سۆران (شار)

شارێک لە باشووری کوردستان

ئیدارەی سۆران یان دەڤەری سۆران ناوچەیەکی فراوان و گەورەی هەرێمی کوردستانە لە پارێزگای ھەولێر[٢]، بەدووری ١١٥ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر.[٣] ئەم ناوچەیە ناسراوە بە چیا و شاخ و بەرزایی سەخت کە کۆتا ناوچەی سەر سنورە لەگەڵ وڵاتی ئێران و تورکیا لە باکوری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی باکوری هەرێمی کوردستانەوە و یەکێکە لە ستراتیژیترین ناوچەکانی کوردستان لە چەندین ڕەهەندەوە وەک ئابوری و گەشتیاری و سیاسی و کشتوکاڵی ، ئیدارەی سەبەخۆی سۆران لە ڕووی ژمارەی دانیشوان ٣٨٠،٠٠٠ دانیشتووە و خودی ناوەندی قەزای سۆران زیاتر لە ٢٠٠،٠٠٠ ھاوڵاتییە. ئیدارەی سۆران پێکدێت لەم شار و ناوچانە : ناوەندی قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، ڕەواندز، خەلیفان و سیدەکان لەپاڵ چەندین ناحیە و گوند ، دەربارەی ناوی سۆران ناوی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ میرنشینی سۆران کە قەڵەمڕەوی ناوچەکە بوە لە سەدەکانی ڕابردوو و دەسەڵاتەکەی پەلی کێشاوە بۆ ناوچە دوورە دەستەکانی تری کوردستان . کرۆکی قەزای سۆران کە ناوەندی ئیدارەی سۆرانە دەگەڕێتەوە بۆ ناحیەی دیانا کە پێشتر گوندێکی زۆر بچووک بوو لە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری سۆرانی ئێستا، تەواوی دانیشتووانەکەی مەسیحی بوون، دواتر موسڵمانان ڕوویان لەو گوندەکرد و ژمارەیان زیادبوو، دواتر فراوان بوو، هەرچەندە ئێستا دیانا بوەتە گەڕەکێکی سۆران بەهۆی فراوانی شارەکە بەڵام لە ڕوی ئیداریەوە ناحیەیە. لە ساڵی ١٩٨٠ حکوومەتی ئەوکاتی عێراق قەزای ڕەواندزی ھەڵوەشاندەوە و سۆرانی کردە قەزا بە ناوی قەزای سدیق، لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٨٠ ناوەکەی گۆڕا بۆ قەزای سۆران کە ناوەکەی لە میرنشینی گەورەی باشووری کوردستان ھاتووە ئەویش میرنشینی سۆران بووە کە لە سەردەمی خۆی دا دەسەڵاتداری ناوچەکە بوە، دواتر ڕەواندزیش کرایەوە بە قەزا و ئێستا کارگێڕی سۆران ناوەندی ھەرچوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕەواندزە و خەلیفان و سیدەکانە.[ژێدەر پێویستە]، و پێویستە بڵێین کە سۆران یاخود کارگێڕی سەربەخۆی سۆران پێگەیەکی گرینگە بە گشتی بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ ھەرێمی کوردستان چونکە ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران و تورکیا و گرینگترینیشیان خاڵی گومرگ و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانە ، وە لەم ناوچەیە ئەوەی بەدی دەکرێت تەبایی و ڕێزلێنانی خەڵکە لەگەڵ یەکتر و گەشتیار و سەردانیکەری دەرەوەی سنووری کارگێڕی و بە گشتی بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەش ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری خەڵکەکەی. و لە سنووری کارگێڕی سۆران چەندان شوێنی گرینگی گەشتیاری و مێژووی ھەن وەک (بێخاڵ و گەلی علی بەگ و جوندیان و وەرتێ و سەکران و دەڤەری باڵەکایەتی و دەڤەری برادۆست بە گشتی. و ئەوەی وای کردووە کە ئەم شارە گەشە بکات و بەرەو پێش بچێ لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوان ئەوەیە کە ھەلی کار بۆ گەنجان دەست دەکەوێت و چەندین کۆمپانیا و کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی و ھەلی ئەوە دەدات بە دانیشتوان کەوا بێ کار نابن و لە ڕووی ڕێگا و بان بەرەو باشترین ھەنگاو دەنێت و ئەمانە و چەندین ھۆکاری تر وای کردووە کە ھاوڵاتیان لە گووندەکان و قەزاکانی دەورووبەر ڕوو بکەنە ناوەندی شار و لەوێ بژین.

ئیدارەی سۆران
ئیدارە
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ ھەرێمی کوردستان
پارێزگاپارێزگای ھەولێر
دامەزرێنەرپاشای گەورە (پاشا کوێرە)
ھاوناوپاشای میرنشینی سۆران
دەسەڵات
 • جۆرئیدارەی سەربەخۆ-ئەنجومەن-بەڕێوەبەرایەتی
ڕووبەر
 • سەرجەم٨٠٩٦١٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣١٢٬٥٩٤ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٦٨٠ مەتر (٢٬٢٣٠ پێ)
٠٦٦٠٦٦

ناوی سۆران لە میرنشینی سۆرانەوە ھاتووە کە بەهێزترین و دەوڵەمندترین میرنشینی کوردی بوە لە سەردەمەکەدا، لە ساڵەکانی ١٨٣٠ میر محەممەد یان پاشا کۆرە حکومڕانی میرنشینەکە تۆپخانە و سکەی پارەی لێداوە بەھیوای دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و دواین پایتەختی ڕواندز بوە لە دوای هاودیان و هەریر ، بەڵام لەلایەن عوسمانییەکانەوە لەناوبراوە. گەورە بون و ئاوەدان بونی شاری سۆران ( دیانای کۆن ) لەدوای سیاسەتە شۆڤێنییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراق بوو . بەھۆی ڕاگواستنی ناحیە و گوندەکانی ناوچەکە و کۆکردنەوەیەیان لە کۆمەڵگا گەمارۆ دراوەکاندا، ساڵی ١٩٨٠ کراوە بە قەزا، لە سۆران چەندین نەتەوە و عەشیرەتی جیا و کوردانی هەر چوار پارچەکەی کوردستان بەیەکەوە بە ئاشتی ئەژین ئەمەش سیمایەکی پێکەوە ژیان و جوانی بە شارەکە بەخشیوە

 
چەند پیاوێکی بەتەمەنی سۆران لە مزگەوتی ئیمامی شافیعی گەڕەکی دیانا چاوەڕێی نوێژی ھەینی دەکەن

[٤][٥]

 
شارەی سۆران لە باکووڕی ڕۆژاوا و لەسەر چیای برادۆستەوە
 
شاری سۆران لە شەودا

ھەڵکەوتەی جوگرافی و کەش و ھەوا

دەستکاری

دەکەوێتە نێوان کێوە بەرزەکانی کۆڕەک، ھەندرێن، زۆزک، حەسەنبەگ، سەرتیز، ئیسقێل و برادۆست، لەرۆژھەڵات زۆزک و حەسەن بەگ لە باکوور گۆرەز و ئیسقێل و لە ڕۆژاوا برادۆست لە باشووریش کێوی ھەندرێن ھەڵکەوتووە، دەکەوێتە سەر ڕێگای ھاملتۆن لە ھەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران دەڕوات و لە ساڵانی ١٩٢٠ تا ١٩٣٠ لەلایەن ئەندازیار ھاملتۆنەوە دروستکراوە. سنووری سۆران دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ھەولێرەوە بەدووری ١٢٠ کم. لەباکوورەوە سنووری قەزای سۆران دراوسێیە لەگەڵ وڵاتی تورکیا و قەزای مێرگەسۆر، لە ڕۆژھەڵاتەوە ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای چۆمان، لە باشووریشەوە لەگەڵ قەزای رەواندز پشدەر ھاوسنوورە، قەزای شەقڵاوەش دەکەوێتە خۆراواوەیەوە.

ئاو و ھەوای سۆران زستانی سارد و باراناوییە و ھاوینان گەرم و شێدارە، لەزستاناندا بەڕێژەیەکی مامناوەند بەفری لێدەبارێت وەرزی بەھاریشی پڕ بارانە. ھەر دوو ڕووباری شێخی کەلە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و کوێستانەکانی باڵەکایەتییەوە ھەڵدەقوڵێت، برادۆست کەلە کوێستانەکانی برادۆست و باکووری کوردستانەوە ھەڵدەقوڵێت بە سنووری قەزای سۆراندا تێدەپەڕن و دەڕژێنە زێی گەورەوە.

کشتوکاڵ و ئاژەڵداری

دەستکاری

قەزای سۆران ناوچەیەکی کشتوکاڵییە، ڕووبەری گشتی قەزای سۆران ٨٠٩٬٦١٦ دۆنمە، کە ٧٣٧٬٥٤٤ دۆنم بە کەڵکی چاندن و کشتوکاڵی دێت، جگە لە دانەوێڵە باخی سێو، ھەرمێ، ھەڵوژە، توو، ھەنار، ھەنجیرو ترێ لێدەڕوێنرێت، ھەروەھا دارگوێز و سپیندار لێدەڕوێنرێت، قەزوان، بەڕو، بڵالوک، کرۆسک، گۆیژ، ڕێواس و کوارگ بە خۆڕسکی دەڕوێن. ڕێژەیەکی بەرچاو ئاژەڵی کێوی لە ناوچە شاخاوییەکانی سۆراندا ھەن، وەک: گورگ، ورچ، کەمتیار، کوڕبەشە، سیخوڕ، سمۆرە، کەروێشک،مار، پشیلەی کێوی، بزنی کێوی و بەراز، ئاژەڵێ ماڵی وەک: مانگا، بزن، مەڕ، کەر، ئەسپ، ئێسترو پەلەور بەخێو دەکرێن.

گەشتوگوزار

دەستکاری

قەزای سۆران ناوچەیەکی دڵڕفێن و دڵگرە لە ھەموو ڕوێکەوە، گەشت گوزاری قەزای سۆران بەناوبانگە بە ھەوارگەکانی جوندیان، بێخاڵ و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ، ھەروەھا ھەوارگەکانی بناری حەسەن بەگ، بێرمە ساردو بێرۆیان و سەکران و پڕژە.

ژێردەستە ئیدارییەکان

دەستکاری

ھەر پێنج قەزای (شارستانی) ڕەواندز، چۆمان و مێرگەسۆر و سیدەکان و خەلیفان لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سۆرانن، زیاتر لە ٤٠٠ گوندیش سەر بە قەزاکەن.

گەشەسەندن

دەستکاری

سۆران لە ساڵی ١٩٨٠ بوو بە ناوەندی قەزا، سەرەتا ناوی قەزای سدیق بوو، دوای ڕاپەڕین ناوەکەی گۆڕا بۆ قەزای سۆران، ھەروەھا لەدوای راپەڕین گەشەسەندێکی بەرفراوانی بەخۆیەوە دیوە، بەجۆرێک ژمارەی دانشتوانەکەی لە ٥٠٠٠ بۆ ١٢٥٠٠٠ زیادیکرد، کە لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی بە نزیکەی ٣٨٠ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت. پێڕەوانی ھەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحی لە شارەکەدا دەژین. بەھۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە بەردەوام لەگەشەسەندندایە و ناوەندی بارزرگانی ناوچەکەشە.

لە ناوەندی قەزای سۆران ٦٥ فەرمانگەی حکومی ھەیە کە ٤٥ فەرمانگەیان ئیش و کارەکانی ھەرچوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕەواندز و سیدەکان و خەلیفان بەڕێوەدەبەن بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەندی پارێزگای ھەولێر.

١٤ حزبی سیاسی بارەگای خۆیان لە شاری سۆران کردووەتەوە، ھەروەھا چەندین پەیمانگای حکومی و ئەهلی لێیە لەپاڵ زانکۆی سۆران کە لە چەند کۆلێژێک پێکدێت و لە ڕیزبەندی زانکۆ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستانە

 
وێنەی چیای کۆڕەک

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 5ی Februaryی 2011. Retrieved 18ی Julyی 2010. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  2. ^ "Soran | Unbelievable Kurdistan - Official Tourism Site of Kurdistan". bot.gov.krd (بە ئینگلیزی). ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "Where we work - Soran, Iraqi Kurdistan". Retrieved 2 July 2020.
  4. ^ ڕووبەر: باڵەکی، دڵشاد: زمانی فارسی لەدامودەزگاکانی سۆران دەبێتە واقیع ١٦ی ئابی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..
  5. ^ زاڵبونی زمانی فارسی لە سۆران گەیشتووەتە فەرمانگەکانیش ٦ی شوباتی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ئاوینە. ئوکتوبر ٢٠١١