جامی پاڵەوانییەتی جامی جیھانیی فیفا

خەڵاتی براوەی جامی جیھانیی فیفا

جامی پاڵەوانییەتی جامی جیھانیی فیفا جامێکی زێڕینە و خەڵاتی براوەی پاڵەوانییەتییەکەیە، تا ئێستا دوو جۆری لێ بەرھەم ھێنراوە، جامی ژۆل ڕیمێنت لە ١٩٣٠ تا ١٩٧٠ و جامی جیھانیی نوێ لە ١٩٧٠ تا ئێستا. یەکەم جام ناوی «جامی سەرکەوتن» بوو بەڵام دواتر وەک ڕێزلێنانێک لە سەرۆکی سێیەمی فیفا ناوەکەی گۆڕا بۆ جامی ژۆل ڕیمێنت کە خاوەنی بیرۆکەی جێبەجێکردنی پاڵەوانییەتییەکە بوو. بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٠ بەڕازیل نازناوەکە بۆ جاری سێیەم بەدەست دەھێنێت، جامەکەی بۆ ھەمیشە پێشکەش کرا و بووە موڵکی خۆیان.

جامی جیھانیی فیفا
جامی پاڵەوانییەتی جامی جیھانیی فیفا لە ساڵی ١٩٧٠
زانیاری گشتی
وەرزشتۆپی پێ
دامەزراو ئوروگوای١٩٣٠
ژمارەی
پێشبڕکێکان
٢١
بەڕێوەبەر(ان)فیفا
شێوازچوار ساڵ جارێک
بەشداربووان
  • ٢٠٤ لە پاڵاوتن
  • ٣٢ لە پاڵەنییەتییەکە
وێبگەماڵپەڕی فەرمی
شوێنەکانی کۆتایی
پاڵەوان ئەرژەنتین(٣جار)
1st runners-up بەڕازیل (٥ جار)
2nd runners-up

بۆیە فیفا بیری لە دروستکردنی جامێکی نوێ کردەوە. لە ١٩٧٤دا ئەو جامەی ئێستا ھەیە دروست کرا. بەڵام ئەو جامەی کە پێشکەشی بەڕازیل کرا لە ١٩٨٣دا دزرا و تا ئێستایش نەدۆزراوەتەوە، وا بیردەکرێتەوە ئەم جامە لەلایەن دزەکانەوە توانرابێتەوە و لە ناوبرابێت. ھەڵبژاردەی بەڕازیل، زۆرترین جار نازناوەکەی بەدەست ھێناوە لە ساڵەکانی: ١٩٥٨، ١٩٦٢، ١٩٧٠، ١٩٩٤، ٢٠٠٢. ھەروەھا ھەڵبژاردەی ئیتالیا لە ساڵەکانی: ١٩٣٤، ١٩٣٨، ١٩٨٢، ٢٠٠٦. لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ساڵەکانی :١٩٥٤، ١٩٧٤، ١٩٩٠، ٢٠١٤ چوار جار نازناوەکەیان بەدەست ھێناوە.هەروەها هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرژەنتین لە ساڵەکانی ١٩٧٨، ١٩٨٦، ٢٠٢٢ جامەکەی بەدەستهێناوە. دوایین پاڵەوانییەتیش لە قەتەر بوو کە ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین بوو بە پاڵەوان.[١]

بیرۆکەی پاڵەوانییەتییەکە دەستکاری

 
وێنەی ژۆل ڕیمێنت سەرۆکی فیفا بۆ سێ خولی لەسەر یەک، خاوەنی زیندووکردنەوە و جێبەجێکردنی بیرۆکەی جامی جیھانی

بیرۆکەی ئەنجامدانی پاڵاوانییەتی جامی جیھانیی فیفا دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی یەکێتیی تۆپی پێی جیھان لە ١٩٠٤دا بە بەشداری ٧ وڵات کە ھەریەکە لە: سویسرا، بەلجیکا، دانیمارک، فەڕەنسا، ھۆڵەندا، ئیسپانیا و سوێد بوون. لەو کۆبوونەوەیەدا وتووێژی لەسەر کرا،[٢] پاش ئەوەی یاریی تۆپی پی لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ھاندەرێکی زۆری لە خۆی کۆکردەوە و بووە ھۆکار بۆ ئەوەی ئەو یارییە بەفەرمی بچێتە نێو پێشبڕکێی ئۆڵۆمپیادی ھاوینەی ١٩٠٠ەوە، بەڵام زیاتر یارییەکی نمایشسازی بوو، نەک ڕکابەری. کاتێکی زۆری ویست تا ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت بەھۆی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لە بەردەمیاندا بوو. بە تایبەت ڕازینەبوونی لیژنەی ئۆڵۆمپیادی جیھانی، بەھۆی ترسیان لە دانانی کاریگەری لەسەر یارییەکانی ئۆڵمپیاد و کۆنتڕۆڵکردنی یارییە بەناوبانگەکان لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی جیھانییەوە.

جارێکی دیکە لە ١٩٢١دا بیرۆکەی ئەنجامدانی پاڵەوانییەتی جامی جیھانیی فیفا لەلایەن پارێزەری فەڕەنسی ژۆل ڕیمێیت باس کرایەوە، کە دواتر بووە سەرۆکی فیفا ھەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ئەم پاڵەوانییەتییە ئەنجام بدرێت، دواجار دوای حەوت ساڵ لە سەرۆکایەتیی فیفا لە کۆبوونەوەیەکی مێژوویدا لە ٢٥ی ئایاری ١٩٢٨ ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانییەتییە درا.[٣] شەش وڵات داوای مافی میوانداریکردنی یەکەم جامی جیھانییان کرد، لەنێویاندا داواکاری وڵاتی ئوروگوای پاڵەوانی دوو خولی ئۆڵۆمپیاد پەسەند کرا، ئاسانکاری بۆ ھەڵبژاردە بەشداربووەکان کرد، و فیفا خەرجی ھاتوچۆی ھەڵبژاردەکانی لە ئەستۆ گرت.[٤]

دوو ساڵ پێش ئەنجامدانی پاڵەوانییەتییەکە ڕێنوێنی بڵاو کرایەوە کە دەبێت خەڵاتێکی شایستە بۆ ھەڵبژاردەی براوەی پاڵەوانییەتییەکە دابین بکرێت ھەر ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی جامی سەرکەوتن (ژۆل ڕیمێت). یەکەم پاڵەوانییەتیی لە ١٩٣٠دا دەستی پێکرد.[٥] سەرەتاکانی پاڵەوانییەتییەکە زۆر گران بوو بەھۆی کێشەی ھاتوچۆوە ھەر بۆیە ئەمە بە ھۆکاری کەمی ھەڵبژاردە بەشداربووەکان بۆ شوێنی ئەنجامدانی پاڵەوانییەتییەکە دەگەڕێتەوە کە ئوروگوای بوو، چونکە ماوە و تێچووی گەشتەکە بەسەر ئۆقیانووسی ئاتلانتیک بۆ وڵاتە ئەورووپییەکان زۆر دژوار بوو، ھەر بۆیە بە کرداریش تا دوو مانگ پێش یارییەکان ھیچ وڵاتێکی ئەورووپی ھەڵبژاردەکەی خۆی نەناردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا ژۆڵ ڕیمیێ توانی بەلجیکا، فەڕەنسا، ڕۆمانیا و یوگسلاڤیا ڕازی بکات بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە و بەشداریکردن لە جامەکە؛ و ھەروەھا بە ھەمان شێوە لە ساڵەکانی لە ١٩٣٤ و ١٩٣٨دا بەشێکی کەم لە ھەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور گەشتی ئەورووپایان کرد. ھەروەھا ھەردوو پاڵەوانییەتیی ١٩٤٢ و ١٩٤٦ بەھۆی شەڕەوە ڕێک نەخرا. لە دوای ئەوەی وڵاتانی بریتانیا لە ١٩٢٠ەوە لە فیفا کشابوونەوە و ڕەتیان کردبووەوە لەگەڵ ئەو تیپانەدا یاری بکەن کە لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا لە بەرەی شەڕەکەیاندا بوون. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠ بە دواوە ھەتا ئێستا ھەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت،[٦] ٣٢ ھەڵبژاردە لە سەرجەم کیشوەرەکانەوە بە سیستەمی پاڵاوتن دەگەنە پاڵەوانییەتییەکە بۆ بەدەستھێنانی جامەکە.[٧]

جامی ژۆل ڕیمێنت دەستکاری

 
ئێلیزابێتی دووەم، لەکاتی پێدانی جامی ژۆل ڕیمێنت (کە ئەوکات ناوی جامەکەبوو) بە بۆپی مۆر کاپتنی ھەڵبژاردەی ئینگلترا دوای بردنەوەیان بە ئەنجامی ٤–٢ لە ھەڵبژاردەی ئەڵمانیای ڕۆژاوا

جامی ژۆل ڕیمێنت یەکەم جامی پاڵەوانییەتییەکە بوو، لە سەرەتادا ناوی «جامی سەرکەوتن» بوو بەڵام دواتر لە ١٩٤٦دا وەک ڕێزلێنانێک لە سەرۆکی پێشووی فیفا ناوەکەی گۆڕا بۆ جامی ژۆل ڕیمێنت کە خاوەنی بیرۆکەی جێبەجێکردنی پاڵەوانییەتییەکە بوو.[٨][٩][١٠]

دیزاین دەستکاری

جامەکە لەلایەن پەیکەرتاشی فەڕەنسی ئابێل لافلیۆر دیزاین کراوە، بە زێڕ ڕووپۆش کراوە، بنکەکەی بە کەڵکوەرگرتن لە مەڕمەری سپی دروست کراوە. پاشان لە ١٩٥٨دا لە جیاتی مەڕمەڕی سپی مادەی بنکەکەی بە لاجیۆری شین دروست کرا. بەرزییەکەی ٣٥ سانتیمەتر و کێشەکەی ٣٫٥ کیلۆگرام بوو.[١١] لە دیزاینەکەدا خانمێکی باڵدار کە نیشانەی یەکێک لە خواوەندەکانی یۆنانیی کۆن بووە بەدی دەکرێت، لەسەرسەری دەفرێک دانراوە وەک ھێمایەک بۆ براوەی جامەکە. لە خواریشەوە بنکەیەکی چوار لای ھەیە، تێیدا ناوی وڵاتە براوەکانی جامی جیھانیی فیفا لە ١٩٣٠ تا ١٩٧٠ نەخشێن دراوە.[١٢]

مێژوو دەستکاری

 
کاپتنی ئیتاڵی جوزێپێ میاتزا جامی ژۆل ڕیمێی وەردەگرێت لە ئەلبێرت لیبرۆن یەکێک لە سەرۆک کۆمارەکانی فەڕەنسا لە دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی جامی جیھانی فیفای ١٩٣٨ بە ئەنجامی ٤–٢ لە ھەڵبژاردەی ھەنگاریا بردەوە، بۆ جاری دووەم لەسەر یەک نازناوەکەیان بەدەست ھێنا .

لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٠دا بە کەشتییەکی نەفەرھەڵگر کە لە ھەمان کاتدا شاندی یاریزانانی فەڕەنسا، بەلجیکا و ڕۆمانیای تێدا بوو جامەکە لە فەڕەنساوە بۆ ئۆروگوای گواسترایەوە، و لە یەکەم پاڵەوانییەتیدا ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆروگوای جامەکەی بەرز کردەوە.[١٣] بەھۆی جەنگی جیھانیی دووەمەو بۆ ماوەی ١٢ ساڵ پاڵەوانییەتییەکە ئەنجام نەدرا. ھەڵبژاردەی ئیتالیا بۆماوەی ١٦ ساڵ وەک پاڵەوان و ھەڵگری نازناوە جیھانییەکە (١٩٣٤–١٩٥٠) مایەوە ئەمەش درێژترین ماوە بوو. ھەر بەھۆی جەنگەوە نیگەرانی لەسەر ئەو جامە بەنرخە پەیدا بوو ھەر بۆیە جێگری سەرۆکی ئەو کاتەی فیفا و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیا دکتۆر ئۆتۆرینۆ پاراسی، لەنێو سندووقی پێڵاوەکانی لەژێر جێگای خەوتنەکەی بە درێژایی جەنگەکە پاراستی لە کەوتنە دەست ھێزە داگیرکەرەکانەوە.[١٤] دوای دوو ساڵ لە تەواوبوونی جەنگەکە جامەکە ھێنرایە دەرەوە، ڕەوانەی بەڕازیل کرا بەھۆی میوانداریکردنی پاڵەوانییەتییەکە لە ساڵی ١٩٥٠ لەو وڵاتە.

پێنج ھەڵبژاردەی تۆپی پێ بوونە خاوەنی جامی جامی ژۆل ڕیمێنت، ھەڵبژاردەی بەڕازیل سێ جار ئەم جامەی بەدەست ھێناوە،[١٥] ئەویش لە ساڵەکانی: ١٩٥٨، ١٩٦٢، ١٩٧٠ لە دوای ئەو ھەریەکە لە ھەڵبژاردەکانی ئۆروگوای[١٦][١٦] لە ساڵەکانی: ١٩٣٠، ١٩٥٠ و ئیتالیا لە ساڵەکانی ١٩٣٤، ١٩٣٨[١٧][١٨] دوو جار جامەکەیان بردەوە، پاشان ھەڵبژاردەی ئەلمانیای ڕۆژاوا لە ١٩٥٤[١٦] و ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە ١٩٦٦[١٩] بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیاندا بەدەستیان ھێنا. ئەم جامە تا ساڵی ١٩٧٠ بەو شێوەیە ماوەیە. دوای ئەوەی بەڕازیل بۆ جاری سێیەم نازناوەکەی بەدەست ھێنا بۆ ھەمیشە جامەکەی پێ بەخشرا.[٢٠]

دزینی جامەکە دەستکاری

 
پیکلز ئەو سەگەی جامی جیھانیی فیفای ١٩٦٦ی دۆزییەوە.
 
وێنەی یاریزانی بەڕازیلی دژالما سانتۆس براوەی جامی جیھانی فیفای ١٩٥٨، لەگەڵ کۆپییە دروستکراوەکەی جامی ژۆل ڕێمی پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٣ دزرا .

جامی ژۆل ڕیمێنت دوو جار دزرا، دوایینیان نەتوانرا بدۆزرێتەوە. ساڵی ١٩٦٦ چەند مانگێک پێش دەستپێکردنی جامی جیھانی فیفای ١٩٦٦ جامەکە لەلایەن کەسێکەوە دزرا. ئەمەش دوای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی بەریتانیا بڕیاریدا جامەکە لە یەکێک لە پێشانگاکانی لەندەن دابنێت بە مەبەستی لە نزیکەوە بینینی لەلایەن سەردانیکەران و ھەوادارانی تۆپی پێ. ئەم کارەش کاردانەوەی ناوخۆی و جیھانی لێ کەوتەوە. پۆلیس و ھێزەکانی بەریتانیا بە ھەموو شێوەیەک کەوتە گەڕان و پشکنین بە مەبەستی دۆزینەوەی جامەکە بەڵام بێ ئەنجام بوو، تا ئەو کاتەی کەسێک کە بەمەبەستی پیاسەکردن ڕووی کردبووە دەرەوە لەگەڵ سەگە ڕەنگ سپی و ڕەشەکەی کە ناوی لێنابوو پیکڵز، جامەکە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی باشووری لەندەن لە پەنای دیوارێکدا دەدۆزێتەوە، کە لە پەڕەی ڕۆژنامەیەکدا پێچرا بوو. دواتر خاوەنی سەگەکە جامەکە ڕادەستی یەکێک لە بنکە نزیکەکانی خۆیان دەکات. بەمەش دوای چوار ھەفتە دۆزرایەوە، بەھۆی ئەمە لەلایەن حکوومەت و خەڵکەوە ستایشێکی زۆری سەگەکە و خاوەنەکەی کرا، و چەند خەڵاتێکیان پێ بەخشرا. ئەو کەسەی ھەڵسابوو بە دزینی جامەکە دەستگیرکرا و بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزا درا.[٢١][٢٢][٢٣]

پاش ئەوەی ھەڵبژاردەی بەڕازیل لە ١٩٧٠دا بۆ سێیەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکەی بەدەست ھێنا بەپێی یاسایەکی فیفا کە تێیدا ھاتبوو ھەر ھەڵبژاردەیەک سێ جار ببێتە پاڵەوان ئەوە جامەکەی پێ دەدرێت، لەسەر ئەو بنەمایە جامی ژۆل ڕیمێنت بۆ ھەمیشە بە ھەڵبژاردەی بەڕازیل بەخشرا، ڕەوانەی بەڕازیل کرا لە نووسینگەی یەکێتی تۆپی پێی بەرازیل دانرا. بەڵام لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٣ بۆ جارێکی دیکە جامی ژۆل ڕیمێنت دزرایەوە، لە نووسینگەی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل لە ڕیۆ دی ژانیرۆ بەرازیل بەڵام نەتوانرا بدۆزرێتەوە، وا گومان دەکرێت جامەکە توانرابێتەوە. لەگەڵ ئەوەی لە ٢٠١٥دا پۆلیسی بەڕازیل بنکەی جامەکەی دۆزییەوە کە ناوی ھەڵبژاردە براوەکانی تێدا نەخشێندرا بوو. یەکێتی تۆپی پێی جیھانی (فیفا) بۆ جارێکی دیکە کۆپییەکی جامەکەی دروست کردەوە و پێشکەشی بەرازیلیان کردەوە، لە ئێستادا لە گەنجینەی یەکێتییەکە بەتوندی پارێزگاری لێ دەکرێت.[٢٤][٢٥][٢٦]

براوەکانی جامی ژۆل ڕیمێنت[٢٠]

جامی ئێستا دەستکاری

 
ئاھەنگی یاریزانانی فەرەنسا بەبۆنەی بەدەستھێنانی نازناوی جامی جیھانی ٢٠١٨ بۆ دووەم جار لە مێژووی ھەڵبژاردەکەیان

لە دوای ١٩٧٠ەوە یەکێتی تۆپی پێی فیفا جامێکی نوێیان دروست کرد و ناویان نا (جامی پاڵەوانییەتی جامی جیھانی فیفا)،[٢٧] کە ٧ دیزایینەری شارەزای ئەوکات ٥٣ جۆر جامیان دروست کرد، دواجار دیزایینی (سیلڤیۆ ڤارانیگا)ی ئیتاڵیایی ھەڵبژێردرا، ئەو جامە بە ڕێژەی %٧٥ بە زێڕ عەیارە ١٨ ڕووپۆشکراوە و بەرزییەکەی ٣٦ سانتیمە و کێشی ٦ کیلۆ و ١٧٥ گرام بوو، لەو کاتەوە (لە ١٩٧٤) تا ئێستا ھیچ جامێکی تازە دروست نەکراوە،[٢٨] کۆپییە ڕاستەقینەکەی لەلایەن فیفاوە پارێزراوە لە یاریی کۆتایی دەدرێت بەو ھەڵبژاردەیەی دەبێتە پاڵاوان دواتر لێی وەردەگیرێتەوە و کۆپییەکی دیکە لە جامەکە وەردەگرێت. ھەر ھەڵبژاردەیەک جامەکەی بردەوە، ناوی ئەو ھەڵبژاردەیەی لە خوارەوەی جامەکە دەنەخشێندرێت و دەیدرێتێ تا ئەو کاتەی پاڵەوانێکی تازە دیاری دەکرێت، کە ھەڵبژاردەیەکی دیکە بووە پاڵەوانی جامەکە، ئەو جامە دەدرێتە ئەو ھەڵبژاردەیە و جامێکی ھاوشێوە ڕوپۆشکراو بە زێڕ دەدرێتە ھەڵبژاردەی پاڵەوانی پێشوو، بەو شێوەیە زنجیرەکە بەردەوام دەبێت. ئەو جامە ناگۆڕێت تا ئەو کاتەی ئەو شوێنە تایبەتەی بۆ نەخشاندنی ناوی ھەڵبژاردەکان لە جامەکەدا بۆشایی تێدا بمێنێت، کە ئەوەیش لە ٢٠٣٨دا تەواو دەبێت.[٢٩][٣٠] شێوەی دوو مرۆڤ لەکاتی خۆشحاڵی و بەرزکردنەوەی دوودەستی لەجامەکە نەخشێنراوە لە ناوەڕراستیدا تۆپێکی ھاوشێوەی گۆی زەوی دروست کراوە.

فرانتس بێکنباوەر یەکەم ھەڵگری جامی نوێ فیفا بوو لە ساڵی ١٩٧٤ دوای ئەوەی ھەڵبژاردەی ئەڵمانیان لە یاری کۆتایی نازناوەکەی بەدەست ھێنا، دوای ئەو کاپیتنی ئەرژەنتین دانیاڵ پاساڕێڵە لە ساڵی ١٩٧٨، دواتر کاپتنی ئیتالیا دینو زۆف لە ساڵی ١٩٨٢، و کاپیتنی ئەرژەنتین دیێگۆ مارادۆنا لە ساڵی ١٩٨٦، و دواتر کاپتنی ئەڵمانیا لۆتەر ماتیۆس لە ساڵی ١٩٩٠، و کاپتنی بەڕازیل کارلۆس دۆنگا لە ساڵی ١٩٩٤، و کاپتنی فەڕەنسا دیدی دیشاپ لە ساڵی ١٩٩٨، و کاپتنی بەڕازیل کافۆ لە ساڵی ٢٠٠٢، و کاپتنی ئیتالیا فابیۆ کەنەڤارۆ لە ساڵی ٢٠٠٦، و کاپتنی ئیسپانیا ئیکەر کاسیاس لە ساڵی ٢٠١٠، و کاپتنی ئەڵمانیا فیلیپ لام لە ساڵی ٢٠١٤، و کاپتنی فەڕەنسا ھۆگۆ لۆریێس لە ساڵی ٢٠١٨ لە کۆتایدا کاپتنی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین لیۆنێل مێسی ٢٠٢٢ جامەکەیان بەرزکردەوە.[٣١][٣٢]

لە یاری کۆتایی جامی جیھانی فیفا کە لە نێوان ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و ھەڵبژاردەی ھۆڵەندا لە یاریگای شاری تۆپی پێ لە جۆھانسبێرگ بەڕیوەچوو پێش دەستپێکدنی یارییەکە لەلایەن یەکێک لە ھاندەرانی ئیسپانیاوە کە خۆی ناساندبوو بە "جیمی جامپ "ھەوڵی دزینی جامەکەی دا، بەلام سەرکەوتوو نەبوو ھەر زوو دەستگیر کرا. ئەمەش یەکەم جاربوو دوای ٢٧ ساڵ لە دزینی جامی ژۆل ڕێمی. لە دواتردا ئەو کەسانەی ناسیبوویان ڕایان گەیاند کە مەبەستی دزیکردنەکە نەبووە پارە و زێڕی نەویستووە تەنھا ویستوویەتی لەو ڕیگایەوە ناوبانگ پەیدا بکات، دواتریش خۆی ڕای گەیاند کە تەنھا مەبەستی بووە کڵاویکی ئیسپانی بکاتە سەر جامەکە. دواتر لەسەر ئەم کارەی بە ٢٦٠ دۆلار سزادرا.[٣٣][٣٤]

براوەکانی جامی جیھانیی فیفا[٢٠]

براوەکان دەستکاری

 
وڵاتە براوەکانی جامی جیھانی فیفا لە ساڵی ١٩٣٠ تا ٢٠١٨
وڵات جامیژۆل ڕیمێنت جامی جیھانی فیفا گشتی
  بەڕازیل ٣ ٢ ٥
  ئەڵمانیا ١ ٣ ٤
  ئیتالیا ٢ ٢ ٤
  ئوروگوای ٢ ٠ ٢
  ئەرژەنتین ٠ ٣ ٣
  فەڕەنسا ٠ ٢ ٢
  ئینگلتەرا ١ ٠ ١
  ئیسپانیا ٠ ١ ١
گشتی ٩ ١٣ ٢٢

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Pussy Riot claims responsibility as four invade World Cup field". web.archive.org. 2018-07-17. Retrieved 2021-09-11.
  2. ^ "كأس العالم انطلقت بفكرة (جوول ريميه) في العام 1930".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٦ی ئابی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "كأس العالم انطلقت بفكرة (جوول ريميه) في العام 1930".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٦ی ئابی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ Staff, History com. "World Cup Fast Facts You Might Not Know". HISTORY (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-08-26.
  5. ^ Ltd, Not Panicking. "h2g2 – The Football World Cup – An Introduction – Edited Entry". h2g2.com. Retrieved 2021-08-26.
  6. ^ Staff, History com. "World Cup Fast Facts You Might Not Know". HISTORY (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11.
  7. ^ Ltd, Not Panicking. "h2g2 – The Football World Cup – An Introduction – Edited Entry". h2g2.com. Retrieved 2021-09-11.
  8. ^ Monnig ص 18
  9. ^ Sports Trophies of the World: The FIFA World Cup / Jules Rimet Trophy | Sports Trophies of the World June 14, 2018[Date mismatch] لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  10. ^ Atherton ص7
  11. ^ "FIFA.com – Jules Rimet Cup". web.archive.org. 2013-03-18. Retrieved 2021-09-11.
  12. ^ Borissov, Roman; Footballwood.com (2013-09-29). "FIFA World Cup trophy history, design, weight & size - ⚽ FootballWood.com". https://www.footballwood.com/ (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11. {{cite web}}: External link in |website= (help)
  13. ^ "History of the birth to the creation of the Football World Cup".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  14. ^ "WorldFIFA". web.archive.org. 2006-07-14. Retrieved 2021-09-11.
  15. ^ "migrationid:060703fr_archive01| Search: The New Yorker". archive.is. 2012-09-07. Retrieved 2021-09-11.
  16. ^ ئ ا ب "FIFA". fifa.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11.
  17. ^ "Planet World Cup – 1934 – Final". web.archive.org. 2017-11-17. Retrieved 2021-09-11.
  18. ^ "Planet World Cup – 1938 – Final". www.planetworldcup.com. Retrieved 2021-09-11.
  19. ^ "PA Images". paimages.co.uk. Retrieved 2021-09-11.
  20. ^ ئ ا ب "FIFA World Cup™ - Previous Editions – FIFA.com". web.archive.org. 2015-03-18. Retrieved 2021-09-11.
  21. ^ "في ذكرى وفاته.. سرقة كأس "جول ريميه" مرتين حتى عثر عليه الكلب". صدى البلد (بە عەرەبی). 2020-10-16. Retrieved 2021-09-11.
  22. ^ Dean, Jon (2016-03-18). "How my dog found the stolen World Cup trophy – and put me in the frame". mirror (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11.
  23. ^ "The New Yorker: archive: content". web.archive.org. 2007-02-24. Retrieved 2021-09-11.
  24. ^ Gadsby, Paul (2014-06-13). "World Cup mystery: what happened to the original Jules Rimet trophy?". the Guardian (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11.
  25. ^ Bellos, Alex (2002). Futebol: the Brazilian way of life. Internet Archive. New York: Bloomsbury. ISBN 978-1-58234-250-4.
  26. ^ "Piece of original World Cup found". BBC Sport (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11.
  27. ^ "FIFA.com – Trophy". web.archive.org. 2011-06-15. Retrieved 2021-09-11.
  28. ^ "Chemistry of the World Cup Trophy – Periodic Table of Videos – YouTube". web.archive.org. 2017-12-16. Retrieved 2021-09-11.
  29. ^ "BBC SPORT | Photo Galleries | Photos of the Day | Saturday's photos of the day". web.archive.org. 2018-06-14. Retrieved 2021-09-11.
  30. ^ "Wayback Machine" (PDF). web.archive.org. 2014-03-25. Retrieved 2021-09-11.
  31. ^ "FIFA Men's World Cup History: World Cup Winners, Hosts, Stats". www.foxsports.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11.
  32. ^ "FIFA World Cup history: Past winners, runners-up, leading goalscorers and Golden Ball recipients". The Roar (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-11.
  33. ^ "World Cup 2010: Pitch invader fined for attempt to steal trophy". the Guardian (بە ئینگلیزی). 2010-07-13. Retrieved 2021-09-11.
  34. ^ Driver, Carol (2010-07-12). "Fan punched to ground by security guard after storming pitch to cover World Cup trophy with a hat". Mail Online. Retrieved 2021-09-11.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری