چەمکی دادپەروەری لەسەر کۆمەڵێک لایەن، ڕوانگە و ڕوانینی جیاواز ھاتووەتە کایەوە کە ڕەوشت، ژیرێتی، یاسا، ئایین و یەکسانیش لەخۆگرێت. زۆرجار گفتوگۆکان دەربارەی دادپەوەری دابەش دەبێت بەسەر دوو بواردا: یەکێکیان دادپەروەری کۆمەڵایەتییە کە لە فەلسەفە، باوەڕ و ئایین دا جەختی لەسەر کراوەتەوە و ئەوی تریش دادپەروەرییە لە جێبەجێ کردن و توێژینەوە یاساییەکان دا.

داستانی دادپەروەری ڤیترۆڤیۆ ئەلبێری (١٥٨٩-١٥٩٠)، کە بە سووچی قەفەزەکە ناسراوە

چەمکی دادپەروەری جیاوازە لە ھەر کلتوورێک دا. بیردۆزە سەرەتاییەکانی دادپەروەری لەلایەن فەیلەسوفە یۆنانییە کۆنەکانەوە دامەزراوە وەک پلاتۆ لە بەرھەمەکەی بە ناوی «کۆمار» و بەرھەماکانی ئەرستۆ و ھەروەھا بەدرێژای مێژوو جۆرەھا بیردۆز و گریمانە ھاتونەتە کایەوە. لایەنگرانی بیردۆزی فەرمانی خودایی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دادپەروەری لەلایەن خوداوە دەردەکرێت و لە ساڵانی ١٦٠٠ کان دا، نووسەرانی وەک جۆن لۆک باوەڕیان بە بیردۆزی یاسای سروشتی ھەبوو لە کاتێک دا بیرەمەندە کۆمەڵایەتییەکان باوەڕیان بەوە بوو کە دادپەروەری سەرچاوە دەگرێت لە ئەنجامی رێکەوتن و تێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان ھەموو کەسە بەژداربووەکان. بیردۆزەکانی دادپەروەری دابەشکراو کار دەکەن لەسەر ئەوەی چی دابەش بکرێت، لە نێوان کێ دا دابەش بکرێت و دابەشکردنی دروست چیە.

فەرمانی خوداوەند

دەستکاری

لایەنگرانی بیردۆزی فەرمانی خوادیی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دادپەروەری و بنچینەی ڕەوشت فەرمانی ڕەوای خودایە. بۆ نموونە، کوشتن ھەڵەیە و دەبێت سزا بدرێت لەبەر ئەوەی خودا وا دەڵێت. ھەندێک لە لایەنگرانی دیکەی بیردۆزەکە پێیان وایە کە پەروەدگار دەبێت گوێڕایەڵی بکرێت بەھۆی سروشتی پەیوەندی خودا لەگەڵ مرۆڤایەتی دا و کۆمەڵێکی تر پێیان وایە کە دەبێت گوێ لە خودا بگیرێت لەبەر ئەوەی خوداوەند خۆی لە خۆی دا چاکەیە و جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی ئەو باشترین شتە بۆ بەرژەوەندی ھەمووان.

یاسای سروشتی

دەستکاری

ئەوانەی پشتگیریکەر و خاوەنی ئەم بیردۆزەن کە دادپەروەری بەشێکە لە یاسای سروشتی پێیان وایە کە دادپەروەری چەند دەرئەنجامێکە ھۆکارەکانی لە سروشتەوە سەرچاوە دەگرێت بە پێی ھەموو کردە و بژاردە ئەنجامدراوەکان و لێکچووە لەگەڵ یاسا فیزیاییەکان، بۆ نموونە چۆن یاسای سێیەمی جوڵەی نیوتن ئاماژە دەکات کە بۆ ھەموو کردەیەک دەبێت کردەیەکەی یەکسان و پێچەوانە ڕوبدات بەھەمان شێوەش بۆ ھەموو کردەیەک دەبێت دادپەروەری ڕووبدات کە تاکەکەسەکان یان کۆمەڵەکان شایەنی بن. بەپێی ئەم لێکدانەوەیە دادپەروەری چەمکێکی جیھانی و ڕەھایە بۆیە ھەموو یاسا، بنەما و ئایینەکان جۆرە ئامراز و ھەولێکن بەمەبەستی بەرجەستەکردن و سەپاندنی.

بیردۆزی دادپەروەری سزادەرانە

لایەنگرانی بیردۆزی دادپەروەری سزادەرانە پێیان وایە کە ئەنجامدەرانی ھەڵە دەبێت سزابدرێن و وەڵامی ئەم سێ پرسیارە گرنگە لە دیاریکردنی کردەی سزاکە:

  1. بۆچی سزابدرێن (ھۆکاری سزادانەکە)؟
  2. کێ دەبێت سزابدرێت؟
  3. چ جۆرە سزایەک بدرێن؟

بیردۆزی سزادەرانە دەگەرێتەوە بۆ کردە ھەڵەکان و ھەوڵ دەدات تای تەرازوو رابگرێت بە دۆزینەوەی سزایەکی گونجاو بۆیان و باوەڕیان وایە ئەگەر یەکێک ھەڵەیەک ئەنجام بدات دەبێت وەڵامی ئەو کردە ھەڵەیە بدرێتەوە بە سزایەکی گونجاو بۆی بێ گوێدانە ئەوەی دەکرێت سزاکە چ دەرئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە و ئاکامەکەی چی بێت. تاوانکاران دەبێت سزابردێن و ھەموو کەسە تاوانکارەکان و تەنھا تاوانکارەکان شایانی سەپاندنی سزایەکی گونجاون بەسەریان دا. ھەرچەندە ڕاوبۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر دادپەروەری سزادەرانە کە بە تۆڵەیەکی دەمامکراو وێنەی دەکەن.[١] سزا و تۆڵە جیاوازن، سزا بێلایەنە و ڕێژە و توندێتییەکەی گونجاوە لەگەڵ سروشتی تاوانەکە بەڵام تۆڵە تایبەتییە و ڕێژە و توندێتییەکەی بێ سنوورە.

دادپەروەری بنیاتنەرەوانە (بوژێنەرەوە)

دەستکاری

دادپەروەری بنیاتنەرەوانە جۆرە دادپەروەرییەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی لایەنە قوربانی و سەرپێچیکەرەکان لەجیاتی ئەوەی بە توندی ھەوڵ بدات لە جێبەجێ کردنی بنەما یاساییەکان یان سزادانی سەرپێچیکەران. ھەروەھا قوربانییەکان کاریگەریی و پێگەیەکی چالاکییان ھەیە لە ڕێکاری دادگای کردنەکە و سەرپێچیکەران ھان دەدرێن بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کردە و تاوانەکانیان بەمەبەستی «چاک کردنەوەی ئەو زیانەی بوونەتە ھۆکاری لەڕێیی داوای لێبووردن، گەڕاندنەوەی شتە دزراوەکان یان خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەجۆرێک لە جۆرەکان.» ئەم جۆرە دادپەروەرییە بەندە لەسەر بیردۆزێک کە تاوان و کردە ھەڵەکان بە دەستدرێژی و سەرپێچی بەرانبەر بە تاکەکەس یان کۆمەڵەیەک ھەژماردەکات لەجێگەی ھەژمارکردنی بەرانبەر بە دەوڵەت و دادپەروەری بنیاتنەرەوانە کە گەشەدەدات بە گفتووگۆی نێوان قوربانی و سەرپێچیکەران پیشاندەر و دەرئەنجامی بەرزترین ڕێژەی ڕھزامھندیی قوربانییان و بەرپرسیاری سەرپێچیکەرانە.[٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Plato, Republic trans. Robin Waterfield (Oxford: Oxford University Press, 1984).
  2. ^ John Stuart Mill, Utilitarianism in On Liberty and Other Essays ed. John Gray (Oxford: Oxford University Press, 1991), Chapter 5.