ئازەربایجان (ھەرێم)

ئەمە وەشانی جێگرتووە، لە ‏١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا تاوتوێ کراوە.

ئازەربایجان بە ئازەربایجانی: آذربایجان‎، زمانی پاڵەوی (ئاتورپاتەکان، ئازەربازەگان، ئازەربایەگان)، بە Greek: ئاتروپاتینی, romanized: Ατροπατήνη بە ئەرمەنی: ئاترپاتاکان, romanized: Ատրպատական ئاشوورییەکان (ئازوربایغان، ܐܕܘܪܒܝܓܐܢ‎). ناوی ھەرێمێکی جوگرافی و مێژوویییە دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ئێران، کە بە «سەری ئێران» ناسراوە.[١]

ئازەربایجان
Azerbaijan
آذربایجان - Cənubi Azərbaycan
ھەرێمی ئازەربایجان لە ئێراندا
ھەرێمی ئازەربایجان لە ئێراندا
Map
وڵات ئێران
پارێزگاپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و پارێزگای ئەردەوێڵ. جوگرافیناسانی کۆن بەگشتی پارێزگای زەنگانیان لە «ھەرێمی جەبەل» داناوە یان ھەندێک جار لە سنووری «ئازەربایجان» ڕیزکراوە
ڕووبەر
 • سەرجەم١٠٠٬٨٦١ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٨٬٩٤٣ میلی چوارگۆشە)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٨٬٤٤٥٬٢٩١
زمان و ئایین
 • زمانئازەری و کوردی
کەمینە: (تاتی، تاڵشی، ئەرمەنی و ئاشووری)
 • ئایینشیعە و سوننە
کەمینە: یارسان و مەسیحی
 • نەتەوەکورد، ئازەربایجانی، فارس، ئەرمەنییەکان، ئاشوورییەکان، تاڵشەکان و تاتەکان
ناوچەی کاتیUTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٤:٣٠ (ھاوین)
تەلەفۆن٠٤٤١

لەسەر بنەمای پەسنی مێژوونووسان و جوگرافیناسان، ئەم ھەرێمە دەکەوێتە ئەم سنوورەوە لە باکوورەوە ڕووباری ئاراس، کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە باشوورەوە پارێزگای کوردستان و پارێزگای زەنگان، لە ڕۆژھەڵاتەوە پارێزگای گێڵان و دەریای قەزوین، لە ڕۆژاواوە باکووری کوردستان و باشووری کوردستان. لەئێستادا سێ پارێزگا دەگرێتەوە ئەمانەن پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و پارێزگای ئەردەوێڵ. جوگرافیناسانی کۆن بەگشتی پارێزگای زەنگانیان لە «ھەرێمی جەبەل» داناوە یان ھەندێک جار لە سنووری «ئازەربایجان» ڕیزکراوە.[٢]

لە ڕابردوودا «ئازەربایجان» لە باکوورەوە بە خاکی (ئاران) و باشووری ڕۆژاوا بە (ئاشوور)، لە ڕۆژاواوە بە (ئەرمینیا)، لە ڕۆژھەڵاتەوە بە (موغان و گەیلان) سنوور درابوو، و پایتەختەکەی شاری «گەنزەک»(تەختی سلێمان) لە نزیک تیکاب بوو.[٣][٤]

وشەی ئازەربایجان لە وشەی "ئاترۆپات" هاتووە یان "ساتراپ" فەرمانداری مادەکان یان لە سەردەمی هێرشی ئەسکەندەری مەزن بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی ناوین، پێی وتراوە "مادی بچوک". "ئاترۆپات" ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێرانی لە داگیرکاری ئەسکەندەری مەزن پاراست و دوای مردنیشی حکومەتێکی سەربەخۆی لێ دامەزرا. واتای ناوی "ئاترۆپات" لە ئایینی زەردەشتیدا ڕەگی هەیە و بە واتای ئاگر یان "پاسەوانی ئاگر". وشەی ئازەربایجان لە زمانی پاڵەوی کۆندا (Āturpātākān ئەتورپاتاکان) و لە شێوەی کۆنیدا (Ādharbādhgān ئازەربازەگان) و (Ādharbāygan ئازەربایەگان) وتراوە و ئەمڕۆ بە ئازەربایجان دەردەبڕێت. لە ڕاستیدا "ئازەر" هەموارکراوی وشەی "ئاثەرە" واتا "ئاگر" و "بایجان" هەموارکراوی "پاتگانە" واتا "پاسەوان" بە سەر یەکەوە واتا شوێنی "پاسەوانی ئاگر".

بەشێک لە هەرێمی باکووری ڕووباری ئاراس کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت ئازەربایجان (کۆماری ئازەربایجان) لە کۆندا بە (ئەلبانیا و ئاران و شیروان) ناودەبرا. لە (پەیماننامەی تورکمانچای و گوڵستان)دا بەشی باکووری ڕووباری ئاراس بە "ئازەربایجان" ناوی نایەت. تەنها لە سەدەی بیستەمدا ناوی ئازەربایجان و ئازەربایجانی وەکو ئیتنیک و نەتەوە کەوتە ناوانەوە.

لەساڵی ١٩١٨دا ناوی ئازەربایجان لە کاتی "کۆنگرەی پارتی یەکسانی خوازدا" جێگەی ناوی ڕەسەن و مێژوویی (قەفقاز و ئاران و ئەلبانیا و شیروانی) گرتەوە. ئەم ناونانە بە ئامانجی جیاکردنەوە و لەتکردنی هەرێمی ئازەربایجان بوو لە یەکتر. حکومەتێک لە قەوقاز دامەزرا بەناوی کۆماری ئازەربایجان کە مەبەست لەم وڵاتە و بەو ناوەوە بۆ ئەوە بوو کەوا هەرێمی ئازەربایجان بلکێندرێت بەم وڵاتەوە و فراوان بکرێت. لە هەمان کاتدا دژایەتی دژی ناونانی ئازەربایجان هەبوو، لەو ڕووەوە تەنانەت "مارکوارتی ئەڵمانی" ناڕەزاییان لەسەر ئەو ناونانە هەبوو کە لە ڕۆژنامەی "ئێرانشار"دا بڵاوکرایەوە. (محەممەد خیابانی) بە شێوەیەکی کاتی "ئازادیستانی" لە بەرامبەر "ئازەربایجانی ئێران" ناوبرد بۆ جیاکردنەوەی لە "ئازەربایجانی سۆڤییەت".[٥]

 
ئاتۆرپاتکان و ئەرمەنستان لە ساڵەکانی ۹٥ تا ٦٦ی پێش زایین

دۆزینەوەی بەڵگەنامەیەکی هاوسەرگیری لە شێوەی نەخشی سەر بەرد(Petroglyph)دا لە نزیکەی (١٣٥٠پ.ز)دا لە "باغازکۆی" لە ئەنادۆڵ، بە ئاماژەدان بەناوی پاشای ھیتییەکان و حاکمی میتانی کە فەرمانڕەوای هەرێمەکان بوون کە خەڵک پەنا بۆ خوداوەندەکانی هیندۆ-ئێرانی و میترە-ڤارونا، ئیندرا و ئاشڤینەکان دەبات و ئەوان دەپەرستن، دیارە دان بەهاتنی شەپۆلێکی هۆزی هیندۆ-ئێرانی بۆ باکووری ڕۆژاوای ئێران دەنێن.

پێش هاتنی مادەکان بۆ ئازەربایجان دەکرێت ئاماژە بە حکومەتی مانناکان بکرێت. زمانی ماننا ڕوون نییە، بەڵام هەندێک لە ناوی فەرماندەکانیان ئاریایین، بەگشتی هیچ زمانێکی تاک لە نێوان ماننا نەبووە. بەڵام مانناکان لە ژێر کاریگەری ئێرانییەکاندا بوون و ناوی ئێرانییەکان وەک "دیاکۆ، بەغدادی، ئۆدکی و ئازا" هەموویان ناوی ئێرانین لە ناویاندا. هەروەها دەکرێت ئاماژە بە حکومەتی ئورارتوو بکرێت کە چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوای تیادا بوو.

لەگەڵ گەیشتنی ھۆزە ئارییەکان، مادەکان چوونە سەرتەختی ئێران، هۆزە غەیرە ئارییەکان لەگەڵیان تێکەڵ بوون و بەشداری هاوپەیمانییەکە بوون. ئەوان شانشینی مادیان دروستکرد. کاریگەرییەکی قوڵیان لە سەر مێژووی هەرێمی ڕۆژاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد کە گرنگترینیان لە ناوچوونی دەوڵەتی ئاشوور بوو. ماد لە دوو هەرێم پێکهاتبوو مادی بچووک و مادی گەورە، کە مادی بچووک هەمان ئەم ئازەربایجانەی ئەمڕۆیە و مادی گەورە بریتییە لە تاران، ئەسفەهان، کرماشان و هەمەدان.

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی هەخامەنشیدا مادی بچووک(ئازەربیجان) لەلایەن یەکێک لە ساتراپەکان فرمانڕەوای دەکرا. لە کۆتایی دەسەڵاتی هەخامەنشی و سەرەتای داگیرکاری ئەسکەندەری مەزندا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوین ساتراپی مادی بچووک ناوی ئاتۆرپات(ئازەرباد) بوو، توانی هەرێمەکە لە داگیرکاری ئەسکەندەری مەزن بپارێزێت. پاش ئەوە بە مادی بچووک دەوترا مادی ئاتۆرپات یا ئاتۆرپاتکان.

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی سلووکی و ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانیدا، ئازەربایجان خۆبەڕێوەبەرێتی(ئۆتۆنۆمی) ڕێژەیی هەبوو، بێگومان بنەمای دەوڵەتی سلووکی ودواتر ئەشکانی لە سەربنەمای سەربەخۆی ڕێژەیی پارێزگاکان بوو. لە سەردەمی سلووکیەکان پێدەچێت بنەماڵەی ئاتۆرپاتکان بەردەوام بووبێتن لە فەرمانڕەوایی ئازەربایجان. لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا دۆخی حکومەتی ئازەربایجان ڕوون نییە هەرچۆنێک بێت دەکرێت وادابنێین کە وەک هەرێمەکانی دیکەی ژێردەستیان بە کاریگەری و ملکەچی ئەشکانییەکان لەلایەن بنەماڵەی خاوەن زەوی(فیوداڵ)ەوە فەرمانڕەوای کرابن.

کێشەی ئازەربایجان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانیدا هێرشی ترسناکی ئەلانەکان و گورجستانیەکان بوو لە قەوقازەوە ئەمەش بووە هۆی وێرانکاری و تاڵانی گەورە. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا، ئازەربایجان گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆی دەبێت. یەکێک لە و سێ پەرستگای ئاگرانەی ساسانییەکان، (پەرستگای ئاگری ئازەرگوشناسب) لە تەختی سلێمان لە ئازەربایجانە. پاشاکانی ساسانی لەکاتی سەختی و ناهەمواری و نەهامەتیدا سەردانیان دەکرد و چەندین دیارییان پێشکەش دەکرد. پەرستگای ئاگر نیشانەی یەکگرتنی نێوان ئایین و حکوومەت بوو وە هێمای دەوڵەتی ساسانی بوو. لە (بیشابووری کازیروون) نوسراوێک هەیە کە ناوی بنەماڵە خاوەن زەوی و یاسای سەرەتای ساسانی تێدا تۆمارکراوە، بۆ ئازەربایجان باس لە بنەماڵەیەک بەناوی(وراز Varaz) دەکات کەوا دیارە دەسەڵاتی بەسەر ئازەربایجان، ئاران و ئەرمەنستاندا ڕۆشتووە.

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا گەلانی تورک بە ڕەچەڵەک (کاسپی) چوونە ناو قەوقازەوە، قوبادی یەکەمی باوکی ئەنووشیروان بە زەحمەتێکی زۆر پاڵی پێوەنان. قەڵای بەهێز و پتەوی لە دەربەندەکانی قەوقاز دروستکرد بۆ ڕێگری کردن لە هێرشەکانیان. ڕۆمەکانیش هەموو ساڵێک پارەیان دەدا بە ساسانییەکان بۆ پاراستنی ئەو قەڵایانە. هەروەها لە سەردەمی ساسانییەکاندا شەڕی یەکلاکەرەوەی (بارامی چۆیین) و (خوسرۆ پەروێز) ڕوویدا لە ئازەربایجاندا کە بووە هۆی شکستی بارامی چۆیین. ڕووداوە گەورەکانی کەی ئەم ماوەیە، (هێراکلیوس) ئێمپراتۆری ڕۆمانی هێرشی کردە سەر ئازەربایجان، کە بووە هۆی لە ناوچوونی (پەرستگای ئاگری ئازەرگۆشاب).

یاقوت حەمەوی دەنووسێت؛ «ئیبن موقەفەع وتوویەتی ئازەر لە زمانی پاڵەویدا واتای ئاگر بووە و بایگان واتا پارێزەر(پاسەوان) کە پێکەوە مانای پەرستگای ئاگر یا پاسەوانی ئاگر دەبەخشێت و ڕاستە لەبەرئەوەی ئاگرێکی زۆر لەو ناوچەیەدا کراوەتەوە لە پەرستگاکاندا.... خەڵکەکەی چاکن و ڕوومەتیان سوورە و پێستێکی ناسکیان هەیە، زمانێکی تایبەتیان هەیە و کە ئازەری پێدەوترێت و جگە لە خۆیان کەسی تر تێناگات».

 
شوێنی ئازەربایجان لە نەخشەی سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا
 
نەخشەی ئازەربایجان و ئاسیا لە دەوری ساڵی ۹۰۰زایندا

سترابۆ جوگرافیناسێکی یۆنانییە لە پەڕاوی یازدەهەمی جوگرافیای خۆیدا باس لە ئەلبانیا(ئاران و شێروان)، ئاترۆپاتکان و ئەرمەنستان دەکات و دەڵێت ڕووباری ئاراس لە باشوور و ئەرمەنستان لە باکوور و سنووری "ئاترۆپاتکان" دەبەزێنێت. لە مێژووی "پلینیدا" باسی ئاترۆپاتکان بۆ ڕووباری ئاراس دەکرێت و ڕووباری ئاراس بە "ئاترۆپاتکان" و ئەرمەنستانی گەورەدا تێدەپەڕێت. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا، "ئازەربایجان" هەر بەناوە کۆنەکەی "ئاترۆپاتکان" ناو دەبرا. لە پەرتووکی "شاپووردا" ئەم هەرێمە بە یەکێک لە پارێزگاکانی "ئێرانشار" دادەنرێت لە پاڵ ئەرمەنستان، ئیبریا(گورجستانی ئەمڕۆ)، ئەلبانیا(ئاران و شێروان) و "بالاشکان".

ئیبن فەقییەی هەمەدانی لە پەرتووکی (بولدان)دا لە سەدەی نۆیەمی کۆچیدا، سنووری "ئازەربایجانی" ئاوها باس کردووە؛«ئازەربایجان لەلایەکەوە ڕووباری ئاراس و لەلایەکی ترەوە سنووری زەنگان و سنوورەکانی دیلمانستان و "تاڕم" و "گەیلان" دەگرێتەوە». هەروەها ئیبن ڕووستە لە پەرتووکی (العلاقة النفسیة) ئەمەی نووسیوە لە هەمان سەدەدا دەربارەی ئازەربایجان بەم شێوەیە؛«ئەردەوێڵ، مەرەند، باخروان، ورثان و مەراغە» دەگرێتەوە. ئیستەخەری جوگرافیناسی سەدەی سێیەمی کۆچی لە پەرتووکی (المسالک و الممالک)دا لە ژێر ناونیشانی «ئەرمینیا و ئاران و ئازەربایجان» شارەکانی "ئازەربایجانی" ناو هێناوە بەم شێوەیە؛«ئەردەوێڵ، مەراغە، ورمێ، میانە، خونە، بروانان، دیرخقان، سەڵماس، مەرەند، بزند، ورثان، موقان، جابروان و شنۆ» بە بۆچوونی ئەو سنووری "ئازەربایجان" لە "تاڕم"ەوە تا زەنگان و "دینەوەر" و "حلوان" و شارەزوور و دیجلە و سنووری ئەرمەنستان دەڕوات.

ئیبن حەقول لە پەڕتووکی (صورة الارض)دا لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا، شارەکانی «مەراغە، تەورێزورمێ، خۆی، سەڵماس، برکری، ئەردەوێڵ، داخرقان، شنۆ، میانج، مەرەند و برزند» بە شارە گرنگەکانی "ئازەربایجانی" هێناوە. لە پەرتووکی (حدود العالم)دا کە لە هەمان سەدەدا نووسراوە بە جیا ئاماژە بە هەرێمەکانی "ئاران"، ئەرمەنستان و "ئازەربایجان" دەکات. محەممەد موقەدەسی جوگرافی ناسی سەدەی چوارەمی کۆچی، لە کاتێکدا جیاوازی هەیە لە نێوان "ئاران"، "ئەرمەنستان" و "ئازەربایجان"، کەچی «سەڵماس، ورمێ، مەراغە و خۆی» بە ئەرمەنستان داناوە، هەروەها «"ڕوسبە"، تەورێز، "جابروان"، "خونج"، "میانج"، "سەرات"، "بەروی"، "ورثان"، "موقان"، "میمز" و "برزند"ی» بە "ئازەربایجان" داناوە.

زەکەریا قەزوینی لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا و لە پەرتووکی (آثار البلاد و اخبار العباد)دا ئازەربایجانی بە زەوییەکی فراوان لە نێوان "ئاران" و چیاکان دەزانێت و دەڵێت لە و خاکەدا چەندین گوند، شار، چیا و ڕووبار هەیە. حەمدوڵڵا موستەوفی نزیک لە هەمان سەدەدا خاکی ئازەربایجانی لە سەردەمی "ئیلیخانەکاندا" وەها پەسن کردووە؛«ئازەربایجان لە نۆ ناوچە و (۲۷)شار پێکهاتووە و ناوچەکانی ساردە و هەندێ شوێنی ئارامی هەیە. سنووری بە (ویلایەتی عێراقی عەجەم، موغان، گورجستان، ئەرمەنستان و کوردستانەوەیە. درێژی لە باکووەوە تا خڵخاڵ (۹٥)فەرسەخە، پانی لە بجروان تا سیپان (٥٥)فەرسەخە». یەکەم ناوچەی تەورێز پێکهاتووە لە:(تەورێز، ئوجان و تەسوج)، دووەم ناوچە ئەردەوێڵ پێکهاتووە لە:(ئەردەوێڵ و خڵخاڵ)، سێیەم ناوچە پیشگین پێکهاتووە لە:(پیشگین، خیاواوناد، ئەرجاق، ئەهور، تکفە و کەلئیر)، چوارەم ناوچە خۆی پێکهاتووە لە:(خۆی، سەڵماس، ورمێ و شنۆ)، پێنجەم ناوچە مەراغە پێکهاتووە لە:(مەراغە، دهخوارقان و نیلان)، حەوتەم ناوچە مەرەند پێکهاتووە لە:(مەرەند، دزمار، زنگیان، ڕیوز و گرکر)، هەشتەم ناوچە نەخچوان پێکهاتووە لە:(نەخچوان، ئەردوباد، ئازاد و ماکۆ). لە پەرتووکی (البستان السیاحة)دا هی نووسەر (زین العابدین شێروانی)دا سنووری ئازەربایجانی بەم شێوەیە باس کردووە«سنووری باکووری بە ویلایەتی موغان، شێروان و جبال ابرز، لە باشوورەوە عێراقی عەجەم و کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە خڵخاڵ، گەیلان، تاڵش و دەیلەم، لە ڕۆژاواوە بە ئەرمەنستان و گورجستان».

لە پەرتووکی (یاقووت حەمەوی)دا لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا سنووری ئازەربایجانی ئاوها دیاریکردووە، لە (ڕۆژهەڵاتەوە بردعە، لە ڕۆژاواوە زەنگان، لە باکوورەوە دەیلەم، گەیلان وتاڕم). وە هەرێمی ئازەربایجان خاکێکی فراوانی هەیە و تەورێز مەڵبەندێتی و گەورەترین شارییەتی، شارە گرنگەکانی دیکەی ئەمانەن؛ (مەراغە، خۆی، سەڵماس، ورمێ، ئەردەوێڵ و مەرەندە). محەممەد جەواد موشکۆر پێیوایە کە یاقووت حەمەوی لە دیاریکردنی سنووری ئازەربایجان هەڵەی کردووە و ئەم ڕاستی کردووەتەوە.

زەنگان هەندێک جار بە ئازەربایجان دادەنرێت، حوسێن عەلیاری لە بارەی ئازەربایجانەوە لە سەر بنەمای نووسینەکانی جوگرافیزانان و گەڕیدانی ئیسلامی دەنووسێت؛ ئازەربایجان ئەم ڕووبەرە دەگرێتەوە:(تەورێز، ئەردەوێڵ، مەراغە، خنج، ورثان، سیر، میانج، برزە، ورمێ، جابروان، خۆی، مەرەند، گولسرە، برزند، سەڵماس، شیز، سڵق، نریز، سندبابا، سابرخاست، سراو، ماینمرج، بز، میمند، نیروزنجان).

سنووری ئازەربایجان لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕوانگەی جوگرافیناسان و گەڕیدەکانەوە جیاواز بووە. نەخشەکانی پێش سەددەی بیست، لە باشووری ڕووباری ئاراسەوە کێشراون. بە وتەی سیویچسکی لە سەرچاوە نوسراوەکاندا بە دەگمەن (ئاران) بە (ئازەربایجان) دادەنرێت. هەندێک سەرچاوەش (ئاران)یان بە ئەرمەنستان هەژمارکردووە. بە وتەی کۆمەڵێک زانا، ناوی ئازەربایجان ئاماژە بە حکومی دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان دەکات، کە ئەمە کارێکی سیاسییە و ناگونجێت و دوو ناوی جیاواز و دوو جوگرافیای مێژووی جیاوازن نابێت ئەم دوو ناوە تێکەڵ بکرێن.

بە وتەی بورنوتیان لە سەردەمی سەفەوییەکان بۆ باج سەندن، چەند زەوییەک لە باکووری ڕووباری ئاراس بە بەشێک لە ئازەربایجان دادەنرا. بەڵام ئەم نەریتە لە سەدەی (۱٨ و ۱۹)دا دیار نەما بۆ مێژوو نووسانی موسڵمانی قەوقاز وەک میرزا جەمال جەوانشیر و ئەدیگۆزلبەک و مێژوونوسانی دیکەی هەرێمەکە، دەیان وت ئازەربایجان دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاراسەوە. هەروەها بە پێی قسەی مایکڵ کرۆسانت، هەرێمەکانی (ئاران و شێروان) بەشێکن لە ئەرمەنستان.

ئەحمەد کسرەوی پێی وایە؛ لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلامدا تازییەکان لە هەموو شوێنێکی ئێراندا مەیدانی فەرمانڕەواییان گرتبووە دەست، (ئاران) زیاتر ملکەچی (ئازەربایجان) بوو، ئەوەی وەک پارێزگار نێردرابوو بۆ شام یان بەغدا لە ئازەربایجان دادەنیشت. هەندێ جار ئەرمەنستانیش لە ژێر دەستی فەرمانڕەوایانی ئازەربایجان بوو.... .

دوای کۆچکردنی سەلجوقییەکان بۆ (ئازەربایجان و ئاران)، بوویە هۆی لە دەستدانی زمانە ڕەسەنەکان، فراوان بوونی زمانی تورکی و بە دوایدا بڵاو بوونەوەی ئایینی شیعە لە دوو قۆڵی ڕووباری ئاراس و لە هەر دوو هەرێمەکەدا زیاتر خەڵکی ئەم هەرێمانە پەیوەست بوون پێوەی و ناوی (ئاران) کاریگەری لە سەر ناوی (ئازەربایجان) هەبوو کە زیاتر بە ناوبانگ بوو. ڤاسیلی بارتڵت پێی وایە لەم کاتەدا، ئاران بەبێ نێوەندگیری چووە پاڵ ئازەربایجان.

بە وتەی چەند لێکۆڵەرێک لە ڕاستیدا لە سەدەکانی ڕابردوو و نەخشەکانی پێش ساڵی ١٩١٨دا، هەرگیز ئەو بەشەی ئێستا پێی دەوترێت کۆماری ئازەربایجان، ناوی ئازەربایجان نییە و بەشی باشووری ڕووباری ئاراس کە ئێستا دەکەوێتە ئێرانەوە بە ئازەربایجان ناو دەبراو بەشی باکووری ڕۆژاوای ڕووباری ئاراس بە ئەلبانیا و بە شەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئاراس بە شێروان ناودەبران و لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەم هەرێمانە ناونران (کۆماری ئازەربایجانی سۆڤییەت).

لە جوگرافیای سەردەمی ئیسلامیدا، زۆربەی کات (ئاران و شێروان) دوو هەرێمی جیابوون و هەرێمی شێروان لە خەلافەتی عەباسییەوە تاوەکو سەردەمی سەفەوییەکان لەلایەن فەرمانڕەواکانی هەرێمەکەوە بەڕێوە دەبران بەناوی (شێروان شاکان)ەوە. بەوتەی ڤلادیمیر مینۆرسکی، کۆماری ئازەربایجان لە مێژوودا بە ئەلبانیای قەوقاز ناونراوە و لە سەردەمی ئیسلامدا پێیان دەوترا ئاران.

ئیبن حەقول وێنەیەکی جیا لە سێ هەرێمی ئەرمەنستان، ئازەربایجان و ئاران پێشکەش دەکات، ڕووباری ئاراس بە سنوری نێوان (ئازەربایجان و ئاران) دادەنێت، شارەکانی (بارزا، جانزە، شەمکۆر، شەمخێ، شێروان، شابران، قیلبێ و شکی) خاکی ئاران دادەنێت، شارەکانی (ئەردەوێڵ، دەخرەقان، تەورێز، سەڵماس، خۆی، بێرکێری، ورمێ، مەراغە، ئاشنا، مینج، مەرەند، بۆرزاند) بە ئازەربایجان دادەنێت.

بە وتەی ڤاسیلی بارتڵت، ئازەربایجان بە ناوی هەرێمەکانی قەوقازەوە ناونراوە، کەوا باوەڕ دەکرا کۆمارێکی نوێ بە ناوی ئازەربایجان دامەزرابێت. ئەو دەڵێت؛«ناوی ئازەربایجان بۆ کۆماری ئازەربایجان هەڵبژێردرا لەبەرئەوەی باوەڕی وابوو لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجان، هەرێمی ئازەربایجان و کۆماری ئازەربایجان یەکن... ناوی ئازەربایجان لەو بارەیەوە هەڵبژێردرا. هەر کاتێک پێویست بکات ناوێک هەڵبژێرێت کە بتوانێت تەواوی کۆماری ئازەربایجان بگرێتەوە و بگونجێت لەگەڵ مێژوو و جوگرافیایدا ئەوا پێویستە لەو حاڵەتەدا ناوی ئاران دابنرێت».

لەهەمان کاتدا دژایەتی لەو ناونانە هەبوو لە ئێراندا، وەک تاک، میدیا، محەممەد خیابانی، ڕۆژنامەی جەنگەڵ و ڕۆشنبیرانی هەرێمی ئازەربایجان، کاردانەوەی نەرێنیان هەبوو بەرامبەر ناونانەکە. ڤلادیمیر مینۆرسکی دەڵێت؛ ناوی حکومەتی یەکسانی خوازی کۆماری ئازەربایجان لە سەردەمی (نوری پاشا)دا ڕوویدا.

لەو بارەیەوە جۆزێف مارکوارت وتارێکی نووسی لە ڕۆژنامەی (ئێرانشار)دا بڵاوکرایەوە؛«لە لاپەڕەکانی مێژوودا ئەوەندە نەگۆڕنییە کە (ئازەربادگان یان ئازەربایجان)، کە لەلایەن عەرەبەکانی ئازەربایجانەوە نوسراوە، لە هەموو سەردەمەکانی مێژوودا ئازەربایجان تاوەکو ڕووباری ئاراس بووە و لە سەرەتادا بەشێک بووە لە دەوڵەتی مادەکان. ئەم هەرێمەی دەوڵەتی مادەکان لە سەردەمی داگیرکاری ئەسکەندەری مەزندا لەژێر ئیدارەی (ساتراپ) حاکمی ئەو سەردەمەی کە بە ئاتۆرپات(ئازەرباد) ناودەبرا. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە جێگرەکانی ئاتورپات، لە باکوور و باکووری ڕۆژاوایەوە حوکمی خۆی بۆ چیاکانی قەوقاز و گورجستان فراوان کرد، ئەم فراوان بوونە کاتی بوو، لەگەڵ دامەزراندنی ئەرمەنستان لەلایەن ئارتەکسی ئەو هەرێمانە گەڕێنرایەوە بۆ ئەرمەنستان. بەڵام ئەو وڵاتەی کە لە باکووری ڕووباری ئاراس بوون ئەمڕۆ زۆرینەی تاتارن، لە سەردەمانی کۆندا بە ئەلبانیا ناو دەبرا، کە بە زمانی پاڵەوی و سریانی (ئاران)یان پێدەوت و لە پەرتووکی مێژوونووسانی عەرەبدا بە (الران) هاتووە». ئەم لێکدانەوەیە لە مێژووی ژیانی شا ئیسماعیلی یەکەم و شەرەفخانی بەدلیسیدا ڕوویداوە. حکومەتی ڕووسیا بە خراپی ئەم لێکدانەوەیەی مێژووی (ئاران)ی بەکارهێناوە، هەر دوو هەرێمی (ئازەربایجان و ئاران)، کە یەکەمیان دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاراس و دووەمیان دەکەوێتە باکووری، جگەلە گۆشەی ڕۆژهەڵات، (شێروان)ی ئەمڕۆ لە پەیوەندییە ڕەگەزییەکاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی و تەواو جیاوازە، تا سەردەمی مەغۆلەکان لەگەڵ (ئاران) هەریەکەیان مێژووی جیای خۆیان هەبوو، بۆیە پێویستە هەریەکەیان لێکۆڵینەوەی و پشکنینی خۆی لەسەر بکرێت.

ئەحمەد کەسرەوی لە (شاریارانی گومنام) دەنوسێت «جێگەی سەر سوڕمانە کە ئێستا ئاران بە ئازەربایجان ناودەبرێت، لە کاتێکدا (ئازەربایجان یان ئازەربایگان) ناوی خاکێکی ترە، لەبارەی ئاران گەورەتر و ناسراوترە لەوەی هەیە و ئەو دوو خاکە هەمیشە جیابوون و هەرگیز ناوی ئازەربایجان لەسەر ئاران نەنراوە. ئێمە هێشتا لەوە نەگەیشتووین کەبرا ئارانیەکانمان کە حکومەتێکی ئازادیان بۆ خاکەکەیان دامەزراندوە و ویستوویانە ناوی بۆ درووست بکەن. ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە سەر هەڵدانەکانی ئازەربایجان و زوڵم و ستەمی نیشتمانەکەمان دەهێڵینەوە، ئاخۆ ئازەربایجان بەم کارە زیانی پێنەگات، بەڵکو لەبەرئەوەی برایانی ئارانی ئێمە لە سەرەتای ژیانی نەتەوەیی و ئازادیاندا پشت لە مێژوو ڕابردووی خاکەکەیان هەڵدەکەن و ئەمەش خەسارێکی گەورەیە و دواتر لە مێژووی خۆیان بێبەش دەبن».

هەروەها محەممەد جەواد موشکۆر لەم بارەیەوە نوسیوێتی؛ «ویلایەتی ئاران کە لە سەردەمی ئیسلامیدا بەو ناوە دەناسرا، لە سەردەمانی تورکەکانی قەرەقۆینلۆ و ئاق قۆینلۆوە تا جەنگی جیهانی یەکەم هەروا وتراوە. دوای شکست هێنانی (ڕووسیای تزار)، خەڵکی ئەو هەرێمە داوای سەر بەخۆییان دەکرد، لە ئەیلولی ۱۹۱٨دا حکومەتێک بەناوی کۆماری ئازەربایجان لە ژێر کاریگەری دەوڵەتی عوسمانی دامەزرا. ناونانی ئەم هەرێمە بۆلاوازی دەوڵەتی قاجاڕەکان دەگەڕایەوە. خەڵکی هەرێمی ئازەربایجانی ئێرانی وەک خەڵکی قەرەباغ بە شێوەزاری تورکی قسەیان دەکرد و دەوڵەتی عوسمانی دەیوویست دەوڵەتی ئازەربایجان هەر دوو قۆڵی ڕووباری ئاراس بگرێتەوە، بەڵام بە شکستی دەوڵەتی عوسمانی ئەو دەوڵەتەش شکستی هێنا.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ نەوشیروان مستەفا. «کورد و عەجەم» (PDF) (بە کوردیی ناوەندی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)[بەستەری مردوو]
  2. ^ لغتنامۀ دھخدا
  3. ^ تیکابی ئەفشار، لاپەڕەی ٩٧
  4. ^ http://whc.unesco.org/en/list/1077
  5. ^ جەمیل ڕۆژبەیانی. «وڵاتەکەت بناسە» (بە کوردی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)