جۆزێف ستالین (بە ڕووسی: Иосиф Виссарионович Сталин) ناوی لە کاتی لەدایکبوون: «یووسف ڤیساڕیۆنۆڤیچ دزێ ژووگاشڤیلی» (بە گورجی: იოსებ ბესარიონის ძე სტალინი)، (١٨ی کانوونی یەکەمی ١٨٧٨– ٥ی ئازاری ١٩٥٣) ڕابەر و سیاسەتوانێکی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی بوو کە لە نێوانی ساڵانی ٢٠ی تەمەنی تا مردن ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەتی لە ئەستۆ بوو. زۆر کەس بە بەرپرسی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤی دەزانن کە ژمارەیان بە ٢٣ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.

جۆزێف ستالین

لەدایکبوون١٨ی کانوونی یەکەمی ١٨٧٨. لە گۆری، پارێزگای تیفلیس لە ئیمپراتۆریەتیی ڕووسیا
مەرگ٥ی ئازاری ١٩٥٣
ھۆکاری مەرگخوێنبەربوونی مێشک
شوێنی گۆڕمۆسکۆ، ڕووسیا
نەتەوەگورجی
پیشەسەرۆکی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت
حیزبی سیاسیحیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت
ئایینبێ ئایین
ھاوسەرکاتۆ سڤانیدزێ (١٩٠٦–١٩٠٧)
نەداشا ئالیلوژاڤا (١٩١٩–١٩٣٢)
مناڵ(ەکان)٤
واژوو

لە ساڵی ١٩٢٢ گەیشتە پلەی سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت. دوای مردنی ڤیلادیمیر لینین، ستالین توانی بەسەر لیۆن ترۆتسکی سەرکەوێت و ڕابەرایتی حیزب بگرێتە دەست. لە ساڵانی ١٩٣٠ خاوێنکردنەوەی گەورەی بەڕێخست کە زنجیرە سەرکوتی سیاسی و دەستبەسەر کردن و کوشتنی ناڕازییەکان بوو کە لە ساڵی ١٩٣٧دا گەیشتە بەرزترین پلەی خۆی.

ستالین بڕوای وا بوو کە سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای مارکسیزم-لینینیزم پێکھاتووە بەڵام ئێستا ھەموان سیستەمی ئابووری و سیاسیی ئەو بە ئەستالینیزم ناو دەبەن.

لە ساڵی ١٩٢٨دا ستالین بە گۆڕینی پلانە ئابوورییەکان و دانانی پلانی کشتوکاڵی ھەڵبژاردەیی، یەکێتیی سۆڤیەت تا کۆتایی ساڵانی ١٩٣٠ لە وڵاتێک کە زۆرینەی جەماوەری جووتیار بوو بە یەکێک لە زلھێزەکانی بواری پیشەسازی لە جیھاندا.

داگیرکردنی گەنم و خواردمەنییەکانی دیکە لەلایەن کاربەدەستانی سۆڤیەت و بە دەستووری ستالین لە ساڵانی ١٩٣٢ تا ١٩٣٤ بووە ھۆی ھاتنی قاتوقڕی لە وڵاتانی ژێردەسەڵاتی ئۆکرانیا، کازاخستان و قەفقازی باکوور. ھەرکەس لە جووتیارەکان کە دژایەتی ئەوەی بکردایە کۆلاک ناویان دەنا و سەرکوت و دەستبەسەر دەکرا.

لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەم ستالین ڕابەری یەکێتیی سۆڤیەت بوو و دەورێکی گرینگی ھەبوو لە شکست ھێنان بە ئەڵمانیای ژێر دەسەڵاتی نازییەکان. ئەوە سۆڤیەتی کردە یەکێ لە دوو زلھێزی دونیا و ئەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ واتە تا کۆتایی ژیانی ستالین ھەر مایەوە.

ھەندێ کەس حکوومەتی ستالین بە دەسەڵاتی تاکەکەسیی دەناسێنن و ھەروەھا بە لەناوبردنی کەسایەتییەکانی دژ بەو تاوانباری دەکەن. نیکیتا خرۆشۆڤ، جێگری ستالین، کەسایەتی و شێوازی حووکمڕانی ستالینی لە کۆبوونەوەی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٦ کێشایە ژێر پرسیار و دواتر دەستی کرد بە خاوێنکردنەوەی حکوومەت لە ھاوڕێیانی ستالین.

سەردەمی منداڵی و ھەڕەتی لاوی دەستکاری

ستالین لە شاری گۆری (Gori) لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕوسیدا لە دایک بووە، زانیاری دروست سەبارەت بە منداڵی و ھەڕەتی لاوی ستالین زۆر نین، بەڵام نوسراوەکانی کچەکەی ستالین سڤیتلانە (Svetlana) بە ڕاستترین سەرچاوە ناسراون، بەپێی وتەکانی ئەو باوکی ستالین سەرەتا بەرگدروو بووە، بەڵام پاش ئەوەی منداڵەکانی بەجێدەھێلێت و دەچێت بۆ تەبلیس کاری پینەچێتی (ئیسکافی – پێڵاو دورینەوە) دەکات. دەگوترێ باوکی ستالین ھەمیشە حەزی لە خواردنەوەی مەی بووە، بە مەستی گەڕاوەتەوە ماڵێ و زۆر بە توندی و دڵڕەقانە ڕەفتاری لەگەڵ ستالین و دایکیدا کردووە. یەکێک لە ھاوڕێکانی سەردەمی منداڵی ستالین لەم بارەیەوە دەنوسێت (باوکی ستالین ھێندە دڵڕەقانە و خراپ لە ستالینی دەدا، ھەندێک جار نیوە مردوو دەبوو، بەڵام سەیر لەوە دابوو کە ھیچ کەس گوێی لە گریانی ستالین نە دەبوو، ستالین ھەرگیز نەگریاوە). کاتێ ستالین تەمەنی حەوت ساڵان بووە، باوکی بۆ تەبلیس دەڕوات و خێزانەکەی بەجێدەھێلێت، بەمجۆرە بەخێوکردنی ستالین دەکەوێتە ئەستۆی دایکی، کە ئەویش بە کارەکەری و جل شۆری ماڵان بەخێوی دەکات. یەکێک لەو ماڵانەی کە دایکی ستالین کاری تێدا دەکرد ماڵی کابرایەکی جوولەکە بووە بە ناوی (دەیڤد پایسیمدۆڤ)، ئەم کابرایە کاتێک ستالین دەبینێت کە بۆ ھاوکاری دایکی لەگەڵیدا بۆ ئەو ماڵە دەڕۆشت، زۆر سەرسامی دەبێت و خۆشی دەوێت، بە کتێب وپارە زۆر کۆمەکی ستالین دەکات، کاتێک ستالین دەگاتە ترۆپکی دەسەڵات ئەم پیاوە بڕیار دەدات سەردانی (سوسو)ی بچکۆلە دەکات تا بزانێت ڕەوشی چۆنە، ستالین زۆر بە گەرمی پێشوازی دەکات و لە زۆر شوێنی گشتیدا لەگەڵ خۆیدا دەیگەڕێنێت.

سێ خوشک و برای ستالین لە تەمەنێکی زۆر منداڵیدا مردوون، بۆیە ستالین بە تەنھا خۆی بە بێ خوشک و برا ماوەتەوە، لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا دایکی لە خوێندنگەیەکی مەسیحی ئەرتۆدۆکسی دەیخاتە بەر خوێندن، سەرەتای ئاشنا بوونی ستالین بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خوێندنگەیە، ھەر لەم خوێندنگەیەوە ستالین وەک ھەموو منداڵانی دیکەی وڵاتەکەی ناچار بوو بە زمانی ڕوسی بخوێنێت، بۆیە دڵی بۆ دەڤەرەکەی خۆی دەسوتێت، تەنانەت یەکەم نازناوی سیاسی خۆی (کۆبا) لەناوی یەکێک لە جەنگاوەرە ئەفسانەیەکانی جۆرجیاوە وەرگرتووە، ساڵی ١٨٩٩ ستالین لەبەر ئەوەی وەک شاگردێک لە کاتی خۆیدا ناتوانێت تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدات، لەم خوێندنگەیە دەردەکرێت، بەمجۆرە دایکی کە ھەمیشە حەزی دەکرد کوڕەکەی (تەنانەت ئەو کاتەشی بوو بە سەرۆکی وڵات) ببێت بە قەشە، تەواو ھیوا بڕاو بوو. ئیتر ستالین پاش وازھێنانی لە خوێندن ھەتا ماوەی دەساڵی ڕەبەق سەرقاڵی کاری سیاسی بوو بە نھێنی، وردە وردە پلە حزبییەکانی بەرزبوونەوە، ساڵی ١٩١٢ بوو بە ئەندامی لێژنەی سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیست بە ڕابەری لینین و لەو ساوە نازناوی سیاسی ھاوڕێ ستالین (واتای پیاوی پۆڵاین)ی وەرگرت. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٢ – ١٩١٧ ستالین چەندین جار دەستگیر کراوە، پاشان وەک زیندانی سیاسی بۆ ناوچەی سیبریا دوورخرایەوە. ساڵی ١٩١٧ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بۆلشەوییەکان ئیتر ستالین وەک سەرکردەیەکی سیاسی یەکییەتی سۆڤیەت ناسرا. چارەنوسی باوکی ستالین دیار نییە، ھەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە گوایا ئەو لە شەڕێکی نێوان سەرخۆش و مەستەکاندا ھەر لە تەبلیس کوژراوە، ھەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن گوایا باوکی ستالین بۆ دواجار ساڵی ١٩٣١ لە گورجستان بینراوە.

ستالین و لینین دەستکاری

پەڕگە:Vladimir Lenin and Joseph Stalin, 1919.jpg
جۆزێف ستالین و ڤلادیمیر لێنین لە ساڵی ١٩١٩

بۆماوەی ١٠ ساڵ کاری سیاسی دەکات و لەوماوەیەدا چەندین جار دەگیرێت و تەنانەت لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٣ تا ١٩١٧ چەندین جار بۆ سیبیریا دوردەخرێتەوە، دوای ئاشنا بوون بە ڤلادیمێر لینین باوەڕھێنان پێی لە ساڵی ١٩١٢ دا دەبێتە ئەندامی لیژنەی ناوەندی پارتی بەلشەفی و لە ساڵی ١٩١٣دا ناوی «ستالین»ی لێ دەنرێت کە بەمانای پیاوی پۆڵایین دێت. بەپێی ھەندێک لە گێڕانەوەکان لینین ئەم نازناوەی ستالین بەخشیوە دوای ئەوەی لەکاتی بۆیاخ کردنی کۆشکی قەیسەردا بۆمبێکی دەستی ھەڵداوە بۆ قەیەسر و دواتر دەست بەکاربووەتەوە ھەر وەک ئەوەی ھیچ ڕووی نەدابێت. دوای مردنی لینین لە ساڵی ١٩٢٤ حکوومەتێک پێکھێنرا بە سەرۆکایەتی ھەر یەک لە ستالین و کامینیف و زینوفیف، بەھاوکاری ئەو دوانە ترۆتسکی دور خرایەوە، دواتر بوخارن و ڕیکۆفیش کامینۆف و زینۆفیف دورخرانەوە، لە ساڵی ١٩٢٧دا دەسەڵاتی بوخارنی کەم کردەوە و لەنێوان ساڵەکانی ١٩٢٨–١٩٢٩ بووە بە تەنھا سەرکردەی پارتی کۆمۆنیستی، بەڵام تا کاتی پاکسازی گەورە دەسەڵاتی ڕەھای بەدەست نەھێنا.

سەرکەوتنی بۆ لووتکەی دەسەڵات دەستکاری

ستالین بۆ یەکەمجار پاش ئەوەی پێنج ساڵ بوو لە خوێندنگەی ئەرتۆدۆکسی بوو، بە بنەماکانی بۆلشەویزم و مارکیسزم ئاشنا بوو، سەرەتا ناوی خوازراوی (کۆبا – کۆڵنەدەر)ی ھەڵبژرادبوو، ساڵی ١٩٠٢ بۆ یەکەمجار دەستگیرکراو ڕەوانەی سیبریا کرا، بەڵام سالی ١٩٠٣ توانی خۆی دەرباز بکات و ھەڵبێت، سالی ١٩٠٤ بوو بە لایەنگری باڵەکەی لەنین لەناو (پارتی سۆشیال دیموکراتی کرێکارانی ڕووسیا) کە بە باڵی بەلشەفیک ناسرابوو، لەسەر فەرمانی پارتەکەی ساڵی ١٩٠٥ بۆ کاری حزبی لە ناوچەی تامپێرای فنلەنداو ساڵی ١٩٠٦ لە شاری ستۆکھۆڵم ی سوید ژیاوە. ستالین لەروی تیۆرییەوە زۆر بیرتیژ نەناسراوە تەنھا نووسینی گرنگی تەو سەبارەت بە مارکیسزم یاخود بەلشەڤیزم نوسرابێت تەنھا نووسینێکە کە بە ھاوکاری نیکۆڵا بوخارین (Nikolaj Boecharin) بە ناوی (مارکسیزم پرسی ناسیۆنالیزم) لە ڤییەنا سالی ١٩١٢نوسیویەتی.. ھەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ناوبانگی ستالین لە نێو حزبدا ئەوکاتە بڵاو بووەتەوە کە ستالین بۆ دابینکردنی داھاتی دارایی بۆ حزبەکەی لەگەڵ چەندی ھاوڕێ ی دیکەی خۆیدا زۆر سەرکەوتوانە چەندین بانکی وڵاتیان بڕیووە. ساڵی ١٩١٢ستالین بۆ یەکەم جار دەبێت بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزب، پاش ئەوەی لە ڤییەنا دەگەڕێتەوە لە ھەمان ساڵدا دەستگیر دەکرێتەوەو ڕەوانەی سیبریا دەکرێتەوە، بەڵام دیسانەوە خێرا دەتوانێت دەرباز بێت و ھەڵبێتەوە، لە ڕۆژی ٢٣ ی فێبەروەری ١٩١٣ دیسانەوە دەستگیر دەکرێتەوە و ڕەوانەی قووڵایی سیبریا دەکرێت و دەخرێتە ژێر چاودێری توندەوە، ھەر لە سیبریا بۆ چەندین جار شوێنی زیندانی کردنی دەگۆڕن و ھەمیشە لەژێر چاودێری توندی گرتووخانەکاندا دەبێت بۆیە ئەمجارە ھەتا سەرکەوتنی شوڕش نەیتوانی خۆی دەرباز بکات. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی فێبروەری، ستالین لە پترۆگراد (Peterograd) خۆی سەرقاڵی کاروباری شوڕش دەکات، بەپێ ی وتەی ھەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لەم ماوەیەدا ستالین زۆر زیرەکانە تەنھا وەک تەماشاچی سەیری شۆڕشی کردووە و چاوەڕێ ی یەکلابوونەوەی ململانێکانی نێو پارتەکەی بووە بۆ ئەوەی لە پاشاندا خۆی لەگەڵ لایەنی براوە دا گرێ بدات، پاش سەرکەوتنی تەواوی شۆڕش لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ دا ستالین وەک کۆمیسیار (وەزیر)ی نەتەوەکان دەستنیشان کراوە، لەکاتی شەڕی خۆبەخۆشدا (١٩١٨ – ١٩٢١)، ستالین بۆ تەواوکردنی خزمەتی سەربازی خۆی لە نێو سوپای سووردا وەک ڕێکخەری کاروباری حزب لەنێو سوپادا دەستبەکار دەبێت. لە گرمەی جەنگی جیھانی یەکەمدا کاتێک شوڕشی بەلشەفیک تازە سەرکەوتنی بەدەستھێنابوو ستالین زۆر دڵڕەقانە ئەو ناوچانەی لە نەیارەکانی شۆڕش پاکدەکردەوە کە خۆی سەرپەرشتیاری بوو. لەمانگی مەی ساڵی ١٩٢٠ پاش ھەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕووسیاو پۆڵەندا ستالین وەک سەرپەرشتیاری بەرەکانی باشووری خۆرھەڵاتی سوڤییەت دانرا. ساڵی ١٩١٩ بۆ یەکەمجار ستالین یەکێک بوو لەو پێنج ئەندامەی کە مەکتەبی سیاسی پارتی کۆمۆنیستیان بەڕێوە دەبرد، ئیتر لێرەوە ستالین نەخشەکانی خۆی بە ھێواشی بردە پێش و ھەنگاو بەھەنگاو بەرەو لووتکەی دەسەڵات بەرەو پێشەوە دەچوو، ساڵی ١٩٢٢ بوو بە سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیستی شورەوی، ستالین لە ڕێگای ئەم پۆستە گرنگەوە ھەوڵیدا بە تەواوەتی دەسەڵاتی خۆی بەسەر دامەزراوەی دەوڵەت و حزبدا زاڵ بکات، ساڵی ١٩٢٤ فلادمیر لەنین Vladimir Lenin یەکەم سەرۆکی یەکییەتی سۆڤیەت کۆچی دووایی کرد، ستالین مەرگی ئەم ڕابەرە گرنگەی زۆر زیرەکانە قۆستەوە، ئەو دەیزانی دڵسۆزی و گوێ ڕایەڵی بۆ کەسێکی وەک لەنین کە سیمبولی ھەموو ڕوسەکان بوو بە بەرژەوەندی خۆی بەکار بێنێت ، بۆیە وەک میراتگری ئەو خۆی دەرخست و مەراسیمێکی زۆر گەورەو شایستەی بۆ ئەنجامدا، تەنانەت زیرەکانە نەیھێشت ترۆتسکی کەئەو دەمە نەخۆش بوو، لەو مەراسیمەدا دەرکەوێت، ھەرچەندە ئەو (واتە ترۆتسکی) نزیکترین کەس بوو لە لەنینەوە دەگوترێت گویا ستالین ڕۆژ و کاتی مەراسیمەکەی بە ھەڵە بەو گەیاندووە… پاش مردنی لەنین حکوومەتێکی سێ قۆڵی لە ستالین و کامنیف وزینۆفیف پێکھێنرا، لێرەوە ستالین زۆر ورد و زیرەکانە گەمە سیاسییەکانی خۆی دەکرد، سەرەتا بە ھاوکاری باڵی ڕاستڕەوی ناو پارتەکەی بە تایبەت بوخارین و ئەلێکسی ڕیکۆف بەھێزترین کەسایەتی بەرامبەری لە باڵی چەپ واتە ترۆتسکی Trotski دامەزرێنەری سوپای سوور و یەکێک لە ھەرە بیرمەندە دیارەکانی شۆڕشی پەراوێزخست، لەم نێوەدا بۆ سەرکەوتنی خۆی زیرەکانە بوخارینی بۆ لێدانی ترۆتسکی بەکار ھێنا، بۆ ئەوەی پێگەی ترۆتسکی بە تەواوی لەناو بەرێت تیۆری بەلشەفیزم لەمەڕسۆشیالیزمی جیھانی گۆڕی و لە شوێنیدا تیۆری (سۆشیالزمی یەک وڵات)ی ھێنایە گۆڕێ بەم ھەنگاوەش توانی لە کۆنگرەی پازدەھەمی حزبدا لە ساڵی ١٩٢٧ترۆتسکی لە ئەندامێتی حزب بێبەری بکات و پاشان لە وڵات دووریشی خستەوە، بە ھەمان شێوە توانی بوخارین لەبەردەم خۆیدا لا بەریێت و لاوازی بکات، بەمجۆرە لە نێوان ١٩٢٨ – ١٩٢٩ دا ئیتر ستالین دەستی بە تەواوی کرایەوە، بەڵام ھەتا ئەو کاتەش دەسەڵاتی ڕەھای نەبوو بۆیە لەو پێناوەدا لە سەرەتای ساڵانی سییەکانەوە کۆمەڵێک کردەوەی کۆشتن و پاکتاوی جەستەیی ئەنجامداو خۆی بوو بە خاوەنی دەسەڵاتی بێ سنوور و ڕەھای دەوڵەت..

 
ستالین

خێزان و باری کۆمەڵایەتی دەستکاری

ستالین دوو جار ژنی ھێناوە، یەکەم ژنی بە ناوی یەکاترینا (Jekaterina Svanidze) پاش چوارساڵ لە ژیانی ھاوسەری خۆی لەگەڵ ستالیندا ساڵی ١٩٠٧ بە نەخۆشی سیل دەمرێت، ستالین ھەموو پارەو پولی خۆی بۆ حزب تەرخان کردبوو بۆیە نەیتوانی فریای ئەم ژنەی بکەوێت و دەرمانی گران بەھای بۆ بکڕێت، ستالین ئەم ژنەی یەکجار خۆش ویستووە، لە کاتی ناشتنیدا یەکێک لە وتە ھەرەگرنگەکانی خۆی دەڵیت «ئەو تەنھا کەس بوو دڵی بەردم بکات بە ئاو، پاش مەرگی ئەو ئیتر ھیچ واتایەک بۆ سۆز و خۆشەویستی خەڵک لای من بەھای نییە». ستالین لەم ژنەی تەنھا یەک کوڕی دەبێت بە ناوی ژاکوب، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ ئەم کوڕەیدا باش نابێت و سەرزەنشتی زۆری دەکات، کوڕەکەی ستالین ھەوڵی خۆکوشتن دەدات بەڵام فیشەکی تفەنگەکەی سەردەکات و تەنھا زامدار دەبێت، ستالین لەم بارەوە گوتویەتی (ئەو تەنانەت نازانێت فیشەکیش بە ڕاستی بتەقێنێت)، ئەم کوڕەی ستالین لە جەنگی جیھانی دووەمدا لەلایەن ئەڵمانەکانەوە یەخسیر دەکرێت، کاتێک ئەڵمانەکان دەزانن کوڕی ستالینە داوای ئاڵوگۆڕی ئەو دەکەن لەگەڵ ژەنراڵێکی ئەڵمانی بەڵام ستالین بەوە قایل نەبووە و گوتویەتی (سەربازێک بەرامبەر بە ژەنراڵێک زۆرە)، پاشان ئەم کوڕەی ستالین لە ھەوڵێکی ڕاکردندا بەدەستی ئەڵمانەکان دەکوژرێت، سەبارەت بە مەرگی کوڕەکەی ستالین ئەمە لێداوانی فەرمییە بەڵام دەنگۆی ئەوەش ھەیە کە ئەو دیسان بە دەستی خۆی کۆتایی بە ژیان ھێنابێت و بە ئانقەست لە زیندانەکەیدا بەسەر کێبڵێکی کارەبایی تەوژم بەرزدا ڕۆشتبێت. ژنی دووەمی ستالین نەداشا ئالیلوژاڤا (Nadezjda Alliloejeva) کچی یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بوو، ئەم کیژە سەرقاڵی خوێندنی ئەندازیاری بوو کاتێک لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا شوی بە ستالین کرد، بە ھەمان شێوە ئەمیش ئەندامێکی دڵسۆز و دڵگەرمی بەلشەویکەکان بوو، ئەم ژنەی ستالین ساڵی ١٩٣٢ کۆچی دوایی کردووە، بەپێی لێدوانە فەرمییەکان بە نەخۆشی مردووە بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو پاش دەمەقاڵێ لەگەڵ ستالین خۆی کوشتووە، لەم ژنەش ستالین کچێک و کوڕێکی خستووەتەوە، کوڕەکەی ستالین Vasili Stalin ھەتا جەنگی دووەمی جیھانی لەھێزی ئاسمانیدا خزمەتی سەربازی خۆی کردووە بەڵام دەگوترێت ئەویش لە پاشاندا بەھۆی ئاڵوودەبوونی بە ئەلکھولەوە ساڵی ١٩٦٢ کۆچی دوایی کردووە، کچەکەی ستالین Svetlana Alliloejeva زمانی ئینگلزی و مێژووی ئەمریکای خوێندووە، ساڵی ١٩٦٧ ڕۆشتووە بۆ ئەمریکا و پاشان ساڵی ١٩٨٤ بۆ یەکەمجار گەڕاوەتەوە سۆڤیەت و چەند ساڵێک مافی نیشتەجێ بوون وەردەگرێت و پاشان بەیەکجاری لەگەڵ کچەکەیدا بەرەو خۆراوا دەڕواتەوە.

پۆلیسی نھێنی ستالین و کاری سیخوڕی و پاکتاوی جەستەیی دەستکاری

سەردەمی حوکمی ستالین بە سەردەمی ئاگر و ئاسن ناو دەبرێت، ئەو ھەر ئەوەندەی دەستی واڵا بوو، ئیتر کەوتە وێزەی نەیارەکانی خۆی، ھەرچەندە دەزگاکانی پۆلیسی نھێنی وەک (چیکا- Tsjeka) پاشان (گپو- GPU) لەکاتی لینینیشدا ھەبوون، بەڵام لەسەردەمی حوکمی ستالیندا گەیشتنە ئەوپەڕی دەسەڵات و دڵڕەقی. لە چوارچێوەی ئەم شێوەکارانەدا ستالین پۆلیسی نھێنی ناوخۆ و دەرەوەشی دروست کرد، لەژێر چاودیری ڕاستەوخۆی خۆیدا چەندین تۆڕی جاسوسی و دژە جاسوسی لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و ئەمریکا بڵاو کردەوە، یەکێک لە کارە دیارەکانی ئەم دەزگایانەی ستالین ئەوە بوو کە ساڵی ١٩٤٠ لە مەکسیک توانیان دەستیان بگەیەننە ترۆتسکی و لەناوی بەرن. ستالین جیاوازی لە نێوان کاری سیاسی و پروپاگەندەی حزبی و جاسوسی نەدەکرد بۆ ئەو ھەموو یەک ئامانجیان ھەبوو، کۆنفرانسی ئەنتەرناسیۆنالی سێھەمی بۆ ئەم مەبەستە خستە خزمەت خۆیی و تەواوی ھەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ھەموو پارتە کۆمۆنیستەکانی دنیا دڵسۆزو مل کەچی سۆڤیەت و ستالین بن و لە وڵاتەکانی خۆیاندا لە بەرژەوەندی ئەم ڕێبازە وەگەڕیانخات، لەناوخۆی وڵاتیشدا ھەرکەس و گرووپێک بۆچوونیان جیاواز بوایە بە ناوی خیانەت بە شۆڕش وسۆشیالیزم و بەکرێگراوی بێگانە لەلایەن ئەم دەزگا پۆلیسانەوە دەستگیر دەکران و دووچاری چارەنوسی نادیار دەبوونەوە.

شاڵاوەکانی کوشتن و پاکتاوی گەورە دەستکاری

کوژرانی سێرگی کیرۆف (Sergej Mironovitsj Kirov) لە یەکی کانوونی یەکەمی ١٩٣٤ سەرەتای دەستپێکردنی گەورەترین شاڵاوی کوشتن و پاکتاوکردن بوون لە سەردەمی ستالیندا، کیرۆف لە ساڵی ١٩٣٠ دا بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب، یەکێک بوو لە کەسایەتییە خۆشەویست و ناسراوەکانی حزب، زۆرێک لە ئەندامان داوای ئەوەیان لێکرد لە کۆنگرەی حەڤدەھەمینی حزبدا شوێنی ستالین بگرێتەوە و خۆی بۆ سەرۆکایەتی حزب کاندید بکات، ھەرچەندە ئەو خۆی لایەنگری ستالین بوو، ھەر خۆشی ئەم چیرۆکەی بۆ ستالین باس کرد، بەڵام ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کە ئیتر ستالین ئەو وەک دوژمنێکی خۆی بناسێت، لەکۆنگرەدا وێڕای فێڵ و تەڵەکەبازی ستالین کیرۆف ١٦٦ دەنگی ھێناو تەنھا بە یەک دەنگ لە دوای ستالینەوە بوو. کیرۆڤ لە نووسینگەکەی خۆی لە شاری لینینگراد بە فیشەکێک کوژرا، و بووە ھۆی ئەوەی حزبی کۆمۆنیست بەتەواوی بھەژینێت، ئەمەش ھەلی بە ستالین بەخشی کە ئیتر بە ڕاست و چەپی خۆیدا نەیارانی خۆی بە ناوی خائن وھەڵپەرست و دژە شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنەوە پاکتاو بکات، بە سەدان ئەندامی حزب و ئەفسەری سوپای سوورو کارمەندانی دەوڵەت و تەنانەت ھاووڵاتیانی سڤیلیش کەوتنە بەر ئەو شاڵاوانە. ستالین خۆی سەرپەرشتی دادگاکانی دەکردن لە مۆسکۆ، لە تەواوی وڵاتیشدا دادگای ھاوشێوە دانران. ئەم دادگایانە ناسرابوون بە دادگاکانی مۆسکۆ و بە سەرکردایەتی (دەندرێ ڤیژینسکی) بەڕێوە دەبران، چوار دانە لە پرۆسەکانی دادگاییکردن بایەخێکی زۆر گرنگیان ھەیە لە مێژووی ڕووسیادا کە ئەوانیش ناسراون بە:

  1. دادگاییکردنی شازدە کەس لە مانگی ئابی ١٩٣٦.
  2. دادگاییکردنی ھەڤدە کەس لە مانگی کانوونی دووەمی ١٩٣٧.
  3. دادگاییکردنی مارشاڵ تۆخاچێڤسکی و چەندین ئەفسەرو پلەبەرزی سوپای سوور لە مانگی حوزەیرانی ١٩٣٧.
  4. دادگاییکردنی بیستویەک کەس (لە ناویاندا بوخارین) لە مانگی ئازاری ١٩٣٨.

شاڵاوەکانی کوشتن و پاکتاو کردن بە پلەی یەکەم ئەندامانی حزبەکەی خۆی دەگرتەوە، کار گەشتە ئەوەی کە پاش کوشتنی ترۆتسکی لە نێو ئەندامانی کۆنی مەکتەبی سیاسی سەردەمی لینیندا تەنھا سێ کەس مابوونەوە ئەوانیش جگە لە ستالین خۆی میخائیل کالینین و مۆلۆتۆڤ بوون، کتێب و نووسین و مێژووش لەم کردەوانە بەدەر نەبوون، مێژوو بە دڵی ستالین دەنوسرا و لە کتێبی قوتابخانەکاندا بەجۆریک باسی شۆڕشی تشرینی یەکەم دەکرا کە بە تەنھا لینین و ستالین ئەنجامیان دابێت و ناوی کەسی دیکە نەدەھینرا.

ڕاگواستن و کۆچی زۆرەملێ :ھەر لە ساڵی ١٩٢٩ بەدوواوە ئیتر ستالین کەوتە جێبەجێ کردنی نەخشەکانی خۆی بۆ سەرلەنوێ بنیات نانەوەی یەکییەتی سۆڤیەت و گۆڕینی بۆ وڵاتێکی ناوەندی بەھێز. ھەرچەندە ستالین خۆی لە قوتابخانەی ئایینی ئەرتۆدۆکسی خوێندویەتی بەڵام. باوەڕی مارکسیزم و لینینزم سروشتی ئەوەی پێدەبەخشی کە ئایین بەتەواوی لە بنەوە ھەڵتەکێنێت و لەناوی بەرێت باوەڕدارانی ئایینیی دەستگیر دەکران، کەنیسەو مزگەوتەکان قەدەغەکران، لە جیاتی ھەموو ئەمانە حزب و دامەزراوەکانی حزب جێگرەوە بوون، ئەو دودڵ نەبوو لەوەی ئایین بخاتە خزمەت ئایدۆلۆجیای خۆیەوە، لەم ئانوساتەدا ستالینیزم وەک ڕێبازێک لە برەو سەندندا بوو، بۆیە ئەو خۆی لە جیاتی حەزرەت مەسیح نیشان دەدا، تابلۆی تایبەت بە ستالین بڵاو دەکرانەوە کە ھاوتای وێنەکانی یەسوعی مەسیح بوون، کارگەشتە ئەوەی کە ستالین لە تابلۆی (دوواھەمین خوان) لە ژوور سەری مەسیحەوە یەکێک بێت لە دووازدە یاوەرەکەی. ھەر ناوچە و دەڤەرێک بەرامبەر بە سیاسەتە ئابورییەکانی ستالین ھاوکاری تەواوی نەکردایە ڕاگواستن چارەنوسی بوو، سەدەھا کەس بە تۆمەتی ئاغا و سەرۆک ھۆز و کۆلاک بوون ڕەوانەی سیبریا کران. پڕۆسەکانی ڕاگواستن و کۆچی زۆرە ملە لە کاتی جەنگی جیھانی دووەم و پاش جەنگ گەشتنە ئەوپەڕی، پتر لە یەک ملیۆن و نیو مرۆڤ کە سەربە نەتەوە جیاوازەکان بوون بۆ سیبریا و کۆمارەکانی ناوەڕاستی ئاسیا دوور خرانەوە، ئەم پرۆسانە بوونە ھۆی ئەوەی کە سروشتی دیمۆگرافی وڵات بشێوێت و زۆرێک لە جەنگ و ململانێکانی ئەمڕۆ بە تایبەت لە ناوچەکانی قەوقاز دەرئەنجامی ئەو کارانەی ستالینن، ھۆیەکانی ڕاگواستن و کۆچی زۆرەملێی خەڵکی لە زاری حکوومەتی سۆڤیەتەوە بریتی بوون لە ھاوکاری نازییەکان، خیانەت کردن لە وڵات، یاخی بوون و داوای سەربەخۆیی بوون.

ژمارەی قوربانییەکان دەستکاری

ژمارەی قوربانییەکانی ئەو پرۆسانەی باسکران ئاشکرا نین، لە سەردەمی جەنگی ساردا ئەم ژمارەیە بە شێوەیەکی خەیاڵی زیاد کراوە و گەشتووەتە نزیکەی چل ملیۆن کەس، پاش ھەڵوەشاندنەوە و لەناوچوونی یەکییەتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ زانیارییەکان تاڕادەیەک ئاشکرا بوون، ھەرچەندە ژمارەی دروست و تەواوی قوربانییەکان ھەرگیز نەزانراوە بەڵام باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی ٨٠٠ ھەزار کەس بە تاوانی سیاسی و نا سیاسی لەناو براون و ئەگەر قوربانیانی ڕاگواستن و کۆچی زۆرەملەی بخریتە سەر ئەوا پێکەوە خۆی لە نزیکەی ٣ ملیۆن نەفەر دەدات. ھەرچۆنێک ھەژمار بکرێت ھەتا ئێستا ژمارەی دروستی قوربانییەکان نەزانراون و لەم بارەوە چەندین سەرچاوەی جیاواز ئاماژە بۆ ژمارەی جیاواز دەکەن، نووسەری ڕوسی ڤادیم ئەرلیکمان ژمارەی قوربانییەکان بە ٩ ملیۆن کەس لە قەڵەم دەدات کە لەوانە ملیۆن و نیوێک بە تۆمەتی سیاسی و نا سیاسی جیاواز لەناو براون. ڕۆبێرت کانگۆئیست ژمارە تەواوی قوربانییەکانی سەرەتا بە ٣٠ ملیۆن کەس ناو دەبرد پاشان کردنی بە بیست ملیۆن.

کاریگەری ستالین لەسەر ئابوری وڵات دەستکاری

جەنگە درێژەکانی ناوخۆی وڵات و جەنگی جیھانی یەکەم ڕووسیای بە تەواوی وێران و ماندوو کردبوو، گەشەسەندنی ئابوری وڵات لە ساڵی ١٩٢٢ دا تەنھا بەرامبەر بەڕێژەی ١٣٪ ی ساڵی ١٩١٤ بوو، کاری یەکەم و سەرەکی ستالین ئەوە بوو کە ئەو وڵاتە گەورەیە لە کۆمەڵگایەکی جیاوازی پڕ لە نەتەوەو ڕەگەزو ئایین و ئایینزاکانەوە بگۆڕێت بۆ یەک نەتەوە لەژێر یەک ئاڵای سووردا لە چوارچێوەی یەکییەتی سۆڤیەت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو کۆمەڵگای سۆڤیەت لە کۆمەڵگایەکی دوواکەوتووی کشتوکاڵییەوە بگۆڕیت بۆ کۆمەڵگایەکی پێشەسازی مۆدێرن و بەھێز. دەبوو بۆ ئەم مەبەستە ستالین کۆمەڵیک بڕیارو ھەنگاوی ھەڵبێنێت لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵی و پیشەسازییەوە، کارێکی لەم جۆرەش ئاسان نییە چونکە دەبوو ئەو پەیکەری کۆمەڵگا بە سەرخان و ژێرخانییەوە بگۆڕێت بۆیە سەرەتا ڕووبەڕووی بەرھەڵستی توندی جووتیاران و ئاغاو دەرەبەگەکان بۆوە، بۆ ستالین تەنھا یەک بڕیار لە گۆڕێدا بوو بۆیە فەرمانی بە ھێزەکانی خۆیدا ھەر کەس بەرامبەری بوەستێت و بەگوێی نەکات چارەنوسی یان کوشتن یاخود ڕاگواستن و دوورخستنەوە دەبێت.

پیشەسازی دەستکاری

لەکۆتایی دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە ئیترسیاسەتی ئابوری وڵات گۆڕا، نەخشەکێشانی ئابوری بوو بە بەرنامەی سەرەکی بۆ گواستنەوەی سۆڤیەت بەرەو سوشیالیزم و سۆشیالیزمی دەوڵەتی، بۆ ئەم مەبەستەش (پلانی پێنجی) دانرا، پیلانی پێنج ساڵی بۆ ئابوری نەتەوەیی یەکییەتی سۆڤیەت (Five-Year Plans for the National Economy of the Soviet Union) بریتیی بوو لە پلانێک بۆ سەرلەنوێ بنیات نانەوەی وڵات و ھەر پێنج ساڵ جارێک نوێ دەکرایەوە، ژێرخانی وڵات لەم پلانانەدا بەشی ھەرە زۆری بەردەکەوت، کارەبا، گواستنەوە، پردەکان، جادەکان، بەربەستەکان، کارخانەکان… ھتد لەنێو ئەم نەخشەیەوە دەکەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکەم پلانی پێنجی ساڵی ١٩٢٨ دانراو لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٩ – ١٩٣٣ جێبەجێ کرا، ئەم نەخشە ئابورییەی ستالین بووە سیاسەتێکی چەسپاو بۆ ئابوری وڵات بە جۆرێک کە ١٢ نەخشەی پێنجی لەوڵاتدا بەڕێوە چوون بەڵام بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی یەکییەتی سۆڤیەت و کەرت و پەرت بوونی ئیتر دووا نەخشە کە بۆ ساڵی ١٩٩١–١٩٩٥ دانرابوو، جێبەجێ نەکرا. پلانە پێنجییەکانی ئابوری یەکییەتی سۆڤیەتی لە وڵاتێکی دوواکەوتووەوە گۆڕی بۆ وڵاتێکی بەھیز و بەرھەمدار، بەجۆرێک کە لە کۆتایی نەخشەی پێنجی یەکەمدا واتە لە ساڵی ١٩٣٣ دا ئابوری وڵات و دەرامەتی ڕاستەقینەی کرێکاران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٩٢٤ دە ئەوەندە زیادی کرد، ئیتر لە کۆتایی دەیەی سێھەمی سەدەی بیستەمدا سۆڤیەت بوو بە یەکێک لە دەوڵەتە بەھێز و سەنگینە ئابورییەکانی دنیا.

کشتوکاڵی دەستکاری

کەرتی کشتوکاڵ بە ھەمان شێوەی کەرتی پێشەسازی کەوتە بەر گۆڕانکارییە ئابورییەکان، سیستەمی بەرھەمھێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بە تەواوی لە ڕەگەوە ھەڵتەکێنرا، ئەو سیستەمە کە پێشتر سیستەمێکی دەرەبەگی و پاشکەوتوو بوو، بوو بە سیستەمێک لە ڕێگای کۆلخۆزەکان (Kolchoz) و سۆڤخۆزەکانەوە (Sovchoz) بەڕێوە دەبران، ئەو دەرەبەگ و جووتیارانەی ئامادە نەبوون بەرھەمەکانی خۆیان بەو نرخەی کە دەوڵەت خۆی دیاری دەکرد بە دەوڵەت بفرۆشنەوە دەکەوتنە ژێر بڕیارە توندەکانی ستالینەوە و کوشتن یاخود دوورخستنەوە چارەنوسییان بوو. ھەرچەندە کەرتی کشتوکاڵ لەگەڵ کەرتی پیشەسازیدا گرێدراو مەکینەی تازەو مۆدێرنی کشتوکاڵی شوێنی ئاژەڵی گرتەوە بەڵام بەھۆی لەبەرچاو نەگرتنی بەرژەوەندی جووتیاران و دەرەبەگانەوە کەرتی کشتوکاڵ زۆر زەرەرمەند بوو.

زانست دەستکاری

ھاوشێوەی ئەدەب و ھونەر، زانستیش لە سەردەمی ستالیندا لەژێر کۆنترۆڵی توند و تەواوی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتدا بوو، ئاسایشی ئایدۆلۆژی یەکێک بوو لە بنەما گرنگەکانی دەوڵەت کە لە خوێندن و زانستدا وەک (فەرھەنگ و کەلتوری سۆڤیەتی) کاری لەسەر دەکرا، توێژینەوەکانی دەوڵەت لە زۆر بواری زانستیدا پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆوە بینی بەڵام ھەندێک بەشی زانیستی وەک سیبرناتیک (cybernetics) و جینەتیک (Genetics) وەک زانستی بۆرژوازی تەماشا دەکران. توێژینەوەی زانستی ھۆکاری ئەوە بوون کە زۆرێک لە زانایان و بیرمەندان لە ئۆردوگاکانی کارکردندا بەزۆر کاریان پێبکرێت، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی چەند کەسیکیشیان لە سێدارە بدرێن. بە شێوەیەکی گشتی لە ھەندێک بواری تایبەتی زانستدا سۆڤیەت پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینی کە بەرھەمەکەشی لە سەرەتای پەنجاکاندا بەدیارکەوت کاتیک سۆڤیەتییەکان توانیان کۆمپیوتەری گەورە بەرھەم بێنن، بەڵام ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ بەرھەمھێنانی مانگی دەستکردی سپۆتنیک -١ (Spoetnik ١) سیاسەتمەدارانی ئەمریکا ڕاشکاوانە دانیان بەوەدانا کە ئەوان لە دوای سۆڤیەتەوەن.

خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەستکاری

لەسەردەمی ستالیندا بۆ یەکەمجار خەڵکی سۆڤیەت بە ئاستیک لە ئاستەکانی ئازادی کۆمەڵایەتی گەیشتن، پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا گۆڕا، ژنان بۆیان ھەبوو ھاوتای پیاوان بخوێنن و لە سەرکاریشدا بەرامبەر بە کاری ھاوشێوەی پیاو ھەمان کرێ و ھەقدەست بە ژنان دەدرا، لەڕوی تەندروستییەوە کۆمەڵگای سۆڤیەت پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینی، ئاستی ناوەندی تەمەن زیادی کرد و کۆمەڵگا بەرەو ئارامی و ڕەفاھییەت ھەنگاوی دەنا، مافی خوێندن بۆ ھەمووان وەک یەک بوو، دەرمان و خەستەخانە و دکتۆر بۆ ھەمووان بوو، نەخۆشییەکانی وەک تایفۆئید و مەلاریا تا ئاستێکی زۆر کەم بوونەوە، ژنان بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا توانیان لە کەش و ڕەوشێکی ئارامدا و لەژێر چاوی پزیشک و لەنێو خەستەخانەکاندا منداڵ بخەنەوە، لەسەردەمی ستالیندا بۆ یەکەم جار نەوەیەک ھاتە دنیاوە کە زۆربەی ھەرە زۆریان خویندەوار بوون.

جەنگی جیھانی دووەم دەستکاری

بەر لە جەنگی جیھانی دووەم ستالین وەزیری دەرەوەی خۆی ماکسیم لیتڤیتۆڤی لابردو (مۆلۆتۆڤ)ی خستە شوێنی، کاری مۆلۆتۆڤ ئەوە بوو کە بتوانێت لەبەرامبەر نەتەوە پەرستە نازییەکانی ئەڵمانیا (ھتلەر) و فاشتەکانی ئیتالیا (مۆسۆلینی) بتوانێت لەگەڵ فەرەنساو ئینگلیزدا جۆرێک لە ھاوپەیمانی بەرگری ھاوبەش بەرھەم بێنێت، بەڵام پاش ئەوەی سەرەنجام دانوستانەکانی مۆسکۆ لەم بارەوە شکستی خوارد، گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر ھەڵوێست و سیاسەتی ستالیندا ھات و لە ڕۆژی ٢٤ ی مانگی ئابۆسی ١٩٣٩ دا ڕێکەوتنامەی مۆلۆتۆڤ – ڕیبن تروپاکت مۆری مۆرکرد، ئەم ڕێکەوتن نامەیەی ستالین بە ڕێکەوتن نامەی بەرگری ناو دەبرێت، مەبەستی ستالین لەمەڕ ئەم ڕێکەوتنە ئەوە بووە کە خۆی گوتەنی (با دوژمنەکانمان جارێ یەکتر بخۆن)، بەڵام لە ڕۆژی ١ی ئەیلوولی ١٩٣٩ واتە تەنھا پاش یەک ھەفتە لە مۆرکردنی ڕێکەوتنەکە ھتلەر ھێرشی کردە سەر پۆڵەنداو بەشی خۆراوای داگیر کرد، بەمەش جەنگی جیھانی دووەم ھەڵگیرسا، سۆڤیەتیش لەبەرامبەر ئەمەدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵدا ھێرشیان کردە سەر پۆڵەنداو بەشی خۆرھەڵاتی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان برد، بەمەش تەواوی ئەو ناوچەیەی کە بەر لە جەنگی جیھانی یەکەم بەشێک بوون لە خاکی ڕووسیا گەڕانەوە ژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت. ستالین لە ٥ی مارسی ١٩٤٠ فەرمانی کوشتنی ٢٥٧٠٠ کەسی لە دیلە پۆڵەندییەکان بەتاوانی دژایەتی شۆڕش و نەتەوە پەرستی دەرکرد، زۆربەی ئەم کوژراوانەش کەسانی ڕووناکبیری ناودارو پیاوانی دەوڵەت بوون. لەزستانی ١٩٤٠ سوپای سووری سۆڤیەت ھێرشی کردە سەر فنلەنداو داگیری کرد، ھەرچەندە فنلەندییەکان شەڕێکی زۆر قورسیان لەگەڵ سۆڤیەتدا کرد بەڵام سەرەنجام خۆیان بە دەستەوەدا. ڕۆژی ٢٢ی ژونی ١٩٤١ ھتلەر پەیمانی (مۆلۆتۆڤ- ڕیبن ترۆپاکت)ی شکاند و لە ھێرشێکدا بە ناوی (ئۆپراسیۆنی بەربەرۆزا) ھێرشی کردە سەر خاکی سۆڤیەت و بەشێکی داگیر کرد.

جەنراڵ بەفر: سەرچاوەکانی مێژوو بە شێوەیەکی جیاواز باس لە ئۆپراسیۆنی بەربەرۆزا دەکەن، بەپێ ی وتەی ھەندێک لەو سەرچاوانە لەبەر ئەوەی پێشتر ستالین زۆر ئەفسەری شارەزاو گەورەی نێو سوپای سووری لە سێدارە دابوون ئەم ھێرشەی بە کتوپڕو چاوەڕوان نەکراو کرایە سەرو خۆی بۆ ئامادە نەدەکردبوو، ھەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە ستالین بەڵێ زۆر دڵنیا بووە لەوەی کە ئەڵمانیا ھێرش دەکاتە سەریان بەڵام چاوەڕێ ی ئەوە نەبووە بەو کتوپڕییە بێت، بەڵکو لەو باوەڕەدا بووە ئەم ھێرشەی ئەڵمانیا ھەرگێز بەر لە ساڵی ١٩٤٢ ئەنجام نادرێت، بەڵام چەندین سەرچاوەی دیکەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەڵێ ستالین زۆر بە وردی حسابی بۆ ئەم ھێرشەی ئەڵمانیا کردووە، بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە کە ئەو ھەموو کارخانەو شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکانی گواستووەتەوە بۆ قووڵایی وڵات، تەنانەت ئەو ھێزانەشی لەو شوێنانە جێگری کردبوون ھەمووی ھێزی لاوازبوون بە چەکی کۆنەوە بۆ ئەوەی دوژمن بکەوێتە ھەڵەی ھەڵسەنگاندنەوە، تەنانەت ھاوتای ھێرشەکانی کۆنی ناپلیۆن ستالین ھەمیشە پاشەکشەی کردووە بۆ دوواوە بۆ ئەوەی سوپای ئەڵمانیا پەلکێشکاتە ژورێ و بڵاوی کاتەوە و بتوانێت گاڵەی پێبکات، ستالین لەم بارەوە لەوەڵامی یەکێک لە ژەنراڵەکانی خۆیدا کە داخۆ ھەتا کەی پاشەکشە دەکەن دەڵێت (ھەتا ئەو کاتەی ژەنراڵ بەفری ھاوڕێمان قوتیان دەدات) ئیتر لەگەڵ پەلێکش کردنی سوپای ئەڵمانیا بۆ قووڵایی ناوچە ساردەکان و ھەتا نزیک دەروازەی شاری مۆسکۆ، ئیتر شەڕی ڕاستەقینە و دژە ھێڕشی سۆڤیەت دەستیپێکرد، شەڕی ڕاستەقینەی ئەڵمانەکان سەرەتا لەگەڵ نەخۆشی و بەفردا بوو پاشان سوپای سوور قڕی کردن… پاش تێکشاندنی ئەڵمانەکان لە شەڕی ستالینگراد ١٩٤٣ ئیتر پاشەکشەیان دەستپێکرد، بە تێپەڕبوونی کات و لە ساڵی ١٩٤٤ دا زۆربەی وڵاتانی ئەورووپای خۆرھەڵات کەوتنە ژێر دەستی سوپای سوورەوە، لە ڕۆژی دووەمی مانگی مەی ١٩٤٥ شاری بەرلین بە تەواوی کەوتە دەست سوپای سوورو ستالین جەنگی بردەوە.

مردنی ستالین دەستکاری

ڕۆژی ٥ی ئازاری ١٩٥٣ ستالین لە ماڵەکەی خۆیدا لە کونتسەڤۆ کۆچی دووایی کرد، ھەتا ئێستا سەبارەت بە ھۆکاری مردنی ستالین ھیچ ئاشکرا نەبووە، بەڵام سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومەتی سۆڤیەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بە نەخۆشی فشاری دەماخ کۆچی کردووە. ھەندێک سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لاڤرێنتی بەرییا (Lavrenti Beria) ستالینی دەرمان خوارد کردبێت، ھۆکاری ئەمەش ئەوە بووە گویا بەرییا ھەستی بەوە کردووە کە ستالین لەناوی دەبات چونکە ئەو دەسەڵاتی زۆری پەیدا کردبوو، بەرییا کاری بۆ ئەوە کردووە کە پاش دەرمانخواردکردنی ستالین ھەتا ماوەی ٢٤ کاژێر ھیچ دکتۆرێک نەتوانێت سەردانی بکات. یەکێکی دیکە لە چیرۆکەکانی مردنی ستالین باس لەوە دەکات گویا ستالین بە درێژایی ڕۆژێک لە ژورەکەی خۆی نەھاتووەتە دەرەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ھیچ کەس بۆی نەبووە بێزاریکات، کەس نەیوێراوە لە دەرگای بدات و ھەواڵی بپرسێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژە ھەتا مۆڵەتی چونە ژوری ستالین وەرگیراوە و کەسێک بۆی ھەبووە بچێتە ژورەکەی ستالین لەسەر فەرشی ژورەکەی خۆی لەپەلوپۆ کەوتووە و پاشان بە فشاری دەماخ مردووە.. لاشەکەی ستالین بە مۆمیاکراوی لە ڕۆژی ٩ی ئازاردا لە ڕێورەسمێکی گەورەدا لە پاڵ دامەزرێنەری یەکییەتی سۆڤیەت ڤلادیمیر لێنین دەنێژرێت، ساڵی ١٩٦١ لاشەکەی گوێزرایەوە بۆ دیواری کرەملن و لەوێ نێژرا. ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوە و کەرتوپەرت بوونی سۆڤیەتدا، جۆرجیاش سەربەخۆیی ڕاگەیاند و لە تەواوی وڵاتدا ھەموو پەیکەرەکانی ڤلادیمیر لێنین و جۆزێپ ستالین شکێنران، بەڵام لە سەدان کەس لە گۆڕەپانی شاری گۆری کۆبوونەوەو پەیکەرەکەی ستالینیان پاراست.. لە مانگی ژونی ٢٠١٠ دەسەڵاتدارانی جۆرجیا بە شەو پەیکەرەکەی ستالینیان داگرت، ئەم پەیکەرە برۆنزە و شەش مەتر درێژە، لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە لە شوێنی لەدایکبوونی ستالین لە گۆڕەپانێکدا دانرابوو، بەڵام بەھۆی جەنگی ساڵی ٢٠٠٨ لە نێوان ڕووسیاو جۆرجیادا ئەو پەیکەرە برایە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە ستالین لە ھەمان شارو لە جیگای ئەودا یادگارێکی قوربانییەکانی ئەو جەنگە دانرا.

سەرچاوەکان دەستکاری