شۆڕشی پیشەسازانە

(لە شۆڕشی پیشەسازیەوە ڕەوانە کراوە)

شۆڕشی پیشەسازی: ناوێکە کە لێکۆڵەران و ئابوریناسان داویانەتە پاڵ ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی لەم ٢٠٠ ساڵەی ئەخیردا ڕویانداوە، دەکرێ ئەم گۆڕانکاریانەش بریتی بن لە شێوازی ژیان، کار و شێوەی بەرھەمھێنانی شتومەک. گەرچی ئەم گۆڕانکاریانە لە پڕ ڕویان نەداوە، بەڵام ئەمڕۆ کەم شوێن ھەیە کە بەھەرمەند نەبوبێت لە شۆڕشی پیشەسازی.

ماکینی ھەڵمی

٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژمارەی دانیشتوان لە شارەکان زۆر کەم بوون. بەڵام ئەمرۆ لە زۆربەی شوێنەکانی دونیا بە تایبەت ئینگلستان، ھۆڵەندا و ژاپۆن خەڵکێکی کەمتر لە گوندەکان دەژین و ھەتا رێژەیەکی کەمتریش لەو شوێنانە کار دەکەن. لە ئەفریقا و ئاسیا ھێشتا رێژەیەکی زۆر خەڵک ژیانیان لە سەر کشتوکاڵ کردنە، بەڵام لە ڕۆژئاوای ئەورووپا و باکوری ئەمریکا ئەم ژمارەیە سنوردارە.

پیشەسازی و بازرگانی لەسەردەمی کۆن دەستکاری

پیشەسازی لە شارستانیە کۆنەکان بوونی ھەبووە. شوێنەوارناسان لە پشکنینەکانیاندا دەستیان بە شتانێک گەیشتووە کە دەلالەت لە بوونی جۆرێک پیشەسازی دەکەن. ھۆکاری بوونی پیشەسازیش ئەوەیە کە خۆراکی پێویست بەرھەم دێت. بە واتایەکی دیکە دەرکەوتنی پیشەسازی بەرھەمی خۆراکی پێویستی گەیاندە ئاستێکی داواکراو، دەرفەتی بەخشیە بەشێک لە خەڵکی کە لە جیاتی کارکردن لە زەویە کشتوکاڵیەکان و بەرھەم ھێنانی خۆراک بەدەستی خۆیان، سەرقاڵی کاری دیکە بن. لە بواری پیشەسازی بەڵەدتر بن. ھۆکارێکی دیکەی گەشەی پیشەسازی، داھێنانی ئامرازەکانی گۆاستنەوەی کاڵا بەرھەم ھاتووەکانن بۆ بازاڕەکان. ئەمەش خاڵێکی گرنگە، چونکە ئەگەر بازارێک نەبوایە بۆ فرۆشتنی کەل و پەلەکان، ئەوا بەرھەم ھێنانی شتومەک بێ فایدە بوو. لەبەرئەوە بازرگانی ھاوکار بوو بۆ گەشەی پیشەسازی. نمونەیەک لە تەولیدەکانی شتومەکی دێریک، گۆزەگەری (موسی لە دورگەی ساموس) ە. لە گەشت ئەو خاڵانەی کە ھەڵکەندران بۆ کەشف کردنی شتومەک و دەفرەکانی سەردەمی ڕۆمی کۆن لە بریتانیا، ئەم جۆرە زەرفانە دۆزراونەتەوە. زۆرێک لەم دەفرە سەرسووڕھێنەرانە لە شکڵی جیاواز لە ئیتالیاو دواتریش لە باکوری فەرانسە دروستکراون. نموونەی زۆر لەم دەفرە قوڕینانە لە موزەخانەکانی ڕۆژئاوای ئەورووپا بەرچاو دەکەون.

لە دەورانی کۆن ئاوریشم و دەفری چینی لە وڵاتی چین بەرھەم دەھاتن. شوێنەوارناسانی یەکێتی سۆڤیەت و چین لەم ماوەیەدا دەستیان کردووە بە ھەڵکەندنی چاڵێک بە درێژایی جادەی کۆن ناسراو بە جادەی ئاوریشم، کە لە چین تا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە و لەو ژمارە زۆرەی کاڵا و شتومەکانەی دەستیان کەوتووە سەریانسوڕماوە. لە دەورانی دێریک، دەفری چینی ھەتا شارەکانی نزیک کەناراوەکانی ڕۆژھەڵاتی ئەفریقاش بردراون.

لە شارە کۆنەکانی ھیندستان وەکوو شارەکانی ھاراپا و موھنجودار (کە ئەمرۆ کەوتوونەتە پاکستان) بە ھەمان شێوە شتومەکی زەریفیان دروستکردووە و ھەناردەی ئێرانیان کردووە. ھەروەکو لە قەبرەکەی (توت عەنخ ئامون) دەردەکەوێ میسریە کۆنەکان لە پیشەسازی دەستی شارەزاییەکی بێ وێنەیان ھەبووە. شارستانیەتی یۆنانیش بەرھەم گەلێکی ھونەری زۆر جوانی لە دوای خۆی جێھێشتووە کە باشترینیان نەققاشیە بەناوبانگەکان و پەیکەرەکانن. لە نێوان پیشەسازی کۆن و پیشەسازی نوێ دوو جیاوازی گەورە ھەن: ھەوەڵ ئەوەی کە بەرھەمەکانی پیشەسازی کۆن بۆ موشتەری و کڕیارە دەوڵەمەندو ئاست بەرزەکان دروست دەکران نەک بۆ خەڵکی ئاسایی. لەبەر ئەوە ھەموو ئەو پیشەسازیانە بەشێک بوونە لە شتومەکی جوانکاری و لەبەر قیمەتی بێ حساوی ئەم شتانە تەنھا دەوڵەمەندەکان توانای کڕینی ئەم شتومەکانەیان ھەووە.

دووھەم ئەوەی کە ھێزی کار فراوان بووە، بۆ نموونە کۆیلایەتی بەرفراوان بوو ھۆکارەکەشی ئەو داب ونەریتە بوو کە ئەوانەی لە جەنگەکان سەردەکەوتن شکست خواردووەکانیان بە کۆیلە دەگرت. لەبەر ئەوە ھێزی کار بەرفراون بوو ھەروەھا بە خۆڕایش بوو، کەوابوو شێوازەکانی بەرھەم ھێنان لەسەر بنەمای دابەزینی پێوەری کار پێویست نەبوو. پیشەوەرانی سەردەمی کۆن ھێز و توانای کەمیان لەبەردەست بووە. تەنھا کەمێک ھێزی مرۆیی، کەمێک سوود وەرگرتن لە ئاژەڵ و بە ڕادەیەکی کەمیش سوود وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتیەکان وەک ئاو و ھەوا.

پیشەسازی و بازرگانی لە چەرخی ناوین دەستکاری

لە سەرەتاکانی چەرخی ناوین، بازرگانی و پیشەسازی لە ئاسیادا ڕوو لە ھەڵکشان بوو و لە بواری جۆراوجۆر پێشکەوتنیان بەدەستھێنابوو. وەکو دروستکردنی کاغەز، گۆگرد و چاپ. ڕەونەقی بازرگانی ئەورووپا ڕوو لە داکشان بوو. ئەوروپایەکان پشتیان بە بەرھەمی ناوچەکانی خۆیان دەبەست و پاشاکانیشیان بۆ دیاریکردنی پێوەری ماڵیات لەسەر بەرھەمھێنان، بە ھەموو ناوچەکاندا دەگەڕان. پیشەی سەرەکی کەسانێک کە کاری زەوی و زاریان نەدەکرد، جەنگ و مەسەلەی دینی بوو.

ھەندێ لە پیشەوەران بەردەوامیان بە کارەکانی خۆیان دا. ئاسنگەرەکان ئامرازی کێڵان، ناڵی ئەسپ، زرێ و شمشێریان ساز دەکرد. بەردبڕەکان چەندین باڵەخانەی بەردینیان بونیادنا. لە پەرەستگاکان، ڕاھیبەکان بەردەوامیان دا بە موتاڵاکردنی کتێب و چەندین کتێبی نایابیان خستە ڕوو. وەکو چوار ئینجیلەکەی لیندز فارن* و کتێبی کیڵز**. گوڵ دۆزیش بە ھەمان شێوە باو بووە. شێوەکارانێکی پسپۆڕیش ھەبوون وەکو ئەوەی کە دیواری بەناوبانگی بایۆیان ھێنایە بوون.

پێشکەوتنی بازرگانی و پیشەسازی ئەورووپا لە ساڵی ١٠٠ سەریھەڵدا. ژمارەی دانیشتوان ڕووی لە ھەڵکشان کرد. جوتیارەکان بەروبوومەکانی خۆیان خستە بازاڕەوە، راھبەکان دەستیان دایە بەخێوکردنی مەڕوماڵات بۆ ئەوەی سوود لە خوریەکەی وەرگرن. لە ئەنجامدا خوری و پارچە لە کەرەستە گرینگەکانی بازرگانی ئەژمار دەکران، تا ئەوەی کە ئەم بارودۆخە بوو بە ھۆی زیاد بوونی ژمارەی شارەکان و بازرگان و سەروەتیان. ئاسیا، لەو سەردەمەشدا لە ڕوانگەی سنعەتی و بازرگانی لە ئەورووپا موھیمتر بوو. دواتر بازاڕی بازرگانی نێودەوڵەتی کەوتە دەست موسڵمانان بە تایبەت عەرەبەکان. بازرگانە عەرەبەکان لە بیابانەکانەوە تێ دەپەڕین بۆ ئەوەی ئاڵتوون، عاج و کاڵای چەرمی بگەیەنە کەناراوەکانی مەدیتەرانە. ئەمانە بەدرێژایی کەناراوەکانی ڕۆژھەڵاتی ئەفریقا نیشتەجێ بوون و دەستیان کرد بە بازرگانی کردن لە گەڵ وەڵاتانی وەکوو ھیندستان، مالایا، ئەندەنۆزیا و ھەروەھا وەڵاتانی مەدیتەرانەیی.

بازرگانی لە نێوان ئەمانە زیاتر بازرگانی کردنی شتومەکی جوانکاری و ڕازاندنەوە بوو. لە دەورەکانی دواتری چەرخی ناوین لە سەردەمی مینگ لە چین گوڵدانی قەشەنگ و دەفری دیکەی جۆراوجۆر لە چین تەولید دەکران. ھەروەھا چین ئاوریشمی بەرھەم دەھێنا کە لە جیھان بەناوبانگ بوو. ھیندستان نەرمترین پارچەی بەنی دروست دەکرد. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش دیمەشق لە ڕوانگەی تەولیدی ئاوریشم و پۆڵا مەشھوور بوو. ئەوروپیەکان کە مەیلی شکاندنی پاوانی بازرگانی کەل و پەل و کاڵای عەرەبەکانیان ھەبوو، ھەرئەوەش وای لێ کردن کە ھەڵستن بە دەورلێدان بە دەوری ئەفریقادا و ھێرش کردنە سەر زەریایی ھیندی. لەو کاتە بە دواوە بازرگانی ئەوروپی بە خێرایی ڕووی لە ھەڵکشان کرد و لە ئەنجامدا بووە ڕێخۆشکەر بۆ شۆڕشی پیشەسازی.

ھەوەڵین شۆڕشی پیشەسازی دەستکاری

ھەوەڵین شۆڕشی پیشەسازی لە وڵاتی ئینگلستان لە سەددەی ھەژدەھەم دەستی پێکرد. ھەرلەوێشەوە بۆ باقی وڵاتانی دیکە پەرەی سەند بەتایبەت وڵاتانی وەکو ئەڵمان، فەڕانسە و ھەتا ئەمریکای باکووریشی گرتەوە. لە سەرەتاکانی سەددەی نۆزدەھەم بریتانیا بە «کارگەی جیھان» مەشھور بوو، بەڵام لە ساڵی ١٨٨٠ بە دواوە ئەڵمان و نەتەوەیەکگرتووەکان پێشی بەریتانیا کەوتنەوە. لەوکاتەش بوو کە دووھەمین شۆڕشی پیشەسازی دەستی پێکرد.

بازرگانی جیھانی لە سەدەی ھەژدە

لەم سەدەیەدا ھێشتا لە بواری بازرگانی کەڵک لە ڕەوشەکانی چەرخی ناوین وەردەگیرا، بەڵام بازرگانی لەدوو ڕشتەی نوێ گەشەی کردبوو، یەکەمیان بازرگانی

لەگەڵ میلەتە ژێر دەستەکان و ئەویتریان لە گەڵ میلەتە گەورەکانی دونیا.

بەدرێژایی سەدەی ھەژدەیەم جڵەوی گەورەترین بازاڕی بازرگانی بە دەست بەریتانیاوە بوو. بریتانیا مافی ھەناردەکردنی کۆیلەی ھەبوو بۆ موستەعمەراتی ئیسپانیا لە ئەمریکاوە، توانی بناغەی «بازرگانی سێگۆشە» دامەزرێنێت* . ھەر لەسەر ئەم بناغەیەش بوو کە بەندەرەکانی لیڤەرپوڵ و بریستۆڵ بەھێز بوون. لە ناوەڕاستەکانی ئەم سەدەیەدا، بەریتانیا، فەڕانسەی لە کەنەدا و ھیندستان ڕاونا و لە کۆتایەکانی ھەمان سەددەشدا باشووری ئەفریقاشی گرتە دەست، لەگەڵ ئەوەشدا توانی مافی بازرگانی لە ژمارەیەکی زۆر دورگەی دیکە بەدەست بێنێت. لە کۆتادا بەریتانیا بوویە بەھێزترین وەڵاتی بازرگانی دونیا.

کێشە ئابووریەکانی بەریتانیا لە سەدەی ھەژدەھەم دەستکاری

بەریتانیا لە سەدەی ھەژدەیەم ڕووبەڕوی سێ کێشەی سەرەکی بوویەوە. ھەوەڵ کەمبودی دار، دووھەم زیادبوونی خێرانی ژمارەی دانیشتوانەکەی و سێھەم کەم توانایی کارگەکانی کوتاڵ چنی لە بەرامبەر ئەو داواکاریە زۆرانەی بازرگانەکان ھەیانبوو بۆ ھەناردەکردنی کەل وپەلە چندراوەکان. کێشەی کەمبودی دار فرە جیدی بوو. دار سوتەمەنی سەرەکی چێشت لێنان بوو و ھەروەھا بۆ پیشەسازی دروستکردنی کەشتی بێ حساو موھیم بوو. خەڵووز بۆ تواندنەوەی ئاسنی خاو پێویست بوو. کەوابوو سەرچاوەیەکی نوێی وزە پێویستی دەکرد. ئەم پێویستیەش بە کەڵک وەرگرتن لە ئاسنی خاو دەستەبەرکرا. لەوناوچانەی کە کەشتیەکان توانای ھاتوچۆکردنیان ھەبوو لە جیاتی دار سوود لە ئاسنی خاو وەردەگیرا بۆ چێشت لێنان و دروست کردنی گەرمی.

گەرچی ئاسنی خاو لە بەریتانیا زۆر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وڵاتە ھێشتا ئاسنی زیاتری ھاوردە دەکرد. دەرھێنانی ئاسنی خاو ڕۆژ بە ڕۆژ زەحمەتر دەبوو، چونکە ھەموو ئاسنەخاوەکانی ناو چینە نزیکەکانی ڕووکاری زەوی بە تەواوی دەرھێندرابوون و بۆ دەرھێنانی ئاسنی خاو لە چینە قوڵەکانی زەوی نیاز بە ترومپا ھەبوو.

گرنگی و پێویستی ئەم نیازانە دوو داھێنانی دیکەی زۆر موھیمی ھێنایە بوون: یەکەمیان ڕەوشەکانی تواندنەوەی ئاسنی خاو بە کەڵک وەرگرتن لە پووکەی ئاسنی خاو. دووەمیان دروست کردنی ترومپا ھەڵمیەکان بوو بۆ دەرھێنانی ئاو لە کانە قوڵەکانی ئاسنی خاو. ئەو داھێنانکاری وگۆڕانکاریانەی کە لە پۆمپە ھەڵمیەکاندا کرا، دواتر بوویە ھۆی بەرھەمھێنانی ماتۆڕە ھەڵمیەکان کە جێگەی ھێزی مرۆیی و ھێزی ئاژەڵی گرتەوە. بەم پێیە ھەوڵین شۆڕشی پیشەسازی لە سەر بنەمای وزەی ھەڵم بەرپابوو.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان دەرکەوت کە کاری پێویست نییە بۆ ھەمووان. کرێکارەکان دەستیان کرد بە بەرھەمھێنانی خۆراک. ھەرئەمەش وای کرد کە ژمارەیەکی زۆر کرێکار ناچاربن بە دوای کاردا بگەڕێن لە پیشە سنعەتیەکاندا. پێویستی پارچە گەیشتە ئەوەی کە دەزووی کافی بۆ ڕێستن نەبوو. بۆیە ئامێرێک داھێنرا کە لۆکەی خێراتر دەڕێست. لەسەرەتادا ئەم ئامێرانە بە ھێزی ئاو ھەڵدەسوڕان کە لە ئاسیاوەکان دەستەبەر دەکران. لەبەر گرانی نرخی ئەم ئامێرانە، بازرگانەکان ئامێرەکانیان کڕی و کارگەیان بونیاد نا. بەپێی سیستەمی کۆن واتە کاردەستی، ژن و پیاو لە گەڵ منداڵەکانیان لە ماڵەوە کاریان دەکرد بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمی دەستی. بەڵام بەپێی سیستەمی نوێ، ھەمووان لە باڵەخانەیەک یان کارخانەیەکی گەورە کۆدەبوونەوە و سەرقاڵی کار کردن بوون.

بیرۆکەی دروست کردنی کارگە شتێکی نوێ نەبوو لە بەریتانیا، بەڵکو لە کۆتایەکانی دەورەی (تودوور) چەندین کارگەی خوری ڕێستن ھەبوو، و ھەوەڵین کارگەی ئاوریشم ڕستنیش لەم خاکەدا لە سەرەتاکانی سەدەی ھەژدەیەم پەیا بوو. داواکاری لەسەر کوتاڵی بەن بێ حساو زیادی کرد و ژمارەیەکی زۆرتری کارگە بونیادنران. زۆرێک لەوانەی کە پاشەکەوتێکی زۆریان ھەبوو بە ھۆی بازرگانی و کشتوکاڵەوە، بواری سەرمایەگوزاریان ھەبوو لە کارگە نوێیەکاندا. ئەو ڕێگاچارانەی کە بۆ بنەبڕ کردنی سێ کێشە سەرکیەکە خرابوونە ڕوو، زۆر گونجاو بوون بۆ ئەو وەڵاتە. بریتانیا زەخیرەی گەورەی خەڵوزەبەردینەو ئاسنی خاوی ھەبوو. ھەروەھا ئەم وڵاتە بەئاسانی دەست ڕۆشتووی ھەبوو بەسەر لۆکەی ھیندستان و ئەمریکای باکووردا. لەبەرئەوەی ئەم وەڵاتە دورگەیە ئەوا ڕوباری زۆری ھەیە بۆ کەشتیوانی، لەبەرئەوە گواستنەوەی کاڵاکان لەبارتر بووە لە چاو وەڵاتانی دیکەی ئەوروپایی. لەوکاتەدا بریتانیا بازارگەلێکی فراوانی لە سەرانسەری دونیادا دروست کردبوو.

شۆرش لە گواستنەوە-ھێڵی ئاسن دەستکاری

کاتێک تەولیدی کاڵا زۆر بوو ئەوا گواستنەوەی کاڵاش لە لایەن خەڵکەوە ڕووی لە زیادبوون کرد. بازرگانەکان، خاوەن موڵکەکان و خاوەن کارخانەکان نیگەران بوون لە ھەڵکشانی قیمەتی گواستنەوەی کاڵاکان بەتایبەت خەڵوز و باقی کاڵا قەبارە گەورەکان.

سوود وەرگرتن لە لە نۆکەندەکان لە بریتانیا ڕەواجی پەیداکردبوو. لەبەر ئەوەی لە سەددەی ھەژدەھەم سوود وەرگرتن لەم نۆکەندانە بۆ گواستنەوەی کەل وپەلە قەبەکان دووبارە دەستی پێ کردەوە، ئەمەش یارمەتیەک بوو بۆ ئەو ڕوبارانەی کە قابیلیەتی کەشتیوانیان ھەبوو. سنعەتە گڵینەکان بە ھاوکاری ئامرازە نوێیەکانی گواستنەوە لەسەرانسەری وڵاتدا گەشەی کرد و بازاڕدۆزیش فراوان بوو تا ئەوەی کە بووە ھۆی بە نێودەوڵەتیکردنی شتومەکەکانیان. ڕێگاوبانەکانیش نوێکاریان تێدا کرا. ھێڵی ئاسن ھەوەڵین دەفعە لە بریتانیا سەری ھەڵدا و جێگای گواستنەوەی ئاویی گرتەوە و ئەمەش بە بازرگانی ھەناردەکردن کۆتایی پێھات.

بەریتانیا لە سەرتادا کاڵاکانی ھەناردەی فەرانسە دەکرد و دواتر ئەمریکای باکور و ئاسیاشی گرتەوە. ھەروەھا سوودیان لە وزەی ھەڵم وەرگرت بۆ جوڵەی کەشتیەکانیان. ڕەنگە ھیڵی ئاسن لەگرنگترین داھێنانەکان بێت لە شۆڕشی پیشەسازیدا. لەم رێگەیەوە دەست ڕاگەیشتن بە ھەموو خاڵەکانی بریتانیا ئاسان بوو.

لەبەرئەوە چی دیکە نرخەکان لە ناوچەیەک تا ناوچەیەکی دیکە ئەوەندە جیاوازیان نەبوو. زیندووکردنەوەی سنعەتی ناوچەیی تەنھا بە ھۆی کێبڕکێ لە سنعەتی میلەتانی دیکە گونجاو بوو ئەویش بەو شەرتەی کە لە خەرجیەکانی تەولیدی کاڵا کەم بکرێتەوە. ھەرچەند ھێڵی ئاسن ئابووری جیھانی بەرھەم نەھێنا بەڵام بۆ یەکەم جار ئابووری بەریتانیای وەدی ھێنا و گەشە کردنیشی بووە ھۆی ھەبوونی پشکێکی گەورە لە بازرگانی جیھانی.

گەشەی ھەوەڵین شۆڕشی پیشەسازی دەستکاری

ئەگەرچی ھیچ وڵاتێک لەسەدەی ھەژدەھەم بە ئەندازەی بریتانیا ڕووبەڕوی مەترسی ئابووری نەببویەوە، شتێکی ئەوتۆ نەبوو کە خەڵک ناچار بە داھێنان کردن بکات بۆ وەدیھێنانی شۆڕشی پیشەسازی، بەڵام لە گەڵ ھەموو ئەوانەشدا لە کۆتایەکانی سەدەی ھەژدەھەم زۆرێک لە وڵاتان ھەستیان بە پێویستی پیشەسازی کردن کردبوو. بەربەرکانێی بەریتانیا کەم کەم کاریگەری کردبووە سەر سنعەتی چنین لە فەرانسەو ئەڵمان. ڕێژەی دانیشتوانی ئەم دوو وڵاتە بە خێرایی ڕووی لە زیاد بوون دەکرد. بەڵام قەرەباڵخی دانیشتوانەکەیان وەک بەریتانیا نەبوو، ھەروەھا نەیاندەتوانی کار بۆ ھەمووان پەیدا بکەن. ئەم کێشەیەش بە ئاسانی لە ناوچەی لادێ نشینەکان دەرکەوت، کە نەیاندەتوانی لەڕێگای ڕستن و چنین دەرامەدی خۆیان دابین بکەن، لەبەرئەوەی ئەو کوتاڵانەی لە ڕێگای ئامێرەکانەوە دروست دەکران زۆر ھەرزانتر بوون. کەسە کارامەو پیشەوەرە بەریتانیەکان ھاندەدران بۆ کارکردن لە فەڕانسەو ئاڵمان، و ئەو زانست و زانیارانەی لە بارەی ئامێرە نوێیەکان ھەیانبوو لە گەڵ خۆیان بردیانە ئەو وڵاتانەوە.

دواتر جەنگی فەڕانسەو بریتانیا دەستی پێکرد. ماوەی ٢٠ ساڵ شتومەکی بەریتانی لە ڕێگای قاچاخەوە دەنێردرایە باقی وڵاتانی ئەوروپی. ئەم وەڵاتانە خۆیان مەیلیان لەوەبوو کە ھاوشێوەی کاڵاکانی ئەوان تەولید بکەن. زۆرێک لە ئاڵمانیەکان لە ناوچەی (رووری) ئەڵمان، دەستیان کرد بە بەرھەمھێنانی ئاسن لە ئاسنی خاو (ئەمەدەستپێکی کارە گەورەکانی کروپس بوو).

دوابەدوای ئەم جەنگە کاڵاکانی بەریتانی دووبارە گەراِنەوە بازاڕەکان بەڵام ئەوروپایەکان دەستیان کرد بەدروستکردنی کارخانەکانی خۆیان. بەلجیکا کە سەرچاوەی گەورەی بەردەخەڵوزینەی ھەبوو، بە خێرای گەشەی کرد. فەڕانسە بە کەڵک وەرگرتن لە تیرەئاسنەکانی شەمەندەفەر کە لە بەریتانیا دەستەبەری کردبوون، بە ھەمان شێوە ماتۆڕ (مەکینە) و کرێکاری لێھاتووشی ھەر لە بریتانیا دەستەبەر کرد و ھەوەڵین ھێڵی ئاسنی دروست کرد، دوابەدوای ئەو بەلجیکا و دواتریش ئەڵمان ماتۆڕو ھێڵی ئاسنی خۆیان دروست کرد. گەشەی پیشەسازی فەڕانسە خاو بوو. لەبەرئەوەی گەشەی دانیشتوانەکەشی ھێواشتر بوو بۆیە ئەو رێژە ماددەخۆراکیانەی کە تەولیدی دەکرد بەشی دەکردن.

دوای ماوەیەک، بریتانیا دەستی کرد بە ھەناردەکردنی دەزگاو ئامرازەکانی بۆ ئەو وەڵاتە ئەوروپایانەی کە دەیانھەویست کارگە بونیاد بنێن. بەریتانیا کە ببوە وەڵاتێکی دەوڵەمەند، دەستی کرد بە بە دەستھێنانی وڵاتانی ئەمریکای باکوور و ھیند، لەبەرئەوەی خۆی پێویستی بە ماددەی خۆراکی و ماددەی خاوی ئەم وەڵاتانە ھەبوو، لەبەرئەوە بریتانیا ئامادەی سەرمایەگوزاری بوو لە کانەکان، ھێڵی ئاسن و کاری بەندەرەکان. ژمارەی دانیشتوانی ئەمریکا ڕووی لە ھەڵکشان بوو. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئەمریکا بەرەبەرە زەویەکانی ھیندیە سورەکانی داگیر دەکرد و دەیخستنە سەر دەسەڵاتی خۆی. ئەمریکا سەرچاوەی سروشتتی فراوانی ھەبوو. سەرەڕای زۆری ڕێژەی دانیشتوانەکەی و کۆچی ئەوروپیەکانیش بۆ ئەو وڵاتە، ھێشتا کێشەی کەمی کرێکاری ھەبوو. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامرازەکانی گواستنەوە، ڕۆژاوا بەھێزترین بەرھەمھێنەری مادەی خواراکی بوو، بۆیە بە پیشەسازی بوونی ئیالەتەکانی ڕۆژھەڵات تەنھا بۆ دەستبەر کردنی نیازەکانی ڕژۆئاوا و باکوور بوو.

لەسەرەتای کار، ئەمریکیەکان دەستەودامێنی ئامرازو شێوەی بەفێرو دانی ھێزی کار بوون؛ یەکێک لە ھەوڵین ئامێرەکان کە لە ئەمریکا دروست کرا مەکینەی خەیاتی بوو. ھێنری فۆرد بیرۆکەی ئیستانداردکردنی کاڵاکانی خستە ڕوو. لەساڵی ١٨٨٠ واتە ئەوکاتەی ئاڵمان یەکی گرتەوە سنوورەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تا کەناراوەکانی زەریای ھێمن فراوان بوو، ئاستی بەرھەمھێنانی ئەم دوو وەڵاتە لە بریتانیا زیاتر گەشەی کرد.

لەھەمان کاتدا، دوو وڵاتی دیکەش ھەوڵیان دەدا کە ببنە وڵاتی پیشەسازی، لەبەرئەوەی حکومەتەکانیان بەرنامەیان بۆ دارشتبوو. یەکەمیان ڕوسیە بوو کە دەستی کردبوو بە دروست کردنی یەکەی گەورەی سنعەتی بە سوود وەرگرتن لە سەرمایەی دەوڵەتی یان سەرمایەی دەرەکی. ئەوی تریشیان وڵاتی ژاپۆن بوو کە ھەل ومەرجی گونجاوی فەراھەم کردبوو بۆ بەرھەمھێنانی کاڵاکانی ڕۆژاوا.

دووھەمین شۆڕشی پیشەسازی دەستکاری

دووھەمین شۆڕشی پیشەسازی لە جیاتی خەڵوز کە سەرچاوەی وزە بوو، لەسەر بناغەی کارەباو نەوت بەرپا بوو. ئەمەش گۆڕانکاری گەورەی لە گواستنەوە و پەیوەندی بەدیھێنا. ئەم شوڕشە زۆرێک لە داھێنانەکانی شۆڕی یەکەمی پیشەسازی بە نائابووری لەقەڵەم دا ھەندێکێشیانی بە تەواوەتی ڕەد کردەوە.

کارەبا و داھێنانەکانی پەیوەندیدار بە کارەباوە

وجودی کارەبا لە سەرەتای سەدەی نۆزدە ناسرابوو. ھەوەڵین سوود وەرگرتن لە کارەبا لە بواری تەلەگراف بوو ماوەیەک دواتر سنعەتی کارەبا لە ئاڵمان گەشەی کرد و لقێکیش لە ئینگلستان، کە لە وێدا کابڵ و کابڵ کێشی بویە ڕشتەیەکی پسپۆڕانە. دواتر لە نەتەوەیەکگرتووەکان کەڵک لە کارەبا وەرگیراو تۆماس ئەدیسۆنی داھێنەر، لە شتی جیاوازدا بە کاری ھێنا.

ماوەیەک دواتر، سوود لە کارەبا وەرگیرا وەک ھێزێک لە پیشەسازی وبەتایبەت بۆ ئەو خاوەن موڵکانەی کە ھێزێکی ئاوی فراوانیان ھەبوو، زۆر بە سوود بوو. سنعەتی کارەبا بە ھۆی داھێنانەکانی وەک تەلەفون، ڕادیۆ و دواتریش فیلم و تەلەڤیزیۆن زیاتر بەرفراوانی بە خۆوە دیت. ئاڵمان، نەتەوەیەکگرتوەکان، ئیتالیا و سویسرا سوودی زۆریان لە داھێنانەکانی کارەبا وەرگرت. بریتانیا کە زەخیرەی گەورەی خەڵووزەبەردینەی ھەبوو، نەک ھەر لە بەکارھێنانی کارەبا پاشکەوت لە چاو وەڵاتانی دیکە بەڵکو فێرگەی تەکنیکی پێویستیشی نەبوو. لەبەرئەوە لەساڵی ١٨٥٠ خاوەن کارگە بەریتانییەکان کە پێویستیان بە پسپۆڕی کارەبا ھەبوو، فێرخوازیان دەناردە ئاڵمان کە فێرگەی زۆر چاکیان ھەبوو.

لە سەددەی بیستەم وزەی کارەبا کە لە وزەی ئاو وەردەگیرا، بناغەیەکی گونجاو بوو بۆ پیشەسازی کردنی زۆرێک لە وڵاتان بە تایبەت ئەفریقا.

نەوت دەستکاری

لە سەردەمی دێریک سوود لە ڕۆنی چێشت وەردەگیرا بۆ ڕوناکایی. دواتر لە ڕۆنی کانەکان یاخود نەوت وەک نەوتی چرا (پارافین) بۆ ڕوناکی سوودی لێ وەردەگیرا. لە کۆتایەکانی سەدەی نۆزدەھەم بەرھەم ھێنانی نەوت زیاتر لە تکزاس (ئەمریکا) وبۆرەنتۆ(ڕۆژھەڵاتی ھیند) بەرھەم دەھات. ھەروەھا سوود لە نەوت دەبینرا لە جیاتی خەڵوزەبەردینە بۆ تەولیدی وزەی ھەڵمی پێویست لە سنعەت و گواستنەوە. سوودوەرگرتن لە نەوت زۆر ئاسانتر بوو لە خەڵوزەبەردینە و گواستنەوەشی بەھەمان شێوە ئاسانتر بوو. بە واتایەکی دیکە سوودوەرگرتن لە نەوت، کێشەی گواستنەوەی کەلوپەلی قورسی لە ڕێگای شەمەندەفەر و کەشتی حەل کرد. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی کەمتر کرێکار پێویست بوو و مەسرەفی بەرھەمھێنانیش کەمی کرد.

بەھەمان شێوە نەوت بە شێوەی بەنزین (گازۆیل) سوودی لێ وەرگیرا بۆ مۆتۆڕی سوتانی ناوەکی. لە ساڵی ١٩٠٠ تاڕادەیەک ماشێن برەوی سەندبوو. ڕێگاوبانەکان کە دوای داھێنانی شەمەندەفەر کەمتر سوودیان لێ وەردەگیرا، دووبارە سوودیان لێوەرگیرایەوە. ئوتۆمبێلی ئاسایی و لۆری ڕەواجیان پەیدا کرد و شۆڕشێک لە ژیانی ڕوژانەی خەڵک پەیدا بوو کە دەکرا لە گەڵ ھێڵی ئاسنی بەراوەرد بکرێت.

ھێشتا چەند ساڵێک لە داھێنانی ماشێن تێ نەپەڕیبوو کەفڕۆکە دروستکرا. پێشتر سوودیان لە باڵۆن وەردەگرت بۆ فڕین بەڵام باڵۆن توانای سوڕانەوە و گۆڕانی ئاراستەکانی نەبوو. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بە سوود وەرگرتن لە ئامرازی جۆراوجۆر فڕین دەستی پێکرد. لە گەڵ دەست پێکی جەنگی جیھانی یەکەم، بەکارھێنانی فڕۆکە پەرەی سەند کە پێشتر بە کارھێنانی شتێکی تاڕادەیەک مەترسیداربوو. گەرچی فڕۆکە کاریگەریەکی کەمتری لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بەدیھێنا بوو لەچاو ماشێن و ھێڵی شەمەندەفەر، بەڵام کاریگەری گەورەی لە پەیوەندییە نیودەوڵەتیەکان، ستراتیژی سەربازی و ئابووری جیھاندا ھەبوو.

ئەو سنعەتانەی کە لەسەر بناغەی کارەبا و نەوت بونیادنران دەستکاری

ئەم دووسەرچاوە نوێیەی وزە، ڕشتەی گەورەتریان لە سنعەتدا ھێنایە بوون. بەنزین ماشێنی بۆ خەڵک بە دیاری ھێنا، ھەمان کاری دەکرد کە ئەسپ و پاسکیل دەیانکرد. سنعەتی نوێ کارگەی ئوتۆمبێلی ھێنایە گۆڕێ کە ھەموو ساڵێک ملیۆنان ماشێن، لۆری و ئامرازی دیکەی جوراوجۆر بەرھەم دێنن. لەم سنعەتەدا شێوازی مۆدێرن بەکاردەبرا. وەکو شێوازی بەرھەمھێنان کە ھێنری فۆرد لە نەتەوەیەکگرتوەکان خستیە ڕوو کە بریتیە لە (کرێکارەکان بە ڕێز ڕادەوەستان و سەرقاڵی خستنە سەریەکی بەشەکانی ئوتۆمبێلەکەن). لەگەڵ ئەوەی کە ئەمڕۆ ھەموو وڵاتە پیشەسازیەکان ماشێن بەرھەم دێنن بەڵام ھێشتا نەتەوەیەکگرتووەکان گەورەترین بەرھەمھێنی ماشێنە.

کارەبا، وزەی ھێنایە ناو ماڵەکانەوە، بە شێوەی ئامێری کارەبایی وەکو دڕێلی کارەبایی، سشوار، سەعاتی کارەبایی، تەلەفون، جۆرەکانی لێکدەر، ماتۆڕی بەستێنەر بوو بۆ تەولیدی گەرمی و ڕوناکی، وەکو شێوازەکانی گەرمکەر، فڕنی کارەبایی و دەزگاکانی چاپ. کارگەکانی تەولیدی ئەم جۆرە ئامێرانە یەجگار زیاد گەشەیان کردووە، لەبەرئەوەی داواکاری زۆریان لەسەرە. شۆڕش لە پەیوەندی کردن بووە ھۆی وەدیھێنانی سنعەتی نوێ وەکوو ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن، تەلەفۆن و (ئینتەرنێت).

وزەی ناوەکی یان ئەتۆمی دەستکاری

وزەی ناوەکی بە ھەڵقڵیشانی گەردیلەی توخم بەدەست دێت. لە کۆتایەکانی سەدی نۆزدە یەکێک لە بیرکاریزانەکان پێشبینی ئەمەی کردبوو، بەڵام ھەوەڵین جار لە ساڵی ١٩٣٢ بە شێوەی دەستکرد خرایە تاقیگەوە. لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ یەکەم جار بە شێوەی کرداری سوود لە وزەی ناوەکی بینرا ئەوکاتەی بە بۆمبی ئەتۆمی دوو شاری ھیرۆشیما و ناکازاکی بۆمباران کران. لەوکاتەوە تا ئێستا وزەی ناوەکی تەنھا لە نیروگاکان و بۆ ھێزی ژێر دەریایی بەکارھاتووە کە زۆر بە کەمی پێویستیان بە دووبارە بەکارھێنانەوەی سوتەمەنی دەبێ.

کێشەیە بتوانرێ بوترێ کە تا چی ڕادەیەک وزەی ناوەکی جێگرەوەی وەزی کارەبا دەبێ. چونکە لە ئێستادا سوود وەرگرتن لە وەزەی ناوەکی زۆر سنوردارە. وزەی ناوەکی تەقریبەن ھاوشێوەی وزەی ئیە کە لە خۆرەوە بەرھەم دێت لەوانەیە سوود وەرگرتن لە باتریە خۆریەکان یان داھێنانی لەوشێوازە زیاتر سودمەندتر بێت.

بەرفراوان کردنی پیشەسازی لە دەرەوەی ئەورووپا دەستکاری

لە ئاخیرەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرتای سەدەی بیستەم زۆربەی وڵاتانی دونیا بە پیشەسازی کران. لە ڕوسیە، حکومەت ھاندەر وپاڵنەر بوو بۆ پیشەسازی. ڕێژەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە ڕووی لە ھەڵکشان کردبوو و سەرچاوەی سروشتی فراوانی ھەبوو. بەڵام ئامرازەکانی پەیوەندی زۆر لاواز بوون ئەویش بە ھۆی ساردی و نالەباری کەش و ھەوای ئە وڵاتە بوو. لە سەردەمی حوکمڕانی ستالین پیشەسازی کارەباکێشی بە سوود وەرگرتن لە چیاکانی ئاوراڵ و سیبری ئەنجامدرا. لە دوای مردنی ستالین ١٩٥٣ تەولیدی بەشێک لە کاڵاکان ڕووی لە داکشان کرد. بەشی زۆری خەڵکی ڕوسیە لەو کاتەدا سەرقاڵی کشتوکاڵ کردن بوون.

یابان، بەھەمان شێوە نوێخوازای لە سنعەتی خۆیدا کرد. ئەم کارەش بە ھۆی دروست کردنی کۆمپانیا شەخسیەکان، سەرمایەی شەخسی و تەشویق کردنی حکومەت ئەنجامدرا. بە ھۆی کاریگەری گەشەی پیشەسازی، یابان توانی لە سالی ١٨٩٥ وڵاتی چین شکست پێ بێنی ولە ساڵی ١٩٠٥ ڕوسیاشی شکاند. لەوکاتە بە دواوە یابان بەربەرەکانێی وڵاتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا دەکات. زۆرێک لە میلەتانی دونیا تا ساڵی ١٩٤٥ لە ژێر دەسەڵات یان حوکمڕانی زلھێزەکانی ئەورووپا بوون. ئەو میلەتانە یان وڵاتانی ژێردەستە بوون یان موستەعمرەی ئایووری بوون واتە چالاکیەئابوریەکانی ئەوان وابەستە بوو بە کۆمپانیەکانی ئەورووپا یان ئەمریکا.

زلھێزەکانی ئەورووپا نەیاندەویست ئەو وڵاتانە پیشەسازیان بۆ خۆیان ھەبێ؛ بەڵکو وایان پێ باشتر بووکە ئەو وڵاتانە ماددەخۆراکیەکان و پێداویستیەکانی ئەورووپا دەستەبەر بکەن. وڵاتانی ئەورووپا بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمە خۆراکیەکان و ماددەخاوەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای باشور بۆ وڵاتانی خۆیان، دەستیان کرد بە دروستکردنی ڕێگای شەمەندەفەر و ڕێگاوبان و ھەوڵیان دا نزامی یاسایی ئەو وڵاتانە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لەزۆر بوارەوە ئەم کارانە ھاوکاری گەشەی سنعەتی ئەو وڵاتانەی کرد کە ناوبران. ھەندێکی دیکە لە وڵاتانی ئاسایی بوونە وڵاتانی پیشەسازی بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرامبەر ئەورووپا پارێزگاری لە خۆیان بکەن.

ئەم وڵاتانە دوای سەربەخۆی سیاسی، زیاتر سەربەخۆی ئابووریان بە خۆوە دیت. پیشەسازی وکارگەی تایبەت بە خۆیان وەگەڕ خست، ئەو کارگایانەی لە ژێر دەسەڵاتی بیانیەکان بوون کرانە نیشتمانی و زۆرێک لە بیانیە زلھێزەکانیان لە پیشەسازی وبازرگانی وڵاتەکانیان

وەدەرنا. ئەم وڵاتانە بە ھۆی پیشەسازییبونەوە دوچاری کێشەی گەورە بوون، وەکو سەرمایە، بەڕێوەبردن، کرێکاری لێھاتوو و زۆرشتی دیکە کە بە سەختی دەستەبەردەکران.

بەڵام ئەوان لە ھەوڵەکانیان ڕانەوەستان چونکە دەیانزانی ڕێگە چارەی کێشە ئابووریەکانیان لە دەست گەشەی ئابوری دایە. ب١٢ بارودۆخی ژیانی زۆرێک لەم وڵاتانە بە پلە لە خوارترە بەبەراوەرد لە گەڵ وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو. داھاتی سەرانە تەنھا ٤٠ پۆندە لە ساڵدا و ٨٠٪ خەڵکی ئەم وڵاتانە بە کشتوکاڵەوە خەریکن. ئەو وڵاتانەی کە خاوەن پیشەسازی گەورەو مانافاکتۆربن، دەگمەنن. ھەوەڵین و دووھەمین شۆڕشی پیشەسازی بە پشتیوانی کۆمپانیەکان، داھێنانەکان و پاشەکەوتی ماڵی خەڵک ھاتنە دی. لە سەردەمی نوێ سنعەت زیاتر دەکەوێتە ژێرکۆنترۆڵی حکومەتەوە.

دەرھاویشتەکانی شۆڕشی پیشەسازی دەستکاری

تەنھا ٢٠٠ ساڵ بەسەر ھەوەڵین شۆڕشی پیشەسازیدا تێ دەپەڕێ. لەوکاتەوە تا ئێستا شێوەی ژیانی ھەر کۆمەڵێک لە جیھان گۆڕانکاری بە سەرداھاتووە. بەھەمان شێوە شۆڕشی پیشەسازی گۆڕانکاری گەورەی لە شێوەی ڕواڵەتی گۆی زەویدا بەدیھێناوە.

ژیان لە ناو ماڵدا دەستکاری

ئەگەر ھێشتا بە شێوەی ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر ژیانت بەسەربردبا، ئەگەری زۆری ھەیە کە زۆربەی ماددە خۆراکیەکان بە دەستی خۆتان بەرھەم ھاتبایە. دەبوایە بە خێزانەوە لە کێڵگەکان کارتان کردبایە، و دەبوایە ئامراز و پێداویستیەکانی خۆتان وەکو پارچە، شەمع، بزمار و کەوش شتەکانی دیکەش ھەموو بە دەستی خۆتان بەرھەم ھاتبان. یان ڕەنگە ناچار بوایەی لە کارگەی بچوک لە ماڵەوە کار بکەیت وەکو تۆڕدوورین، فەڕش چنین و حەسیرچنین تا بتوانی دەرامەدی خۆت دەستەبەربکەیت بۆ دانی ماڵیات یان کڕینی شتومەک کە خۆتان توانای بەرھەم ھێنانیتان نیە وەک خوێ.

جگە لەوگەنجانەی کە ھەندێ کات ناچار دەبن بۆ دەست کەوتنی کار، سەرمایە و دەست مایە دەچوونە شارەکانی دیکە یان بەندەرەکان، لەوانەیە ھیچ کەس لە خێزانەکەی ئێوە نەیتوانی بایە زیاتر لە ٢٥ کم لە ماڵەکەی دوورکەوێتەوە. چونکە دووچاری نەبوونی و قاتوقوڕی دەبویەوە. لە لایەکی دیکەشەوە پێش شۆڕشی پیشەسازی ئەگەری ھەبوو فێرگە و خوێندنێکی ڕێک وپێکیشت نەبوایە.

ژیان و کار دەستکاری

لە ھەوەڵین شۆڕشی پیشەسازیدا، مناڵیان وەک کرێکار بەکاردەھێنا. جیاوازیەکەی ئەوە بوو کە چی دیکە منداڵان لەمالەوە کاریان نەدەکرد. بەڵکو ھەتا منداڵی ٣بۆ ٤ سالانیشیان بە کاردەھێنا لە کانە خەڵوزەکان و شوێنی دیکەش. ھەندێکی دیکە لە کارخانەی بچوک و لە سەر دەزگای بچوک کاریان پێ دەکردن، وە ھەندێک لە کارگەکان تەنھا منداڵیان دادەمەزراند و تەنھا چەند چاوەدێرێکیان بەسەرەوەبوو. ھەندێکیان لە کارگەکان دەبوونە شاگرد. منداڵان، پیاوان و ژنان ھەموویان لە بارودۆخێکی خراپدا دەژیان و سەعاتی کارکردنیان زۆر بوو.

داھێنانە نوێیەکان فریایی کرێکار کەوتن. ئامێرەکان خەڵوزیان لە قوڵایی کانەکانەوە دەھێنایە دەرێ و لەت لەتیشی دەکردن زۆربەی کارگەکان خۆگەڕ بوون. ڕەوشی سەلامەترلە ئامێرە مەترسیدارەکان دا بەکارھات دواتر جۆرە دەستگایەکیان دروست کرد کە ئامێرەکانی دیکەی وەکاردەخست. ئەمە خۆگەڕی پێدەڵن یاخود ئوتوماتیک. کارە مانووکەرەکانیان لە کۆڵ مرۆ کردەوە. زۆربەی کرێکارەکان چیتر خۆیان سەرقاڵی بەرھەمھێنانی کاڵاکان نابن، بەڵکو تەنھا چاوەدێرکردنی بەرھەم ھێنانی کاڵاکان دەکەن.

بەرفراوانی تەولید و فرۆشتن کە لە دەرئەنجامی شۆڕشی پیشەسازیەوە بەدیھاتبوو، ئەوا پێویستی کاری ئیداریش ھاتە کایەوە. لەسەرەتادا زۆرێک لە پیاوان لەسەرکورسیەکی بەرز دادەنیشتن وبەخەتی خۆش سەرقاڵی نوسین بوون. دواتر لە ئەمریکا تەلەفون دروستکرا و پاش ئەویش دەزگای چاپ. ژنانیش لە کارە ئیداریەکان بەژداریان کرد. لەئەنجامدا بۆ ئەم کارە واتە (سنعەتی خزمەتگوزاری) پێویستیان بە ئیدارەی زیاتر ھەبوو. مەبەست لە سنعەتی خزمەتگوزاری جۆرە سنعەتێکە کە شتێک بەرھەم ناھێنن بەڵکو تەنھا خزمەتگوزاری پێویست بۆ بەرھەمھێنەرەکان دەستەبەردەکەن. لەجۆرەکانی ئەم پیشەیە دەکرێ ئاماژە بە چەند جۆرێک بکرێت وەکوو بانکداری، بیمە وکۆمپانیەکانی گەشت وگوزار. ژمارەی ئیدارەو کارمەندەکان ڕووی لە زیادبون کرد. نوێترین ئامێر بۆ رێگرتن لە بەفیڕۆدانی کات بەکارھات، ئەویش کۆمپیتەرە. ئەگەر زانیاری ورد بدرێتە ئەم ئامێرە دەتوانێ زۆر لە کارەکانی ڕۆژانەی ناو ئیدارەکان و کارە بێزارکەرەکانی ناو کارگەکانیش ئەنجام بدات. ئەم ئامێرە لەکاروباری لێکۆڵینەوە سوودی زۆری ھەیە لەبەرئەوەی توانایەکی بێ وێنەی ھەیە لە خێرا ئەژمار کردن و خزن کردنی زانیاری. لەزۆربەی وەڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووکان ڕێژەی کرێکارەکانی بەرھەمھێنی کاڵا و بەروبومە خۆراکیەکان ڕووی لە کەمی کرد. وە بە پێچەوانەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئیدارەکان کاریان دەکرد لە پیشەی خزمەتگوزاری ڕووی لە زیادبوون کرد.

جیھان و بە پیشەسازی بوون دەستکاری

بە پیشەسازی بوون، بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان و شارنشینی تەواوی خاڵەکانی جیھانی بەیەکەوە بەستەوە. ئەگەر درەختی کاکائو لە ڕۆژئاوای ئەفریقا دووچاری ئافەت بن، ئەوا نرخی شوکلات لە دونیا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات. ئەگەر لاستیکی دەستکرد لە ئەمریکا بەبەرفراوانی بەکاربێت، ئەوا کرێکارەکانی مالایا، ئەفریقا و بەرازیل ھیچ داھاتێکیان نابێ ھۆکاری ئەم وابەستەیەش ئەوەیە کە ئێمە ھەموومان پێویستمان بە کاڵاکانی وڵاتانی دیکەیە.

بۆ ئەوانەی کە کاری کاکائو دەکەن، ژیان و کارێکی دیکە بوونی نیە. ئەو وڵاتانەی کە وەبەرھێنانیان کەمە، زیاتر ماددەخاوەکان بەرھەم دێنن و بۆ فرۆشتنی ئەم ماددەخاوانەش وابەستەی وەڵاتە دەوڵەمەندەکانن. لە وەڵاتێکی ھەژار پێداویستی ساڵانەی یەک خێزان بە شێوەی مامناوەند موچەی ھەفتەیەکی کرێکارێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان.

لەزۆربەی بابەتەکان، وڵاتە دەوڵەمەندەکان ئەوانەن کە بە پیشەسازی کراون. لەبەرئەوە ئەمڕۆ وڵاتە ھەژارنشینەکانیش تێدەکۆشن وڵاتەکانیان بە پیشەسازی بکەن کە کارێکی زۆر دژوارە، چونکە وڵاتە زلھێزەکان وایان پێ باشترە ماددەخاوەکانی ئەم وڵاتانە بکڕن و لەو ڕێگەیەوە کاڵا سنعەتیەکان لە وڵاتەکانی خۆیان دروست بکەن. پێش ئەوەی وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە پیشەسازی بکرێن، ڕەوشی ژیانی ئەوانیش بەھەمان شێوەی ڕەوشی ئەو خەڵکە ھەژارە بوون کە ئێستا لە وڵاتە ھەژارەکانن.

سەرچاوەکان دەستکاری

شۆڕشی پیشەسازی لە نووسینی دایانا ناکس، وەرگێڕانی: ئاگری ئەفشین