کتێبی پیرۆز یان بایبڵ (گریکی کوەینە: τὰ βιβλία (تا بایبلا)، ئینگلیزی: Bible، عەرەبی: الکتاب المقدس)، ناوەکەی لە گریکییەوە هاتووە بە واتای (کتێبەکان)، بریتییە لەو کتێبەی کە تێیدا کۆکراوەی دەقە ئاینییە بنچینەییەکانی ئایینی جوولەکایەتی و مەسیحییەت ھەیە. دەقەکانی نێو کتێبی پیرۆز بە بڕوای دوو ئایینەکە کۆمەڵێک دەقن کە لەلایەن خوداوە وەک ئیلھام بەخشراوە بە پێغەمبەرەکان، یان لە ڕێگەی رۆحی پیرۆزـەوە (لەلای مەسیحییەکان). ئەم کتێبە پێکھاتوویەکە لە کۆمەڵێک کتێبی دیکە کە ھەریەکەیان لە ماوەیەکی مێژووییی جیاوازدا نووسراون.
کتێبی پیرۆز دابەش دەبێت بەگشتی بۆ دوو بەش، بەشی یەکەم ناودەبرێت بە پەیمانی کۆن، کە بریتییە لە بەشێکی ھاوبەش لەنێوان یەھوودییەکان و مەسیحییەکاندا. پەیمانی کۆن، پێک دێت لە پێنج کتێبی نووسراو لەلایەن پێغەمبەر مووسا و ناسراوە بە تەورات، پاشان پێغەمبەران ئەویش کتێبەکانی پێغەمبەرانی یەھوودن. ھاوکات کۆمەڵێ کتێبی تری لەخۆ دەگرێت وەکوو زەبوورەکانی داوود و پێشگوێیەکانی ئەشعیا و ھتد...
بەڵام پەیمانی نوێ، کە بەشی دووەمی کتێبی پیرۆزە، لەلایەن یەھوودییەکانـەوە نا پەسەندە و دانپێدانەنراوە. پەیمانی نوێش پێک دێت لە چوار ئینجیلی کڵێسایی کە بریتیین لە ئینجیلی مەتتا، ئینجیلی مەرقەس، ئینجیلی لۆقا و ئینجیلی یوحەننا. ئینجیلەکانیش لەسەر ژیانی یەسووع و فێرکارییەکانی دەدوێن. بەپێی باوەڕی کەنیسەکان، ھەر چوار ئینجیلەکە لەلایەن چوار قوتابی یەسووع ـەوە نووسراونەتەوە کە ئینجیلەکانییان بەناوەوەیە. پاش ئەو چوار ئینجیلە، بەشێکی تری پەیمانی نوێ بریتییە لە کرداری نێردراوەکان کەلەلایەن لۆقاوە نووسراوەتەوە و بەپێی تەقلید و لیتۆرۆجیا ئەم کتێبەش لەسەدەی یەکەمینی زایینیدا نووسراوەتەوە. ئەم کتێبە بەگشتی باس لە بەسەرھاتی نێردراوەکان (قوتابییەکانی یەسووع) دەکات، بەڵام زۆرتر لەسەر بوتڕوس و پۆڵس و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت لەسەردەمی کۆندا؛ چڕ دەبێتەوە. بەشێکی تری پەیمانی نوێ بریتییە لە نامەکان کە چواردە نامەیان لەلایەن پۆڵسەوە نێردراون، ھەندێک لەپیاوانی ئایینیش دەڵێن کە نامەی عیبرانییەکان (لۆقا یان کەسێکی دی ناردوویەتی)، پاشان سێ نامەی یوحەننا ی نووسەری ئینجیل ـیش لەخۆ دەگرێت. پاشان دوو نامەی تریش کەلەلایەن بوتڕوسەوە نێردراوە، ھەروەھا نامەیەک لە جەیمسەوە و نامەیەکیش لە یەھوزاوە ھەروەھا کۆمەڵێک نامەی تری نێردراوەکانی تر. پاشان لەکۆتاییدا، کتێبی پێشگوێی کە لەلایەن یوحەننا ـەوە نووسراوەتەوە کە تێیدا پێشگوێی و پێشبینی دەکرێت بۆ ئەوە کە لەداھاتوودا روو دەدات.

کتێبی پیرۆزی گۆتەنبێرگ یەکەمین کتێبی پیرۆزی چاپکراو

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری