یۆھانس کێپلەر
یۆھانس کێپلەر (بە ئینگلیزی: Johannes Kepler؛ لەدایکبووی ١٥٧١ – مردووی ١٦٣٠) بیرکار و گەردوونناس و ئەستێرەناسی ئاڵمانیایی بوو. ئەو ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە شۆڕشی زانستیی سەدەی ١٧ھەمدا. ناوبانگی کێپلەر دەگەڕێتەوە بۆ یاساکانی لەبارەی جووڵەی ھەسارەکانەوە کە چەندین بەرھەمی بوون لە بوارە جیاجیاکان، ئەوانیش: Astronomia nova ,Harmonices Mundi، و Epitome of Copernican Astronomy. ئەو بەرھەمانەی کێپلەر یەکێک لە بنچینەکانی یاسای ڕاکێشانی گەردوونیی نیوتۆن بوون.
یۆھانس کێپلەر | |
---|---|
Johannes Kepler | |
لەدایکبوون | Johannes Kepler ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٥٧١ Weil der Stadt (ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز) |
مەرگ | ١٥ی تشرینی دووەمی ١٦٣٠ (٥٨ ساڵ ژیاوە) ڕێگنسبورگ (ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز) |
گۆڕ | ڕێگنسبورگ |
پەروەردە | Bachelor of Arts، Master of Arts |
زانکۆ | |
پیشە | سروشتناس، ئەستێرەناس، Protestant theologian، ماتماتیکزان، ئەستێرەناس، مۆسیقاناس، فیزیکزان، cosmologist، music theorist، فەیلەسووف، نووسەر، مامۆستا، داھێنەر |
شوێنکار |
|
کارەکان | Astronomia nova، De Cometis Libelli Tres، Epitome Astronomiae Copernicanae، Harmonices Mundi، Rudolphine Tables |
ھاوسەر | Barbara Müller، Susanne Reuttinger |
باوان | |
خێزان | Margarethe Maickler |
خەڵاتەکان | |
واژوو | |
کێپلەر مامۆستای بیرکاری بوو لە قوتابخانەیەکی ئایینی لە گراتز، نەمسا. دواتر بووە یاریدەدەری گەردوونناسی دانمارکی تیچۆ براھی. و لە کۆتاییشدا بووە بیرکاری ئیمپراتۆرییەت لەسەردەمی ئیمپراتۆر ڕودۆڵفی دووەم و دوو جێگری ھەمان ئیمپراتۆر بەناوەکانی ماتیاس و فردیناندی دووەم. و ھەروەھا لە لینتز، نەمساش مامۆستای بیرکاری بووە، و ڕاوێژکاری ژەنەڕاڵ ڤۆڵێنشتاینیش بووە. سەرەڕای ئەوەش، بەشداریی گەورەی پێشکەش بە بواری ئۆپتیک کردووە، و جۆرێکی باشتری تەلیسکۆپی ڕووناکی دروست کرد، کە ئێستا پێی دەگوترێ تەلیسکۆپی کێپلەری. و کێپلەر لە دۆزینەوە تەلەسکۆپییەکانی ھاوسەردەمەکەی، گالیلێو گالیلەی ئاماژە بە ناوی کراوە.
کێپلەر لە سەردەمێک دەژیا کە ھیچ جیاوازییەکی ڕوون نەبوو لە نێوان گەردوونناسی و ئەستێرەناسی (پێشبینیکردنی داھاتوو بەھۆی ئەستێرەکان). بەڵام دابەش بوونێکی دیار ھەبوو لە نێوان گەردوونناسی و فیزیک.
سەرەتای ژیان
دەستکارییۆھانس کێپلەر بە نزیکەیی لە کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٥٧١ لە شاری ڤایل دێر شتات کە ئێستا دەکەوێتە ھەرێمی شتوتگارتی ئەڵمانیا لە دایک بووە. بە منداڵی نەخۆش بووە و خێزانەکەشی ھەژار بوون. دوو برا و خوشکێکی لە خۆی گەورەتری ھەبوو. باوکی سەربازی بەکرێگیراو بوو و ماڵەوەی بە جێھێشت کاتێک کێپلەر ٥ ساڵان بوو؛ و وا پێدەچێت لە جەنگی ناوخۆی ھۆلەند دا مردبێت. دایکیشی، کە کچی خاوەن میوانخانەیەک بووە، خەڵکی بە دەرمانی گیایی چارەسەر دەکرد. لەبەر ئەوەی زووتر لە کاتی خۆی لە دایک بوو، بانگەشەی ئەوە دەکرێ کە کێپلەر بە منداڵی لاواز و نەخۆش بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرنجی ئەو ڕێبوارانەی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا کە لە میوانخانەکەی باپیری دەمانەوە، ئەویش بەھۆی توانا لەڕادەبەدەرەکەی لە بیرکاریدا.[١]
لە منداڵییەوە گەردوونناسی پێناسێندرا، بەمەش تا لەژیان دابوو، خۆشەویستی بۆ ئەو بوارە ھەبوو. لە شەش ساڵی نەیزەکە گەورەکەی ساڵی ١٥٧٧ی بینی، کە لە یەکێک لە نووسینەکانی دەڵێت کەوا «دایکی بردوویەتییە سەر شوێنێکی بەرز بۆ ئەوەی سەیری نەیزەکەکە بکات».[٢] لە نۆ ساڵیشدا، دیاردەیەکی دیکەی بینی، کە مانگ گیرانێک بوو لە ١٥٨٠. بەپێی گێڕانەوەکانی لەو کاتەدا بانگی دەرەوە کراوە بۆ ئەوەی مانگ گیرانەکە ببینێت و لەو کاتەدا مانگ «زۆر سوور دەرکەوتووە».[٢] بەڵام ھاوڵەی منداڵی بووە ھۆی لاواز کردنی بینینی و ئیفلیج کردنی دەستەکانی. ئەمەش تواناکانی سنووردار کرد لە لاینە بینراوەکانی گەردوونناسی.[٣]
لە ١٥٨٩ دوای ئەوەی قوتابخانەی ڕێزمان، قوتابخانەی لاتینی و قوتابخانەی ئایینی تەواوکرد، چووە زانکۆی توبینگن. لەوێ فەلسەفە[٤] و خواناسی خوێند. توانی تواناکانی خۆی لە بواری بیرکاریدا بسەلمێنێت و ناوبانگی وەک ئەستێرەناسێکی گەورە دەرکرد. کە زۆرجار کەلووەکانی بۆ ھاوڕێ خوێندکارەکانی لێکدەدایەوە.[٥] و یەکێک لەوانەبوو کە باوەڕی تەواوی بەوە بوو کە ھەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، و خۆر سەرچاوەی وزەیە.[٦] ھەرچەندە حەزی دەکرد ببێتە شاڵیار، لە کۆتایییەکانی خوێندنەکەی کێپلەر پێشنیار کرا بۆ پلەی مامۆستای بیرکاری و گەردوونناسی لە قوتابخانەی پڕۆتێستانت لە گراتز. کێپلەر کارە نوێیەکەی لە نیسانی ١٥٩٤، لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا وەرگرت.[٧]
گراتز (١٥٩٤–١٦٠٠)
دەستکاریمیستریەم کۆسمۆگرافیکەم
دەستکارییەکەم بەرھەمی دیاری کێپلەر بەناوی Mysterium Cosmographicum (نھێنییە کۆسمۆگرافییەکە)، یەکەم بەرھەمی بڵاوکراوەبوو کە پشتگیری لە بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆس دەکرد سەبارەت بەوەی کە زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. کێپلەر مۆدێلێکی دروستکرد لەسەر شێوەی سووڕانەوەی ھەسارەکان بەدەوری خۆردا.[٨] بە پاڵپشتی مامۆستایەکەی میشائیل ماستلین، کێپلەر ڕەزامەندی ئەنجومەنی پیرانی زانکۆی توبیگن وەرگرت کە دەستنووسەکەی بڵاوبکاتەوە. میستریەم لە کۆتایییەکانی ١٥٩٧ بڵاوکرایەوە و کێپلەر چەند کۆپییەکی بۆ گەردوونناسە گەورەکانی ھاوسەردەمی خۆی نارد؛ ھەرچەندە کەسانی زۆر نەیانخوێندەوە، بەڵام ھۆکارێکی گەورەبوو بۆ دەرکردنی ناوبانگی کێپلەر وەک گەردوونناسێکی بەھرەدار.
ھاوسەرگیری لەگەڵ باڕباڕا مولەر
دەستکاریلە کانوونی دووەمی ١٥٩٥، کێپلەر بە باڕباڕا مولەر ناسێندرا، کە بێوەژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵی بوو و کچێکی ھەبوو بەناوی ڕێجینا لۆرێنز. مولەر ماڵ و سامانی دوو مێردەکەی پێشووتری بە میرات بۆمابووەوە، و ھەروەھا کچی خاوەن ئاشێکی دەوڵەمەندیش بوو بە ناوی یۆبست. باوکی یەکەمجار ھاوسەرگیرییەکەی ڕەت کردەوە سەرەڕای خانەدانیی کێپلەر؛ ھەرچەندە کێپلەر خانەدانی باپیری بۆ مابووەوە، بەڵام ھەژار بوو. دوای تەواوبوونی یەکەم بەرھەمی کێپلەر، میستریەم، یۆبست دڵی نەرم بوو، بەڵام دەزگیرانییەکەی ئەوەندەی نەمابوو تێکبچێت کاتێک کێپلەر لەوێ نەبوو و خەریکی ڕاپەڕاندنی کارەکانی بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکەی بوو. باڕباڕا و یۆھانسن لە ٢٧ی نیسانی ١٥٩٧ ھاوسەرگیرییان کرد.[٩]
لە ساڵانی سەرەتای ھاوسەرگیری، دوو منداڵیان بوو کە ھەردووکیان لە ساوایەتی مردن. دواتر لە ١٦٠٢ کچێکیان بوو (سوزانا)، لە ١٦٠٤ کۆڕێکیان بوو (فرێدریک)، و لە ١٦٠٧ کوڕیکی دیکەیان بوو (لودویگ).[١٠][١١]
توێژینەوەکانی دیکە
دەستکاریدوای بڵاوبوونەوەی میستریەم، بە یارمەتی قوتابخانەی گراتز، کێپلەر دەستی بە پڕۆگرامێکی گەورە کرد بۆ زیادتر بەرەوپێشبردنی توێژینەوەکانی. کێپلەر پلانی نووسینی چوار کتێبی تری دانا: یەکێکیان لەسەر لایەنە جێگیرەکانی گەردوون (خۆر و ئەستێرە جێگیرەکان)، یەکێکیان لەسەر ھەسارەکان و جووڵەیان، یەکێکی دیکەش لەسەر سرووشتی فیزیکی ھەسارەکان و دروستبوونی سیما جوگرافییەکان (گرنگی زۆرتری بە زەوی داوە)، و یەکێکیش لەسەر کاریگەری ئاسمان لەسەر زەوی، کە تێیدا باسی ئۆپتیکی بەرگەھەوا، کەشناسی و ئەستێرەناسی دەکات.[١٢]
پراگ (١٦٠٠–١٦١٢)
دەستکاریکارکردن بۆ تایکۆ براھی
دەستکاریلە ٤ی شوباتی ١٦٠٠ چاوی کەوت بە تایکۆ براھی و دوو یاریدەدەرەکەی، فڕانس تێنگنەیجڵ و کریستن لۆنگۆمۆنتانەس لە شوێنێکی نزیک پراگ. کە لە ھەمان شوێندا ڕوانگە نوێکەی تایکۆ براھی دروست دەکرا. بۆ ماوەی دوو مانگ وەک میوانێک لەوێ مایەوە و لە ھەندێک لە تێبینییەکانی تایکۆ براھیی دەربارەی مەریخی دەکۆڵییەوە؛ تایکۆ زۆر بەباشی پارێزگاری لە داتاکانی دەکرد، بەڵام سەرسامبوو بە بیرۆکەکانی کێپلەر و دوای ماوەیەکی کەم داتای زۆرتری خستە بەردەست. کێپلەر نیازی وابوو کە بیردۆزەکەی خۆی کە لە میستریەم کۆسمۆگرافیکەم نووسیبووی تاقیبکاتەوە[١٣] بە یارمەتی داتاکانی مەریخ، بەڵام بەمەزندەی ئەو ئەوە پێویستی بە دوو ساڵ بوو (لەبەر ئەوەی ڕێگەی پێنەدەدەرا کە داتاکان کۆپی بکات بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکات). بە یارمەتی زانایەکی دیکە، کێپلەر ویستی بە شێوەیەکی فەرمیتر کار بۆ تایکۆ براھی بکات. بەڵام وت وێژکردنەکان شکستیان ھێنا و لە ٦ی نیسان ئەوێی جێھێشت و چووە پراگ. کێپلەر و تایکۆ دوای ماوەیەکی کەم ئاشتبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر مووچە و شوێنی مانەوە، بۆیەش لە حوزەیرانی ھەمان ساڵ کێپلەر گەڕایەوە چووەوە گراتز بۆ ئەوەی خێزانەکەی لەگەڵ خۆی بھێنێت.[١٤]
بەھۆی ڕێگری ڕامیاری و ئایینی، ھیواکانی کێپلەر بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ بگەڕێتەوە لای تایکۆ براھی لەناوچوون. بە ھیوای ئەوەی بەردەوامی بە لێکۆڵینەوە گەردوونناسییەکانی بدات، کێپلەر ھەوڵی ئەوەی دا ببێتە بیرکاری ئاڕکدیوک فێردیناند (ئیمپراتۆری ئەو کاتەی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز). بۆ ئەو مەبەستە، کێپلەر وتارێکی نووسی و تەرخانیکرد بە فێردیناند، تێیدا بیردۆزێکی نوێی پێشنیارکرد لەسەر جوولەی مانگ: "In Terra inest virtus, quae Lunam ciet" واتە "زەوی ھێزێکی ھەیە کە دەبێتە ھۆی جوڵانی مانگ".[١٥] ھەرچەندە کە وتارەکەی یارمەتی نەدا لە بەدەستھێنانی پۆستەکە، بەڵام ڕێگایەکی نوێی تێدا باسکرد بۆ پێوانەکردنی مانگ گیران، کە لە مانگ گیرانی ٧ی تەممووز لە گراتز بەکاریھێنا. ئەو زانیارییانە بوونە بنچینەی دۆزینەوەکانی دەربارەی یاساکانیی دەربارەی ئۆپتیک و لە کتێبی Astronomiae Pars Optica بڵاوی کردنەوە.[١٦]
لە ٢ی ئابی ١٦٠٠ بەھۆی ئەوەی ڕەتی کردەوە ببێتە کاتۆلیک، کێپلەر و خێزانەکەی لە گراتز دەرکران. دوای چەند مانگێک، کێپلەر لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانی گەڕانەوە پراگ. لە سەرەتادا کێپلەر پشتگیری دارایی ڕاستەوخۆ لەلاین براھییەوە لێدەکرا، کە ڕایسپاردبوو بە لێکۆڵینەوە لەبارەی تێبینییەکانی تایکۆ سەبارەت بە ھەسارەکانەوە بکات. لە ئەیلوولی ١٦٠١ براھی کێپلەری کردە ئەندامی پڕۆژەیەکی خۆی کە پێشکەشی ئیمپراتۆری کردبوو بە ناوی «خشتەکانی ڕودۆڵفین» کە زانیاری دەربارەی ئەستێرەکان تێدابوو، وەک: شوێن، قەبارە و ڕۆشنیاییان. دوو ڕۆژ دوای مردنە لەناکاوەکەی تایکۆ براھی، لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٦٠١، کێپلەر شوێنی تایکۆ براھی گرتەوە و بوویە بیرکاری ئیمپراتۆرییەت. ئەو ١١ ساڵەی کە وەک بیرکاری ئیمپراتۆر خزمەتی کرد، پڕ بەرھەمترین ساڵەکانی تەمەنی بوون.[١٧] دوای مردنی براھی، کێپلەر تۆماری تێبینییەکانی تایکۆ براھی برد.[١٨] ئەوەش یارمەتیدا لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی، لەبری ئەوەی کە لەلاین خێزانی تایکۆ براھییەوە ھەڵبگیرێ و کەس سوودی لێوەرنەگرێت.
ڕاوێژکاریی بۆ ئیمپراتۆر ڕودۆڵفی دووەم
دەستکاریئەرکی سەرەکی کێپلەر و بیرکاری ئیمپراتۆرییەت ئەوەبوو کە ڕاوێژکاریی ئەستێرەناسیی پێشکەش بە ئیمپراتۆر بکات. ھەرچەندە ئەو باوەڕی بە ھەوڵی ئەستێرەناسە ھاوسەردەمەکانی نەبوو بۆ پێشبینیکردنی داھاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتەوەی کە قوتابی بوو لە زانکۆی توبینگن کەلووەکانی زۆر بە وردەکارییەوە بۆ ھاوڕێ، ئەندامانی خێزان و سەرکردەکان لێکدەدایەوە؛ و ھەروەھا لەکاتی تەنگژەی ڕامیاریش ئیمپراتۆر داوای ڕاوێژی لێدەکرد. چەندین زانا لە دەست و پێوەندی ئیمپراتۆر ھەبوون و ئیمپراتۆر بە حەزی دەکرد ئاگاداری وردەکاری کارەکانیان بێت، ھەربۆیەش کارەکانی کێپلەر لە بواری گەردوونناسی فیزیکی سەرنجی ئیمپراتۆریان ڕاکێشابوو.[١٩]
لە پراگ بە فەرمی تەنھا کاتۆلیکی و تەراکیستی ڕێگەدەدرا پەیڕەوبکرێن، بەڵام لەبەر پلەوپایەکەی، کێپلەر دەیتوانی بیروباوەڕە لوتریانییەکەی بە ئاشکرا پەیڕەوبکات. ئیمپراتۆر بە ناو داھاتێکی زۆری بۆ کێپلەر دابین کردبوو، بەڵام بەھۆی دژوارییە ئابوورییەکانی خەزێنەی ئیمپراتۆرییەت، بەڕێکردنی ئەرکە ئابوورییەکان ھەوڵێکی زۆری دەویست، بەشێکیش لەبەر ئەوە بوو کە ژیانی لەماڵەوە لەگەڵ باڕباڕا ناڕەحەت بوو. بەڵام کارکردن لەناو کۆشکی ئیمپراتۆرییەت وای کرد کە چاوی بە چەندین زانای گەورەی ئەوکاتە بکەوێت و کارە گەردوونناسییەکانی بەخێرایی گەشەیان کرد و بەرەوپێش چوون.[٢٠]
ئەستڕۆنۆمی پارس ئۆپتیکا
دەستکاریکاتێک ھێواش ھێواش لێکۆڵینەوەی دەربارەی داتاکانی مەریخی تایکۆ براھی دەکرد و زانیارییەکانی خشتەکانی ڕودۆڵفینی ڕێکدەخست، کێپلەر دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد دەربارەی یاساکانی ئۆپتیکی ئەو وتارەی خۆی دەربارەی مانگ کە لە ساڵی ١٦٠٠ نووسیبووی. مانگگیران و خۆرگیرانیش ھەندێک سیمای چاوەڕوەننەکراویان ھەیە، لەوانە: قەبارەی سێبەر، ڕەنگە سوورەکەی مانگگیرانی تەواو و ئەو ڕووناکییە نائاسایییەکەی دەوری خۆرگیرانی تەواو. لە ١٦٠٣ کێپلەر زۆربەی کارەکانی ڕاگرت بۆ ئەوەی تەرکیز بخاتە سەر بیردۆزی ئۆپتیکی. بەرھەمی کارەکانی لە یەکی کانوونی دووەمی ١٦٠٤ پێشکەش بە ئیمپراتۆر کرد و لەژێر ناوی Astronomiae Pars Optica (بەشە ئۆتیکییەکەی گەردوونناسی) بڵاوی کردەوە. لەوێدا کێپلەر باسی یاسای دووجای پێچەوانە کرد کە بڕیار لەسەر توندێتی ڕووناکی دەدات، ھەروەھا باسی دانەوەی ڕووناکی لەلایەن ئاوێنەی تەخت و چەماوە، کامێرا و چەند لایەنێکی ئۆپتیکی پەیوەندیدار بە گەردوونناسیشی کرد وەک: پاڕالاکس (شوێنی بینراوی تەنەکان لە ئاسمان) و قەبارەی بینراوی تەنەکان لە ئاسمان؛ و ھەروەھا لێکۆڵینەوەکانی باسی ئۆپتیکی چاویش دەکەن، و بە گشتی لەلایەن زانایان بە یەکەم لێکۆڵینەوە دادەنرێت کە ئاشکرای کردووە کە لێنزی چاو وێنەکان بە پێچەوانەیی پەخش دەکات ناو تۆڕینە. ھەرچەندە کە چارەسەری ئەو کێشەیە بەلای کێپلەرەوە زۆر گرینگ نەبووە، بەڵام گریمانەی ئەوەشی کردووە کە وێنەکان دواتر «لە ناو بۆشایییەکانی مێشک» چاکدەکرێنەوە بەھۆی «چالاکی گیان».[٢١] لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ ئەم بەرھەمەی کێپلەر بە بنچینەی ئۆپتیکی ھاوچەرخ دەدانرێت (ھەرچەندە کە یاسای شکانەوەی ڕووناکی تێدا نییە).[٢٢]
بەرھەمەکانی تر
دەستکاریدوای نووسینی Astronomiae Pars Optica کێپلەر دەستی بە نووسینی Astronomia nova (گەردوونناسی نوێ) کرد. تێیدا لێکۆڵینەوەی لە جووڵە و خولگەی ھەسارەکان کرد، بەتایبەتی خولگەی مەریخ. دوای زۆرتر لە ٤٠ ھەوڵی سەرنەکەوتوو، بۆی دەرکەوت کە خولگەی مەریخ و ھەموو ھەسارەکانی تریش ھێلکەیییە. ھەر لەم بەرھەمەیدا یاساکانی کێپلەر بۆ جووڵەی ھەسارەکان نووسییەوە. ھەرچەندە لە کۆتایی ساڵی ١٦٠٥ کتێبەکەی تەواوکرد، بەڵام نەیتوانی بڵاویبکاتەوە تا ساڵی ١٦٠٩ بەھۆی کێشەی یاسایی لەبەر بەکارھێنانی داتاکانی مەریخی تایکۆ براھی، کە ببووە موڵکی میراتگرەکانی.[٢٣]
دواتر کێپلەر تەرکیزی خستەسەر تەواوکردنی خشتەکانی ڕودۆڵفین و و لەگەڵ چەند زانایەکیش چالاکی زانستی ھەبوو، یەک لەوانیش گالیلێو گالیلەی بوو؛ و چەند بەرھەمێکی دیکەشی بڵاوکردوە لەوانە لە ساڵی ١٦١١ Dioptrice ی بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی چۆنییەتی کارکردنی تێلیسکۆپ و ھەروەھا وێنەی ڕاستەقینە، وێنەی خەیاڵی، وێنەی ڕاست، وێنەی پێچەوانە و گەورەکردنی وێنەی کردووە؛ و بەرھەمێکی دیکەشی بەناوی Somnium (خەونەکە) بڵاوکردەوە. بەشێک لە ئامانجی ئەو بەرھەمەی ئەوەبوو کە گەردوونناسی چۆن دەبێت ئەگەر لەسەر ھەسارەیەکی دیکەوە پەیڕەوبکرێت. ئەو بەرھەمەی ونبوو دوای ئەوەی چەند دەستێکی کرد.
ناڕەحەتییە کەسیی و ڕامیارییەکان
دەستکاریلە ١٦١١ گرژییە ئایینی و ڕامیارییەکان گەیشتنە لووتکە لە پراگ. ئیمپراتۆر ڕودۆڵف - کە تەندرووستی بەرەو خراپی دەچوو - لەلایەن براکەیەوە ناچارکرا کە دەست لەکاربکێشیتەوە و ببێتە پادشای بۆھێمیا. ھەردوو لایەنیش ڕاوێژی تەستێرەناسییان بە کێپلەر دەکرد، کە ئەویش ئەو ھەلەی دەقۆستەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر بڕیارە ڕامیارییەکانیش بکات. بەڵام ئەوەش ڕوون بوو کە داھاتووی کێپلەر لەلای ئیمپراتۆری نوێ، ماتیاس، تاریکە.[٢٤]
ھەر لەو ساڵەشدا، باڕباڕای ھاوژینی تووشی جۆر تایەک بوو کە بەھۆی بەکتریای ریکێتسیا دەگوازرایەوە. دواتریش دەستی بە گرتنی سامان (گەشکەبوون) کرد. لەوکاتەی کە بەرەو چاکبوونەوە دەچوو، ھەر سێ منداڵەکەی کێپلەر نەخۆش کەوتن. یەکێکیان، فرێدریک، لە تەمەنی شەش ساڵی مرد. پاش مردنی کوڕەکەی، کێپلەر نامەی بۆ چەند ھاوڕێیەکی نارد لە ورتمبێرگ و پادوا. زانکۆی توبینگن لە وتمبێرگ، بەھۆی نیگەرانی دەربارەی بیروباوەڕی ئایینی کێپلەر ڕەتیان کردەوە کە دایبمەزرێننەوە، بەڵام زانکۆی پادوا لەسەر ڕاسپاردەی گالیلێو گالیلەی ڕازی بوون کە وەک پڕۆفیسۆری بیرکاری لەلای خۆیان دایبمەزرێنن. بەڵام کێپلەر حەزی دەکرد کە خێزانەکەی لە ناوچەی ئەڵمانزمان بھێڵێتەوە و پادڤاش شارێکی ئیتاڵییە. بۆیە لەبڕی ئەوە گەشتی کرد بۆ نەمسا بۆ ئەوەی وەک مامۆستا لە لینتز دابمەزرێ. بەڵام باڕباڕا نەخۆشکەوتەوە و دوای ماوەیەکی کورت لە گەڕانەوەی کێپلەر کۆچی دوایی کرد.[٢٥]
کێپلەر چوونیی بۆ لینتز دواخست و لە پراگ مایەوە تا مردنی ڕودۆڵفی دووەم لە ١٦١٢. بەڵام بەھۆی باردۆخی ناھەمواری ڕامیاری، گرژی ئایینی و ناڕەحەتییە خێزانییەکانی و کێشە یاسایییەکانی لەسەر موڵکەکانی ھاوژینەکەی نەیتوانی لەو ماوەیەدا ھیچ توێژینەوەک بکات. دوای تاج لەسەرنانی، ئیمپراتۆر ماتیاس پلەو پۆستەکەی وەک بیرکاری ئیمپراتۆریی پێشکەشی کێپلەر کردەوە، بەڵام ڕێگەشی پێدا بچێتە لینتز.[٢٦]
لینتز و شوێنەکانی تر (١٦١٢–١٦٣٠)
دەستکاریلە لینتز کاری سەرەکی کێپلەر جگە لە تەواوکردنی خشتەکانی ڕودۆڵفین، وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی لینتز و دابینکردنی خزمەتگوزاری ئەستێرەناسی و گەردوونناسیش بوو؛ و لە ١٦١٣ بەرھەمێکی بەناوی De vero Anno بڵاوکردوە لەبارەی ساڵی لەدایکبوونی عیسای مەسیح. و ھەروەھا بەشداری لە وتوێژەکان کرد دەربارەی بەکارھێنانی ڕۆژژمێرە چاکسازی تێداکراوەکەی پاپا گریگۆری لە ناوچە ئەڵمانییە پڕۆتێستانتەکان کرد. ھەر لەو ساڵیش بەرھەمێکی دیکەی نووسی بە ناوی Nova stereometria doliorum vinariorum کە دەربارەی پێوانەکردنی قەبارەی لەخۆگرەکان (دەفر) بوو، بۆ نموونە دەفرێک ئاو. ئەو بەرھەمەشی لە ١٦١٥ بڵاوکردەوە.[٢٧]
ھاوسەرگیریی دووەم
دەستکاریلە ٣٠ تشرینی یەکەمی ١٦١٣، کێپلەر ھاوسەرگیری لەگەڵ سوزانا ڕوتینگەری تەمەن ٢٤ ساڵ کرد. سێ منداڵی یەکەمیان (مارگارێتا ڕێجینا، کاترینا، و سیباڵد) لە منداڵییەتی مردن. بەڵام دواتر سێ منداڵی دیکەیان بوو بە ناوەکانی کۆدیوڵا (لە ١٦٢١ لەدایکبوو)؛ فریدمار (لە ١٦٢٣ لەدایکبوو)؛ و ھێلدبێرت (لە ١٦٢٥ لەدایکبوو). بەپێی شارەزایانی ژیانی کێپلەر، ئەو ھاوسەرگیرییەی لە ھاوسەرگیری یەکەمی زۆر شادتر بوو.[٢٨]
ڕۆژژمێرەکان و دادگاییکردنی دایکی
دەستکاریلە دوای تەواوکردنی Astronomia nova و کێپلەر بەنیاز بوو کە کتێبێک لەسەر گەردوونناسی بنووسێت.[٢٩] لە ١٦١٥، یەکەم بەرگی لە سێ بەرگی Epitome astronomiae Copernicanae (پوختەی گەردوونناسی کۆپەرنیکی) تەواو کرد. یەکەمی بەرگی کتێبەکە لە ١٦١٧ چاپکرا، بەرگی دووەمیش لە ١٦٢٠، و بەرگی سێیەمیش لە ١٦٢١. ئەو کتێبەی پڕ بەھاترین بەرھەمی بووە، ھەر سێ یاسایەکەی جووڵەی ھەسارەکانی تێدابوو و تێیدا ھەوڵیدابوو کە جووڵەی تەنەکانی گەردوون لە ڕووی فیزیکییەوە ڕوونبکاتەوە.[٣٠]
خشتەکانی ڕودۆڵفین سوودی ئەوەشیان بۆ کێپلەر ھەبوو کە توانی بەھۆیانەوە چەند ڕۆژژمێرێکی ئەستێرەناسی بڵاوبکاتەوە، کە زۆر باو بوون و یارمەتییان دەدا لە دابینکردنی تێچووی بەرھەمەکانی دیکەی، بەتایبەت کاتێک کە پاڵپشتی ئیمپراتۆرییەتی چی دیکە نەما. لە ماوەی ١٦١٧ تا ١٦٢٤ شەش ڕۆژژمێری بڵاوکردەوە، کە تێیدا پێشبینی شوێنی ھەسارەکان و کەش و ھەوا و ھەرەوەھا ڕووداوە ڕامیارییەکانیشی دەکرد. پێشبینییە ڕامیارییەکانی زۆر جار ڕاست دەردەچوون، ئەویش بەھۆی تێگەیشتنە قووڵەکەی لەبارەی قەیرانە ڕامیاری و ئایینییەکانی ئەو سەردەمە. بەڵام لە ١٦٢٤ پەرەسەندنی گرژییەکان و ناڕوونی پێشبینییەکانی بەمانای کێشەی ڕامیاری دەھاتن بۆ کێپلەر. دواین ڕۆژژمێری لە گراتز لەناو خەڵکی و بەئاشکرا سوتێندرا.[٣١]
لە ١٦١٥ ئافرەتێک کە کێشەی دارایی ھەبوو لەگەڵ کریستۆفی برای کێپلەر، بانگەشەی ئەوە بڵاوکردەوە کە دایکی کێپلەر بەھۆی گیراوەیەکی شەڕانگێزانە ئەوی نەخۆشخستووە. کێشەکە پەرەی سەند و لە ١٦١٦، کاتێرینای دایکی کێپلەر بە جادووگەری تۆمەتبارکرا. لەو سەردەمەدا، دادگاییکردن بەھۆی جادووگەری لە ئەرووپای ناوەندی نامۆ نەبوو. لە ئابی ١٦٢٠ بۆماوەی ١٤ مانگ بەندکرا. لە تشرینی یەکەمی ١٦٢١ ئازادکرا، ئەویش بەشێکی بەھۆی ئەو بەرگرییە یاسایییەی کە کێپلەر لێی کرد. شکاتکارەکان لە دەنگۆ زیاتر ھیچ بەڵگەیەکی دیکەیان نەبوو. لەماوەی دادگاییکردنەکەدا کێپلەر کارەکانی دیکەی دوادەخست بۆ ئەوەی تەرکیز بخاتە سەر «بیردۆزی ھاوئاھەنگی» یەکەی. بەرھەمی کارەکانی لە ١٦١٩ بەناوی Harmonices Mundi (سازانی جیھان) بڵاوکردەوە.[٣٢]
خشتەکانی ڕودۆڵفین و دوایین ساڵەکانی تەمەنی
دەستکاریلە ١٦٢٣، کێپلەر خشتەکانی ڕودۆڵفینی تەواوکرد. کە لەوکاتەدا بە گەورەترین بەرھەمی دادەنرا. بەڵام بەھۆی پێداویستییەکانی بڵاوکردنەوە و دانوستانەکانی لەگەڵ میراتگرەکانی تایکۆ براھی، تاوەکو ١٩٢٧ بڵاونەکرایەوە. لەو کاتەشدا گرژییە ئایینییەکان، کە سەرچاوەی شەڕی سی ساڵەی ئەوکاتە بوو، دووبارە کێپلەر و خێزانەکەی خستەوە مەترسی. لە ١٦٢٥ زۆربەی کتێبخانەکەی کێپلەر دەستی بەسەردا گیرا؛ و لە ١٦٢٦یش شاری لینتز ئابڵۆقەدرا. کێپلەر بەرەو ئولم چوو، لەوێ چاپکردنی خشتەکانی ڕێکخست لەسەر خەرجی خۆی.[٣٣]
لە ١٦٢٨، دوای سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئیمپراتۆر فێردیناند بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ ڤۆڵێنشتاین، کێپلەر بووە ڕاوێژکاری فەرمیی ڤۆڵێنشتاین. لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی کێپلەر زۆربەی کاتەکانی بە گەشتکردن بەسەر دەبرد، لە کۆشکی ئیمپراتۆریی لە پراگ بۆ لینتز و ئولم و ماڵێکی کاتیشی ھەبوو لە زاگان، کە لە ئێستادا دەکەوێتە پۆڵەندا و لەوێشەوە بۆ ڕیگێنسبۆرگ، کە شارێکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەڵمانیای ئێستا. ماوەیەکی کەم دوای گەیشتی بۆ ڕیگێنسبۆرگ، کێپلەر تەندروستی بەرەوە خراپیی چوو. لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٦٣٠ کۆچی دوایی کرد و ھەر لەوێش ناشترا. شوێنی ناشتنی ونبوو دوای ئەوەی سوپای سوێد گۆڕستانەکەیان خاپوورکرد.[٣٤]
بەرھەمەکان
دەستکاریکێپلەر چەندین بەرھەمی ھەبوو لە بوارەکانی گەردوونناسی، ئەستێرەناسی، فیزیک و ماتماتیک. ئەوە لیستی بەرھەمە گرنگەکانی کێپلەرە:[٣٥]
- Mysterium Cosmographicum - ١٥٩٦
- De fundamentia Astrologise Certioribus - ١٦٠٢
- Astronomiae pars Optica - ١٦٠٤
- Astronomia Nova - ١٦٠٩
- Dioptrice - ١٦١١
- Nove Stereometric Doliorum - ١٦١٥
- Harmonice Mundi - ١٦١٩
- Epitome Astronomiae Copernicanae - ١٦٢١
- Rudolphine Tables - ١٦٢٧
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ Caspar. Kepler, pp. 29–36; Connor. Kepler's Witch, pp. 23–46.
- ^ ئ ا Koestler. The Sleepwalkers, p. 234 (translated from Kepler's family horoscope).
- ^ Caspar. Kepler, pp. 36–38; Connor. Kepler's Witch, pp. 25–27.
- ^ Connor, James A. Kepler's Witch (2004), p. 58.
- ^ Barker, Peter; Goldstein, Bernard R. "Theological Foundations of Kepler's Astronomy", Osiris, 2nd Series, Vol. 16, Science in Theistic Contexts: Cognitive Dimensions (2001), p. 96.
- ^ Westman, Robert S. "Kepler's Early Physico-Astrological Problematic," Journal for the History of Astronomy, 32 (2001): 227–36.
- ^ Caspar. Kepler, pp. 38–52; Connor. Kepler's Witch, pp. 49–69.
- ^ Caspar. Kepler, pp. 60–65; see also: Barker and Goldstein, "Theological Foundations of Kepler's Astronomy."
- ^ Caspar, Kepler. pp. 71–75.
- ^ Connor. Kepler's Witch, pp. 89–100, 114–116
- ^ Caspar. Kepler, pp. 75–77
- ^ Caspar. Kepler, pp. 85–86.
- ^ ئاسمان بەر لە تەلیسکۆپ ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ Caspar, Kepler, pp. 100–08
- ^ Caspar, Kepler, p. 110
- ^ Caspar, Kepler, pp. 108–11.
- ^ Caspar, Kepler, pp. 111–22.
- ^ The Galileo Project
- ^ Caspar, Kepler, pp. 149–53
- ^ Caspar, Kepler, pp. 146–148, 159–177
- ^ Finger, "Origins of Neuroscience," p 74. Oxford University Press, 2001.
- ^ Caspar, Kepler, pp. 142–146
- ^ Caspar, Kepler, pp. 131–140; Koyré, The Astronomical Revolution, pp. 277–279
- ^ Caspar, Kepler, pp. 202–204
- ^ Connor, Kepler's Witch, pp. 222–226; Caspar, Kepler, pp. 204–07
- ^ Caspar, Kepler, pp. 208–11
- ^ Caspar, Kepler, pp. 209–20, 227–240
- ^ Caspar, Kepler, pp. 220–223; Connor, Kepler's Witch, pp. 251–54.
- ^ Caspar, Kepler, pp. 239–240, 293–300
- ^ Gingerich, "Kepler, Johannes" from Dictionary of Scientific Biography, pp. 302–04
- ^ Caspar, Kepler, pp. 239, 300–01, 307–08
- ^ Caspar, Kepler, pp. 240–264; Connor, Kepler's Witch, chapters I, XI-XIII; Lear, Kepler's Dream, pp. 21–39
- ^ Caspar, Kepler, pp. 308–328
- ^ Caspar, Kepler, pp. 332–351, 355–61
- ^ بەرھەمە سەرەکییەکانی کێپلەر، د. ڕۆبێرت ئ. ھاتچ. زانکۆی فلۆریدا
- دەروازەی گەردوون
- دەروازەی ئەڵمانیا
- دەروازەی تەکنۆلۆژیا
- دەروازەی زانست
- دەروازەی ژیاننامە
- دەروازەی فەلسەفە
- دەروازەی فیزیک
- دەروازەی کۆمەڵگا
- دەروازەی ماتماتیک
- دەروازەی وێژە
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە یۆھانس کێپلەر تێدایە. |