چیای ھەندرێن کەوتووەتە باشووری کوردستان، لە سنووری پارێزگای ھەولێر، گوندی "ماویلیان"یش کەوتوەتە بناری ئەم چیایە. بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە ڕۆژاوادا لە قەزای ڕەواندوزەوە درێژ دەبێتەوە تاکوو لە گوندی "دەرگەڵە" کۆتایی دێت لە ڕۆژھەڵاتیوە بەرزییەکەی لە ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ٢٦٢٥ مەتر دەبێت. لە وەرزی بەھاردا دەوڵەمەندە بە گژوگیا (ڕێواس، کەنگر، سلێرک، کاردی، سۆرازە و قارچک). ساڵانە بەفرێکی زۆر ئەگڕێتە خۆی لە وەرزی زستان تاکوو درەنگانی بەھار ھەر دەمێنێ. لە نێوەندی ئەم چیایەدا دوو کانی ئاوی سەرەکی ھەیە: یەکەمیان کانی "گەڵی کانی گوێز"ە، دووەمیان کانی "چویسیا "یە. ئەم چیایە لەوەرگایەکی باشیشی ھەیە بەتایبەت بۆ بزن لەوەڕاندن.