە، ناحیەی نەوجول ئاوەدان بووەوە و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، بۆیە خرایە سەر قەزای کفری، بەڵام لە پێشتردا لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای دووزخورماتوو بوو.
  4. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ناحیەی ئاوەسپی ھاتە کایەوە بە دابڕانی (٣٥) کەرت و گوند لە ناحیەی قادرکەرەم و ناحیەی ڕزگاری. ناوەندەکەشی گوندی خان ڕۆستەمە.
  5. دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانییەوە لەساڵی ٢٠٠٣دا، جارێکی تر گەرمیان کە شارۆچکەی کەلار ناوەندەکەیەتی تووشی بۆشاییەکی کارگێڕی ھات، ئەوەش بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک لە دەربەندیخان، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئیدارییەش ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێک لە رۆژی ٦/٨/٢٠٠٦ ئیدارەی گەرمیانی پێکھێنا کە ناوەندەکەی لە قەزای کەلار دانراوە، ھەروەھا لە پێناو کاراکردنی ئیدارەکە و فراوانکردنی دەسەڵاتە کاڕگێڕییەکانی، حکومەتی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٠٨ بڕیاریدا ئیدارەی گەرمیان ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری ھەرێم مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لەو رووەشەوە دەسەڵاتی پارێزگار بە خشراوەتە سەرپەرشتیاری ئیدارەکە.[١٩]

شوێنەوارەکان دەستکاری

لە نزیک شاری کفری چەند وێرانێکی گەورەی شوێنەواری ھەیە، لەوانە:

  • خربەت قەرە ئۆغلان: دەتوانیت پاشماوەی ئەو بینایانە ببینیت کە لە بەرد و گەچ و دیکۆراتی گەچ دروستکراون.
  • گردی قەڵای کچ: وە دەتوانیت پاشماوەی ئەو بینایانە ببینیت کە لە بەرد و گەچ و دیکۆراتی زەخرەفە دروستکراون.
  • کەلاوەکانی ئاسکی کفری: دەکەونە باشووری ڕۆژھەڵات، ٨کم لە کفری دوورە، کە پێدەچێت شاری دێرینی کفری لەسەری ھەڵکەوتبێت.
  • ھەروەھا بەڵگە ھەیە لەسەر مەزارگەی ئیمامەکانی کاکەیی لە شوێنە جیاجیاکانی شارەکە، لەوانە (باوە شاسوار)، (باوە کاشە)، (ئیمام محمد) و (شێخ باوە).

شوێنە گرنگەکانی دەستکاری

لە قەزاکەدا زۆرێک لە مەزارگە پیرۆزەکان لەلایەن سەرداینکەرانەوە لە وەرزە جیاوازەکاندا سەردانیدەکرێن دەکرێن، لەوانە:

  • مەزارگەی شێخ بابا: دەکەوێتە نزیک جەلەولا(قەرەخان) و ئاوی تایبەتی ھەیە بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە بۆ خۆشۆردن.
  • مەزاری سەید ئیبراھیم سەمین: لەوێدا خەڵک دەڵێن نەوەی ئیمام موسای کازمە و دەکەوێتە نزیک ناحیەی قەرەتەپە.
  • مەزارگەی دوانزە ئیمام: دەکەوێتە ٥کم لە باکووری کفری.
  • مەزارگەی باوە شاشەوار: مەزارەکە دەکەوێتە ناو شاخەکەوە کە ڕووی لە کفری کردووە، لە گۆڕستانی کفری کە بە ناوی ئەوەوە ناودەبرێت و پیرەکان دەڵێن خاوەنی ئەم مەزارگەیە یەکێک بووە لە موجاھیدەکان و لە یەکێک لەو شەڕانەدا شەھید بووە کە لەو ناوچەیە ڕوویداوە بۆیە تەرمەکەی لەوێ لە گوندێکدا بە ناوی ئەوەوە نێژراوە.

ڕووبار و چۆمەکان دەستکاری

بەناوبانگترین ڕووباری ئەم قەزایە ڕووباری سیروانە کە بە سنوورەکانی باشووریدا تێدەپەڕێت. چەمی قەرەبوڵاغ کە لقێک ڕووباری سیروانە و لە گوندی قەرەبوڵاغی کۆنەوە سەرچاوە دەگرێت و ھەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە، ئەم چۆمە ئاودێری زەویەکانی گوندەکان و دەوروبەری دەکات. سەبارەت بە چۆمی سێیەمیش چۆمی(قەرەتەپە) کە لە ڕووباری سیروان لە گوندیکوڵەجۆ لقی لێدەبێتەوە و لە نزیک گوندی (عەلی سەرای خواروو) کۆتایی دێت. ھەروەھا چۆمی سیرلان ھەیە کە لە ڕووباری سیروان لە گوندیکوڵەجۆ لقی لێدەبێتەوە و ئەم چۆمە زەوییەکانی گوندی سیرلان و قەرەتەپە و قۆری چای ئاودێری دەکات. سنووری نێوان قەزای کفری و قەزای دووزخورماتوو کە دۆڵێکی وشکە و تەنیا ئاوی سێڵاوی پیادادەڕوات. وە ڕووباری کفری کە پێی دەوترێت (قوشە جاجان) و لەلای ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی کفریەوە تێپەڕ دەبێت.

کارگێڕی دەستکاری

قەزای کفری ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانییە کەوتۆتە باشووریەوە. لەڕووی ئیدارییەوە لە قەزای قەزای کفری و ناحیەکانی ناحیەی ناوەندی قەزای کفری(ناوەند) و ناحیەی ئاوەسپی و ناحیەی سەرقەڵا و ناحیەی نەوجول و ناحیەی کۆکس پێکھاتووە، لەگەڵ (١٥٦) گوند.[٢٠]

ناحیەی ناوەندی قەزای کفری دەستکاری

لە ٢ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی ئاوەسپی دەستکاری

لە ٣٥ گوند پیکھاتووە:

ناحیەی سەرقەڵا دەستکاری

لە ٣٣ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی نەوجول دەستکاری

ئەم ناحیەیە لە ٤٨ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی کۆکس دەستکاری

ئەم ناحیەیە لە ٣٨ گوند پێکھاتووە:

ئەمانەش ببینە دەستکاری


سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ ‎یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی. سایتی پارێزگای سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  5. ^ https://reliefweb.int/attachments/d033eb4d-bb95-33dd-aa20-db709f10c242/14956D076A0123C6C125760B0033C4AE-Full_Report.pdf
  6. ^ http://slemani.gov.krd/storeImages/map1.jpg
  7. ^ ‎جەمال بابان. أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  8. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/11063403#map=10/34.4567/44.8668
  9. ^ ‎مەحموود عوسمان مەعروف. بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  10. ^ UNAMI. DEMOGRAPHIC SURVEY Kurdistan Region of Iraq(ئینگلیزی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.
  11. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  12. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  15. ^ د.عثمان علی. الکورد فی الوثائق البریطانیة(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  16. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  17. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی کارگێڕی باشووری کوردستان(پارێزگای کەرکووک، دیالە و کووت)(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  18. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  19. ^ https://garmiyan.com/Yakaidariyakan.aspx?jimare=10
  20. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.