مافەکانی مرۆڤ

مافە بنچینەییەکانی هەر مرۆڤێک
(لە مافی مرۆڤەوە ڕەوانە کراوە)

مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک بنچینە یان ڕێسای ڕەوشتین کە لەسەرپێوانەی ئاکاریی مرۆڤەکان ساز کراون و بەگوێرەی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پارێزگارییان لێ دەکرێت.[١] بەگشتی دەتوانین ئەم بنەمایانە بەم شێوەیە ناو بنین کە مافی ڕەوای ھەموو مرۆڤێکن و شیاوی گۆڕین و دەستکاریی نین[٢] و بەیەکسانی و بەھۆی مرۆڤبوونی کەسەکەوە (بە تایبەتمەندیی مرۆڤبوونیانەوە بەندە) پێی ڕەوا بینراوە.[٣] بێ گوێدانە تەمەن، نەتەوە، ئایین، زمان، ڕەنگ و، ڕەگەز ھەمووان وەکو مرۆڤ ھاوتان.[٢] ئەم مافانە لە ھەموو شوێنێک و لە ھەموو کاتێکدا جێبەجێ دەبن بەسەر مرۆڤەکاندا، لە ھەر کوێیەک بن لە جیھاندا، بێ جیاوازی.[٤] لە سایەی سەروەریی یاسا و سۆزی مرۆڤانەوە[٢][٤] چاوەڕوان دەکرێت کە ھەموو پێڕەوی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤی ھەبێت بۆ مرۆڤەکانی تر،[٤] ھیچ کات ئەو مافانە لە مرۆڤ ناترازێن، مافی مرۆڤ بۆ هەموو کەسێک مافێکی ڕەسەنە و پێوەی لکاوە، مەگەر لە دۆخێکی یاساییی تایبەتی و بە ھۆکاری سەپاندنی لە ڕەوتێکی یاساییدا.[٢]

یەکێک لە یەکەمین بەڵگەکانی مافنامەی جیھانی مرۆڤ

بنەمای مافەکانی مرۆڤ ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە داڕشتنی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیھانی و ھەرێمییەکاندا.[٥] کار و کردەی وڵات و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بنچینەن بۆ پێکھێنانی سیاسەتی گشتی لەسەرانسەری جیھاندا. ھزری مافەکانی مرۆڤ پێشنیارێکە بۆئەوەی «کە بتوانرێت بگوترێت وتاری گشتیی کۆمەڵگا لە سەردەمی ئاشتی و تەباییدا زمانێکی ڕەوشتیی ھاوبەشی ھەیە، ئەویش زمانی مافەکانی مرۆڤە».

تاکوو ئەمڕۆ ڕێڕەوی ئاراستەی مافەکانی مرۆڤ گومان و گفتوگۆی بەردەوامیان لەسەرە، لە ڕووی ناوەڕۆک و سروشتی بەڵگەھێنانەوەی مافەکانی مرۆڤ. واتای تەواوەتی بۆ زاراوەی ماف، گێرمەوکێشەی دروست کردوە، بووە بە بابەتێکی فەلسەفیی درێژخایەن،[٦] ھاوکات کۆدەنگیی تەواو ھەیە کە مافەکانی مرۆڤ دەستەیەکی جۆراوجۆرن لە مافەکان،[٧] وەکوو بوونی دادگایەکی دادپەروەر، یان پاراستن لە زۆرداری، یان دوورخستنەوە لە کۆمەڵکوژی و زەودکردنی ئازادیی ڕادەربڕین[٨] یان مافی فێربوون. ھەندێک ناکۆکی ھەیە لەوەی ئایا ئەم بەندانەش بکرێنە ناو مافەکانی مرۆڤەوە. ھەندێک لە ڕووناکبیرانی مافەکانی مرۆڤ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ئاستێک دیاری بکرێت بۆ نواندنی کەمترین ماف، تاکو دەستدرێژی بۆ سەر مافەکان نەکرێت و مرۆڤەکان پارێزراو بن، ھەندێکی تر پێیان وایە دەبێت پێوانەی پێچەوانەی ئەمە، واتە بەرزترین ھەبێت.[٩][١٠]

مافی مرۆڤ مافێکی ناوخۆیی یان ناوچەیی نییە، واتە تایبەت نییە بە وڵات و کولتوور و کیشوەرێکی دیاریکراوەوە، بەڵکوو مافێکی گەردوونی و سنووربەزێنە. لە ڕاستیدا شتێک نییە ناوی مافی مرۆڤی کوردی یان عەرەبی، فارسی یان تورکی، ئینگلیزی یان فەڕەنسی، ئەمریکی یان ئەڵمانی بێت. مافێک نییە پێی بگوترێت مافی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، مافی مرۆڤی ئیسلامی و مافی مرۆڤی مەسیحی، مافی مرۆڤی هیندۆسی و مافی مرۆڤی جوولەکە، مافی مرۆڤی جیهانی سێیەم و مافی مرۆڤی جیهانی ئەورووپی. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک مافە، بۆ سەرجەم مرۆڤەکانە لە هەرکوێیەکی ئەم دونیایەدا بن[٢]. مرۆڤی نێو جەنگەڵە چڕەکان و مرۆڤی نێو شارە ڕووناک و پێشکەوتووەکان یەک مافیان هەیە و لە ڕووی مرۆڤبوونەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە.

زۆر لەو ڕووداوە بزوێنەرانەی کە بوونە هۆی ورووژاندنی مافەکانی مرۆڤ، لە ئاکارەکانی جەنگی جیهانیی دووەم و ڕوودانی هۆلۆکۆست بوون[١١]. لە ساڵی ١٩٤٨دا و لە پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پاریس، باسی مافی مرۆڤ گەیشتە لووتکە و وەرچەرخانێکی بەخۆیەوە بینی کە پێشتر گەلان بۆچوونی تریان لەسەری هەبوو[١٢].

لە ئێستادا، مافی مرۆڤ بووەتە ئەو پێوانەیەی کە گەشەکردن و پێشکەوتنی وڵاتانی پێ دەپێورێت. تەنانەت دیدێک هەیە پێی وایە گرنگ نییە بە چ سیستەمێکی سیاسی وڵات بەڕێوە دەبەیت، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە تا چەند هاوڵاتییەکانت خاوەنی مافەکانی مرۆڤن و تا چەند سوودیان لەو مافانە وەرگرتووە. ئەو مافانە رۆژانە تا چ ئاستێک لە ژیانی سەرجەم چین و توێژەکاندا رەنگیان داوەتەوە و لە سایەیدا ژیانێکی شەرافەتمەندانە دەژین؟[١٣].

مافەکانی مرۆڤ لە یاسادادەستکاری

مافەکانی مرۆڤ تێھەڵکێشی هەموو ئەو بەند و یاسایانە کراون کە حکومەتەکان دایدەڕێژن لە هەموو وڵاتانی جیھاندا. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کات کاریان پێ نەکراوە و، هەندێکیان دەبنە کورتھێنان لە ڕەوایەتیی مافەکانی مرۆڤ. بەڵام پێوانە نێودەوڵەتییەکان جەخت لە ڕەوایەتیی ئەم مافانە دەکەنەوە کە حکوومەتەکان زەودی دەکەن و ناتوانن مافەکان بەو شێوەیەی پێویستە، دەستەبەر بکەن. ڕێکخراوی نێونەتەوەییی نەتەوە یەکگرتووەکان مافەکانی داڕشتووە و ڕێکی خستوون تاکوو پارێزگارییان لێ بکات و هەڵوێست بنوێنێت و لە کاتی پێویستدا پێداچوونەوەیان بۆ بکات[١٤]. هەموو وڵاتێکی سەربەخۆ، نوێنەری هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکوو بتوانن لەسەر مافە ڕەواکانی هاووڵاتیانی خۆیان بدوێن. هەروەها، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی تری مافەکانی مرۆڤ، بەدواداچوون بۆ زەودکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن لە وڵاتانی جیهاندا. لەڕێی پێوەندیە نوێیەکانی وەکوو تەلەفۆن و ئینتەرنێتەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵی هاووڵاتیان لە جیهاندا ئاسان بووە؛ ئەمە وای کردووە کە کاری ئەم ڕێکخراوانەش ئاسانتر بێت و بتوانن باشتر ئاگاداری ڕەوتی مافەکانی مرۆڤ بن لە هەر وڵاتێک و بەردەوام لەڕێی میدیاکانەوە، وەکوو بڵاوکراوەکان و بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکانەوە، کاردانەوەی خۆیان و بانگهێشتەکانی خۆیان بگەیەنن.

جۆرەکانی مافەکانی مروڤدەستکاری

دەکرێت جۆرەکانی مافەکانی مرۆڤ بە چەندین شێواز پۆلێن بکرێن. یەکێک لەو شێوازانە پۆلێنکردنە لە ڕووی جۆری مافەکەوە، کە دەکرێن بە سێ کۆمەڵەوە:

لەو جۆرانە، هەر کۆمەڵە و بوارێک دەگرێتەوە، کە بەهەموویان کۆبەندی مافەکانی مرۆڤن[١٣].

مافەکانی تاکەکەسیدەستکاری

[[ئەو مافانەیە کە مرۆڤ وەک تاکێک لەناو کۆمەڵدا هەیەتی. ئەم مافانە، لە بەرامبەر دەستوەردانی دڵڕەقانەی دەوڵەت دەپارێزێت. ڕەوابوونی ئەم مافانە وا دەکات تاکەکەس لە کۆمەڵگەدا هەست بە سەربەزی و سەربەخۆییی خودی خۆی بکات. ھەندێک لەم مافانە بریتین لە مافی بەندنەکردن و ئەشکەنجەنەدان، مافی بیرکردنەوە، مافی خوێندن، مافی کارکردن و، مافی ژیان.]]

مافی فێربووندەستکاری

ئەمە ئەو مافەیە کە دەکرێت نەوەی داهاتوو پێکەوە ببنە خاوەنی کاری پلە بەرز وەک (دکتۆر، مامۆستا، ئەندازیار،دادوەر) واتە بە تەواوی زانیاریان وەرگرتبێت دەربارەی خوێندن و نوسین نەک تەنها تاکەکەسێکی دیاریکراو، مافی هەموانە فێری زانست و زانیاری بن، بە تایبەت منداڵانی کوردستان چونکە پێشکەوتنی وڵات بەندە لەسەر ڕۆشنبیری گەنجان.

مافە شارستانییەکاندەستکاری

مافی پاراستن و ئاسایش، مافی ئازادیی هاتوچۆ و نیشتەجێبوون، مافی ڕێزگرتن لە مرۆڤ، مافی ئاسودەیی گەڕان لە وڵاتەکەی خۆت.

مافە سیاسییەکاندەستکاری

مافی کۆیلەنەبوون، مافی بەشداریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان

مافی خواردن و خواردنەوە، مافی چاودێریی تەندروستی، مافی خوێندن، مافی بیمەی بێکاری، مافی ئاستێکی باشی ژیان.

مافە کولتووری و ژینگەیییەکاندەستکاری

نموونە بۆ ئەم جۆرە مافانە مافی پۆشینی جلوبەرگ، مافی یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەیی و کولتوورییەکان، مافی ئەنجامدانی هەڵپەڕکێی میللی، مافی ژیان لە ناو ژینگەیەکی پاک و تەندروست، مافی بوونی ژینگەیەکی خاڵی لە وێرانکاری.

مافەکانی مرۆڤ لە پەیمان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندادەستکاری

لە ساڵێ ١٩٦٦دا، نەتەوە یەکگرتووەکان یادداشتنامەی هەردوو ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی مافە شارستانییەکان و مافە سیاسییەکان (ICCPR) و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان (ICESCR)ی پەسەند کرد و کردیە مەلزەمەیەک بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام[١٥]. بەڵام تاکوو ساڵی ١٩٧٦ نەخرانە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو کاتە کۆمەڵێک لە وڵاتان دانیان پێدا نا.

لە ساڵی ٢٠٠٨، ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان «کۆنووسی ئارەزوومەندانە لە ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان»ی دانا کە ماف و ڕێگە دەدات بە وەرگرتنی داواکاریی ئەو کەسانەی مافەکانیان پێشێل کراوە بەپێی ڕێککەوتننامەکە لەلایەن دامەزراوەیەکی حکوومییەوە و کۆنووسەکە لە ڕێکەوتی ٥ی ئازاری ٢٠١٣دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

چەندین پەیمان و ڕێککەوتننامەی تر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەن کە وەکوو ئامراز بۆ سەپاندنی مافەکانی مرۆڤ ناسێنراون، لەوانەش:

مێژوودەستکاری

بەراورد بە ئەمڕۆ، لای گەلانی پێشوو چەمکی مافەکانی مرۆڤ تێگەیشتنێکی جیاوازی ھەبوو.[١٢] لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا، پێشەنگی ڕاستەقینەی گوتاری مافەکانی مرۆڤ لە دیدی مافە سروشتییەکانەوە ڕێچکەی گرتبوو، وەکوو بەشێک لە یاسای سروشتکە دەڵێ مافەکانی مرۆڤ پێدراوێکی سروشتییە و پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە، هەر لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە تاکوو ئەو کاتەی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات؛ ئەمە لە سەردەمی ھەستانەوەی ئەورووپادا بەدی دەکرێت. لەسەر ئەم بنچینەیە، مافەکانی مرۆڤ لە دوا نیوەی سەدەی بیستەمەوە بەشێوەی نوێ و ھۆکاری نوێوە دانرا.[١٦]

لە سەدەی حەڤدەھەمدا، فەیلەسوفێکی ئینگلیز بەناوی جۆن لۆک، لە میانەی کارەکانیدا لەسەر مافە سروشتییەکان دوا. مافە سروشتییەکانی بەوە دیاری کرد کە بریتین لە «ژیان، ئازادی، و خاوەندارێتی». جۆن لۆک پێداگریی لەسەر ئەم مافانە کرد وەکوو پێکھاتنێکی کۆمەڵایەتی، کە نابێت لە مرۆڤەکان بسەنرێن.

مافەکانی مرۆڤ لە یۆنانی کۆندادەستکاری

لە رۆژگاری دێرینی یۆناندا، بیرمەندە یۆنانییەکانی ئەو سەردەمە هەوڵیان داوە لە نووسین و بەرهەمەکانیاندا هەندێک بایەخ بە مرۆڤ و بە مافەکانی بدەن. ئەمەش لە میانەی ئەو وتەیەی بیرمەندی یۆنانی سۆفۆکلێس، کە ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین وتوویەتی: «مرۆڤ مەزنترین موعجیزەی سەر ئەم گۆی زەوییەیە». لەگەڵ ئەوەشدا شارستانییەتی یۆنانی، بەدەر نەبووە لە کۆمەڵێک پێشێلکاریی گەورە کە بەرامبەر بە مرۆڤی ئەو چاخە کراوە، لەوانە بوونی کۆیلە و، ئیشکردنی زۆرەملێ بەم کۆیلانە لەپێناو خۆشگوزەرانیی چینی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان. هەروەها، باوک لە ناو خێزاندا دەسەڵاتێکی رەهای بەسەر منداڵەکانیەوە هەبووە: بۆی هەبووە منداڵەکانی بفرۆشێت، بیانکوژێت، یاخود فڕێیان بدات و وازیان لێ بھێنێت. دۆخی ژن هیچی ئەوتۆی لە دۆخی کۆیلە زیاتر نەبوو؛ ژن بەتەواوی لە مافە شارستانییەکانی بێبەش کرابوو—وەک موڵکی پیاو تەماشای دەکرا. جگە لەوانە، کۆمەڵگای یۆنانی لەسەر بنەمای چینایەتی دابەش بووبوو. ئەم دابەشبوونە بیرۆکەی یەکسانی و دادپەروەریی نێوان دانیشتووانی نەهێشتبوو[١٣].

 
بەشی ژوورووی بەردی حەمووڕابی

ناوچەی نێوان دوو ڕووبار (میزۆپۆتامیا)دەستکاری

بەپێی توێژینەوەکان، بەردی حامۆڕابی (١٧٩٢ - ١٧٥٠ پ.ز) کە لە ٢٨٢ ماددە پێک هاتووە، کۆنترین یاساکانی ناوچەی میزۆپۆتامیایە (نێوان دوو ڕووبار). عێراقی ئەمڕۆ یاسای گوزەران و مافەکانی تێدا هۆنراوەتەوە و لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پارێزراوە. لەم بەندانەدا ھەر کەسە و بەگوێری پلە و ئاستی ئەرکەکانی لە کۆمەڵگادا ئەرکەکانی بۆ دیاری کراوە و مافەکانیشی بۆ ڕوون کراوەتەوە.[١٧] لە بەندەکاندا بەشێوەیەکی شارستانی یاسای ماف و سزادان و پەیڕەویکردنی تێدا ڕوون کراوەتەوە. لەو سەردەمەدا حامۆڕابی توانیی لە هەموو ئەو شوێنانەی کە دەسەڵاتی هەبوو ئەم یاسایانە جێبەجێ بکا. ئەم یاسایانەی حامۆڕابی بە یەکێک لە کۆنترین یاساکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە بەندی بۆ مافەکانی تاکەکەس تەرخان کردووە[١٨].

ئایینە ئاسمانییەکاندەستکاری

دەرکەوتنی ئایینە ئاسمانییەکان، بەتایبەتی ئایینی جوولەکە، مەسیحییەت و، ئیسلام، بە خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆڕینی دیدی کۆمەڵگا بۆ مرۆڤ دادەنرێت. ئایینە ئاسمانییەکان بانگەشەیان بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤ دەکرد[١٩]، مرۆڤیان وەک بوونەرەوەرێکی گەورە دەناساند، نرخی یەکسانی و دادپەروەییان بەرز ڕادەگرت[٢٠].

سەربەخۆییی ئەمریکادەستکاری

دوای ئەوەی ئەمەریکا توانیی سەربەخۆییی بەدەست بهێنێت و لەژێر دەستی بەریتانیا ڕزگاری ببێت، لە ساڵی ١٧٧٦ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی ئەمەریکای بڵاو کردەوە، تێیدا جەخت لەسەر بنەماکانی ئازادیی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان کراوەتەوە، بێ بوونی هیچ کۆت و بەند و مەرجێکی دیاریکراو[٢١].

شۆڕشی فەرەنسی و ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤدەستکاری

 
ڕوونکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیان پەسەندکراوە لە لایەن کۆمکاری نەتەوەیی فەرەنسا لە ٢٦ی ئابی ١٧٨٩ دا

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەرەنسی و گرتن و ڕووخاندنی باستیل لە ساڵی ١٧٨٩، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەندرا. ئەم جاڕنامەیە لە هەمو ئەوانی دیکە کە لە بارەی مافەکانی مرۆڤەوە ڕاگەیانرابوون جیاوازتر و بەرفراوانتر بوو. ئەمە یەکەم جاڕنامە بوو تا ئەو رۆژگارە بە شێوەیەکی گرنگ بایەخ بە مافەکانی مرۆڤ بدات و ڕەهەندێکی جیھانیی وەرگرت چونکە کاریگەرییەکەی سنووری فەرەنسای تێپەڕاند و پەڕییەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کە پاشان بوو بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ هەموو ئەو دەستوورانەی دوای شۆڕشی فەرەنسا نووسرانەوە[١٣].

ئەم جاڕنامەیە چوار بنەمای بنچینەییی لەخۆ گرتبوو:

  • خەڵکی بە ئازادی لەدایک دەبن و لە مافەکاندا یەکسانن.
  • ئازادیی بیروڕا و گوزارشتکردن.
  • مافی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان.
  • هاوسەنگی لە نێوان مافەکانی تاکەکەس لەگەڵ بەرژەوەندیی کۆمەڵگا/بەرژەوەندیی گشتی.

ئەم جاڕنامەیە لە پێشەکییەک و حەڤدە ماددە پێک هاتبوو، دوای بڵاوبوونەوەی بووە بنەمایەکی سەرەکی بۆ نووسینەوەی دەستوورەکانی فەڕەنسا، لە دەستووری کۆماری یەکەم لە ساڵی ١٧٩٣ بۆ دەستووری کۆماری پێنجەم لە ساڵی ١٩٥٨. بەڵام، ئەم دەستوورەی دوایییان، جگە لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٧٨٩[٢٢]، چەندین ماددەی دیکەی بۆ زیاد کرا کە پەیوەست بوون بە ئازادییە گشتییەکانەوە؛ ئەم زۆرکردنە لە ئەنجامی گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگای فەڕەنسی هاتە ئاراوە. هەموو ئەو قۆناغانەی مافەکانی مرۆڤی پێدا تێپەڕی، ڕێگایان بۆ ئەوە خۆش کرد مافەکانی مرۆڤ ببێتە بابەتێکی جیهانی و گەلانی جیاواز جیاوازی دونیا لە دەوری کۆ ببنەوە[٢٣].

ڕوودانی هەردوو جەنگی جیھانیی یەکەم و دووەم، کوشتن و کەمئەندامبوونی ملیۆنەها مرۆڤ و ئاوارەبوونی بێشوماری خەڵک لە ئەنجامی ئەو دوو جەنگە[٢٤]، وێرانبوونی سەدان و هەزاران شار و شارۆچکە و گوند و تێکچوون و خراپبوونی بەشی هەرە زۆری ڕێگاوبانەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان و،[٢٥] بینینی ڕۆژانەی ئەو کوشتن و وێرانبوونەی جەنگ دەیخستەوە، ترسێکی گەورەی خستە دڵی دانیشتووانی جیھانەوە، بەتایبەتی دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی هەم بەشدار بوون لە جەنگەکەدا و هەم وڵاتەکانیان بووبوون بە گۆڕەپانی جەنگ و ڕۆڵەکانیان لە بەرەکانی شەڕ وەک گەڵای دار هەڵدەوەرین[٢٦]. ئەمە وڵاتانی ئەوروپای ناچارکرد، بەجۆرێکی دیکە بیربکەنەوە و سنوورێک بۆ ئەو هەمو مەرگە بە کۆمەڵەی مرۆڤەکان دابنێن[١٣]. لێرەوە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٤٥ لە سان فرانسیسکۆ واژۆ کرا. لەم پەیماننامەیەدا، ڕێزگرتن لە مرۆڤ و کەرامەتی و مافەکانی، بەڕوونی و ئاشکرا ڕەنگی دایەوە. هەر ئەم پەیماننامەیە بوو ڕێگای بۆ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ خۆش کرد.

لە نێوان دوو جەنگی جیهانی (یەکەم و دووەم)دادەستکاری

کۆمەڵەی نەتەوەکان لە ساڵی ١٩١٩دا، لەو ساتەی کە وتووێژ لەسەر ڕێککەوتننامەی ڤێرسای (لە فەڕەنسا) دوای کۆتاییھاتنی جەنگیی جیهانیی یەکەم بەردەوام بوو، دامەزرا. ئامانجەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتی بوون لە داماڵینی چەک، ڕاگرتنی ڕوودانی شەڕ و کوشتار، کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان لە ڕێگەی دانوستانەکان و وتووێژ و، خۆشکردنی گوزەزان لە جیهاندا. لە کۆبەندی ئەمەش جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەنرا.

لە میانەی ئەو ئەرکانەی کۆمەڵەی نەتەوەکان، ڕێکخراوێکی کار بۆ بەدواداچوون و کارکردن لەسەر پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ پێک هێنرا، کە دواتر بوو بە بەشێک لێی بۆ پشتیوانی و پاراستنی مافەکان بەگشتی (UDHR).

جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨دەستکاری

لە ساڵی ١٩٤٨ لە پاریس، کۆمکاری نەتەوە یەکگرتووەکانی توانیی مافنامەی مرۆڤ گەڵاڵە بکات[٢٧]، وڵاتانی جیهان بە جیاوازیی ئایین، زمان، کولتوور، سیاسەت، مێژوو و، سیستەمی حکومڕانییەوە، پاش هەر دوو جەنگە خوێناوییە مێژوویییەکەی یەکەم و دووەمی جیھان، مافەکانی مرۆڤی لە چوار چێوەی ٣٠ ماددەدا داڕشت و کردیانە بنەمایەکی نوێی ڕەوشتی و یاسایی بۆ دابینکردنی ژیانێک کە شایستە بێت بە مرۆڤی سەردەم. لە کۆی ٥٨ وڵاتی ئەندام، ٤٨ وڵات لەگەڵی بوون، ٨ ئەندام بێدەنگ بوون و هۆندووراس و یەمەنیش دواتر دەنگیان دا[٢٨]. نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی جاڕنامەی ساڵی ١٩٤٨، هەنگاوێکی گەورەی بەرەو چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا نا. هەر دەوڵەتێک ئەم پەیماننامەیەی واژۆ بکردایە، پێویست بوو چیتر ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، بیپارێزێت و، سزای هەر کەسێکیش بدات کە دەستدرێژی دەکاتە سەر مافی خەڵکانی دیکە[٢٩].

ئەم جاڕنامە نێودەوڵەتییە جیھانییە کە لە سی ماددە پێک هاتووە، لە ماددەی یەکەم و دەستپێکیدا دەڵێت: «هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و لە کەرامەت و مافدا یەکسانن.» جاڕنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مافەکانی مرۆڤ، چ مافی سیاسی یان شارستانی، مافی کۆمەڵایەتی یان ئابووری، هەموویان پێکەوە یەکەیەکی گشتگیر و بەناویەکداچوو پێک دەهێنن و بەیەکەوە بەستراون: بە هیچ شێوەیەک لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. بۆ خوێندنەی تەواوی بەندەکان تەماشای مافنامەی مرۆڤ بکە[١٣].

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کیشوەرەکاندەستکاری

چەندین ڕێککەوتننامەی نێوان کیشوەر و هەرێمەکان لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا هەن. هەندێکیان ڕاستەوخۆ لە لایەن حکومەتەکانی وڵاتانەوە سەرپەرشتییان دەکرێ و، هەندێکیشیان وەکوو ڕێکخراوی ناحکوومی و پشتبەست بە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریان ڕێک خستووە.

ئەفریقادەستکاری

ئەفریقای یەکگرتوو کە لە یەکبوونی ٥٥ دەوڵەتی ئەفریقا پێک هاتووە[٣٠]، لە ساڵی ٢٠٠١دا دامەزراوە و لە پێناو دەستەبەرکردنی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و، ئابوورییەکی جێگیر لە ئەفریقادا تێدەکۆشێت[٣١].

کۆمیسیۆنی باڵای گەلانی ئەفریقا بۆ مافەکانی مرۆڤ وەکوو دەزگایەکی دادوەری ڕاسپێردراوە بە پشتیوانی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی گەلانی هەموو کیشوەری ئەفریقا، لەگەڵیدا لێکدانەوەی دەستووری ئەفریقا پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤی لەئەستۆ گرتووە. ئەم کۆمیسیۆنە لە سێ بواری فراواندا ئەرکەکانی بەئەنجام دەگەیەنێت[٣٢]:

  • پشتیوانیی مافەکانی مرۆڤ
  • پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافی گەلان
  • لێکدانەوەی دەستووری ئەفریقا بۆ مافەکانی مرۆڤ و گەلان

هەردوو ئەمەریکادەستکاری

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەمەریکا (OAS) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و بنکەکەی لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. ئەندامەکانی بریتین لە ٣٥ وڵاتی سەربەخۆ لە هەردوو ئەمەریکای باشوور و باکور[٣٣]. کارەکانی ئەم ڕێکخراوەش بریتین لە:

  • پشتیوانیی دیموکراسی
  • کارکردن لە پێناوی بەدیھێنانی ئاشتی
  • پاراستنی مافەکانی مرۆڤ
  • کارکردن بۆ نەهێشتنی گەندەڵی
  • مافەکانی گەلە ڕەسەنەکان و هاووڵاتییان
  • پشتیوانیی گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام

ئاسیادەستکاری

لەسەر ئاستی ئاسیا هیچ ڕێکخراوێکی سەرتاسەری یان ڕێککەوتننامەیەک نییە کە هەموو وڵاتانی ئاسیا تێیدا هاوبەش بن. وڵاتانی ئاسیا لەسەر مافەکانی مرۆڤ و تۆماری پاراستنی مافەکان ئاراستەی جیاوازیان هەیە[٣٤][٣٥].

کۆمەڵەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا (ASEAN) ڕێکخراوێکی جیۆپۆلەتیک و ئابوورییە کە لە ١٠ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا پێک هاتووە. ساڵی ١٩٦٧ لەلایەن وڵاتانی ئیندۆنیزیا، مالیزیا، فیلیپین، سینگاپوور و، تایلاند دامەزرا. ئەمڕۆکە ڕێکخراوەکە وڵاتانی بروونای، ڤێتنام، لاوس، میانمار و کەمبۆدیای چووەتە سەر[٣٦]. ساڵی ٢٠٠٩، لیژنەی ماڤەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوەکە وەکوو بەشێک دروست کرا. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٢، بە کۆی دەنگ، هەموو ئەندامانی کۆمەڵەکە مافەکانی مرۆڤیان پەسەند کرد.

لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەکان، کۆمکاری عەرەبی لە ٢٢ی مایسی ساڵی ٢٠٠٤دا پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی پەسەند کردووە[٣٧].

ئەورووپادەستکاری

ئەنجومەنی ئەورووپا لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزرا. ئەمەش کۆنترین ڕێکخراوە لە ئەورووپادا کە بۆ هاودەنگی و تەواوکاریی ئەورووپا کۆشش دەکات. ئەم ئەنجومەنە لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا دانی پێدا نراوە، بە یاسای نێونەتەوەییی گشتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و، وەکوو چاودێرێک بۆ ئەورووپا ئەژمار دەکرێت[٣٨]. بنکەی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە لە ئەورووپا کەوتووەتە شاری ستراسبوورگ لە فەڕەنسا. ئەم ڕێکخراوە بەرپرسە لە هەموو پەیمان و ڕێککەوتننامەیەکی مافەکانی مرۆڤ لە ئەورووپا.

لەڕێی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی ڕێکخراوەکەوە پەستان لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەکرێت بۆ پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ئەورووپا و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش تاوتوێیان لەسەر دەکرێت. ئەندامبوون کراوەیە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەمەرجێک هاوڕا بن لەسەر ئامانجەکان و بنەماکانی دەستەبەرکردنی ئازادی، دیموکراسی و، مافە بنچینەیییەکانی مرۆڤ[٣٩].

ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکاندەستکاری

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) تاکە ڕێکخراوە کە چەندین وڵات لە کیشوەری جیا جیاوە پشتیوانیی دەکەن و دەسەڵاتێکی یاسایی و دادی نێودەوڵەتیی هەیە کە لەسەر ئاستی جیھان بەندی یاسایی و بڕیار لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەر دەکات[٤٠].

کومیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندەستکاری

 
کومیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

بە پیکھاتەیەکی ٥٣ ئەندامییەوە، ئەم کۆمیسیۆنە لە ساڵی ١٩٤٦ بە مەبەستی داڕشتنی بەندی یاساییی نێونەتەوەیی بۆ پارێزوانی لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان دامەزرا. ئەم کۆمیسیۆنە ئێستا بووە بە سەکۆیەک کە لە ڕێگەیەوە هەموو وڵاتانی جیهان، گرووپ و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو گۆشەیەکی دونیاوە پەرۆشییەکانی خۆیانی تێدا دەهێننە سەر زمان.

ئەو بابەتە سەرەکییانە کە کومیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دەیانخاتە ڕوو، بریتین لە[٤١]:

  • مافی دیاریکردنی چارەنووس.
  • ڕەگەزپەرستی.
  • مافەکانی پێشکەوتن.
  • بابەتی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە سەر زەوییە عەرەبییە داگیر کراوەکاندا، بە فەڵەستینیشەوە.
  • بابەتی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەمایییەکان لە سەرانسەری جیھاندا.
  • مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و، کولتوورییەکان.
  • مافە شارستانییەکان و ڕامیارییەکان، وەکوو ئەشکەنجە و قۆڵبەستکردن، بێسەروشوێنکردن و لەسێدارەدان، ئازادیی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بێ مافی و ناڵێبوردەییی ئایینی، مافە بنەمایییەکانی ژنان، منداڵان، کرێکارە کۆچەرەکان، کەمینە و ئاوارەکان و، خەڵکی خۆجێیی.
  • پێشخستن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ژێر-کومیسیۆنەکان، ئۆرگانی پەیماننامەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکان.
  • خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری و هاوکاریی تەکنیکی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤدەستکاری

هەندێک تیۆری بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی پرسی مافەکانی مرۆڤ پەرەی پێ دراوە: ئاخۆ بۆچی و چۆن مافەکانی مرۆڤ دەبنە بەشێک لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا. یەکێک لە کۆنترین فەلسەفەکانی ڕۆژئاوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کە: «مافەکانی مرۆڤ دەرەنجامی یاسا سروشتییەکانن و لە کانگای چەند بنچینەیەکی فەلسەفی و ئایینییەوە هەڵقوڵاون.»

ئەمانەش ببینەدەستکاری

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ Morsink, Johannes (1999). The Universal Declaration of Human Rights. Origins, Drafting, and Intent. Philadelphia.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ, What are human rights?. Retrieved 14 August 2014
  3. ^ ئ ا Magdalena., Sepúlveda, M. (2004). Human rights. University for Peace. ISBN 9977-925-24-0. OCLC 773787350.
  4. ^ ئ ا ب پ Bass, Gary J. (2010-10-20). "The Old New Thing". The New Republic. ISSN 0028-6583. Retrieved 2021-04-24.
  5. ^ ئ ا Beitz, Charles R. (2009-08-06). The Idea of Human Rights. Oxford University Press. ISBN 978-0-19-957245-8.
  6. ^ Shaw, Malcolm N. (15 January 2021). یاسا نێودەوڵەتییەکان International Law. Published online by Cambridge University Press.
  7. ^ "Human rights". Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-04-24.
  8. ^ "Macmillan, Hugh Pattison, Baron Macmillan (1873–1952)", Oxford Dictionary of National Biography, Oxford University Press, 2018-02-06, retrieved 2021-04-24
  9. ^ International technical guidance on sexuality education: an evidence-informed approach (PDF). Paris: UNESCO. 2018. p. 16. ISBN 978-9231002595.
  10. ^ James Nickel, with assistance from Thomas Pogge, M.B.E. Smith, and Leif Wenar, 13 December 2013, Stanford Encyclopedia of Philosophy, Human Rights. Retrieved 14 August 2014
  11. ^ Moyn, Samuel (2010). The New Republic.
  12. ^ ئ ا Freeman, Linda H. (2002-10). "Foreword". Holistic Nursing Practice. 17 (1): vi–viii. doi:10.1097/00004650-200210000-00002. ISSN 0887-9311. {{cite journal}}: Check date values in: |date= (help)
  13. ^ ئ ا ب پ ت ج "گرنگی و بایەخی مافەکانی مرۆڤ". Retrieved 26ی Aprilی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help)CS1 maint: url-status (link) ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  14. ^ "The Resource : Part II. International Human Rights System, 11/11". www.un.org. Retrieved 2021-04-26.
  15. ^ ئەمە وڵاتی ڤاتیکان ناگرێتەوە، ئەگەرچی وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێنراوە و نوێنەری خۆی هەیە.
  16. ^ Moyn, Samuel (2010). "Zionism and the Roads Not Taken: Rawidowicz, Kaplan, Kohn (review)". American Jewish History. 96 (4): 307–309. doi:10.1353/ajh.2010.0028. ISSN 1086-3141.
  17. ^ Klengel, Horst (1991). König Hammurapi und der Alltag Babylons. Düsseldorf/Zürich. ISBN 3-491-69122-2.
  18. ^ موسوعة حضارة العالم (بە عەرەبی). 2000.
  19. ^ "1.Mose 1,27 | Einheitsübersetzung 2016 :: BibleServer". www.bibleserver.com (بە ئەڵمانی). Retrieved 2021-04-26.
  20. ^ "Freiheit - Gleiches Recht für alle". www.freitag.de (بە ئەڵمانی). Retrieved 2021-04-26.
  21. ^ "Everything you need to know about human rights in United States of America". www.amnesty.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-04-28.
  22. ^ Albert., Colliard, Claude (1990). La declaration des droits de l'homme et du citoyen de 1789, ses origines, sa perennite. Documentation francaise. OCLC 843401568.
  23. ^ texte, France Assemblée nationale constituante (1789-1791) Auteur du (1875–1889). Archives parlementaires de 1787 à 1860 ; 8-17, 19, 21-33. Assemblée nationale constituante. 8. Du 5 mai 1789 au 15 septembre 1789 / impr. par ordre du Sénat et de la Chambre des députés ; sous la dir. de M. J. Mavidal,... et de M. E. Laurent,... (بە فەڕەنسی).{{cite book}}: CS1 maint: date format (link)
  24. ^ "BBC NEWS | Special Report | 1998 | 10/98 | World War I | The war to end all wars". news.bbc.co.uk. Retrieved 2021-04-30.
  25. ^ "بۆمبەکانی جەنگی جیهانیی دووەم".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  26. ^ Lauren, Paul Gordon (1983-02-XX). "First Principles of Racial Equality: History and the Politics and Diplomacy of Human Rights Provisions in the United Nations Charter". Human Rights Quarterly. 5 (1): 1. doi:10.2307/761870. ISSN 0275-0392. {{cite journal}}: Check date values in: |date= (help)
  27. ^ NRT (20.10.2020). "بەشێک لە ماددەکانی مافی مرۆڤ بزانە". {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  28. ^ "گەشەی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  29. ^ "UNBISnet". web.archive.org. 2019-01-21. Retrieved 2021-04-30.
  30. ^ "AU Member States". web.archive.org. 2008-01-05. Retrieved 2021-04-27.
  31. ^ "African Union in a nutshell". web.archive.org. 2007-12-30. Retrieved 2021-04-27.
  32. ^ "African Commission on Human and Peoples' Rights | Mandate". web.archive.org. 2008-01-20. Retrieved 2021-04-27.
  33. ^ OAS (2009-08-01). "OAS - Organization of American States: Democracy for peace, security, and development". www.oas.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-04-27.
  34. ^ Repucci, Sarah; Slipowitz, Amy (2021). "Democracy in a Year of Crisis". Journal of Democracy. 32 (2): 45–60. doi:10.1353/jod.2021.0018. ISSN 1086-3214.
  35. ^ "ASEAN", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2021-04-25, retrieved 2021-04-28
  36. ^ The Bangkok Declaration.
  37. ^ "ACIHL - English Version of the Statute of the Arab Court of Human Rights". acihl.org. Retrieved 2021-04-28.
  38. ^ "ئەنجومەنی وڵاتانی ئەوروپا".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  39. ^ "Council of Europe". www.coe.int (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-05-06.
  40. ^ Bevis, Charlie (2007-09-01). "Economic Anatomy of an 1891 Minor League Ball Club". Base Ball: A Journal of the Early Game. 1 (2): 78–92. doi:10.3172/bb.1.2.78. ISSN 1934-2802.
  41. ^ سەڵواتی, ئازاد. "کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)