تەیفوور بەتحایی (٨ی ئازاری ١٩٤٧ – ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠) نووسەر، فیلمساز و چالاکی سیاسیی کورد بوو. لە سنە لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی ھەر لەو شارە تەواو کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندن لە چوارچێوەی گەڵاڵەی سوپای دانیشدا ساڵێک مامۆستایەتی کردووە. لە ساڵەکانی ١٩٦٩ ھەتا ١٩٧٢ لە «مەدرەسەی سینەما و تلەڤزیۆنی تاراندا» لە بەشی وێنەگرتندا خوێندوویەتی. لە سەرەتای دەیەی ٧٠ م (پەنجای کۆچیی ھەتاوی) بەھۆی لایەنگریی ئایدۆلۆژی چەپ و ئەندامەتی لە گرووپی ناونراو بە «گرووپی دوازدە» لە گەڵاڵەی بەبارمتەگرنتی «فەرەح پەھلەوی»دا، دادگایی کراوە و زیندانی ھەتاھەتایی بۆ دەرچووە. لە کاتی شۆڕشی ١٩٧٩دا لەگەڵ باقی زیندانییە سیاسییەکاندا ئازاد بووە و گەڕاوەتەوە کوردستان و خەباتی سیاسی خۆی لە ڕیزەکانی حێزبی دێمۆکراتدا درێژە پێ داوە. ساڵی ١٩٨٥ حێزبی بەجێ ھێشتووە، بەڵام چالاکیی سیاسی خۆی لە تەبعیددا و پاش نیشتەجێبوونی لە سوید درێژە پێ داوە. ھاوکات کە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سوێددا مامۆستای فیلمی دێکومێنتار و سینەما بووە، وەکوو نووسەر و پەیکەرەساز چالاکی نواندووە.

تەیفوور بەتحایی

دادگای دووھەم، لە چەپەوە: تەیفوور بەتحایی، خەسرەو گوڵسورخی، مەنووچھر سەلیمی، کەرامەت دانشیان، عەباس سەماکار
لەدایکبوون٨ی ئازاری ١٩٤٨
مەرگ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠
نەتەوەکورد
پیشەنووسەر، وەرگێڕ، دەرھێنەر و پەیکەرساز
ھاوسەرژیلا فەرەجی
مناڵ(ەکان)هێژان
ئایدا
وێبگەماڵپەڕی تەیفوور بەتحایی

تەیفوور بەتحایی منداڵی پێنجەمی بنەماڵەیەکی ھەشت منداڵی دانیشتووی گەڕەکی جۆراوای سنە بووە. بابی مامۆستای قوتابخانەکانی سەرەتایی سنە و دایکی بنەوانی ماڵ بووە. خوێندنی سەرەتایی لە مەدرەسەی ١٥ بەھمەندا و سیکلی یەکەمی دەبیرستان لە بوعەلی و سیکلی دووھەم لە دەبیرستانی شاپوردا (ڕشتەی سروشت) خوێندووە. دوایە چووەتە سەربازی و پاش دەورەی ڕاھێنانی سەربازی، وەکوو مامۆستای سوپای دانش چووەتە تورکەمەن سەحرا (گوندی حەکیماوا، سەر بە پارێزگای گونبەدکاووس). بەتحایی دوای گەڕانەوەی بۆ سنە بە مۆژیاری برا گەرورەکەی لە تاقیکردنەوەکانی کونکوردا بەشداری کردووە و لە «مەدرەسەی عالی سینەما و تلەڤیزیۆن»دا وەرگیراوە و ڕشتەی وێنەگرتنی ھەڵبژاردووە. پاش تەواوبوونی خوێندن بۆ کار لە تلەڤزیۆندا چووەتە شاری شیراز و لەوێ لەگەڵ «کەرامەتی دانشیان» ئاشنا بووە. کەرامەت کە ئەویش پێشتر ھەر لەو مەدرەسەدا خوێندبووی، باوەڕی بە خەباتی چەکداری ھەبووە و ئاشنایەتی تەیفوور لەگەڵ ئەو دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە ژیانیدا بووە.

گەڵاڵەی بارمتەگرتن بریتی بوو لە بەبارمتەگرتنی شاژنی ئێران و کوڕەکەی لە جێژنێکدا کە بۆ دانی خەڵاتی سینەمایی پێک دەھات. بە مەبەستی ئازادی زیندانییە سیاسییەکان لەلایەن «عەباس سەماکار و ڕەزا عەلامەزادەوە». ئەم گەڵاڵە درایە گرووپی دانشیان و بەتحایی.[١] کە لەلایەن ئەوانە پێشوازی لێ کرا و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی گەڵاڵەکە کاری لەسەر کرا، بەڵام بەر لە ئەنجام لەلایەن «ئەمیر فەتانەت»ەوە کە لە پەیوەندی لەگەڵ کەرامەتدا بوو و بەدەست ھێنانی چەکی بە ئەستۆ گرتبوو، ڕاپۆرتی درایە ساواک.[٢] ھەموو ئەندامانی گرووپەکە جگە لە ئەمیر فەتانەت لە مانگی خەرمانانی ١٩٧٣دا دەستەبەر کران.[٣] لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا دوو کەسی تر کە ئەندامی گەڵاڵەی تێرۆری شا بوون و سەر بە گرووپێکی دیکە بوون لەلایەن یەکێک لە گیراوەکانەوە، ئاشکرا کرا و بە بێ ئەوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەم گرووپەدا ھەبووبێ، لەلایەن ساواکەوە تێکەڵ کران و لە یەک دادگادا، دادگایی کران.[٤] ئەم پەروەندە بەھۆی ژمارەی دادگایی کراوەکانە بە گرووپی دوازدە ناسران. کە بریتی بوون لە «تەیفوور بەتحایی/ خەسرەو گوڵسورخی/ مەنوچێھر موقەدەم سەلیمی/ کەرامەت دانشیان/ عەباس سەماکار/ ڕەزا عەلامەزادە/ ئیرەج جەمشیدی/ شکوە میرزادەگی/ مورتەزا سیاپۆش/ مریەم ئیتحادییە/ ئیبراھیم فەرھەنگ/ فەرھاد قەیسەری». لە دادگای یەکەمدا تەیفوور، خەسرەو، کەرامەت، عەباس، ڕەزا، ئیرەج، مەنووچھر. حوکمی ئێعدامیان وەرگرت و لە دادگای دووھەمدا ئەو حوکمە بۆ پێنج کەسی یەکەم وەکوو خۆی مایەوە. لە قۆناخی فەرجامدا حوکمی تەیفور بەتحایی و عەباس سەماکار و ڕەزا عەلامەزادە کرا بە زیندانی ھەتا ھەتایی، بەڵام حوکمی کەرامەت دانشیان و خەسرەو گولسورخی بەھۆی بەرگری ئایدۆلۆژی لە دادگادا ھەر بە ئێعدام مایەوە.

گەڕانەوە بۆ کوردستان

دەستکاری

تەیفوور بەتحایی دوای پێنج ساڵ زیندان لەگەڵ زیندانییەکانی دیکە لە ٣ی خەزەڵوەی ١٩٧٨ ئازاد بوو و گەڕایەوە سنە. پاش ماوەیەک (لە سەروبەندی شەڕی سنەدا) چووە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە کۆنگرەی پێنجەمی حێزبدا (زستانی ١٩٨٢) بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حێزب ھەڵبژێردرا و بەرپرسایەتی یەکێتی لاوانی دێمۆکراتی لە ئەستۆ گرت. تەیفوور لە ماوەی چوار ساڵدا چوار فیلمی دێکومێنتاری لەسەر ژیان و خەباتی کوردانی ڕۆژھەڵات ساز کرد کە ناسراوترینیان نان و ئازادییە.[٥] ئەم فیلمانە لە فێستیڤاڵەکاندا (فێستیڤاڵی نان و سینەما لە تەبعید)[٦] و لە بۆنە جۆراجۆرەکاندا پیشان دراون. دواتر بەھۆی شەڕی نێوان حێزبی دێمۆکرات و حێزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) لە ساڵی ١٩٨٥دا ماڵاوایی لە حێزب کرد. دوای ئازادبوون لە ئەندامییەتی حیزب کۆچی کرد بۆ سوید و زۆربەی چالاکییەکانی لە بواری نووسیندابوو.

بەرھەمەکان

دەستکاری

دەرهێنەر

دەستکاری
  • ئیمتحان (١٩٧٠)، دراما
  • گەڕانەوە (١٩٧١)، دراما
  • کێ خۆڵەمێشی خۆی بۆ کوێستان دەبا (١٩٧٢)، بەڵگەفیلم (وێنەگریش)
  • ئاو (١٩٧٩)، بەڵگەفیلم
  • ئازار (١٩٧٩)، بەڵگەفیلم
  • گەلەگورگ
  • دێبێلیاچا (١٩٩٧)، بەڵگەفیلم (وێنەگریش)
  • پیلانی ڕەش (٢٠٠٦)، بەڵگەفیلم

چوار بەڵگەفیلم لەسەر ژیان و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (١٩٨١-١٩٨٣)

دەستکاری
  • نان و ئازادی
  • ھەوار (دەرهێنەر و وێنەگر)
  • شاخە سەربەرزەکان (دەرهێنەر)
  • ڕووناکایی مۆمەکان (دەرهێنەر)

کاری تر

دەستکاری
  • فیلمی ئازاری سوور ١٩٧١-١٩٧٢ وێنەگر
  • فیلمی مەغولەکان (١٩٧٢)، یاریدەری یەکەمی وێنەگر
  • بەڵگەفیلمی پیرەمێرد و باخی بەردینە ٢٠٠٥، مۆنتاژ
  • گەلاوێژ (چیرۆک-سەناریۆ بۆ فیلم) ١٩٩٢
  • ژیان بەدەم زریانەوە
  • مافی ژن لە کۆمەڵی کوردەواریدا (کاری ھاوبەشی ژیلا فەرەجی و تەیفوور بەتحایی-توێژینەوە) ٢٠٠٠
  • ڕۆژنە، فیلمگرتن (ڕاهێنانی فیلم) سەرەتایەک بۆ کاری سینەما و تلەڤزیۆن ٢٠٠٨
  • سەفەری خەیاڵ لە کورسانەوە ھەتا کوردستان (ژیاننامە) ٢٠١٣
  • ژیان وەکوو خۆی (چیرۆک) ٢٠١٥
  • سەد ساڵ گەشەی کۆمەڵایەتی سوێد (لێکۆڵینەوە) ٢٠١٨
  • ئەسپەنجیر
  • ڕۆژنامەگەریی تەلەڤیزیۆن (ڕاهێنانی تەلەڤیزیۆن)
  • کوێستانی بێ هەڵۆ (سەناریۆ)

وەرگێڕان بۆ کوردی

دەستکاری
  • باخەنەمامە (وەرگێڕان لە فارسییەوە-چیرۆک)
  • تۆماری شێخ شەرزین (وەرگێڕان لە فارسییەوە-شانۆ) ١٩٩١
  • ئەوەی گوتی ئەرێ، ئەوەی گوتی نە (وەرگێڕان لە فارسییەوە-شانۆ)
  • نووسینی سەناریۆ بۆ فیلم (وەرگێڕان لە سویدییەوە-ڕاهێنانی درامایی) ٢٠١٢
  • ‌آقای چوخ بخت یوخ ١٩٩٠
  • از آنچە بر ما گذشت (چوار وتووێژ) ١٩٩٨
  • داراها و ندارها در دنیا (وەرگێڕان لە سویدییەوە) ٢٠٠١
  • سفر خیال از کرسان تا کردستان ٢٠١٢
  • زندگی در باد (وەرگێڕاو لە کوردییەوە ژیلا فەرەجی)
  • اسپنجیر (وەرگێڕاو لە کوردییەوە تەیفوور بەتحایی)
  • زندگی همچون خودش
  • سایە روی پردە پشت پنجرە
  • واقعیت مسلم (وەرگێڕان)

پەیکەر

دەستکاری
  • دایک
  • پاندۆرا
  • ئازادی
  • مەم و زین
  • نان
  • گەڕان
  • هیچ
  • مرۆڤ و کرۆنا
  • کوردێک
  • سانسۆر
  • دەستاڕ

پەراوێزەکان

دەستکاری
  1. ^ دوو نقد عباس سماکار و طیفور بطحایی بر رضا علامە زادھhttp://www.peykeiran.com/Content.aspx?ID=46718 ٢٠ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ یک فنجان چای بی موقع، سایت تاریخ شفاھی ایران، گزرش :محمود فاضلی
  3. ^ بطحایی، طیفور، سفر خیال (از کرسان تا کردستان)، چاپ اول گوتنبرگ، ناشر:خانە ھنر و ادبیات، ٢٠١٢
  4. ^ خاطرات عزت شاھی(٣٠)«وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٦ ھێنراوە. ١٣ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ ٣٢ سال پس از آزادی ھزار زندانی سیاسی، عصر نو، یدالە بلدیhttp://asre-nou.net/php/view_print_version.php?objnr=11994
  6. ^ بە پیشواز ھشتمین دورە جشنوارە جھانی سینمای در تبعید، اکتبر ٢٠٠٧، سوئد، گوتنبرگhttp://www.cinemaye-azad.com/views&news/views&news01.html ١٣ی تەممووزی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

سەرچاوەکان

دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری