ئۆگەستین

(لە قەشە ئۆگەستینەوە ڕەوانە کراوە)

ئۆگەستینی ھیپۆ یان ئۆگەستین یان پایەبەرز ئۆگەستین یان قەشە ئۆگەستین (بەئینگلیزی: Augustine of Hippo) (١٣ ی تشرینی دووەمی ٣٥٤ زایینی – ٢٨ ی ئابی ٤٣٠ زایینی)، یەکێک لە گەورەترین بیرمەندەکانی کریستیان بوو، قەشەی گەورەی ھیپۆ ریجیەس (کە شاری عەننابەی ئێستای جەزائیر دەکات) بوو. فەیلەسووف و لاھووتگەری لاتین-بێژ بوو کە لە کەرتی ئەفریقای سەر بەئیمپڕاتۆرێتیی ڕۆمانی دەژیا. نووسینەکانی ئۆگەستین لە کاریگەرترینن لەگەشەپێدانی مەسیحییەتی ڕۆژئاواییدا.

قەشە ئۆگەستین

لەدایکبوون٣٥٤ز
مەرگ٤٣٠ز
ئایینمەسیحییەت

ژیاننامە

دەستکاری

لە جەزائیر لەدایک بووە پێی دەڵێن قەشە ئۆگستین، باوکێکی بتپەرست و دایکێکی زۆر ئایینداری ھەبووە کەناوی "مۆنیکا" بووە. ئۆگەستین لەتەمەنی شانزە ساڵی دەچێتە شاری قرتاجنە بۆ خوێندن، بەڵام لەوێ ساڵێک لە خوێندن بەردەوام دەبێ دوایی واز دەھێنێت و لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی دەست دەکات بە ڕابواردن و کات بەسەربردن. باوکی گوێی پێ نادات بەڵام دایکی کە ئاییندارێکی مەسیحی بوو و زۆر بڕوادار بوو؛ وای لە کوڕەکەی کرد کە واز لەم کارانەی بێنێت و دەینێرێتەوە بۆ خوێندن، ئەویش کە زۆر کاریگەری دایکی بەسەریەوە دەبێ دەچێتەوە بۆ خوێندن و زۆر زیرەک دەبێ. لەوێوە دەچێتە ڕۆما و زۆر نموونەیی دەردەچێ پاشان دەبێتە ئەو قەشە گەورەیەی کە جێگەی باسی ئەوکات و ئێستایە.

ئۆگەستین یەکێک بوو لە بیرمەندە ھەرە گەورەکانی سەدەکانی ناوەڕاست. ئەو پێی وابوو کە کۆمەڵگا پێک دێت لە کۆمەڵە کەسانێک کە لەناو خۆیاندا ڕێک کەوتبوون، کۆمەڵە کەسێکن کە ھەست و سۆزی ھاوشێوەیان ھەیە ئەمە وا دەکات کە یەکێتییەکی مەعنەوی لە ناویاندا دروست ببێ لەسەر بنچینەی ڕێزگرتن و خۆشەویستی. کۆمەڵگا کۆمەڵە کەسێکن کە ھەست و سۆزو بیروڕایەکی ھاوبەشیان ھەیە بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان، ئەو پێی وایە مرۆڤەکان دوو کۆمەڵەن:

  • کۆمەڵێک، خودا خۆشەویستی خۆی خستۆتە دڵیانەوە.
  • کۆمەڵێکیش، کە خۆیان خۆش دەوێ، واتە خودا خۆشەویستی خۆیانی خستۆتە دڵیان بەواتایەکی تر خۆپەرستی. واتە دوو جۆر خۆشەویستی ھەیە، لەبەرامبەردا دوو شارمان ھەیە شاری خوایی و شاری زەمینی.

شاری خوایی خەڵک لەژێر سایەی بنەماو پرەنسیپە ئایینیەکان کاردەکەن ھەروەھا لەژێر سایەی بەھاکانی چاکە دەژین. بەڵام شاری زەمینی خەڵک لەسەر بنچینەی حەز و ئارەزووەکانیان بەڕێوە دەچن، ئەو دەڵێ لەگەڵ دروست بوونی دونیا ئەو دوو شارە ھەن. شاری زەمینی ئەو کاتە لەناو دەچێ کە مەسیح دێت واتە لەگەڵ ھاتنی مەسیح، بەڵام شاری خوایی ھەر دەمێنێ، ئەو پێی وایە شاری مرۆیی لەقتەیەکی شاری خواییە کە ئەفلاتوون ئەم بۆچوونەی ھەبوو، ئەفلاتوون پێی وابوو ھەموو ئەو شتانەی لەسەر زەمینە ڕەنگ دانەوەی شاری مرۆییە و وێنەیەکی تێپەڕبووی شاری خواییە. بیرۆکەی ئۆگستینیش نزیکە لە ئەفلاتوون کە پێی وایە لەم شاری مرۆییەدا ئێمە میوانین، بەڵام لەشاری خوایی دا ئێمە ھاووڵاتین، شاری خوایی بەڕای ئەو شارێکی نەمرە بۆیە ئەو دەڵێ ئەگەر لە دونیا ھەژار بیت یان ستەمت لێ بکرێ نابێ خەم بخۆیت، بەڵام گەیشتن بەم شاری خواییە ئەوەیە کە دەبێ مرۆڤەکان بە چاکە بژین، ھەروەھا پێی وایە ئەو دەوڵەتەی کە دروست دەبێ نە ئەنجامی ڕێککەوتنی مرۆییە نە ئەنجامی ڕێککەوتنی تاکەکانە بەڵکو ئەنجامی غەریزەی سروشتی مرۆڤە ھەر بۆیەش دەوڵەت دامەزراوەیەکی پێویستە، دەوڵەتی نموونەیی ئەو دەوڵەتەیە کە دەسەڵات لە خوداوە وەردەگرێت ئەو دەوڵەتەش دەبێ دەوڵەتێکی ئایینی بێت ئەرکی سەرەکی ئەو دەوڵەتە پەیوەستە بە ئایینەوە کاردەکات بۆ خۆشبەختی مرۆڤ و لەھەمان کاتدا مرۆڤ ئامادە بکات بۆ ژیانی دواتر (ئاخیرەت). لەو پێناوەشدا دوو شت ھەیە ئەویش دەوڵەت و کڵێسا، ئۆگەستین دەڵێ دەبێ دەوڵەت لەخزمەت کڵێسادا بێ، کڵێسا سەرپەرشتی کاروبارەکانی دەوڵەت بکات بەلای ئۆگەستینەوە بنچینەی ژیانی کۆمەڵایەتی یاسای سروشتییە و مرۆڤەکان لە ڕێگەی عەقڵەوە دەگەن بەو یاسایە و لەسەر دوو بنەما یان دوو پرەنسیپ وەستاوە کە ئەمانیش بریتیین:

  1. بنەمای یەکەم ئەوەیە کە کارێک بە ئەوانی دیکە مەکە کە ناتەوێ بەرامبەر تۆ بکرێ. واتە کەسێک مەشکێنەوە ئەگەر ناتەوێ بشکێیتەوە.
  2. ھەر مرۆڤێک مافی خۆی پێ بدە، ئەو پێی وایە ھۆکاری سەرەکی ھەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی ھەبێ و دادپەروەری بەرقەرار بێ چونکە بەبێ دادپەروەری پاشا دزو جەردەیە، دەوڵەتێک کە دادپەروەری تێدا نەبێ ئەشکەوتێکە بۆ دزەکان.

سەرچاوەکان

دەستکاری