بەختیار عەلی
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
بەختیار عەلی (لەدایکبووی ١٩٦٠ لە سلێمانی، عێراق) ڕۆماننووس، شاعیر و ڕۆشنبیرێکی کوردە، و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوێد بڵاو کرایەوە.
بەختیار عەلی | |
---|---|
لەدایکبوون | بەختیار عەلی محەممەد ٨ی ئابی ١٩٦٠ سلێمانی، ھەرێمی کوردستان، عێراق |
پیشە | نووسەر، شاعیر، ڕەخنەگری ئەدەبی |
نەتەوە | کورد |
ڕەگەز | نێر |
کارە دیارەکان | کەشتیی فریشتەکان دواھەمین ھەناری دونیا |
چالاکی ساڵانی | ١٩٨٣ - ئێستا |
واژوو | |
ماڵپەڕی فەرمی | |
www |
ژیاننامە
دەستکاریبەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ لە گەڕەکی «ئیبراھیم پاشا»[١][٢] لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی «شێخ سەلام» لە سلێمانی تەواو کردووە و پاشان خوێندنی ناوەندی لە «ناوەندی ئەزمەڕ» و خوێندی ئامادەیی لە ئامادەیی «ھەڵکەوت» ی کوڕان تەواو کردووە. پاشان لە ھەردوو زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین خوێندکاری کۆلیژی زانست بەشی زەویناسی دەبێت، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە ھەولێر بریندار دەبێت و دەست لە خوێندنی زانکۆ ھەڵدەگرێت و بە تەواوی خۆی بۆ کاری نووسین و ئەدەبیات یەکلا دەکاتەوە. ساڵی ١٩٨٥، بەھۆی بارودۆخی نالەباری باشووری کوردستان و بۆ ئەوەی لە سوپای عێراقیدا نەبێتە سەرباز، دەچێت بۆ ئێران و نزیکی ٨ مانگ لە شاری کەرەج لە کامپێکی پەنابەراندا دەژی. بارودۆخی دژواری کەمپەکە و بێ ھیوایی وادەکات بگەڕێتەوە و ماوەیەکی درێژ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بمێنێتەوە. دوای بەجێھێشتنی شاری کەرەج بە ھاورێیەتی ھەردوو نووسەر «فاروق ڕەفیق» و «ڕێبوار سیوەیلی» ڕوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات و بۆ ماوەیەک لە ناوچەی «چەمپاراو» نیشتەجێدەبن و پاشانیش لەگەڵ ئەو دوو نووسەرە لە شاری بانە دەمێننەوە.[١] پاش سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ، کوردستان بە جێ دەھێڵێت و ڕوودەکاتە سووریا و پاشان ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت.[٣]
ژیانی ئەدەبی
دەستکارییەکەم بەرھەمی بڵاوکراوەی بەختیار عەلی قەسیدەی «نیشتیمان» ـە – کە قەسیدەیەکی دوورودرێژە. لە ساڵانی ھەشتادا بەختیار کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ دەنووسێت، وەک «شار»، «گوناھ»، «کەرنەڤاڵ» و چەندانی تر، دەستنووسی یەکەم ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم» یش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە. لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩دا، یەکەمین وتاری بە دوو بەش بە ناونیشانی «قسەکردن لە پەراوێزی بێدەنگی» دا لە ڕۆژنامەی «پاشکۆی عێراق» دا بڵاودەبێتەوە. لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا، لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری تردا ژمارە یەکی «گۆڤاری ئازادی» دەردەکەن کە دواتر پێنج ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٢دا، یەکەمین کۆمەڵە شیعری بەناوی «گوناھ و کەرنەڤاڵ» بەجۆرێکی ئێجگار سادە و سەرەتایی و بە تیراژێکی کەم چاپ دەکرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین کۆڕ و سیمینار لە ھەولێر و سلێمانی لەبارەی ئەدەب و فەلسەفەوە پێشکەش دەکات و ئیشەکانی لە پاڵ ئیشی کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری تردا وەک سەرەتای سەرھەڵدانی جۆرە تێڕوانینێکی جیاواز بۆ ئەدەب و کۆمەڵگا سەیردەکرێن.
دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ئەیلوولی ١٩٩٤دا کوردستان بەجێدەھێڵێت و ڕوو دەکاتە سووریا، پاش نۆ مانگ ژیان لە دیمەشقدا دەگاتە ئەڵمانیا و تا ساڵی ١٩٩٩ لە فڕانکفورت نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٩٧یشدا دەست بە نووسینی ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە» دەکات و لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ تەواوی دەکات. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت.
پاشان لە ساڵانی نەوەدەکان ھاوشانی «ڕێبین ھەردی»، «ڕێبوار سیوەیلی»، «مەریوان وریا قانع»، «فاروق ڕەفیق»، «ئاراس فەتاح»، «ھەڵکەوت عەبدوڵا» ناوەندی ڕەھەند دادەمەزرێنن، پاشان چەند ژمارەیەک لە گۆڤاری ڕەھەند بڵاو دەکەنەوە – کە گۆڤارێکی ئەدەبی و فیکری بووە.
ژیانی تایبەتی
دەستکاریبەختیار عەلی لەسەر نووسینەکانی خۆی دەڵێت «لە پشت وشەیەکەوە کە خستوومەتە سەر کاغەز خەونێک ھەیە [...] خەونی گۆڕینی دونیا تەنانەت گەر کەمێکیش بێت». بەختیار عەلی لە نووسیندا دەستی ڕاستی بەکاردێنێت و پەنجەیەکی دەستی چەپیشی لەکارکەوتووە بەھۆی برینداربوونی لە خۆپیشاندانی ھەولێری ساڵی ١٩٨٣ی دژی بەعس.
بەختیار عەلی خەونی ئەوە بووە کە ببێتە سینەماکار، و لەبارەیەوە دەڵێت:
« | ئەو شتەی کە حەزم لێیبووە و ھەرگیز نەشموێراوە باسی بکەم و بیھێنمەدی، حەزم بووە لە بواری سینەما... ئێستا ئەگەر لێمبپرسیت: «گەر نووسەر نەبیت، حەزت دەکرد ببیتە چی؟». بێ دوودڵی وەڵامم دەدایتەوە: «حەزم دەکرد ببمە سینەماکار» | » |
—بەختیار عەلی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ شاعیر ھیوا قادر لە ڕادیۆی سوید |
بەرھەمەکان
دەستکاریدیوانە شیعرییەکان
دەستکاری- گوناھ و کەرنەڤاڵ، ١٩٩٢.
- بۆھیمی و ئەستێرەکان، ٢٠٠٠.
- کۆی بەرھەمە شیعرییەکان، (١٩٨٣–١٩٩٨).
- ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا، ٢٠٠٤.
- تا ماتەمی گوڵ... تا خوێنی فریشتە، کۆی بەرھەمە شیعرییەکان (١٩٨٣–٢٠٠٤).
- ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن، ٢٠٠٩.
- شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت، ٢٠١٩.
ڕۆمانەکان
دەستکاریزۆربەی ڕۆمانەکانی بە ژانری ڕیالیزمی سیحریی دادەنرێن.
- مەرگی تاقانەی دووەم، ١٩٩٧.
- سەردار محەممەدی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی «مرگ تک فرزند دوم»، ٢٠١٥.
- ئێوارەی پەروانە، ١٩٩٨.
- بەسام مستەفا وەریگێڕاوەتە سەر شێوازەری کورمانجی بەناوی «Êvara Perwaneyê»، ٢٠١٢.
- مەریوان ھەڵەبجەیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی «غروب پروانه»، ٢٠١٧.
- ڕاوێژ سەلیم و ئوتە کانتێرا لانگ وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی بەناوی «Perwanas Abend»، ٢٠١٩.
- دواھەمین ھەناری دونیا، ٢٠٠٢.
- ئارەش سنجابی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی «آخرین انار دنیا»، ٢٠٠٩.
- مەریوان ھەڵەبجەیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی «آخرین انار دنیا»، ٢٠١٤.
- ڕاوێژ سەلیم و ئوتە کانتێرا لانگ وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی بەناوی «[[دواھەمین ھەناری دونیا#وەرگێڕانەکان#ئەڵمانی، (Der letze
Granatapfel)، ٢٠١٦|Der letzte Granatapfel]]»، ٢٠١٦.
- بەسام مستەفا وەریگێڕاوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی بەناوی «Hinara Dawî ya Dinyayê»، ٢٠١٧.
- م. دیۆتالێڤی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئیتاڵی بەناوی «L'Ultimo Melograno»، ٢٠١٧.
- غەسان حەمدان وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی بەناوی آخرُ رمان الدنیا»، ٢٠١٨.
- ئیبراھیم خەلیل و عەبدوڵڵا شەیخۆ وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی بەناوی «آخر رمَّانات العَالم»، ٢٠١٩.
- ساندرین تریدیا وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فەڕەنسی بەناوی «Le dernier grenadier du monde»، ٢٠١٩.
- شاری مۆسیقارە سپییەکان، ٢٠٠٦.
- پێشەوا فەتاح و ھانس ئولریچ مولەر شیوفێ وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی بەناوی «Die Stadt der weißen Musiker»، ٢٠١٧.
- غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ، ٢٠٠٨.
- کەریم عەبدولڕەحمان وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی بەناوی «I Stared at the Night of the City»، ٢٠١٦
- کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، ٢٠٠٩.
- بەسام مستەفا وەریگێڕاوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی بەناوی «Qesra Balindeyên Xemgîn»، ٢٠١٧.
- جەمشید خانی مامم کە ھەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، ٢٠١٠.
- بەسام مستەفا وەریگێڕاوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی بەناوی «Apê min Cemşîd xan kû hertim bê ew li ber xwe dibir»، ٢٠١٢.
- مەریوان ھەڵەبجەیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی «جمشید خان عمویم کە ھمیشە باد او را با خو می برد»، ٢٠١٦.[٤]
- کەشتیی فریشتەکان – بەرگی یەکەم، ٢٠١٢.
- کەشتیی فریشتەکان – بەرگی دووەم، ٢٠١٣.
- ھەورەکانی دانیال، ٢٠١٥.
- کەشتیی فریشتەکان – بەرگی سێیەم، ٢٠١٧.
- دەریاس و لاشەکان، ٢٠١٩.
- داگیرکردنی تاریکی، ٢٠٢٠.[٥]
بەرھەمە فیکرییەکان
دەستکاری- وەڵام لە ڕۆژگاری ونبوونی پرسیاردا، ١٣ چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر، ٢٠١٣.
- ئیمان و جەنگاوەرانی، ٢٠٠٤.
- خوێنەری کوشندە، ٢٠٠٥.
- سێوی سێھەم، ٢٠٠٩
- چێژی مەرگدۆستی، ٢٠١١.
- لە دیارەوە بۆ نادیار، ٢٠١١.
- وەک باڵندەی ناو جەنگەڵە ترسناکەکان، ٢٠١٢.
- ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس، ٢٠١٤.
- نەرسیسی کوژراو، ٢٠١٥.
- ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی، ٢٠١٥.
- جوانییەکانی ناڕێکی، ٢٠١٥.
- یادەوەری و زەمەن، ٢٠١٥.
- ناشوێن، ٢٠١٩.
- خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی، دەربارەی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان، ٢٠١٩.
- ئایدۆلۆژیست، ٢٠١٩.
- دوا خەندەی دیکتاتۆر، ٢٠٢٠.
نموونەی شیعرەکان
دەستکاریستایشی من بۆ دەسەڵاتداران
ئێوە گەلەک شۆخن، بەیانیان وەک پاساری ڕیقنە بەسەر حەقیقەتدا دەکەن.
گەلەک مەزنن، شەوان وەک کوکوختی ڕیقنە بەسەر تریفەدا دەکەن
ئەمە دیاری ئێوەیە؛
میللەتێک بە سەد دەست لێتان ڕادەکات،
نەتەوەیەک ھەزار قاچ قەرز دەکات
و دەچێتە ناو ھەزار ئاگر و ھەزار باڵ دەخوازێت
و بە ھەزار نینۆک بە سەرزەمینی ھەزار بێگانەدا دەڕوات،
میللەتێک خۆی بە ھەزار ڕەشەبا و ھەزار جەنگەڵ و ھەزار دەریا دەبەخشێت،
گیرفانەکانی پڕ دەکات لە تووتڕکی ھەموو میللەتانی تر.
دەنوشتێتەوە بۆ ھەزار دەریاوان و دەلیل و ئەستێرەناسی تر.
ئێوە واتانکرد بۆ یەکەمجار جەھەننەم لە بەھەشت جوانتر بێت.
دەریایەک خۆڵەمێشتان بۆ داناین و گوتتان ئەمەیە ڕوناکی،
لمتان بۆ کردینە کاس و گوتتان ئەمەیە شەڕاب،
شەیتانتان بۆ ڕازاندینەوە و گوتتان ئەمەیە خودا،
کینەتان دەرخوارداین و گوتتان ئەمەیە ئازادی.
ئێوە واتانکرد بۆ یەکەمجار تاراوگە لە ماڵ جوانتر بێت.
ئەمە خەڵاتی ئێوەیە، میللەتێک لە با دەپاڕێتەوە دەریای لێ نزیک بکاتەوە.
میللەتێک قیامەت بەکرێ دەگرێت،
مەحشەر زەخرەفەدەکات، تابووت دەژمێرێت،
کفن بەسەر ئێوارەکاندا دابەش دەکات،
بە تلیاکی ھەموو جەنگێک خۆشنوودە،
بە حەشیشی ھەموو کینەیەک ڕازییە.
ئێوە واتانکرد بۆ یەکەمجار شەیتان لە خودا جوانتربێت.
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ ئ ا «لە یادی لە دایکبوونیدا: ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە ژیان و بەرھەمەکانی بەختیار عەلی». جام کوردی. ١٠ی ئابی ٢٠١٧. لە ڕەسەنەکە لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٤ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ «54ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی نووسەری کورد (بەختیار عەلی)». ژیان. ٩ی ئابی ٢٠٢٠. لە ڕەسەنەکە لە ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
- ^ «ماڵپەری بەختیار عەلی - ژیاننامە». لە ڕەسەنەکە لە ٦ی تەممووزی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی ئایاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ ئاراس عەبدوڵڵا. «جەمشید خانی بەختیار عەلی بەرەو ئێران دەفڕێت». didimn.com.
- ^ «(داگیرکردنی تاریکی)، نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی بڵاو کرایەوە». پۆڵەتیک پرێس. ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠. لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
- ^ بەختیار عەلی (٢٠١٩). تا ماتەمی گوڵ... تا خوێنی فریشتە (چوارەم ed.). p. ٣٣٩.
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
پەراوێزەکان
دەستکاری- Ahmadzadeh، Hashem (2003). Nation and Novel: A Study of Persian and Kurdish Narrative Discourse. Coronet Books Incorporated. p. 268. doi:10.1017/S1356186303323466. ISBN 9789155455149.
بەستەرە دەرەکییەکان
دەستکاریکۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بەختیار عەلی تێدایە. |