ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢٣/ھەفتەی ٢

جامی جیھانیی فیفا یان مۆندیال ڕووداوێکی وەرزشی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی جیھانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لەوەتەی ساڵی ١٩٣٠یەوە، ھەر چوار ساڵێک بەڕێوەدەچێت، جگە لە ساڵاکانی ١٩٤٢ و ١٩٤٦ ھەڵوەشایەوە بەھۆی ڕووداوەکانی جەنگی جیھانیی دووەم. لە ساڵی ١٩٩٨ ژمارەی وڵاتە بەشداربووەکان بۆ ٣٢ ھەڵبژاردە بەرزکرایەوە و لە ساڵی ٢٠٢٦ بڕیارە ٤٨ هەڵبژاردە بەشداری بکەن بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا ئەو ھەڵبژاردانە لە ھەشت کۆمەڵەدا پۆلێن دەکرێن، بۆ ماوەی یەک مانگ لە یاریگاکانی وڵاتی میواندار ڕکابەری دەکەن لە پێناو بەدەست ھێنانی ئەم نازناوە، ھەڵبژاردەکان لە ڕێگای سیستەمی پاڵاوتنەوە لە ماوەی سێ ساڵدا سەردەکەون بۆ بەشداریکردن لە جامی جیھانیی فیفا وڵاتی میواندار بە شێوایەکی خۆکارانە لە کۆمەڵەی یەکەم جێگیردەبێت بەبێ پاڵاوتن ، لە بیست و یەک خولی پێشووی ئەم پاڵەوانییەتییە بە گشتی ٧٩ ھەڵبژاردەی نیشتمانی بەشدارییان کردووە و ھەشت ھەڵبژاردەی جیاواز نازناوی جامی فیفایان بردووەتەوە. ھەڵبژاردەی بەڕازیل بەشداریی لە سەرجەم خولەکان کردووە، واتە بەشداربوونی لە ھیچ خولێکی پاڵەوانییەتییەکە لەدەست نەداوە، لەھەمان کاتدا زۆرترین جار نازناوەکەی بەدەست ھێناوە، پێنج جار لە ساڵەکانی: ١٩٥٨، ١٩٦٢، ١٩٧٠، ١٩٩٤، ٢٠٠٢ بوون. ھەروەھا ھەڵبژاردەی ئیتالیا لە ساڵەکانی: ١٩٣٤، ١٩٣٨، ١٩٨٢، ٢٠٠٦. لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ساڵەکانی :١٩٥٤، ١٩٧٤، ١٩٩٠، ٢٠١٤ چوار جار نازناوەکەیان بەدەست ھێناوە و ھەریەک لە ھەڵبژاردەکانی فەڕەنسا، ئۆروگوای دوو جار بوونە پاڵەوان ھەروەھا ھەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا یەک جار بوونەتە پاڵاوانی ئەم جامە. ھەڵبژاردەی ئیتالیا یەکەم ھەڵبژاردەبوو کە توانی دووجار لەسەر یەک ئەم نازناوە بباتەوە لە ساڵەکانی ١٩٣٤ و ١٩٣٨، دوای ئەو ھەڵبژاردەی بەڕازیل دێت ١٩٥٨ و ١٩٦٢. جامی جیھانیی فیفا یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکانی جیھان. لە یاریی کۆتاییی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٠٦ کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، بە نزیکەی ٧١٥ ملیۆن کەس سەیری یارییەکەیان کرد. پاڵەوانی ئێستا ھەڵبژاردەی ئەرژەنتینە کە لە دوایین خولی ئەم پاڵەوانییەتییە لە ٢٠٢٢ کە لە قەتەڕ بەڕێوەچوو نازناوەکەی بەدەست ھێنا بۆ سێیەم جار لە مێژوودا.

١٧ وڵات میوانداریی جامی جیھانییان کردووە، ھەریەکەیان بەڕازیل، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و مەکسیک دوو جار میواندارییان کردووە، لەکاتێکدا ئۆرۆگوای، سویس، سوێد، چیلی، ئینگلتەرا، ئەرژەنتین، ئیسپانیا، ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشوور (بە ھاوبەشی)، ئەفریقای باشوور و ڕووسیا ھەریەکەیان یەکجار میواندارییان کردووە. بۆ ساڵی ٢٠٢٦، بە ھاوبەشی لەلایەن کەنەدا و ئەمریکا و مەکسیکەوە میوانداری دەکەن، ئەمەش جیاوازی بە مەکسیک دەدات کە دەبێتە یەکەم وڵات سێ جار میوانداری یارییەکانی ئەم پاڵەوانییەتییە بکات.
خوێندنەوەی زیاتر...