برۆکڵی

(لە برۆکۆلیەوە ڕەوانە کراوە)

وشەی برۆکۆلی (Broccoli)یان قەڕنابیتی سەوز لە ووشەی لاتینی (brachium)ەوە و ووشەی ئیتاڵی (brocco)ەوە هاتووە، کەبە بەمانای لق دێت. برۆکۆلی سەربەخێزانی (خاچییەکانە - Cruciferous) وەیان سەر بە خێزانی (کەلەرمییاەکانە - Brassicaceae) و یان خێزانی (خەرتەلییەکان - Mustard)ن. و زیاتر لە کۆن دا خێزانی خاچییەکان(Cruciferae) ووتراوە، و ھۆکاری ئەوەی کە بەم خێزانە دەووترێت خاچی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە گوڵی سەوزەکانی سەربەم خێزانە چوار (پەڕەگوڵ - Petals)ییان ھەیە و لەبەرئەوە گوڵەکە شێوەی خاچ وەردەگرێت یان شێوەی نیشانەی(+). وەبرۆکۆلی بۆدەستکەوتنی گوڵەکەی کشتوکاڵی دەکرێت (کە لە قۆناغی گۆپکەی گوڵی دایە) لەگەڵ ھەڵگرە ئەستورە سەوزەکەی دا.

Broccoli
جۆرەBrassica oleracea
Cultivar groupitalica
OriginItaly, more than 2,000 years ago[١][٢]

مێژوو و نیشتمانی بنچینەیی بەرھەمەکە دەستکاری

ھەندێک لە زانایانی بواری سەوزە (برۆکۆلی) لە پەرتووکی خواردن سازی(Apicius)دا دەناسێنن. (برۆکۆلی) سەوزەیەکی ئیتاڵییە . و بۆیەکەم جار لەساڵی (١٥٦٠)دا لە وڵاتی فەڕەنسادا ئاماژەی پێدراوە، بەڵام لە ساڵی (١٧٢٤)دا برۆکۆلی لە وڵاتی (ئینگلتەرا)دا ھەر بەنەناسراوی ماوەتەوە و لەفەرھەنگی باخەوانی (Philip Miller)دا لەساڵی (١٧٢٤)دا ئاماژەی داوە بەوەی کەبرۆکۆلی سەوزەیەکی بێگانەیە لە (ئینگلتەرا)دا و بە(Colli-flower)یان(Italian asparagus) ناوی براوە.[٣]

و لە داگیرکراوە ئەمەریکییەکاندا، تۆماس جیفرسۆن کە ھەروەھا باخەوانێکی تاقیکاری بوو لەگەڵ بازنەیەکی فراوان لە ئەورووپییە نێنەرەکان دا ، لەوانە بوو کە پاکەتێک لە تۆوی سەوزە دەگمەنەکانی وەکو تەماتەی بەدەست ھێنا،و تێبینی ئەوەی کرد کە لە (Monticello)برۆکۆلی بەدرێژایی لەگەڵ توور وکاھو و قەڕنابیت دا ڕوابوو ئەمە لە ڕێکەوتی (٢٧)ی مانگی ئایار(مایس)ی ساڵی (١٧٦٧)زاینی دا بوو.

و لەساڵی (١٧٧٥)زایینیدا ،(جۆن ڕاندۆلف ) لەزانست نامەکەیدا بەناوی(A Treatise on Gardening by a Citizen of Virginia)ھەستی بەڕوون کردنەوەیەک کردووە لەسەربرۆکۆلی((قەدەکەی دەخورێت وەکو (ئەسپەرەگەس) و سەرەکەشی لە قەڕنابیت دەچێت))

و لەناوچەکانی ئاسیای بچوک و دەریای سپی ناوەڕاست دا ھەیە.

تایبەتمەندێتی ڕووەکی برۆکۆلی دەستکاری

تێڕوانینێکی گشتی دەستکاری

ئەوبەشەی کەگونجاوە بۆخواردن لەڕووەکی برۆکۆلی دا قەدە ناسکەکەیەتی لەگەڵ گوڵە نەکراوەکانی دا.وەکو لە وێنەکەدا دیارە.ئەم ڕووەکە سەرچاوەیەکی باشە بۆ ڤیتامین A،و کالسیۆم و ڕایبۆفلاڤین و یان ڤیتامین B٢ ھەروەھا ڤیتامینD .

برۆکۆلی و قەڕنابیت لەڕووی شێوەناسینەوە(مۆرفۆلۆجی Morphology) تاڕادەیەک لە یەک دەچن ، بەلام برۆکۆلی سەرێکی سەوز بەرھەم دەھێنێت لەگەڵ لاسکێکی درێژ و باریک .

دوای ئەوەی کەسەری سەرەکی لێکرایەوە ، ئینجا ئەوگۆپکە ھەنگڵییانەی کە لەخوار سەرە سەرەکییەکەوەن و پەرەدەسێنن بۆ سەری بچووک لێدەکرێنەوە.

ڕەگ دەستکاری

شەتڵ بەشێوەیەکی گشتی ھایپۆکۆتایلێکی ڕەنگ سوور و دوو لەپی کەلبوو و ڕەگی سەرەکی و ڕەگی تەنیشتیش درووست دەکات و ئاساییانە لەکاتی شەتڵکردن دا ھەندێک لە ڕەگە سەرەکییەکان زیانیان پێدەگات وەلەبەر ئەمەش ژمارەیەک لە ڕەگی تەنیشتی دەردەکەون.

وەئەستوری ڕەگەکان بەزۆری (٠.٥ملم) ە وەھەندێ جاریش دەگاتە (١سم) ،لەسەرەتادا ڕەگەکان باریک و لاوەکین و

(٤)

بەئاسۆیی گەشەدەکەن. و لە دووری (٩١.٤٤)سم لەڕووەکەکە و دەبینرێن،و دوای چەند مانگێک لە گەشەکردن ھەندێ لەڕەگەکان بەشێوەیەکی ستوونی تاقوڵی (١.٥-٢)م دەڕۆن. ئەوسیستەمی ڕەگەی کەپەرەی سەندووە زۆر کاریگەردەبێت بە ئاو و کێلاندن.

قەد دەستکاری

قەدەکەی مۆمی یە (شمعی)،و لقی لێ نەبووەتەوە ،وەلەکۆتاییەکەی دا گەڵا و گوڵی ھەڵگرتووە.

گەڵا دەستکاری

گەڵاکانی سادەن ،و بەدوای یەکدا ھاتوون، و گوێچکەڵەیان نییە ،و زۆرکات گەڵاکانیان (پەڕەکەیی پەلھاویشتووە)(Pinnately lobed).

گوڵ دەستکاری

 
گووڵی برۆکۆلی

گوڵەکانیان بەشێوەی ھێشووی لقدارە لە (٦٠.٩٦ – ٧٦.٢) سم لەبەرزی ڕووەکەکە دروست دەبن .و ڕەنگیان زەردێکی درەوشاوەیە، (٤)کاسە گەڵا(Sepal)یان ھەیە و (٦)نێرەک (Stamens)یان ھەیە و (٢)کەرپەلە(Carpal)یان ھەیە و (٤)پەڕەگوڵ(Petal)یان ھەیە.گوڵی برۆکۆلی ھێلکەدانەکەی لەجۆری بەرزە.و گۆپکەی گوڵەکانی سەوزێکی تۆخن و بە شێوەیەکی قایم لەسەرلووتکەی ڕووەکەکە ڕاگیراوە.

وەگوڵەکانی لە پلەی گەرمی(٤.٤◦)سیلیزی دا دەست پێدەکەن . بەشێوەیەکی گشتی جۆری پیتاندن تیایان دا لەجۆری تێکەڵە و گوڵەکانیان بەھۆی (ھەنگە) و دەپیتێنرێت.

تۆو دەستکاری

نزیکەی (٩٠٠)تۆوی تیادایە و ئۆنزێک (٢٨.٣٤)گرامە. دایە .و پێویستە تۆوەکان لە قوڵی (١.٥)سم دا بچێنرێن. و تۆوەکان بەنزیکەیی دوای(١٠)ڕۆژ چەکەرە دەکەن.

پێداویستیە ژینگەییەکانی دەستکاری

پلەی گەرمی دەستکاری

برۆکۆلی یەکێکە لەو بەرھەمانەی کە لەوەرزی سارد دا دەڕوێت. کە دەتوانێت لە وەرزی پایز و بەھاردا بڕوێت ،بەڵام لەکوردستان دا بەشێوەیەکی گشتی لە پایزدا دەڕوێت .و لەکاتێک دا کە ڕووەکەکان بچوک و ناسکن کارتێکراو دەبن بە سەرمای زۆر .و باشترین کات بۆ چاندنی ڕووەکەکان ئەو کاتەیە کە تیایدا پلەی گەرمی ڕۆژ لەنێوان (١٥.٥- ٢١.١) سیلیزی دایە وەپلەی گەرمی شەویش لەنێوان (١٠- ١٥.٥)سیلیزی دایە . پلەی گەرمی ژێر (٠) سیلیزی بۆماوەی (٣٦)کاتژمێر ڕووەکی برۆکۆلی دەکوژێت .

ڕووناکی دەستکاری

پێویستی بە ڕووناکی خۆرە .وەکو زانراوە کە پۆلی(صنف)ی برۆکۆلی (Early sprouting calabrase)وەڵام دانەوەی ھەیە بۆ ئەوەی کە کە کێڵگەکەی ڕووناکی خۆری بەربکەوێت ، و ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی بەرھەمی گونجاو بۆ فرۆشتن، وەپێشخستنی پێگەیشتن بەنزیکەی سێ ھەفتە . و زانراوە کە ڕووناکی خۆر دەبێتە ھۆی زیادکردنی زیندەوەرەکانی ناو خاکەکە و کەم کردنەوەی توشبوون بە نیماتۆدای گرێی ڕەگ بەزۆری بەبەراورد لەگەڵ ئەو خاکەی کە خۆرلێی نادات.

پێویستە ئەو زەوییەی کە برۆکۆلی تیا دەڕوێنرێت بە شێداری بمێنێتەوە ،و پێویستیشە کە شێی زۆر زۆر نەبێت و نەگاتە حاڵەتی تێربوون بە ئاو.

خاک دەستکاری

پێویستە ئەوخاکەی برۆکۆلی تیا دەچێنرێت بەپیت بێت و شێداربێت و ئاو بە باشی پیایدا بڕوات و وەدەوڵەمەند بێت لە ماددەی ئەندامی . و (PH)ی نمونەییەکەی لەنێوان (٥٫٧ ־ ٦٫٥) دابێت وەپێویستە کە قسڵ بەپێی پێویست ھەبێت بە گوێرەی ئەو تاقیکردنەوانەی بۆخاکەکە دەکرێت.و ئەوەی کەگرنگە ھێشتنەوەی (PH)ی خاکەکەیە بە نموونەیی لەبەر ئەوەی بەرزبوونەوە یان نزم بوونەوەی ئاستی(PH)دەبێتە ھۆی زیادبوونی کارتێکردنی ڕووەکەکە لە لایەن نەخۆشی و مێرووەکانەوە.

بەپیتی خاک دەستکاری

پێویستە پێش ئەوەی کە ڕووەکەکان بخرێنە خاکەکەوە تاقیکردنەوەیەک بۆ خاکەکە بکرێت . و بە شێوەکی گشتی بەپیتکردن لە یەک دەچێت بۆ ھەموو بەرھەمە کەلەرمییەکان ، بە ڵام برۆکۆلی زۆرتر پێویستی بە (بۆرۆن)ە بۆ ئەوەی گەشەیەکی سروشتی بکات .

و بۆ ئەنجام دانی شیکاری ڕووەکی لە کێڵگە دا ،(١٢)گەڵای پێگەیشتوو (کە گەشەیەکی باشیان کردبێ) کۆدەکەینەوە. سۆلوبۆر(solubor)باشترین سەرچاوەیە بۆ (بۆرۆن) کە زیاد بکرێت بۆ خاکەکە. وەیەک تەن لە برۆکۆلی (٤،٥) کیلۆگرام لە (N)و (١،٤)کیلۆ لە (P٢O٥)و (٣،٦)کیلۆ لە (K٢O)بەکاردەھێنێت . و کەمی بۆرۆن دەبێتە ھۆی دەرکەتنی بۆشییەکی ڕەش بووەوە لە قەدەکە دا.

ڕێگاکانی زۆرکردن و کشتوکاڵ کردنی دەستکاری

برۆکۆلی بەگشتی بە دوو ڕێگا زۆردەکرێت:-

  1. بەھۆی شەتڵەوە ،کە یەکەم جار تۆوەکان لە جێگا تۆودا دەچێنرێن (Seed bed)پاشان دەگوێزرێنەوە بۆ کێڵگە ،و ئەم ڕێگایە بەڕێگایەکی باش دادەنرێت بۆ زۆرکردنی برۆکۆلی.
  1. ڕاستەوخۆ تۆوەکانی لەکێڵگە دا تۆو دەکرێت .

شەتڵکردن دەستکاری

بە بەکارھێنانی ڕێگای زۆرکردن بە شەتڵ دەتوانین بەشێوەیەکی باش دەستبگرین بەسەر جۆرییەتی و کاتی چاندن دا .و ئەو خۆڵەی کە لە جێگا تۆو دا بەکاری دەھێنین پێویستە ناوەندێکی دەستکردی بەپیت بێت .و تۆوەکان ڕاستەوخۆ لە جێگاتۆوەکان دا(Seed bed)تۆودەکەین و پاشان کەمیان دەکەینەوە کاتێک ھەرشەتڵێک دوو گەڵای کردبوو ،وەئەگەر شەتڵەکان لە خانووی شووشەییدا بوون ئەوا پێویستە ڕۆژی دووجار ئاوبدرێن و ھەموو دوو ھەفتە جارێکیش پەین بکرێن بە پەینی توواوە.

و پێویستە جێگا تۆوەکان (٢٠ ـ ٢٥) سم بەرزبن و لە (٢)ڕیزیش پێکھاتبن ، وەھەموو ڕیزەکانیش بەنزیکەی (١)م لەیەک جیابن .ئەگەر شەتڵەکان (٢٥)سم لە یەکەوە دووربن ئەوا لە ھەر ئەیکەر(١٬٦دۆنم) ێکدا (٢١٬٠٠٠)ڕووەک دەردەچێت و ئەگەر (٣٨)سم دووربن لەیەکەوە ئەوا لە ھەر ئەیکرێکدا(١٬٦دۆنم)دا (١٤٬٠٠٠)ڕووەک دەردەچێت . ئەگەر شەتڵەکان تووشی پلەی گەرمی زۆر نزم ببن ئەوا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پێنەگەن بەتەواوی. و ئامادەکردنی شەتڵیش لە خانووی شوشەییدا (٥)ڕۆژ دەخایەنێت پاشان دەگوێزرێنەوە بۆ گێڵگە.

تۆوکردنی راستەوخۆ دەستکاری

لە تۆوکردنی ڕاستەوخۆدا یەک ئەیکەر (٤٥٠- ٦٨٠)گرام تۆوی دەوێت واتە یەک دۆنم بەنزیکەیی (٣٠٠ – ٤٢٥)گرام تۆوی دەوێت ،و ئەم ژمارانەش بەپێی پێویستی دەگۆڕێت .لەبەکارھێنانی ئەم ڕێگایەدا پێویستە (٣٠،٥ – ٦٠)سم بەین ھەبێت لەنێوان ڕووەکەکان دا لە دوای کەمکردنەوەیان ھەروەھا دەبێت ڕیزەکانیش (٥٠ – ١٠٠)سم دووربن لەیەکەوە .

لەتۆوکردنی ڕاستەوخۆدا کێشەیەک ھەیە ئەویش ئەوەیە کە خاکەکە چینێکی ڕەق بەدەوری تۆوەکەدا درووست دەکات کە ناھێڵێت بەئاسانی چەکەرە بکات . و ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە خاکەکەی بەجوانی شیبکرێتەوە ،و ئەو ڕووەکانەی کە بەرھەم دێن لە ئاووھەوایەکی ساردا بەھێواشی گەشەدەکەن و سەر بە جۆرییەتیەکی باشەوە درووست دەکەن .

ڕەفتارکردن لەگەڵ تۆو دەستکاری

ھەمیشە واباشە کە ئەو تۆوانە بەکاربھێنین کە لەوەو پێش بە گەرمی ڕەفتاریان لەگەڵ کراوە ئەویش بۆ لابردنی ھۆکارە نەخۆشییە مەترسیدارەکان،و ئەم ڕەفتارەش بەوە دەکرێت کە تۆوەکان لەئاوی گەرم دا نقوم بکرێن کەپلەی گەرمییەکەی (٥٠◦)سیلیزی بێت و بۆماوەی (٢٦-٣٠)خولەک پاشان تۆوەکان بەخێرای سارد دەکرێنەوە و وشکیش دەکرێنەوە.

بەراوردی کشتوکاڵ بە شەتڵ لەگەڵ کشتوکاڵ بە تۆو دەستکاری

کشتوکاڵ بە شەتڵ لە سەر ھێڵ دەکرێت کەپانییەکەی لەنێوان (٤٠-٨٠)سم دا بێت و ھەر ھێڵێک (٦٠-٧٠)سم لەیەکەوە دووربن .و ئەگەر ھێڵەکان لەیەکەوە نزیک بوون ئەوا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە سەرە لوتکەییەکان بچوک دەربچن و و کەمتر سەری تەنیشتی دروست ببێت .

ئەوکێڵگانەی برۆکۆلی کە تایبەتن بە درووست کردنەوە(للتصنیع)ڕاستەو خۆ تۆو لەکێڵگەدا بەکاردەھێنرێت کە چڕی ڕووەکەکان لەنێوان (٢٠٠٠٠-٣٠٠٠٠)ڕووەک بێت بۆ ھەر فەدانێک ( دۆنم).و لێرەدا کشتوکاڵ کردن بەشێوەی ھێڵدەبێت ،و ھەرھێڵێک لەگەڵ ھێڵێکی تردا (٣٠-٣٥)سم بەینیان ھەبێت وەھەندێ جار بە دووری فراوانتر کە بگاتە(٧٠-٧٠)سم بۆ ڕێگەدان بە جوڵەی ئامێرەکان.،بەڵام دووری لەنێوان ڕووەکەکان دا (دوای کەم کردنەوەیان)نزیکەی ( ٢٠-٢٥سم)ە.

ھەروەھا پلەی گەرمی بەرز کاریگەری ھەیە لەسەر چەکەرەکردنی تۆوی برۆکۆلی،و دەبێتەھۆی (ئەمەش لە کاتێک دا ئەگەر کشتوکاڵ کردنەکە ڕاستەوخۆ بە تۆو بوو لە کێڵگەدا)کەم کردنی چڕی ڕووەکی، و یەکسان نەبوون لە کاتی لێکردنەوەدا ، و دەبێتە ھۆی لاوازکردنی توانای لێکردنەوە.لەبەر ئەم ھۆیەشە کە زۆرکات برۆکۆلی بە دووھێندەی ئەو چڕییەی کە ویستراوە کشتوکاڵی دەکرێت بۆ ئەوەی کە دوایی بەرھەمەکە کەم بووەوە بۆ چڕییەکی گونجاو کەم ببێتەوە کە(١١ڕووەک/م٢ ).

کاتی کشتوکاڵکردن دەستکاری

برۆکۆلی لە کوردستان دا دەتوانرێت لەمانگی (٩)(ئەیلول )ەوە دەست بکرێت بە چاندنی تا کۆتایی [[مانگی (١٠)(تشرینی یەکەم) ، بە ڵام لە ھەندێک سەرچاوەی تردا لە مانگی (٧)(تەموز)ەوە تا کۆتایی مانگی (٩)(ئەیلول) کشتوکاڵی دەکرێت.

کارە خزمەتگوزارییە کشتوکاڵیەکان دەستکاری

بەشێوەیەکی گشتی ھەمان ئەو خزمەتگوزارییانە جێبەجێ دەکرێت کە بۆ قەڕنابیتیش دەکرێت ، کە ئەمانە دەگرێتەوە:-

ھەڵکێشان و لەناوبردنی گژووگیای زیان بەخش:- دەستکاری

ئەم کردارە بۆ نەھێشتنی گژووگیای زیان بەخش دەکرێت لە کێڵگەکەدا ،و ھەندێ کاتیش ئەم لەناوبەرانەی خوارەوە بەکار دەھێنرێن:-

(أ) لەناوبەری بنزیولیدBensulide.

(ب) لەناوبەری CDEC.

(ﺟ)لەناوبەری DCPA.

(د)لەناوبەری نیترۆفین(نمونەیTok).

ئاودان دەستکاری

برۆکۆلی ڕووەکێکی ئاودارە و بەخێرایی گەشە دەکات لەبەر ئەوە پێویستی بە بوونی شێیەکی گونجاوە لە خاک دا . و ئەگەر شێی پێویست نەبوو لە خاکەکەدا ئەوا کاریگەری بەجێ دەھێڵێت لە سەر گەشەی برۆکۆلی ،دوای (٤-٦)ڕۆژ لە شەتڵ کردن دەست دەکرێت بە ئاودان ،و دوای یەکەم ئاودان ھەر (١٠-١٥)ڕۆژ جارێک ئاودان جێبەجێ دەکرێت ئەمەش دەگۆرێت بەپێی جۆری خاکەکەو بارودۆخی ئاووھەوای خراپ.و چاودێریکردنی ڕووەکەکان بە شێوەیەکی ھەمیشەیی بۆئەوەی تینیویان نەبێت.و کەمی شێی خاکەکەش دەبێتە ھۆی کەم بوون لە بەرھەمی برۆکۆلی دا و کاریگەرییەکی دیاری دەبێت لەسەر تیرەی سەرەکان. (١٩٩٤Rubino ).

پەین کردن دەستکاری

بەشێوەیەکی گشتی برۆکۆلی ڕێژەیەکی زۆر لە سەرچاوەی خۆراکی دەمژێت ،بەڵام ھەمووی ناگات بێجگە لەرێژەیەکی کەمی کە دەگاتە سەرەوە ئەوی تری دەگەڕێتەوە بۆ خاکەکە پاش ھەلّگێڕانەوەی پاشماوەی ڕووەکەکە.و بەشێوەیەکی گشتی برۆکۆلی پێویستی بەم ڕێژانە لە سەرچاوەی یەکەمی ھەیە :-

(٣٥-٨٥)کگم لە N و (٤٠-١٠٠)کگم لە P٢O٥ و (٢٥-١٠٠) کگم لە K٢O بۆ دۆنمێک ئەمەش بەپێی بەپیتی خاکەکە.

و برۆکۆلی پێویستی زۆری بە پەینی (نیترۆجین)یە بە بە بڕی زۆر کە لەنێوان (١٢٥-١٥٠)کگم دایە بۆ ھەر دۆنمێک.

بەرنامەی پەین کردن دەستکاری

یەکەم: لە زەوییە قورسەکان دا:

ئاماژە دراوە بەوەی کە لە زەوییە قورسەکان دا بە نزیکەی (٢٠)م٢ لە پەین پەینی برۆکۆلی بکرێت ،و پەینەکەش پێش کێڵانی کۆتایی بۆ خاکەکە زیاد دەکرێت ،لە گەڵ بەکارھێنانی پەینی کیمیایی بەم ڕێژانە (٨٠کگم لە N ، ٤٥ کگم لە P٢O٥ ، ٥٠کگم لە K٢O) بۆ دۆنمێک.

دووەم لە زەوییە لمینییەکان دا:

و لێرەش دا ئاماژە بەوە دراوە کە پەینی برۆکۆلی بکرێت بە ڕێژەی (٢٠-٢٥)م٢ لە پەینی ئەندامی بۆ دۆنمێک و پەینەکە دەخرێتە ناو خاکەکەوە لە تەنیشتی ھێڵەکانەوە پێش چاندن، و لەگەڵیشیدا ئەم ڕێژانە لە پەینی کیمیاوی زیاد دەکرێت (٢٠کگم لە N ،٣٠کگم لە P٢O٥ ،٢٥ کگم لە K٢O ،٥کگم لە MgO).

و زیاد کردنی پەینیش بەم ڕێگایانە دەبێت

١- لە زەوییە سوکەکان دا لەگەڵ ئاودان بە داپۆشین.

٢-لە زەوییە لمینیەکان دا لەگەڵ ئاودان بە دڵۆپاندن.

٣-لە زەوییە سوکەکان دا لەگەڵ ئاودان بە پرژاندن.

نرخی خۆراکی برۆکۆلی دەستکاری

برۆکۆلی ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەی خۆراکی تیادایە بە بەراورد لەگەڵ سەوزەکانی تردا.ڕووەکی برۆکۆلی ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین(C) و( بێتاکارۆتین Beta carotene) – کە دژە ئۆکسێنێکی گرنگە-تیادایە. و لە(USA) برۆکۆلی بە یەکێک لە گرنکترین ڕووەکەکانی خێزانی خاچییەکان دەژمێردرێت ،و لێکۆلەرەوەکان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە برۆکۆلی و ھەندێک لە سەوزەکانی خێزانی خاچییەکان بخرێنە ناو ژەمەخۆراکییەکانەوە و چەندجارێک لە ھەفتەیەک دا. زۆری ڕێژەی دژەئۆکسێنەکان لە خۆراکی بەکارھێنەردا ترسناکی ھەندێک لە جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە .و ڕێژەی ماددەکان لە خشتەکەدا دەردەکەوێت .

ھەر (١٠٠)گرام لەو بەشەی ڕووەکی برۆکۆلی کە بەکاردەھێنرێت بۆ خواردن پێک دێت لەم پێکھاتووە خۆراکییانەی خوارەوە:-

ناوی پێکھێنەرەکان ڕێژەکانیان یەکە
شێ ٨٨٫٢ %
پرۆتین ٤.٤٠ گرام
چەوری ٠.٩ گرام
ماددەی کاربۆھیدرات ١.٨ گرام
ڕیشاڵ ٢.٦ گرام
سۆدیۆم ٨ ملگرام
پۆتاسیۆم ٣٧٠ ملگرام
کالسیۆم ٥٦ ملگرام
مەگنیسیۆم ٢٢ ملگرام
فۆسفۆر ٨٧ ملگرام
ئاسن ١.٧ ملگرام
نحاس ٠.٠٢ ملگرام
زینک ٠.٦ ملگرام
کبریت ١٣٠ ملگرام
کلۆرید ١٠٠ ملگرام
مەنگەنیز ٠.٢ ملگرام
یۆد ٢ ملگرام
کارۆتین ٥٧٥ مایکرۆگرام
سیامین ٠.١ ملگرام
ڕایبۆفلافین ٠.٠٦ ملگرام
نیاسین ٠.٩ ملگرام
ڤیتامین B٦ ٠.١٤ ملگرام
ترشی فۆلیک ٩٠ مایکرۆگرام
ترشی ئەسکۆربیک ٨٧ ملگرام

ئەو مێرووانەی کەتووشی برۆکۆلی دەبێت دەستکاری

ھەموو بەرھەمێک کارتێکراوە بۆ جۆرێک لە زیانی مێروو ،زۆربەی زۆری مێرووەکان کە زیان بە بەرھەمە کەلەرمییەکان (Cole crops)دەگەیەنن دووبارە زیان بە بەرھەمی برۆکۆلیش دەگەیەنن . ڕێگای (IPM - Integrated Pest Management-) ڕێگایەکی چالاکە بۆ دەست گرتن بەسەر ئەو زیانانەدا کە مێرووەکان دروستی دەکەن . ھەروەھا بەکارھێنانی پۆلی بەرگری کەر بۆ کشتوکاڵ کردن تەکنیکێکی گرنگ و پێشکەوتووە لە ھەوڵ دان بۆ بەرەنگاری مێرووەکان.

جۆری ئەو مێرووانەی کە توشی برۆکۆلی دەبن :-

١-ئەسپێ(من Aphids) :-

لە جۆری (Brevicorne brassicae).

٢-مێشی ڕەگی کەلەرم (Cabbage Maggot):-

ناوی زانستییەکەی (Hylemyia brassicae).

٣-کرمی کەلەرم (cabbage worms):-

دوو جۆر دەگرێتەوە (Pieris rapae) و (Trichoplusia ni ).

٤-لارڤای پەروانەی پشت ئەڵماسی(diamond back moth larvae):-

ناوی زاستییەکەی (Plutella xylostella).

نەخۆشییەکان دەستکاری

ئەو نەخۆشییانەی کەتووشی برۆکۆلی دەبن بریتین لەمانەی خوارەوە:-

١-Clubroot:-

بە ھۆی بەکتریای (Plasmodiophora brassicae)ڕوودەدات.

٢-گەنینی ڕەشBlack Rot:-

بەھۆی بەکتریای (Xanthomonas campestris)ڕوودەدات.

٣-ڕەش بوونی قەدBlack leg:-

بەھۆی بەکتریای (Phoma lingam)و ڕوودەدات .

لێکردنەوەی برۆکۆلیHarvesting دەستکاری

ئەو بەشەی برۆکۆلی کە لێدەکرێتەوە و بەکاردەھێنرێت بۆ خواردن بریتییە لە سەرەکە(گۆپکەی گوڵی نەکراوە)ی و بەشێک لە لاسکەکەشی ، و پێویستیشە کە پێش دەرکەوتنی ھەرنیشانەیەکی دەستکردن بە گوڵ لێبکرێنەوە . برۆکۆلی دوای (٦٠ – ١٠٠)ڕۆژ لە شەتڵ کردنییەوە پێدەگات و لێدەکرێتەوە و ئەمەش پشت دەبەستێت بە بارودۆخی ئاوھەوا و پۆل (الصنف). و برۆکۆلیش ماوەیەکی دوورو درێژ دەخایەنێت بۆ لێکردنەوە چونکە دوای لێکردنەوەی سەری لوتکەیی سەرە تەنیشتییەکان لێدەکرێنەوە.و ئەگەر بەزوویی سەرەکان لێنەکرێنەوە ئەوا لاسکی ڕووەکەکە دەبێت بە دارین و گوڵەکانیش دەکرێنەوە .سەرە لوتکەییە پێگەیشتووەکان دەبێت تیرەکەیان (١٠ – ١٨)سم بێت . پاش ئەوەش سەرە تەنیشتییەکان لێدەکرێنەوە . و (٤ -٧)ڕۆژ جارێک لیکردنەوە ئەنجام دەدرێت ئەگەر ئاو و ھەوا سارد بێت ، بەڵام ئەگەر ئاو ھەوا گەرم بوو ئەوا دەبێتە ھۆی زووپێگەیشتنی سەرەکان بۆیە پێویستە کە ھەر(٢ -٣ )ڕۆژ جارێک لێکردنەوە ئەنجام بدرێت . و پێویستیشە لەبەیانییان دا کردارەکە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی سەرەکان تووشی سیس بوون نەبن.


چەند سوودێکی ڕووەکی برۆکۆلی دەستکاری

١- مەترسی نەخۆشی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە:-

برۆکۆلی خواردنێکی گرنگ و بەکەڵکی خێزانی خاچییە، وەکو زانرا کە برۆکۆلی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (A)، ڤیتامین (C) ، پۆتاسیۆم ، فۆلاسین ،ئاسن ، ڕیشاڵ . و ھەروەھا ھەندێک لە فایتۆ کیمیکڵ (Phytochemical) ی تیادایە لەوانەش:-

بێتا-کارۆتین ، ئیندۆلس ، ئایسۆسیۆسیانایتس.و ئەم ماددانەش ڕێگە لەدروست بوونی کارسینۆجینس (بریتییە لەمادانەی کە دەبنە ھۆی نەخۆشی شێرپەنجە )دەگرێت. ھەروەھا ئەم ماددانە ناھێڵن کارسینۆجینسەکان بگەنە خانە مەبەستتەکان و ھەروەھا یارمەتی زیاد کردنی چالاکی ئەو ئەنزیمانە دەدەن کە دەبنە ھۆی لابردنی کاریگەری ژەھری کارسینۆجینس. ھەروەھا ئەوتاقیکردنەوانەی لەسەر مشک کراون دەری خستووە ئەو جۆرە ماددە کیمیاویانە کە لەبرۆکۆلی دا ھەن پارێزگارییەکی چاک لە دژی شێرپەنجەی گەدە دەکەن .

لە ساڵی (١٩٩٢)دا پرۆفیسۆری دەرمان سازی لە زانکۆی (Johns Hopkins)دا کەناوی (Paul Talalay)بوو لەگەڵ ھاوڕێکانی دا ماددەی (Sulforaphance)ییان دۆزییەوە کە لە ئاوێتەکانی ڕووەکی برۆکۆلی یەوە دێت بۆ لەش کە ئەبێتە ھۆی چالاکی ئەو ئەنزایمانەی کەدەتوانن کاریگەری ژەھراوی بوون بەھۆی ئەوماددانەی کەدەبنە ھۆی نەخۆشی شێرپەنجە لاببەن و زۆر بوونی چالاکی ئەوئاوێتانەی دژی نەخۆشی شێرپەنجەن (anti-cancer). و لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا کەکراوە بەھاوبەشی لەگەڵ لێکۆڵەرەوە ئەمەریکییەکان و چینییەکان ، دۆزییانەوە ئەو ماددە کیمیاویانەی کە ھەن لە برۆکۆلی دا پارێزگاری لە دژی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان دەکەن . و لێکۆلەرەوەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر (١٨٫٠٠٠)پیاو کرد و (٢٥٩)باری توشبوونیان بەشێرپەنجەی سییەکان تۆمار کرد لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەیان. و دۆزییانەوە کە ئەو پیاوانەی بڕی پێزانراو لەو ماددانەی کە ناسسراون بە(Isothiocyanates)لە لەشیان دا بەڕێژەی(٪٣٦) ھەبێت ئەوا مەترسی پەرەسەندنی شێرپەنجەی سییەکان تیایان دا کەمە.

٢-مەترسی جگەرە کێشان لەسەر لەش کەم دەکاتەوە:-

لە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانەی ئەمەریکادا لەسەر ڕووەکی برۆکۆلی دەرکەتووە کە خواردنی ئەم ڕووەکە و و ڕووەکەکانی تری خێزانی خاچییەکان ھەفتەی دووجار ئەوا مەترسی جگەرە کێشان لە سەر تەندروستی لەشی مرۆڤ کەم دەکاتەوە. و لەو لێکۆڵینەوانەی کە زاناکانی کۆمەڵەی تەندروستی ئەمەریکی لە نەخۆشی شێرپەنجەدا پێی ھەستاون دەرکەوتووە کە ئاستەکانی ژەھراوی بوونی درووست بوو بەھۆی تووتنەوە لەڕێی جگەرە کێشانەوە لەوکەسانەدا کە ھەفتانە چەند جارێک ڕووەکەکانی خێزانی خاچییەکان دەخۆن کەمە. و لێکۆڵەرەوەکان وای بۆ دەچن کە ئەم جۆرە ڕووەکانە یان سەوزانە ڕێگای ھەڵگێڕانەوەی دووکەڵی تووتن لە لەشدا دەگۆڕن.

٣-کەم کردنەوەی مەترسی مردن بە نەخۆشی خوێن بەری دڵ لە ئافرەتان دا:-

لێکۆڵینەوەی جۆراو جۆر دەریان خستووە کە بەکارھێنانی برۆکۆلی ،بەشێوەیەکی زۆر دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی مەترسی مردن بەھۆی نەخۆشی خوێن بەری دڵ لە (Postmenopausal)ی ئافرەت دا .

٤-برۆکۆلی یارمەتی ڕێک خستنی شەکری خوێن دەدات.

٥-ڕووەکی برۆکۆلی ڕێگر دەبێت لە بەرز بوونەوەی کۆلیستڕۆل لە خوێنی مرۆڤ دا.

٦-ھەروەھا ڕێگرە لە ھەوکردن و تووشبوونە ڤایرۆسییەکان.

٧-برۆکۆلی سەرچاوەیەکی باشە بۆ دژە-ئۆکسانەکان نموونەی (بێتا-کارۆتین، ترشی فۆلیک، لیوتین).

پەراوێزەکان دەستکاری

  1. ^ Buck, P. A (1956). "Origin and taxonomy of broccoli". Economic Botany. 10 (3): 250–253. doi:10.1007/bf02899000.
  2. ^ Stephens, James. "Broccoli—Brassica oleracea L. (Italica group)". University of Florida. p. 1. Retrieved 14 May 2009.
  3. ^ Nonnecke, Ib (November 1989). Vegetable Production. Springer-Verlag New York, LLC. pp. 394.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. پێکھاتەی برۆکۆلی
  2. [[https://web.archive.org/web/*/http://www.kshtwkal.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=117&Jor=8 بەستەری مردوو] ماڵپەڕی کشتوکاڵ - برۆکۆلی چاکترین خۆراکی دژە ژێرپەنجە][بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  3. [١]
  4. [٢]
  5. [٣][بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  6. [٤]
  7. [٥]
  8. [٦]
  9. [٧][بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  10. [٨]