ھاوینەھەواری جوندیان ، ١١٢ کم لە ناوەندی شاری ھەولێرەوە دوورە ، دەکەوێتە قەراغی شاری سۆرانەوە لە بەشی باشوری شارەکەوە ، کە کانیاوێکی سازگاری ئەم ناوچەیەیە لە دامێنی چیای ھەندرێن . جندیان بەم کانییە سەرنجراکێشە ناوبانگی دەرکردووە ، کە لە قووڵایی ئەم ئەشکەوتەوە دێتە دەرێ و ئاوێکی سازگاری سارد و سروشتێکی جوانی بەم ناوچەیە داوە . جندیان لەلایەن حکومەتی ھەرێم جوانکاری بۆ کراوە و تەواوی ئەم ھاوینە ھەوارە بە دار و درەخت داپۆشراوە ، چەندان کافتریا و گازینۆ و چێشتخانەی گەشتیاری و میللی تێدایە ، ساڵانە گەشتیاران بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شارەکانی ھەرێم و خوارو و ناوەراستی عێراقەوە رووی تێدەکەن ،ناوی جوندیان لە گوندی دیانانەوە ھاتووە ، سەردەمانێک پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لەم ناوچەیەدا ڕێژەیان زۆر بووە، بۆیە جوندیان ناوی (گوندی دیانان ) ی پێوەماوە .