شێخ عەبدولعەزیزی ئاکرێ

شێخ عەبدولعەزیز کوڕی شێخ عەبدولقادری گەیلانی کوڕی سەید مووسا کوڕی سەید عەبدوڵڵای جیلی کوڕی سەید یەحیای زاھید کوڕی سەید محەممەد کوڕی سەید داوودی ئەمیر کوڕی سەید مووسای دووەم کوڕی شێخ ساڵح کوڕی سەید مووسای جون کوڕی سەید عەبدوڵڵای مەحز کوڕی ئیمام حەسەنی موسەنا کوڕی ئیمام حەسەنی کوڕی ئیمام عەلی کوڕی ئەبووتالیبە

مەرقەدی حەزرەتی شێخ عبدالعزیزی گەیلانی - پێش نۆژەنکردنەوە

(کرم اللە وجھە)

لەدایکبوونی دەستکاری

لە ٣ی شەوالی ساڵی ٥٣٢ی کۆچی لە شاری بەغدا لەدایکبووە و لەسەر دەستی باوکی شێخ عەبدولقادری گەیلانی پێگەیشتووە و قوتابی باوکی و شێخ ئەبوومنسوور عەبدولڕەحمان کوڕی محەممەد قزاز و جگە لەوانیش بووە، دوای ئەوە وتاری بۆ خەڵک داوە و ئامۆژگاری خەڵکی کردووە و وانەی گووتووەتەوە و لەسەر دەستی ئەو ژمارەیەکی زۆر لە زانایان و دانایان پێگەیشتوون.

شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی پیاوێکی لێھاتوو و ئازا و بەتوانا و سادە و دەرکەوتوو بووە ھاوشێوەی باوکی عەبدولقادری گەیلانی یەکێک بووە لە پیاوە بانگخواز و چاکەکار و تێکۆشەر لە پێناو ئایینەکەی و بەرگری لێکردنی.

 
مەرقەدی شێخ عبدالعزیزی گەیلانی - دوای نۆژەنکردنەوە

بە فەرمانی باوکی شێخ عەبدولقادری گەیلانی عەبدولعەزیز گەیلانی چووەتە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری شنگاڵ لە باکوری ڕۆژاوای مووسڵ بۆ بانگەواز و پەروەردەکردنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ڕێبازی قادری تا ئێستاش شوێنەکەی ماوە و دیارە و خەڵک سەردانی دەکات. دوای ئەوە ڕوو لە شاری ئاکرێ دەکات و لە شوێنێکی ئەم شارە نیشتەجێ دەبێت کە ئێستا بەناوبانگە بە گەلی شێخ عەبدولعەزیز، لەو شوێنەدا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی بنەما و ڕێساکانی ڕێبازی قادری و ئامۆژگاری خەلک و ڕووکردنیان بەرەو پەرستنی خوای گەورە و فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە کاری ناڕەواو وپابەندبوون بە سووننەتی پێغمبەری پێشەوا صلی اللە علییە وآلە وسلم، خەلکێکی زۆر ڕوویان لێکرد و لەسەر دەستی بەیعەتیان وەرگرت و بوونە دەروێش و موریدی ئەو. لەوکاتەدا لە شاری ئاکرێ قەڵایەک ھەبووە کە ئێستا بەناوبانگە بە سەرێ کەلێ پاشایەک فەرمانڕەوایی دەکرد کە تا ئێستاش شوێنەواری ئەو قەڵایە ماوە، دەنگ و باس گەیشتە ئەو پاشایە کەوا کەسێک ھاتووەتە شارەکەی و ناوی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانییە و لە ئەشکەوتێک پەرستنی خوا دەکات و لەو دەشکەوتە دەمێنێتەوە و ڕێسا و یاساکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ڕێبازی قادری بڵاوئەکاتەوە، و خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری کۆبووەتەوە و ڕێنماییان دەکات و شارەزاییان دەکات لە شەریعەتی ئیسلامی، بۆیە پاشاکە سێ جار بە دوای دەنێرێ و داوای لێدەکات بێتە دیداری، بەڵام شێخ عەبدولعەزیز ناچێتە لای و دەڵێ من پیاوێکی ھەژارم خوا دەپەرستم، ھیچ پێویستییەکم نییە لای پاشا، ئەگەر پاشا حەز بە بینینی من دەکات با ئەو بێتە لام، کاتێ ئەو پەیامەیان گەیاندەوە لای پاشا، پاشا سەڕی سووڕما لە قسەکانی و ھات بۆ دیداری شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی، کاتێک چاوی کەوت بە شێخ عەبدولعەزیز و ئەو سادەیەی جەنابی شێخ، دڵی بۆی چوو و بەیعەتی وەرگرت لەسەر دەستی و بووە یەکێک لە دەروێش و شوێنکەوتووانی و بە جەنابی شێخی گووت داوا بکە ھەر چی ئەتەوێ، بەڵام شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی پێی گووت کەوا ھیچی لەو ناوێت تەنیا ئەوە نەبێ لە دوای کۆچکردنی قوببەیەک لەسەر گۆڕەکەی دروست بکات بۆ ئەوەی شوێنەوارەکەی ون نەبێت و شوێنەکە وەک بنکەیەکی بڵاوکردنەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ھەر بمێنێ. دوای کۆچی دوایی شێخ عەبدولعەزیز پاشا بەلێنەکەی بەجێھێنا و قوببەیەکی بچووکی دروست کرد لەسەر گۆڕەکەی، پاشاکەش وەسیەتی کرد کەوا لە نزیک گۆڕی جەنابی شێخ بنێژرێ، بۆیە دەڵێن گۆڕی ئەم پاشایە ئێستا لەو گۆڕستانەی تەنیشت مەرقەدی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانییە.

جیھادکردنی دەستکاری

دوای ئەوەی شێخ عەبدولعەزیز بووە خاوەن پێگەی خۆی لەناو خەلکی ئاکرێ و ھەمووان خۆشیان دەویست لەبەر زوھد و لەخواترسان ونییەتپاکی بۆ خودا، ھەر لەو کاتەدا سوپای خاچھەڵگران خۆی ئامادە کردبوو بۆ ھێرشی سەربازی بۆ سەر وڵات و شاری مووسڵمانان لە ئەنادۆل و شام، ھەستان بە داگیرکردن و وێرانکردن و ڕووخاندنی چەندین وڵاتی موسڵمانان و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان لە ئەنتاکییە و تەرابلوسی شام لەسەر خاک و خوێنی موسڵمانان، لە ساڵی ٥٤٨ی کۆچی سوپای خاچھەڵگران شاری عەسقەلانیشی داگیرکرد لە فەلەستین کە لەو شارەدا نزیکەی ھەزار کەسیان شەھید کرد کە زۆربەیان مناڵ و ژن و پیر بوون، زۆری تریشیان بە دیل گرت بەم شێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر شاری عەسقەلان لەژێر دەستی خاپەرستان دابوو. بۆیە ھەروەک خوای گەورە دەفەرموێ  وَقَاتِلُواْ فِي سَبِيلِ اللّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلاَ تَعْتَدُواْ إِنَّ اللّهَ لاَ يُحِبِّ الْمُعْتَدِينَ   (بەقەرە:١٩٠) ھەروەھا  وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ وَمِنْ رِبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدُوَّ اللَّهِ وَعَدُوَّكُمْ وَآخَرِينَ مِنْ دُونِهِمْ لَا تَعْلَمُونَهُمُ اللَّهُ يَعْلَمُهُمْ وَمَا تُنْفِقُوا مِنْ شَيْءٍ فِي سَبِيلِ اللَّهِ يُوَفَّ إِلَيْكُمْ وَأَنْتُمْ لَا تُظْلَمُونَ   (ئەنفال:٦٠)، و ھەروەھا بۆ ڕێگەگرتن لە لە ھێرشی خاچھەڵگران کە ئامانجی سەرەکییان وێرانکردنی وڵاتی موسڵمانان و بڵاوکردنەوەی خاچھەڵگری و کۆتایی پێھێنانی ئیسڵام بوو، بۆیە باشترین چارە لای موسڵمانان جیھاد بوو بۆ بەرگریکردن لە بیر و باوەڕی خۆیان و گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکانیان لەلایەن سوپای خاچھەڵگران، بۆیە دوای ئەو ھەموو ھێرشانەی سوپای خاچھەڵگران سوپای ئیسلامیش لە ھەموو شوێنێک کۆبوونەوە بە سەرکردایەتی سەرکردەی بەتوانا و موسڵمان و پاڵەوانی کوردی سەڵاحەدینی ئەیووبی (ڕحمە اللە تعالی) بۆ ڕزگارکردنی وڵاتی موسڵمانان و ڕێگەگرتن لە بڵاوکردنەوەی مەسیحییەت، بۆیە لەشاری ئاکرێ جەنابی شێخ عەبدولعەزیزیش جیھادی ڕاگەیاند جیھاد لە پێناو خوا و بەرزکردنەوەی وشەی لا ٳله ٳلا الله محمد ڕسول الله. بۆیە دەروێش و موریدەکانی لە شاری ئاکرێ لێی کۆبوونەوە کە ژمارەیان نزیکەی ٦٠٠ چەکدار دەبوو بەڕێکەوتن بەرەو وڵاتی شام، ئەم ژمارەیەش بەراورد بە شارێکی بچووکی ئەوکاتی وەک ئاکرێ ژمارەیەکی زۆر بوو، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەوکاتە خەلکی ئاکرێ دڵسۆز بوون بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسڵام و حەزیان لە جیھادکردن بووە لە پێناو خوا و سەرخستنی موسڵمانان لەھەر شوێنێک بێ، ھەروەھا خۆشەویستییەکی زۆریان ھەبووە بۆ شێخ و ڕابەریان شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی بۆیە بۆ جیھادیش کردیانە ڕابەر و پێشەوای خۆیان، بەم شێوەیە شێخ عبدالعزیز و دەروێشەکانی بەڕێکەوتن بەرەو شاری قودس، چونکە شێخ عەبدولعەزیز شێخی تەسەوف و بانگخواز بووە بۆیە گەشتەکەی ھەمووی بانگەواز و چاکەکاری بوو ئەمەش وای کرد لە ڕێگا بگەنە ھەر ئاوەدانییەک خەڵکێکی زۆر پێیان بگەن و لەگەڵیان بڕۆن بۆ جیھاد بۆیە کاتێک گەیشتنە فەلەستین ژمارەیان چەند جار زیاتر بوو لەو ژمارەیەی کە سەرەتا بەڕێکەوتن لە شاری ئاکرێ، لەوێ دا چوونە پاڵ برا موسڵمانەکانیان لە سوپای ئیسلام کە لە ھەموو لایەکی وڵاتانی ئیسلامی کۆبووبونەوە بۆ بەرگری لە خاکی موسڵمانان، پاش بە یەک گەیشتن و دیداری شێخ عبدالعزیز گەیلانی لەگەڵ سەرکردە موسڵمانەکان و پرس و ڕاوێژ لە نێوانیان، ئازادکردنی شاری عەسقەلان بووە بەشی شێخ عەبدولعەزیز. بۆیە ھێرشی بردە سەر ئەو شارە و بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ گەمارۆی دا تا دەھات جەنگەکە تووندتر دەبوو تا لە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جومادەلئاخیر ی ساڵی ٥٨٩ی کۆچی شارەکە ئازاد کرا و پاک کرایەوە لە سوپای خاچھەڵگران و ژمارەیەکی زۆریان بە دیل گیران و ئەوانی تر ڕایان کرد، پاش ئەو سەرکەوتنە گەورەیە شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی چووە زیارەتی شاری قودسی پیرۆز و دوای ئەوە لەگەڵ شوێنکەوتووانی بەڕێکەوت بۆ شاری ئاکرێ بە ڕێگای شام و چیای عەبدولعەزیز کە ئێستا ئەو چیایە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی سووریا، کە ئەگووترێ ئەو چیایە بەناوی شێخ عبدالعزیز گەیلانی کراوە، دواتر بە چیای شنگاڵ دەگەڕێنەوە تا دەگەنەوە شاری ئاکرێ، لەو کاتەدا ھەموو خەلکی ئاکرێ بە پیر و گەنج و مناڵ و ژن و بچووک و گەورە ھاتبوونە دەرەوە بۆ پێشوازی و بەخێرھاتنەوەی شێخ عەبدولعەزیز و دەروێشەکانی.

منداڵەکانی دەستکاری

لە کوڕە ناسراوەکانی شێخ محەممەد ھەتتاکە کە لە ناحیەی ڕۆڤیا نێژراوە و گۆڕەکەی دەکەوێتە تەنیشت گۆڕی شێخ ئیسماعیل ولیانی لەژێر یەک قوببە ئەم شێخ محەممەد ھەتتاکەش لە دوای خۆی کوڕێکی جێگەی گرتووەتەوە بەناوی شێخ محەممەد حسامەدین ناسراو بە شەرشیق، ھەروەھا شێخ عەبدولعەزیز کچێکی زاناشی ھەبووە بەناوی زەھرە کە زانستی خوێندووە و وانەی گووتووەتەوە لە بەغا و ھەر لەوێ کۆچی دوایی کردووە. شایەنی باسە شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی باپیری سەیدەکانی حەیالی یە کە لە عێراق بڵاوبوونەتەوە لە پارێزگاکانی بەغداد مووسڵ و ئەنبار و دیالە و سەلاحەددین وکەمێکیان لە پارێزگاکانی باشوور ھەن ھەروەھا لە دەرەوەی عێراقیش لە وڵاتانی سووریا و تورکیا ومیسر و لیبیا و مەغریب و ھیند و پاکستان و وڵاتانی تریش بوونیان ھەیە.[ژێدەر پێویستە]

کۆچی دوایی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی دەستکاری

شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی لەشاری ئاکرێ بەردەوام بوو لەسەر پەرستنی خوا و ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و ڕێنیشاندانی خەلک تاکو کۆتایی تەمەنی کە لە ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ١٨ی ڕبیع الاولی ساڵی ٦٠٢ی کۆچی کۆچی دوایی کرد و ھەر لە شاری ئاکرێ لە نێوان چیاکان لەو شوێنەی کە ئێستا ناسراوە بە گەلی شێخ عەبدولعەزیز نێژراوە، لە تەنیشت مەرقەدەکەی ئەشکەوتێکی بچووک ھەیە کە نزیکەی چوار مەتر چوارگۆشەیە کە شوێنی خەلوە و عیبادەتی بووە، لە سەرووتریش کانییەک ھەبوو کە تا ئێستاش ماوە ھەر لە تەنیشت مەرقەد تەکیە و مزگەوت و شۆرباخانەیەک ھەیە بۆ نان دانی خەلک کە ھەزاران کەس لە دەروێش و مورید وزانایان وەفدە ڕەسمییەکان و زانستخوازان و خەلکی تریش سەردانی دەکەن بەم پێیەش ئەو شوێنە بووەتە بنکەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێبازی قادری لە عێراق و جیھانی ئیسڵامی، ھەروەھا مەرقەدی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی بە کۆنترین و گەورەترین شوێنی پیرۆز دادەنرێ لە کوردستانی عێراق.[ژێدەر پێویستە]

گەورەکردنی تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی دەستکاری

تەکیەی قادری و مەرقەدی شێخ عبدالعزیز گەیلانی لە شاری ئاکرێ بە چەند قۆناغێک گەورە کراوە و فراوان کراوە تاکو گەیشتووەتە ئەوەی ئێستا ھەیە، بەڵام کۆششی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ جەنابی شێخ سعید شێخ عەبدولعەزیز بەرزنجی ولیانی کە لە ١/١١/٢٠٠٠ کۆچی دوایی کردووە و لە ناحیەی ڕۆڤیا نێژراوە لە پاڵ باپیرە گەورەی شێخ ئیسماعیل ولیانی، کە ھەستا بە نوێ کردنەوە و بیناکردنی قوبەکە و ھەر لە شوێنی خۆی قوبەیەکی گەورەتری دروست کرد و مزگەوت و تەکیای دروست کرد کە لە چەند ژوورێک پێکھاتووە بۆ پێشوازی میوان ومانەوەیان ھەروەھا چەند ژوورێک بۆ دەروێش و موریدەکان و شۆرباخانەیەک بۆ ناندانی ڕۆژانەی ھەژار و داماوان، ھەروەھا ھەستا بە ڕاکێشانی ڕێگا بۆ تەکیە و ڕاکێشانی ھێلی کارەبا، ھەروەھا کتێبخانەیەکی دروست کرد کە سەدان کتێب لەخۆدەگرێ، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٧ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەستا بە دروستکردنی خانووەکانی سەرووی تەکیە و فراوان کردنی تەکیە و مزگەوت و نوێ کردنەوەی حەڕەمی مەرقەد و قوبەکە و فراوانکردنی بۆ چەند نھۆمێک بەڵام تا ئێستا بەھۆی دۆخی ئابووری و دارایی ھێشتا ئەم فراوانکردنە تەواو نەکراوە بۆیە شێخ وریا شێخ سەعید بەرزنجی ولیانی شێخی تەریقەتی قادری ولیانی ئەرکی تەواوکردنی مەرقەدەکەی گرتە ئەستۆ.

ساڵانە ھەزاران خەلیفە و دەروێش و مورید و شوێنکەوتووانی ڕێبازی قادری لەم شوێنە کۆدەبنەوە بۆ زیندووکردنەوەی بۆنە و مەڕاسیمە ئایینییەکان لەوانە یادی لەدایکبوونی خۆشەویست صلی اللە علییە و سلم و یادی لەدایکبوونی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و زیندووکردنەوەی شەوی ئیسرا و میعراج و شەوی نیوەی شەعبان و شەوی قەدر و جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان و ھەموو ڕۆژانی ھەینی، شایەنی باسە ئێستا سەید شێخ وریا شێخ سەعید بەرزنجی ولیانی شێخی ئێستای ڕێبازی قادری ولیانی سەرپەرشتی تەکیە و مەرقەدی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی دەکات.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. قلائد الجواھر التادفی
  2. الشیخ عبدالقادر الجیلانی رؤیة تاریخیة معاصرة دکتور جمال الدین فالح الجیلانی
  3. التاریخ الکبیر الذھبی
  4. سایتی القادریة