پەڕەی سەرەکی بکەرەوە

کۆمەڵکوژی یان جینۆساید (بە ئینگلیزی: Genocide) بە لەناوبردنی کۆمەڵێک خەڵک یان دەستەیەک دەوترێت لەلایەن وڵاتێک یان پارتێکی دەسەڵاتدارەوە لەناوبرابن و ھەوڵی کوشتنیان درابێت. دەشێت کۆمەڵکوژی ھۆکاری ئایینی، نەتەوەیی، ڕامیاری، یان بیری ڕەگەزپەرستانەی لەدواوە بێت. وەک لەناوبردنی ئەرمەنییەکان لە لایەن ئیمپراتۆری عوسمانییەوە، یاخود کیمیاوی بارانی ھەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە.

کرداری جینۆساید، بە تاوانێکی نێودەوڵەتی ناسراوە، لە ساڵی ١٩٤٨دا، نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسی بۆ داناوە و لەسەری ڕێککەوتوون.

زاراوەی جینۆسایددەستکاری

جینۆساید زاراوەیەکە لە دوو بڕگە پێکھاتوە، جینۆ (Genos) وشەیەکی گریکیە بە واتای ڕەگەز یان بنەچە دێت، (ceader) وشەیەکی لاتینییە بە واتای لەناوبردن و پاکتاوکردن دێت، ھەردوو وشە پێکەوە بەمانی پاکتاوکردنی رەگەزی دێت. بەکارھێنانی زاراوەی جینۆساید بۆ یەکەمجار لە لایەن شەرەزای یاسایی پۆلەندی (رافائیل لیمکین) لە (مەدرید) لە کۆنفرانسی ساڵی (١٩٣٣) بەکاریھێناوە و لە ساڵی (١٩٢٤) بە نوسن تۆماری کردوە، ئەم یاساناسە خێزانەکەی بەدەستی ئەڵمانەکان لە ناوبردراون.

جۆرەکانی جینۆسایددەستکاری

  1. جینۆسایدی جەستەیی: بریتیە لە کوشتن و لەناوبردنی تاکەکانی کۆمەڵ، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ وەک (گولەبارانکردن، زیندەبەچاڵکردن، شونبزرکردن، لەسێدارەدان، بەکارھێنانی چەکی کۆمەڵکوژ). بۆ نموونە: کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و گوندو لادێکانی کوردستان لە لایەن رژێمی عێراق و بەکارھێنانی چەکی فسفۆری و ژەھراوی دژ بە گەلی کورد،زیندەبەچاڵکردنی ئەنفالکراوەکان لە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراق. کوشتن و لەناوبردنی گەنجە کوردەفەیلیکان، بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ بە بۆمبی ناپاڵم، ئەمانە دیارترین جۆری پاکتاوکردنی جەستەیین دژ بە گەلی کورد لە عیراق.
  2. جینۆسایدی بایەلۆژی: ئەم جۆرەیان بریتیە لە ڕێگرتن لە وەچە نانەوە و زۆربوون و گەشەسەندنی کۆمەڵە مرۆڤێکی یەک ڕەگەز بەھۆی نەزۆککردن و لە باربردنی ئافرەت و خەساندنی پیاوان و لێک جیاکردنەوەی ژن و پیاو بۆ ماوەیەکی درێژ. ئەم تاوانە لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی (١٩٨٨) لە کوردستان پەیڕەوکراون، بە تایبەتی لە مەڵبەندەکانی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوەکان لەکاتی جیاکردنەوەی پیاوەکان لە ژنەکان.
  3. جینۆسایدی کولتوری: قەدەغەکردنی زمانی زگماک و شێواندنی مێژوو و کولتوری کۆمەڵە مرۆڤیک و سڕینەوتی شوێنەواری شارستانی و مێژوویی دەگرێتەوە. لە وێرانکردن و شێواندنی شوێنە دێرینەکان، کە پاشماوەی کۆن ونوێ دانیشتوانی ناوچەکەن، وەک ڕووخاندنی مزگەوت و کلێسە و قەڵا دێرینەکان و پەیکەرەکان، کە ناسنامەی مێژوویی دانیشتوانی ناوچەکەن. لە لایەن زۆربەی نەتەوە باڵا دەستەکانەوە ھەوڵی بێوچان دەدرێت بۆ پشگیری دەسەڵاتەکانیان لە پاکتاوکردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی، بۆ تواندنەوەی زمان و ڕۆشنبیری و مێژووی ئەو نەتەوانەی کەلەناو نەتەوە زۆرینەکان دەژین. جینۆساییدی کولتوری لە زۆر شوێنی جیھاندا پەیڕەو دەکرێت، وەک لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا دەرھەق بە گەلی کورد دەکرێت، وە لەباکووری ئەفریقیا دژ بە ئەمازیغەکان، لە سودان دژبە دانیشتوانی دارفور و میانمار دژبە موسڵمانەکانی ئەو وڵاتە دەکرێت… ھتد.
  4. جینۆسایدی ئابووری: بریتیە لە برسیکردنی دانیشتوان لە ڕێگای تەختکردنی کێڵگە کشتوکاڵیەکان و لەناوبردنی سەرچاوەی ئاویەکان و ڕێگا گرتن لە کارکردن بۆ بژێوی ژیان و لەناوبردنی ھۆکارەکانی بەرھەمھێنانی کۆمەڵە خەڵکێک. ئەم جۆرەیان وەکو جۆرەکانی تر زۆر بە ئاشکراو روون لە کوردستان بەرچاو دەکەوێت. زیاتر لە (٤٥٠٠) چوار ھەزار و پێنج سەد گوندی کوردستان لەگەڵ زەوی تەختکران.

قۆناغەکانی کۆمەڵکوژیدەستکاری

لە ساڵی ١٩٩٦ دا، گرێگۆری ستانتۆن لێپرسراوی «چاودێری کۆمەڵکوژی» نووسراوێکی کورتی پێشکەش کرد بە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ناویشانی «ھەشت قۆناغەکەی کۆمەڵکوژی».[١] لەو نووسراوەدا پێشنیاری دەکرد کە کۆمەڵکوژی بە ھەشت قۆناغ ڕوودەدات کە چاوەڕوانکراوە بەڵام زۆر سەختە ڕێگریکردن لێی.[٢]

قۆناغ خاسێتەکانی
١.

پۆلێن کردن

خەڵکی دابەشدەکرێن بەسەر «ئێمە و ئەوان» دا
٢.

نیشانەکردن

"لەگەڵ بوونی کینەدا، نیشانەکان دەکرێت بسەپێنرێت بەسەر کەسە دوورخراوەکانی کۆمەڵگە دا…"
٣.

لە مرۆڤایەتی خستن

"کۆمەڵەیەک مرۆڤایەتی کۆمەڵییەکی دی ڕەت دەکەنەوە و ھاوتایان دەکەن بە ئاژەڵ، جانەوەر و مێرووەکان."
٤.

ڕێکخستن

"کۆمەڵکوژی ھەمیشە ڕێکخراوە و لەلایەن یەکە تایبەتییەکانی سوپا یان میلیشیاکانەوە ئەنجام دەدرێت کە خاوەنی مەشق و چەکن."
٥.

جەمسەرگیری

"کۆمەڵە کینەییەکان ھەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەکان بۆ ھێنانەکایەی لایەنگری و جەمسەرگیری."
٦.

ئامادەکردن

"قوربانییەکان دەناسێنرێن یان جیادەکرێنەوە بەھۆی ناسنامە نەژادی یان ئایینییەکانیاوە."
٧.

بنبڕکردن

" کردەی (بنبڕکردن)ە بەپێی بکوژەکان چونکە پێیان وانییە قوربانییەکان مرۆڤی تەواو و گونجاون."
٨.

ڕەت کردنەوە

"بکوژەکان نکۆلی دەکەن ھیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت."

لە ساڵی ٢٠١٢ دا، ھەواڵ بڵاوبۆوە کە ستانتۆن بە فەرمی دوو قۆناغی تریش بۆ بیردۆزەکەی زیاد دەکات کە (جیاکاری کردن و چەوساندنەوە) یە و بیردۆزی کۆمەڵکوژی دەبێت بە ١٠ قۆناغ.[٣]

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ Reassessing the Nuremberg Military Tribunals: Transitional Justice, Trial Narratives, and Historiography (War and Genocide) page 110 edited by Alexa Stiller and Kim C. Premiel Berghahn Books 2012
  2. ^ "Coining a Word and Championing a Cause: The Story of Raphael Lemkin". www.ushmm.org. لە ڕێکەوتی ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ھێنراوە. 
  3. ^ "Office of the High Commissioner for Human Rights". Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide. 2 May 2008. لە ڕێکەوتی 2008-10-22 ھێنراوە. 

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری