ڤیکتۆر ھوگۆ

ھۆزانڤان، ڕۆماننووس و شانۆنووسی فەڕەنسی (١٨٠٢–١٨٨٥)


ڤیکتۆر ماری ھوگۆ (لەدایکبووی ٢٦ی شوباتی ١٨٠٢–مردووی ٢٢ی ئایاری ١٨٨٥) ھۆنەر، نووسەری شانۆگەری، ڕۆماننووس، کاربەدەستی وڵات و چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤی فەڕەنسی بوو. سەرەتا ناوبانگی وێژەیی ھوگۆ لە فەڕەنسادا بەھۆی ھۆنراوەکانییەوە بوو، بەڵام ڕۆمانەکانیشی دیسان ڕۆڵیان ھەبوو لە ناوبانگەکەی. لەنێو چەندین بەرگ ھۆنراوە، بیرکردنەوەکان Les Contemplations و ئەفسانەی سەدەکان (La Légende des siècles) پایەیەکی ڕەخنەگریی بەرزیان ھەیە. ھوگۆ ھەندێکجار وەک گەورەترین ھۆنەری فەڕەنسی دەناسرێت. ناسراوترین کارەکانی لە دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆمانەکانی بێنەوایان (Les Misérables) و قەموورەکەی نۆتردام-ن (ھەروەھا بە ئینگلیزی ناسراوە بە The Hunchback of Notre-Dame). ھۆگۆ لە شاپەرستێکی پابەندەوە لەو کاتەی گەنج بوو، بۆچوونەکانی بە تێپەڕبوونی چەند دەیەیەک گۆڕا و بوو بە لایەنگرێکی سەرسەختی کۆماری، لە کارەکانیدا پەنجە بۆ زۆربەی باسە ڕامیاری و کۆمەڵایەتیییەکان و ڕێچکە ھونەرییەکانی سەردەمی خۆی درێژ دەکات. بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە ساڵی ١٨٥٥ بۆ ساڵی ١٨٧٠ لە مەنفا ژیانی بەسەر بردووە. دامەزرێنەر و سەرۆکی فەخریی کۆمەڵەی ئەدیبان و ھونەرمەندانی جیھانی بووە لە ساڵی ١٨٧٨. ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا و ئەندامی کۆمەڵەی نیشتیمانیی فەڕەنسا بووە. لە ٢٢ی ئایاری ١٨٨٥ و لەتەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە پاریس کۆچی دواییی کردووە و لە گۆڕستانی مەزنەکانی پاریس نێژراوە.

ڤیکتۆر ھوگۆ

لەدایکبوون٢٦ی شوباتی ١٨٠٢
مەرگ٢٢ی ئایاری ١٨٨٥ (تەمەن ٨٣)
پاریس، فەڕەنسا
نەتەوەفەڕەنسی
پیشەھۆنەر، نووسەری شانۆگەری، ڕۆماننووس، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ
واژوو

نووسینەکانی

دەستکاری

ھۆگۆ یەکەم ڕۆمانی خۆی (Han d'Islande, 1823) ساڵێک پاش ھاسەرگیرییەکەی لە ساڵی ١٨٢٣دا بڵاو کردەوە و، دووەم ڕۆمانیشی (Bug-Jargal, 1826) پاش سێ ساڵ بڵاو کردەوە. لە نێوان ساڵەکانی ١٨٢٩ و ١٨٤٠دا پێنج بەرگی دیکەی ھۆنراوەی بڵاوکردەوە (Les Orientales, 1829; Les Feuilles d'automne, 1831; Les Chants du crépuscule, 1835; Les Voix intérieures, 1837و Les Rayons et les Ombres, 1840)، کە ناوبانگی ئەویان وەک یەکێک لە مەزنترین ھۆزانڤانانی لاواندنەوە و ھۆنراوەی لیریکی سەردەمی خۆی سەرخست.

وەکو زۆرێک لە ھۆزانڤانانی گەنجی نەوەی خۆی، ھۆگۆ تەواو کاریگەر بوو بە فرانسوا ڕێنێ شاتۆبریاند، فیگەری ناسراوی جووڵەی وێژەیی ڕۆمانتسیزم و فیگەری دیاری وێژەی فەڕەنسای سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەم. لە سەردەمی گەنجیدا، ھۆگۆ خۆی یەکلایی کردەوە کە یان دەبێت بە شاتۆبریاندێکی دیکە یانیش ھیچ و دەبێت ژیانی لە زۆر ڕووەوە ھاوشانی پێشینانی بوارەکەی بڕوات. ھۆگۆ، ھەروەکوو شاتۆبرایند، برەوی بە ڕۆمانتسیزم دا و لە ڕامیاییەوە تێوە گلا (ئەگەرچی زیاتریش وەک پاڵەوانی ڕژێمی کۆماری) و بەھۆی ھەڵوێستە ڕامیارییەکانییەوە دوورخراوەتەوە.[١]

ئەو ھەر لە سەرەتای تەمەنیەوە سەرکەوتن و ناوبانگی بەدەست ھێنا. یەکەم کۆمەڵە ھۆنراوەی بەناوی (Odes et poésies diverses) لە ساڵی ١٨٢٢ لە سەردەمی لویسی ھەژدەیەمدا بڵاو کرایەوە. گەرچی ھۆنراوەکان بەھۆی پڕپەرۆشی و ڕەوانبێژییەکەیانەوە جێگای سەرسامی بوون، بەڵام کۆمەڵە ھۆنراوەی (Odes et Ballades) کە چوار ساڵ دواتر لە ساڵی ١٨٢٦دا بڵاو کرایەوە، دەری خست کە ھۆگۆ ھۆنەرێکی مەزن و شارەزایەکی سروشتی ھۆنراوەی لیریکی و گۆرانی داھێنەرانە.[٢]

یەکەم بەرھەمی خەیاڵیی ھۆگۆ سەرەتا لە شوباتی ١٨٢٩دا و لەلایەن چارڵز گۆسەلینەوە بێ ناوی نووسەر بڵاو کرایەوە کە ڕەنگدانەوەی دەروونی کۆمەڵایەتیی نالەباری ئەو کاتە بوو کە بوو بەھۆی دروستبوونی بەرھەمی دواتری. Le Dernier jour d'un condamné (The Last Day of a Condemned Man) کە کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر نووسەرانی دواتری وەکو ئەلبێرت کامۆ، چارڵز دیکنس و، فیدۆر دۆستۆیەڤسکی جێ ھێشت. کڵەود جویکس کە کورتەچیرۆکێکی بەڵگەنامەییە لە بارەی بکوژێکی ڕاستەقینەوە کە لە فەڕەنسا لەسێدارەدراوە، لە ساڵی ١٨٣٤دا دەرکەوت و لەلایەن ھۆگۆ خۆیەوە بە پێشەکییەک دانرا بۆ بەرھەمە مەزنەکەی لەسەر نادادیی کۆمەڵایەتی بە ناوی Les Misérables.[٣]

ھۆگۆ بە شانۆیییەکانی کرۆمۆڤێڵ (١٨٢٧) و ھێرنانی (١٨٣٠)

دەستکاری

ھۆگۆ بوو بە پێشڕەوی ڕەوتی وێژەیی ڕۆمانتسیزم. شانۆنامەی «Hernani» کە مژدەی گەیشتنی ڕۆمانتسیزمی فەڕەنسی بەخشی، لە تەختی شانۆی «Comédie-Française» نمایش کرا، بە چەندین شەوی پڕ ئاژاوە پێشوازیی لێ کرا، ئەوەش بەھۆی پێکدادانی نێوان ڕۆمانتیکی و ترادیشناڵیستەکان لە بارەی ڕەچاونەکردنی یاسا نوێیەکانی کلاسیزم لە شانۆکەدا.

ناوبانگی ھۆگۆ لەگەڵ شانۆیییەکانی دواتریدا ھەڵکشا لەوانەش ماریون دیلۆرمێ (١٨٣١)، پاشا خۆی سەرقاڵ دەکات (١٨٣٢)، ڕووی بلاس (١٨٣٨).

ڕۆمانی «قەمبوورەکەی نۆتردام»ی ھۆگۆ لە ساڵی ١٨٣١ بڵاو کرایەوە و ھەر زوو وەرگێڕدرایە سەر زمانەکانی دیکە لە تەواوی ئەورووپادا. یەکێک لە کاریگەرییەکانی ڕۆمانەکە ناچارکردنی پاریس بوو بۆ بنیاتنانەوەی کاتیدراڵی نۆتردام کە سەرنجی ھەزاران گەشتیاری بۆ خۆی ڕاکێشا کە ئەو ڕۆمانە بەناوبانگەیان خوێندبووەوە. ھەروەھا پەرتووکەکە ئیلھامبەخشی پێزانینی زیاتر بوو بۆ باڵەخانەکانی سەردەمی ڕێنیسانس کە دوای ئەوە دەست کرا بە پارێزگاریکردنێکی چالاکانە لێیان.

ھۆگۆ ھەر لە سییەکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە بەرنامەی بۆ ڕۆمانێکی گەورە لە بارەی خەمخواریی و نادادیی کۆمەڵایەتییەوە داڕشت، بەڵام حەڤدە ساڵی ویست بۆ ڕۆمانی بێنەوایان کە تەواو ببێت و تا دواجار لە ساڵی ١٨٦٢دا بڵاو بۆوە.[٤]

ھۆگۆ جێھێشتنی زیندانی تۆلۆن لەلایەن زیندانییەکانییەوە لە یەکێک لە چیرۆکەکانی سەرەتایدا بە ناوی «Le Dernier Jour d'un condamné» بەکارھێنا، ئەگەرچی تا ساڵی ١٨٤٥ دەستی بە نووسینی پەرتووکەکە نەکرد. لە ساڵی ١٨٣٩ چوو بۆ شاری تۆلۆن بۆ سەردانی زیندانی باگن و تێبینیی وردی لەبارەی شوێنەکەوە وەرگرت. لەسەر یەکێک لە لاپەڕەی تێبینییەکانی لەبارەی زیندانەکەوە بە پیتی گەورە و تۆخ ناوێکی شیاوی بۆ پاڵەوانی پەرتووکەکە نووسیوە کە «جین ترێجیان»ە. کاتێک دواجار پەرتووکەکە نووسرا ناوەکە بوو بە «جین ڤاڵجیان».

ھۆگۆ زیرەکانە ئاگاداری نایابیی ڕۆمانەکە بوو، وەک ئەوەی لە ٢٣ی ئازاری ١٨٦٢ لە نامەیەکیدا بۆ خاوەنی دەزگای چاپەکە، ئەلبێرت لاکرۆیکس نووسیویەتی: «باوەڕم وایە کە ئەم پەرتووکە یەکێک دەبێت لە لووتکەی کارەکانم—گەر خاڵی وەرچەرخانیان نەبێت.» بڵاوبوونەوی ڕۆمانی بێنەوایان گەیشتە بەرزترین ئاستی مەزاد. پێش شەش مانگ لە دەرچوونی، دەزگای چاپی بەلجیکیی لاکرۆیکس و «Verboeckhoven» دەستیان کرد بە کەمپەینێکی بەبازاڕکردن لە ڕۆژنامەکانەوە سەبارەت بەو بەرھەمە کە بۆ ئەو کاتە شتێکی ناباو بوو. ھەروەھا، بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە بە ناوی «Fantine» لە ھەمان کاتدا لە شارە گەورەکاندا بڵاو کرایەوە. ژمارەیەک لە پەرتووکەکە ھەر لە ماوەی کاتژمێرەکانی سەرەتادا فرۆشرا و، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگای فەڕەنسی ھەبوو.[٥]

دامەزراوە ڕەخنەیییەکان بەگشتی دژایەتیی ڕۆمانەکەیان دەکرد؛ دامەزراوەی تاین بە ناورد دەیبینی، باربی دی ئۆرێڤیلی گلەییی لە زمانە بازاڕییەکەی کرد، گۆستاڤ فلۆبێر نە ڕاستی و نە مەزنیی تێدا نەدۆزییەوە، برایانی گۆنکوور بەتوندی ڕەخنەیان لە لایەنە ھونەرییەکەی گرت، بوودلێر ئەگەرچی خوێندنەوەی ئەرێنیی بۆ کردبوو، لە ڕۆژنامەکاندا بەنھێنی بە «بێزراو و گەوجانە» سەرزەنشتی کرد. بێنەوایان تا ڕادەیەکی وا لای جەماوەر پەسەند بوو کە ئەو ئاریشانەی بەرزی کردنەوە خرانە بەرنامەی کاری کۆڕی نیشتیمانیی فەڕەنساوە. تا ئەمڕۆش ئەو ڕۆمانە ناودارترین ڕۆمانی ھۆگۆیە، لە سەرانسەری جیھاندا ناودارە و، کراوەتە بەرنامەی فیلم و تەلەڤیزیۆن و شانۆ.

چیرۆکێکی تەمومژاوی ھەیە کە دەڵێت کورتترین نامەگۆڕینەوەی مێژوو لە نێوان ھۆگۆ و بڵاوکارەکەی ھێرست و بلاکێتدا بووە و ئەوەش لە ساڵی ١٨٦٢دا. ھۆگۆ لە پشووی کاردا بووە کاتێک ڕۆمانی بێ نەوایان بڵاوبووەتەوە. بە ناردنی یەک یەکەی نووسینی تەلەگرام و پرسینی "؟" پرسیاری کاردانەوەی خەڵکی کردووە بۆ کارەکەی. بڵاوکارەکەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی بەرھەمەکە بە ناردنی نیشانەی "!" وەڵامی داوەتەوە.

ھۆگۆ لە ڕۆمانی دواتردا (Les Travailleurs de la Mer–Toilers of the Sea) کە لە ساڵی ١٨٦٦دا بڵاوبووەوە، لە کێشەی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی دوور کەوتەوە. پەرتووکەکە پێشوازیی باشی لێ کرا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەھۆی سەرکەوتنی پێشتری ڕۆمانی بێ نەوایانەوە. ھۆگۆ ڕۆمانەکەی پیشکەش بە دوورگەی دەربەندی گێرنسی کرد کە پانزە ساڵی مەنفای تێدا بەسەر برد. لە ڕۆمانەکەدا چیرۆکی پیاوێک دەگێرێتەوە کە ھەوڵی بەدەستھێنانی ڕەزامەندیی باوکی خۆشەویستەکەی دەدات لە ڕێگەی ڕزگارکردنی کەشتییەکەیەوە کە بە مەبەست لەلایەن کاپتنەکەیەوە لە دوورگەیەکدا جێدەھێڵرێت بەو ھیوایەی ئەو بەو گەنجینەی پارەیەوە کە کەشتییەکە دەیگوازێتەوە، ھەڵبێت، ئەوەش لە ڕێگەی شەڕێکی شەکەتکەری زانستی ئەندازیاریی مرۆڤ لە دژی ھێزی دەریا و جەنگ دژی دڕندەیەکی دەریاییی ئەفسانەئاسا کە ئاژەڵێکی زەبەلاحی دەریایییە.[٦]

یەکێک لە ژیاننامەنوسانی ھۆگۆ لە ڕوانگەیەکی ڕووکەشانەی سەرکەشییانەوە وا وەسفی دەکات: «خوازەیەکە بۆ سەدەی نۆزدەیەم- پێشکەوتنی تەکنیکی، داھێنانی بلیمەتانە و کاری شەکەتکەر بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو خراپەکارییەی جیھانی دارایی لە خۆی گرتووە». ئەو وشەیەی لە دوورگەی گێرنسیدا وەکو ئاماژە بۆ ئاژەڵە دەریایەکە بەکارھێنرا (pieuvre) کە ھەندێکجار بۆ ھەشت پێ بەکاردێت بەھۆی بەکارھێنانی لەو پەرتووکەدا، چووە زمانی فەڕەنسییەوە.

لە ڕۆمانی دواتردا (L'Homme Qui Rit – The Man Who Laugh) ھۆگۆ گەڕایەوە سەر ئاریشە ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەکان کە لە ساڵی ١٨٦٩دا بڵاوبووەوە و تێیدا وێنەیەکی ڕەخنەییی بۆ سیستمی بەگزادەیی کێشا. ڕۆمانەکە بە ھەمان ڕادەی ھەوڵەکانی پێشتری سەرکەوتوو نەبوو. ھۆگۆ خۆیشی دەستی بە دووان کرد لەبارەی دوورکەوتنەوەی ئاستی ئەو و ھاوسەردەمە ئەدیبەکانی لەوانەش فلۆبێر و ئێمیل زۆلا کە ڕۆمانە ڕیالیستی و ناچرالیستییەکانیان خەریک بوو ئیدی ڕادەی خۆشخوانییان لە کارەکانی ھۆگۆ زیاتر دەبوو.

دوایین ڕۆمانی، (Quatre-vingt-treize – Ninety-Three) لە ساڵی ١٨٧٤ بڵاوبووەوە و مامەڵەی لەگەڵ بابەتێکدا دەکرد کە ھۆگۆ پێشتر خۆی لێ لادەدا: سەردەمی ترس و تۆقین لە شۆڕشی فەڕەنسیدا. ئەگەرچی جەماوەرداریی ھۆگۆ لە پووکانەوەدا بوو لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕۆمانەیدا، بەڵام لە ئێستادا زۆرێک ئەو ڕۆمانە لە ئاستی ڕۆمانانە زیاتر ناسراوەکانیدا دادەنێن.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Bellos، David (2017). The Novel of the Century: The extraordinary adventure of Les Miserables. Particular Books. pp. 162. ISBN 978-1-84614-470-7.
  2. ^ Stephens، B. (2019). Victor Hugo. Critical Lives (بە لیتوانی). Reaktion Books. p. 24. ISBN 978-1-78914-111-5.
  3. ^ Escholier, Raymond, Victor Hugo raconté par ceux qui l'ont vu, Librairie Stock, 1931, p. 11.
  4. ^ Brockett, Oscar G. History of the Theatre. Eight Edition. Boston: Allyn & Bacon, 1999. P. 339.
  5. ^ Le Bagne de Toulon (1748–1873), Académie du Var, Autres Temps Editions (2010), ISBN 978-2-84521-394-4
  6. ^ Norris McWhirter (1981). Guinness Book of World Records: 1981 Edition. Bantam Books, p. 216.

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری

کارە سەرھێڵەکان

دەستکاری

کارەکانی ڤیکتۆر ھوگۆ لە لایبریڤۆکس (دۆمەینی گشتی پەرتووکە دەنگییەکان)