گۆستاڤ فلۆبێر (بە فەڕەنسی: Gustave Flaubert) (١٢ی کانوونی یەکەمی١٨٢١ – ٨ی ئایاری ١٨٨٠) نووسەرێکی فەڕەنسی بوو. ھاوشانی ڤیکتۆر ھوگۆ، ستانداڵ، بالزاک و، زۆلا، بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسە فەڕەنسییەکانی سەدەی نۆزدەیەم لەقەڵەم دەدرێت. فلۆبێر بە تێگەیشتنی خۆی لە پیشەی نووسەری و بە مۆدێرنبوونی بۆتیقای (ھونەری شیعری) ڕۆمانتیستی خۆی دەناسرێتەوە. فلۆبێر، وەک نووسەرێکی پێشەنگی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم، لەڕێی قووڵاییی شیکارییە دەروونییەکانی، دڵبەستەییی بۆ واقیعگەرایی (ڕیالیزم)، ڕوانینی ڕۆشنی بۆ ھەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵگا و، بەھێزیی ستایلەکەی لە ڕۆمانە گەورەکانی وەک مادام بۆڤاری (١٨٥٧)، پەروەردەی سۆزداری (١٨٦٢) و، کۆکراوەی کورتەچیرۆکی سێ کۆنتەکە (١٨٧٧)، جێپەنجەی خۆی لەسەر ئەدەبیاتی جیھانی داناوە.

گۆستاڤ فلۆبێر
گۆستاڤ فلۆبێر، دەورووبەری ١٨٦٥
گۆستاڤ فلۆبێر، دەورووبەری ١٨٦٥
لەدایکبوون (١٨٢١-١٢-١٢) ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٨٢١
ڕووەن، شانشینی فەڕەنسا
مردن٨ی ئایاری ١٨٨٠(١٨٨٠-٠٥-٠٨) (٥٨ ساڵ ژیاوە)
کرواسێت(کانتێلوو)، ڕووەن، کۆماری سێیەمی فەڕەنسا
گۆڕ (گڵکۆ)گۆڕستانی گەورەی ڕووەن
پیشەڕۆماننووس
چەشنپەخشانی خەیاڵی
جووڵانەوەی ئەدەبىڕیالیزم، ڕۆمانتیزم
کارە بەرچاوەکان
واژوو

سەردەمی منداڵی دەستکاری

فلۆبێر لە ساڵی ١٨٢١ لە خێزانێکی بۆرژوازیی بچووکی کاتۆلیک و باوباپیرانی پرۆتێستانت لەدایک بووە.[١][٢] گۆستاڤ منداڵی دووەمی ئاشیل کلێئۆفاس فلۆبێرە (١٧٨٤–١٨٤٦) کە نەشتەرگەرێکی زۆر سەرکەوتوو بوو. دایکیشی ناوی ئان جەستن کارۆلین فلۆریۆ بوو (١٧٩٣–١٨٧٢) کە کچی دکتۆرێک بوو لە پۆنت ئێڤێک.[٣] گۆستاڤ لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٨٢١ لە دوای خوشکێک و دوو برا لەدایک بوو کە لە تەمەنی ساواییدا کۆچی دوایییان کرد[٤] و، بەھۆی برا گەورەکەیەوە، کە خوێندکارێکی بلیمەت بوو و لەلایەن خێزانەکەیەوە ستایش دەکرا، پشتگوێ خرابوو. (برا گەورەکەی وەک باوکی ناوی ئاشیل-ی لێ نرا و وەک باوکی بوو بە نەشتەرگەر) گۆستاڤ فلۆبێر منداڵییەکی بێ خۆشیی بەسەر برد؛ شوقەی فەرمیی باوکی لە نەخۆشخانەی ڕووەن ژینگەیەکی تاریکی ھەبوو، بەڵام سێ ساڵ دوای ئەوە بەھۆی لەدایکبوونی خوشکەکەیەوە منداڵییەکەی خۆشتر بوو. وەک مێرمنداڵێک کە سەرسامی ڕۆمانتیزم بوو، نووسین زۆر سەرنجی ڕادەکێشا، ئەمەش لەکاتێکدا کە لە ساڵی ١٨٣٢ بە بێمەیلییەوە وەک ئینتێرن لە دواناوەندیی شاھانە و، دواتر لە ئامادەییی ڕووەن سەرقاڵی خوێندن بوو. یەکەم ڕووداوی بەرجەستە کە لە تەمەنی گەنجێتییدا ڕووی دا ئەوە بوو کە لە ھاوینی ساڵی ١٨٣٦ چاوی بە شلێزینگەر کەوت کە بووە مایەی سۆزێکی ھەمیشەیی بەڵام یەکلایەنە. فلۆبێر ئەو سۆزە شاردراوەیە و بارە سۆزدارییەی کە بۆی دروست بووبوو لە ڕۆمانێکیدا بە ناوی پەروەردەی سۆزداری، بە تایبەتی لە لاپەڕەی بەناوبانگی دەرکەوتنی مادام ئارنۆ لە چاوی فرێدیریکی گەنج لە دوایین دیداری خەماوییاندا دەگوازێتەوە.

گەشەکردن دەستکاری

فلۆبێر لە ئەنجامی تیروپشکێک کە لە بەرژەوەندیی ئەو بوو، لە خزمەتی سەربازی بەخشرا. ئەو بە نابەدڵی لە ساڵی ١٨٤١ دەستی بە خوێندن لە بەشی یاسا لە پاریس کرد لەبەر ئەوەی خێزانەکەی حەزیان دەکرد ببێتە پارێزەر. ئەو ژیانێکی نائارام و بۆھیمییانەی کە بۆ نووسین تەرخان کردبوو، بەڕێ دەکرد.[٥] لەوێ چاوی بە چەند کەسایەتییەکی جیھانی ھونەر کەوت وەک پەیکەرسازی سویسری جەیمس پرادیەر و کەسایەتییەکی ئەدەبیی تر وەک ماکسیم دو کامپ، (نووسەرێکی فەڕەنسی) کە لە دواییدا بووە باشترین ھاوڕێی و، ڤیکتۆر ھوگۆی شاعیر و ڕۆماننووس. فلۆبێر لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٤٤ بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی پەرکەمەوە وازی لە خوێندنی یاسا ھێنا.[٦] ئەو گەڕایەوە بۆ ڕووەن و لە کەنارەکانی سێن کە چەند کیلۆمەترێک لە ڕووەنەوە دوورە لە خانوویەکدا کە باوکی کڕیبووی، جێگیر بوو. لەوێ چەند چیرۆکێکی کورتی نووسی و بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە، (پەروەردەی سۆزداری) بڵاو کردەوە. لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٦، باوکی کۆچی دواییی کرد. چەند حەفتە دوای کۆچی دواییی باوکی، خوشکە بچووکەکەشی (کە دوو مانگ دوای لەدایکبوونی خوشکەزاکەی، گۆستاڤ دەستی بە سەرپەرشتیکردنی خوشکەزاکەی کە کارۆلین-ی ناو بوو، کرد) کۆچی دواییی کرد. باوکی فلۆبێر لە دوای خۆی میراتییەکی بۆ فلۆبێر جێ ھێشت کە بڕەکەی ٥٠٠ ھەزار فرانک بوو: فلۆبێر لەوەودوا دەیتوانی لەسەر مووچەی خانەنشینی بژی و بەتەواوی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات.[٧] ھەروەھا، لە بەھاری ئەو ساڵەدا بوو کە پەیوەندییە سۆزدارییە بەتین و پچڕپچڕەکەی بۆ ماوەی دە ساڵ لەگەڵ ژنەشاعیر لویس کۆلێت دەستی پێ کرد. ھەتا لێکدابڕانیان — دوا نامەی بۆ لویس کۆلێت لە ڕێکەوتی ٦ی ئازاری ١٨٥٥ بوو —ئەو بەبەردەوام لەگەڵ کۆلێتدا لە نامەگۆڕینەوەدا بوو و تێیدا تێڕوانینی خۆی لەسەر کاری نووسەر، خاڵە وردەکانی زمانی فەڕەنسی و، تێڕوانینەکانی خۆی لەسەر پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو پەرە پێ دا. گۆستاڤ فلۆبێر سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر و زیاتر دەبووە خاوەن جەستەیەکی پتەو، ھەر گەنجێکی وەرزشکاریش بوو بەھۆی ئەوەی ڕاھێنانی مەلەوانی، شمشێربازی، ئەسپسواری و، ڕاوکردنی دەکرد.

ئەو لەگەڵ ھاوڕێکەی لویس ھیسینت بوویێ بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ١٨٤٨ چوو بۆ پاریس. ئەو تێڕوانینێکی زۆر ڕەخنەگرانەی بۆ شۆڕشەکە ھەبوو کە دەتوانرێ لە ڕۆمانی پەروەردەی سۆزداریدا ببینرێت. لە بەردەوامیی ھەوڵە ئەدەبییەکانیدا، لە نێوان مانگی ئایاری ١٨٤٨ و ئەیلوولی ١٨٤٩ دەستی کردەوە بە نووسینی وەسوەسەی سەینت ئەنتوان (پەخشانەشیعر)، کە یەکەم بەشی لە ساڵی ١٨٤٧ نووسیبوو. فلۆبێر بۆ نووسینی ئەم پەخشانەشیعرە ئیلھامی لە وێنەیەک وەرگرتبوو کە لە جنێڤ بینیبووی. دواتر، فلۆبێر لەگەڵ ھاوڕێکەی ماکسیم دو کامپ، لە نێوان ساڵانی ١٨٤٩–١٨٥٢ گەشتێکی دوورودرێژ بۆ ڕۆژھەڵات ڕێک دەخەن. لە یادنامەی سەفەرەکەیدا گرەو دەکات بۆ ئەوەی ھەموو شتێک بڵێت، وەک دوو جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەماکەرێکی میسری بەناوی کوچوک ھانم. ئەم گەشتە کە لەم سەرەوە لە میسر و قودسەوە تێدەپەڕن و لەو سەریشەوە لە ڕێگەی قوستەنتینە و ئیتالیاوە دێنەوە، بە ڕوانین، ئەزموون و، ھەڵھێنجانەکانی دەبێتە ھەوێنی نووسینەکانی دواتری فلۆبێر وەک «ھێرۆدیاس.»[٨]

ڕۆمانە یەکەمەکان دەستکاری

لە ١٩ی ئەیلوولی ١٨٥١، فلۆبێر لەلایەن ھاوڕێکانیەوە لویس بۆیڵێت و ماکسیم دو کامپ ھان درا بۆ ئەوەی دەست بکات بە نووسینی مادام بۆڤاری. فلۆبێر ئەم ڕۆمانە واقیعگەرا و دەروونییەی لە ئایاری ١٨٥٦، دوای ٥٦ مانگ کارکردن، تەواو کرد. لە کۆتاییی ساڵی ١٨٥٦،[٩] مادام بۆڤاری لە پاریس دەرکەوت. دواتر، دوای ئەوەی فلۆبێر چاوی بە میشێل لێڤی کەوت، ڕۆمانەکەی لە نیسانی ١٨٥٧ بڵاو کرایەوە و بووە ھۆی دادگاییکردنی بەھۆی ئەوەی پێیان وا بوو ڕۆمانەکەی ڕەوشت تێک دەدات، بەڵام فلۆبێر بەھۆی پەیوەندییە باشەکەی لەگەڵ کۆمەڵگای ئیمپراتۆریەتی دووەم و ھەروەھا کارامەییی پارێزەرەکەیەوە بێتاوان دەرچوو. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە شارل بوودلێر، لەلایەن ھەمان دادگاوە دادگایی کرا. بە ھەمان شێوەی فلۆبێر، ئەویش لەبەر ئەوەی لەو ساڵەدا (١٨٥٧) ڕۆمانەکەی بەناوی گوڵە دۆزەخییەکە بڵاو کردەوە، دادگایی کرا، بەڵام شارل، بە پێچەوانەی فلۆبێر، تاوانبار کرا.[١٠]

نووسەری ناودار و ساڵانی پێگەیشتوویی دەستکاری

دوو ساڵ دواتر، لە ١ی ئەیلوولی ١٨٦٤، فلۆبێر دەستی بە نووسینی بەشی کۆتاییی ڕۆمانی پەروەردەی سۆزداری—ڕۆمانێک کە بە شکست و ئایرۆنی دەناسرێتەوە—کرد. ئەم ڕۆمانە ھەندێک توخمی خۆژیاننامەییی وەک خۆشەویستییە پڕسۆزە سەرەتایییەکان یان زیادەڕەوییەکانی شۆڕشگێڕانی ساڵی ١٨٤٨ی تێدایە. ئەم ڕۆمانە لە تشرینی دووەمی ١٨٦٩ بڵاو کرایەوە، بەڵام پێشوازییەکی خراپی لەلایەن ڕەخنەگران و خوێنەرانەوە لێ کرا: تەنھا چەند سەد دانەیەکی لێ فرۆشرا. فلۆبێر لە ژیانە کۆمەڵایەتییەکەی بەردەوام بوو: لە ساڵی ١٨٦٦، چاوی بە ئیمپڕاتۆر کەوت، خەڵاتی شەرەفی پێ بەخشرا و، پەیوەندییەکەشی لەگەڵ جۆرج سان پتەو کرد کە لە نۆھانت میوانداریی کرد. لە مانگی حوزەیرانی ١٩٦٩، لویس بویلھێتی ھاوڕێی کوچی دواییی کرد و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر فلۆبێر دروست کرد. فلۆبێر ھەروەھا بە ڕادەیەک لە گی دۆ مۆپاسانی گەنج نزیک بووەوە کە مۆپاسان فلۆبێری بە باوکی ڕۆحیی خۆی دەزانی؛ نامەگۆڕینەوەکەیان شایەتیی ئەوە دەدات.

لە زستانی ساڵی ١٨٧٠–١٨٧١، پرۆسییەکان بەشێکی فەڕەنسایان، کە نۆرماندی و کرواسێتیشی تێدا بوو، داگیر کردبوو. بەو ھۆیەوە، فلۆبێر لەگەڵ دایکیدا پەنا بۆ لای ئامۆزاکەی، کارۆلین، دەبەن لە ڕووەن؛ دایکی فلۆبێر لە ٦ی نیسانی ١٨٧٢ کۆچی دواییی کرد. وەک بەرھەڵەستییەک بۆ کۆمۆنی پاریس، فلۆبێر ناڕەزاییی خۆی دژی ئەو یاسا کۆمەڵایەتییانەی کە دەرچووبوون، دەربڕی و پێی وا بوو کە «حکوومەت ئێستا دەست لە یاسای سروشتی وەردەدات.»[١١] کاروانی بەرھەمە ئەدەبییەکانی فلۆبێر بە نووسینی «سێ حیکایەتەکە» بەردەوام بوو؛ ئەم کتێبە لە سێ کورتەچیرۆک پێک ھاتووە: «دڵێکی سادە» کە بە چواردەوری کەسایەتییەک بە ناوی فێلیسیت-ەوە دەخولێتەوە کە خۆی ئیلھامی لە کەسایەتیی ژولییەوە وەرگرتووە. ژوولی سەرەتا پەرستار و ئینجا خزمەتکاری خێزانی فلۆبێرەکان بوو و دواتر تاوەکوو مردنی گۆستاڤ، تەنھا بوو بە خزمەتکاری گۆستاڤ. کورتەچیرۆکی دووەم بریتییە لە «ئەفسانەی سەینت ژولیەن ھۆسپیتالیەر» کە حیکایەتێکی قدیسنامەیییە لەبارەی سەینتەکان (قدیسەکان یان پیاوچاکانی مەسیحی) لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە ساڵی ١٨٧٥ بە ٥ مانگ نووسیویەتی. کورتەچیرۆکی سێیەم بریتییە لە ھێرۆدیاس کە ئیلھامی لە سەینت جۆن باپتیست (یەحیای لەئاوھەڵکێشەر) وەرگرتووە و لە زستانی ١٨٧٥–١٨٧٦ نووسیویەتی. کتێبەکە لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٨٧٧ بڵاو کرایەوە و لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.

بەرھەمەکان دەستکاری

فلۆبێر ھاوچەرخی شارل بوودلێر بوو و وەک ئەو پێگەیەکی بنچینەییی لە ئەدەبیاتی سەدەی نۆزدەیەمدا داگیر کردبوو. وەک کەسێک کە لە کاتی ژیانی خۆیدا ھەم دەکەوتە بەر شاڵاوی ڕەخنە (لەبەر ھۆکارە ئەخلاقییەکان) و ھەمیش ستایش دەکرا (لەبەر باڵادەستییە ئەدەبییەکەی)، فلۆبێر وەکوو یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسەکانی سەدەی خۆی دەردەکەوێت. ھۆکاری ئەم سەرکەوتنە بەتایبەتی بۆ مادام بۆڤاری، ئەو ڕۆمانەی بۆڤاریسمی دامەزراند و دواتر بۆ پەروەردەی سۆزداری دەگەڕێتەوە؛ ئەو خۆی لەنێوان ڕۆمانی دەروونی (ستانداڵ) لە لایەک و بزووتنەوەی سروشتیخوازی (زۆلا و مۆپاسۆن) لە لایەکی دیکە جێگیر کرد. مۆپاسان فلۆبێری بە مامۆستای خۆی دەزانی. ئەو ھەروەھا گرنگییەکی زۆری بە جوانیناسی دەدا، بۆیەشە ھەموو بەرھەمێکی پڕ لە شەرحێکی وردەکارانە بوو. ئەو ھەر یەکێک لە بەرھەمەکانی خۆی دەخستە بەر تاقیکردنەوەیەک کە بە «گولوار» —بە واتای ھاوارکردن—ناوزەد کرابوو. ئەم تاقیکردنەوەیە بریتی بوو لە بە دەنگی بەرز خوێندنەوەی بەرھەمەکانی، ھەندێک جار ئەم کارە چەندین کاتژمێری پێ دەچوو.[١٢][١٣] لە کۆتاییدا، تێڕوانینە ئایرۆنیک و ڕەشبینانەکەی فلۆبێر بۆ مرۆڤایەتی دەیکات بە ئەخلاقگەرایەکی مەزن. کتێبی «فەرھەنگی بیرۆکە وەرگیراوەکان»ی ئەو پوختەیەک لە بەھرەکانی پیشان دەدات. نامەگۆڕینەوەکانی لەگەڵ لویس کۆلێت، جۆرج ساند، ماکسیم دو کامپ و، ئەوانی تر لە پێنج بەرگدا لە کتێبخانەی پلێیاد بڵاو کراونەتەوە.

کۆتا ساڵەکانی ژیان دەستکاری

کۆتا ساڵەکانی ژیانی فلۆبێر بە نەمانی ھاوڕێکانی، زەحمەتی دارایی و، کێشەی تەندروستی تاریک بوو. ئەو لە ٨ی ئایاری ١٨٨٠، لە گوندی کرواسێت-ی سەر بە کۆنتولۆ، بەھۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە گیانی لەدەست دا. خاکسپاردنی فلۆبێر لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی ڕووەن، لە ١١ی ئایاری ١٨٨٠ بە ئامادەبوونی چەندین نووسەری گرنگی وەک ئێمیل زۆلا، ئەلفۆنس دۆدێ، ئێدمۆند دو گۆنکوور، تیودۆر دو بانڤیل و، گی دۆ مۆپاسان کە ئەویان بە مامۆستای خۆیان دەزانی، بەڕێوە چوو؛ فلۆبێر لە ساڵی ١٨٧١ەوە ھاندەری کارەکانی ئەم نووسەرانە بوو.[١٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ de Dhaem, Amaury Begasse (2019-04-03), "«Un enfant nous est né, un fils nous est donné» (Is 9,5).", Filiation, entre Bible et cultures, Peeters Publishers, pp. 279–292, retrieved 2021-11-19
  2. ^ Dord-Crouslé, Stéphanie (2012-02-15). "La place de la fiction dans le second volume de Bouvard et Pécuchet". Arts et Savoirs (1). doi:10.4000/aes.579. ISSN 2258-093X.
  3. ^ Fiola, Marco A. (2007). "Freddie Plassard. Lire pour traduire. Paris, Les Presses de la Sorbonne Nouvelle, 2007, 323 p." TTR: Traduction, terminologie, rédaction. 20 (2): 327. doi:10.7202/018829ar. ISSN 0835-8443.
  4. ^ Kempf, Roger (2002), "L'amitié selon Flaubert", Flaubert, Le Poittevin, Maupassant: Une affaire de famille littéraire, Presses universitaires de Rouen et du Havre, pp. 15–22, retrieved 2021-11-19
  5. ^ Alikavazovic, Jakuta (2003). Flaubert. Levallois-Perret: Studyrama. ISBN 2-84472-330-6. OCLC 300772053.
  6. ^ Walch, Agnès (2008), "La création poétique chez les réformés ou la poésie de la création", Les Protestants et la création artistique et littéraire, Artois Presses Université, pp. 97–104, retrieved 2021-12-17
  7. ^ Walch, Agnès (2008), "La création poétique chez les réformés ou la poésie de la création", Les Protestants et la création artistique et littéraire, Artois Presses Université, pp. 97–104, retrieved 2021-12-17
  8. ^ Alikavazovic, Jakuta (2003). Flaubert. Levallois-Perret: Studyrama. ISBN 2-84472-330-6. OCLC 300772053.
  9. ^ Lévy, Calmann (1965). Lettres inédites dors Flaubert à son éditeur Michel Lévy. p. 264. ISBN 2-7021-1074-6.
  10. ^ Pierrat, Emmanuel (2010). Accusés Baudelaire, Flaubert, levez-vous!: Napoléon III censure les lettres. Bruxelles: Versaille. ISBN 978-2-87495-069-8. OCLC 672212924.
  11. ^ "Discours sur la liberté de la presse, prononcé à la Chambre des Députés des départemens, dans la séance du 30 juin dernier, par M. Durbach. 23–30 juin 1814", Principes de politique et autres écrits (juin 1814–juillet 1815). Liberté de la presse, Responsabilité des ministres, Mémoires de Juliette, Acte additionel etc., De Gruyter, pp. 31–56, 2001-12-31, retrieved 2021-12-24
  12. ^ Westerwelle, Karin (2009-03-26), "Saint Julien et le mythe de Narcisse – Les images du christianisme chez Gustave Flaubert", Le Flaubert réel, Walter de Gruyter – Max Niemeyer Verlag, pp. 107–124, retrieved 2021-12-24
  13. ^ "Introduction", Flaubert savait-il écrire ?, UGA Éditions, pp. 5–13, 2004, retrieved 2021-12-24
  14. ^ Lacoste, Francis (2002), "Maupassant entre Flaubert et Zola", Flaubert, Le Poittevin, Maupassant: Une affaire de famille littéraire, Presses universitaires de Rouen et du Havre, pp. 145–166, retrieved 2021-12-25

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری