عەلی حەسەنیانی

نووسەر و شاعیرێکی کوردی سەدەی بیست بوو
  ئەم وتارە سەبارەت بە ھاوار نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ‏ھاوار (ڕوونکردنەوە).

عەلی حەسەنیانی ناسراو بە ھاوار (١٧ی تەممووزی ١٩٣٩ لە تاران، ئێران - ٨ی ئایاری ١٩٩٢ لە کۆپنھاگن، دانمارک) نووسەر و شاعیرێکی کوردی سەدەی بیست بوو. ھاوار لەگەڵ کەسانی وەک سوارە ئیلخانیزادە و فاتیح شێخولئیسلامی (چاوە) لە پێشەنگانی ھۆنراوەی نوێن لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا.[١] ھاوار خاوەن پەخشانیش بووە و چەند چیرۆک و ڕۆمانیشی داناوە.

عەلی حەسەنیانی
لەدایکبوون١٧ی تەممووزی ١٩٣٩
تاران، ئێران
مردن٨ی ئایاری ١٩٩٢
کۆپنھاگن، دانمارک
شوێنی گۆڕگۆڕستانی کۆپێنھاگ
نازناوھاوار
نەتەوەکورد
کارە دیارەکانجەللاد

عەلی حەسەنیانی کوڕی سەعید ١٧ی تەممووزی ١٩٣٩ی زایینی (٢٥ی پووشپەڕی ١٣١٨ی ھەتاوی) لە تاران لە دایک بوو.[٢] ساڵی ١٩٤٦ گەڕاوە مەھاباد و تا پۆلی شەشی سەرەتایی لەو شارە درێژەی بە خوێندن دا، دواتر بۆ ماوەی ساڵێک چۆوە تاران و دووبارە ڕووی لە مەھاباد کردەوە و لە قوتابخانەی محەممەد ڕەزا دیپلۆمی وەرگرت. ساڵی ١٩٥٩ لە بەشی ماف و زانیارییە سیاسییەکان لە زانکۆی تاران وەرگیرا و لەوێ لەگەڵ چالاکان و ڕووناکبیرانی کورد و سوارە ئیلخانی زادە و فاتیح شێخولئیسلامی ئاشنا بوو. نەورۆزی ساڵی ١٩٦٤ ھاوڕێ لەگەڵ سوارە و چاوە بە تاوانی کوردایەتی و ئەندامییەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران خرا زیندانی قزڵقەڵا و دوای ئازاد بوونی درێژەی بە خوێندن دا و کۆلێژی تەواو کرد. لە وەزارەتی ناوخۆ دامەزرا بەڵام بەھۆی بیر و باوەڕی سیاسییەوە زوو زوو لە نێوان شارەکانی کوردستان و ئێراندا ڕایاندەگوێزت و ئەوە بوو بەھۆی وازھێنانی لەم ئیشە. ئیزنیان پێ نەدا بگەڕێتەوە بۆ مەھاباد بۆیە لە میاندواو بوو بە پارێزەر. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەڕایەوە شاری خۆی بەڵام سێ ساڵ دواتر ڕووی لە شاخ کرد. ساڵی ١٩٨٥ لە مەھاباد بۆوە پارێزەر و ھاوکاتیش ھاوکاری گۆڤاری سروە بوو و لەگەڵ دەستەیەک لە شاعیران ئەنجومەنێکی ئەدەبیشی دامەزراند. ساڵی ١٩٨٩ وڵاتی بەجێ ھێشت و چوو فەنلاند و لە کۆتاییدا لە دانمارک نیشتەجێ بوو.

عەلی حەسەنیانی ٨ی ئایاری ١٩٩٢ بەھۆی جەڵتەی دڵ لە بارودۆخێکی دەروونی و ماڵی خراپدا لە کۆپێنھاگ ماڵاوایی لە دونیا کرد و لە گۆڕستانی ئەو شارەش بە خاک ئەسپێردرا.[٣][٤][٥][٦]

عەلی حەسەنیانی ساڵی ١٩٥٩ بە شیعری جەللاد چوارچێوەی شیعری کلاسیکی تێک شکاند و بوو بە دامەزرێنەری شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. دوا بە دوای ئەو شیعری (بۆمباران) ی[٧] خوڵقاند. مامۆستا ھێمن لە تاریفی ئەم شیعرەدا دەفەرمووێ: "میللەتێک کە لە ئەدەبیاتیدا ئەم شیعرەی ھەبێ، ھەرگیز نامرێ". ساڵی ١٩٦١یش شیعری (کەژاڵێ)ی[٨] دانا. ھاوار لە زانکۆی تاران لەگەڵ سەلاح موھتەدی و دواتریش باوکی ڕەحمان ئاغای موھتەدی ئاشنا بوو کە چاویان بە شیعری کلاسیکی کوردی کردەوە. ھەر لەوێش بە بۆنەی چاوە مامۆستا گۆران و شێعری نوێی کوردی ناسی. ھاوار و چاوە و کاک سوارە سێ کۆلەکەی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانن کە لە زانکۆی تاران یەک دەگرنەوە و بە ئامۆژگاری ڕەحمان ئاغا ڕوو لە شیعری کوردی دەکەن و بە یارمەتی سەلاح ڕچەی شیعری نوێی کوردی دەشکێنن.[٩][١٠]

بەرھەمەکان

دەستکاری

عەلی حەسەنیانی بە کۆی گشتی خاوەنی ٧٦ شیعرە کە ٣٢یان کۆنن و ٤٤یشان شیعری نوێن.

  • گوناھ (دیوانی شیعر)[١١]
  • شاری وێران (کۆمەڵە وتار، چیرۆک)[١٢]
  • دەروێش (ڕۆمان)[١٣]
  • کارمامز (ڕۆمان)[١٤]
  • بزەی ژیان (ڕۆمان)[١٥]

ئەمەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «ھاوار (عەلی حەسەنیانی)، خاک تیڤی». www.khaktv.net. لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  2. ^ کتێبی "نگاھی بە تاریخ مھاباد" نووسینی سەید محەممەد سەمەدی، ١ی٣٧٣ ھەتاوی
  3. ^ عەلی حەسەنیانی، کوردیپێدیا
  4. ^ گەشتی زیاتر لە نیو سەدەی چاوەی شاعیر، دەنگەکان، ۷ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۰ بڵاو کراوەتەوە.
  5. ^ گۆڤاری باران، ساڵی یەکەم، ژمارە ٢، ئەیلوولی ٢٠١٦
  6. ^ یەکەم دیدارو دوا دیدارم لە گەڵ عەلیی حەسەنیانی( مامۆستا ھاوار)دا
  7. ^ شیعری بۆمباران، ڤەژینبوکس
  8. ^ شیعری کەژاڵێ، ڤەژینبوکس
  9. ^ ڕۆشنگەری دەق - ھاوار (عەلی حەسەنیانی ) وەک نموونە، زاھیر لەتیف کەریم، خاک تیڤی، ۳۱ی ئابی ۲۰۱۹ بڵاو کراوەتەوە.
  10. ^ سوارە ئیلخانیزادە، ڕووداو
  11. ^ گوناە، چاپەمەنی مانگ، چاپی یەکەم، ۱٣٩٦ (٢٠١٧)
  12. ^ شاری وێران، چاپەمەنی مانگ، چاپی یەکەم، ١٣٩٦ (٢٠١٧)
  13. ^ دەروێش، چاپەمەنی مانگ، چاپی دووھەم، ١٣٩٦ (٢٠١٧)
  14. ^ کارمامز، چاپەمەنی مانگ، چاپی دووھەم، ۱۳۹٦ (٢٠١٧)
  15. ^ بزەی ژیان، چاپەمەنی مانگ، چاپی دووھەم، ١٣٩٦ (٢٠١٧)

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری