جەنگی جیھانیی یەکەم

جەنگی جیهانی لە ئەوروپاوە سەرهەڵدەدات
(ڕەوانەکراوە لە شەڕی جیھانیی یەکەمەوە)

جەنگی جیھانیی یەکەم یان یەکەم جەنگی جیھانی، ئەو جەنگە بوو کە لە ئەورووپا دەستی پێکرد و پاشان ناوچەکانی تری جیھانی گرتەوە لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ و ١٩١٨دا، جەنگەکە دەستی پێکرد کاتێک ئیمپڕاتۆڕی نەمسا-مەجەڕ شانشینی سربیای گرت لە دەرئەنجامی کوژرانی شازادەی نەمسا و ھاوسەرەکەی لەلایەن خوێندکارێکی سڕبییەوە لەکاتی سەردانیاندا بۆ سەراییڤۆ. وە چەندەھا شەھیدو کوشتاری لێکەوتەوە لە مێژودا ڕووسیا ھەستا بە کۆکردنەوەی ھێزەکانی یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی جەنگی نەمسا لەسەر سربیا، ئەڵمانیا ھێزی کۆکردەوە لە ٣٠ی تەممووز و فەرەنسا ھێزەکانی کۆکردەوە لە ٣٠ی ئاب، ئەڵمانیا لە ھەمان ڕۆژدا جەنگی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا دوای ئەوەی بینی ڕووسیا وەڵامی داوای ئەڵمانیا ناداتەوە بە ڕاگرتنی کۆکردنەوەی سوپا، پاشان جەنگی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا، و بەلجیکای گرت کە ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد بێتە ناو جەنگەکەوە، وڵاتەکانی ئەورووپا لە پێش شەڕ لە دوو سەربازگە پێک ھاتبوو، یەکەمیان یەکێتی سییانی بوو لە نێوان ڕووسیا و فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو، و دووەمیان ھاوپەیمانی سییانی بوو لە نێوان ئیمپڕاتۆری نەمسا-مەجەڕ و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.

جەنگی جیھانی یەکەم
وەک سوڕانی کاتژمێر لە سەرەوە؛ خەندەق بە درێژایی سنووری فەرەنسی-ئەڵمانی، زرێپۆشی مارک-٥ی بەریتانی بە خەندەقەکاندا ئەڕوات، کەشتی ژێر دەریایی بەریتانی نوقم بوو دوای پێکانی لە گەرووی دەردەنیلدا، ڕەشاشی فیکرزی بەریتانی، فڕۆکەی پاترۆس دی ٣ بۆ چەکی ئاسمانی ئەڵمانی.
ڕێکەوت ٢٨ی تەممووزی ١٩١٤–١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨
شوێن ئەورووپا، ئەفریقا، ئوقیانووسی پاسیفیک، ئوقیانووسی ئاتلانیک، ئوقیانووسی ھندی، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
ئەنجام ڕێکەوتنی فرسای ١٩١٩
شەرکەرەکان
Flag of Russian Empire for private use (1914–1917) 3.svgئیمپڕاتۆری ڕووسیا
 فەڕەنسا
 شانشینی یەکگرتوو
 ویلایەتە یەکگرتووەکان
 یۆنان
 ئیتالیا
 ڕۆمانیا
 سربیا
 پورتوگال
 بەلجیکا
Flag of Germany (1867–1919).svgئیمپڕاتۆری ئەڵمانی
Flag of Austria-Hungary (1869-1918).svg ئیمپڕاتۆری نەمسا-مەجەر


Ottoman flag.svg دەوڵەتی عوسمانی
 بولگاریا

بۆ یەکەم جار چەکی کیمیایی لە جەنگی جیھانی یەکەمدا بەکار ھات ھەروەھا بۆ یەکەم جار خەڵکی مەدەنی لە ئاسمانەوە بۆردومان کران لە میژوودا.

شەرەکە قوربانی گیانی وای بە خۆیەوە بینی کە پێشتر مێژوو نەیبنیبوو، بنەماڵە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکانی ئەورووپا ڕووخان کە دامەزراندیان ئەگەڕایەوە بۆ ھەڵمەتە خاچپەرستییەکان، و نەخشەی سیاسی ئەورووپا گۆڕانکاری بەسەردا ھات.

جەنگی جیھانی یەکەم بە کۆکێک ھەژمار ئەکرێت بۆ بزوتنەوە ئایدۆلۆژییەکانی وەک شوعییەت و ململانێکانی دواتر وەک جەنگی جیھانی دووەم، و تەنانەت شەڕی سارد.

شەڕەکە سەرەتایەکی نوێی بۆ جیھانی نوێ پێک ھێنا و کۆتایی ئەرستۆقراتی و شانشینە ئەوروپییەکان بوو، ھەروەھا سەرەتایەک بوو بۆ شۆڕشی تشرینی یەکەم (بەلشەفی) لە ڕووسیا کە ئەمیش بە ڕۆڵی خۆی سیایەتی گۆڕی لە چین و کووبادا و ھەروەھا ڕێگەی جەنگی ساردی کردەوە لە نێوان ھەردوو زلھێز وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤێتدا، و ھەڵکشانی نازییەکان دەرکەوت لە شکاندنی ئەڵمانیا لە شەڕەکەدا و چەندین کێشەی ھەڵپەساردراوی ھێشتووە لە دوای شەڕەکە، و شەڕ و جەنگەکان شێوەیەکی نوێیان وەرگرت بە ھاتنە ناوەوەی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی گەورە و تێوەگلانی ھەندێک لایەن کە توانای شەری نەبوو وەک خەڵکە مەدنییەکان، کاتێک پێشتر شەڕ لە گۆڕەپانەکانی جەنگا ڕوویان ئەدا دوور لە شارەکان، لەم شەڕەدا شارەکان بە دانیشتوانە زۆرەکەیانەوە بوونە گۆڕەپانی شەڕ و ئەمەش بوو بە ھۆی کەوتنەوەی ملیۆنان قوربانی.

ڕووسیا بەڵێنی بەرگری کردنی دا لە سربیا، و ھەستا بە جوڵاندنی ھێزەکانی لە ئەنجامی فشاری ژەنەڕاڵە ڕووسییەکان، و ئەڵمانیا داوای لە ڕووسیا کرد کە ھێزەکانی نەجوڵێنێت و ھێزەکانی لابات لە حاڵەتی ئامادەباشی، و کاتێک ڕووسیا وەڵامی داواکەی ئاڵمانیای نەدایەوە ئەڵمانیا جەنگی ڕاگەیاند بەسەر ڕووسیادا لە ١ی ئابی ١٩١٤ و پاشان جەنگی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا لە ٣ی ئاب.

ھۆکارەکاندەستکاری

 
ئەورووپا سالی ١٩١٤

ڕکەبەری داگیرکاریدەستکاری

پێشکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی بوو بە ھۆی بەرەوپێشچوونێکی گەورەی ناکۆکی ئیستیعماری لە نێوان دەوڵەتە ئیستیعمارییەکانی ئەوروپادا، لە پێناو سەرفکردنی شتومەک و بەدەستھێنانی کەرەستە سەرەتایییەکان و بەکارخستنی سەرمایە کە یەکێک بوو لە کێشەکانی ئەورووپا و پیاوە سیاسەکان چارەسەرێکیان بۆ نەئەکرا تەنھا لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنە ئیستعمارییەکانەوە نەبێت کە ئەمەش بووە ھۆی ناکۆکی لە نێوان خودی ھێزە ئیستیعمارییەکان خۆیاندا.

ھەروەھا ناکۆکی دەرکەوت لەسەر دەستگرتن بەسەر دەریاکاندا بە تایبەت لە نێوان بەریتانیا کە خۆی بە گەورەی دەریاکان دادەنا و ئاڵمانیای یەکگرتوو کە کەشتیگەلەکانی زۆر بە خێرایی پێش خست، ھەروەھا توندوتیژی زیادی کرد لە نیوان فەرەنسا و ئەڵمانیا لەسەر ناوچەکانی ئەلزاس و لۆرین دوای ئەوەی ئەڵمانیا دەستی بەسەردا گرتن دوای شەڕی ساڵی ١٨٧٠ و ھەروەھا ئەو دوو دەوڵەتە ڕێنەئەکەوتن لەسەر داگیرکردنی مەغریب، و ناکۆکیان لەسەر ئەو وڵاتە (مەغریب) دوو قەیرانی بە خۆیەوە بینی، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٠٥ و ١٩٠٦ دابوو و ئەڵمانیا تێیدا دەستگرتنی بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانییەوە دەرئەبڕی و ئەزمەی دووەم ساڵی ١٩١١ لە ئەنجامی چوونە ناوەوەی ھێزە ئەڵمانییەکان بۆ ئەغادیر و ھەڕەشەی فەرەنسا لە بەکارھێنانی ھێزدا ڕوویدا و ئەمەش بوو بە ھۆی وازھێنانی فەرەنسا لە بەشێکی کۆنگۆ بۆ ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئەوەی دەست بگرێت بەسەر مەغریبدا.

ھاوپەیمانییەکاندەستکاری

ڕکەبەری توندی نێوان ھێزە ئەوروپییەکان لە پێناو فراوانکردنی بوارە ئیستیعمارییەکانیاندا بەستنی چەند ڕێکەوتننامەیەکی نھێنی و ھاو پەیمانی سەربازی لێکەوتەوە، ھەریەک لە فەڕنسا و ئینگلتەرا بە پێی ڕیکەوتنی ودی ساڵی ١٩٠٤ بوون بە ھاوپەیمان، و ھاوپەیمانی سییانی لە نێوان ھەریەک لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەگەڵ ئیمپڕاتۆڕی نەمسا و مەجەڕ دامەزرا، کە ئەمەش ھاوپەیمانییەکی ناجێگیر بوو خێرا ئیتاڵیا لێی چووە دەرەوە و دەوڵەتی عوسمانی جێگەی گرتەوە دوای ئەوەی بوو بە ھاوپەیمان لەگەڵ ئەڵمانیا.

و ئەم ھاوپەیمانیانە بوون بە ھۆی پێشبڕکێ لە چەکداریدا بە تایبەت لە درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی سەربازی و زیادبوونی ژمارەی ھێزە سەربازییەکان لە ھەریەک لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و ڕووسیا.

پێشبڕکێی چەکداریدەستکاری

ئاستی پێشبڕکێ لەسەر چەکداربوون زیادی کرد لە نێوان ھێزە ئەوروپییەکاندا و ئەڵمانیا ھەوڵی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆرێکی ئیستیعماری دا لە خاکەکانی ئەو دیو دەریاکان و قەبارەی کەشتیگەلەکانی زیادی کرد و ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد کە ھەستێت بە دەرکردنی کەشتیگەلی جەنگی "HMS Dreadnought" لە ساڵی ١٩٠٦ ئەو کەشتییەی ھەموو کەشتییەکانی پێش خۆی ھەڵوەشاندەوە، و بەریتانیا و ئەڵمانیا بە تایبەت ھەوڵی پێشخستنی کەشتیگەلەکانیان ئەدا.

و ئەم خشتەیەی خوارەوە خەرجکردنەکانی ھێزە گەورەکان دەردەخات لەسەر سوپا و دەریاکاندا بە مارکی ئەڵمانی ١٩١٣ز.

دەوڵەت دانیشتوان (بە میلیۆن)
خەرجییەکانی سوپا
(میلیۆن مارک)
خەرجییەکانی چەکە دەریایییەکان
(میلیۆن مارک)
کۆ
(میلیۆن مارک)
ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی ٦٧، ٥ ١٠٠٩ ٤٦٧ ١٤٧٦
ئیمپڕتۆری نەمسا-مەجەڕ ٥٢، ٧ ٤٩٦ ١٥٥ ٦٥١
ئیتالیا ٣٥، ١ ٣٣٢ ٢٠٥ ٥٣٧
ئیمپڕاتۆری ڕووسی ١٥٧، ٨ ١٢٥٤ ٤٩٨ ١٧٥٢
فەرەنسا ٣٩، ٧ ٧٦٦ ٤١٢ ١١٧٨
شانشینی یەکگرتوو ٤٦ ٥٧٦ ٩٤٥ ١٥٢١
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٩٦، ٨ ٤٢٢ ٥٩٥ ١٠١٧
ئیمپڕاتۆری ژاپۆنی ٥٤، ٣ ٢٠٧ ٢٠٣ ٤١٠

ڕووداوی سەراییڤۆدەستکاری

 
گاڤریلۆ پرینسیپ Gavrillo Princip

لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩١٤، میراتگری تەختی پاشایەتی نەمسا (فرانز فردیناند) و ھاوسەرەکەی تیرۆرکران لە کاتی سەردانێکیاندا بۆ سەراییڤۆ لە ناوچەی بۆسنە و ھەرسک لەسەر دەستی خوێندکارێکی سڕبی (جافریلۆ پرنسیب) کە ئەم ڕووداوە بوو بە ھۆی گڕسەندنی ناڕەزایی نەمسا بەسەر سڕبدا و وئاگری شەری جیھانی یەکەمی ھەڵگیرساند.

شەڕدەستکاری

شەڕی ساڵی ١٩١٤دەستکاری

لە دوای ڕووداوەکەی سەراییڤۆ و کوژرانی میراتگری تەختی پاشایەتی نەمسا (فرانز فردیناند) حکومەتی نەمسا پەیامێکی ١٠ خاڵی نارد بۆ حکومەتی سربیا وەک ھەڕەشەیەک و سڕب ھەموو مەرجەکانی قبوڵ کرد بێجگە لە یەک مەرجیان.

مانگێک دوای ئەو ئەزمەیە نەمسا شەڕی ڕاگەیاند بەسەر سربیادا لە ٢٨ی تەممووزی ١٩١٤، و بەمەش ئامێری ھاوپەیمانە ئەوروپییەکان کەوتە گەڕ و کاتێک ڕووسیا ھێزەکانی کۆکردەوە لە دژی نەمسا-ھەنگاریا، ئەڵمانیا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا لە ١ی ئاب، ھەروەھا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا لە ٣ی ئاب، و دەستی گرت بە غەزووی خاکەکانی فەرەنسا لە ڕێگەی بڕینی بەلجیکاوە، ئەو ئیشەی کە وای لە بەریتانیا کرد شەڕ بەسەر ئاڵمانیادا ڕابگەیەنێت، لە ٤ی ئاب بە ھۆی پێشێلکردنی بێلایەنی بەلجیکا ھەروەھا ئیمپڕتۆری نەمسا و مەجەڕ شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا.

و ئیتاڵیا ماوەیەک بە بێ لایەن مایەوە، نەیئەویست لەگەڵ ھیچ لایەکیان بوەستێت تا ڕاستی ھەڵوێستەکە ڕوون ئەبێتەوە، ھەروەک وڵاتە یەکگرتووەکان دابڕابوو لەودیو دەریاکانەوە، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی کە دوژمنایەتییەکی مێژوویی لەگەڵ ڕووسیادا ھەبوو، و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا لە گەشەسەندندا بوو، نەچووە شەڕەوە تا ٢٩ی تشرینی یەکەم تاکو کەشتیگەلەکانی ھەستان بە بۆردومانکردنی بەندەرە ڕوسییەکان لەسەر دەریای ڕەش.

ڕیزبەندی کاتییەکانی شەڕ
ڕێکەوت ئەو دەوڵەتی شەڕ ڕادەگەیەنێت ئەو دەوڵەتەی شەڕی بەسەردا ڕاگەیەنراوە
٢٨ی تەممووزی ١٩١٤ نەمسا-مەجەڕ سربیا
١ی ئابی ١٩١٤ ئەڵمانیا ڕووسیا
٣ی ئابی ١٩١٤ ئەڵمانیا فەرەنسا
٣ی ئابی ١٩١٤ ئەڵمانیا بەلجیکا
٤ی ئابی ١٩١٤ بەریتانیا ئەڵمانیا
٥ی ئابی ١٩١٤ مۆنتینیگرۆ نەمسا-مەجەڕ
٦ی ئابی ١٩١٤ نەمسا-مەجەڕ ڕووسیا
٦ی ئابی ١٩١٤ سربیا ئەڵمانیا
٦ی ئابی ١٩١٤ مۆنتینیگرۆ ئەڵمانیا
١٢ی ئابی ١٩١٤ فەرەنسا وبەریتانیا نەمسا-مەجەڕ
١٥ی ئابی ١٩١٤ ژاپۆن ئەڵمانیا
٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٤ ڕووسیا دەوڵەتی عوسمانی
٥ی تشرینی دووەمی ١٩١٤ فەرەنسا وبەریتانیا دەوڵەتی عوسمانی
٢٣ی ئایاری ١٩١٥ ئیتالیا نەمسا-مەجەڕ
١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩١٥ بولگاریا سربیا
٩ی ئازاری ١٩١٦ ئەڵمانیا پورتوگال
٢٧ی ئابی ١٩١٦ ڕۆمانیا نەمسا-مەجەڕ
٢٨ی ئابی ١٩١٦ ئیتالیا ئەڵمانیا
٦ی نیسانی ١٩١٧ وڵاتە یەکگرتووەکان ئەڵمانیا
٧ی نیسانی ١٩١٧ پەنەما وکوبا ئەڵمانیا
٢٧ی حوزەیرانی ١٩١٧ یۆنان ئەڵمانیا
٢٢ی تەممووزی ١٩١٧ سیام ئەڵمانیا
٤ی ئابی ١٩١٧ لیبیریا ئەڵمانیا
١٤ی ئابی ١٩١٧ چین ئەڵمانیا
٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ بەڕازیل ئەڵمانیا
٧ی تشرینی دووەمی ١٩١٧ وڵاتە یەکگرتووەکان نەمسا-مەجەڕ
١١ی کانونی یەکەمی ١٩١٨ کۆتایی شەڕ
 
دەقی ڕاگەیاندنی شەڕی ئەڵمانیا لەسەر ڕووسیا

دوای ئەوەی فەرەنسا چووە شەڕەکەوە ئەڵمانیا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ غەزووی فەرەنسا کە پێش نۆ ساڵ داینابوو و پلانی شلیفنی ئەڵمانی بۆ ھێرشەکردنە سەر فەرەنسا بە خاکەکانی بەلجیکادا ئەڕۆیشت بۆ دەستگرتن بەسەر فەرەنسادا بە شێوەیەکی خێرا، لە ١٦ی ئابدا ھێزە ئەڵمانییەکان خاکەکانی بەلجیکای بێ لایەنیان گرت تا لەوێوە بڕوات بۆ خاکە فەڕەنسییەکان ھەتا ڕووباری مارن لە ڕۆژھەڵاتی پاریس کە سوپای فەرەنسا کۆبووبوونەوە بۆ شەڕ، و شەڕی مارنی یەکەم دەستی پێکرد لە ٦ی ئەیلولدا لە دووری ٥٥ میل لە پاریسەوە، دوای ئەوەی ھێزەکانی ئەڵمانیا شکستی ھێنا لە پێشکەوتن بەرەو پاریس، و یەکەی ھێزە ئەڵمانییەکان دەستیان کرد بە ھەڵکەندنی خەندەق ولەو کاتەوە شەرەکە بوو بە شەری خەندەق، و بەریتانیا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ئەڵمانیا لەبەرئەوەی بێلایەنی بەلجیکای پێشێلکرد.

لە بەرەی ڕۆژئاواوە، ڕووسیا سەرگەرم بوونی ھێزەکانی ئاڵمانیای بە فەرەنساوە قۆستەوە، دوو سوپای نارد تا بچنە خاکەکانی ئاڵمانیاوە لە ڕۆژھەڵاتی بڕووسیا تا دەوری ھێزە ئەڵمانییەکان بدەن لە ڕووسیای ڕۆژھەڵات، ئەمەش ئاڵمانیای ناچارکرد تا سێ یەکی ھێزەکانی لە فەرەنسا بکێشێتەوە، و گەمارۆی ھێزە ڕوسییەکان بدات لە شەڕی تاننبرگ لە ٣١ی ئابدا.

دوای ھەڵگیرسانی شەڕ لە ئەوروپادا، جەنگەکان درێژەیان کێشا بۆ زیادکردنی موستەعمەرە ئەڵمانییەکان لەودیو دەریاکانەوە، و ژاپۆن شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ئەڵمانیا لە کۆتایییەکانی ئابی ١٩١٤ و ئەڵمانی کردە دەرەروە لە چەند دوورگەیەکی ئوقیانووسی پاسیفیک، و ھێزە ئوستڕالی و نیوزلەندییەکان دەستیان گرت بەسەر موستەعمەرە ئەڵمانییەکان لە ئۆقیانووسی پاسیفیک.

لە بەلقان سوپای نەمساوی مەجەری ڕووباری درینای بڕی و ھێرشی کردە سەر خاکەکانی سربیا بەڵام تێکشکێنرا لەلایەن ھێزە سڕبییەکانەوە، لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ١٩١٤ ئیمپڕاتۆری عوسمانی چووە شەڕەکەوە لە ڕیزی ئەڵمانیا و لە دژی ڕووسیا و کەشتییە تورکییەکان بەندەرە ڕوسییەکانیان لە دەریای ڕەش بۆردوومان کرد، پاشان ھێزە تورکییەکان غەزووی ڕووسیایان کرد، و لە تشرینی دووەمدا ھاوپەیمانان شەڕیان ڕاگەیاند لە دژی دەوڵەتی عوسمانی و ھەستان بە ھەڵمەتێکی سەربازی گەورە لەسەر نیمچەدوورگەی گالیبۆلیبە بە ئامانجی دامەزراندنی ڕێڕەوێک لە نێوان دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەشدا، و دەستگرتن بەسەر قوستەنتینییە.

ئیتالیا لە دەرەوەی شەرەکە مایەوە بە درێژایی ساڵی ١٩١٤ لەگەڵ ئەوەی ئەندام بوو لە ھاوپەیمانی سییانی لەگەڵ نەمسا – مەجەر و ئەڵمانیا، وتی پابەند نییە بە چوونە شەڕەوە لەبەرئەوەی نەمسا – مەجەڕ نەچووەتە شەڕی بەرگرییەوە.

شەڕی ساڵی ١٩١٥دەستکاری

 
ھێزەکانی ڕووس لە بەرەی جەنگدا، ١٩١٥

ئاڵمان توانی سەرکەوتنێکی زۆرتر بەدەست بھێنێت بەسەر ھاوپەیمانەکاندا لە ساڵی ١٩١٥دا، ڕووسی شکاند لە شەڕی (جورلیس تارناو) لە ئایاری ١٩١٥، پۆڵەندا و زۆربەی شارەکانی لیتوانیای گرت، ھەوڵی بڕینی ھێڵەکانی پەیوەندی دا لە نێوان سوپاکانی ڕووسیا و بنکەکانیاندا تا دەست بەسەریاندا بگرێت، لەگەڵ ئەوەی ڕووس چەند سەرکەوتنێکی کەمی بەدەست ھێنا بەسەر ئەڵماندا، ٣٢٥، ٠٠٠ دیلی ڕووسی گیران لە پاش ئەوە ڕووسیا نەیتوانی ھێزەکانی بگێڕێتەوە.

و سەرکەوتنی ئەڵمان بەسەر ڕووسیادا بوو بە ھۆی ملکەچکردنی بەلقان، و ھێزە نەمساوی و ئەڵمانییەکان لە ڕووباری دانووبەوە ڕۆیشتن بۆ کوشتاری سڕب، و تێکشکانێکی گەورەیان پێگەیاندن.

ھەر لە ھەمان ساڵدا ئەڵمانیا توانی چەند سەرکەوتنێکی باشی تر لە چەند لایەکەوە بە دەست بھێنێت، لە کاتێکدا سەربازگە ئەڵمانییەکان بە جێگیری ڕائەوەستان لە بەردەم ھێرشەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، لە ھەمانکاتدا ناڕەزایی دروستبوو لە کەمبوونەوەی زەخیرەی سوپای بەریتانی و داوای پێکھێنانی وەزارەتی ئیئتلافیان لێکرد، ھەروەھا چەند گۆڕانکارییەک لە سەرکردە سەربازییەکانی ڕووسدا ڕوویدا.

لە ٢٣ی ئایاری ١٩١٥ ئیتاڵیا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ئیمپڕاتۆری نەمسا و مەجەر، دوای ئەوەی ھاوپەیمانەکان بەڵێنی ھەندێک خاکەکانیان پێدا ئەگەر سەرکەوێت بەەسەر وڵاتەکانی ئەو لایەدا.

شەڕی ساڵی ١٩١٦دەستکاری

 
ھێزی وشکانی ڕووسیا

ئەم ساڵە بە دوو داستانی گەورە جیادەکرێتەوە کە لەسەر خاکەکانی فەرەنسا بەرپابوون یەکەمیان حەوت مانگ درێژەی کێشا و دووەمیان چوار مانگ، ئەوانیش داستانەکانی فدان و سووم بوون، لە شەڕی یەکەمیاندا زیانەکانی ئەڵمانیا بە ٢٤٠ ھەزار کوژراو بریندار مەزەندەکرا و زیانی فەڕەنسییەکان ٢٧٥ ھەزاربوو.

بەڵام لە شەری سومدا ھاوپەیمانان توانیان ئاڵمان ناچاربکەن ١٠٠ میلی چوارگۆشە بگەڕێتەوە، و ئەم شەڕە دەستی گرت بەسەر سوپای ئەڵمانی کۆندا، و پاشان پشت ئەبەسترا بە سەربازە کەم تەمەنەکان، و سوپای بەریتانی لەم شەڕەدا شەست ھەزار بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە لە یەکەم ڕۆژدا.

لەم شەڕانەدا بۆ یەکەمجار زرێپۆش دەرکەوت لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا، ولەم ساڵەدا ڕووس بە سەرکردایەتی ژێنراڵ بۆسیلۆف توانی ھەڵمەت بباتە سەر نەمسا، ٤٥٠ ھەزار دیلی لە ھێزە مەجەڕی و نەمساوییەکان گرت، و ئەم سەرکەوتنە ڕۆمانیای ھان دا تا شەڕ ڕابگەیەنێت بەسەر نەمسا و مەجەڕ، و ئەڵمانیا وەڵامی دایەوە بە ڕاگەیاندنی شەڕ بەسەریدا، و ئەڵمان لە شەش ھەفتەدا ڕۆمانییەکان شکاندا و چووە ناو بوخارستەوە.

شۆڕشی عەرەبی گەورە (١٩١٦)دەستکاری

 
ھێزەکانی ڕووسیا لە چاوەڕوانی ھێرشی ئاڵمانیادا

عەرەب بەیەکگەیشتن لە دەوری شەریف حسەین کوڕی عەلی، شەریفی مەککە و پارێزەری وڵاتە پیرۆزە ئیسلامییەکان، کە ساردی کەوتبووە نێوانیان لەگەڵ خەلافەتی عوسمانی، و بەریتانیا ئەیویست عەرەب ڕابکێشێت بەلای خۆیدا بۆ ئەو مەبەستە چووە وتووێژی نھێنییەوە لگەڵ شەریف حسەین، و نامە گۆڕایەوە لە نێوان شەریف حسەین وەک نوێنەری عەرەب و سیر ھێنری مکماھون مەندوبی بەریتانیا لە میسر و سوودان، و لەو نامانەدا ئەوە ڕوون کراوەتەوە کە مەرجی عەرەب بۆ وەستان لەگەڵ بەریتانیا سەربەخۆبوونی دەوڵەتە عەرەبییەکانی سەر کەنارەکانی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستە و ھەروەھا دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبی گەورەیە کە ھەموو نیشتیمانی عەرەبی بگرێتەوە بێجگە لە میسر و باکووری ئەفریقا و لەگەڵ ئەوەی جیاوازبیان ھەبوو لەگەڵ مکماھون لەسەر سنوری دەوڵەتە عەرەبییە بەڵێنپێدراوەکە، عەرەب چوونە شەڕەوە لە ڕیزی بەریتانیادا.

شۆڕشی عەرەبی گەورە دەستی پێکرد لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩١٦ بە ڕاگەیاندنی شەریف حسەین بە جیھادی پیرۆز و شۆڕش بەسەر عوسمانییەکاندا بە ھاوکاری ئەفسەری زانیاریدانی بەریتانی (تۆماس ئیدوار لۆرەنس)، و کوڕەکانی توانیان دەست بگرن بەسەر حیجازدا بە یارمەتی ئینگلیز و فەیسەڵی کوڕی پێشکەوت بەرەو شام و بە یارمەتی ئینگلیز گەیشتە دیمەشق کاتێک عوسمانییەکان لێی ڕۆیشتنە دەرەوە، دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبی سەر بە باوکی ڕاگەیاند کە باوکی خۆی وەک پاشای عەرەب ڕاگەیاندبوو لەگەڵ ئەوەی ھاوپەیمانان دانیان بە پاشایەتی ئەودا نەنابوو تەنھا وەک پاشای حیجاز و ڕۆژھەڵاتی ئوردن نەبێت.

لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بەریتانیا بە عەرەبی دابوو دەستی کرد بە وتوێژ و ڕێکەوتنی نھێنی لەگەڵ فەرەنسا و ڕووسیا، کە دابەشکردنی موڵکی دەوڵەتی عوسمانی لە خۆ ئەگرت بە دەوڵەت عەرەبییەکانەوە، پاشان بەریتانیا و فەرەنسا جیابوونەوە لە ڕێکەوتنێکی نھێنیدا کە ناسراوە بە ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ ساڵی ١٩١٦ بە ناوی مەندوبی بەریتانی مارک سایکس و مەندوبی فەڕەنسی فرانسوا جۆرج بیکۆ، و ئەم ڕێکەوتنە کە ئاشکرابوو دوای شۆڕشی تشرینی یەکەم (بەلشەفی) لە ڕووسیا ساڵی ١٩١٧، ھەر لە ھەمان ساڵدا بەریتانیا جارێکی تر غەدری لە عەرەب کرد بە بەڵێن دان بە سەھیۆنییەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەھوودی لە فەلەستین کە ناسراوە بە پەیماننامەی بلفۆر لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٧ دەرچوو.

گۆران لە ڕێڕەوی شەڕەکەدا ١٩١٧دەستکاری

 
فەڕەنسا، ١٩١٧

دەوڵەتەکانی یەکێتییە سییانییەکاە گەمارۆی دەریایی دوڵەتەکانی ھاوپەیمانییە سییانییەکەیان دا، و ئەڵمان وەڵامی دانەوە بە شەڕی کەشتی ژێر دەریایی، ئامانجیان پێکانی ھەموو کەشتییەکان بوو بە بێلایەنەکانەوە و لەو کەشتیانەی نوقم کران کۆمڵێک کەشتی ئەمریکی بوون کە وای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد بێتە شەڕەوە لە ڕیزی دەوڵەتەکانی یەکێتی سیانییەکەدا و بوو بە شەڕی جیھانی.

شەڕی ژێر دەریایی و وڵاتە یەکگرتووەکاندەستکاری

لە ماوەی ساڵی ١٩١٦شەری دەریایی کەوتەوە لە دەریای باکوور لە نێوان کەشتیگەلی ئەڵمانی و ئینگلیزی و ناسراوە بە جاتلاند، کەشتیگەلە ئەڵمانییەکان لە بەندەرەکانیان درچوون بۆ شەڕی کەشتیگەلی ئینگلیزی بە ئومێدی ھەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەپێنراو بەسەر ئاڵمانیادا، و ئەمە شەڕێکی یەکلاکەرەوە نەبوو تا ئەڵمان کشایەوە لەگەڵ ئەوەی زیانێکی گەورەی گەیاند بە کەشتیگەلی بەریتانی، و لەو ماوەیەدا ئەڵمان دەستی کرد بە شەڕی کەشتی ژێردەریایی بە ئمانجی نوقمکردنی ھەر کەشتییەکی بازرگانی پێش ئاگادارکردنەوە، بۆ برسیکردنی بەریتانیا و ناچارکردنی بە خۆبەدەستەوەدان، وئەم کارەش وڵاتە یەکگرتووەکانی توڕەکرد لەبەرئەوەی کەشتییەکانی ئەویش لەو نیوەندەدا نوقم ئەکران، لەبەر ئەوە چووە ناو شەڕەوە لە نیسانی ١٩١٧، بە تایبەت دوای ئەوەی زانی ئەڵمان ھەوڵی ڕازیکدرنی مەکسیک ئەدەن تا ھێرش بکات سەر وڵاتە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر ئەوەی سێ لە ویلایەتەکانی ئەمریکا وەربگرێت.

وڵاتە یەکگرتووەکان پێش چوونە ناو شەڕەوە لەسەر ڕێڕەوی سەرۆکی ئەمریکی ئەڕۆیشت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی دابڕیبوو لە ئەورووپا و ڕێگەی نە ئەدا بە ھیچ دەوڵەتێکی ئەوروپی دەست لە کاروبارەکانی وەربدەن، بەڵام سەرکردە ئەمریکییەکان بە بەرژەوەندیان زانی سوود لەم شەرە وەربگرن بە چوونە ناویەوە.

و ھاوپەیمانەکان سوودمەند بوون لە تواناکانی ئەمریکا لە بەھێزکردنی ھەوڵە جەنگییەکانیان، و توانیان گەمارۆ لەسەر ئەڵمانیا توند بکەن تا لاوازی بکەن.

سەرکەوتنی یەکێتی سییانیدەستکاری

 
دوو سەربازی ئەمریکی ئەڕۆن بەرەو کانی خەڵوز

گەیشتنی ھێزە ئەمریکییەکان بۆ فەرەنسا لە تەممووزی ١٩١٧ گۆڕانێکی گرنگ بوو لە ڕێڕەوی شەڕدا، لەبەرئەوەی یارمەتی ھێزی دەوڵەتەکانی یەکێتییە سییانییەکەی دا دژەھێرش بکەنە سەر ئەڵمان و کشایەوە بە سەدان کیلۆمەتر لە کاتێکدا کە ھێزەکانی یەکێیتییە سیانییەکە دەستیان گرت بەسەر عوسمانییەکاندا لە میسر و سوریا و عێراق و خۆیان پیش خست لە ئاسیای بچوکدا، و لە بەلقان ھێزەکان یەکێیتییەکە بولگاریایان ناچاری خۆبەدەستەوەدان کرد لە ئەیلولی ١٩١٨ و دەوڵەتی عوسمانی داوای ڕێکەوتنی کرد لە تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵدا و نەمساش داوایکرد لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، و ئەڵمانیاش بێجگە لە خۆبەدەستەوەدان نەیتوانی ھیچیتر بکات و ئاگربەست بەسترا لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ دوای ئەوەی بە تەنیا شکستی ھێنا لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی یەکێتییە سیانییەکە.

شەڕی ساڵی ١٩١٧دەستکاری

ساڵی ١٩١٧ ڕووداوێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی لەبەرەی ڕۆژھەڵاتەوە کە ئەویش سەرکەوتنی شۆڕشی تشرینی یەکەم (بەلشەفی) بوو لە ڕووسیا و ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی برست لیتۆفسک بوو لەگەڵ ئەڵمان ساڵی ١٩١٨ و چوونە دەرەوەی ڕووسیا بوو لە شەڕ، ھەر لەو ساڵەدا فەڕەنسییەکان بە یارمەتی ھێزە ئینگلیزەکان ھەستان بە ھێرشێکی گەورە بۆ سەر ھێزە ئەڵمانییەکان، لەگەڵ ئەوەی ئەم ھێرشە شکستی ھێنا و وفەڕەنسییەکان زیانێکی گەورەیان لێکەوت کە بوو بە ھۆی یاخیبوون لە ڕیزەکانیاندا، و گۆڕانکاری ئەنجامدرا لە ڕیزی سەرکردە فەرەنسییەکاندا.

و بەریتانییەکان گۆڕانی گرنگیپێدانی ئاڵمانیان بینی بۆ بەرەی بەریتانی، و شەڕی باشندیل کەوتەوە کە بەریتانیا ١٠٠ ھەزار سەربازی لە دەستدا تێیدا لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا، و چەند کارەساتێک ھات بەسەر ڕیزەکانی ھاوپەیماناندا لە بەرەکانی ڕوسی و فەرەنسی و ئیتالی، لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتن بەسەر عوسمانییەکان و توانیان بچنە ناو عێراق و فەلەستینەوە.

ھەروەک ئەو ساڵە جیادەکرێتەوە بە سەرکەوتنێکی گەورەی ھێزە ئەلمانی و نەمساویەکان لە شەڕی کابۆریتۆ دوای زنجیرەیەک شەڕ وەک شەڕی ئیسونزۆ.

گەڕانەوە بۆ شەڕ بزوتنەوەی ١٩١٧–١٩١٨دەستکاری

 
دەستەی فیلمی ئاڵمانی بۆ تۆمارکردنی ئیشەکان

چوونە دەرەوەی ڕووسیا لە شەڕ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ و دوای ئەوەی لینینی سەرکردەی پەیماننامەی ئاشتی بە جیا لەگەڵ ئەڵمانیا ئیمزاکرد، ڕۆڵێکی دیاری بینی بۆ چڕکردنەوەی ھەڵمەتەکانی ئەڵمانیا لەسەر فەرەنسا پێشئەوەی پاڵپشتی ئەمریکی پێیان بگات، ھێزە بەریتانی و فەرەنسییەکان لە ژێر سەرکردایەتی ژێنەڕاڵی فەڕەنسی فوش مکن یەکیان گرت، دوای ئەوەی ئەڵمانیا لە شەڕی مارندا لە ساڵی ١٩١٤ ھێزە فەڕەنسییەکانی کشاندەوە بەرەو باشوورو ئەڵمانیا دوایان کەوت و شەری حوسن فردان ڕوویدا لە ساڵی ١٩١٦ کە کشانی ئەڵمانییەکان لەسەر فەرەنسا وەستاند.

و وڵاتە یەکگرتووەکان چووە شەڕەوە لە ڕیزی ھاوپەیمانان بە ئامانجی ڕووبەڕونەوەی ویستی فراوانخوازی ئەڵمانیا لە دەستبەسەراگرتن و ڕێزنەگرتنی بێلایەنی بەلجیکاو شەڕەی کەشتییە ژێردەریایییەکانی کە زیانێکی ئابوری گەورەی گەیاند بە ئەمریکا وای لە ئەمریکا کرد بێتە شەڕەکەوە.

ھاوکات لەگەڵ ترسی خاوەن بانک و حکومەتی ئەمریکا لە شکانی ھاوپەیمانان، و بانکە ئەمریکییەکان دارایییەکی گەورەیان بە فەرەنسا و بەریتانیا دابوو بۆ کڕینی ماددە سەرەتایییەکان و خۆراک لە وڵاتە یەکگرتووەکان، لەبەرئەوە خاوەن بانک و پیاوە بازرگانەکانی ئەمریکا داوایان لە حکومەت کرد بچێتە شەڕەوە لە ڕیزی ھاوپەیمانان.

کۆتایی شەڕ ساڵی ١٩١٨دەستکاری

 
سەربازە بەریتانییەکان لە بەرەی فەرەنسی ئەلمانی بە فڵچەی فیکرز

دەرچوونی ڕووسیا لە شەڕ ھانی ھێزە ئەڵمانییەکانی دا تا سوود لە ٤٠٠ سەربازە وەربگرێت کە لە بەرەی ڕوسی و ناردنیان بۆ شەڕی ئینگلیز و فەڕەنسییەکان، و ئەڵمان توانیان سوپای پێنجەمی بەریتانی تێک بشکێنن لە ئازاری ١٩١٨، و شەرەکانی ھەردوولا زەرەرو زیانێکی گەورەی لە گیان و ساماندا لێکەوتەوە، و نرخی شەڕ لەو ساڵەدا بە بە دە میلیۆن دۆلار لە سەعاتێکدا خەمڵێنراوە.

و ھاوپەیمانان دەستیانکرد بە ئامادەکردنی ھێزەکانیان و ھەڵمەتێکی گەورەیان بردە سەر ئەڵمان و کۆتایی بە شەڕەکە ھێنا، و ناسراوە بە شەری مارنی دووەم لە تەممووزی ١٩١٨، و ڕۆژی ٨ی ئابی ١٩١٨ ڕۆژێکی ڕەش بوو لە میژووی ئەڵماندا؛ کە چەند شکستێکی توندیان خوارد لەبەردەم بەریتانی و ھاوپەیمانەکان، و ئەڵمانیا بەرەو داڕمان ڕۆیشت و نزیکەی ٢٥٠ ھەزار ئەڵمانی بە دیل گیران لە ماوەی سێ مانگدا، و ھێزە بەریتانییەکان چوونە ناو ھێڵە ئەڵمانییەکانەوە و گەیشتنە باکووری فەرەنسا، و ھێزەکانی تری ھاوپەیمانان گەیشتنە فەرەنسا.

ئەزمەیەکی سیاسی توند ئاڵمانیای گرتەوە لەگەڵ شکستە سەربازییەکانیان لە مەیدانەکانی جەنگدا، ئەڵمانیا داوای ئاگربەستی کرد بە بێ ھیچ مەرج و بەندێک، و ھاوپەیمانان وتوێژیان لەگەڵ حکومەتە ئیمپڕاتۆرییەکە ڕەتکردەوە لەبەرئەوە حکومەتی کۆماری لە ئەڵمانیا دامەزرا دوای دەست لە کار کێشانەوەی ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی، و ئەو ئاگربەستە بەسترا کە کۆتایی بە شەڕ ھێنا لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ دوای چوار ساڵ و نیو شەڕ و کوشتار کە دە میلیۆن سەرباز بوون بە قوربانی و ٢١ ملیۆنی تر برینداربوون.

دەرئەنجامەکاندەستکاری

شەری جیھانی یەکەم بوو بە ھۆی ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە ساڵی ١٣٤١ک-١٩٢٤ز و کەوتنەوەی چەندین زیانی گەروەی ماڵی و گیانی و گەڕانە دواوەی ڕۆڵی ئەورووپا لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی جیھان، بەڵام گرنگترین ئەنجامی دامەزراندنی ئەو ئاشتییە کەموکوڕەدا بوو کە ھەموو ئەو ئامڕازانەی لە خۆ ئەگرت کە بوون بە ھۆی ھەڵایسانی شەڕی جیھانی دووەم ساڵی ١٩٣٩.

و لە ماوەی شەڕەکەدا دەوڵەتە ئەوروپییە بەشەڕھاتووەکان ناچاری کڕینی پێویست و کەرەستەیەکی زۆر بوون لە وڵاتە نوێکان کە خاکەکانیان ھیچ زیانێکی شەڕی پێ نەگەیشت وەک وڵاتە یەکگرتووەکان و کەنەدا و ئوسترالیا و ئارجەنتین، کە ئەمەش وای لە ئەورووپا کرد شارێک بێت بۆ ئەو دەوڵەتانە لە دوای شەڕ، و ئەورووپا لە دوای شەڕ خۆی ناچار بینییەوە لە دانی ئاڵتونە یەدەکەکانی کە ھەیبوو بۆ دانەوەی قەرزەکانی و ئەمە بوو بە ھۆی گەڕانە دواوەی دراوی ئەوروپی.

وڵاتە یەکگرتووەکان سوودمەندی یەکەم بوو لەم شەرە و قەرزدەری یەکەم بوو بە ئەورووپا لە پێش و لە کاتی شەرەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان لە دوای شەر لە ئەنجامی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیدا %٤٥ی ئاڵتونی یەدەکی جیھانی بەدەستھێنا و بەوەش بوو بە یەکەم خاوەن قەرز لە جیھاندا.

زیانە گیانی و ماڵییەکاندەستکاری

زیانە گیانەکانی شەری جیھانی یەکەم بە ٨، ٥٣٨، ٣١٥ کەس خەمڵێنراوە، و زیاتر لە دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیە برینداربوون، و زیانەکانی ڕووسیا لە سەرەوەی لیستی زیانە گیانییەکان دێت پاشان بە دوایدا ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێن.

بەڵام گرنگترین زیانە ماڵییەکان لەو خاکانە کەوت کە شەرەکە تیایاندا ڕوویدا کاتێک کێڵگە کشتوکاڵییەکان تیاچوون لەگڵ کێڵگە ئاژەلییەکان و سەدان ھەزار ماڵ وێران کران لەگەل ھەزران کارگە ھاوکات لەگەڵ ئەو زیانانەی بە سکە ئاسنینەکان و کانی خەڵوزەکان کەوت.

لەبەرئەوە دەولەتە شەڕکەرەکان ئەبووایە لە قۆناغی ئاشتیا ئەوەیان بنیات بنایەتەوە کە شەڕ وێرانی کردبوو و پیشەسازییە جەنگییەکانیان بگۆڕن بۆ پیشەسازی مەدەنی، بەڵام کەمی سەروەت و دەستی ئیشکەر کە لە شەڕەکاندا تیاچووبوون بوونە ڕێگرێی گەورە لەبەردەم بنیاتنانەوەکاندا.

ئەم خشتەیەی خوارەوە[١] زیانەکانی دەوڵەتەکان لە شەری جیھانی یەکەم ڕوون دەکاتەوە کە کەیشتە زیاتر لە ٣٧ میلیۆن سەرباز لە نیویاندا زیاتر ھەشت میلیۆن کوژران.

کۆ||٨، ٥٣٨، ٣١٥ || ٢١، ٢١٩، ٤٥٢ || ٧، ٧٥٠، ٩١٩||٣٧، ٥٠٨، ٦٨٦
دەوڵەت کوژرا و وەفاتکراوەکان بریندار دیل و ونبووەکان کۆی زیانەکان
ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی ١، ٧٧٣، ٧٠٠ ٤، ٢١٦، ٠٥٨ ١، ١٥٢، ٨٠٠ ٧، ١٤٢، ٥٥٨
ئیمپڕاتۆری ڕووسی ١، ٧٠٠، ٠٠٠ ٤، ٩٥٠، ٠٠٠ ٢، ٥٠٠، ٠٠٠ ٩، ١٥٠، ٠٠٠
فەرەنسا ١، ٣٥٧، ٨٠٠ ٤، ٢٦٦، ٠٠٠ ٥٣٧، ٠٠٠ ٦، ١٦٠، ٨٠٠
ئیمپڕاتۆری نەمسا-مەجەر ١، ٢٠٠، ٠٠٠ ٣، ٦٢٠، ٠٠٠ ٢، ٢٠٠، ٠٠٠ ٧، ٠٢٠، ٠٠٠
دەوڵەتەکانی کۆمونلوس ٩٠٨، ٣٧١ ٢، ٠٩٠، ٢١٢ ١٩١، ٦٥٢ ٣، ١٩٠، ٢٣٥
شانشینی ئیتالیا ٦٥٠، ٠٠٠ ٩٤٧، ٠٠٠ ٦٠٠، ٠٠٠ ٢، ١٩٧، ٠٠٠
ڕۆمانیا ٣٣٥، ٧٠٦ ١٢٠، ٠٠٠ ٨٠، ٠٠٠ ٥٣٥، ٧٠٦
ئیمپڕاتۆری عوسمانی ٣٢٥، ٠٠٠ ٤٠٠، ٠٠٠ ٢٥٠، ٠٠٠ ٩٧٥، ٠٠٠
وڵاتە یەکگرتووەکان ١٢٦، ٠٠٠ ٢٣٤، ٣٠٠ ٤، ٥٠٠ ٣٦٤، ٨٠٠
بولگاریا ٨٧، ٠٠٠ ١٥٢، ٣٩٠ ٢٧، ٠٢٩ ٢٦٦، ٩١٩
سربیا ٤٥، ٠٠٠ ١٣٣، ١٤٨ ١٥٢، ٩٥٨ ٣٣١، ١٠٦
بەلجیکا ١٣، ٧١٦ ٤٤، ٦٨٦ ٣٤، ٦٥٩ ٩٣، ٠٦١
پورتوگال ٧، ٢٢٢ ١٣، ٧٥١ ١٢، ٣١٨ ٣٣، ٢٩١
یۆنان ٥، ٠٠٠ ٢١، ٠٠٠ ١، ٠٠٠ ٢٧، ٠٠٠
مۆنتینیگرۆ ٣، ٠٠٠ ١٠، ٠٠٠ ٧، ٠٠٠ ٢٠، ٠٠٠
یابان ٣٠٠ ٩٠٧ ٣ ١، ٢١٠

ئاشتی کەم و کوڕدەستکاری

کۆنگرەی ئاشتی ١٩١٩دەستکاری

ئەڵمانیا ڕازی بوو لە ئیمزاکردنی ئاگربەست لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ لەسەر بنەماکانی ویلسۆن، و لەو کاتەدا ڕێکەوتن کە کۆنگرەی ئاشتی بەڵێنپێدراو بڕیار و ڕێکەوتنەکانی خۆی دەربکات کە لە بیرۆکە جوانەکانی ئەو بنەمایە وەربگیرێن، بەڵام ھیچ کام لەوانە ڕووینەدا، کۆنگرەی ئاشتی کە یەکەم دانیشتنی لە پاریس لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ بەست نوینەری ٣٢ دەوڵەتی ھاوپەیمان ئامادەی بوون و ودەوڵەتە شکست خواردووەکان و ڕووسیا و دەوڵەتە بێلایەنەکانی لێ دوورخرایەوە، لەبەرئەوە ئەم کۆنگرەیە بە کۆبوونەوەیەکی دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕی جیھانی یەکەم دائەنرێت بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکانیان و سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر دەوڵەت شکستخواردووەکان، لە ھەمان کاتدا نوێنەری ھەر سێ وڵات فەرەنسا و بەریتانیا و وڵاتە یەکگرتووە ئەمریکییەکان ڕای خۆیان سەپاند بەسەر نوینەرە بەشداربووەکانی وڵاتەکانی تردا.

داواکاری کۆنگرەبەستەکاندەستکاری

کۆنگرەکە ویستی فەرەنسا و بەریتانیای دەرخست لە فراوانکردنی سنورەکانیان و بەدەستھێنانی موستەعمەرەری نوێ، فەڕەنسییەکان تەنھا بە داوای گەڕاندنەوەی ناوچەکانی ئەلزاس و لۆرین نەوەستان لە ئەڵمان بەڵکو بەشی چەپی ڕووباری ڕاینیان وەرگرت کە ناوچەیەکی بەرگری بوو و ساری ئاڵمانیای داوائەکرد وەک سەرچاوەیەک بۆ خەڵوزی بەردین سوودی لێوەربگرن، و سەبارەت بە موستەعمەرەکان جۆرج کلیمنسۆی سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسی کە خۆی بەشداربوو لە کۆنگرەکە پارێزگاری فەرەنسای دەربڕی بەسەر موستەعمەرەکانی لە باکووری ئەفریقا و ناوەڕاستەکەی و لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا لە ھەمانکاتدا وتی ئینتیدابی فەڕەنسی لەسەر سوریا و لوبنان جێگەی گفتوگۆ نین.

بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە سەرۆکی نوێنەرانی وڵاتەکەی ئەکرد لە کۆنگرەکەدا لوید جۆرج ناڕەزایی دەربڕی لە ھەلوێستی سنووری فەرەنسا، و داوای کرد وڵاتەکەی میراتی موستەعمەرە ئەلمانییەکان وەربگرێت لە ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و ئینتیداب بەسەر میسر و سودان و عێراق و فەلەستین و بەڵێنی خۆی لەبیرکرد کە بۆ سەربەخۆبوونی ڕۆژھەڵاتی عەرەبی دابووی.

بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵی ئۆرلاندۆ داوای ناوچەکانی ترانتان و تریستای کرد بۆ ئیتالیا.

و تەنھا سەرۆکی ئەمریکی ویلسۆن لە نێو سەرۆکی وەفدەکانی دەوڵەتە گەورەکاندا داوای دامەزراندنی ئەنجومەنی نەتەوەکانی کرد و بڕیارەکانی کۆنگرە لە چواردە بنەماکەی ئەوەوە دەربچن.

بڕیارەکانی کۆنگرەکە و ئەنجامەکانیدەستکاری

گۆڕینی نەخشەی سیاسی ئەورووپادەستکاری

کۆنگرەی پاریس ئیمپڕاتۆرەکانی ئەڵمانی و نەمساوی ھەڵوەشاندەوە بە ئەنجامدانی چەند دەستکارییەک لە سنووری سیاسی دەوڵەتەکانی ئەوروپادا، لە نەخشەی ئەوروپادا چەند دەوڵەتێکی نوێ دەرکەوتن وەک ھەنگاریا و چیکۆسلۆفاکیا و یۆغسلافیا، و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دەوڵەتەکاندا ڕوویدا ھەریەک لە تورکیا و ئەڵمانیا گۆڕان بۆ ڕژێمی کۆماری و نەمسا گۆڕا بۆ کۆمارێکی بچوک بەڵام ڕووسیا لە ڕژێمی قەیسەرییەوە گۆڕابوو بۆ ڕژێمی شیوعی لە دوای شۆڕشی ئۆکتبەری ١٩١٧ بە سەرۆکایەتی لینین.

پەیماننامەی فرسایدەستکاری

 
مەراسیمی ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی فرسای

لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩١٩ ئەڵمانیا پەیماننامەی فرسای ئیمزاکرد لەگەڵ ھاوپەیمانە سەرکەوتووەکاندا لە شەڕی جیھانی یەکەمدا دوای وتوێژێک کە شەش مانگی خایاند، و دەستکاری پەیماننامەکە کرا لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ کە دانپیانانی ئاڵمانیای بە بەرپرسیارییەتی شەرەکە لەخۆ دەگرت و ولەسەر ئەڵمانیا دانرابوو کە قەرەبووی ماڵی لایەنە زەرەر لێکەوتووەکان بداتەوە.

و پەیمانەکە چەند مەرجێکی توندی لە خۆ دەگرت بە دابڕینی نزیکەی ٢٥ ھەزار میلی چوارگۆشە لە خاکەکانی ئەڵمانیا و بخرێنە سەر پۆڵەندا و دانیمارک و چیکۆسلۆفاکیا، و ھەموو موستەعمەرە ئەڵمانییەکان گیران، و ئەڵمانیا بە تەنھا بەرپرسیاری شەرەکەی خرایە ئەستۆ و و بەندەکانی ئەم پەیماننامەیە ھۆکار بوو بۆ ئەوەی کە فرسەتی ھاتە بەردەم ڕەتی بکاتەوە و تۆڵەی خۆی بکاتەوە لەوانەی بەسەریاندا سەپاند.

و پەیماننامەکە باسی دامەزراندنی ئەنجومەنی نەتەوەکانی ئەکرد و ئامانج لێی بۆ جڵەوگیری بوو بۆ ئەوەی شەری چەکداری نەکەوێتەوە لە نیو دەوڵەتەکەندا وەک ئەوەی لە شەڕی جیھانی یەکەدا ڕوویدا.

و ئەو بەندە سەربازیانەی دانران لەسەر ئەڵمانیا، مەرجی توند وتیژیان دانا بۆ یەکەی سەربازییە ئەڵمانییەکان تا نەتوانێت شەڕ بکاتەوە، و پەیماننامەکە باسی لەوەکرد کە سوپای ئەلمانی تەنھا ١٠٠ ھەزار سەربازی ھەبێت و ڕژێمی سەربازی ناچاری ھەڵبوەشێنرێتەوە، و ئەڵمانیا ناتوانێت ھێزی ئاسمانی پێک بھێنیت و وبەسترایەوە تەنھا بە بوونی ١٥ ھەزار سەربازی دەریایی لەگەڵ بوونی کەشتی دەریایی بە بێ کەشتی ژێردەریایی، و بۆ سەرباززەکان نییە زیاتر لە ١٢ ساڵ لە سوپادا بمێننەوە تا سوپای ئەڵمانی ھێزی سەربازی ڕاھێنراوی نەبێت.

و بڕگەی ٢٣٢ی پەیماننامەکە بەرپرسیارییەتی شەڕەکەی خستە سەر ئەڵمانیا و قەرەبوو کردنەوەی لایەنە زەرەر لێکەوتووەکانی لەسەر دانرا کە بە ٢٦٩ بلیۆن مارکی ئەڵمانی خەمڵێنرابوو، و ئەم بڕە دابەزێنرا بۆ ١٣٢ بلیۆن مارک، لەگەڵ نزم کردنەوەی بڕەکەدا ئابوریناسەکان ئەو بڕە وادەدەنێن کە زیادەڕۆیی تیا کراوە، و توندکردنی ئەم قەرزانە لەسەر ملی ئەڵمانیا ھۆکار بوون بۆ ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانی دووەم لەسەر دەستی ئەدۆلف ھیتلەر.

ئینتیدابدەستکاری

لە کۆنگرەکەدا ڕێکەوتن لەسەر داواکاری ئیستیعمارییەکانی ھەریەک لە بەریتانیا و فەرەنسا و دان نان بە شەرعیەتی ئینتیدابدا نا لەسەر دەوڵەتەکانی ڕۆژھەڵاتی عەرەبی لەگەڵ ناڕازیبوونی ئەمیر فەیسەڵ کوڕی حسەین کە وەک چاودێرێک ئامادەی کۆنگرەکە بوو.

 
چوونە ناوەوەی ھێزەکانی بەریتانیا بۆ قودس ساڵی ١٩١٧.

دامەزراندنی ئەنجومەنی نەتەوەکاندەستکاری

سەرۆکی وەفدە بەشداربووەکانی کۆنگرەکە ڕێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ڕێکخراوی ئەنجومەنی نەتەوەکان کە سەرۆکی ئەمریکی ویڵسۆن سووربوو لەسەری وەک بەندێکی بنەڕتی چووە ناو ھەموو ڕێکەوتننامەکانی سەرکەوتووەکان لەگەڵ شکستخواردووەکانی شەڕەکە بەستیان، وئامانجی یەکەم لە ئەنجومەنی نەتەوەکان کە بنکەکەی لە جنێف لە سویسرا دانرا چارەسەری ناکۆکی نێوان دەوڵەتەکان بوو بە ڕێگە چارەی ئاشتیانە و ئەمەش کەشێکی یارمەتیدەری دروستکرد بۆ لێک گەیشتن و متمانە لە نیو نەتەوەکاندا.

بەڵام کاروبارەکان بەو ئاڕاستەدا نەڕۆیشتن، و ئەنجومەنەکە لە دامەزراندنیا ھێزێکی سەربازی وای نەبوو کە بڕیارەکانی جێبە جێ بکات ھەروەک بوو بە ئامڕازێک بۆ بەرژەوەندی سەرکەوتووەکانی شەڕەکە کە ئەمەش وای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریک کرد کە خۆی بەشدار نەبێت لە بە ئەندامبوونیدا لەگەڵ ئەوەی ئەو خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی بوو.

نیشتیمانی عەرەبی لە ژێر ئینتیدابدادەستکاری

جێبەجێکردنی تەواوەتی بۆ ڕێکەوتنی سایکس بیکۆی دەستی پێکرد ساڵی ١٩١٨ و جەنگەکان کۆتایی نەھاتن و ژێنەڕاڵ ئەلەنبی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ سێ یەکە دابەش کرد لە ڕۆژھەڵاتی ناوچە عەرەبییەکان؛ یەکەی کارگێڕی فەڕەنسی (کەنار) و یەکەیەک بە کارگێڕی عەرەبی (ناوخۆ) و یەکەیەک بە کارگێڕی بەریتانی بەڵام ڕێکەوتنی نیودەوڵەتی بۆ ئەمە لە کۆنگرەی پاریس کرابەە ساڵی ١٩١٩، کۆنگرەکە تێگەشتنێکی نوێی بۆ ئیستیعمار دەربڕی ئەویش ئەو ئینتیدابە بوو کە سەرۆکی ئەمریکی ویڵسۆن و سەرۆک وەزیرانی باشووری ئەفریقا ژێنەڕاڵ سمتس پێشنیاریان کرد، کە بە پێی ئەو دەوڵەتە گەورەکان کاروباری ئەو دەوڵەتانە بگرنە دەست کە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێک لە ئیمپڕاتۆرییەتەکاندان وەک ئیمپڕاتۆری عوسمانی، بەڵام کۆنگرەی گشتی سووری ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ و بەڵێننامەی بلفۆریان ڕەتکردەوە و شانشینی سوریایان ڕاگەیاند و ئەمیر فەیسەڵ وەک پاشا دانرا، و ھاوپەیمانەکان لە شاری سان ڕیمۆی ئیتاڵی دانیشتنێکی کرد لە نیسانی ١٩٢٠ و بڕیاریان دا وەڵامی کۆنگرە سوورییەکە بدەنەوە بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ کە سوریا و لوبنانی ئەخستە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسی و عێراق و فەلەستین و ڕۆژھەڵاتی ئوردنی ئەخستە ژێر ئینتیدابی بەریتانی، ھەروەھا کۆنگرەی سان ڕیمۆ بەڵێنی ئیشکردنی دا لەسەر بەڵێننامەی بلفۆر ھەروەھا بەریتانیا پەیوەندیاربوو بە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و عومان بە ڕێکەوتنی پارێزگاری و ھەروەھایە پارێزگاری خۆی سەپاند بەسەر میسر و سوودان و ئیتالیا دەستی گرت بەسەر لیبیا و فەرەنسا وڵاتەکانی تری ڕۆژئاوای عەرەبی داگیرکرد و دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەسەر ھەر یەک لە توونس و مەغریب و جەزائیر و سۆمالیا و مۆریتانیا.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ Irving Werstein, “1914-1918: World War I”, Cooper Square Publishers; Inc, New York, 1964.

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری