شێلادزێ

ناحیەی شێلادزێ

شێلادزێ ناحیەی شیلادزێ[١] بە گەورەترین ناحیە دادەنرێت لەڕووی ژمارەی دانیشتوان و ڕووبەرەوە کە سەر بە پارێزگای دھۆکە.[٢] و دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی قەزای ئامێدی و دەکەوێتە دەشتێکی فراوان و گەورە بەناوی (دەشتی زێ) لە بناری چیایەکی ناودار بە ناوی چیای کورەژار.

شیلادزێ
وڵات عێراق
هەرێمی فێدراڵ کوردستان
پارێزگادهۆک
قەزائامێدی
ژمارەی دانیشتووان
 (کۆتا ئامار لە ساڵی ٢٠١٩)
 • سەرجەمزیاتر لە ٥٠٫٠٠٠ کەس
Map


جوگرافیا دەستکاری

شیلادزێ بە گەورەترین ناحیە دادەنرێت لە سنووری پارێزگای دھۆک و دەکەوێتە ١٣ کم لە ڕۆژھەڵاتی ناحیەی دێرەلۆک و ٣ کم لە ڕۆژاوای کۆمەڵگەی سیریێ. شیلادزێ یەکێکە لە حەوت ناحیەی سەر بە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆکە، دەکەوێتە دووری ٩٠ کم لە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆک، ھەروەھا ٣٠ کم لە سەنتەری قەزای ئامێدییەوە دوورە، نزیکەی ٥٠ ھەزار کەس تێیدا دەژین و لە ٩٢ گوند پێکھاتووە. دەڤەری شیلادزێ لە دەشت و شاخ و دۆڵ و ڕووبار پێکھاتووە و زۆربەی پێکھاتەکەی شاخاوییە کە دەکاتە ٧٠٪. باکووری ناحیەی شیلادزێ دەڤەری رێکانە تا شاری ھەکاری باکووری کوردستان. ڕۆژھەڵاتی شیلادزێ ھاوسنوورە لەگەڵ دەڤەری بارزان و ڕووباری شین. ڕۆژاوای ناحیەی شیلادزێ، لەسەر سنووری گوندی ڕەشانک و کۆلان، و کۆمەڵگای ھێتوت لە ناحیەی دێرەلۆک. لە باشوورەوە لەگەڵ ناوچەی زێبار و ڕووباری زێی گەورە سەنتەری ناحیەیی شیلادزێ لە باکوورەوە بە چیای کۆرەژار و لە ڕۆژھەڵاتەوە بە کۆمەڵگەی سیریێ و گوندی بیرێ و لە ڕۆژاوا گوندی شیڤ چنارک و لە باشوورەوە ڕووباری زێی گەورەوە دەبەستێتەوە. [٣]

مێژوو دەستکاری

یەکەم جار کە شیلادزێ ئاوەدانکرایەوە لە نێوان ساڵانی ١٩١٤–١٩١٨ بوو و تەنھا چەند خێزانێک بوون (حجی ماشۆ، سعدوڵا محمد و ھەر دوو برایەکانی، حەسەن سلێمان، ئەحمەد حەکیم، یوسف ڕوستەم، ئەحمەد عەبدولجەلیل، ئیبراھیم خەلیل حەیدەر) ھەموویان لە ھۆزی ئۆرەماری بوون، کە لە پارێزگای ھەکاری لە باکووری کوردستانەوە ھاتوونەتە شیلادزێ. لە ساڵی ١٩٧٦ و ساڵێک دوای شۆڕشی گوڵان، ڕژێمی بەعس گوندەکانی نێروە و ڕێکان و دۆسکی ژۆری گواستەوە و بە بیانووی پاراستنی سنوورەکان. لە ناوچە زۆرەملێکانی (سیریێ، شیلادزێ، دێرەلۆک، باگێرا) نیشتەجێیان کردن. بەم شێوەیە شیلادزێ لە چەند ماڵێک و گۆندێکی بچووک بووە کۆمەڵگایێکی گەورە، لە شیلادزێ (گوندی ئورەماری، عەشیرەتی ڕێکانی، عەشیرەتی نێروەی، عەشیرەتی دوسکی ژوری، و عەشیرەتی زێباری) لێی نیشتەجێن. پێش ساڵی ١٩١٤ شیلادزێ چۆڵستان بووە و شوێنێکی بێ مرۆڤ بووە و دارستان و ئاژەڵی کێوی زۆر بووە. ئەوکات ناوی شیلادزێ نەبوو، پاش ئەوەی ئۆرەمارییەکان ھاتنە شیلادزێ و نیشتەجێ بوون بنەماڵەیەک بوو و لێرە گوندێکی بچووکیان دروست کرد و ناویان لێنا شیلادزێ، چونکە تا ئەو کاتە ھیچ ناوێک لەسەر شیلادزێ نەبوو، بەڵکو تەنھا ھەموو ئەو ناوچەیە بە ناحیەیی دێرەلۆکیشەوە بە ناوچەی دەشتی زێ ناودەبرا. چونکە شیلادزێ دەشتێکی گەورە بوو لە ئەو کاتەدا، ئاوی زۆر بوو. لە ساڵی ١٩١٨ تا ١٩٤٠ ڕژێمی بەعس و چەتەکانی سێ جار گوندی شیلادزێیان وێران کرد، بەڵام خەلکەکەی ناوچەی شیلادزێیان چۆڵنەکرد، و شیلادزێ گوندێک بوو، دواتر شیلادزێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەی دەکرد، لە شیلادزێش ھەموو دارستان و نەمامەکان دەبڕدرا. ئەرد و زەوییە کشتوکاڵییەکان کە لەو کاتەدا لەلایەن حکوومەتەوە دەستی بەسەردا گیرا، و کرایە کۆمەڵگایێکی زۆرەملێ و ئێستا یەکێکە لە ناوچە گەورەکانی کوردستان و پارێزگاری دھۆک، و خەڵکەکەی بەبێ کێشە پێکەوە دەژین. خەڵکی شیلادزێ بە گشتی ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕشەکانی نەتەوەی کورددا بینیوە، بەتایبەتی شەڕی تیرۆریستانی داعش، کە ژمارەیەکی زۆر شەھید و برینداریان کردە قوربانی لە پێناو ئەم خاکەدا.[٤]

ناو دەستکاری

پێش دامەزراندنی شیلادزێ پێی دەگوترا دەشتی زێ، تا سەرەتای دروستبوونی ھەمان ناوی ھەبوو. سەبارەت بە ناوی شیلادزێ دوو بۆچوون ھەیە:

بۆچوونی یەکەم: ناوی شیلادزێ پێکھاتووە لە دوو وشەی (شێل + دزێ) بەم شێوەیە (شێل) بە واتای دەشت دێت، و (دزێ) بە واتای دوو ڕووبار دێت، ڕووباری شین و ڕووباری زێی گەورە.

بۆچوونی دووەم: ناوی شیلادزێ لەسەردەمی ڕژێمی بەعس دانراوە، ھەروەھا تەواوکەری ناوی شێڤەدزێ و قەڵادزێ و ڕەواندوزە، بەڵام بە بۆچوونی زۆربەی مێژوونووسان و دانیشتووانی ناوچەکە، بۆچوونی یەکەم ڕاستترە لە چاو دووەم.[٥]

بوون بە ناحیە دەستکاری

لەبەرئەوەی ناحیەیی شیلادزێ لە ڕووی ڕووبەر و ھژماری دانیشتووانەوە گەورەترین ناحیەیی پارێزگای دھۆکە، هەر لەبەر ئەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا شیلادزێ بکرێتە ناحیەکی سەربەخۆ. بەپێی نوسراوی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١٠٤١) و ڕێکەوتی (٢٠ی ئابی ٢٠١٣) بەپێی یاسای ھەموارکراوی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١)، لەبەر ڕۆشنایی نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٨٤٦) لە ڕێکەوتی ٧ی تەمموزی لە ساڵی ٢٠١٣ بڕیاردرا ببێتە ناحیێک سەر بە پارێزگای دھۆک، و لە ٩٢ گوند پێکدێت.[٦]

گەشتوگوزار دەستکاری

کەرتی گەشتیاری لە شیلادزێ لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بوو، بەو پێیەی گەشتیاران لە سەرجەم پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی ھاوینەھەوارەکانی سنووری شیلادزێیان دەکرد، بەڵام بەھۆی شەڕ و بۆردومانەکانەوە[٧]، شیلادزێ زۆربەی ھاوینەھەواری لەدەست دا.

نموونە لە شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری شیلادزێ، وەک (ڕووبارێ شین - ئاڤا مارک - دۆکەرا مازی - چەم جۆ - چەم مێشۆ - گەلیێ ڕێکان (بالندا)[٨] - کانییا خاڵانە - پرا سیدان - نێروە ڕێکان دوسکی ژۆری - کۆمەڵگەها ڤین یا گەشتیاری - پارکا دریم رۆز - باخچێ ھێز ھاوس ) وە چەندان شوێنی تر بەو پێیەی سنووری ناحیەی شیلادزێ پڕیەتی لە شوێنە گەشتیارییە دڵڕفێنەکان.

وەرزش دەستکاری

شیلادزی ھەمیشە لاوانی بەتوانای ھەبووە لە ھەموو بوارەکاندا، خۆشبەختانە بە بریاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ بڕیاریدا یانەیەکی وەرزشی فەرمیی بۆ شیلادزێ دابمەزرێنێت بە ناوی "یانەی وەرزشیی شیلادزێ"[٩] و لە ئێستادا تیمی تۆپی پێی یانەی شیلادزێ لە خولی پلە دووی ھەرێم یاری دەکات. [١٠]

ئایین دەستکاری

لەڕووی ئاینییەوە خەڵکی سنوورەکە لە ئاین ئیسلامی سوننەمەزھەبن، بەدەیان کەسایەتی و زانای ئاینی لەم سنوورە سەریان ھەڵداوە وەک ڕێبەرێکی ئاینی ڕۆڵیان بینییەوە . جێگەی ئاماژەپێدانە هەندێک لە گوندەکانی ئەم سنوورە لەسەر ئایینی مەسیحیەتن بەڵام بەهۆی ئەو بارودوخە ناهەموارەی لەم ناوچانە درووست بووە لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس. ئەو خێزانە مەسیحیانە ڕوویان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە وە ئێستا تەنیا یەک خێزانی مەسیحی لە ناحیەی شیلادزێ دەژی. [١١]

چیایی کورەژار دەستکاری

چیای کۆرەژار دەکەوێتە باکووری ناحیەی شیلادزێ و بەرزییەکەی ٣٦٠٣ م؛ و بەرزترین لووتکەیە لە زنجیرە چیایی مەتین.[١٢]

ڕووباری زێی گەورە دەستکاری

یەکێک لە ڕووبارە بەناوبانگەکان کە بە سنووری ناحیەیی شیلادزێدا تێدەپەڕێت، ناسراو بە ڕووباری (زێ مەزن)، کە لە ناوچەکەدا بە ڕووباری (کەلیا) ناسراوە، کە لە ناحیەی دێرەلۆک دێتە ناو سنووری دەشتی زێ و بە ناحیەی شیلادزێدا تێدەپەڕێت و دەگاتە ڕووباری شین لە کۆمەڵگەی سیریێ.[١٣]

ڕووباری شین دەستکاری

ڕووباری شین[١٤] ئەم ڕووبارە نزیکەی ١٠ ھەزار و ٢٠٤ کیلۆمەتر لە باکووری کوردستانەوە دێت و لەگەڵ ھەندێک سەرچاوەی ئاوی ناوچەکە تێکەڵ دەبێت و دەچێتە سەر ڕووباری زێی گەورە لە کۆمەڵگەیی سیریێ بەیەک دەگەن.

دەشتی زێ دەستکاری

جوگرافیای دەشتی زێ، جوگرافیایەکی دۆر و درێژ نییە، بەڵکو جوگرافیایەکی کەمە، دەشتی زێ لە پردی کەلیا لە گوندی ڕەشاڤە دەست پێدەکات و بەرەو ڕۆژاوا دەڕوات و لەسەر ڕووباری شین لە نزیک گوندی باڵندە کۆتایی دێت، کە دەکاتە نزیکەیی ٢٢ کم، دەشتی زێ لە سنووری ناحیەیی دێرەلۆک و شیلادزێ پێکدێت. دەشت شارستانییەتێکی زۆر کۆن و گرنگی ھەبوو. شیلادزێ و ھەموو ناوچەکە بەو مانایەیە کە دەشتی زی گرنگییەکی تایبەتی ھەبووە لە کاتی خوویدا.[١٥]

پێشانگا دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "مجمع شيلادزي". areq.net. Retrieved 2023-02-06.
  2. ^ "سەرەکى". پارێزگەھا دھوك (بە عەرەبی). Retrieved 2023-02-06. ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "بچۆ نێو فەیسبووک". Facebook. Retrieved 2023-02-21.
  4. ^ "بچۆ نێو فەیسبووک". Facebook. Retrieved 2023-02-21.
  5. ^ "بچۆ نێو فەیسبووک". Facebook. Retrieved 2023-02-21.
  6. ^ "بچۆ نێو فەیسبووک". Facebook. Retrieved 2023-02-21.
  7. ^ "شیلادزێ.. فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی تورکیا چیای کوڕه‌ژار بۆردومان ده‌که‌ن". کوردستان تیڤی (kurdistantv.net) (بە کوردی). 2021-08-20. Retrieved 2023-02-06.
  8. ^ "گەليێ بالندا | رێڤەبەریا گشتی یا گەشت و گوزارێ / دهوک". duhoktourism.org. Retrieved 2023-02-06.
  9. ^ "یانا شێلادزێ یا وەرزشی". www.facebook.com. Retrieved 2023-02-06.
  10. ^ Sorani, Basnews. "حکوومەت یانەیەکی وەرزشی بۆ شیلادزێ دروست دەکات". www.basnews.com. Retrieved 2023-02-18.
  11. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/020720226-amp. Retrieved 2023-02-23. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  12. ^ "بچۆ نێو فەیسبووک". Facebook. Retrieved 2023-02-21.
  13. ^ "kurdzone Mobile". kurdzone.net. Retrieved 2023-02-21.
  14. ^ "kurdzone Mobile". www.kurdzone.net. Retrieved 2023-02-06.
  15. ^ "بچۆ نێو فەیسبووک". Facebook. Retrieved 2023-02-18.