سوارە ئیلخانیزادە ناسراو بە کاک سوارە (١٩٣٧ لە تورجان، ئێران – ١٩٧٦ لە تاران، ئێران) شاعیر و نووسەرێکی کورد بوو.

سوارە ئیلخانیزادە

لەدایکبوون١٩٣٧
مەرگ١٩٧٦
شوێنی گۆڕگوندی حەمامیان
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، نووسەر
کارباوکی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان
ئایینئیسلام، سوننە

ژیان دەستکاری

سوارە ئیلخانیزادە کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانیزادە لە ٢١ی نیسانی ١٩٣٧ لە گوندی تورجان سەر بە شاری سەقز لە دایک بوو. پاش ساڵێک لە قەرەگوێز نیشتەجێ بوون. خوێندنی سەرەتایی ھەر لەو گوندە لە لای شێخ ئەحمەد کەسنەزانی تەواو کرد. ھاوینی ١٩٥٤ لە بۆکان گیرسانەوە و پایزی ھەمان ساڵیش تووشی نەخۆشییەک دەبێ و چەن ساڵێک لە جێیدا دەکەوێ. سێ ساڵی ھەوەڵی ناوەندی لە شاری بۆکان خوێند (١٩٥٧–١٩٥٩)، پاشان بۆ درێژە دانی خوێندنەکەی ڕووی لە تەورێز کرد. ساڵی ١٩٦٢ لە قوتابخانەی لوقمانی تەورێز دیپلۆمی وەرگرت. ھەر ئەو ساڵەش لە زانکۆی تاران بەشی ماف وەرگیرا و لەگەڵ ڕوقییە کە کچێکی ئازەری بوو، ژیانی ھاوسەرگیری پێک ھێنا و چوونە تاران. ساڵی ١٩٦٤ سوارە و ھاوار و چاوە ھاوڕێ لەگەڵ ١٥٠ کەسایەتیی ڕووناکبیری تری کورد بە تۆمەتی کوردایەتی لە گرتووخانەی (قزلقەڵا) قوڵبەست دەکرێن. بۆ ماوەی شەش مانگ لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە دابوو، شیعری (سوورەقەڵا دایکی بەڵا)ی لەو سەردەمەدا ئافراند. دوای ئازاد بوونی ساڵی ١٩٦٨ خوێندنی تەواو کرد. کاک سوارە ساڵی ١٩٦٧ لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزرا. زستانی ١٩٧٦ کاتێک بەرەو ماڵ دەبۆوە وەبەر ماشێنی ھاوکارێکی خۆی کەوت و بەم تەسادووفە شێرپەنجەکەی خۆی دەرخەست و مەرگی بەدواە بوو. ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦ سوارە ئیلخانیزادە ماڵاوایی لە ژیان کرد و تەرمەکەی لە گۆڕستانی بنەماڵەی خۆیان لە گوندی حەمامیان بە خاک ئەسپێردرا. سوارە کوڕێکی بەناوی بابەک لەپاش بەجێ ما کە ئەویش لە تەمەنێکی کەمدا کۆچی دوایی کرد.[١][٢]

شیعر و پەخشان دەستکاری

سوارە ئیلخانی زادە بە سێھەم کەس و سوارچاکی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار.[٣] ساڵی ١٩٦٢–١٩٦٣ «شار»ی[٤] لەسەر کێشی (کەژاڵێ)ی[٥] ھاوار خوڵقاند و بەم شێوەیە دەستی بە گوتنی شیعری ئازاد کرد. شیعری شار باس لە جیاوازیی کۆمەڵگای شار و لادێ دەکا. دوا بە دوای ویشدا شیعرەکانی خەوەبەردینە، شەنگەسوار و کچی بەیان و… دادەنێ.[٦] سەرەڕای ئەوەی ناوەرۆکی بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی بەدڵ نەبوو و لەلایەن ناسیاوەکانییەە کەوتە بەر تەوس و توانجێکی زۆروە لە ڕادیۆ تاران دەستی بەکار کرد و بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵی نووسی و پێشکەشی کرد، ئەم بەنامەیە بۆ ماوەی چەن ساڵ بەردەوام بوو و دواتر لە کۆی کتێبەکدا کۆ کراوە و ھەنووکە بە دەنگیش چەند ئەڵقەیەکی لەبەر دەستە.[٧] سوارە کوڕی عەشیرەت بوو و لە سەردەمێکدا دەژیا کە بیری کوردایەتی لە موکریان پەرەی سەندبوو و لە شیعردا ڕەنگی دابۆوە، ھەروەھا ژیانی غەریبی و تێکەڵ بوون لەگەڵ ڕووناکبیرانی کوردی ئەو سەردەمە ھەوێنی ئافراندنی بەرھەمەکانی بوون.[٨][٩]

بەرھەمەکان دەستکاری

  • خەوە بەردینە (٢٥ شیعری کوردی و ٢٠ شیعری فارسی)[١٠]
  • تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیۆ کوردی تاران)[١١]
  • شەنگەسوار (کۆی بەرھەم: تاپۆ و بوومەلێڵ، پاشکۆ، خەوەبەردینە)[١٢]

پارچە شیعرێک لە سوارە دەستکاری

دووی ڕێبەندان دەستکاری

بیرەوەریی دووی ڕێبەندان،
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان.
ڕێبەندانی ڕێنوێنە،
لە داگیرکەر سەرشێوێنە.
ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێپلیکەی دێو، تەختی تاران!
دوژمنی کورد جێی پێ لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە!
ھۆ ھۆ شوانە! بە نەغمەی تەڕ و پاراوت،
بە بلوێری لە دەرد و خەما سووتاوت،
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە سوارۆیەک، بە حەیرانێک،
دامرکێنە بڵێسەی دەرد!
ھۆ ھۆ جووتێر! جووتێری چەوساوەی خەمان،
خاڵەی ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو،
خەمان نەمان!
بە ئارەقی نێوچاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت،
چناری ھیوا با شین بێ
لە کووزی ڕووی دەردەدارانت!
ئەی کچی جوان! ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلان بگێڕە، بەسەر چوو
دیلی و زەلیلی و خەمناکی!
ئەو ھەورییەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە، بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان،
گیان ھاتووەتە ئاسۆی گوێیان!
دیلانە لە ھەموو ماڵان،
پیرۆزبایی لە ھاواڵان!
بەو زستانە، دڵ بەھارە،
لە ھەموو سنووران ھاوارە!
لە دوژمنان ڕێبەندانە!
بۆ کورد وادەی گۆوەندانە!
شایی نەدار و ھەژارە،
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە!
مەڵبەند بەھاری تێزاوە،
«قازی» مەزن ھەروەک کاوە،
ھێزی کۆمەڵی لە پشتە!
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلەی زستان دەبڕن،
چاویان لە کوردستان دەبڕن،
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان،
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان.
بیستوومە لە کۆنەپیاوان،
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
لە سەخڵەتا خۆشی دیارن،
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن
نەزیلەی باپیران وایە،
شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە،
شەوەی شەو لەشی کووشیبووین،
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین،
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش،
ڕێگای ئازادین گرتە پێش!
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان
با بگێڕین زەماوەندێ،
با بۆتان بڵێم سەربەندێ!
ئەوجار فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بە پار!
دەریھاوێشت تۆوی دژی
ڕەنجبەر بژی، بژی، بژی!

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ بیرئانینەوەیەکی سوارە ئیلخانیزداە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ڕزگار ئازەوانی، سایتی ھەولێر، ۱٦ی کانوونی دووەمی ۲۰۱۹ بڵاو کراوەتەوە.
  2. ^ گەشتی زیاتر لە نیو سەدەی چاوەی شاعیر، دەنگەکان، ۷ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۰ بڵاو کراوەتەوە.
  3. ^ سوارە لە مابەین ئاسۆ جوداکانی دەربڕین و بیرکردنەوەدا، یوونس ڕەزایی، خاک تیڤی، ۱٨ی نیسانی ۲۰۲۰ بڵاو کراوەتەوە.
  4. ^ شار، ڤەژینبوکس
  5. ^ کەژاڵێ، ڤەژینبوکس
  6. ^ گۆڤاری باران، ساڵی یەکەم، ژمارە ٢، ئەیلوولی ٢٠١٦
  7. ^ سوارە و پەخشانی کوردی، محەممەد بەھرەوەر
  8. ^ زۆر کورت سەبارەت بە سوارە، مەحموود محەمەدیان، خاک تیڤی، ٦ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۰ بڵاو کراوەتەوە.
  9. ^ سوارە ئیلخانیزادە، ڕووداو
  10. ^ خەوە بەردینە، ورمێ، چاپەمەنی سەلاحەدینی ئەییووبی ۱۳۷۲ (١٩٩٣)
  11. ^ تاپۆ و بوومەلێڵ، تاران، چاپەمەنی پانیز، ۱۳۷۹ (٢٠٠٠)
  12. ^ شەنگەسوار، سلێمانی، ناوەندی غەزلنووس، ۲۰۱٤ (ئەم بەرھەمە پێشتر بە ناوی زەمزەمەی زوڵاڵ و بە ھەندێک جیاوازییەوە بڵاو کراوەتەوە)

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری