ئادەم

یەکەم مرۆڤ بەپێی ئایینە ئیبراھیمییەکان

ئادەم (بەعیبری: אָדָם، بەعەرەبی: آدم‎) کەسایەتییەکە لەنێو سەرەتای بەدیھێنان(سیفری تەکوین)، قورئان و پەرتووکی ئیقاندا ناوی ھەیە. بەپێی ئایینە ئیبراھیمییەکان، ئادەم یەکەمین مرۆڤە. بەپێی ئیسلام ئادەم یەکەمین مرۆڤە و باوکی مرۆڤایەتییە، یەکەم پێغەمبەرە کە ئامۆژگاری نەوەکانی خۆی کردووە، خێزانەکەشی ناوی حەوایە و حەوا دایکی مرۆڤایەتییە، ئادەم لە قورئاندا بەسەرھاتی زۆرە کە چۆن خودای گەورە ئادەم دروست دەکات، ئادەم چۆن دەژی.[١]

ئادەم لە قورئاندا

دەستکاری

بەپێی قورئان و باوەڕی موسوڵمانان بێت، سەرەتا خودا بە فریشتەکانی ڕاگەیاند کەوا ئادەم و نەوەکانی لەسەر زەویدا بەدی دەھێنێت و بەدەسەڵات و بەتواناش دەبن، ھەروەھا کۆشش دەکەن و لە خێروبێری ناو زەوی دەردەھێنن و بە ھەموو شوێنێکی زەویدا بڵاودەبنەوە. خودا فریشتەکانی بە خوداپەرستی لەپێش ئادەم بەدیھێناوە و لە گووناھ و تاوان و سەرپێچی پاراستوونی. ھەروەھا بەخشش و خۆشەویستیی زۆری پێ بەخشیوون، پشتیوانی و ڕێنموێنیشی بۆ فەرمانبەرێکردنی خۆی کردوون؛ بەڵام لەبەر ئەوەی خودا ئادەم و نەوەکانی لە ھەڵە و گوناح نەپاراستووە، بۆیە فریشتەکان ترسان لەوەی وەک چۆن خۆیان ئاسمانیان بە خواپەرستی و بەزەیی و خاوێنی ئاوادان کردووەتەوە، نەوەکانی ئادەم سەرپێچی و کەموکورتی بکەن و نەتوانن وەک فریشتەکان سەر زەوی بە خوداپەرستی ئاوەدان بکەنەوە. دیسان بەپێی باوەڕی ئیسلام، فریشتەکان وایان دەزانی خۆیان لە نەوەی ئادەم باشترن، بۆیە لە لای خودا پاکانەی خۆیان کرد و بە خودایان گووت: «چۆن کەسی تر دروست دەکەی لەکاتێکدا ئێمە بەدڵسۆزییەوە پاکی و بێگەردیت بۆ دادەنێین و سوپاست دەکەین و ناوت بەپیرۆز ڕادەگرین، کەچی ئەوانەی سەر زەوی بەتاوانکردن سەر زەوی خراپ دەکەن و بەھۆی سوود و قازانجی دونیاوە جیاوازی دەکەوێتە نێوانیان و ئەوکاتەش خوێنی زۆر دەڕێژن و گیانی پاک و بێتاوان دەکوژن».[٢]

پلەوپایەی ئادەم

دەستکاری

لەقورئاندا، باوەڕ وەھایە کە خودا وەڵامی فریشتەکانی دایەوە، و دڵیانی ئارام کردەوە و فریشتەکانی تێگەیاند؛ کە خودا ڕێزێکی زۆری لە نەوەی ئادەم گرتووە و بەدەستی خۆی ئادەمی دروست کردووەو لە گیانی خۆی گیانی پێداکردووە. ڕاستەوخۆش ئادەمی فێری ناوەکان و زانیارییە پێویستییەکان کردووە بەجۆرێک ھەتا ئامادەییان ھەبێ لە ڕاستییەکان و سوننەتەکانی خودا و لە یاساکانی ناو گەردوون تێبگەن، بەمەش دەتوانن لەسەر زەوی دەسەڵات پەیدابکەن و زەوی نۆژەن و ئاوەدان بکەنەوە. اللە، یاخود خودای ئیسلام ویستی وابوو پیشانی فریشتەکانی بدات کە ئەو دروستکراوەی ئەوان لە پلەو پایەیان کەمدەکردەوە لەوان زاناترە و زانیاری لەوان فراوانترە. خودا داوای لێکردن ناوی چەند شتێکی دیاریکراوی بۆ بھێنن بەڵام فریشتەکان ناوی ئەو شتانەیان نەزانی و بۆیان دەرکەوت خودا خاوەنی دانایییە و ھەرچی ئەو ویستی نەکردبێ ئەوان نایزانن، بۆیە یەکسەر وتیان: «ئێمە پاکو بێگەردی بۆ خودا دادەنێین و سەرپێچی ویستی خودا لە ھیچ شتێکدا ناکەین.» پاشان خودا فەرمانی بە ئادەم کرد ئەویش ناویی شتەکانی ھێنا، ھەتا فریشتەکان پلەو پایەی ئادەم بزانن و لەسەر دەستی ئادەم فێری ناوەکان ببن.[٣][٤]

ڕێزگرتنی ئادەم

دەستکاری

قورئان باس لەوە دەکات کە خودا ئادەمی لە قوڕێکی ڕەش لە باشترین شێوەدا دروست کرد و لە گیانی خۆی فوی پیاداکرد و کردییە مرۆڤێکی ڕێکوپێک، پاشان خودا فەرمانی بە فریشتەکان کرد سوجدەی ڕێز بۆ ئادەم ببەن، بەم شێوەیە خودا ڕێزی زۆری لە ئادەم و نەوەی ئادەم گرت. قورئان بەم جۆرە باس لە ڕێزی خودا بۆ ئادەم دەکات:

  • لە باشترین شێوەدا ئادەمیزادی دروست کرد.
  • لە گیانی خۆی فوی پێدا کرد.
  • فەرمانی بە فریشتەکان کردووە کڕنۆشی بۆ ببەن.
  • زەویشی بۆ فەراھەم کردن و بە دەسەڵاتی کردوون، تاوەکو ئاوەدانی بکەنەوە و بەخششەکانی خودا لە خواپەرستیدا بەکاربھێنن.

لەبەرئەوە دەبێ نەوەی ئادەم زۆر سوپاسی ئەم نیعمەتانە بکات، ئەویش بە بەجێھێنانی مافی خودا و بەندایەتی بۆ کردنی.[٥][٦]

سوجدەی فریشتەکان بۆ ئادەم و سەرپێچیکردنی ئیبلیس

دەستکاری

قورئان باس لە وەدەکات کە لەبەرئەوەی فریشتەکان خۆیان بە کەم گرت و خۆیان بە گەورە نەزانی؛ سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوەکەی خودادا بەدەست ھێناو سوجدەی ڕێزیان بۆ ئادەم بردو بە گەورەو بەڕێزیان دانا؛ بەڵام ئیبلیس خۆی بە گەورەزانی و سەرپێچی فەرمانی خودای کرد و بوو بە یەکێک لە بێ بڕوایان. کاتێکیش خودا دەربارەی ھۆی سوجدە نەبردنی پرسیاری لە ئیبلیس کرد، ئیبلیس وتی: «بەڕەگەز من لە ئادەم باشترم، منت لە ئاگر دروست کردووە بەڵام ئادەمت لە قوڕ دروست کردووە، ئاگریش لە قوڕ پاکترو گەورەترە.» بەو شێوەیە ئیبلیس وای گومان برد کە کەس لەو بە تواناتر نییە و وتی: «من لە ئادەم باشترم»، لەباوەڕی ئیسلامیشدا ئەمە بە ئاشکرا سەرپێچیکردنی خودایە و لەخۆبایبوونە.

دەرکردنی ئیبلیس لە بەھەشت

دەستکاری

قورئان دەگێڕێتەوە کە دوای ئەوەی ئیبلیس خۆی لەوە بە گەورەتر زانی کە فەرمانی خودا جێبەجێ بکات و تانەو تەشەری لە دادگەری و زانستی خودا دا، خوداش پاداشتی سەرپێچی کردنەکەی دایەوە و لە بەزەیی خۆی و لە بەھەشتی سەر زەوی دەری کرد. ئیبلیسیش داوای لە خودا کرد کە تا رۆژی دوایی بیھێڵێتەوە و ژیانی پێ بدات، خوداش قەبووڵی کرد. موسوڵمانان بڕوایان وایە کە ئامانجی ئیبلیس لەمەدا بریتی بوو لە بەکارھێنانی وزەو تواناکانی لەسەر لێشێواندن و گومڕاکردنی ئادەمیزاد، بەمەش جەنگ دروست بوو لە نێوان ئادەم و نەوەکانی لە لایەک و ئیبلیس و نەوەکانیشی لە لایەکی تر. خوداش ویستی وا بوو مرۆڤەکان تاقی بکاتەوەو ئادەمیزاد بە ویستی خۆی ڕێگای خواویستیی و بەھەشت ھەڵبژێرێت نەک بە زۆری خوای خودا. بەم شێوەیە موسوڵمانان وا باوەڕیانە کە دژایەتی نێوان ئیبلیس و ئادەم و نێوان نەوەکانیان دژایەتییەکی دێرینە. دیسان بەشێک لە باوەڕی ئیسلام و فێرکردنەکانی بەو جۆرەیە کە دەبێ ئادەمیزاد ھۆشیار و وریا بێ لەو فێڵ و شێوازانەی ئیبلیس، کە لە ڕێیانەوە ئەیەوێ تووشی سەرپێچییەکانی خودایان بکات.

دروستکردنی حەوا

دەستکاری

لە پاش ئەوەی خودا ئیبلیسی لە بەھەشت دەرکرد، ئادەم بە تەنھا مایەوە، بۆیە خودا ویستی وابوو ھەر لە خۆی ھاوڕێیەکی لەو بەھەشتەدا بۆ دروست بکات، بەوشێوەیە خودا خەوی لە ئادەم خستوو لە پەراسویەکی ئادەم حەوای دروست کرد تا ببێتە مایەی ئارامی ئادەم و ھاوڕێیەتی یەکتر بکەن.

دەستکردن بەتاوان

دەستکاری

بەپێی قورئان، خودا ئادەم و خێزانەکەی لە بەھەشتێکی خۆش لەسەر زەوی دانا و ھەموو خۆشییەکانی ئەو بەھەشتەی بۆ حەڵاڵ کردن، بە مەبەستی تاقیکردنەوەشیان تەنھا دارێک لە دارەکانی ئەو بەھەشتەی لێ قەدەغەکردن، لێرەوە یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان ئادەم و ئیبلیس ڕوویدا. ئیبلیس ئەوەی بە ھەل زانی و وەسوەسەی خستە دڵی ئادەمەوە و وای تێگەیاند کە ئەو ھاوڕێیەتی و ئامۆژگاری بە ڕاستگۆیی دەکات، کاتێکیش بینیی ئادەم و حەوا پشتی تێدەکەن، زیاتر لە ھەڵخەڵەتاندنیان پێی داگرت، تا قایلی کردن بەوەی بۆیە خودا ناھێڵێ لە بەری ئەو درەختە بخۆن تا نەبنە فریشتھ و بە ھەتا ھەتایی لەو بەھەشتەدا نەمێننەوە، سوێندیشی بۆ خواردن کە نییەتی پاکە و مەبەستی ئامۆژگاریکردنیانە؛ بەڵام لەبەرئەوەی ئادەم (سەرەڕای گەورەیی پلەو پایەی لەلای خودا، بەپێی قورئان) ئادەمیزادە و خودا وەک فریشتە لە ھەڵە و تاوان نەی پاراستووە، بۆیە ئادەم و حەوا لە بیریان چوو کە ئیبلیس دوژمنیانە و کەوتنە داوییەوە و بە قسەیان کردو لە فەرمانی خودا دەرچوون و یەکەم کەسی تاوانکار بوون، خوداش نیعمەتی خۆی لێسەندنەوە. لەئیسلامدا باوەڕ وایە کە خودا دەروازەی تەوبھ و پەشیمان بوونەوەی بۆ کردنەوە، ئەوانیش بە خێرایی تەوبەیان کرد و خوداش پەشیمان بوونەوەیانی لێ وەرگرتن و لە تاوانەکانیان خۆش بوو.

لێبووردن لە ئادەم و دەرھێنانی لە بەھەشت

دەستکاری

پاش ئەوەی خودا ئادەمی فێری چۆنییەتی تەوشەکردن کرد و لێی خۆش بوو، لەو بەھەشتە خۆشە دەری ھێنان و لە زەویدا دای نان و خستنییە تاقیکردنەوەیەکی تری درێژتر، کە ھەلی زۆری تێدایە بۆ پەشیمانی و تەوبەکردن و لێخۆشبوون و چاکسازی. ئەم تاقیکردنەوەیەش کە ململانێی نێوان ئیبلیس و ئادەمیزادە لەسەر زەوی بەردەوام دەبێت ھەتا ئەو کاتەی زەوی و ھەرچی وا بەسەرییەوە بۆ خودا دەمێنێتەوە، ھەروەھا خوداش بۆی ڕوونکرنەوە کە ڕێنموونی و ھیدایەتیان بۆ ڕەوانە دەکات، ھەر کەسێکیش لە نەوەی ئادەم ڕێی ھیدایەتی خودا بگرێت، بەپێی باوەڕی ئیسلام، و لە دوای ھەموو گوناھێک خێرا تەوبە بکات، ئەوە بەختیاری دونیا و دواڕۆژ دەبێ و وەک ئادەم خودا لێی خۆش دەبێت، لە سزای سەختی دوا ڕۆژیش ڕزگاری دەبێت و دەچێتە بەھەشتی ھەتاھەتایییەوە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Hitti، Philip K. (١٩٢٨). The Origins of the Druze People and Religion: With Extracts from Their Sacred Writings. Library of Alexandria. لاپەڕە ٣٧. ژپنک ٩٧٨-١-٤٦٥٥-٤٦٦٢-٣.
  2. ^ «Surah Al-Baqarah Ayat 30 (2:30 Quran) With Tafsir». My Islam (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٧ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  3. ^ «Man Lived on Earth Even Before the Advent of Adam». Al Islam. ١٦ی شوباتی ٢٠٠٠.
  4. ^ Virani، Shafique (January 2005). «The Days of Creation in the Thought of Nasir Khusraw». Nasir Khusraw: Yesterday, Today, Tomorrow. {{cite journal}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوت= (یارمەتی)
  5. ^ Ridgeon، Lloyd (2010). «Shaggy or Shaved? The Symbolism of Hair among Persian Qalandar Sufis». Iran and the Caucasus. ١٤ (2): ١٢. doi:١٠.١١٦٣/١٥٧٣٣٨٤١٠X١٢٧٤٣٤١٩١٩٠١٤٢. Adam was given the honorary name of "Adam-I-Safi" meaning: The Chosen One
  6. ^ Anand، K.D.W. «The Christ of the Quran» (PDF). biblicalstudies.org.uk. لاپەڕە ٥٧. Adam was God's Chosen one "Adam-Safi"