یەسووع
لەوانەیە ئەم وتارە پێویستی بە بەسەرداچوونەوەی ڕێزمان، ڕێنووس، یان شێواز بێت.فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) ( |
یەشوای ناسری (بە ئینگلیزی: Jesus of Nazareth) یاخود یەشوای مەسیح (بە ئینگلیزی: Jesus Christ) ھەروەھا زۆر جار بە ناوەکانی مەسیح (بە ئینگلیزی: Christ) و یەشوا (بە ئینگلیزی: Jesus) بانگ دەکرێت، ناوەندە کەسایەتییە لەنێو ئایینی مەسیحییەتدا، بەبڕوای زۆرینەی زۆری مەسیحییەکان، یەشوا کوڕی خودای دابەزیوـە و پاش لەخاچدانی لە مردن ھەڵستاوەتەوە ھەموو زانیارییەک لەسەر یەشوا لەرێگەی ئینجیلە باوەڕپێکراوەکانـەوە دەست دەکەوێت، کە زۆربەیان باس لە ژیاننامەی یەشوا و فێرکردنەکانی دەکەن. یەشوا بەپێی بڕوای مەسیحییەکان ئەو ماشیح ـە چاوەڕوانکراوە دڵسۆزەیە کە لە ئایینی یەھوودییەتدا پێشگوێی کراوە.
یەشوای مەسیح | |
---|---|
لەدایکبوون | ٢-٧ پ.ز |
مەرگ | ٣٠ - ٣٦ ز |
ھۆکاری مەرگ | لەخاچدان |
شوێنی گۆڕ | ئۆرشەلیم – ئیسرائیل |
نیشتەجێی | ناسرە |
نەتەوە | بەنی ئیسرائیل |
ناوەکانی تر | کوڕی خودا، ڕزگارکەر، بەرخی خودا، مەسیح... |
پیشە | ڕزگارکردنی مرۆڤ لە گوناھ |
بەرامبەر(ەکان) | فەریسی و مامۆستایانی تەوڕات |
ئایین | یەھوودییەت |
ناوی یەشوای ناسرییش بەھۆی ناوی شاری ناسرە ـەوە پێوە لکاوە بەھۆی ئەوەی زۆربەی ڕۆژەکانی ژیانی لەو شوێنە ژیاوە.
یەشوا بەپێی کتێبی پیرۆز و بەپێی بڕوای مەزھەبە گەورە و بنچینەیییەکانی مەسیحییەت: ئۆرسۆدۆکسی و کاسۆلیکی و بەشی ھەرەزۆری پرۆتێستانت، کوڕی خودایە، خودایە، و لەگەڵ خودای باوکـدا یەکە، و ھەروەھا یەسووع خودا بووەوە و چووەتە ناو جەستەیەکەوە، بەم باوەڕەش دەوترێت سیانەییەتی پیرۆز.
بەپێی باوەڕی مەسحییەت، یەشوا کەسی دووەمی سیانەییەتی پیرۆزە.
یەشوا لەشاری بەیتلەحم لەدایکبووە بەپێی ئەو وەحییەی کە بۆ پێغەمبەر میکا ھاتووە لە پەیمانی کۆندا. ئینجیلەکانی مەتتا، مەرقۆس، لۆقا و یوحەننا شایەتی ئەدەن لەسەر ئەو کارانەی لە یەشوایان دییوە. لەدایکبوونی یەشوا بۆخۆی یەکێکە لە پەرچووەکانی کە لە ئینجیلە باوەڕپێکراوەکاندا باسکراوە، بەھۆی ئەوەی یەشوا باوکی نییە، بەڵکو لەڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ماری سکی پڕ دەبێت، پاشان لە بەیتلەحم لەدایک دەبێت بەپێی کتێبی پیرۆز.
مەسیحییەکان باوەڕدارن بەوەی کە لەخاچ دراوە و لەپێناو باجدان بۆ تاوانەکانی مرۆڤدا مردووە، ھەتاوەکوو ھەمووان ژیانێکی ھەتا ھەتایی بژین. پاشان لەرۆژی سێیەمدا لە گۆڕەکەی ھەڵدەستێتەوە، سەرکەوتووانە بەسەر مردندا، وەکوو چۆن لە پەیمانی کۆندا وەحی بۆ کرابوو. پاشان بۆ قوتابییەکانی دەردەکەوێت و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لەگەڵییان دەمێنێتەوە و پاشان بەرز دەبێتەوە بۆ ئاسمان و لەلای دەستە ڕاستی خودای باوکەوە دادەنیشێت، پاشان جارێکی تر لە ڕۆژی کۆتاییدا دەگەڕێتەوە.
ناونان و واتای ناوەکەی
دەستکارییەشوا، ناوێکی ئارامی بۆ عیبریە و بە (یەشوع) دەخوێنرێتەوە، ناوێکی لێکدراوە و لە دوو بڕگە پێک دێت کە بریتیین لە «یھوھـ و شوع»، واتاکەشی بریتییە لە «خودای بەوەفا». ئەم ناوە ناوێکی بەربڵاو بوو لەنێو تیرە و ھۆزەکانی بەنی ئیسرائیلدا، بەجۆرێ کۆمەڵێکی زۆر لەکەسایەتییە گرنگەکانی پەیمانی کۆن ـی پێ ناونراوە، دیارترینیان یەشوعی کوڕی نونـە کە جێنشینی موسا ـی کرد لە پێشەوایەتیکردن ھۆزەکانی بەنی ئیسرائیل ـدا. عەرەبە مەسیحییەکان، بەھەر مەبەستێک بێت، پیتی (ش) ـیان ھەڵگێراوەتەوە بۆ (س) و لە یەشوع ـەوە کراوە بە (یەسووع)، لەکاتێکدا لەزمانی یۆنانیدا کە زمانی ڕۆشنبیری ئەو سەردەمە بووە، وەرگێردراوە بۆ (Ἰησου، ئیسو یان ئیسوس)، پاشان ھەمان ئەو وشە گریکییە داتاشراوە لەلایەن زمانە ئەورووپییەکانەوە بەجۆرێ کە یەکەم پیتی وشە گریکییەکە لە (I) ـەوە بووە بە (J) و وشەکە بووە بە (Jesus یان جیزس).
جیاوازی نێوان یەسووع و عیسا
دەستکاریبەپێی ئایینی مەسیحییەت و کتێبی پیرۆز و بەتایبەتیی ئینجیلەکان یەسووع، خودایە/کوڕی خودایە کە ھاتووەتە سەر زەوی لەپێناو مردن بۆ تاوانەکانی مرۆڤ. لەکاتێکدا ئایینی ئیسلام لەرێگەی قورئانـەوە بەپێچەوانەوە دەڵێت کە عیسا پێغەمبەرێک بووە لە پێغەمبەرەکانی خودا و لە مرۆڤێک زۆرتر ھیچی تر نەبووە. ئینجیل باس لەوە دەکات کە یەسووع لەخاچدراوە و پاش لەمردن ھەستاوەتەوە، بەڵام قورئان دەڵێت لەخاچ نەدراوە و لەلای خودایە. عیسا، ناوێکی قورئانییە بۆ یەسووع، دروستتر بڵێین، کەسایەتییەکە لەنێو قورئاندا، زۆر پێ دەچێت ھەمان یەسووع ـبێت، بەڵام بە بەسەرھاتێکی تەواو جیاوازەوە.
سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوە
دەستکاریکۆنترین ئاماژەکردن بۆ یەسووع لە نووسراوە نا-مەسیحییەکاندا دەگەڕیتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ٩٣ بۆ مێژوونووسی یەھوودی یوسفیۆس فلاڤیۆس، وەسفی دەدات بەوەی یەکێکە لەپیاوانی ئایینی کە کاری سەرسووڕھێنەر ئەنجام دەدات و پەند و ئامۆژگاری دەداتە خەڵک و ژمارەیەکی زۆر لە یەھوودییەکان و بتپەرستان دوای کەوتوون[١] جگە لەوەی کۆمەڵێک لە لێکۆڵەرەوان گومڕا بوون لەھەمبەر تەندرووستبوونی دەقەکەی مێژوونووسە عیبرییەکە. دووەمین ئاماژەکردن بۆ یەسووع دەگەڕێتەوە بۆ مێژوونووس سالیس کە لە نیوەی دووەمی سەدەی یەکەمی زایینیدا ژیاوە و لەوەی تا ئەمڕۆ بەردەستە لێی، تاریکی مردنەکەی یەسووع کە دەیداتە پاڵ دیاردە سروشتییەکان، پێناسە دەکات،[١] ھەروەھا والی ڕۆمانی لەنامەیەکیدا کە ساڵی ١١٠ ئاڕاستەی ئیمپڕاتۆر تراجانی کردووە، ئاماژە بە یەسووع دەدات بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.[١] جگە لەوە دۆزراوەکانی قەبرستانی سردابییەت کە دەکەوێتە ڕۆماوە ھەندێک ئایکۆنە و نووسراو ھەڵدەگرێت کە ئاماژە دەدەن بە یەسووع،[١] ئەگەرچی لێکۆڵەرەوانی وەکوو گۆڵنبێرگ و فیلینی و دەیڤد شتراوس لەسەدەی نۆزدەھەمدا مەیلیان ھەبووە بۆ ئەو بڕوایایەی کە یەسووع مێژووییانەی بوونی نەبووە، بەڵام لێکۆڵەرەوان لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە توێژینەوەیان دەکرد لەسەر سەلماندنی ھەبوونی یەسووع مێژووییانە.[١]
بەڵام بەدەر لە مێژوونووسە عیبرییەکە، بە سەرچاوە بتپەرستییەکانیشەوە ئاماژە نادەن بۆ یەسووع. بەڵام کۆنترین سەچاوەی مێژوویی مەسیحی بریتییە لە نامەی یەکەمی پۆڵس بۆ خەڵکی تسالۆنیکی لەدەوروبەری ساڵی ٤٩ یان ٥٠ی زایینی.[٢] لەماوەی پێشوودا سەبارەت بە دۆکۆمێنتە نووسراوەکان لاھووتییەکان بەپشت بەستن بەچەند ئایەتێکی پەیمانی نوێ ئاماژە بە ماوەیەک دەکەن کە ناو دەبرێت بە «تەقلیدی زارەکی» کە پێش سەردەمی نووسراویی دەکەوێت، ئەمەش بە پشت بەست بە ئایەتەکانی وەکوو لۆقا ١:٢ و یەکەمین نامەی یوحەننا ١:٣، ئەمە ھاوشانی کۆمەڵێک بەڵگەی تر. ئەدەبیاتی مەسیحی کۆن ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆمەڵەی مەسیحییە یەکەمییەکان بەو ماوەیەی کە بە «تەقلیدی زارەکی» ناودەبرێت، گووتوویانە «قسەی خودا»، و گواستنەوەی دەماودەم ماوەتەوە و ھەر بەو جۆرە بووە ھەتا سەردەمی ھاتنی نووسینەوەی ئینجیلەکان، کە لەو کاتەدا چەوساندنەوەکان زۆر دەبن و نێردراوە یەکەمییەکان دەکوژرێن، کۆنترین ئینجیلیش ئینجیلی مەرقۆسە کە لەدەوروبەری ساڵی ٦٥ تا ٧٠ نووسراوەتەوە لە ماوەی چەوساندنەوەی گەورەدا کە نیرۆن بەرپای کرد ئەمە بەپێی ڕای لاھووتگەرە یەسووعییەکان و لێکۆڵەرەوانی بزووتنەوەی ڕەخنەی باڵای کتێبی پیرۆز،[٣] لەکاتێکدا کە مێژووی نووسینی ئینجیلی مەتتا و ئینجیلی لۆقا دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕووخانی پەیکەری سلێمان واتە لەنێوان ساڵانی ٧٠ تا ٨٠ی زایینی.[٤] دواترین کەسیش کە یەکێک لە ئینجیلە باوەڕپێکراوەکانی نووسیوە یوحەننایە کە ئینجیلی یوحەننای نووسیوە لەدەوروبەری ساڵی ٩٠دا. پێش نووسینەوەی ئینجیلەکان وەکوو دۆکۆمێنتی نووسراو، ھەموو نامەکانی پۆڵسی نێردراو نووسرا بوونەوە،[٥] بەواتایەکی تر نامەکانی پۆڵس مێژووییانە لەپێش ئینجیلەکانەوە نووسراون، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵەرەوان ھەبوونی کۆمەڵێک دۆکۆمێنتی تر دەکەنە گریمانە دەربارەی وتەکانی یەسووع یان زانیاریی قوڵتر لەسەر مردنەکەی و ھەستانەوەکەی. کۆنترین ئاماژەش بۆ ئینجیلەکان لەمڕۆدا، ئاماژەپێدانی یەستینسە لە کۆتایی سەدەی یەکەمدا بەجۆرێ کە باس لەوە دەکات کە مەسیحییەکان لەکۆبوونەوەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا کۆمەڵێک دەق و نووسراویان دەخوێندەوە کە ژیانی یەسووعی دەگێرایەوە و بە نووسراوی نێردراوەکانیان لەقەڵەم دەدا یان لانی کەم دەیاندایە پاڵ کەسانێک کە پەیوەندییەکی تەواوییان ھەبووە بە نێردراوەکانەوە.[٦]
شارەزایان دەوروبەری ساڵی ١٥٠ دیاری دەکەن وەکوو سەرەتایەک بۆ دروستبوونی پەیمانی نوێی باوەڕپێکراو و یەکخستنی ناوەڕۆکەکەی بۆ ناو یەک دۆکۆمێنت. ھۆکاری سەرەکی ئەو کارەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ئەو بەڵگەنامانەی باسیان لە یەسووع و ژیانی دەکردەوە زۆریشیان دەگەڕانەوە بۆ سەردەمێکی درەنگ لە نووسین و دیارە ئەو نووسراوانە وەرگیراون لە گێرانەوە و ڕوایەتکردنە میللییەکانەوە. بەھەرحاڵ، ئەو پێوەرەی کە پەڕتووکە فەرمییەکانی لە نافەرمییەکان جیا دەکردەوە بریتیی بوو لەوەی تاچەند تەندرووستە لەگەڕاندنەوەی بۆ نێردراوەکانی مەسیح، بڕواش لای زۆرینەی لێکۆڵەرەوان وایە کە چوار ئینجیلەکە و نامەکانی پۆڵسی نێردراو سەردێری «باوەڕپێکراو» ـیان لە دەوروبەری ساڵی ١٧٠ دا وەرگرتووە، ھەڵبەتە جووڵەی مەرقییان کە دەسەڵاتی پەیمانی کۆنی بەسەر مەسیحییەکاندا ڕەت دەکردەوە، ڕۆڵی ھەبووە لە خێراکردنی پرۆسەکەدا بەشێوەیەکی گەورە.[٧]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ ئ ا ب پ ت بەسەرهاتی شارستانیەتی ١٧ی تەممووزی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ دخل إلى العهد الجديد، العهد الجديد، لجنة من اللاهوتيين، دار المشرق، الطبعة السادسة عشر، بيروت 1988، بإذن الخور أسقف بولس باسيم، النائب الرسولي للاتين في لبنان، ص.798
- ^ مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.18
- ^ مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.18-19
- ^ مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.19
- ^ مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.20-25
- ^ مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.21-22
ئەمانەش ببینە
دەستکاریکۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە یەسووع تێدایە. |