ڕەخنەی ئەدەبی یان لێکۆڵینەوەی ئەدەبی(بە ئینگلیزی: Literary criticism) لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرھەمی ئەدەبی دەدات، بریتییە لە لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئەدەب، زۆرجار ڕەخنەی ئەدەبی سەردەمی، لەژێر کاریگەری بیردۆزی ئەدەبیدایە، کە باسکردنی فەلسەفی ئامانج و پێشەنگییەکانیی ئەدەبیاتە، ھەرچەندە ئەم دوو چالاکیە پەیوەندییەکی نزیکیان ھەیە، بەڵام ڕەخنەگرانی ئەدەبی ھەمیشە بیردۆزی نوێ دەھێننە کایەوە، وەک فەلسەفەی ئەدەبی.[١]

ڕەخنەی ئەدەبیی سەردەمی ئێستا

دەستکاری

لە ئەمڕۆدا، ئەو ڕێبازانەی کە لەسەر بنەمای بیردۆزی ئەدەبی و فەلسەفی دامەزراون، تاڕاددەیەکی زۆر لە بەشە ئەدەبییەکانی زانکۆکاندا گیرساونەتەوە، لەکاتێکدا شێوازە ئاساییەکان کە ھەندێکیان لەلایەن ڕەخنەگرانی نوێوە دەگوترێن، چالاکن. ناکۆکییەکان لەسەر ئامانج و شێوازەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کە تایبەندمەندی ھەردوولایە، زۆرێک لە ڕەخنەگران ھەست دەکەن کە ئێستا فرەیییەکی زۆریان ھەیە لە شێواز و ڕێبازێک کە دەتوانن گۆڕانکاری گەورە لەو ڕێگەیەوە ئەنجام بدرێت.

ڕەگ و ڕیشەی وشەی ڕەخنە

دەستکاری

لەزمانی کوردیدا، وشەی رەخنە بەرامبەر وشەی (نقد) ی عەرەبی و وشەی Critiqueی ئینگلیزی بەکاردەھێنرێت، ھەرسێ وشەکەش لەبواری ئەدەبیدا بۆ یەک واتا و مەبەست بەکاردەھێنرێن و ھەڵگری چەمکێکی دیاریی کراون.

پێشەکی

دەستکاری

ڕەخنەی ئەدەبی لەپاڵ مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەب دا دەبنە سێ لقی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، واتە رەخنەی ئەدەبی لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرھەمی ئەدەبی دەدات.

ئەرکی رەخنە شیکردنەوە و راڤەکردن و ھەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە، یان دیاریکردنی بەھای دەقی ئەدەبییە واتە رەخنەی ئەدەبی لەو بنەما ھوونەریی و بیریانە دەکۆڵیتەوە کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و بەشێوەیەکی زانستییانە بەھای ئەو بنەمایانە دیاریی دەکات، بەمەش رادە و ئاستی گرنگیی و بایەخی دەق بۆ خوێنەر و داھێنەریش دەستنیشان دەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەدیبان بەرجەستەکەری جوانی و ڕەنگ پێدەرەوەو رەنگرێژکەری ژیان و دەروونی مرۆڤ بن ئەوا رەخنەگران بۆخۆیان بزوێنەری چالاکیی ئەدەبی و داھێنانی ئەدەبین.

بەو پێیە دەڵێین دەبێ رەخنەگر لێکۆڵەرەوەیەکی ئەدەبیی و شارەزا بێت و زانیاریی تەواوی دەربارەی مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبی میللەتەکەی و میللەتانی تر ھەبێت و سەرباری ئەوەش کە چێژلێوەرگرێکی ئەدەبیشە دەبێ زانیاریی لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیرییدا ھەبێت و شارەزاییەکی گشتیشی لە زانستە مرۆییەکاندا ھەبێت.

مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی

دەستکاری

مێژووی ڕەخنەی جیھانی

دەستکاری

لەمێژووی رەخنەی جیھانیدا دوو رێڕەوی رەخنەیی بەدی دەکرێت کە کاریگەرییان لەسەر یەکتر ھەبووە و تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە کە بریتیین لە: رەخنەی رۆژئاوایی و رەخنەی رۆژھەڵاتی.

ڕەخنەی رۆژئاوایی

دەستکاری

سەرەتا ئەم رێرەوە رەخنەییە دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین و لە ئەدەبی یۆنانییەوە دەستی پێکردووە.
یەکەم ھەنگاو لەو رێرەوەدا کاتێ بەدی ھاتووە کە لەکاتی ئاھەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنەکانییانەوە شانۆگەرییان پێشکەش کردووە و لیژنەیەکیان بۆ ھەڵبژاردنی باشترین دەقی تراژیدی یان کۆمیدی بەشیعر بووە، دەستنیشان کردووە. جا ھەڵبژاردنی باشترین دەق لەلایەن ئەو لیژنەیەوە بۆ خۆی چالاکیی رەخنەیی بووە، چونکە بەپێی چەند پێوانەیەکی ھوونەریی و بیریی دەقەکانیان ھەڵبژاردووە. ھەر لەو ماوە مێژووییەدا، واتە سەدەی پێنجی پێش زایین، شاعیرێکی یۆنانی کە ناوی ئەریستۆفانیس بووە، لە بەرھەمێکی کۆمیدیی خۆیدا بەناونیشان بۆقەکان راوبۆچوون و تێڕوانینی رەخنەیی دەربارەی دوو شاعیری گەورەی یۆنانی خستۆتەڕوو، ئەو دوو شاعیرەش یوربیدز و ئەسخیلۆس بوون. لەگەڵ بوونی ئەو چالاکییە رەخنەییانەشدا دیارترین رێچکەی رەخنەی ئەدەبیی لەلای یۆنانییەکان لەلایەن فەیلەسووفەکانەوە کرایەوە، دیاترین فەیلەسووفیش بیروراکانیان تا ئێستاش جێگای بایەخەپێدان بن، ئەفڵاتوون و ئەرستۆن.

ئەفڵاتوون، رای وا بووە کە شاعیران ناتوانن راستییەکان بگەیەنن بە خەڵکی و لەبری ئەوەیە چاکەیان فێر بکەن ھەڵیان دەخەڵەتێنن و دەروونیان تێک دەدەن و وایان لێ دەکەن کە جڵ بدەنە دەست ھەست و سۆز یان نەک ئەقڵیان.

ھەرچی ئەرستۆش بوو، ئەوا ئەمیان بە پێچەوانەی ئەفڵاتوونەوە بەرھەمی شیعریی بەسوودمەند داناوە، بەتایبەتی تراژیدیا کە بەلایەوە دەتوانێت دەروونی بینەر لە ھەردوو ھەست و سۆزی ترس و بەزەیی پاک بکاتەوە.

ھەر ئەرستۆ لەو بەرھەمەیدا کە بەناونیشانی ھوونەری شیعرە کۆمەڵێک دەستوور و یاسای ھوونەریی بۆ تراژیدیا داڕشتووە کە بوونەتە بناغەی تیۆری رەخنەیی ئەوروپی بەگشتی و بوونەتە بنەمای رەخنەی کلاسیکی نوێ کاتێ وەک رێبازێکی ئەدەبی لەسەدەی حەڤدەدا لە فەڕەنسا سەری ھەڵدا و گەشەی کرد.

لەو سەردەمەدا رەخنەگرێکی بەناوبانگی فەڕەنسی کە ناوی بوالو بوو، راوبۆچوونەکانی ئەرستۆی جێگیر کرد و کردنییە پێوانەی رەخنەی کلاسیکی نوێ لە ئەوروپادا، ھۆی ئەمەش ئەوە بوو کە رێبازی کلاسیکی بۆخۆی لە ئاکامی بوژاندنەوە و لاساییکردنەوەی بەرھەمی یۆنانییەکان و رۆمانییەکانسەری ھەڵدا.

گرنگترین بنەما و پێوانەی رەخنەی کلاسیکی نوێ بریتیی بوون لە:

لەدوای رێبازی کلاسیکیش کە رێبازی رۆمانتیک لە ئەوروپا سەری ھەڵدا، پێوانە رەخنەییەکانی رێبازی کلاسیکی راستەوخۆ رەت کرانەوە، بەرادەیەک کە دەتوانرێت بوترێت ئەگەر پێوانەکانی رەخنەی کلاسیکی ھەڵگێڕینەوە، ئەوا پێوانەکانی رەخنەی رۆمانتیکمان دێتە بەردەست.

بەو پێیە دیاترین پێوانە رەخنەییەکانی رێبازی رۆمانتیک بریتیین لە:
  • بایەخدان بە ھەست و سۆزی کەسیی و دەورکەوتنەوە لە ئەقڵ.
  • گرنگیدان بەو بەھایانەی کە کەسین و بەلای تاکەکەسەوە گرنگن.

لەم ڕووەوە نووسەرێکی رۆمانتیکی فەڕەنسی کە ئەلفرێد دی موسێیە، دەڵێ: "ئەوەی گرنگ بێت بەلای منەوە ئەوەیە کە گوێ نەدەمە ئەقڵ"، ئەمە لە کاتێکدا کە بوالوی رەخنەگری کلاسیکیی بوو وتوویەتی: "ھەمیشە بەدەنگ ئەقڵەوە بچۆ و لەوەوە یەکێتی بەرھەمەکانت بەدەست بھێنە".

دیارترین رەخنەگری رێبازی رۆمانتیکی مەدام دی ستال و سانت بیڤ بوون، بەلای یەکەمیانەوە دەبێ دەقی ئەدەبی رەنگ پێدەرەوەی ژیانە کۆمەڵایەتی و خووڕەوشت و نەریتی کۆمەڵ بێت، بەلای دووەمیشیانەوە دەقی ئەدەبی رەنگ پێدەرەوەی ھەست و سۆزی نووسەرە، ھەر بۆیە دەبێت رەخنەش تیشک بخاتە سەر دەروونی نووسەر و ناخی نووسەرمان بۆ رۆشن بکاتەوە.

دیارە کە ئەو پیوانە رەخنەییانەی کە لە رێبازی رۆمانتیکدا بۆ شیعری لیریکی-ویژدانی دەستیان دەدا کە دیارترین بەرھەمی رۆمانتیکەکان بووە و بابەتەکانیان بابەتی و کەسیی بوون بە پێچەوانەی بەرھەمی کلاسیکەکان کە تراژیدیا و کۆمیدیا بوون بە بابەتەکانییان مەوزوعیی بوون نەک خودیی و کەسیی، لە دوای رێبازی رۆمانتیکی کۆمەڵێک رێبازی تری ئەدەبیی سرەیان ھەڵدا وەک رێبازی ریالیزم، پڕناسی، ھێماگەری، فۆرمالیزم و ھتد... لەپاڵ ئەم رێبازە ئەدەبیانەشدا چەند رێبازێکی رەخنەیی ھاتنە کایەوە کە گرنگترینیان رێبازی شیکاری دەروونی و رێبازی مارکسی و رێبازی شێوەگەرایی یان بنیاتگەری بوون.

بەگشتی رەخنەی نوێ لە ئەدەبی ئەوروپی سەدەی رابووردوودا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەبێ پێوانە رەخنەیییەکان بابەتی بن و لە بازنەی تێڕوانینی کەسیی رەخنەگردا نەھێڵرێتەوە و راستەوخۆ لە سروشتی دەقی ئەدەبی خۆیەوە بەدەست بھێنرێن.

ڕەخنەی رۆژھەڵاتیی (عەرەبی ئیسلامی)

دەستکاری

مەبەست لەو رێرەوە رەخنەییەیە کە سەرەتا لە ئەدەبی عەرەبیدا کراوەتەوە و پاشتر لەلایەن ئەدەبی میللەتە موسوڵمانەکانی ترەوە فراوانتر و بەربڵاوتر کراوە و بووەتە تیۆرێکی رەخنەیی تایبەت بەو گەلانە، سەرەتای ئەم رێرەوە لە ئەدەبی عەرەبی سەردەمی جاھیلییەتەوە دەست پێدەکات، ئەوەش کاتێ کە ھۆزە عەرەبکان ساڵانە لە بازاڕی عوکاز لەنزیک مەککەوە کۆ دەبوونەوە و شاعیرانی ھەر ھۆزێک بەرھەمی خۆی بۆ شاعیرێکی گەورەی ئەو کاتە کە ناو نابغە ئەل زوبیانی بووە، خوێندۆتەوە، ئەویش وەک دادوەرێکی ئەدەبی و رەخنەگرێک راو بۆچوونی خۆی دەربارەی دەقەی شیعرییەکان خستۆتە روو، پێوانە رەخنەییەکانیش زیاتر ھوونەری بوون و لەدەوری وشە و واتای جوان و گوونجاو و شیاو و شایستە سووڕاونەتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، پێوانە رەخنەییەکان لە رێنماییەکانی ئایینی ئیسلامەوە بەدەست دەھێنران و لە روانگەی باوەڕی ئایینی شاعیرەوە لەدەقی رۆنراوە و داوا دەکرا کە شاعیران دەبێ "پەیامدار" بن و بەرھەمەکانیان لە خزمەتی کۆمەڵگا ئیسلامییەکەدا بێت.

قۆناغێکی گرنگی ئەم رێرەوە رەخنەییە سەردەمی عەباسییەکان بووە کە بەھۆی تێکەڵاوبوونی رۆشنبیری گەلە موسوڵمانەکانەوە و بەھۆی ئاگادار بوون لە ئەدەب و رەخنەی یۆنانی بەتایبەتی "ھوونەری شیعر" ەکەی ئەرستۆ، پێوانە رەخنەییەکان فراوانتر بوون و بەرەو بایەخدان بە لایەنی ھوونەری براون و زۆرتر ئەو تێڕوانینە رەخنەییە پەیڕەوی کراوە کە بەلایەوە دەقی شیعری چنراوێکی زمانییە و دەبێ شاعیر بایەخ بەلایەنی جوانکاری دەقەکە بدات و لەو بوارەدا توانا و دەسەڵاتی ھونەری خۆی پیشان بدات، لەسەدەی نۆزدە بەدواوە ئەو رێرەوە رەخنەییە بە سوود وەرگرتن لە رێبازە رەخنەییە ئەوروپییەکان گەشەش کردووە و ئاوێتەی رێبازە رەخنەییە جیھانییەکان بووە.

مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی

دەستکاری

وەک ئاشکرایە ئەدەبی کوردی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و کۆنترین جۆری ئەو ئەدەبەش، شیعر بووە، گوومانیشی تێدا نییە کە لەگەڵ لەدایکبوون و بەرەو پێشچوونی شیعری کوردیشدا رەخنەی ئەدەبیش سەری ھەڵداوە و گەشەی کردووە و بەو پێیەی ھەر لەگەڵ پەیوەندیکردنی دەقی ئەدەبی بە گوێگرەوە یان بە خوێنەرەوە، تێڕوانینی رەخنەییش بۆ پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنی دەق سەرھەڵدەدات ئەگەر بەشێوەیەکی سادە و ساکاریش بێت و پێوانە رەخنەییەکانیش زانستی نەبن.

لەگەڵ ئەوەشدا چالاکی و بەرھەمی رەخنەییمان لەچاو بەرھەمی شیعریدا کز و لاواز دەبینرێت چونکە تائێستاش وتار و لێکۆڵنەوەی رەخنەیی پێش سەدەی بیستەممان نەھاتووەتە بەردەست و ئەو بەرھەمە رەخنەییانەی کە ھەن مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو بە دواوە کە رۆژنامەگەری کوردی تیایدا بەرەو گەشەسەندن چووە و چاپەمەنی کوردیش بەرەو پێش ھاتووە.
لەگەڵ ئەو دیاردەی کزی و لاوازییەی رەخنەی کوردیشدا، دەکرێت ئەو راستییە بخرێتە بەرچاو کە لە قۆناغە جیاجیاکانی شیعری کوردی پێش سەدەی بیستەمدا چالاکی رەخنەیی لە ئارادا بووە و شاعیرانی کورد خۆیان لە بەرھەمە شیعرییەکانیاندا تێروانین و بۆچوونی رەخنەییان خستۆتە بەردەست و دەستنیشانی کۆمەڵێ پێوانەی رەخنەییان کردووە.
شاعیرێک لەو شاعیرانەش کە لە بەیتە شیعرییەکاندا کۆمەڵێ باسی رەخنەیی وروژاندووە، مەلای جزیرییە کە لەیەکێ لە دەقە شیعرییەکانیدا دەڵێ:

ئەحسەن ژ ڤی نەزمی لەتیف چەندی سڤک ھاتی خەفیف
مەحبوب بدەستێ خوی شەریف نەقدی مە مووھرو سککەدا
ئەحسەن ژ ڤی وەسفێ رەفیع ئەشکال و ئەوزاعێن بەدیع
تێتن ژ نورێ وەک رەقیع بێ عەیب و نەقی و رەخنەدا

لەو چەند بەیتەدا، مەلای جزیری وشەی رەخنەی بەو واتایە بەکارھێناوە کە ئێستا بەکاری دەھێنن، لەپاڵ ئەو وشەیەشدا کۆمەڵێک زاراوەی رەخنەیی بەکارھێناوە کە ھەریەکەیان تایبەتن بە چەند پێوانەیەکی رەخنەی شیعرییەوە، وەک (نەزمی لەتیف) و (سڤک) و (ئەشکال و ئەوزاعێن بەدیع)، بەو پێوانانەش ئەو بنەما رەخنەییە دەستیشان دەکات کە بەلایەوە: باشترین شیعر ئەو شیعرەیە کە وشەکانی جوان و چێژبەخش و رەوان بن و واتاکانیشی سوود بەخش بن.

شاعیرێکی تر کورد، کە بەوردی ئاوڕی لەچەند کێشەیەکی رەخنەیی داوەتەوە، ئەحمەدی خانییە، کە لە مەم و زینەکەیدا کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی سەردەمەکەیمان بۆ دیاری دەکات، کاتێ دەڵێ:

لی ھێڤی دکەم ژ موستەعیدان حەرفان نەگرن ل موستەفیدان
ئەڤ نامە ئەگەر خراپە گەر قنج کێشایە مە دگەل وی دوو سەد رەنج
نەوبارەیی تیفلی نەورەسیدە ھەرچەند نەھن قەوی گوزیدە
لێ من ژ ڕەزان نەکر تەمەتوع مانەندی دزان بکەن تەتەبوع

لێرەدا خانی ئەو راستییە دەخاتە بەردەست کە دەقی شیعری دوای لەدایکبوونی، لەلایەن رەخنەگرانەوە رەخنەی لێ دەگیرێت بۆی ئەمیش داوا لە رەخنەگران دەکات کە لەکاتی رەخنەگرتندا رەنج و ماندووبوونی شاعیریان لەبەرچاو بێت و ئەگەر کەم و کوڕییەکیش لە شیعرەکەدا ھەبوو ئەوا نەیکەنە بەھانە و بەیەکجاری دەقەکە بەبێ سود و بێ کەڵک دابنێن چونکە ھەموو دەقێک کە رەسەن بێت و دزراو نەبێت وەک رۆڵەی شاعیر وایە و لای شاعیر خۆشەویستە و کەسیش پێی خۆش نییە کە بەخراپی لە منداڵەکانی بڕوانرێت. بەو تێروانینە خانی ئاوڕی لە باسێکی رەخنەیی گرنگ داوەتەوە کە کێشەی داھێنانە، ھەر لای خانی و لەم دوو بەیتەدا کە دەڵێ:

ئەی خامە تەژی گەلەک درێژ کر ئەڤ نامە بەسە تە پڕ قڕێژ کر
ھەرچەندە کەلام شوبھی دوڕبەت بێ قەدر دبت دەماکو پڕ بیت

واتە: ئەی "ئەی قەڵەمەکەم تۆ درێژەت بە باسەکە داوە، ئیتر بەسە و لەکورتی بیبڕەوە چونکە وتەکان ئەگەر وەک گەوھەریش بن کە زۆربوون بێ نرخ دەبن." وەک دیارە لێرەدا خانی باسێکی گرنگی رەخنەیی دەوروژێنێت کە ئەویش باسی کورتبڕییە لەدەقی شیعریدا و بۆخۆی تا ئەمڕۆش پێوانەیەکی رەخنەی شیعرییە و ھەمیشەش داوا لە شاعیران کراوە کە ھەوڵ بدەن بە کەمترین وشە، زۆرترین واتا بدەن بەدەستەوە.

لەبەرھەمی شیعری شاعیرانی کرمانجی خوارووشدا دەتوانرێت ئەو راستییە بەدەست بھێنرێت کە چالاکی رەخنەیی ھاوتەریبی چالاکی شیعر بووە و بەپێی کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی چ شاعیران خۆیان بووبن یان گوێگرەکانیان بووبن راوبۆچوونی رەخنەییان دەربارەی دەقی شیعری دەربڕیوە.

لەچەند بەیتێکی نالی دا کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی خراونەتە روو کە لەبنەما گرنگەکانی رەخنەی ئەدەبی سەردەمەکە بوون. لەو بەیتەدا کە دەڵێ:

کەس بە ئەلفاظم نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مانا دەکا

دیارە لێرەدا، نالی روو لەو کەسانە دەکات کە رەخنەیان لێ گرتووە و توانجی ئەوەین لێ داوە کە شیعر بەزمانی کوردی دەڵێت و شیعرنووسینیش بە کوردی بەھرە و ھوونەرمەندیی تیایدا نییە، پێیان دەڵێ کە ھوونەرمەندیی لەوەدایە کە چۆن توانیویەتی بەزمانی کوردی ئەو واتا جوان و ناسکانە دەرببڕێت، بەم پێیەش نالی لێرەدا بەو پێوانە رەخنەییە (وشە و واتا) شیعری ھەڵسەنگاندووە کە بەلایەوە بەھای دەق واتای جوان و نوێیە نەک ھەر بەتەنھا وشە و واژەی جوان و زاراوە.

لەبەیتێکی تردا، نالی دەڵێ:

(نالی) عەجەب بەقووەتی حیکمەت ئینشا دەکا
مەعنایی زۆر و گەورە بەلەفزی کەم و بچووک

کەواتە لێرەدا نالیش وەک ئەحمەدی خانی دەسنیشانی ئەو بنەرەتە رەخنەییە دەکات کە بەلایەوە شیعری جوان و بەھادار ئەو شیعرەیە کە بەکەمترین وشە زرترین واتای دەربڕیوە.

لەچەند بەیتێکی سالمیشدا باس لەو پێوانە رەخنەییانە کراوە کە لەسەردەمەکەیدا رەخنەگران بایەخیان پێداوە وەک لەم پارچە شیعرەیدا دەڵێ:

لەڕۆژی ئیمتیحانا دیم بەرابەر تالیب و مەعشووق
کەمەر بەستەی ھونەر ھاتن لەتیپی عیشق بازانا
لەیەک لا نالی و مەشوی لە لایی سالم و کوردی
لەھەنگامەی ھونەرگەرمی تکا جو بوون لە مەولانا
لەمەیدانی بەلاغەتدا بەسواری مەرکەبی مەزموون
بەکوردی ھەریەکە تازی سواری بوون لە بابانا

ئەو چەشنە شانازیکردنەی سالم بە توانای شیعری خۆی و شاعیرانی ھاوڕێیەوە، پەردە لەسەر ئەو راستییە ھەڵدەداتەوە کە بنەڕەتێکی گرنگی رەخنەیی لەو قۆناغە ئەدەبییەدا توانای بەکارھێنانی ھوونەرکانی رەوانبێژی بووە، بۆیە دەڵێت "شاعیرانی کورد توانیویانە رەوانبێژی عەرەبی بخەنە ژێر رکێفی خۆیان و بەزمانی کوردی لەمەیدانی ئەو زانستەدا ببنە سوارچاکی سەردەمەکەیان"[٢]

سەرچاوە

دەستکاری
  1. ^ The Johns Hopkins guide to literary theory & criticism. Internet Archive. Baltimore : Johns Hopkins University Press. 2005. ISBN 978-0-8018-8010-0.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ئەوانی تر (بەستەر)
  2. ^ کتێبی ڕێزمان و ئەدەبی کوردی بۆ پۆلی دوانزدەهەم - وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان