سووسەن ئەمیری

(لە سۆسن ئەمیریەوە ڕەوانە کراوە)


سووسەن ئەمیری ناسراو بە سەحەر (١٩٥٨ لە کرماشان - ئەیلوولی ١٩٨٤ لە تاران)، ژنی شۆڕشگێری کۆمۆنیستی کورد و چالاکوانێکی سیاسی خەڵکی شاری کرماشان بوو کە لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراو.

سووسەن ئەمیری

لەدایکبوون١٩٥٨
مەرگئەیلوولی ١٩٨٤ (۲٦ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگسێدارەدان
شوێنی گۆڕنادیار
نیشتەجێیکرماشان، تاران
نەتەوەکورد
پیشەکرێکار
حیزبی سیاسییەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران
مناڵ(ەکان)سەحەر موحەممەدی
خزمەکانپیرۆت موحەممەدی (شوو)، حەسەن ئەمیری (برا)، ئەسغەر ئەمیری (برا)، ڕەسوول موحەممەدی (برای شوو)، زەوارە ئەمیری (خاڵۆ)

سووسەن ئەمیری لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری کرماشان لە بنەماڵەیەکی چەوساوە لە دایک بوو. دایکی جەننەت ئەمیری و باوکی عەلی ئەمیری بوون کە لە گوندی کەنوولە سەر بە ناوچەی دینەوەری پارێزگای کرماشانەوە، ھاتبوون بۆ شاری کرماشان. باوکی جەننەت ئەمیری لە سەردەمی ڕەزاخان دژ بە حکۆمەتی پەھلەوی چەکی بە دەست گرتبوو و لە چیاکانی کرماشان خەبات کردبوو.[١] براکەییشی بە ناوی زەوارە ئەمیری ئەندامی ڕێکخراوەی مارکسی-لێنینیی تۆفان و ھەروەھا دامەزرێنەری پارتی مارکسی-لێنینیی شەفەقی سوور بوو.[٢] جەننەت ئەمیرییش خۆی چالاکێکی شۆڕشگێڕ بوو و لە تەواوی دەورانی ژیانەکەی شان بە شانی منداڵەکانی خەبات کرد.[١] سووسەن ئەمیری ھەر لە شاری کرماشان چوو بۆ قوتەبخانە و دەستی کرد بە وانە خوێندن. شاری کرماشان لەو سەردەمە پێگەی چالاکیی زۆرێک لە حیزبەکان و گورووپە سیاسیەکان بوو، و سووسەنیش وێڕای براکانی لە مەکۆیەکی کۆمۆنیستی بەشداریی دەکرد. یەکەم کەڕەت لە سەردەمی قوتابیبوون بە ھۆی ئینشایەکی کە لە قوتابخانە نووسیبوو لە ساواکی کرماشان لێپرسی کراو. ئەسغەر و حەسەن براکانی سووسەن مەکۆیەکییان بەڕێوەدەبرد کە ھەڤالێکی مەھابادی بە ناوی پیرۆت موحەممەدییش لەناوی بەشدار بوو. سووسەن بەدوای چەند ساڵ لەگەڵ پیرۆت موحەممەدی زەواج کرد. لە ساڵ ١٩٧٦ سووسەن وێڕای چەن ھەڤالی دیکە ڕۆیشت بۆ دەرەوەی وڵات و لەگەڵ حیزبەکانی مائۆئیست و کتێبەکان و ڕوانگەکانی ئەوان و بەتایبەت کارەکانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران ئاشنا بوو.[٣]

بەدوای چەن ساڵ مەکۆی کۆمۆنیستی بوو بە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی گورووپی خەبات بۆ ئازادیی چینی کرێکار. ئەم گرۆپە لە شاری کرماشان دامەزراو و لەگەڵ یەکێتی کۆمۆنیستەکانی ئێران یەکیان گرت و بوو بە بەشێک لەو حیزبە. لەو سەردەمە کە ھاوکات بوو لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٩٧٨ لە ئێران، سووسەن لەگەڵ پێرۆت موحەممەدی چوو بۆ تەورێز و لە کارخانەی تەراکتۆرسازیی تەورێز دەستی کرد بە کار و لەنێوان کرێکارانی ئەو کارخانە چالاکیی دەکرد و ناوکەکانی شۆڕشگێری بۆ مەبەستی خۆپێشاندان و خەباتی لە سەرشەقام ڕێکدەخست. بەدوای ماوەیەک دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، دیسانەوە گەڕاو بۆ کرماشان و لە قوتابخانەکانی کرماشان چالاک بوو و بزۆتنەوەیەک لە ناو قوتابیەکانی کرماشان بەڕێخست. سووسەن ھەروەھا لە ڕێکخەرانی خۆپێشاندانی ڕۆژی ١ی ئایاری ١٩٧٩ لە گۆڕەپانی جوانشێری شاری کرماشان بوو کە ١٥ ھەزار کەس لەناوی بەشداری کرد. سووسەن تا بەھاری ساڵی ١٩٨٠ لە کرماشان ماو و وەکوو بەرپرسی ڕێکخراوەی خوێندکاران و قوتابیانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران لە کرماشان چالاک بوو. لەو سەردەمە لە شاری سنە بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شار بەماوەی یەک مانگ دەستیپێکرد و سووسەنیش ڕۆیشت بۆ سنە تا لە تەنیشتی ھێزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دژ بە حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران خەبات بکات.[٣]

سووسەن بەدوای شەڕی سنە، گوازراو بۆ تاران و بوو بە کرێکاری کارخانەی پێڵاوی میللی و بەرپرسایەتیی مەکۆیەکی کرێکاریی گرت بە ئەستۆ. لە ساڵی ١٩٨٢ یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران لە شاری ئامۆل لە پارێزگای مازەندەرانی باکووری ئێران دەستی کرد بە خەباتی چەکدارانە دژ بە حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران و پیرۆت محەممەدی شووەکەی سووسەنیش لەو شەڕە کوژراو. سووسەن بەدوای شکستی ھێزەکانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکان چوو بۆ ئامۆل و بوو بە بەشێک لە ھێزە نیزامیەکانی ئەو ڕێکخراوە کە بە ناوی ھێزەکانی جەنگەل دەناسرێن. لەو کاتە یەکێتیی کۆمۆنیستەکان لەژێری ھێرشەکانی حکۆمەت داپاشیبوو و چەندەھا کەس لە ڕیبەرەکان، کۆمیتەیەکیان ڕێخستبوو بە ناوی کۆمیتەی تاوەکیی ڕێبەری تا جێگەی ڕیبەرەکانی کوژراو پڕ بکەن و سووسەنیش لەم کۆمیتەیە پشتیوانیی کرد.[٣]

سووسەن لە سەرەتای پایزی ١٩٨٣ لەگەڵ فرەیدوون سەرراج لە ئەندامانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران زەواج کرد. لەو سەردەمە دەیھەوێست بڕوات بۆ کوردستان تا لە شەورای چوارەمی یەکێتیی کۆمۆنیستەکان بەشداری بکات، بەڵام لە لایەن حکۆمەتی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراو و کەوت لە بەندیخانەی ئێڤین لە تاران و ئەشکەنجە کرا.[٣] ھەر لەو ڕۆژان ئەسغەر و حەسەن ئەمیری براکانی سووسەنیش دەستبەسەر کراون و کەوتن لە بەری ئەشکەنجە و زیندان. سووسەن ئەمیری بە ماوەی ٩ مانگ لە ژێری ئەشکەنجە لەسەری ئارمانجەکانی خۆی سووڕ ماو و لەئاکامدا لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٤ لە بەندیخانەی ئێڤین لەسێدارە دراو.[٤] پرسەی سووسەن لە شاری کرماشان بوو بە شوێنێک بۆ خۆپێشاندان و ئێعترازکردن بە حکۆمەتی ئیسلامی و چەندەھا کەس لە بەشداریکەران لە پرسەی سووسەن و براکانی ئەسغەر حەسەن ئەمیری لە لایەن ھێزەکانی حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون و تەنانەت تا ساڵێک لە بەندیخانە ماونەتەوە.[٣]

بنەماڵە

دەستکاری

پیرۆت محەممەدی و براکەی ڕەسوول محەممەدی ھەر دوو لە شۆڕشی ئامۆل لە باکووری ئێران کوژراونەتەوە. حەسەن و ئەسغەر براکانی سووسەنیش لە سێدارە دراون. سووسەن لە شووە یەکەمینەکەی پیرۆت محەممەدی خاوەنی کچێکی ساوا بوو کە ناوی سەحەر -کە ناوی حیزبیی خۆی بوو- لەسەری دانابوو. سەحەر محەممەدی بە ھۆی سەرقاڵیی سووسەن بە خەبات و تێکۆشان بەدەستی جەننەت ئەمیری دایەپیرەکەی گەورە کراو و ئێستاکە وەکوو چالاکی مافی مرۆڤ چالاکی دەکات.[٤] جەننەت ئەمیری زیندوو ماو و لە ئاکامدا لە ٢ی نیسانی ٢٠٠٧ لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.[١]

شوێنی گۆری سووسەن و حەسەن و ئەسغەر ئەمیری و پیرۆت و ڕەسوول موحەممەدی قەد نەزانستراو و حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران قەد لەم بابەتە شرۆڤەیەک نەدا و جەستەی ئەم لەسێدارەدراوەکان بە بنەماڵەکانیان نەدەراوەتەوە.[٥]

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا ب پارتی کۆمۆنیستی ئێران (مارکسیست-لێنینیست-مائۆئیست): لە لاواندنەوەی ژنێکی تێکۆشەر، جەننەت ئەمیری (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ٢٠٠٧؛[بەستەری مردوو] سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  2. ^ پارتی کاری ئێران (تۆفان): کۆچی دواییی ھەڤال زەوارە ئەمیری، کۆمۆنیستی خۆڕاگر و ئاشتی ناخواز، دامەزرێنەری پارتی مارکسی-لێنینیی شەفەقی سوور (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی کانوونی دووەمی ٢٠١٠؛ ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  3. ^ ئ ا ب پ ت پارتی کۆمۆنیستی ئێران (مارکسیست-لێنینیست-مائۆئیست): ھەڤال سووسەن ئەمیری: کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێر، ژنێکی یاخی (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣؛ ١٥ی شوباتی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  4. ^ ئ ا ماڵپەڕی ھەواڵەکانی ڕۆژ: بە ناوی دایکم و ئاواتە جوانەکانی (فارسی)، نووسراوی سەحەر ئەمیری لە ڕێکەوتی ٥ی ئابی ٢٠١٦؛ ٢٦ی شوباتی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  5. ^ یەکسانی بۆ ئێران: ئەمە زۆرتر لە ٣٣ ساڵانە بەشوێنی تەرمی ٥ کەس لە عەزیزانم سەرگەردانم (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٥؛ ٣ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.