دەروازە:کوردستان/وتاری ھەڵبژێردراو
وتاری ھەڵبژێردراو ١
دەروازە:کوردستان/وتاری ھەڵبژێردراو/١
ڕۆژئاوای کوردستان یان کوردستانی سووریا یان کوردستانی ڕۆژاوا، ھەروەھا بە شێوەیەکی گشتی ناودەبرێ تەنھا بە ڕۆژاڤا واتە ڕۆژاوا لە شێوەزاری کوردیی ناوەندیدا، ھەرێمێکی ئۆتۆنۆمیی نایاساییە (واتە بە شێوازێکی فەرمی یاساییبوونی لە لایەن حکوومەتی سووریاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە)، لە باکوور و باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا. کوردستانی سووریا بەشێکە لەو ناوچە جوگرافییە گەورەترەی کە بە کوردستان ناسراوە. دانیشتووانی کوردستانی سووریا بە شێوەیەکی سەرەکی لە کورد پێکدێن. زۆربەی خاکی کوردستانی سووریا کۆنترۆڵکراوە لە لایەن (وڵاتپارێز) شەڕڤانە کوردییەکانەوە لە ٢٠١٢وە وەک بەشێ لە وێنە گەورەکە کە شەڕی ناوخۆی سووریایە. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣دا، نوێنەرانی کورد، عەرەب، ئاشورییە مەسیحییەکان و کەمینە بچووکەکانی تر ئەم حکوومەتە نایاسایییەیان ڕاگەیاند لە ھەرێمەکەدا.
وتاری ھەڵبژێردراو ٢
دەروازە:کوردستان/وتاری ھەڵبژێردراو/٢
ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان (٢٠١٧) گشتپرسییەکە کە لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە باشووری کوردستان ئەنجامدرا. سەرەتای دروستبوونی دەنگۆی ئەنجامدانی گشتپرسی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ کە ناکۆکی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەغداد دروستبوو و لەلایەکی دیکەیشەوە شەڕی داعش لە عێراق دەستیپێکرد. دیاریکردنی ڕۆژی گشتپرسی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەیەکدا کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشووری کوردستان لەوانە پارتی، یەکێتی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سۆسیالیست، شیوعی کوردستانی، زەحمەتکێشان و بەرەی تورکمانی و کەمایەتییەکان کۆبوونەوە و بڕیاریان لە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە دا و ڕۆژی ئەنجدامدانی گشتپرسییەکەش دیاریکرا. بەپێی ڕاپۆرتێکی فرانس ٢٤، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان دۆناڵد ترامپ بڕیاری دەرکرد کە داوا لە مەسعوود بارزانی بکات کە گشتپرسییەکە دوابخات، بەڵام ئەو ئەم داواکارییەی ڕەت کردەوە و سوور بوو کە گشتپرسی لە ٢٥ی ئەیلوولدا دەست پێ دەکات بەبێ گوێدان بەو دەسەڵاتانەی کە دژی ئەم بڕیارە وەستاون. لە چاوپێکەوتنێکی تریشدا ئەو وتی کە ئەم بڕیارە بە ھیچ شێوەیەک پوچەڵ ناکرێتەوە و خەڵکی کوردستان ھەلێکیان پێ دەدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان. ڕوونی کردەوە کە دوای گشتپرسییەکەش گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد دەکەن تاکوو بە ئاشتی بە ئەنجامێک بگەن.
وتاری ھەڵبژێردراو ٣
دەروازە:کوردستان/وتاری ھەڵبژێردراو/٣
پارتی دیموکراتی گەلان (بەکورتی:ھەدەپە HDP) پارتێکی سیاسییە لە تورکیا لە ژێر کاریگەری ئایدیای چەپ و سۆسیالیزمن، پارتەکە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە ئەنقەرە دامەزراوە، سەباحەت تونجەل و ئەرتوغرول کورکچو ھاوسەرۆکەکانی پارتەکەن، ئامانجی پارتەکە دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتییە لە تورکیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە کپکردن بێنن، پارتەکە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر، ھاوکات ھەدەپە و بەدەپە پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ ھەیە تاڕەدەیەک ھاوبەشانە کار دەکەن.
ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە کە پابەندە بە دژایەتیکردن لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری و ئاوەتەخوازی کۆتاییھێنانە بە ھەڵاواردنی ئایینی، ڕەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ئەم پارتە لە کاتی ناساندنی کاندیدەکانی، ٥٠ لەسەدی تایبەت کردووە بۆ ژنان و ١٠ لەسەدی بۆ کۆمەڵگای ھاوڕەگەزخوازەکان. ئەم پارتە ھەروەھا ژینگەپارێزە و دژی دەستپێکردن و چالاکیی وزەی ناوەکییە لە تورکیا. ھەدەپە خوازیارە کە سیاسەتەکانی ئەم پارتە سەرترە لە سیستمی دوانەیی تورک و کورد، لەکاتێکدا لە دانۆستانەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەشداریان کرد. دەوڵەتی تورکیا ئەم پارتە تۆمەتبار دەکا بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و کۆما جڤاکێن کوردستان.
ھەدەپە یەکەمین جار لە ھەڵبژاردنە ناوچەییەکانی ساڵی ٢٠١٤ بەشداری کرد. لەم ھەڵبژاردنەدا ھەدەپە لە ناوچەکانی ڕۆژاوای تورکیا بەشداری کرد لەکاتێکدا دەبەپە لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژھەڵات چالاکی و بەشداری کرد کە لە ئاکامدا ھەردوو پارتەکە بە تێکڕایی ٦.٢ لەسەدی گشت دەنگەکانیان بەدەستھێنا. سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی ئێستای ھەدەپە لە ھەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ساڵی ٢٠١٤ وەک کاندیدی ئەم پارتە بەشداری کرد و توانی ٩.٧٦ لەسەدی دەنگەکان بەدەست بێنێ.
وتاری ھەڵبژێردراو ٤
دەروازە:کوردستان/وتاری ھەڵبژێردراو/٤
پەرلەمانی کوردستان، بەفەرمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق یان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان-عێراق ئەنجومەنی نوێنەرانی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و ھێزی یاسادانەری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە. پەرلەمانی کوردستان بۆی ھەیە ھەر یاسایەکی فیدڕاڵی لە ھەرێمدا بخاتە کار کە بەدەر بێت لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی فیدڕاڵی کە لە ماددەی ١١٠ی دەستووری کۆماری عێراقی فیدڕاڵیدا ھاتوون. ماددەی ٤ی دەستووری ھەرێمی کوردستان-عێراق. خولی چوارەمی پەرلەمان لە ١١١ نوێنەر پێک ھاتووە و سەرۆکی ئێستای ڕێواز فایەقە. ئەندامانی پەرلەمان چوار ساڵ جارێک لە ھەڵبژاردنی گشتیی لە ھەرێمی کوردستاندا دەستنیشان دەکرێن. لانی کەم دەبێ ٢٥٪ -ی ئەندامانی پەرلەمان ژن بن. دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان پێک دێت. لەھەر ساڵێکدا دوو خولی بەستنی ھەیە، یەکەم لە ئازار تا کۆتاییی حوزەیران و دووەم لە ئەیلوول تا کۆتاییی کانوونی یەکەم.
وتاری ھەڵبژێردراو ٥
دەروازە:کوردستان/وتاری ھەڵبژێردراو/٥
کۆماری کوردستان یان کۆماری مەھاباد، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا، و پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد، وڵاتێکی کوردی تەمەن کورت بوو، کە لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئارارات لە باکووری کوردستان دامەزرا. پایتەختەکەی شاری مەھاباد بوو، کە ئەکەوێتە باکووری خۆراوای ئێران. دامەزران و لەناوچوونی کۆمار بەشێک بوو لەو قەیرانەی ئێرانی تێی کەوتبوو، ئەو ململانێیەی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتدا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێکەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک بەناوی کوردستان، پێشینە لە مانگی ئابی ١٩٤١، ڕاپەڕینێکی مەزن جڵەوی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی میری ناوەندیی ئێران دەرھێنا. لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەک لە کەسانی چینی ناوەند بە پشتگیری سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست. پارتێکی ڕامیاری بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەممەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا ڕووخانی کۆمار بەڕێوەبرد.
وتاری ھەڵبژێردراو ٦
دەروازە:کوردستان/وتاری ھەڵبژێردراو/٦
کوردەکان نەتەوەیەکی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوینن. کوردەکان بە درێژایی مێژوو لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری دەریاچەی وان و ورمێ ژیاون، کە بەشێکە لە خاکەکەیان و بە کوردستان ناسراوە. کوردەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، کە زمانی فەرمیی کوردستانە. زمانەکە چەند شێوەزارێکی جیا جیای لێ دەبێتەوە، وەک کوردیی باکووری، کوردیی ناوەندی، کوردیی باشووری، لەگەڵ گۆرانی-زازایی. لە مێژوودا، کوردەکان دەسەڵاتیان بەسەر ھەندێک لەو ناوچانەدا ھەبوو کە ئێستا دەکەونە وڵاتەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و، سووریا، بەتایبەت لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا. لە نێوان ململانێی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوییەکان لەپێناو فراوانکردنی خاکەکەیان و زیادکردنی دەسەڵاتیان، ھەر لە زووەوە ناکۆکی لەسەر ئەو ناوچەیە هەبووە کە کوردەکان تێیدا دەژیان.