ماڵێک بە دەرگای ئاوەڵاوە

(لە ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوەەوە ڕەوانە کراوە)

کتێبی ماڵێک بە دەرگای ئاوەڵاوە، کتێبێکە لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکیی کۆمەڵناسانە و مرۆڤناسانە لەسەر دیاردەی ھاوسەرگیریی سپی بە شێوازی مەیدانی لە گەورەشارەکانیی ئێران، تاران، مەشھەد و ئەسفەھان نووسراوە. ئەم کتێبە توێژینەوەیەک بووە کە لیژنەیەک کاریان لەسەر کردووە و کامیل ئەحمەدی لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ سەبارەت بە ھەلومەرجی ھاوسەرگیریی سپی لە ئێران، سەرپەرشتیار و دیزاینەری ئەم توێژینەوەیەی کردووە و ئەنجامەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن وەشانخانەی مێھرییەوە بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.[١] [٢]

کتێبی ماڵێک بە دەرگای ئاوەڵاوە، لەسەر ئەو خاڵە کۆڵدراوەتەوە، کە کۆڵکە باجدارییەکان (بارودۆخی ئابووری، پێکھاتەی کۆمەڵایەتی، چوارچێوەی یاسایی و فەرمی)، کۆڵکە دەستێوەردەرەکان (بارودۆخی بنەماڵە، کاڵبوونەوەی چاودێری، ژیان وەک کۆچەر) و کۆڵکە بەستێنییەکان (ئەزموونی پێوەندی و دنیابینیی تاکەکەسی) وەک ئەو کارانەن کە بوونەتە ھۆی زیادکردن و گەشەکردنی دیاردەی ھاوسەرگیریی سپی لە گەورەشارەکانی ئێران. توێژەرەوان لەم کتێبەدا دیاردەی تەوەریی توێژینەوە شی دەکەنەوە و ئاماژە دەدەنە گۆڕانکاریی نۆرم و بەھاکانی شێوازی ژیانی تاک و کارلێکی ستراتیژیکی تاک و ھەژماری زۆر و نابەردەوامبوونی پەیوەندییەکان. لەم توێژینەوەدا ھەروەھا کاڵبوونەوەی کڵێشە ڕەگەزییەکان، ئازادبوونی ھەڵبژاردن، بێ مەیلبوون بەرامبەر بە ھاوسەرگیریی فەرمی، گۆشەگیری و بەلاوەدانی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پاڵپشتی و ترسی شوێنگری وەک گرنگترین شوێنھات و ئەنجامەکانی ھاوسەرگیریی سپی لە ئێران دەستنیشان کراون. [٣]

زانیارییە گشتییەکانی توێژینەوە دەستکاری

توێژینەوە لەم بەشەدا هەوڵ دەدات پاش ئاماژەدان بە کۆمەڵێک بابەتی گشتی لەسەر توێژینەوەکە، بەستێنێک بۆ ئەو شتەی بڕیارە لە بەشەکانی دیکەدا باس بکرێت ئامادە بکات. کتێب لە سەرەتای ئەم بەشەدا پاش کۆڵینەوەی مێژوویی پارادایم و گریمانەکانی پێوەندییە سێکسییەکان لە درێژەی مێژووی ڕۆژئاوادا، ئەو ڕێگایەی کە چییەتی و چۆنێتی جێبەجێبوونی پێوەندی سێکسی لە سەردەمی قەڕنەکانی سێهەم و چوارەمی زایینی تا نیوەی دووهەمی قەڕنی بیستەم تێیپەڕاندووە، تاوتوێ دەکات و دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە بەو ڕێژەیەی پێش سەردەمی ڕووناکبیری و پێش سەردەمی نوێ، پێوەندیی سێکسی دیاردەیەکی سروشتی و کۆنترۆڵکراو لە لایەن کۆمەڵگا و بنەماڵەوە بووە، پاش سەردەمی ڕووناکبیری بەرەبەرە بەرەو تاکەکەسیبوونی چووە و شێوازی جۆراوجۆر و داینامیکی بەخۆوە بینیوە و لە حەفتا و هەشتاکانی زایینیەوە و لەگەڵ شۆڕشی ڕەگەزی، لە شێوازەکانی یەکلاکەرەوە، دەستنیشانکراو و ڕوونی وەک هاوسەرگیری و پێوەندیی سێکسی بەرەو هاوسەرگیریی جۆراوجۆر و پێوەندییە جۆراوجۆرەکان ڕۆیشتووە. [٤]

توێژینەوە لە درێژەی ئەم بەشەدا دەچێتە سەر هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێران و وێڕای باسکردنی هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوورییەکان وەک خواستی گەنجان بۆ درێژەدان بە خوێندن، گەشەکردنی شێوازە نوێکانی ژیان لەسەر بنەمای ئازادبوونی پێوەندییەکان و تاکگەرایی، بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری و قورسبوونی خەرجی پێکهێنانی پێوەندیی هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش؛ باس لەوە دەکات کە ئەم فاکتەرانە بوونەتە بەربەست و ڕەوتی بەدیهێنانی هەڵسوکەوتی سێکسی نۆرماڵیان گۆڕیوە و دەبنە هۆی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ڕێگاکانی دیکەی بەدیهێنانی خواستی سێکسی و پێوەندییە سۆزدارانەکان وەک هاوسەرگیریی سپی. [٥]

بنەما هزرییەکانی توێژینەوە دەستکاری

لە بەشی دووهەمدا، کتێب جۆرەکانی هاوسەرگیری لە ئاستی جیهانیدا و هەروەها لە ئاستی ئێراندا شرۆڤە دەکات و دەڵێت کە چۆن داڕێژەکانی هاوسەرگیریی سونەتی لە ئێراندا و بەهۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگای ئێران تووشی گۆڕانکاری هاتوون و بەرەو شێوازە نوێکانی هاوسەرگیری وەک هاوسەرگیریی سپی ڕۆیشتووە. کامیل ئەحمەدی و هاوکارانی لەم بەشەدا هەوڵ دەدەن بنەما هزرییەکانی هاوسەرگیریی سپی لە لایەن و جەمسەرە جۆراوجۆرەکانەوە تاوتوێ و شرۆڤە بکەن و هزر و بیری بەردەنگ بۆ ئاراستەکردنی دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە لە ئێران ئامادە بکەن. توێژینەوە لەم بەشەدا دەچێتە سەر قۆناغەکان و چۆنێتی سەرهەڵدانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران و جیهاندا و پاش هەڵسەنگاندنی چییەتی هاوسەرگیریی سپی لەگەڵ نەریت، سونەت، ئایین و شەرع، یاسا و دەستوور و بەتایبەت کەلتووری ئێرانی- ئیسلامی هەوڵ دەدەن ناکۆکییە بنەماییەکانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لەگەڵ هەلومەرجی کەلتووری باوی کۆمەڵگای ئێران پیشان بدەن تا لە بەشی سێهەمی کتێبەکەدا فاکتەرەکانی گەشەکردنی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران و شوێنهاتەکانی بخەنە ڕوو.

شێوازی توێژینەوە و دەسکەوتەکانی توێژینەوە دەستکاری

کتێبی ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە لە بەشی سێهەمی خۆیدا دەرەنجام و دەسکەوتە مەیدانییەکانی توێژینەوەکە شرۆڤە دەکات و لەگەڵ باسکردنی ئەو پێشەکییەی کە چ فاکتەرگەلێک دەبنە هۆی ئەوەیکە گەنجان بەرەو هاوسەرگیریی سپی بچن، ئاماژە دەداتە ئەنجامەکان، کاریگەرییەکان و شوێنهاتەکانی گەشەکردنی ڕێژەی هاوسەرگیریی سپی لە ئێراندا. ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی ڕوانگەی شرۆڤەگەرایی و ڕوانگەی شێوازناسانەی چۆنێتی و لەگەڵ کەڵ وەرگرتن لە شێوازی تیۆریی بەستێنیی (GT) لە سێ گەورەشاری تاران، ئەسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوە. زانیاری و داتاکانی توێژینەوەکە لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی وتووێژی نیوەپێکهاتووە و قووڵ کۆکراونەتەوە. لەبەر هەستیاربوونی بابەتەکە لە باری ئایینی و کەلتوورییەوە و هەروەها ئەستەمبوونی دەستپێڕاگەیشتن بە نموونەکان، لە شێوازی نموونەگیری ئامانجدار کەڵک وەرگیراوە.

لەم بەشەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە ئامارە فەرمییەکانی هاوسەرگیری وەک زیادکردنی ڕێژەی جودابوونەوە و هاوشانی ئەمەش بەرزبوونەوەی تەمەنی زەەواج، ئەم فاکتەرانە بە جۆرێک وەک بەشێک لە هۆکارەکانی خواستی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی سپی باس دەکرێن. توێژینەوە بۆ ڕوونکردنەوەی فاکتەر و هۆکارەکانی وەدرەنگ کەوتنی هاوسەرگیری لە ئێراندا ئاماژە دەداتە فاکتەرە ئابوورییەکان (ڕاوەستانی ئابووری، بێکاری، نەبوونی ئەمنییەتی کار)، فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان (ئایدیالخوازی و ڕۆیشتنی ژنان بۆ زانکۆ و بازاڕی کار) و هۆکار و فاکتەرە کەلتوورییەکان (بڕوا باوەکان لەسەر هاوسەرگیریی فەرمی وەک مارەیی قورس، شێروایی، ماڵی سەربەخۆ و ...). [٦] [٧]

ئەم توێژینەوە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو گەنجانەی ئاراستەی هاوسەرگیریی سپی دەگرنە پێشێ بەرامبەر بە بەها ئایینییەکان کەمتر هەستیارن و جەخت دەکاتەوە کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لەنێو خوێندکاراندا زیاتر بەرچاو دەکەوێت. ئەو گەنجانەی کە بۆ درێژەدان بە خوێندن چوونەتە گەورەشارەکان و خوێندنیان تەواو بووە و هەر لەو شارانەدا ڕوویان لە کاری کاتی، ئیداری و یان کارکردن بۆ کەرتی تایبەت کردووە، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەیان پێ باشترە. زیاتر ئەو گەنجانەی دەگرێتەوە کە لە دایکبووی کۆتایی شەستەکانن و ئاستی خوێندنی ماستەر و بەکالۆریۆسیان هەیە. نووسەر لە درێژەدا دەڵێت کە گەورەشارەکان بەهۆی هەبوونی بەستێنی زیاتر بۆ کار لە چاو شارەکان، شوێنێکی ڕاکێشەرن بۆ گەنجانی خوێندکار و ئەو گەنجانەی بەدوای ئیش و کارێکدان و بەجۆرێک دەیانەوێ جۆرێک سەربەخۆیی ماڵییان هەبێت و درێژە بە خوێندن بدەن. کار و خوێندن لە گەورەشارەکان بەستێنی سڕینەوەی چاودێری دایک و باوک لەسەر منداڵان دەسڕێتەوە. گەنجان لە شارە گەورەکان و لە شوقەکاندا لەگەڵ هاوماڵانی خۆیان دەژین و بەهۆی نەناسران و بەربڵاوبوونی شوقەنشینی لەم شارانەدا ژیان لەگەڵ هاوماڵ ئاسانترە. [٨] [٩]

لە ئێراندا ئەگەرچی پێوەندیی سۆزدارانە و سێکسی پێش هاوسەرگیری یان لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری پێچەوانەی نۆڕم و یاسا نەریتی، ئایینی و کەلتوورییەکانە و تەنانەت دەستووریش ڕەتی کردۆتەوە، زانیارییەکان باس لە زیادکردنی ئەم جۆرە پێوەندییانە لەم ساڵانەی دواییەدا دەکەن. ئەم پێوەندییانە زیاتر دەشاردرێنەوە و ئەگەریش ئاشکرا دەبن بنەماڵەکان پێیان باشترە گوێی لێ بخەوێنن و بێ ئاگا بنوێنن بەرامبەریان. لە ڕاستیدا بەهاکانی نەوەی نوێ کە لە ڕێگای ئاشنایەتی لەگەڵ هێما ڕۆژئاواییەکان و مودێڕنیتە و نوێخوازییەوە پێکهاتوون، کۆمەڵێک نەریت و نۆڕمی نەوەی ڕابردوو بە شێوەی شاراوە ڕەت دەکەنەوە و پێبەندیان نین.[١٠]

بەگشتی ئەم توێژینەوەیە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هێماکانی نوێخوازی لە هەندێ بابەتدا لەگەڵ نەریتە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگا یەک ناگرنەوە و هەلومەرجێکی ناکۆک و شێواویان ساز کردووە کە بوونەتە هۆی ئەوەیکە هەندێ لە داڕێژە کەلتوورییەکانی نوێخوازی و مودێڕنیتە وەک هاوماڵبوون بە شێوەی شاراوە لە شارەکاندا گەشە بکات. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە باس لە بێ باوەڕبوون بە هاوسەرگیریی فەرمی، مافی تاک لەسەر جەستە، کێشە ئابوورییەکان و نەبوونی متمانە وەک گرنگترین هۆکارەکانی گەشەکردنی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی دەستنیشان دەکات. [١١] [١٢] [١٣]

پێشنیار و ڕێچارەکان دەستکاری

توێژینەوە پاش شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێراندا و باسکردنی هۆکار و ئەنجام و شوێنهاتەکانی ئەم دیاردەیە، لە بەشی کۆتایی ئەم کتێبەدا ئاماژە بەوە دەکات کە دیاردەی هاوسەرگیریی سپی بۆ ئەو گەنجانەی کە لەسەر کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی توانای جێبەجێکردنی هاوسەرگیریی فەرمییان نییە، ڕێگایەکی خۆش کردووە تا لەم جۆرە پێوەندییانەدا خواستە هەستیارانە و سێکسییەکانی خۆیان دابین بکەن. بەم حاڵەشەوە ئەم کتێبە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بابەتی هاوسەرگیریی سپی و ئەو کێشە و پرسانەی بەدوایدا دێن، بە هۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە دەتوانن خەساردەر بن بۆ هەموو بنچینە و بناغە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت پتەوبوونی بنەماڵە.

ئەم کتێبە لەم بەشەدا باسی ڕێچارەکان و پێشنیارەکانی خۆی دەکات بۆ دابەزاندنی ڕێژەی کێشەوگرفتە پێوەندیدارەکانی گەشەکردنی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لە ئێراندا، بەشێکیان بریتین لە:[١٤] [١٥]

·       قبووڵکردنی هەبوونی هاوسەرگیریی سپی و حاشانەکردنی هەبوون و زیادکردنی لە ئێراندا لە لایەن حکومەتەوە.

·       دەستنیشانکردنی گشتگیری لایەنەکان، هۆکارەکان و شوێنهاتەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێراندا لەسەر بنەمای توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئاکادمیک و پسپۆڕانەکان.

·       ئامادەکردنی بەستێنی کەلتووری، ئاگادارکردنەوە و فێرکاریی گشتی و تایبەت بۆ دابەزاندنی ڕێژەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە.

·       ڕەخساندنی هەلی کار و ئاسانکاری و باشترکردنی هەلومەرجی ئابووری لە لایەن حکومەت، کەرتی تایبەت، خێرخوازان و ... بۆ چارەسەرکردنی کێشەی داهات و کاری گەنجان و هاندانیان بۆ پێکهێنانی هاوسەرگیریی فەرمی.

·       بەدواداچوون و پێداچوونەوەی یاسا پێوەندیدارەکان بە هاوسەرگیریی سپییەوە لەگەڵ جەختکردن لە پاڵپشتیی دەزگای داد لە ژنان و منداڵان تا شوێنهاتە خەساردەر و نالەبارەکانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بۆ ژنان و منداڵانی بەرهەمی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە کەم بێتەوە.

·       پاڵپشتیی بنکە دەوڵەتییەکان و ئەنجومەنەکانی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی ڕاوێژکاریی تەندروستی و فێرکاری و بەرگریکردن لە شوێنهات و خەسارە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان.

وەشانی دەنگیی ئەم کتێبە و چاپی دووبارە دەستکاری

پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی وەشانی قاقەزی لە لایەن وەشانخانەی مێهری لە لەندەن، ئەم کتێبە پاش کۆمەڵێک پێداچوونەوە و نوێکرانەوە و بەڕۆژکردنی ناوەرۆک و هەندێ لە ئامارەکان لە لایەن وەشانخانەی ئاوای بووف لە ساڵی 1400ی کۆچی هەتاوی و بە شێوەی ئەلکترۆنیک (ئی بۆک) و دەنگ بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی و کوردی چاپی دووبارە کرایەوە و بە خۆڕایی لەسەر ماڵپەڕەکان بەردەستی خوێنەرانە. [١٦]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "ازدواج سفید: تغییر سبک زندگی در ایران یا معضل اجتماعی؟".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "رونمایی از پژوهشِ مردمشناس کردستانی در باب ازدواج سفید در ایران".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "گزارشی از وضعیت ازدواج سفید در ایران | عمر ازدواج سفید یک تا سه سال است".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ "توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  6. ^ "آثار و پیامدهای حقوقی ازدواج سفید در ایران".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ "رونمایی از پژوهشِ مردمشناس کردستانی در باب ازدواج سفید در ایران".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  8. ^ "عمر «ازدواج‌ سفید» و آمارهایی درباره آن".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  9. ^ "عمر «ازدواج‌ سفید» در ایران و آمارهایی درباره این شیوه زندگی".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  10. ^ "نتایج یک نظرسنجی در ایران: ۲۲ درصد ازدواج سفید داشته‌اند".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  11. ^ "ازدواج سفید: تغییر سبک زندگی در ایران یا معضل اجتماعی؟".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  12. ^ "عمر «ازدواج‌ سفید» و آمارهایی درباره آن".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  13. ^ "چهاردهمین قسمت از برنامه میلان هشتم - 24 دیماه 96".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  14. ^ "اتاقی با در باز: پژوهشی جامع در باب ازدواج سفید در ایران".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  15. ^ "عمر «ازدواج‌ سفید» و آمارهایی درباره آن".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  16. ^ "ماڵێک بە درگای ئاواڵاوه".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)