کامیل ئەحمەدی
کامیل ئەحمەدی (لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٢ی زایینی/ ١٣٥١ی کۆچیی ھەتاوی لە نەغەدە، ئێران) لێکۆڵەر و مرۆڤناسی ئێرانی-بەریتانییە کە بەھۆی لێکۆڵینەوە و چالاکییەکانی لەسەر مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و نەریتە خەساردەرەکانەوە ناسراوە.[١] ناوبراو لە بواری بابەتەکانی وەک زەواجی منداڵان، زەواجی کاتی، زەواجی سپی، منداڵانی کار، ھاوڕەگەزخوازی، شوناس و قەومییەت و گەڕانی منداڵان بەنێو زبڵەکاندا، سەرپەرشت و نووسەری زیاتر لە ١٢ کتێب و توێژینەوەی بەکۆمەڵ و مەیدانییە و ٢٠ وتاری زانستی بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، تورکی و کوردی نووسیوە.
کامیل ئەحمەدی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٣٥١ |
نیشتەجێی | لەندەن |
نەتەوە | کورد |
شارۆمەندێتی | ئێران – بەریتانیا |
پەروەردە | HND بۆ چاپ، کارناسی چاپ و بڵاوکردنەوە و ئاقاری ئابووری، ماستەری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی، پسپۆڕی لێکۆڵینەوە |
پیشە | مرۆڤناس و لێکۆڵەر |
کارە ناودارەکان | توێژینەوە لەسەر خەتەنەکردنی ژنان و پیاوان، زەواجی منداڵان، زەواجی کاتی، ھاوڕەگەزخوازان لە ئێراندا، گەڕانی منداڵان بەنێو زبڵەکاندا، منداڵانی کار، شوناس و قەومییەت لەسەر تەوەری ئاشتی |
وێبگە | https://kameelahmady.com/ |
ئەحمەدی بەکالۆریۆسی چاپ، ئابووریی ئاقاری و چاپەمەنییەکانی لە زانکۆی گواستنەوە و گەیاندنەکانی لەندەن (UAL) خوێندووە و ماستەری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و قەومنگاری وێنەیی لە زانکۆی کێنت (UOK) لە کانتێربری بەریتانیا تەواو کردووە. ناوبراو ھەروەھا خولە پسپۆڕییەکانی شێوازی لێکۆڵینەوە، سیاسەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، شێوازی لێکۆڵینەوە و کارامەکردنەوەی لە زانکۆکانی «بێرک بەک» (BBK) و زانکۆی «ئابووری و سیاسەتی لەندەن» لە بەریتانیا (LCE) تێپەڕاندووە.[٢] ساڵی ٢٠١٧ ڕێکخراوەی (IKWRO) بەھۆی کۆمەڵە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی لەسەر بابەتەکانی ڕەگەز و مافەکانی منداڵان، خەڵاتی «شەڕەفی ڕاستەقینەی» ساڵانەی خۆی لە زانکۆی یاسای لەندەن پێشکەشی ناوبراو کرد. ئەحمەدی ھەروەھا ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی ئەدەبییات و زانستە مرۆیییەکانی بنکەی ئاشتیی جیھانی بەھۆی کۆمەڵە بەرھەمەکانی خۆی لەسەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی جۆرج واشێنگتۆن وەرگرتووە.[٣]
ئەحمەدی لە درێژەی چالاکییەکانی خۆی وەک توێژەر و لێکۆڵەر، بەرپرسی چەندین پلانی لێکۆڵینەوەی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی باکووری ڕۆژاوای ئاسیا بەتایبەت ئەفغانستان، ئێران، عێراق و تورکیا بووە.
مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٩ میدیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران ھەواڵی دەستبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدییان لەلایەن ھێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە بڵاو کردەوە. ناوبراو بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لەلایەن دەزگای زانیاری سوپاوە لە بەشی ٢ی ئەلف لە بەندیخانەی ئێڤین لە تاران لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا و لەو ماوەدا لێپێچینەوەیان لێ کرد. ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی دواتر لەسەر کۆمەڵێک تاوانی وەک پاڵپشتیکردن لە ھاوڕەگەزخوازی لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستی، ھەوڵ بۆ پەسندکرانی پلانی زیادکردنی تەمەنی زەواج، ھەناردنی ڕاپۆرتی ناڕاست بۆ ڕاپۆرتەری مافەکانی مرۆڤ و ھەوڵ بۆ دابەشکردنی ئێران لە ڕێگای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەوە و چەندین تاوانی دیکە، حوکمی ٩ ساڵ و سێ مانگ بەندکران و ٦٠٠ ھەزار یۆرۆ سزای بۆ بڕایەوە. ئەحمەدی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ و لە حاڵێکدا پاش دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و مەرجدار ئازاد کرابوو، لە ڕێگا شاخاوییە سنوورییەکانەوە ئێرانی بەجێھێشت و گەیشتە بەریتانیا.
ژیاننامە
دەستکاریکامیل ئەحمەدی ساڵی ١٩٧٢ی زایینی/١٣٥١ی کۆچیی ھەتاوی، لە شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژاوا لەدایکبووە. ناوبراو لە بنەماڵەیەکدا گەورە بووە کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا بووە، لەبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٥ پلەی سەرەتایی خوێندنی لە قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی شاری نەغەدە، گوندی گرداشوان و شاری پیرانشار خوێندووە و بە ناچار سێ سیستەمی پەروەردەی پاشایەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی تێپەڕاندووە. لە درێژەدا بەھۆی ڕەتکرانەوەی بەردەوام لە سیستەمی پەروەردەی ئەوکاتدا خوێندنی جێھێشتووە و لە ماڵەوە خەریکی درێژەدان بە خوێندن و پەروەردەی ئازاد یان ھەمان Home Education بووە.
پاش ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ و شەڕە چەکدارییەکانی ئێران و پارتە کوردییەکان و ھەروەھا شەڕی ئێران و عێراق بۆ درێژەدان بە خوێندن بڕیاری داوە بچێتە بەریتانیا. لەو ماوەیەدا کە لە بەریتانیا ژیاوە توانیویەتی شارومەندێتی ئەو وڵاتە بەدەست بێنێ. پاش چوونی بۆ بەریتانیا خوێندنی پاشناوەندی و پێش زانکۆی لەو وڵاتەدا درێژە پێ داوە و ساڵی ٢٠٠٠ کارناسیی چاپ، مافەکانی چاپ و ئابووریی ئاقاریی لە کۆلێجی گواستنەوە و گەیاندنی لەندەن وەرگرتووە. ناوبراو ھەروەھا ساڵی ٢٠٠٤ ماستەری لە ڕستەی مرۆڤناسی کۆمەڵایەتی و قەومنگاریی وێنەیی لە زانکۆی کێنت لە کانتێربێری بەریتانیا وەرگرتووە و پاشان خولە پسپۆڕی و تایبەتەکانی لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شێوازی لێکۆڵینەوە درێژە پێداوە و ئەم خولانەی لە زانکۆی ئابووری و زانکۆی بێرک بەکی لەندەن تێپەڕاندووە.
ئەحمەدی پاشان، گەشتەکان، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە مەیدانی و زانستییەکانی خۆی لە بوارەکانی مرۆڤناسی و بە دۆکۆمێنتکردنی کۆمەڵایەتی و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپا دەست پێکردووە. زۆربەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ناوبراو کە بە شێوەی بەکۆمەڵ و مەیدانی ئەنجام دراون دەگەڕێنەوە سەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، ناوبراو لەسەر بابەتی وەک ڕێنمای سەفەر بە ڕوانگەیەکی خەڵکناسانە بۆ کوردستانی تورکیا، خۆسووتاندنی ژنان لە عێراق، زەواجی منداڵان (زەواجی کەسانی ژێر ھەژدە ساڵ تەمەن) و کارکردنی منداڵان لە ئێران، دۆخی ھاوڕەگەزخوازان، دۆخی زەواجی سپی و زەواجی کاتی لە ئێران و دۆخی خەتەنەکردنی ژنان لە کوردستانی ئێران و عێراق کاری کردووە و سەرپەرشت و نووسەری چەندین کتێب و توێژینەوەی مەیدانی و وتارە بە زمانەکانی فارسی، کوردی و ئینگلیزی.
مانگی ئابیساڵی ٢٠٢٠ و لە حاڵێکدا کە ئەحمەدی خەریکی توێژینەوە لەسەر ھەلومەرجی قەومییەتە جۆراوجۆرەکانی نێو ئێران بوو، لەلایەن ھێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لەو دادگایەدا کە بۆ پێداچوونەوە لەسەر تاوانەکانی پێکھاتبوو، لەسەر بابەتی وەک ڕێکڵامکردن و پاڵپشتیکردن لە ھاوڕەگەزخوازی لە چوارچێوەی توێژینەوە زانستییەکاندا، ھەوڵ بۆ دابینکردن و پەسندکردنی پلانی زیادکردنی تەمەنی زەواج، ھەناردنی ڕاپۆرتی ناڕاست بۆ بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دابەشکردنی ئێران و ھەروەھا چەندین بابەتی دیکە تاوانبار کرا و حوکمی ٩ ساڵ و ٣ مانگ بەندیخانە و ٦٠٠ ھەزار یۆرۆ سزای بەسەردا سەپێندرا. ئەحمەدی لەو ماوەیەدا کە بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ھاتبووە دەرەوە لە ڕێگا شاخاوییەکانی سنووری ئێرانەوە، وڵاتی جێھێشت و گەڕایەوە بەریتانیا.
دەستبەسەرکران
دەستکاریئەحمەدی کە وەک مرۆڤناس لە ئێران کاری دەکرد ڕۆژی ١١ی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی مافی مرۆڤ، بەرپرسە ئەمنییەتییەکان ماڵ و سەیارەی ناوبراویان پشکنیوە و تەنانەت دەستیان بەسەر کۆمەڵێک لە کەلوپەلەکەیدا گرتووە. KHRN ھەروەھا لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە ئەحمەدی پێش دەستبەسەرکران، لەسەر دوو توێژینەوەی گشتگر سەبارەت بە کۆمەڵگای ھاوڕەگەزخوازان لەژێر ناوی «شاری قەدەغەکراو» و توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر پەلکەزێڕینەکان لە ئێران[٤] LGBT و قەومییەتەکان لەژێر ناوی لە سنوورەوە بۆ سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگرت لەسەر شوناس و قەومییەت لە ئێراندا) کاری کردووە.[٥]
بنەماڵەی ئەحمەدی بە ڕادیۆ فەردایان گوت کە دادسێن ڕەتی کردووەتەوە تاوانی ناوبراو پاش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئێڤین ڕابگەیێنێت. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٠دا ھەواڵ گەیشت کە ماوەی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەندیخانە بۆ یەک مانگی دیکە زیاد کراوە.[٦] بەیاننامەیەک لەسەر دەستبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدی واژوو کرا و چالاکانی نێو زانکۆکان و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیھانەوە داواکاری ئازادکرانی ناوبراو بوون و گوتیان: «بەداخەوە ئاگاداری دەستبەسەرکرانی ھاوکارمان (و ھاوڕێمان) کامیل ئەحمەدی لە ئێران بووینەتەوە».[٧] خەڵاتەکان و ڕێزلێنانی کار و پرۆژەکانی ناوبراو پیشان دەدەن کە توێژینەوەکانی کامیل یارمەتیدەری ئێمە بووە بۆ تێگەیشتن لە بابەتی زۆر گرنگی وەک خەتەنەکردنی ژنان (FGM/C)، زەواجی منداڵان (ECM) و بوارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئێران. ئەم وتووێژە دەبێ درێژەی ھەبێت.[٨] ئەحمەدی مانگی تشرینی دووھەمی ٢٠٢٠ پاش دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.[٩]
حوکمی سەرەتایی
دەستکاریکامیل ئەحمەدی لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا و بە حوکمی سەرەتایی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تارانەوە و بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی؛ لەسەر بەدەستھێنانی پارەی ناشەرعی لە ڕێگای ھاوکاری و جێبەجێکردنی پرۆژەی بنکە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆ کارکردن لە بواری ژنان و منداڵان، ھەوڵ بۆ دابینکردن و پەسەندکردنی پلانی زیادکرانی تەمەنی زەواجی منداڵان بە ھاوکاری دوو نوێنەری ژن لە مەجلیسی پێشووی ئێراندا و بنکەی قایمقامێتی ژنان لە ناوەندی سەرۆک کۆمار و باڵوێزخانەی وڵاتانی ئەورووپی، پەرەپێدان و پاڵپشتی لە ھاوڕەگەزخوازی لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستیدا، ھاوکاری و پێوەندی لەگەڵ میدیا نەیار و بێگانەکان، و ھەناردنی ڕاپۆرتی ناڕاست بۆ بەرپرسی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەوڵ بۆ دابەشکردنی ئێران لە ڕێگای توێژینەوەی سەر قەومەکان و توێژینەوە و چالاکی لە ئاراستەی دۆکۆمێنتی ٢٠٣٠ (پلانی پەرەسەندنی بەردەوامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان) تاوانبار کرا و حوکمی ٩ ساڵ و ٣ مانگ بەندیخانە و ھەروەھا سزای شەشسەد ھەزار یۆرۆی بەسەردا سەپێنرا.[١٠]
پاش ڕاگەیێنرانی ئەم ھەواڵە لەلایەن پارێزەری کامیل ئەحمەدییەوە، ناوبراو لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی، توویتەر و لاپەڕەی فەیسبووک پاش دەربڕینی ناڕەزامەندی لەسەر حوکمەکە، نووسی: «بەپێچەوانەی ھەمووی شرۆڤە یاسایییەکان و بەو ھیوایەی کە بە ئینسافەوە دادوەریم لەسەر بکرێت، لە حاڵێکدا مەحکووم کراوم کە لە ماوەی سەد ڕۆژ دەستبەسەرکران و لێپێچینەوەی نایاساییمدا، ڕێگەم نەدراوە پارێزەرم ھەبێت و ئەم حوکمە پاش دوو دانیشتنی ناکارناسانەی دادگا و لە پرۆسەیەکی پڕاوپڕ لە کێشەی یاساییدا دەرکراوە. تەوەری سەرەکی تاوانەکەم دەگەڕێتەوە سەر توێژینەوەم لەسەر خەساردەرترین سونەتەکان لەسەر منداڵان و لە بێبەشترین ناوچەکاندا بەڵام ئامانجی سەرەکی، تاوانباربوون لەسەر پێوەندیی توێژینەوەکان بە سیناریۆی ڕەخنەکردنی کەلتووری، دۆکۆمێنتی ٢٠٣٠ یۆنسکۆی ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاگیرانی چالاکییەکانمە لە کۆمەڵگای ئامانجی توێژینەوەکانم و لەنێو کەمینەکاندا. ئێستا بە ھەموو ھێزمەوە ناڕەزامەندی خۆم بەرامبەر بەم حوکمە ڕادەگەیێنم و ھیوادارم پاش پێداچوونەوە بە ئینسافەوە دادوەریم لەسەر بکرێ. جێگای توێژەر بەندیخانە نییە.»
جێھێشتنی ئێران
دەستکاریڕۆژی ٣ی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ کامیل ئەحمەدی ڕای گەیاند کە بە پیادە ئێرانی جێھێشتووە و ڕۆشتووەتەوە بەریتانیا.[١١][١٢] ناوبراو گوتی کە لە ڕێگا شاخاوییەکانەوە ئێرانی جێھێشتووە. ئەحمەدی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو بڕیارە "نەک لەسەر ھەڵبژاردنی خۆی بەڵکوو لەسەر ناچاری" دراوە. ناوبراو دەڵێت کە پاش "پشتڕاستکرانەوەی دەقاودەقی حوکمی دادگای سەرەتایی لە دادگای پێداچوونەوەدا" گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "لۆژیک، ویژدان و دادوەریی دادپەروەرانە لە ئارادا نییە." ھەروەھا دەڵێت کە لە ماوەی بەندکراندا ڕووبەڕووی "لێپێچینەوەی درێژخایەن و تاوانی ناڕاست" بووەتەوە. کامیل ئەحمەدی بە بی بی سی گوت کە لەو ماوەدا، بەرپرسی باڵای دۆسیەکە بەھۆی ئەوەیکە ناوبراو، کورد و سوننە بووە و ھەروەھا شارومەندی دوو وڵات بووە و لەسەر بابەتی ھەستیار توێژینەوەی کردووە، پێی وتووە کە "تۆ زۆر خۆش خۆراکی." ھەروەھا دانیشتنەکانی دادگایکرانی خۆی لە دادگای شۆڕش و بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی "وەک شانۆ و نایاسایی" دەشوبھێنێ و دەڵێت کە "توێژینەوەی پێوەندیدار بە دۆکۆمێنتی ٢٠٣٠ی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان" یەک لەو تاوانانەی بووە کە دراوەتە پاڵی؛ و لەسەر بڕیاری خۆی بۆ جێھێشتنی ئێران لە ماڵپەڕەکەیدا نووسیویەتی: "نەمدەتوانی بەرامبەر چارەنووسی خۆم بێ لایەن و کەمتەرخەم بم… مانەوەی من ئەو دەرفەتەی بۆ ئەم دامودەزگایە (کە ڕێگاکانی وتووێژی داخستووە) دەڕەخساند کە کەسێکی دیکەش وەک بارمتە دەستبەسەر بکات. ھەروەھا ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت کردووە کە بەرپرسانی لێپێچینەوە بۆ ئەوەی گوشاری بخەنە سەر، کەڵکیان لێ وەرگرتوون، وەک: "بڕینەوەی وتووێژەکانم، ھاککردنی ئیمەیلەکان و دزینی مۆبایلەکەم، دەستدرێژیی بۆ ھەرێمی تایبەتی ژیانم، پەرژانەوە لەسەر وردەکارییەکانی ژیانی تایبەتم و دەکارھێنانیان، ناچارکردنی کۆمەڵێک کەس بۆ ئەوەی دژی من ھەڵویستیان ھەبێ و شایەتیم لەسەر بدەن، و لە کۆتاییشدا دەستبەسەرکران و بەندکرانم خاڵی بادانەوەی سەر ھەموو ئەم گوشارانە بوو."
کامیل ئەحمەدی لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت لەمەوپاش چالاکییەکانی لە بواری جێبەجێکردن، وتووێژ و پەرەپێدانی ئاشتی شوێنگری دەکات. ناوبراو ئێستا وەشانێک لە حوکمی دادگا و داکۆکییەکانی خۆی بە دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاو کردووەتەوە تا بەردەستی خەڵک و میدیاکان بێت و تێیدا دەڵێت: ئەو تاوانانەی خراونەتە پاڵم، بەشە سەرەکییەکانی حوکمی دادگاکەم و داکۆکیم لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ئاگاداری خەڵک و ھەروەھا وەک دەربڕینی ناڕەزامەندی بەرامبەر بەو حوکمە نادادپەروەرانە لە ماڵپەڕەکەمدا بڵاو کردووەتەوە کە بە ڕای خۆم بۆ سەلماندنی بێ تاوانبوونم تەواون. با بمێنێتەوە بۆ مێژوو کە باشترین دادوەرە. بەندیخانەی جێگای توێژەر نییە. «دواجار نەک لەسەر ھەڵبژاردە و خواستی خۆم بەڵکوو بە ناچار ئەو بڕیارەم دا کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەری دوودڵ بووم.» کامیل ئەحمەدی، ٧ی شوباتی ٢٠٢١.
توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان
دەستکاریئەحمەدی لەسەر ئەو بەشەی لە زانکۆ خوێندنی تێیدا ھەبووە (مرۆڤناسی و قەومنگاری)، بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکییە توێژینەوەیی و لێکۆڵینەوەیییەکان گەشتی جۆراوجۆری بۆ شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیھان کردووە. ناوبراو توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی خۆی لە ناوچەی جۆراوجۆری وەک وڵاتانی باکووری ئەفریقا، وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژھەڵات و وڵاتانی باشووری ڕۆژاوای ئاسیا ئەنجام داوە. چونکە ئەحمەدی لەدایکبووی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و تەمەنی منداڵی و ھەڕەتی لاوی خۆی لە ناوچە و پارێزگا ڕۆژھەڵاتی و کوردنشینەکانی ئێران تێپەڕاندووە و بەھۆی ئەزموونی ژیانی خۆیەوە، بەشێکی گرنگ لە توێژینەوە سەرەتایییە مرۆڤناسانە و قەومناسانەکانی خۆی ھەر لەم ناوچانەدا ئەنجام داوە و پاشان ڕۆشتووەتە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران و بابەتە پێوەندیدارەکان بە قەوم و کەمینەکانی دیکە.
ئەحمەدی زۆربەی توێژینەوەکانی خۆی بە شێوازی مەیدانی و بەکۆمەڵ جێبەجێ کردووە و تەوەری کارەکانی دەچنەوە سەر بابەتە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و خەسارناسانەکان لە ئێران. ڕەگەز، منداڵان، کەمینەکان و قەومییەتەکان بابەتە سەرەکییەکانی توێژینەوەکانی ناوبراون. زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی ئەحمەدی پێکەوە پێوەندییان ھەیەن و بەگشتی بابەتە لێکۆڵینەوەیییەکانی لە ناخی گۆڕەپانی کارەکانییەوە ھاتوونەتە دەرێ و گۆڕەپان و ھەلومەرجەکە ناوبراو بەرەو لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بردووە. (لە درێژەدا ئەو بابەتانەی ناوبراو کاری لەسەریان کردووە بەکورتی ئاماژەیان پێدراوە).
ئەم توێژینەوە کە لە ڕاستیدا تێزی زانکۆی کامیل ئەحمەدییە ساڵی ٢٠٠٦ لە باشووری پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژاوا و لە شاری کوردنشینی مەھاباد ئەنجام دراوە. ئەم پرۆسەیە بە ھاوکاری ناوەندی پەروەردەی ھزر و بیری منداڵان و تازەلاوانەوە ئەنجام دراوە و لە درێژەی سێ مانگ کار لەگەڵ منداڵان و تازەلاوان و ھەروەھا ئەندامانی ئەو ناوەندە و باوک و دایکان و بەرپرسانی ناوچەیی، زانیارییەکان بەشێوەی وێنە و دەق و وتووێژ کۆ کرانەوە.
نموونە وێنەیییە ئاراستەکراوەکان پیشاندەری ئایدیالەکانی ھەڵسوکەوتی گونجاو و لە ھەمان کاتدا، بەلاڕێداچوونە جۆراوجۆرەکانە لەو ئاکار و ھەڵسوکەوتە گونجاوە کە ڕەنگە بتوانین وەک «کۆپی حەشاردراوی» بەکۆمەڵی تازەلاوی مەھابادی ناوی لەسەر دانێین کە خواست و دەنگیان لە نێو بنەماڵە و پێکھاتەکانی ڕەگەز، نەریتی کۆمەڵایەتی و شوێنە گشتییەکان و گیروداوە حکوومەتییەکان بەستراوەتەوە. ئامانجی سەرەتایی ئەم توێژینەوە تاوتوێکردنی فاکتەر و ھۆکارەکانی نێو تاقمی تازەلاو و گەنجی مەھابادی بوو کە ھەستی پێبەندبوون و دڵگراوی بە شوێنی ھێنابووە کایەوە. یەک لە ئامانجەکانی توێژینەوەکە ئەوە بوو کە لەسەر دەکارھێنانی شێوازەکانی میدیا ناوچەیی، نەتەوەیی و نێونەتەوەیییەکان بکۆڵێتەوە و شێوازی کاریگەریدانانی ئەم پرسە لەسەر ڕوانگەی کۆمەڵگای مەبەست لە ڕووداوەکان و ئاقاری ناوچەیی و ھەروەھا شێوازێک کە بۆ گێرانەوەی ئەم دوو بابەتە ھەڵیدەبژێرێ تاوتوێ بکات. پاش کەڵک وەرگرتن لە شێوازەکانی ڕەسم گرتن، داوا لە گرووپی مەبەست کرا تا کۆمەڵێک وێنە کۆ بکەنەوە کە ناوەرۆکیان لە چاو خۆیانەوە پێوەندی بە ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە و جێگەوپێگەی خۆیان لەو ڕەوتەدا ھەبێت. پاشان بەرھەمی کارەکەیان لە پیشانگایەکی گشتی لە مەھاباد و بۆ ماوەی یەک حەفتە پیشان درا. بەرھەمەکان لەلایەن کچان و کوڕانی تازەلاوەوە کۆ کرابووەوە و پیشاندەری ھێزە کاریگەرە چەندلایەنە و جاروبار نەیارەکان بوو کە ئامادەبوونیان لە ژیانی چینی گەنجی ئێراندا ھەیە، جێگایەک کە ڕەسم و وێنەی ئارمانیی لە «ڕۆژاوا» دەتوانێ ھەستی تاکەکەسی ئەوان لە شوێن و مەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە یان پتەوی بکاتەوە. بە تایبەت بە بەرچاوگرتنی بابەتی ڕەگەز، پێدەچێت کە خواستێکی زۆر بۆ بابەتی گشتییتر و لە ھەمان کاتدا، گومان و دوودڵبوون لەسەر ڕۆڵی ئەرێنی یان نەرێنی کاریگەرییە تێکاڵاوەکان (چەندلایەنەکان) بوونی ھەیە. سەرەڕای ئەمەش شێوازە ناوچەیییەکانی شوناس، کە دەگەڕێتەوە سەر بەرخۆدانی کوردەکان بەرامبەر بە نەتەوایەتی زاڵ، و پێکھاتەی زاڵ لەسەر ڕووداوە جیھانییەکانی ئەم دواییانە کە ئێرانی ڕاستەوخۆ وەک نەیاری ھێزە ڕۆژاوایییەکان داناوە، ھەندێ جار دەبیرێن. وەشانی کتێبی ئەم توێژینەوە ساڵی ٢٠٢٠ و وەشانی دیجیتاڵ و دەنگیشی لەژێر ناوی «تەبایی و بەرخۆدان لە مەھاباد»، کاریگەریی میدیاکان، جیاوازییە ڕەگەزییەکان و بەرخۆدان لەنێو تازەلاوان: قەومنگاری وێنەیی لە کوردستان، لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف لە دانمارک چاپ و بڵاو کرایەوە.
یەک لە مرۆڤناسانەترین و قەومنگارانەترینی ئەو لێکۆڵینانەوەی کامیل ئەحمەدی ئەنجامی داوە، لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە لەسەر بابەتی ڕێنمای سەفەر بۆ باشوور و باشووری ڕۆژاوای تورکیا کە بە ڕوانگەیەکی قەومنگارانەوە، ساڵی ٢٠٠٩ و لە درێژەی سێ جار سەردانی ١٥ پارێزگا و گوندە زیاتر کوردنشینەکانی تورکیا لە ماوەی ٣ ساڵدا ئەنجام دراوە و بە سێ زمانی ئینگلیزی، تورکی و کوردی (کورمانجی) لە تەستەموڵ چاپ کراوە. کتێبێک کە بە ڕواڵەت ڕێنمای سەفەر بەو ناوچە ئاماژەپێکراوانەیە بەڵام بازنەی زۆر بەربڵاوترە لە ڕێنمایەکی سەفەر و لە ڕاستیدا ھەوڵی داوە ھزری خوێنەر لە لێکدانەوە و ئەو ڕوانگەیەی کە پێی وایە ئەو ناوچە دواکەوتووە دوور بکاتەوە و پیشانی خوێنەری بدات کە ئەو ناوچانە تەنیا بە ناکۆکی و شەڕی چەکدارییەوە نەناسن چونکە ئەو ناوچەیە مێژوویییەکی زۆر دێرین و پڕ لە شکۆ و مەزنایەتی ھەیە.
«ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژھەڵات و باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا» وەک کتێبێکی گەشتیاری، ھەڵگری زانیاری مرۆڤناسانەیە و لەسەر ڕێوڕەسمەکان، دابونەریتەکان، ئەستوورەکان، ئایینەکان، زمان، جلوبەرگ، خۆراک، مۆسیقا و ئارشیتەکت و ناساندنی شوێنە کەونینەکانی ئەو ناوچەیە زانیاری دەستی یەک و دەگمەن ئاراستە دەکات و ھەوڵ دەدات شوێنە نەناسراوەکانی کوردستانی تورکیا بە خوێنەر و بەردەنگ بناسێنێ کە لەمێژە شەڕی ناوخۆیی و پێکدادان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی تێدایە و ھەر بەم بۆنەشەوە ھەزاران کەس لە دانیشتووانی لە ھەشتا و نەوەدەکانی زایینی بە ناچار کۆچیان کردووە و ڕۆشتوونەتە شارە گەورەکان.
لەو یەکەمین توێژینەوانەی کە ئەحمەدی پاش گەڕانەوە بۆ ئێران ئەنجامی داوە بابەتی خەتەنەکردنی ژنانە. ئەم توێژینەوە لەلایەن کامیل ئەحمەدییەوە بە شێوەی نابەردەوام و لە مەودای ساڵەکانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٥ و لە گوندەکانی چوار پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و ھورموزگان ئەنجام دراوە. ئەنجامی لێکڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی و گرووپی ھاوکاری دەری خستووە کە خەتەنەکردنی ژنان زیاتر لە نێو خەڵکی سەر بە ئایینزای سوننە (لقی شافیعی) و لە چەند بەشی پارێزگاکانی ھورموزگان، کرماشان، کوردستان و ئازربایجانی ڕۆژاوا لەمێژەوە باو بووە و ئێستاش بە شێوەی پەرژ و بڵاو لەم چوار پارێزگایەدا ئەنجام دەدرێت. ئەحمەدی لە لێکۆڵینەوەکانی دواتر و پاش سەردانی دووبارەی بۆ ناوچە ئاماژەپێکراوەکان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڕێژەی خەتەنەکردن لەو پارێزگایانەدا دابەزیوە.[١٥]
ناوبراو لە دەرەنجامی توێژینوەکانی خۆیدا گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە گرنگترین ھۆکارەکانی خەتەنەکردنی ژنان لەو ناوچانەدا دەگەڕێنەوە بۆ ھۆکار و بیانووە ئایینی و شەرعییەکان، ناھۆشیاری و ئاگادارنەبوونی خەڵک، ئاستی نزمی خوێندەواری و نەخوێندەواری، ھەژاری، کەلتووری پیاوسالارانە و کۆمەڵە باوەڕێک لەسەر داوێنپاکی، تەندروستی و جوانکاری. ئەنجامی توێژینەوەکانی خۆی و ئەم لێکۆڵینەوە لەسەر دۆخی خەتەنەکردنی ژنان لە ئێران لە کتێبێکدا لەژێر ناوی «بە ناوی نەریت، توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر خەتەنەکردنی ژنان لە ئێران»[١٦] کۆ کراوەتەوە و لەلایەن وەشانخانەی شیرازە ساڵی ٢٠١٥ بە فارسی چاپ کراوە و دواتر وەشانی ئینگلیزیش ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن وەشانخانەی Uncutvoiceەوە چاپ کراوە. ئەم کتێبە لەگەڵ پاشکۆیەکی زیادکراو لەسەر خەتەنەکردنی ژنان و بە ناوی «گومانی ڕوو له گۆڕانی خەتەنە، شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان لە ئێران» و پێشەکییەک لەسەر خەتەنەکردنی کوڕان یان پیاوان لە ئێراندا چاپ کراوە. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووفی دانمارکەوە چاپ کرا کە نوسخە خۆڕایییەکانی بە شێوەی کتێبی دیجیتاڵ و وەشانی دەنگیشیی لە گووگڵ بووک و ئامازۆندا بەردەستن. وەشانی تەواوی توێژینەوەی خەتەنەکردنی کوڕان/ پیاوان بەم زووانە بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
لە درێژەی ئەنجامدانی کاری مەیدانیی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کامیل ئەحمەدی دۆکۆمێنتێک بە ناوی «نەریت» ساز دەکات کە یەکەمین دۆکۆمێنتارە لەسەر خەتەنەکردنی ژنان لە ئێران و تا ئێستا لە چەند فستیڤاڵی فیلمە کورتەکان بە تایبەت فستیڤاڵی فیلمی لەندەن و ھەروەھا لە پرۆگرامی ئاپاراتی تەلەفیزۆنی بی بی سییەوە بڵاو کراوەتەوە.
یەک لەو بابەتە گرنگانەی کە کامیل ئەحمەدی توێژینەوەی لەسەر کردووە، بابەتی زەواجی منداڵانە لە ئێران کە لە کۆتاییدا بوو بە پاشکۆی زانستیی پلانی زیادکردنی تەمەنی زواجی منداڵان لەلایەن نوێنەرانی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسەوە کە بە کۆی دەنگەکانەوە پەسند کرا بەڵام لەلایەن کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسەوە ڕەت کرایەوە. ئەحمەدی و گرووپی ھاوکاری لەم توێژینەوەدا کە یەک لە یەکەمین و گشتگرترین توێژینەوەکانی ئەم بوارەیە ھەلومەرجی زەواجی منداڵان لە ئێرانیان تاوتوێ کردووەتەوە. لە سەروبەینی توێژینەوە لەسەر خەتەنەکردنی ژنان، ڕێژەی زۆری زەواجی منداڵان و پێوەندیداربوونی ئەم دوو خەسارە کۆمەڵایەتییە پێکەوە سەرنجی ئەحمەدی و ھاوکارانی ڕاکێشا. ئەم توێژینەوانە دەریان خستووە کە حەوت پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ئازربایجانی ڕۆژھەڵات، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازربایجانی ڕۆژاوا، ھورموزگان و ئەسفەھان زۆرترین ڕێژەی زەواجی منداڵانیان تێدا ھەیە و نزیکەی سەتا ١٧ی کۆی زەواجەکانی ئێران بریتییە لە زەواجی منداڵان. ناوبراو پاش کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر ئەم بابەتە و تاوتوێکردنیان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە وەک گرنگترین ھۆکارە کاریگەرەکان لەسەر بەدەوامبوونی زەواجی منداڵان لە ئێران بریتین لە: ھەژاری، ئاستی نزمی خوێندەواری یان نەخوێندەواری، پاڵپشتی یاسا (نەبوونی بەربەستی یاسایی)، گوشارە کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانگەی پیاوسالارانە و باوەڕە سونەتی و ئایینییەکان. تەمەنی زەواج لە ئێراندا بۆ کچ ١٣ ساڵ (کە ئەڵبەت لەسەر دەنگی دادگا و باپیر تا تەمەنی ٩ ساڵانیش ڕێپێدراوە) و ١٥ ساڵ بۆ کوڕ دەستنیشان کراوە. ئەم توێژینەوە بە ناوی «زایەڵەی بێدەنگی»، توێژینەوەیەکی گشتگرە لەسەر زەواجی منداڵان لە ئێران کە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن وەشانخانەی شیرازەوە لە ئێران چاپ کراوە و وەشانی ئینگلیزی ئەم کتێبەش لەلایەن Nova Publishing لە ئەمریکا چاپ کراوە.[١٧] وەشانی نوێ و خۆڕایی ئەم کتێبە لەگەڵ وەشانیی دەنگی ساڵی ٢٠٢١ لە دانمارک و لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف بۆ جارێکی دیکە چاپ کراوەتەوە و بەردەستە.[١٨]
ئەحمەدی توێژینەوەیەکی لەژێر ناوی «ماڵێک لەسەر ئاو»، توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر سیغە و زەواجی کاتی لە ئێران دەستپێکرد کە تێیدا ڕەھەندە جۆراوجۆرەکانی دیاردەی زەواجی کاتی و سیغە تاتوێ کراون کە لە توێژینەوەی پێشوودا کە لەگەڵ بابەتی زەواجی منداڵان پێوەندییەکی بەرچاویان پێکەوە ھەیە. ناوبراو لەم توێژینەوەیەدا بە ڕوانگەیەکی چەندی و چۆنییەوە و پاش کەڵک وەرگرتن لە شێوازی ھەڵسەنگاندنەوەی شیکاری، دیاردەی زەواجی کاتی و سیغەی بە شێوەی گشتگر لە سێ گەورەشاری تاران و مەشھەد و ئەسفەھان، ئەم پرسەی تاوتوێ کردووە. ئەم توێژینەوە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە. دەرەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوە ئاشکرایان کرد کە ڕابواردن و ئاسانکاری بۆ زەواجی منداڵان وەک دیاردە و ھۆکاری سەرەکی زەواجی کاتی/سیغە ھەژمار دەکرێن کە شوێنھات و دەرەنجامی وەک ڕیسواییان لێ دەکەوێتەوە بە تایبەت بۆ ژنان و ھەروەھا دەبێتە ھۆی ئەوەیکە ڕوانگەی نەرێنی لە پیاواندا ساز بێت بۆ ئەوەیکە زەواجی ھەمیشەیی بکەن. ئەحمەدی لە کتێبێکدا لەژێر ناوی «ماڵێک بەسەر ئاوەوە»، توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر سیغە و زەواجی کاتی لە ئێران؛ کە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن وەشانخانەی "شیرازە"وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە دەڵێت کە یاساکانی ئێران لەسەر سێغە ئاسانکاری بۆ زەواجی زووتر لە وادە دەکەن و شوێنھات و دەرەنجامی کۆمەڵایەتی و دەروونی زۆریان لێ دەکەوێتەوە بە تایبەت بۆ کچانی منداڵ و تەنانەت کوڕانیش و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بوونەتە ھۆی ھەڵکشانی ڕێژەی زەواجی منداڵان لە ئێراندا. چاپی دووبارەی ئەم کتێبە لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام درا و وەشانی خۆڕایی و ئەلکترۆنیکی ئەم کتێبە لەگەڵ وەشانی دەنگییشی لە پلەتفۆڕمە ئینتەرنێتییەکاندا بەردەستە.[١٨]
زەواجی سپی یان هاوسەرگیریی سپی
دەستکارییەک لەو توێژینەوانەی دیکەی کامیل ئەحمەدی کە مشتومڕی زۆری لەسەرە، توێژینەوە لەسەر زەواجی سپی لە سێ گەورەشاری تاران، ئەسفەھان و مەشھەد بووە کە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ھاوکات لەگەڵ توێژینەوەی مەیدانیی لەسەر زەواجی کاتی ئەنجام دراوە. ناوبراو ئەم توێژینەوەی لەگەڵ ھاوکارانی و بە شێوازی ھەڵسەنگاندنی شیکاریی ئەنجام دابوو، دەرەنجام بوو بە ئەوەیکە ھۆکارە ئاقارییەکان (بارودۆخی ئابووری، پێکھاتەی کۆمەڵایەتی، چوارچێوە یاسایی و فەرمییەکان)، ئەو ھۆکارانەی دەستێوەردانیان دەبێ (ھەلومەرجی بنەماڵە، کەمبوونەوەی چاوەدێری، ژیان لە غوربەتدا) و ھۆکارە پێوەندیدارەکان بە بەستێن و بارودۆخ وەک (ئەزموونکردنی پێوەندیی و جیھانبینی تاک) ھۆکارە کاریگەرەکانی سەر زەواجی سپین. دیاردەی تەوەرییەکانی ئەم توێژینەوە بریتی بوون لە پێکھاتنی گۆڕانکاری لە بەھا و نۆرمەکانی شێوازی ژیان و نابەردەوامبوونی پێوەندییەکان. ھەروەھا کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزییەکان، ئازادبوون بۆ ھەڵبژاردن، بێ مەیلی بەرامبەر بە زەواجی فەرمی، تارێندرانی کۆمەڵایەتی، نەبوونی پاڵپشتی و ترس بەرامبەر شوێنگری وەک گرنگترین شوێنھات و دەرەنجامەکانی زەواجی سپین لە ئێراندا. کتێبی «ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە»، توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر زەواجی سپی کە بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لەلایەن وەشانخانەی مێھری لە لەندەن چاپ کراوە و ساڵی ٢٠٢٢ بۆ جارێکی دیکە لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف چاپ کراوە و وەشانی ئەلکترۆنیک و وەشانی دەنگییشی لەسەر ئینتەرنێت دانراون.[١٨][١٩]
بارودۆخی پەلکەزێڕینەکان لە ئێراندا
دەستکارییەکێک لەو توێژینەوە ئاڵۆزەکان کە کامیل ئەحمەدی ئەنجامی داوە و مشتومڕی ئێجگار زۆری لەسەر کراوەتەوە، توێژینەوەیەکە لەژێر ناوی «چیرۆکی شاری قەدەغەکراو»، توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر پەلکەزێڕینەکان لە ئێراندا کە لە سێ شاری تاران، ئەسفەھان و مەشھەد بەڕێوە چووە و وەک لەو کارە پێشەنگانەیە کە بە شێوەی مەیدانی لە ناوخۆی ئێراندا ئەنجام دراوە. ناوبراو ئەم توێژینەوەی بە مەبەستی تێگەیشتن لە ھەست و باوەڕە گشتییەکان خەڵک لەسەر کۆمەڵگای پەلکە زێڕینەکان ئەنجام داوە و ھەر لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی ئەم کەسانەوە شیکارییەکان ئەنجام دراون و توێژەر ھەوڵی داوە ئەو کێشەوگرفتانەی تاوتوێ بکات کە ئەم تاقمە لەبەر ژیان لە کۆمەڵگایەکی ئایینی، لەسەر تەوەری چین و باوکسالاردا- کە پەلکە زێڕینەبوون وەک شوناس ڕەت دەکاتەوە- ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەحمەدی لە کتێبی «چیرۆکی شاری قەدەغەکراودا» ئەنجام و دەسکەوتەکانی توێژینەوەکەی خۆی لەسەر ھەلومەرجی پەلکە زێڕینەکان شرۆڤە کردووە.[٢٠] شیاوی باسە یەک لەو تاوانانەی کە ساڵی ٢٠٢٠ کامیل ئەحمەدی لەسەری حوکمی ٩ ساڵ بەندیخانەی پێدرابوو، تاوانی «پەرەپێدان و پاڵپشتی لە ھاوڕەگەزخوازی لە چوارچێوەی توێژینەوە زانستییەکانەوە» بوو. ئەم توێژینەوە مەیدانییە بە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی و ئەو کاتەی کە ئەحمەدی لە بەندیخانەدا بوو لە لەندەن چاپ کرا و بۆ جاری دووھەمیش ساڵی ٢٠٢١ بە شێوەی خۆڕایی چاپی دووبارەی کردووەتەوە. وەشانی دەنگیی ئەم کتێبەش لەلایەن ھەمان وەشانخانەوە بڵاو کراوەتەوە.[١٨]
کامیل ئەحمەدی وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لەسەر شێوازە جۆراوجۆرەکانی کاری منداڵان لە شارەکانی تاران و دەوروبەری ئەم شارە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی ئەنجام داوە. ناوبراو لە کتێبی "شوێنەپێی داگیرکاری لە جیھانی منداڵی دا (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر شێوازەکان، ھۆکار و شوێنھاتەکانی کاری منداڵان) وەک ھەماھەنگار و نووسەر و لە کتێبی "تاڵانی منداڵی (توێژینەوەیەک لەسەر ناسین، بەرگریکردن و کۆنترۆڵکردنی دیاردەی گەڕانی منداڵان بە نێو زبڵەکاندا)" وەک سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ گرووپێک کاری توێژینەوەیان لەسەر دیاردەی کارکردنی منداڵان لە تارانی پایتەختی ئێران کردووە. ئەحمەدی لە کتێبی "ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵی" کە ھاوکات لەگەڵ ڕۆژی دوازدەی حوزەیرانی ٢٠٢١، ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کارکردنی منداڵان و لە دانمارک لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووفەوە چاپ کرا، ٢٣ جۆر کارکردنی منداڵانی پێناسە کرد و ھەروەھا ھۆکارەکانی بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە و ھەڕەشە و مەترسییەکانی کارکردنی زووتر لە وادەی بۆ منداڵان ئاماژە پێدا. وەشانی دەنگیی ئەم کتێبەش لەلایەن ھەمان وەشانخانەوە بڵاو کراوەتەوە.
ئەحمەدی ھەوڵی داوە لەم توێژینەوەدا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان خوێنەری کتێب و ئازار و گرفتەکانی منداڵانی کار لە ڕێگای گێڕانەوەکانیانەوە ساز بکات. ئەحمەدی لە بەشی چوارەمی کتێبەکەدا، بەپێی ئەزموونەکانی کاری مەیدانی، ڕوانگەی پسپۆڕان و کۆمەڵگای ئامانج کۆمەڵێک ڕێگای چارەسەری بۆ کەمکردنەوەی خەسارەکان ئاماژە پێداوە.
گەڕانی منداڵان بە نێو زبڵەکاندا
دەستکاریکامیل ئەحمەدی لە دوایین ساڵەکانی مانەوەی خۆی لە ئێران و لەگەڵ گرووپێکی مەیدانی، توێژینەوەیەکیان لەسەر گەڕانی منداڵان بە نێو زبڵەکاندا ئەنجام دابوو. ئەم توێژینەوە لەسەر دۆخی گەڕانی منداڵانی تاران و شارەکانی دەوروبەری بە نێو زبڵەکاندا بووە. بە مەبەستی توێژینەوەیەکی گشتگر و ئامانجدار لەسەر ئەم بابەتە ھەروەھا نەناسراو بوونی بابەتەکە و مەترسی زیادکردنی ڕێژەی ئەم دیاردەیە بزوێنە و ھاندەری سەرەکی ناوبراو بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە بووە. ئامانجی توێژینەوەکە ناسینی دیاردەکە، تاوتوێکردنی ھۆکارەکان و کەمکردنەوەی خەساری ئەو دیاردەیەن بۆ ئەو منداڵانەی پیشەیان گەڕان بە نێو زبڵەکاندایە و لەو ڕێگایەوە دەژین. ئەم توێژینەوە لەژێر ناوی «تاڵانی منداڵی» بە سەرپەرشتی کامیل ئەحمەدی و بە ھاوکاری و پاڵپشتی «ئەنجومەنی پاڵپشتیکردنی مافەکانی منداڵان و تازەلاوان»، ساڵی ٢٠١٩ چاپ کراوە تا سووچە شاردراوە و نھێنییەکانی دیاردەی گەڕانی منداڵان بە نێو زبڵەکان لە ١٩ ناوچەی شاری تاران بۆ یەکەم جار تاوتوێ بکات بەو مەبەستەی کە ئەنجامەکانی ببێتە ھۆی ئاوڕدانەوەی بنکە و دەزگا حکومییەکانی وەک شارەوانییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بەرپرسانی داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان.[٢٢]
شوناس و قەومییەت
دەستکاریدوایین پرۆژەی لێکۆڵینەوەیی کە ئەحمەدی پێش گەڕانەوە بۆ بەریتانیا لە ئێران خەریکی بوو، توێژینەوەیەکی مەیدانی و گرووپی بوو بەمەبەستی تاوتوێکردن و کۆڵینەوەی ھەلومەرجی قەومەکانی ئێران کە بەھۆی دەستبەسەرکران و تاوانبارکرانی ناوبراوەوە ساڵی ٢٠٢٠ ناتەواو مایەوە و پرۆژەکە پاش ئەوەی ئێرانی بەجێھێشت و ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ئەنجام. ئەنجامی ئەم توێژینەوە لە کتێبێکی ٧٥٠ لاپەڕەییدا و لەژێر ناوی «لە سنوورەوە هەتا سنوور»، لەلایەن وەشانخانەی مێھری لە لەندەن چاپ کراوە و وەشانی دیجیتاڵی و دەنگیی ئەم کتێبەش ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووفەوە بڵاو کراوەتەوە کە نوسخە دیجیتاڵەکانی بە خۆڕایی بەردەستن.[١٨][٢٣] ئەم توێژینەوە ھەوڵی داوە شیکردنەوەیەکی تەواو و چەندلایەنەی لەسەر ھەلومەرجی پێنج قەوم یان نەتەوەی ئازەرییەکان، کوردەکان، بەلووچەکان، عەرەبەکان و فارس زمانەکانی ١٣ پارێزگای ئێران بکات. ئەم توێژینەوە ئاماژەی داوەتە جۆراوجۆرێتییە شوناسی/ قەومییەتییەکانی ئێرانی ھاوچەرخ کە لەگەڵ ھەڵکشانی پرۆسەکانی جیھانگەری کەوتووە و جۆرێک ناکۆکی نێوان قەومەکانی لێکەوتووەتەوە، و بە مەبەستی لەناوبردنی نایەکسانی و ھەڵاواردنەکانی بۆ گەیشتن بە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بەرەو ئاراستەی شوناسخوازی و دادپەروەریخوازی ڕۆیشتووە. ئەحمەدی و ھاوکارانی لەم کتێبەدا و بە گێڕانەوەی وتووێژە مەیدانییەکان، دەڵێن کە شوناسە کۆمەڵایەتییە ئێرانییەکان بەرامبەر بە زاڵبوونی پارچە و پێکھێنەرەکانی شوناسی فارسی لەسەر خۆیان ناڕەزامەندن و ئەو ھەلومەرجەی شوناسی مێژوویی ئێران کە تەنیا تەرخان کراوە بۆ یەک بەشی تایبەت وەک نەیاری پەرەسەندنی شوناسە کۆمەڵتەیییەکان دەبینن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە وەک نموونەی ئاماریی ئەم لێکۆڵینەوەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە دەگەڕێنەوە بۆ چینی نوخبەی کۆمەڵگا، ئەم تاقمە بەرامبەر بە سیاسەتی ناوەند-پەراوێز، بێبەشبوون لە خوێندن و پەروەردە بە زمانی زگماکی، بەرچاونەگرتنی مافەکانی شارومەندی، ھەڵاواردنی قەومی و ئایینی ناڕەزامەندن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەگەر ھەنگاو و چالاکی جیددی لەسەر تەوەری ئاشتی لەلایەن دەسەڵاتەوە جێبەجێ نەکرێت ئێران بەرەوە داڕووخان و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەچێت. شیاوی باسە یەک لەو بابەتانەی کە کامیل ئەحمەدی لەسەری تاوانبار کرابوو، بابەتی «ھەوڵدان بۆ دابەشکردنی ئێران لە ڕێگای توێژینەوەی تایبەت لەسەر قەومەکان» بوو. تاوانێک کە ناوبراو لە دادگادا ڕەتی کردووەتەوە و دەڵێت ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستی.[ژێدەر پێویستە]
بەرھەمە نووسراوەکان
دەستکاری- سازگاری و خۆڕاگری لە ناو مێرمنداڵانی مەھاباد
- ڕۆژھەڵات و باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا لە ڕوانگەیەکی دیکەوە Another look at east and south east of Turkey، چاپکراو لەلایەن Etkim, Istanbul-Turkey (2009).
- بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر خەتەنەکردنی ژنان لە ئێراندا FGM/ C)، وەشانخانەی شیرازە، Un cut voice publishing, Oxford " In the name of tradition" (2015).
- گومانی ڕوو له گۆڕانی خەتەنە، شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان لە ئێران (The Changing Paradigms of Female Genital Mutilation/Cutting Country report on FGM/C in Iran) لە لایەن وەشانخانەی ئاوای بووف چاپ کراوە.
- زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر زەواجی زووتر لە وادەی منداڵان ECM لە ئێراندا)، وەشانخانەی شیرازە و Nova Science Publisher, Inc " an echo of silence" (2017).
- ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر زەواجی کاتی و سیغە لە ئێراندا)، وەشانخانەی شیرازە، publishing by Mehri Publication, London, UK (2019) Shirazeh " A house on water"
- تاڵانی منداڵی (توێژینەوەیەک لەسەر گەڕانی منداڵان لە نێو زبڵەکان لە تاران/ ئێران)، لەسەر داواکاری ئەنجومەنی پاڵپشتیی مافەکانی منداڵان Childhood Yawn, A study on Recognising, Preventing and controlling the phenomenon of Child Scavenging- tehran publishing 2018 (2019)
- چیرۆکی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر ھاوڕەگەزخوازیی ژنان، ھاوڕەگەزخوازان و دووڕەگەزخوازان (LGB) لە ئێراندا Forbidden Tale by Mehri Publication, London-UK، (٢٠١٨).
- ماڵێک بە دەرکەی کراوەوە (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر زەواجی سپی لە ئێراندا)، وەشانخانەی مێھری (2020) A house with open door, by Mehri Publication, London-UK (2018)
- شوێنپێی چەوساندنەوه له جیهانی منداڵی “توێژینەویەکی گشتگیر له سەر جۆرەکانی کاری منداڵان له ئێران”، ساڵی 2021 و لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
- لە سنوورەوە بۆ سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر شوناس و قەومییەت لەسەر تەوەری ئاشتی)، وەشانخانەی مێھری (٢٠٢١)، From Border to Border, a comprehensive study of identity and ethnicity in Iran, with studies of five major Turkish (Azari), Kurdish, Baloch, Arab and Fars (Persian speaking) ethnic groups published by Mehri publising. London, UK (2021)
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ «British-Kurdish academic released on $40K bail from notorious Iranian prison».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «ئاستی خوێندەواری و بەڵگەنامەکانی کامیل ئەحمەدی».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Announcing Our 2019 Global Woman Award Recipients».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Migration and Gender for Iranian LGBT».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «A British – Iranian Researcher Arrested». لە ڕەسەنەکە لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ «Iran Extends Detention Of British-Iranian Researcher».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Kameel Ahmady, British-Iranian Anthropologist, Detained In Iran – News Updates (August 2019 to February 2021)».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Statement On The Detention In Iran Of Social Anthropologist Kameel Ahmady».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «British-Kurdish academic released on $40K bail from notorious Iranian prison».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «کامیل احمدی پژوهشگر مسائل اجتماعی، در ایران به '۹ سال حبس' محکوم شد».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «کامیل احمدی، پژوهشگر دوتابعیتی، ایران را ترک کرد».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Kameel Ahmady: British academic facing jail escapes Iran over mountains».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Conformity and Resistance in Mahabad».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Another-Look-East-Southeast-Turkey/dp/6056051307».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «In the Name of Tradition».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «In the name of Tradition».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «An Echo of Silence».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ ئ ا ب پ ت «کۆی بەرهەمەکانی کامیل ئەحمەدی لەسەر لاپەڕەی وەشانخانەی ئاوای بووف».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ ئ ا «A House on Water».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «The Forbidden Tale».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «رد پای استثمار در جهان کودکی».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «تاڵانی منداڵی».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «از-مرز-تا-مرز-پژوهشی-جامع-درباب-هویت-و-قومیت-در-ایران».
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)